(ململانێ بۆ جێگیرکردنی قووڵاییی ستراتیژی لە زۆنی خۆڵەمێشی)
د. پەرویز ڕەحیم قادر– دکتۆرا لە فەلسەفەی زانستە سیاسییەکان/ دیراساتی ئاسایشی نەتەوەیی
هەرچەندە شرۆڤە و خوێندنەوەی فرەڕەهەندی سیاسی و یاسایی و تەنانەت مەزهەبی و نەتەوەیی بۆ هەڵبژاردنی ئەم جارەی پەرلەمانی عێراق لە ٢٠٢٥ دەکرێت، بەڵام ئەم هەڵبژاردنە لە چوارچێوەی ململانێ بۆ جێگیرکردنی قووڵاییی ستراتیژیی ئەکتەرە هەرێمایەتی و سەرووهەرێمایەتییەکان بەڕێوە دەچێت کە کەمتر گرنگیی پێ دەرێت و؛ هەر بۆیە زۆر هەستیارتر و جیاوازترە لە هەموو هەڵبژاردنەکانی دیکە لە عێراق. ئەم هاوکێشەیەیش ململانێی ئەکتەرەکان بۆ دەستەبەرکردن و پاراستن و چەسپاندنی قووڵاییی ستراتیژییانە بەپێی گۆڕانکاری و ئاڵوگۆڕە جیۆسیاسییەکان لە ناوچەکەدا.
لە ڕوانگەیەکی دیکەوە، ئەوەی کە ئەم جارە زۆر گرنگە، کاریگەری و شوێندانەریی ئەو گۆڕانکارییە جیۆسیاسییانەیە کە لە ژینگەی جیۆسیاسیی ناوچەکەدا ڕووی داوە و بەتەواوی ڕەنگدانەوەی هەبووە\دەبێت لەسەر ئەم هەڵبژاردنە پەرلەمانییەی عێراق. تەنانەت زێدەرۆیی نییە کە بوترێت کە ئەم هەڵبژاردنە درێژکراوەی ململانێ و هاوکێشە جیۆسیاسییە نوێیەکانی ئەکتەرەکانی ناوچەکەیە و لە هەمان کاتیشدا ئەنجامەکانی دەتوانێت ڕەوت و پرۆسەی ئەم گۆڕانکارییانە بەردەوامی پێ بدات یاخود بەرەو گۆڕانکاریی زیاتر ببات. بۆیە گرنگە بۆ تێگەیشتن لەم هاوکێشەیە تیشک بخەینە سەر بەرژەوەندیی ئەکتەرە هەرێمایەتی و سەرووهەرێمایەتییەکان (ئێران و هاوپەیمانەکانی لە لایەک و ئەمریکا و هاوبەش و هاوپەیمانەکانی لە لایەکی دیکەوە).
ئهوهی ڕاستی بێت قووڵبوونەوە لە ڕۆڵ و بەرژەوەندی و ئەجێندای ئەکتەرەکان، دەتوانێت داهاتووی هاوکێشە سیاسییەکانی ناوخۆی عێراق باشتر ڕوون بکاتەوە و لە هەمان کاتیشدا جگە لەوەی سیمای ململانێ جیۆسیاسییەکانی ناوچەکە دەردەخات، کاریگەرییەکانی لەسەر هاوکێشە جیۆسیاسییەکانی ناوچەکەیش ئاشکراتر دەکات.
کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق
بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەم هەڵبژاردنە زیاتر لە ڕابردوو گرنگیی هەیە و تایبەتە. هۆکاری ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ ڕووداو و پێشهاتەکانی پاش ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ و، لێکەوتە و گۆڕانکارییەکانی پەیوەستن بەم هاوکێشە نوێیانەوه. تەنانەت پاش جەنگی ١٢ ڕۆژە، ئەم گرنگییە زیاتریش بووە، چونکە ئەگەر لە ڕابردوو عێراق وەکوو نزیکترین ئەکتەری هەرێمایەتی لە ئێران ڕۆڵی لە پێکەوەبەستنەوەی “بەرەی موقاوەمە” و “هیلالی شیعی” هەبووە، ئەم جارە لەپاش رووخانی ڕژێمی ئەسەد لە سووریا و جەنگی ١٢ ڕۆژە لە نێوان ئێران و ئیسرائیل، نفووزی ئێران لە عێراق وەکوو هێڵی پێشەوی دۆکترینی بەرگریی سەربازی و ئاسایشی ئێران دەبینرێت. لێرەدا دەکرێت بەرزبوونەوەی گرنگیی عێراق و بەم پێیەیش هەستیاریی هەڵبژاردنەکان و ئەو لایەنە سیاسییەی کە کۆنترۆڵی جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵات دەکات بۆ ئێران، بخەینە ڕوو:
