جهنگی ئێران چۆن کۆتایی دێت؟
نووسەر: مایکڵ فرۆمان (Michael Froman)
ماڵپەڕ: ئەنجومەنی پەیوەندییە دەرەکییەکان (Council on Foreign Relations)
مایکڵ فرۆمان، سەرۆکی ئەنجومەنی پەیوەندییە دەرەکییەکان (CFR)، بەم شێوەیە شیکاری بۆ سێ دەرەنجامی چاوەڕوانکراوی جهنگی ئێران دەکات: بەشێکی زۆری شیکارییەکان سەبارەت بە جهنگی ئێران، تیشکیان خستووەتە سەر ئەوەی، ئایا بهرزبوونهوهی بهردهوامی تێچووی “ئۆپەراسیۆنی تووڕەییی داستانئاسا” (Operation Epic Fury) شایەنی ئەو باجەن یاخود نا. سەرباری ئەمەیش، باوترین پرسیار کە ئێستا دەیبیستم ئەوەیە؛ ئەم دۆخە چۆن کۆتایی دێت؟
لەوانەیە بژاردەی بەردەم سەرۆک دۆناڵد ترەمپ (Donald Trump) لە ئێستادا هەڵبژاردنی کەمترین زیان بێت لەنێوان سێ بژاردەی نەخوازراودا: ١- هەڵکشانی خێرای سەربازی، ٢- کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ڕێگەی سازشکردنەوە، ٣- بەردەوامبوون لەم چەقبەستوویییە ئاڵۆزەی ئێستا.
یەکەمین بژاردە بریتییە لە بەکارهێنانی هێز بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە. بەپێی ڕاپۆرتەکان، ترەمپ بەجددی بیر لەم هەنگاوە دەکاتەوە، چونکە سەرەتای ئەم هەفتەیە ڕای گەیاندبوو کە بیر لە دەستپێکردنەوەی هێرشی بەردەوام و چڕ دەکاتەوە کە هاوشێوەی سەرەتای ئۆپەراسیۆنی تووڕەییی داستانئاسا بێت. وەک خۆی دەڵێت: ”هێشتا ئێران باش ئازاری پێ نەگەیشتووە.” یان وەک چۆن مارکۆ ڕوبیۆ (Marco Rubio)، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئاماژەی پێ دا کە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەتوانێت پەیڕەوی لە ستراتیژیی ”سەر لەبری چاو” بکات.
ڕاستییەکەی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەتوانێت ژێرخانی هەستیاری ئێران بکاتە ئامانج، لەوانەیش دامەزراوەکانی نەوت و غاز، وێستگەکانی کارەبا، ژێرخانی هەستیاری گواستنەوە و وێستگەکانی ئاوپاککردنەوە، بەو هیوایەی وێرانکاریی زیاتر بەسەر ئابووری و کۆمەڵگەی ئێراندا بهێنێت. بەڵام لۆژیکە دڕندانەکەی پشت ئەم بژاردەیە ڕوونە؛ هەر لەبەر هۆکارێکی گونجاویش خۆمان لێی بەدوور گرتووە. هێرشی لەم شێوەیە دەتوانێت ببێتە هۆی قەیرانێکی مرۆیی لە ئێران، پێگەی ئەخلاقیی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەکەدار بکات و بە هیچ شێوەیەکیش گەرەنتیی خۆبەدەستەوەدانی ڕژێمەکە ناکات. ئەمە بێجگە لەوەی کە “جهنگی گشتگیر” سندووقی پاندۆرا (Pandora’s box) دەکاتەوە و ژێرخانی هەستیاری وڵاتانی کەنداو، دامەزراوەکانی وزە و کارەبا، ناوەندە مەدەنییەکان و وێستگەکانی ئاوپاککردنەوە دەخاتە سەرووی لیستی ئامانجەکانی ئێرانەوە.
هەروەها ترەمپ دەتوانێت هێزی زەمینی ڕەوانە بکات، لەوانە بۆ دەستبەسەرداگرتنی دوورگەی خارگ- کە پشکی شێری هەناردەی نەوتی ئێران پێک دەهێنێت- لەگەڵ پاراستنی پشتێنەیەکی خاکی ئێران کە هاوسنوورە لەگەڵ گەرووی هورمز، بە مەبەستی دەستەبەرکردنی ڕێڕەوێکی ئارام بۆ ئەو کەشتییانەی بە گەرووەکەدا تێ دەپەڕن. بەڵام ئۆپەراسیۆنی لەم شێوەیە هەزاران سەربازی ئەمریکی و کەشتییە دەریایییە بەنرخەکان دەخاتە مەترسییەوە.
