پێنووس
2024

گۆڕانکاریی جیۆستراتیژی: دۆکترینی “بێسنوور- بێبەربەست”ی ئیسرائیل

د. پەرویز ڕەحیم قادر– دکتۆرا لە فەلسەفەی زانستە سیاسییەکان/ دیراساتی ئاسایشی نەتەوەیی

ئەوروپا لەپاش هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا و، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەپاش هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ لە دۆخێکی تایبەتیدایە کە دەتوانین بە “قۆناغی ڕاگوزەر” وێنای بکەین یاخود ناوی بنێین کۆتاییی هاوسەنگییەکی لەرزۆک کە لەژێر هاوسەنگیی هەڕەشە (Balance of Threat) بنیات نرابوو. ئەگەر لە ڕوانگەی “قوتابخانەی کۆپنهاگن”ەوە سەیر بکەین، ڕووسیا وەکوو ئەکتەری سەرەکی لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات لە لقی کۆمەڵەیەکی ئاسایشیی هەرێمایەتی، ڕووبەڕووی ڕکابەرەکەی، کە “ناتۆ”یە، بۆتەوە، ئەوە ئیسرائیل لە ناوچەکەدا لە کۆمەڵە ئاسایشییە هەرێمییەکەیدا لەگەڵ ئەکتەرەکانی دیکە ڕووبەڕوو بۆتەوە کە سەرەکیترینیان ئێران و بەرەی موقاوەمە (Axis of Resistance)یە. لە هەردوو لقی کۆمەڵە ئاسایشییەکەدا سەرەکیترین لێکەوتە بریتییە لە هەوڵی زاڵبوون بەسەر ئەکتەرەکانی دیکە و دروستکردنی پشتێنەی ئاسایشی و ناوچەی نفووز و ئاڵوگۆڕ لە سنووری ناوچە خۆڵەمێشییە نەریتییەکاندا. هەرچەندە کۆمەڵە ئاسایشییە هەرێمییەکان کارلێکیان لەگەڵ یەکتری هەیە، بەڵام گۆڕانکاری لە پێگە و ڕۆڵی ئەکتەرە نەیارەکان و زاڵبوون بەسەر کۆمەڵە هەرێمایەتییەکە ئاسایشییەکە، ئامانجی سەرەکیی هەردوو ده‌وڵه‌تی ڕووسیا و ئیسرائیلە.

لەم نێوانەدا بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیی هەرێمی کوردستان و کورد بەگشتی لەم کۆمەڵە ئاسایشییە هەرێمایەتییەدا، ئاڵوگۆڕە جیۆسیاسی و ئاسایشییەکان دەتوانێت کاریگەریی لەسەر گۆڕانکارییە جیۆستراتیژییەکان هەبێت و، ئەمە دەتوانێت لێکەوتەی لەسەر داهاتووی ڕۆڵ و پێگە و بکەرایەتی و، بەم پێیەیش چارەنووسی کورد لە ناوچەکەدا هەبێت؛ چونکە ئەم کۆمەڵە ئاسایشییە هەرێمایەتییە لەژێر کاریگەریی ململانێی ئەکتەرە سەرووهەرێمایەتییەکاندایە و لە هەمان کاتیشدا، گۆڕانکاری لە پێگەی ئەکتەرە دەوڵەتی و نادەوڵەتییەکانی ناوچەکەدا کاریگەریی لەسەر پێگەی جیۆستراتیژیی ناوچەکە دەبێت و، هەر ئەمەیش وا دەکات کە کورد بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەی و، هەروەها بکەرایەتییەکە لە هاوکێشە جیۆسیاسی و ئاسایشییەکاندا ڕۆڵی بەرز یاخود نزم ببێتەوە.

