پێنووس

نێچیرڤان بارزانی؛ لە ڕۆخی “ناتۆ”وە بۆ دڵی یەکێتیی ئەوروپا

پێنووس

 لە ڕێکەوتی 2025/4/11 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە بانگهێشتێکی فه‌رمی بۆ به‌شداریکردن لە چوارەمین کۆڕبەندی ئانتاڵیا، گه‌یشته‌ تورکیا و چەندان دیداری گرنگی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای تورکیا، کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی، سووریا، یەکێتیی ئەوروپا، ڕووسیا و…، ئەنجام دا و، پاشان لە ڕێکەوتی 2025/4/14، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ ڕێوڕه‌سمێكى فه‌رميدا له‌ كۆشكى ئه‌ليزێ له‌ پاريس، له‌لايه‌ن به‌ڕێز ئيمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكى فه‌ره‌نساوه‌ پێشوازییەکی بێوێنەی لێ كرا.

کات و شوێنی سەردانەکانی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، هەڵگری چەندان پەیام و ئاماژەیەکە؛ چ لە ڕووی هەستیاریی دۆخەکە و چ لە ڕووی پێگەی هەرێمی کوردستان لەو هاوکێشانە و، چ لە ڕووی ئاست و پێگەی ئەکتەرێکی نادەوڵەتی کە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکایەتی و نوێنەرایەتیی دەکات. لە ڕوانگەیەکی ترەوە، ئەم پێشوازی، دانیشتن، کۆبوونەوە و چاوپێکەوتنانە دریان خست کە  هەم ناوچەکە بەردەوامە لە گۆڕانکاری و ئاڵوگۆڕە خێراکان و هەمیش لەم نێوەندەدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بۆتە کەسایەتییەکی متمانەپێکراو لە ناوەندە دیپلۆماسی و سیاسییەکان، کە دەتوانێت ڕۆڵ و پێگەی هەرێمی کوردستان لەم ئاڵۆزی و نادڵنیایییەدا، ئەگەر بەهۆی توانای هەرێمی کوردستان و خێراییی گۆڕانکارییەکان و فرەییی ئەکتەرەکان بە شێوەیەکی ڕەهاش نەبێت، ئەوە بە شێوەیەکی ڕێژەیی و لە ئاستێکی بەرز، دەستبەر بکات. بۆیە دیپلۆماسی یانی هونەری ناسکی پەیوەندییەکان و، ناسینی ئەولەوییەتەکانی ناوخۆ و دەوروبەر (بەرژەوەندی و بەرژەوەندیی هاوبەش)، کە چۆن بواری ڕاستەخۆ بۆ یاریی هاوکێشە نادەوڵەتییەکان (وەکوو هەرێمی کوردستان) دەسنیشان دەکات.

بەپێچەوانەی گریمانە بەڵگەنەویستەکان لە ڕابردوو، کە وایان وێنا دەکرد سیاسەتی دەرەوەی وڵاتان، بەتایبەتی ئەمریکا و ئەوروپا و ڕۆژاوا، بە گۆڕانی سەرۆکەکان و کەسەکان گۆڕانکاریی ڕیشەییی تێدا ناکرێت و ئەوە دامەزراوەکان و بەرژەوەندییە جێگیرەکانن کە داڕێژەر و ئاراستەکەری سیاسەتی دەرەکیی ئەکتەرەکانن، بەڵام دەرکەوت کە ئەم گریمانەیە لانی کەم لە ئێستادا تووشی ڕخنە و ئاڵنگاری و کێشەی جددی و هەڕەشەی ڕاستەقینە بۆتەوە و، هەر ئەمەیش وای کردووە کە ئاستی دڵەڕاوکێ و نادڵنیایییە ئاسایشی و سیاسی و ئابوورییەکان لە ئاستی نادەوڵەتیدا بەرز بێتەوە و تەنانەت هاوپەیمانەکانیش متمانەی تەواویان بە یەکتری نەبێت. باشترین نموونەیش سەردەمی ئیدارەی دووەمی سەرۆک “دۆناڵد تره‌مپ”ە کە وای کردووە نزیکترین هاوپەیمانە مێژوویی، کەلتووری، شارستانی، سیاسی، ئابووری و، تەنانەت جوگرافی، ئاسایشی و سەربازییەکانی ئەمریکاش، چیتر دڵنیا نەبن لە بەردەوامیی ئەم هاوپەیمانی و دۆستایەتی و پەیوەندییانە کە لە پاش جەنگی جیهانیی دووەمه‌وه‌ بنیادی سیستەمی نێودەوڵەتی لەسەر ڕۆ نرابوو.