هاوکات ویلایەتە یەکگرتووەکان دەتوانێت دیسانهوه سەرکردە باڵاکانی ئێران بكاته ئامانج. بەڵام ڕژێمەکە سەلماندوویەتی کە بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر، كارامهیه لە پڕکردنەوەی شوێنی سەرکردەکانی، دوای ئەم جۆرە هێرشانە؛ ئەگەر مكوڕتریشی نەکردبێت. وەک چۆن ڕەی تەکیە (Ray Takeyh) و ڕوئێل مارک گێرێخت (Reuel Marc Gerecht) بەوردی لە وتارێکی ئەم دوایییەی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵدا (Wall Street Journal) تێبینییان کردووە، ”تاران لە کاتی جهنگدا بەسەر واشنتۆندا باڵادهسته، چونکە نوخبەی فەرمانڕەوای ئێران دەیانەوێت شەڕ بکەن و ئامادەیییان تێدایە بەرگەی ئازارێکی زۆر زیاتر بگرن بەراورد بە دۆناڵد ترەمپ.” سەرباری ئەمەیش، ڕوبیۆ ئاماژەی بەوە کرد کە ”لەوانەیە هێشتا ئامادە نەبن بۆ ڕێککەوتن، بەڵام بەم زووانە ئامادە دەبن؛ چونکە سەرەڕای قسە توندەکانیان و زمانە ڕازاوەکەیان، ئەو باجەی دەیدەن زۆر قورسە.”
ئەمەیش دەمانباتە سەر بژاردەی دووەم کە لەوانەیە سەرۆک بیری لێ بکاتەوە: کەمکردنەوەی گرژییەکان. لە پراکتیکدا، مەترسیی ئەوە هەیە کە ئەم هەنگاوە وەک خۆبەدەستەوەدان دەربکەوێت. ویلایەتە یەکگرتووەکان دەتوانێت بە ڕێژەیەکی بەرچاو ئامادەییی سەربازیی خۆی کەم بکاتەوە، سەبارەت بە زۆربەی ئامانجە سەربازییە ڕاگەیەنراوەکانی ئۆپەراسیۆنی تووڕەییی داستانئاسا دووبارە سەرکەوتن ڕابگەیەنێت و لانی کەم تا ڕاددەیەک قبووڵی بکات کە ئێران هەژموونی بەسەر گەرووی هورمزدا هەبێت.
لە ئێستادا تێچووی جهنگ زۆر بەرزه؛ ڕوونیش نییە ئایا سەرۆک و گەلی ئەمریکا حهز دهكهن ئهم تێچووه قبووڵ بكهن یان نا. لە هێرشەکەی ئەم دوایییەی ئێران بۆ سەر بنکەی ئاسمانیی موەفەق سەڵتی لە ناوچەی ئەزڕەق لە ئوردن، سێ سەربازی ئەمریکی کوژران؛ بەمەیش کۆی گشتیی کوژراوەکان گەیشتە هەژدە سەرباز و نزیکەی ٤٥٠ بریندار. ڕاپرسییە نوێیەکان دەری دەخەن کە ٪٦٨ی ئەمریکییەکان پێیان وایە جهنگی ئێران ”ئهوهندهی نهدههێنا بکرێت.” لەو لایشەوە تێچووە ستراتیژییەکان هەن، بەتایبەتی کەمبوونەوەی زیاتر و خێراتری تەقەمەنییەکان، کە خۆیان لە ئێستادا کەم بوونەتەوە، لەگەڵ گواستنەوەی هێزەکان لەو گۆڕەپانانەی کە کاری لەپێشینەن، وەک ناوچەی هیند و پاسیفیک (Indo-Pacific)؛ کە لەوانەیە هاندەر بێت بۆ جووڵە هەلپەرستانەکانی چین لە گەرووی تایوان.