هەروەک چۆن ئەوە بینرا کە لەپاش هێرشی ڕووسیا و جەنگی ئۆکراینا – ڕووسیا، پێگەی ئۆکراینا و هەڵکەوتە جوگرافییەکەی و، بەم پێیەیش بکەرایەتییەکەی لە هەمبەر ڕووسیا بووە سەرەکیترین پرسی ئاسایشیی ئەکتەرەکانی ناو کۆمەڵە ئاسایشییەکە و تەنانەت ناوچەکە بەرەو گۆڕانی جیۆستراتیژی دەڕوا، بە هەمان شێوەیش دوای ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣، بە لێدان لە هێزە پرۆکسییەکانی لایەنگری کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا و تەنانەت ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە سووریا، کۆماری ئیسلامیی ئێران-سەرەڕای هەوڵەکانی بۆ زیندووکردنەوەی بەرەی موقاوەمە- ناچار بە گۆڕینی ڕێبازی جیۆستراتیژیی خۆی بووە. ئەمەیش پێمان دەڵێت ئەم گۆڕانکارییەیش پێمان دەڵێت کە ئیسرائیل بۆ شکستپێهێنانی ستراتیژیی ئاڵقەی ئاگر(Ring of Fire)ی ئێران و هەوڵی لێدان لە پرۆکسییەکانی لایەنگرانی داوە، ئەمەش لە ڕێگەی زاڵبوون بەسەر جوگرافیای ناوچەکە و دەربازبوون لە سنووردارێتی ڕابردووی لە ناوچەکە، هەروەها قەتیسمانەوە لە لقی کۆمەڵە ئاسایشییەکە لە ناوچەی شامات و له‌ لووتکەیشدا بە لێدانی ڕاستەوخۆ لە ئێران لە جەنگی ١٢ ڕۆژە (13 June – 24 June 2025 ) و لەمەیش گرنگتر بەرفراوانکردنی ناوچەی پێکدادان و ململانێکان و دەستبردن بۆ ئاوێتەکردنی لقی کەنداو لە کۆمەڵە ئاسایشییە هەرێمایەتییەکەدا لە ڕێگەی هێرشكردنە سەر قەتەر.

ڕاستییه‌كه‌ی، هێرش بۆ سەر قەتەر لە لایەکەوە ستراتیژیی ئاسایشی-سەربازیی ئیسرائیل نیشان دەدات بۆ ئەوەی سەرکردەکانی بەرەی بەرخۆدان لە هەر شوێنێک بن بەدوایاندا بگەڕێت و، لە لایەکی دیکەیشەوە دەڕبری گۆڕانکاڕیی بنەڕەتییە لە سیاسەت و پێگەی جیۆستراتیژیی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا. لە دوای ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، ئیسرائیل ئەمەی لەسەر بنەمای ئاوێتەکردنی کۆمەڵێک دۆکترینی بەرگری-سەربازی پەیڕەو کردووە، لەوانەیش: “فراوانکردنی هەڵمەتێکی ناوچەییی هاوکات لە چەندان بەرە” و، بەرزکردنەوەی تێچووی هێرشکردنە سەر ئیسرائیل (Dahiya doctrine)، دۆکترینی ئۆکتاپوس (Octopus Doctrine) و بەردەوامیی هێرشە ئامانجدارەکان لە دەرەوەی سنوورە نەریتییەکانەوە لە چوارچێوەی جەنگێک لە نێوان جه‌نگەکان (War Between the Wars).

بنیامین نه‌تانیاهۆ لە ڕێکەوتی ٢٢-٩-٢٠٢٥ لە بارەگای وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەی، لەگەڵ ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ڕای گەیاند، پێویستە بەرەی ئێران لەناو ببەین؛ توانای ئەوەمان هەیە.” سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، هەروەها ساڵی داهاتووی عیبری، بە “ساڵی لەناوچوونی بەرەی ئێران” ناساند و بانگەشەی ئەوەی کرد: “ساڵی داهاتوو بۆ ئاسایشی ئیسرائیل مێژوویی دەبێت.”