هەر بۆیە هەر لە سەپاندنی “تاریفەی گومركی”یەوە تا دەرچوون لە ڕێککەوتن و پەیماننامەکان و هەڕەشەی دەرچوون لە ناتۆ، بۆتە مۆتەکەی پەیوەندییە ناوخۆیییەکانی بەرەی ناسراو بە جەمسەر و بەرەی ڕۆژاوایی بە سەرکردایەتی و هەژموونی ئەمریکا. هەموو ئەمانە وایان کردووە کە وڵاتان بۆ پاراستنی ئاسایش و دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسی و سەربازییەکانیان، هەوڵی دۆزینەوەی ئەلتەرناتیڤ و جێگرەوەی گونجاو و فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانیان بدەن. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دۆخ و هەلومەرجێکی زۆر تایبەتی و هەستیاردایە کە  ئەمەیش ئەکتەرەکانی ناوچەکە و دەرەوەی ناچار کردووە کە خۆیان بۆ ئەم گۆڕانکارییانە بە مەبەستی پڕکردنەوەی بۆشایییەکان و جێگیرکردنی پێگە و پاراستنی خۆیان ئامادە بکەن.

لەم نێوەندەیشدا ئەکتەرەکان هەوڵ دەدەن کە هاوپەیمانێتیی نوێ پێک بێنن بۆ ئەوەی کە ئەگەر هاوپەیمانێتییە نەریتییەکانیان لەرزۆک و نادڵنیا بوون، ئەوە بتوانن قەرەبووی بکەنەوە. هەر بەو پێیە، وەکوو جاران دیپلۆماسی و جووڵەکەی، لە پاوانی ئەکتەرە دەوڵەتییەکاندا نەماوە و بەپێی دۆخی گۆڕاوی ناوچە و جیهان هەندێک لە ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان وەکوو هەرێمی کوردستان، بوونەتە بەشێک لە یارییه‌کەی شەتڕەنجی دیپلۆماسیی ناوچە و جیهان.

هەر بۆیە لە ناوچەیەک کە زۆربەی کات ئەکتەرە نا-دەوڵەتەکان لە ئەکتەرە دەوڵەتەکان بەهێزتر و کاریگەرترن یاخود لانی کەم لە ناوخۆی دەوڵەتاندا، ئەکتەرە نادەوڵەتەکان ئاسایش و سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی ڕەنگرێژ دەکەن، پێگەی هەرێمی کوردستان بۆ ئەکتەرە هەرێمایەتی و سەرووهەرێمایەتییەکان گرنگ و بەرجەستە دەبێت. بەتایبەتی لە ناوچە و دەوڵەتێک (عێراق بۆ نموونە) کە هەموو پرسەکانی پەیوەست بە ئاسایش و بەرژەوەندیی وڵاتانی ناوچەکە و ئەکتەرە سەرووهەرێمایەتییەکانی تێدایە، وەکوو: پرسی وزە، پرسی ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، پرسی بازرگانی و ئابووری و پرسی کۆچبەران و هتد.

