نووسینی: دیاکۆ هاشمی، ڕێنوێنکاری زمان لە وەرگێڕان، سوید
کاتێک فەرمانگەیەک یان وەزارەتێکی حکوومی بڵاوکراوەیەک دەردەکات، ئەو نووسراوە تەنیا گەیاندنی زانیاری نییە، بەڵکوو نوێنەرایەتیی شکۆ و پێگەی فەرمیی ئەو دامەزراوەیە دەکات. زمانی نووسراوی دامەزراوەکانی دەوڵەت، بەتایبەت لە بواری پەروەردەدا، دەبێت بەتەواوی لە هەڵەی ڕێنووس، داڕشتن و زمانەوانی پارێزراو بێت.
هۆکارەکانی ئەم پێویستییە تەنیا تەکنیکی نین، بەڵکوو بنەڕەتین:
١. دروستکردنی ستاندارد و سەرچاوە:
نووسراوە فەرمییەکان دەبنە سەرچاوە و نموونەی باڵا (standard) بۆ هاووڵاتیان، قوتابییان، مامۆستایان و میدیاکاران. ئەگەر خودی سەرچاوەکە هەڵەی تێدا بێت، ئەوا هەڵەکە دەبێتە «نەریت» و زمانی ستاندارد بەرەو لێژی و شپرزەیی دەبات.
٢. بنیاتنانی متمانە:
زمانی پوخت و بێهەڵە، نیشانەی وردبینی، پیشەییبوون و ڕێزگرتنە لە خوێنەر (هاووڵات). کاتێک نووسراوێک پڕ بێت لە هەڵە، متمانەی خەڵک بە توانای زانستی و کارگێڕیی ئەو دامەزراوەیە کز دەکات.
٣. پاراستنی کێیەتیی زمان:
زمانی فەرمی، ئاوێنەی کێیەتیی نەتەوەیییە. شێواندنی زمان لەلایەن دامەزراوە فەرمییەکانەوە، گورزێکی گەورەیە لە پێگە و شکۆی زمانەکە لە بەرانبەر زمانەکانی تردا.
بۆیە، پێویستە هەموو دامەزراوە حکوومی و پەروەردەیییەکان، بە هەستیارییەکی زیاترەوە مامەڵە لەگەڵ زمانی نووسینەکانیاندا بکەن و پشت بە پسپۆڕانی زمان ببەستن، تا زمانی کوردی بە شێوازێکی شایستە و پوخت بنوێنرێت.
بۆ زانیاریی زیاتر، سەردانی ئەم ماڵپەڕە بکە.






