پێنووس

ئێمە و ئەوان؛ حوکمڕانی لە نێوان ئەرک و ئیمتیازدا

قەرەنی قادری

لە ئەوروپا و ئەمریکادا، حکوومەتەکان سەر بە  هاووڵاتیانن؛ واتە هەر چوار ساڵ جارێک بە ڕێگەی هەڵبژاردنێکی ستاندارده‌وه‌، ڕێک لە کاتی دیاریکراوی یاسایی و تەواو دیموکراتییانەوە، هاووڵاتیانی ئەو دوو دەڤەرە حکوومەت و دامەزراوەکانی نوێ دەکەنەوە؛ واتە چاکسازیی بەردەوام (هەڵبژاردنەکان و پێکهێنانی حکوومەتی نوێ، ڕێک بەپێی ئەو کاتە بەڕێوە دەچێت، کە یاسا دەستنیشانی کردووە و کەسیش بۆی نییە یاری بە ئاکامەکانی هەڵبژاردن و کاتی دیاریکراوی پێکهێنانی یاساییی حکوومەتی نوی بکات). هەر بەو پێیە، هاووڵاتیان بەشێکی سەرەکین لەو پڕۆسەیە و شەقڵی خۆیان لە هەڵبژاردن، ئاکام و نوێکردنەوە دەدەن.

یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەی کە لەو دوو ناوچەیەدا شۆڕش ناکرێت، ڕێک بۆ ئەو نوێکردنەوە و دەستاودەستکردنی هێمنانەی دەسەڵات دەگەڕێتەوە. هەم براوەی هەڵبژاردن و هەمیش دۆڕاوی هەڵبژاردن، زۆر بەڕێزن؛ دۆڕاوەکانی هەڵبژاردن پیرۆزبایی لە براوەکە دەکەن و، براوەکەیش بەڕێز و سپاسەوە وڵامی خەنیمەکان (دۆڕاوەکان) دەداتەوە!

هەڵبژاردن گرێبەستە لە نێوان حزبە سیاسییەکان و هاووڵاتیاندا. واتە خزمەتگوزاری، ئاوەدانی، گەشەی جڤاک و پاراستنی ئازادییەکان (سەروەریی یاسا)، لە بەرانبەردا دەنگدانی هاووڵاتیانی بەدوادا دێت. لەو ناوچەیەدا، ڕای گشتی بەشێکی گرنگە لە سیاسەت و حوکمڕانی. لەوێدا، حوکمرانی ئەرکە، چونکە بەدەسەڵاتگەیشتووەکان بیر لە هاووڵاتیان دەکەنەوە. هەروەها دەسەڵاتی چوارەمیش (ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتی) زۆر چالاکە. دیموکراسی و لیبرالیزمیش زۆر بەهێزن. بەرپرسیارێتی و وڵامدەری، دوو کۆڵەکەی سەرەکین لە حوکمڕانیدا.

له‌ مێژووی مۆدێرنی ئه‌م چه‌ند ده‌یه‌دا، شێوه‌یه‌ک له‌ حکوومه‌ت له‌ وڵاته‌ پێشکه‌وتووکانی ئەوروپا، ئه‌مریکا و شوێنه‌کانی دیکە پێک هاتووە‌، که‌ به‌ حکوومه‌تی Meritocracy، واته‌ حکوومه‌تی لێزان و لێوه‌شاوەکان ناوی ده‌رکردووه‌. له‌ حکوومه‌تی “لێزان و لێهاتووەکان”دا که‌سانی خاوه‌ن توانا و لێوه‌شاوه‌ به‌ڕێوه‌بەرن. مێژووی خزمه‌ت (ئەزموون) و پلەی خوێندەواری له‌ دامه‌زراوه‌ حکوومی و ناحکوومییه‌کان، هەروەها لێوه‌شاوه‌یییان بنه‌مایه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌ڵات. پله‌ی خوێنده‌واری و ئه‌زموون له‌ بواری کاروباری سیاسی، دوو کۆڵه‌که‌ی سه‌ره‌کین بۆ شێوه‌ حکوومه‌تی Meritocracy، که‌ له‌مێژه‌ له‌ ئەوروپادا حوکمڕانی دەکات. ڕەگی ئەو شێوە حوکمڕانییەیش بۆ هزری “سوقرات” (٤٦٩-٣٩٩ پ. ز) و “ئەفلاتۆن” (٤٢٧-٣٤٧ پ. ز) دەگەڕێتەوە.