ئەگەر ئەم جارە جەنگێک لە نێوان ئێران و ئیسرائیل ڕوو بدات، بە ئەگەرێکی بەرزەوە عێراق دەبێتە گۆڕەپانی جەنگەکە، چونکە لە ستراتیژیی سەربازی (یەکێتیی گۆڕەپانەکان)ی ئێران، عێراق تاکە دەوڵەتە کە لە بەرەی موقاوەمەدا بەهۆی باڵادەستیی شیعەکان و نفووزی ئێران و ڕۆڵی میلیشیاکانی لایەنگری ئێران لەو وڵاتەدا دەتوانێت بەرەی جەنگ بەرفراوان بکات. هەرچەندە زۆرینەی عێراقییەکان و بەتایبەتی حکوومەتی عێراق خۆیان لە تێوەگلان لە گەڕی یەکەمی جەنگی ئێران و ئیسرائیل بەدوور گرتووە، بەڵام ئێرانییەکان ئەم ڕاستییە دەزانن کە هەڕەشەی گواستنەوەی جەنگ بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران و بەرفراوانکردنی بەرەکان، دەتوانێت مەترسیی جەنگیان لێ دوور بخاتەوە یان لانی کەم تێچووی ئەو جەنگە پێشبینکراوە بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا بەرز بکاتەوە و، بەم شێوهیهیش وەکوو بژاردەی سەرەکی بیری لێ نەکرێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، ئەگەر لە جەنگێکی گریمانەکراودا عێراق ببێتە بەشێک لە گۆڕەپانی جەنگ، ئەو کاتە پرۆکسی و ئەکتەرە نادەوڵەتەکانی دیکەی لایەنگری ئێران توانای هێرشکردنیان بەرزتر دەبێتەوە و گوشار و سەرنجەکان لەسەر ئێران کەمتر دەبێتەوە و، ئەمەیش وا دەکات کە بەرژەوەندیی ئەکتەرەکانی تری ناوچەکە بکەوێتە مەترسییەوە و لەم ڕێگەیشەوە، یان هەوڵی بێلایەنی بدەن یاخود ڕۆڵی نێوەندگیری بگێڕن. هەروەکوو لە جەنگی ١٢ ڕۆژەدا مەترسییەکانی داخستنی گەرووی هورمز و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و، هەروەها لێدان لە بەرژەوەندییە ئاسایشی و ئابووری و بازرگانییەکانی وڵاتانی کەنداو و تورکیا و دەوڵەتانی ئەوروپی، بەتایبەتی فەڕەنسا، بووه هۆی ئهوهی کە بەرەیەکی یەکگرتوو، یان هاوڕا و یەکهەڵوێست لە هەمبەر ئێران دروست نەکرێت و تەنانەت هەوڵی هەمەلایەنە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و بارگرژییەکان بدرێت و لە ئەگەری بەرفراوانبوون و درێژەکێشانی جەنگ، ئەکتەرەکان هەست بە نا-ئاسایشی بکەن. لەم چوارچێوەیەیشدا، عێراق ڕۆڵ و پێگەیەکی ناوەندیی دەبێت لە بەرفراوانبوونی جەنگدا و، هەروەها لێکەوتە ئەرێنی و نەرێنییەکانی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەکتەرەکان و، بەم پێیەیش گۆڕانکارییە جیۆسیاسی و جیۆئێکۆنۆمییەکانی ناوچەکە.
لە لایهکی دیکەیشەوە، ئێران دەزانێت کە هێرشی سەربازیی ئەم جارەی ئیسرائیل زۆر وێرانکەرتر و فرەڕەهەندتر و قورستر دەبێت لە جەنگی ١٢ ڕۆژە و، هەر بۆیە جگە لە پەرەپێدان بە توانا مووشەکی و هەوڵەکانی بنیاتنانەوەی توانا بەرگرییە ئاسمانییەکانی لە ڕێگەی چین و ڕووسیا و تەنانەت بانگەشەی پەرەپێدانی توانای دروستکردنی چەکی ئەتۆمی، لەسەر زەویی بەرفراوانکردنی بەرەی جەنگ، خاڵی بەهێزی کۆماری ئیسلامی بووە کە ئەم ستراتیژییە لە دژی ئیسرائیل بە “ئاڵقەی ئاگر” (Ring of Fire) دەناسرا و هەوڵەکانی ئیسرائیل لەپاش ٧ی ئۆکتەبەری ساڵی ٢٠٢٣ بەو ئاراستەیە بووە کە ئەم خاڵە بەهێزە لە ڕێگەی لێدان لە پرۆکسییەکانی ئێران لاواز بکات و ئەم فاکتەرە بکاتە خاڵی لاوازی ئێران. هەر بۆیە بەپێی دوایین ڕاپۆرتەکان، ئێران هەوڵی زیندووکردنەوەی ئەکتەرەکانی بەرەی خۆڕاگری و بنیاتنانەوەی توانا سەربازییەکانی لە لوبنان و سووریا و عێراق و یەمەن دەدات. ڕاستییهكهی، لە ئێستادا لەناو ئەکتەرە نادەوڵەتەکان حووسییەکانی یەمەن و لەناو ئەکتەرە دەوڵەتەکانیش عێراق گرنگترین سەرمایەی ستراتیژیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن.