لە ڕووی جوگرافیایشەوە، سەردانی ئەم جارەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا و ئاستی پێشوازی و دیدارەکان، زیاتر لە ڕابردوو گرنگ بوو، چونکە تورکیا لە پاڵ ئیسرائیل و لە پاش گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، بۆتە یەکێک لەو ئەکتەرانەی کە هەوڵی ئەوە دەدات بۆ وڵاتانی ناوچەکە، هەروەها ئەمریکا، ڕۆڵی هەژموون لە ناوچەکەدا بگێڕێت و لەم ڕێگەیەوە و بە میکانیزمەکانی سەربازی، سیاسی، ئابووری، گواستنەوەی وزە و، تەنانەت ئاسایشی-سەربازی و کۆچبەران و…، وەکوو ئەکتەرێکی هەژموون لەسەر ئاستی هەرێمایەتی، بچێتە ئاستی هێزێکی نێودەوڵەتی لە جیهانێکی گریمانەکراوی فرەجەمسەردا و، لە لایەکی دیکەیشەوە فەڕەنسای ئەندامی ناتۆ کە لە ئێستادا لە پاڵ ئەڵمانیا (لە ڕووی ئابووری و دارایییەوە) نوێنەرایەتیی سیاسی-سەربازیی یەکێتیی ئەوروپا دەکات و لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە بە دڵی یەکێتیی ئەوروپا دادەنرێت، پێشوازییەکی گەرمتر لە جاران و سەرووتر لە ئەکتەرێکی نادەوڵەتی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات.  هەرچەندە لە نێوان تورکیا و فەڕەنسادا لە ڕووی جوگرافییەوە چەندان ئەکتەر و دەوڵەتی گرنگ هەن، بەڵام هەڵکەوتە و پێگەی ئەو دوو دەوڵەتە و پەیوەستبوونیان بە کێشە و پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی  ناوەڕاستەوە، ئەم سەردان و جووڵە دیپلۆماسییانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانمان زیاتر بۆ ڕوون دەکاتەوە:

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ڕەجەب تەيب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا (هەینی ١١-٤-٢٠٢٥ كۆڕبه‌ندى ئانتالیا)

تورکیا لە ئێستادا بەهۆی ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە سووریا بۆتە ئەکتەرێکی سەرەکی و، ئەمەیش هەموو هاوکێشە جیۆسیاسی و جیۆئێکۆنۆمییەکانی ناوچەکەی خستۆتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە و، فەڕەنساش بە شێوەیەکی مێژوویی لە ناوچەی شامات- کە بە لقی کۆمەڵەی ئاسایشی هەرێمی ڕۆژهەڵاتی  ناوەڕاست دەناسرێت- نفووز و کاریگەریی هەبووە و لە ئێستادا تورکیا و فەڕەنسا وەکوو دوو وڵاتی ئەندامی ناتۆ ڕکابەرایەتییان لە ناوچەکەدا زیاتر بووە و هەر ئەمەیش گرنگیی سەردانی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی زیاتر دەردەخات، چونکە دروستکردنی هاوسەنگی لە نێوان دوو ئەکتەری لەم شێوەیە، زۆر هەستیارە و کاریگەریی لەسەر داهاتووی هاوکێشە سیاسی و ئاسایشییەکان دەبێت. لەبەر ئەوەی فەڕەنسا لە پاڵ ئەمریکا و بە قەبارەیەکی سیمبولی، ئامادەییی سەربازیی لە سووریا هەیە و خۆی بە خاوەن پرس و کێشەکانی لوبنانیش دەزانێت، لە کاتێکدا تورکیا کاریگەریی بەهێز و ڕاستەوخۆی لەسەر حکوومەت و دەسەڵاتی نوێی سووریا هەیە و لە ڕێگەی سووریاشەوە هەم دەگاتە عێراق و هەمیش لوبنان. لە ڕابردوودا ئەوە ڕژێمی ئەسەد بووە کە دەستوەردانی ڕاستەوخۆ و ناراستەوخۆی لە لوبنان دەکرد و تەنانەت هەر  ئەمەیش پێگەی سووریای بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرزتر کردبووەوە.