هۆکاره‌که‌یشی ڕێک بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ که‌ له‌ کاتی هه‌ڵبژاردندا، کاتێک حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان به‌رنامه‌ی کاریان بۆ چوار ساڵی داهاتوو پێشکه‌ش به‌ هاووڵاتیان ده‌که‌ن، کۆمه‌ڵه‌ که‌سی به‌توانایش له‌ناو حزبه‌که‌یاندا بۆ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئاماده‌ ده‌که‌ن. چاوخشاندنێکی خێرا به‌ جوگرافیای سیاسیی ئەوروپا ئه‌مه‌ ده‌رده‌خات، که‌ وه‌زیر، جێگر و سه‌رۆکوه‌زیرانی ئه‌م وڵاتانه‌ گشتیان سه‌رۆک و ئه‌ندامانی حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانن، که‌ ئاڵقه‌ی سه‌ره‌کیی بەڕێوەبردنی وڵات له‌ده‌ست ئه‌وانە‌- بێ شک بە پەرلەمانیشەوە. له‌ بواری ڕاوێژکارییشدا له‌سه‌ر بنه‌مای “زیره‌کی، لێوه‌شاوه‌یی و توانایی”، که‌سه‌کانی خۆیان ده‌ستنیشان ده‌که‌ن و لە مەیدانی بیرکردنەوە و بڕیاردانیشدا دەوری زۆر گرنگ دەگێڕن و، ڕاوێژکارەکانیش دەبنە بەشێک لە پرۆسەی بڕیاردان!

به‌ڵام له‌پاڵ ئه‌مه‌یشدا، سه‌رتاپای دامه‌زراوه‌ حکوومییه‌کان “به‌حزبی” ناکه‌ن، به‌ڵکوو لە ئاستی خوارەوەی دامه‌زراوه‌کاندا دەور بە که‌سانی پسپۆر، کارناسان، هه‌روه‌ها له‌ بواری ئابوورییشدا، شوێن بە ئه‌ندازیاران ده‌درێت. واته‌ که‌سێکی لێوه‌شاوه‌ و گونجاو بۆ شوێنێکی گونجاو.

بەڵام ڵە دەڤەری ئێمە (ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا)، جگە لە ئیسرائیل، هاووڵاتیانی ئەو دەڤەرە کەڕواوی و چەقبەستووە، سەر بە حکوومەتەکانن و چاویان لە لوتف و کەرەمی حوکمڕانەکانە. پێشینەی ئەمەیش بۆ سوڵتانەکان و خەلیفەکان دەگەڕێتەوە، کە دامەزرێنەری “چەشنێک حکوومەتی باوک یان دەسەڵاتداریی خێرخوازی” بوون، ئەویش بە مەبەستی مانەوەی خۆیان و کەسوکاریان لە دەسەڵاتدا. حکوومەتەکان لە دەڤەری ئێمەدا زۆر زل، سەرکوتکەر و دەوری باوک (نانبدە) دەگێڕن.

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ڕای گشتی بەشێک نییە لە سیاسەت، بۆیە بەردەوام جەنگ، شەڕ و شۆڕش ڕوو دەدات و خەڵکیش بەردەوام بەدوای ڕێگەچارەی خێرادا دەگەڕێن. هەڵبژاردن لە نێوان خراپ و خراپتریش، یەکێکە لە تایبەتمەندییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆ نموونە: “هەڵبژاردن” لە کۆماری ئیسلامی، سووریای سەردەمی ئەسەد و، عێراقی سەردەمی بەعسییەکان. تەنانەت ئێستایش لە ئێران بەشێکی‌ خه‌ڵك بیر لە گەڕانەوەی “بنەماڵەی پەهلەوی” دەکەنەوە! واتە بۆ چارەسەری کێشە و گرفتەکانی ئێستا و داهاتوویان، بۆ دواوە دەگەڕێنەوە!

گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی، لە تایبەتمەندییەکانی حوکمڕانیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. لە ناوچەی ئێمەدا، حوکمڕانەکان بیر لە گیرفان و شێوازی بەڕێوەبردنی خزمخزمێنە (Nepotism) واتە خزمسالاری دەکەنەوە. ڕێک لەبەر ئەوە، حوکمڕانی لە مەڵبەندی ئێمەدا ئەرک نییە، ئیمتیازە!

image_pdfimage_print