جگە لەمانەیش، بەرزبوونەوهی ڕۆڵ و پێگەی ئێران یان لانی کەم پاراستنی نفووزی کۆماری ئیسلامی لە عێراق، دهبێته هۆی ئهوهی کە ئێران کارتی ناوچەییی بەهێزی لە هەمبەر ئەمریکا هەبێت، چونکە لەپاش ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە سووریا و لاوازبوونی حزبوڵڵای لوبنان و لێدانی حووسییەکان لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە و، هەروەها ئاگربەستی ئاشتی لە غەززە، کۆماری ئیسلامی کەمترین کارتی ناوچەییی هەیە بۆ گوشارخستنە سەر ئەمریکا و ڕێگریکردن لە هێرشی ئیسرائیل. لە لایەکی تریشەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران بەهۆی سیاسەتی ئەوپەڕی گوشاری ئەمریکا (Maximum Pressure) و، هەروەها گەڕانەوەی سزا و گەمارۆ ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان بەهۆی چالاککردنی میکانیزمی سناپباک (Snapback mechanism) زۆر زیاتر لە ڕابردوو پێویستیی بە عێراق هەیە. بە پشتبەستن بە ئاماری بازرگانیی فەرمی لە ئێران، هەناردەی ئێران بۆ جیهان لە ساڵی ٢٠٢٣ نزیکەی 49.4 ملیار دۆلار بووە؛ عێراق دووەم شوێنی مەبەستی هەناردەکردنی کاڵای هەناردەکردنی ئێران بووە لەو ساڵەدا بە 9.2 ملیار دۆلار و 18.7%ی پشکی هەناردەی وڵاتەکە لە دوای چین (13.9 ملیار دۆلار). هەروەها هەر یەک لە ئیمارات (6.6 ملیار دۆلار)، تورکیا (4.2 ملیار دۆلار) و هیندستان (2.2 ملیار دۆلار) لە ڕیزەکانی دواتردا بوونە. بەم پێیە، هەناردەی ئێران بۆ عێراق لە 12 مانگی ساڵی ٢٠٢٣دا
(2023/12/13) 7 ملیار و 298 ملیۆن دۆلار بەبێ غاز و، 9 ملیار و 216 ملیۆن دۆلار بە هەناردەکردنی غازەوە. هاوکات پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە هاوردەی ئێران لە عێراقەوە لە ساڵی ٢٠٢٣ نزیکەی ٥٨٠ ملیۆن دۆلار بووە کە بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢ (٢٦٣ ملیۆن دۆلار) نزیکەی ١٨٠% زیادی کردووە.
“جەهانبەخش سەنجابی شیرازی”، ئەمینداری گشتیی ژووری بازرگانیی هاوبەشی ئێران و عێراق، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئیلنا سەبارەت بە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و عێراق وتی: قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و عێراق لە ساڵی ڕابردوودا (٢٠٢٤) لە 12 ملیار دۆلاری هەناردەکردن نزیک بووەوە و هاوسەنگیی بازرگانیش 12 ملیار دۆلاری تێ پەڕاند. هەروەها هاوردەکردنی ئێران لە عێراقەوە گەیشتە نزیکەی 754 ملیۆن دۆلار، کە گەشەیەکی باش بوو بە بەراورد بە ٢٠٢٣ و تێکڕای ١٠ ساڵەی ڕابردوو. سەبارەت بە ئاسۆی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و عێراق، سەنجابی شیرازی وتی: پێشبینی دەکرێت قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان لەگەڵ عێراق بە بەراورد بە ٢٠٢٤ لە بواری هاوردە و هەناردەکردندا بە ڕێژەی 20% گەشە بکات و، هیوادارین بتوانین هاوسەنگیی بازرگانیی 13 ملیار دۆلار تێ پەڕێنین و بگەینە ئاسۆی داڕێژراوی 15 ملیار دۆلار لە هاوسەنگیی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات تا کۆتاییی ساڵی ٢٠٢٦.
هەموو ئەمانەیش نیشان دەدات کە نفووز و باڵادەستیی کۆماری ئیسلامی لە عێراق، بەتایبەتی لە ڕێگەی باڵادەستیی هاوپەیمان و لایەنگرەکانی، لە پلەی یەکەمی ئەولەوییەتی ئاسایشی ئابووری و سەربازیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە. هەر بۆیە نایەوێت نەیارانی سیاسیی ئێران لە عێراق لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە بێنە سەر دەسەڵات و جگە لەوەی ڕێگە لە ئەمریکا بگرێت کە بەتەواوی عێراق کۆنترۆڵ بکات، لە هەمان کاتیشدا، عێراق وەکوو کارتی گوشار لە دانوستانە ئەتۆمی و دیپلۆماسییەکانی نێوان خۆی و ئەمریكا بەکار بهێنێت.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل
بەپێی ڕاپۆرتێکی شیکاری لە ”Emirates Policy Center” هەرچەندە ئێران لەمێژە هەوڵی داوە کۆنترۆڵی تەواو بەسەر عێراقدا بکات، بەڵام گۆڕانکارییەکانی ئەم دوایییەی سیاسەتی واشنتۆن، کۆتوبەند و چاوەڕوانیی نوێی دروست کردووە کە ئاڵنگاریی ئەو هاوسەنگییە ناسکە دەکەن کە لە دوو دەیەی ڕابردوودا لە عێراقدا هەبووە. گۆڕانکارییەکانی سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە عێراق، هاوکات بووە لەگەڵ گۆڕانکارییە جیۆپۆلیتیکییە ناوچەیییەکان و نزیکبوونەوەی قۆناغ بە قۆناغی کۆتاییهێنان بە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا. ئەمەیش ڕێگە بە واشنتۆن دەدات گوشاری سیاسی و ئابووریی زیاتر دروست بکات، بەبێ ئەوەی پێویستیی بە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی سەربازی هەبێت.