هاوکێشە نوێیەکانی ناوچەکە و، هەروەها هاتنەسەرکاری ترەمپ لە ئەمریکا، وا دەکات کە لە ئەگەری جێهێشتنی ناوچەکە لەلایەن ئەمریکاوە لە ڕووی سەربازییەوە، بۆشایی دروست ببێت و ئەکتەرەکان هەوڵ دەدەن ئەم بۆشایییە پڕ بکەنەوە و یەکێک لەو ئەکتەرە سەرووهەرێمییانە فەڕەنسایە؛ بەڵام ئەکتەری ڕکابەری بەهێزی وەکوو تورکیا لە ڕووی سیاسی و سەربازی و ئابووری و تەنانەت کەلتوورییه‌وه‌ هەیە، ئەمە جگە لەوەی کە هەردوو لایەن دەیانەوێت بەشدار بن لە ڕەنگرێژکردنی نەزمی نوێی ناوچەکە کە ئیسرائیل پێشەنگایەتیی دەکات. هەموو ئەمانەیش لە کاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لاوازترین و لەرزۆکترین پێگەی جیۆسیاسیی خۆیدایە لە ناوچەکەدا و، تەنانەت ئەگەری سەرهەڵدانی جەنگێکی هەرێمایەتی بەهۆی ناکۆکییەکانی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا، ئەگەر و سیناریۆیەکی بەهێزە؛ هەر بۆیە، هەم تورکیا و هەمیش فەڕەنسا بە هۆکار و پاڵنەری تایبەتی خۆیان ئامانجیان ئەوەیە کە پێشەنگایەتیی پرسی فەڵەستین لە بۆشاییی ئێراندا پڕ بکەنەوە و لەم ڕێگەیەوە ڕای گشتیی جیهانی ئیسلام و وڵاتانی ناوچەکە لەگەڵ سیاسەتەکانیان هاوتەریب و هاوئاراستە بکەن.

لەم نێوەندەیشدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی وەکوو سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هەوڵ دەدات کە لە نێوان ئەم دوو ئاراستەیەدا و لە نێوان ئەکتەرە پێکناکۆکەکاندا هاوسەنگییەکی ئەرێنی دروست بکات و بەشێک بێت لەم نەزمە نوێیە ناوچەیییە و بەرژەوەندییەکانی ئەو ئەکتەرانە به‌ مانەوە و بەردەوامیی هەرێمی کوردستانه‌وه‌ گرێ بدات و هەر لەم ڕێگەیشەوە پێگەی هەرێمی کوردستان وەکوو ئەکتەرێکی نادەوڵەتی لە عێراق و ناوچەکەدا بەهێز بکات.

لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە: بۆچی بۆ ئەو دەوڵەتانە هەرێمی کوردستان بەگشتی و ڕۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، گرنگە و ئەو بەرژەوەندییە هاوبەشانە چین؟ بۆ هەردوو وڵات، عێراق لە ڕووی سەربازی-ئاسایشی و بەتایبەتی ئابووری-بازرگانی و پرسی وزەوە دەوڵەتێکی گرنگە. لەم نێوەندەیشدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دەتوانێت وەکوو ئەکتەرێکی کارا و کاریگەر لە عێراق، ڕۆڵی هاوسەنگکەری بەرژەوەندییەکانیان ببینێت. لە لایەکی دیکەیشەوە، یەکێک لە ئەکتەرە نادەوڵەتەکانی ناوچەکە، کوردە و بۆ تورکیا و فەڕەنساش دروستکردنی بەرژەوەندیی هاوبەش لەسەر ئەو ئەکتەرە نادەوڵەتە (کورد) هەستیار و کاریگەرە، چونکە دەکرێت ببێتە هۆکاری سەقامگیری یاخود پشێوی لە هەر یەکە لە تورکیا و سووریا و عێراق و تەنانەت ئێرانیش.