قبووڵکردنی ئەم بژاردەیە لە ڕووی سیاسییەوە سەخت دەبێت. ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکان بەندەکانی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد (Islamabad Memorandum of Understanding) وەک خۆی جێبەجێ بکات، ئێران لە پێگەیەکدا دەمێنێتەوە کە بتوانێت بەپێی ویستی خۆی بەردەوام بێت لە خنکاندنی گەرووی هورمز، یان لانی کەم باج لەسەر تێپەڕبوون وەربگرێت؛ لە هەمان کاتیشدا هەر گفتوگۆیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی تایبەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی، بۆ کاتێکی نادیار دوا بخات. هاوكات کەمکردنەوەی یەکلایەنەی گرژییەکان متمانەی هاوبەشەکانمان لە ناوچەکەدا بە ویلایەتە یەکگرتووەکان وەک زامنێکی جێی متمانەی ئاسایش لەناو دەبات- هاوبەشەکانی ناوچەکانی دیکەیش ههر لێ گهڕێ.
دەتوانین بڵێین کە هەردوو بژاردەی هەڵکشانی سەربازی و کەمکردنەوەی گرژییەکان لەبەردەم ترەمپدا سهرنجڕاكێش نین. هەر لەبەر ئەمهیشە كه له ترەمپ تێ دهگهین كه بۆچی هەوڵی داوە ڕێڕەوێکی مامناوەند بگرێتە بەر: ستراتیژیی “گورز لەبری گورز” لە هێرشکردن و پێشکەشکردنی ئۆفەری نوێ بۆ ڕێککەوتن، کە هاوکات لە هەردوو بواری سەربازی و دیپلۆماسیدا بەڕێوە دەچن. بەڵام تا ئێستا ڕوون نییە ئایا ئەم هەنگاوە لە هیچ یەکێک لەو دوو بەرەیەدا ئەگەری سەرکەوتنی هەیە یان نا.
تێچووەکان ڕۆژ بە ڕۆژ بهرز دهبنهوه و دەرەنجامی کۆتاییش بە هیچ شێوەیەک ڕوون نییە، بەڵام به لەبەرچاوگرتنی مەترسییەکانی هەڵبژاردنی بژاردەیەکی زۆر نەرمتر یان زۆر توندتر، ئەگەری هەیە ململانێی ئێستای گەرووەکە ببێتە دۆخی باوی نوێ.
گەرووی هورمز نە بەتەواوی کراوەیە و نە داخراو. ئاگربەستەکە بە هێرشی ڕۆژانە پێشێل دەکرێت، هەرچەندە ئەگەر قسەکەی سەرۆک وەربگرین، لەوانەیە دەرەنجامی ئەمە ”تەقەکردن بێت بە شێوەیەکی مامناوەندتر.” نرخی نەوتیش بەرزە، هەرچەندە وا دەرناکەوێت ئابووریی جیهان پەک بخات؛ لانی کەم بۆ ئەمڕۆ بەم شێوەیەیە. لە نەبوونی هیچ پێشکەوتنێکدا لەسەر ئاستی بەرەی سەربازی یان دیپلۆماسی، ئەم دۆخە خەریکە چەق دەبەستێت.
کەواتە، ئەمە تا کەی بهردهوام دهبێت؟ جەی ڕیچارد گۆت (J. Richard Gott)، زانای بواری فیزیکی گەردوونی، یاسایەکی گشتیی بەناوبانگی خستە ڕوو کە دەڵێت: لە نەبوونی زانیاریی باشتردا، ئەگەری مانەوەی هەر دیاردەیەک یەکسانە بەو ماوەیەی کە پێشتر تێیدا بەردەوام بووە. بەپێی ئەم هاوکێشە ڕەشبینانەیە، ئهم بنبهسته پێنج مانگییەی گەرووەکە، لهوانهیه تا کۆتاییی ئەمساڵ درێژە بکێشێت. هەروەها هەموو مانگێک کە تێیدا بەردەوام دەبێت، ئەگەری مانەوەی بۆ مانگی داهاتووش زیاتر دەبێت.
ئەگەر ئەم لۆژیکە قایلكهر نییه بۆ ئێوه، ئەوا بازاڕەکانی پێشبینیکردن هەمیشە ههن. پێشبینییەکانی ئەو بازاڕانە ئاماژە بەوە دەکەن کە بە ڕێژەی ٪٥٠ ئەگەری هەیە تا کۆتاییی ساڵی ٢٠٢٦ هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز ”ئاسایی ببێتەوە” (کە ئەمەیش نیشانەیە بۆ کۆتاییهاتنی ململانێکە)- ئەمەیش لە بنەڕەتدا هاوڕایییەکی گشتییە لەگەڵ بۆچوونەکەی زاناکەی بواری فیزیکی گەردوونی لە زانکۆی پرینستن (Princeton). ئیتر خۆت لێکی بدەرەوە…