بە شێوەیەکی گشتی بە هەمان مەبەست کە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق گرنگ و هەستیارە، بۆ ئەمریکاش جگە لە تێچووە دارایی و مرۆیییەکانی جەنگی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣، کۆنترۆڵی پرۆسەی سیاسی لە عێراق بۆ باڵادەستی لە ناوچەکەدا گرنگ و هەستیارە. ئەمریکا دەیەوێت لە ڕێگەی عێراقەوە هەم ئێران کۆنترۆڵ بکات و هەمیش لەم ڕێگەوە ئاسایشی هاوپەیمانە ناوچەیییەکانی دەستەبەر بکات. جگە لەوەیش ئاسایشی سووریا و لوبنان و بەم پێیەیش ئیسرائیل لە ڕێگەی عێراقەوە کۆنترۆڵ و دەستبەر دەکرێت؛ ئەوە جگە لەوەی كه نائارامی و ناسەقامگیری لە عێراق دەبێتە هۆکاری سەرهەڵدانەوە و بەهێزبوونهوهی داعش و گرووپە تیرۆریستییەکان. بەڵام لەدوای ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣، گرنگیی عێراق بۆ هەردوو “بەرەی موقاومە” بە سەرکردایەتیی ئێران و “بەرەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی” بە نوێنەرایەتیی ئیسرائیل، زیاتر لە ڕابردوو بەرز بۆتەوە.
ئەمریکا لە ڕێگەی عێراقەوە گوشاری سیاسی و سەربازی و تەنانەت ئابووری لەسەر ئێران دەکات و بەم پێیەیش سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار (maximum pressure)ی خۆی بەڕێوە دەبات. هەر بۆیە ئەمریکا لە ڕێگەی سوننەکان و، هەروەها کورد و بەشێک لە شیعە میانڕەوەکانهوه هەوڵ دەدات کە پرۆسەی سیاسی لە عێراق بەتەواوی نەکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی ئێران و پرۆکسییەکانی؛ چونکە لەم حاڵەتەدا و لە ئەگەری باڵادەستیی لایەنگرانی توندڕەوی ئێران لە عێراق، ئێران بەتەواوی ناکەوێتە ژێر گوشاری سزا و گەمارۆکان و، بەم جۆرهیش ڕازی نابێت بە مەرجەکانی ئەمریکا بۆ دەستهەڵگرتن و پاشەکشە لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی و، هەروەها پرۆژە مووشەکی و ناوچەیییەکانی و، هەمیش بەرەی موقاوەمە دەتوانێت ببووژێتەوە و سەرکەوتنە سەربازییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا لە پاش ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، نەبێتە دەسکەوتی سیاسی و ئاسایشی.
لە لایەکی ترەوە، تاوەکوو ئێستا هاوکێشە ناوخۆیییەکانی سووریا لەرزۆک و ناڕوونن و ئاسایشی ئیسرائیل دەخاتە مەترسییەوە و لەوانەیە ئەگەر ئەمریکا ڕۆڵ و پێگەی خۆی لە عێراق نەپارێزێت، ئەوە سەر دەکێشێت بۆ جەنگی تورکیا و کورد لە سووریا و، هەمیش ئەگەری بەرزبوونەوەی بارگرژییە سەربازی و سیاسییەکانی تورکیا و ئیسرائیل لە سووریا کە لەم ماوەیەدا بە شێوەیەکی سنووردار ڕووی دا و ئەمریکا هەوڵی دا کۆنترۆڵیان بکات.