بەم پێیەیش کەسایەتیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، دەتوانێت کاریگەریی لەسەر پرسی کورد و چارەسەری ئاشتییانەی ئەم پرسە هەبێت کە بۆ وڵاتانی هەرێمایەتی گرنگ و پڕبایەخە. هەروەها پرسی جەنگی دژی تیرۆر و کۆچبەران بەهۆی پێگەی هەرێمی کوردستان لە عێراق و کاریگەریی لەسەر سووریا و تەنانەت تورکیا، دەتوانێت بەرژەوەندیی ئەو دەوڵەتانە بپارێزێت. لەم چوارچێوەیەدا نێچیرڤان بارزانی توانایەکی بێوێنەی لە کۆکردنەوەی لایەنە ناکۆکەکان و ناوبژیوانیکردن هەیە، کە دەتوانێت بارگرژی و ململانێکان کەمتر بکاتەوە.

کۆبەند

چیرۆک یاخود ئەفسانەیەکی باو لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا لەژێر کاریگەریی ڕیالیستەکاندا بۆ ماوەیەکی درێژ ڕەگی داکوتبا کە بەرژەوەندی و سیاسەتی وڵاتان بەپێی گۆڕانکاری لە سەرۆکەکان ناگۆڕدرێت و لە ئاستی دەرەکیدا کاریگەرییەکی سنوورداری دەبێت، بەڵام هاتنەسەرکاری دۆناڵد ترەمپ و تەنانەت بەهێزبوونی ڕاستڕەوە توندئاژۆکان لە ئەوروپا، وای کرد کە ئەم گریمانەیە بکەوێتە ژێر پرسیارێکی قووڵ و جددییەوە و، چیتر وەکوو ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر سەیر نەکرێت.

 لە ڕوانگەیەکی دیکەوە، کاتێک کە سەرۆک دۆناڵد ترەمپ زۆرترین گوشارە سیاسی و تەنانەت سەربازی و بەتایبەتی دارایی و ئابوورییەکانی خستەر سەر هاوپەیمانە نەریتییەکانی ئەمریکا لە باکووری کیشوەری ئەمریکا و پاشان ئەوروپا و ئەندامانی ناتۆ و تەنانە ئیسرائیلیشی لێ بەدەرنەکرا، ئەوە دەرکەوت کە سیاسەتی وڵاتان دەکرێت بە گۆڕینی سەرۆکەکان گۆڕانکاریی گەورەی لێ بکەوێتەوە. لە لایەکی دیکەیشەوە دەرکەوت بوونی پەیوەندیی کەسی، دەتوانێت کاریگەریی لەسەر هەڵوێستی زلهێزترین دەوڵەتی جیهان لە ڕووی سەربازی و ئابووری و سیاسییەوە دابنێت.

هەر  ئەمەیش دەری دەخات کە بوونی پەیوەندییەکی کەسی و دۆستانە لەگەڵ سەرۆکی وڵاتان دەتوانێت هاوکێشەکان لە قازانجی لایەنەکان یەکلایی بکاتەوە و ڕۆڵی دامەزراوەکان و بەرژەوەندییە جێگیر و نەریتییەکان کەمتر بکاتەوە. لەم نێوەندەیشدا متمانە و بوونی پەیوەندیی دوولایەنە لە نێوان نێچیرڤان بارزانی و ئەردۆغان لە لایەک و نێچیرڤان بارزانی و ئیمانۆیل ماکرۆن لە لایەکی دیکەوە، دەتوانێت ئەو ڕاستییە بسەلمێنێت کە لە پاڵ هەموو فاکتەر و ئامرازە سیاسی و دیپلۆماسییەکان، ڕۆڵی سەکردە و پەیوەندییەکانیان دەتوانێت کاریگەری بخاته‌ سەر هاوکێشەکانی نێوان ئەکتەرەکان. ئەم فاکتەرە وا دەکات کە ڕۆڵ و پێگە و بکەرایەتیی ئەکتەرەکان بەرزتر بێتەوە و بەپێی بەرژەوەندیی وڵاتەکەیان، بەشێک بن لە گۆڕانکارییەکان.

image_pdfimage_print