لەم چوارچێوەیەدا لاوازبوونی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە عێراق، لێکەوتەی هەرێمایەتیی هەیە؛ بۆ نموونە، داهاتووی حکوومەتی نوێی سووریا لەپاش ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد دەخاتە مەترسییەوە و تەنانەت ئەگەری چەکداماڵینی حزبوڵڵا لاواز دەکات و بەم پێیهیش، دووبارە ئاسایشی ئیسرائیل دەکەوێتە مەترسییەوە. هەروەها ئامادەییی ئەمریکا لە سنوورەکانی ئێران و کۆنترۆڵکردن و چاودێریکردنی حکوومەتی شیعەکان، دڵنیایی دەداتە کورد و سوننەکان و ڕێگە لە بەرپابوونی جەنگێکی ناوخۆیی لە عێراق و ئەگەری سەرهەڵدانەوەی گرووپی تیرۆریستی دەگرێت. هەر بۆیە تاوەکوو بەردەوامیی سیستەمی سیاسی لە ئێران، ئەوە ئەمریکا لە ڕێگەی عێراقەوە هەوڵی باڵانسکردنی هێزی ئێران لە ناوچەکەدا دەدات. لەم چوارچێوەیەدا، زێدەرۆیی نییە ئەگەر بڵێین؛ هەر بەهێزبوونەوەیەکی جیۆسیاسیی ئێران لە چوارچێوەی بەرەی موقاوەمەوە لە هەمبەر ئیسرائیل، لە ڕێگەی عێراقەوە دەبێت. هەروەها ئەمریکا ئەو ڕاستییە دەزانێت کە لە جەنگێکی گریمانەکراو لە نێوان ئێران و ئیسرائیل، ئەگەر حکوومەتی بەغدا و پەرلەمانی عێراق بەتەواوی لەلایەن توندڕەوەکانەوە کۆنترۆڵ کرابێت، ئەوە عێراق بەئاسانی دەبێتە بەشێک لەو جەنگە و، ئەمریکاش بەتوندی دژی ئەوەیە و، هەر بۆیە لە گەڕی یەکەمی جەنگی ١٢ ڕۆژەدا ڕێگەی نەدا کە ئەمە ڕوو بدات؛ چونکە لەو دۆخەدا، هەم نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە و هەمیش ناوچەکە دەبێتە گۆڕەپانی جەنگ و، هەر ئەمەیش وا دەکات کە هاوبەش و هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا ڕووبەڕووی دڵەڕاوکێی ئاسایشی ببنەوە و بەڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ یارمەتیی ئیسرائیل و ئەمریکا نەدەن.
هەروەها ئیسرائیل سەرەڕای هەموو ئەو خاڵانە، تاوەکوو یەکلاییکردنەوەی پرسی ئەتۆمی و مووشەکی و تەنانەت مانەوەی سیستەمی سیاسیی ئێستای کۆماری ئیسلامی لە ئێران، بۆ گەیشتن بە ئاسمانی ئێران و لێدان لە دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازی و تەنانەت کەسایەتییە سەربازی و سیاسی و ئاسایشی و دامەزراوە ژێرخانییە ئابوورییەکانی ئێران، پێویستیی بە پاراستنی باڵادەستیی ئاسمانی لە عێراق و سووریا هەیە. ئەمه جگە لەوەی کە لاوازبوونی میلیشیاکان و لایەنە سیاسییەکانی لایەنگری ئێران وا دەکات کە ئێران نەتوانێت بەرەی جەنگ بەرفراوان بکات و، هەروەها بەرەی موقاوەمە زیندوو بکاتەوە و دەستی بگاتە لوبنان و لایەنە فەڵەستینییەکانی دژبەری ئێران. هەروەها لاوازیی ئێران لە عێراق دهبێته هۆی ئهوهی کە ئاسایشی ئیسرائیل لە باشوور و ڕۆژاوای سووریا پارێزراوتر بێت، چونکە هەم لە ڕووی ئاسمانییەوە ئیسرائیل کۆنترۆڵی سووریای کردووە و هەمیش کوردەکان بەشی ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریایان کۆنترۆڵ کردووە و تەنانەت حکوومەتی “ئەحمەد شەرع”یش بە دژبەری توندی ئێران و حزبوڵڵای لوبنان دەناسرێت.
هەڵبژاردنەکانی عێراق و ستراتیژیی تورکیا و وڵاتانی عەرەبی
تورکیا جگە لەوەی کە دەیەوێت لە ڕێگەی سنووردانان بۆ ئێران و پرۆکسییەکانی جێگەی خۆی بەهێز بکات، لە هەمان کاتیشدا لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی نفووزی خۆی لە عێراق و گرێدانی بەرژەوەندیی هێزە سوننەكان، تورکمانهكان و تەنانەت کوردەکانهوه، دەیەوێت گوشار بخاته سەر شیعەکان یاخود لانی کەم باڵانسێک لە نێوانیاندا لە بەرژەوەندیی خۆی دروست بکات. هەر بۆیە کارتی تورکمان و، هەروەها سوننەکان لەپاڵ کارتەکانی ئاو و پەکەکە-کە لە ڕوانگەی تورکیاوه بە پرسی تیرۆر دادەنرێت- هەوڵ دەدات بەرژەوەندییەکانی بپارێزێت. لە هەمان کاتیشدا تورکیا هەوڵ دەدات پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان (مشروع طريق التنمية) بکەوێتە بوار جێبەجێکردنەوە و، عێراق بەتەواوی به توركیاوه گرێ دەدرێت.
بۆیە ئەم پرۆژەیە جگە لەوەی کە بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسی و ئاسایشییەکانی تورکیا و عێراق جێبەجێ دەکات، لە هەمان کاتدا و بهڕاستی ڕۆڵ و پێگەی تورکیا لە عێراق و جیهانی عەرەبی، بەتایبەتی لە کەنداو، بەهێز دەکات و، ئەمەیش وا دەکات کە ئێران هەست بە نائاسایشی بکات. چونکە لەو حاڵەتەیشدا ئێران بەتەواوی لە ڕێڕەوە هەرێمایەتی و پرۆژە ئابووری-بازرگانییەکان و کۆریدۆرە نێودەوڵەتییەکان پەراوێز دەخرێت و، عێراق بە ڕێگەی بەستنەوەی کەنداو بە تورکیا و ئەوروپاوە، دەبێتە جێگرەوەی ئێران و، بەرپرسان و ستراتیژیستەکانی ئێرانی وا هەست دەکەن (کە بهڕاستییش هەر بەم شێوەیەیە!)، نەوت و گازی عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێتە جێگرەوەی ئێران لە بازاڕی جیهانی و، ئەمەیش زیاتر ئێران پەراوێز دەخات و جگە لە سەپاندنی گوشاری ئابووری و دارایی، ڕووخانی ڕژێمەکەی بەهۆی نەبوونی بەرژەوەندیی هاوبەش و کارتی گوشاری جیۆپۆلیتیکیی بەهێز، خێراتر دەکات و دەیکاتە ئەگەرێکی بەهێز و کرداری.
لە ڕوانگەیەکی دیکەوە، باڵادەستیی تورکیا لە ڕێگەی سوننە و کورد و تا ڕاددهیەک بە پاساوی تورکمانەکان، ئێران لە ناوچەی باشووری قەوقاز و ئاسیای ناوەڕاستیش لاواز دەکات و کارتێکی گوشاری نامێنێت بۆ بەڕێوەبردنی ململانێکانی، بەتایبەتی لەگەڵ ئازەربایجان و کۆریدۆری زەنگەزۆر (Zangezur Corridor) کە ئێستا بە ڕێرەوی ترەمپ (Trump Route for International Peace and Prosperity) دەناسرێت و کار بۆ کردنەوەی دەکرێت و ئێران بەتەواوی گەمارۆ دەدرێت و یان لە ڕووی جیۆپۆلیتیکییەوە دەخنكێنرێت.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و سعوودیا لەو کاتەوەی سەددام حسێن لە ساڵانی ١٩٩٠-١٩٩١دا کوێتی داگیر کرد، ئاڵۆزیی تێ کەوتووە. لە دەیەی دوای لەشکرکێشییەکەی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣، پەیوەندیی ئەو دوو ئەکتەرە باشتر نەبوو، چونکە ڕیاز بەهۆی نزیکیی عێراق لە ئێرانەوە بەگومانەوە سەیری پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا دەکرد. بەڵام گرژییەکان لە ساڵی ٢٠١٧دا کەم بوونەوە؛ کاتێک عادل جوبەیر (٢٠١٥-٢٠١٨) وەزیری دەرەوەی ئەوکاتەی سعوودیا، وەکوو یەکەم سەردانی بەرپرسێکی باڵای سعوودیا لە دوای ساڵانی نەوەدەکانەوە سەردانی بەغدای کرد، لەو کاتەوە پەیوەندییە دیپلۆماسی و بازرگانییەکانی عێراق لەگەڵ سعوودیا بەهێزتر بووەوه. هەروەها کونسوڵخانەی سعوودیا لە بەسرە لە ساڵی 2019 کرایەوە و لە ساڵانی دواتردا ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ ڕێککەوتنی زیاتری نێوانیان. ئەمەیش ڕێگەی خۆش کرد بۆ دووبارە کردنەوەی دەروازەی سنووریی “عرعر” و زیادبوونی بەردەوامی بازرگانیی دوولایەنە و فراوانکردنی هاوکارییەکان لەسەر ژێرخانی وزە. هەر بۆیە عێراق هەوڵی داوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی، نێوندگیری لە نێوان سعوودیا و ئێراندا بکات.
لە لایەکی دیکەیشەوە، هەرچەندە لە نێوان ئەجێندا و سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی قەتەر و تورکیا لە لایەک و، سعوودیا و ئیمارات و وڵاتانی تری عەرەبیدا جیاوازی و تەنانەت ناکۆکی هەیە، بەڵام هەموویان بە ئاست و ڕێژەی جیاواز هەوڵی دروستکردنی نفووز لە عێراق و پەراوێزخستنی ئێران دەدەن. ئەمەیش هەم لەگەڵ بەرژەوەندیی ئەمریکا و ئیسرائیل هاوتەریبە و هەمیش لەگەڵ بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی خۆیان. لە ڕوانگەیەکی دیکەوە، لاوازبوونی پێگەی سیاسیی میلیشیا و پرۆکسییەکانی لایەنگری ئێران، بە واتای بەرزبوونەوەی ڕۆڵی هێزەکانی دژبەری ئێران و نزیک لەو ئەکتەرانەیە. جگە لەمانەیش، ئەو ئەکتەرانە بۆیان دەرکەوت کە کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی باڵادەستی لە عێراقی پاش ٢٠٠٣وە توانیی هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا بگۆڕێت.
بۆیە جگە لە ئاستی ڕای گشتی، لێدانی نفووز و پێگەی ئێران و پرۆکسییەکانی لەلایەن ئیسرائیلەوە، پێگە و نفووزی سعوودیا و ئیمارات و قەتەر بەرزتر دەکاتەوە. تەنانەت دەکرێت بڵێین کە لە ڕێگەی عێراقەوە بوو کە ئێران توانیی لە سووریا و لوبنانەوە پرسی فەڵەستین بکاتە پرسێک لە دەرەوەی چوارچێوەی عەرەبی-سوننە و، وڵاتانی عەرەبی پەراوێز بخات. “بەهاری عەرەبی”یش ئەم هاوکێشەیەی زیاتر لە بەرژەوەندیی ئێران گۆڕی و، تەنانەت وای کرد کە لە ساڵی ٢٠١٧ قەتەر بەپاڵپشتیی ئێران و تورکیا، بێتە دەرەوەی ئەجێندا نەریتییەکانی وڵاتانی عەرەبی لە کۆمەڵە ئاسایشییە هەرێمایەتییەکەدا. هەروەها جێگەی ئاماژەیە کە لاوازبوونی لایەنگرانی ئێران لە پرۆسەی سیاسی بەهۆی هەڵبژاردنەکانەوە، دەتوانێت پێگەیان بە شێوەیەک بەهێز بکات کە ئێران لە جیهانی عەرەبی گۆشەگیر و پەراوێزخراو بێت و، نەتوانێت گوشار لەو وڵاتانە بکات و پرسەکانی ناوچەکە لەلایەن سعوودیا و ئیمارات و…، نوێنەرایەتی بکرێت.
ڕکابەرایەتییەکیش لە نێوان تورکیا لە لایەک و سعوودیا و ئیمارات لە لایەکی دیکەوە لە عێراق هەیە، ئەمەیش جگە لە ڕەهەندە نەتەوەیییەکەی، پرسی جیۆپۆلیتیک و جیۆئێکۆنۆمیك و جیۆکاڵچەرە؛ بەم واتایەی کە وڵاتانی عەرەبی لە ڕێگەی عێراقەوە دەیانەوێت پێگەیان لە بەرامبەر یەکتری بەرز بکەنەوە بۆ ئەمریکا و ئەوروپییەکان و تەنانەت ئیسرائیل. ئەم پێگەیەیش لە هاوکێشە جیۆسیاسییەکان بە بەهێزبوونی هێزە سیاسییەکانی لایەنگری ئەو وڵاتانە و دەستەبەرکردنی قووڵاییی ستراتیژی جێگیر دەبێت. چونکە ئەگەر تورکیا یاخود سعوودیا لە عێراق بەهێز بن، ئەوە ڕۆڵ و پێگەیان لە سووریا و ناوچەی “شامات” (Levant) وەکوو لقی “کۆمەڵەی ئاسایشی هەرێمایەتی”ی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهێز دەبێت.
ڕاستییهكهی، ئەوەی بەربەستە بۆ سعوودیا، جگە لە نفووزی ئێران، فاکتەری مەزهەبە و ئەوەی بۆ تورکیا ئاڵنگارییە، هەردوو فاکتەری نەتەوەیی و مەزهەبییە. هەر بۆیە سعوودیا و وڵاتانی عەرەبی پێنکاکۆکیی ناسنامەیییان لە عێراق کەمترە، بە مەرجێک هێزە نەتەوەیییەکان زاڵ بن. لە بەرامبەریشدا تورکیا کەڵک لە هێزی سەربازی و ئەندامییەتی لە ناتۆ و بەرزبوونەوەی نفووزی لە سووریا پاش ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد و، هەروەها فاکتەری ئاو و بازرگانی وەردەگرێت. تەنانەت فاکتەری قەتەر و ئیخوانیزم یەکێکە لە فاکتەرەکانی یاریی تورکیا لە هاوکێشەکانی ناوچەکە، بەتایبەتی کە هەوڵ دەدات لە پرسی فەڵەستین لەپاش حەماس بۆشاییی ئێران پڕ بکاتەوە و سەرنجی ئەمریکا ڕابکێشێت و وەکوو ئەکتەرێکی ئاسایش-ساز دەربکەوێت و، لەم ڕێگەیەوە کاریگەری لەسەر هاوکێشە جیۆسیاسییەکان لەپاش ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ هەبێت. هەر بۆیە زۆر بەتوندی لە بەرامبەر ئیسرائیل هەڵوێستی هەبووە، گهرچی زۆربەی کات لە ئاستی میدیایی قەتیس مابێتەوە. جگە لەمانەیش، تورکیا ئەو ڕاستییە دەزانێت کە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکای سەردەمی ترەمپ و بە ڕێگەی پەیوەندییە کەسی و بازرگانییەکان وا دەکات کە ئەمریکا بە هێنانەئارای هاوسەنگی لە نێوان ئەکتەرەکان و لاوازکردنی ڕۆڵی ئێرانهوه، هەوڵ دەدات کە ئاسایشی ناوچەکە و بەرژەوەندییەکانی خۆی و هاوبەشەکانی لە ڕێگەی پێسپاردنەوە دەستەبەر بکات. بەم واتایە کە ئەمریکا پێویستیی بە ئەکتەری هاوسەنگکەر و هاوبەشی ئاسایشی و ئابووری و سیاسی و سەربازی هەیە کە لەسەر زەوی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بپارێزێت، بەبێ ئەوەی ئەمریکا بەکرداری لە کێشە و گرفتەکانەوە تێوە بگلێت.
لە بەرامبەریشدا ئەوە عێراقە کە دەتوانێت تورکیا بگەیهنێتە سنووری کەنداو و بەرژەوەندییەکانیان پێکەوە گرێ بدات و وڵاتانی کەنداویش لە ڕێگەی تورکیاوە لە ئاسیای ناوەڕاست و قەوقاز نفووزیان بەرز بکەنەوە و، ئەم ڕۆڵ و پێگەیەیش هەم بۆ ئەمریکا و هەمیش بۆ ڕووسیا گرنگ و هەستیارە.
کۆبەند
هەڵبژاردنی ٢٠٢٥ی عێراق، تۆخترین هەڵبژاردنە لە ڕووی جیۆپۆلیتیکییەوە؛ بەم واتایەی کە ئەنجامەکانی بۆ هەموو ئەکتەرە هەڕێمایەتی و سەرووهەرێمایەتییەکان دەستنیشانکەری قووڵاییی ستراتیژییە و لە هەمان کاتیشدا بۆ ئێران و ئەمریکا- ئیسرائیل لە سەروو پرسە سیاسییەکان، پرسێکی ئاسایشییە. بۆیە ئەگەر لایەنگرانی ئێران لاواز ببن یاخود ناکۆکی لە نێوانیان دروست ببێت و نەتوانن حکوومەتێکی نزیک لە ئێران پێك بێنن، ئەوە ئەکتەرەکانی دیکە بە پاڵپشتیی هێزە هەرێمایەتی و سەرووهەرێمایەتییەکان، هەوڵ دەدەن بۆ دەستەبەرکردنی قووڵاییی ستراتیژییان ئەو بۆشایییە پڕ بکەنەوە. لە ڕوانگەیەکی دیکەوە، ڕووداوەکانی پاش ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ وای کردووە کە عێراق وەکوو دوایین ئاڵقەی دەوڵەتی لەناو بەرەی موقاوەمە و جیۆپۆلیتیکی شیعی، گرنگیی بۆ ئێران بەرزتر ببێتەوە.
بۆیە ئەگەر ئێران نفووزی خۆی لەدەست بدات یان لاواز بێت، ئەوە هاوکێشە جیۆسیاسییەکانی ناوچەکە بە شێوەیەکی خێراتر بەرەو لاوازکردنی ئێران و پەراوێزخستنی دەڕوات و، تەنانەت ناوچەکە بەرەو گەڕێکی نوێی جەنگ لە نێوان ئیسرائیل و ئێران هەنگاو دەنێت. بۆیە هەم بۆ ئێران و لایەنگرانی و هەمیش بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل و تورکیا و وڵاتانی عەرەبی، ئەم هەڵبژاردنە دەتوانێت بەردەوامی و درێژەپێدەری گۆڕانکارییە جیۆسیاسییەکانی ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ و هێمایەکی نوێی گۆڕانکاریی زیاتری جیۆسیاسی بێت. ئەوەیش نیشان دەدات کە ململانێ و ناکۆکییە سیاسییەکانی عێراق لە نێوان هێزە سیاسییەکان بەگشتی و پێکهاتەکان (کورد و سوننە و کورد و تورکمان و هتد) بەتایبەتی، زیاتر لەوەی ڕەهەند و کاریگەریی ناوخۆییی هەبێت، ڕەهەند و کاریگەریی جیۆسیاسی و دەرەکیی دەبێت و بەپێچەوانەکەیشی ڕاستە؛ چونکە ئاڵوگۆڕ و گۆڕانکارییە جیۆسیاسییەکانی ناوچەکە دەتوانێت ئەکتەری نوێ بێنێتە سەرشانۆ و ئەکتەرە نەریتییەکانی پاش ٢٠٠٣ لاواز بکات.
دەتوانین بڵێین کە لە هاوکێشە جیۆسیاسییەکانی نوێی ناوچەکەدا، عێراق لە زۆنی خۆڵەمێشی بۆ قووڵاییی ستراتیژی دەگۆڕێت و لە ڕێگەی عێراقەوە دەکرێت نەزمی نوێی ناوچەیی بێتە دی. هەر بۆیە ئەم هەڵبژاردنە زیاتر لەوەی هاوکێشەیەکی سیاسی و یاساییی ناوخۆیی بێت، ئەوە هاوکێشەیەکی جیۆپۆلیتیکییە. بۆ عێراق باشترین ستراتیژی و بژاردە، بوونە بە دەوڵەتێکی ناوەند لە نێوان ئەم ئەکتەرانە و ئهوهیش كه ڕۆڵی هاوسەنگکەر بگێڕێت؛ ئەمەیش ناکرێت ئەگەر هەموو پێکهاتەکان بەشداریی ڕاستەوخۆیان لە داڕشتنی سیاسەتی عێراق بەکرداری نەبێت و میلیشیاکان لە سیاسەت دوور نەخرێنەوە، چونکە زاڵبوونی پێکهاتەیەک، بە واتای لێدانی لە پێکهاتەکانی دیکە و بەم پێیەیش زاڵبوونی ئەجێندا و بەرژەوەندی و سیاسەت ئەکتەرێکی دەرەکییە و، ئەمەیش لە قازانجی عێراقدا نابێت.