هەموو ئەمانە پێمان دەڵێت کە لەپاش هێرشەکانی ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣، بۆ ئیسرائیل دەرکەوت کە بەبێ گۆڕانکاریی جیۆستراتیژی، ناتوانێت بەرەنگاری بەرەی خۆڕاگری ببێتە و ئاسایشی خۆی بپارێزێت و، یەکەم هەنگاویش لێدان لە پرۆکسییەکانی ئێران و وەرگرتنەوەی باڵادەستیی پێگە و ڕۆڵی جیۆستراتیژیی بەرەی خۆڕاگریی ئێران و شکستهێنان بە دۆکترینی سەربازی و ئاسایشی کۆماری ئیسلامی بوو. جێبەجێکردنی پلانەکە ئەوەی دەخواست کە گۆڕانکاری لە کۆمەڵە ئاسایشییە هەرێمایەتییەکەدا لە ڕێگەی بەستنەوەی لقەکان و پاشان بەرفراوانکردنی بەرەی جەنگ و لاوازکردنی ئەکتەرە دەوڵەتی و نادەوڵەکان ڕوو بدات بۆ ئەوەی بتوانێت بەڕاستەوخۆ و بە کەمترین مەترسیی کاردانەوە، هێرش بکاتە سەر ئێران. ئەمەیش نەدەکرا ئەگەر گۆڕانی جیۆستراتیژی لەلایەن ئیسرائیلەوە لە پێگە و ڕۆڵی خۆی و ئەکتەرەکان لە ناوچەکەدا ڕووی نەدابایە.

بۆ ئەم مەبەستەیش- گۆڕانی جیۆستراتیژی- ئیسرائیل دۆکترینێکی تایبەتی پەیڕەو کردووە کە دەکرێت بە دۆکترینی “بێسنوور-بێبەربەست” ناوی لێ بنرێت. ئەم دۆکترینەیش لە ڕێگەی پەیڕەوکردن و ئاوێتەکردنی هەردوو ستراتیژیی بەرگریی سەربازی یاخود دۆکترینی Mabam و Octopus Doctrine بەردەوام دەبێت، تاوەکوو نەزمی نوێ (New Order )ی هەرێمایەتی- کە نەتانیاهۆ بانگەشەی بۆ دەکات- لە کۆمەڵەی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێتە دی. هەر ئەمەیش وا دەکات کە مۆدێلەکانی دۆستایەتی و دوژمنایەتی لە کۆمەڵەی ئاسایشی هەرێمایەتی لە ناوچەکەدا بگۆڕدرێت و، هەر بۆیەیش لەم ماوەیەدا باس لە پرۆژەی ڕێڕه‌وی داوود (David’s Corridor project) دەکرێت لەلایەن وڵاتانی نەیاری ئیسرائیلەوە.

ئاماژەکانی گۆڕانکارییە جیۆستراتیژییەکان لە ناوچەکە و لێکەوتەکانی جێبەجێکردنی دۆکترینی “بێسنوور- بێبەربەست”ی ئیسرائیل

ستراتیژیی سەربازیی ئێران کە لەسەر بنەمای پرۆکسییەکان و بەم پێیەیش جەنگی ناوهاوسەنگ (asymmetric warfare)، هەروەها بەرزکردنەوەی توانا مووشەکی و درۆنییەکان بۆ دوورخستنەوەی مەترسییەکان لە سنووری ئێران بوو، ڕووبەڕووی ئاڵنگاری و تەنانەت شکست بۆتەوە و، هەر ئەمەیش وا دەکات کە کۆماری ئیسلامی لە کۆمەڵە ئاسایشییە هەرێمایەتییەکەدا هەست بە مەترسیی ئاسایشی بکات؛ ئەمەیش لە ڕێگەی لێدان لەو بنەما و پرۆکسی و دارایییە ستراتیژییانەی ئێران لە ناوچەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە، بە مەبەستی لێدان و ڕووخانی خودی کۆماری ئیسلامی یاخود لانی کەم کۆتاییهێنان بەم نەزمە بێت کە وای دەکرد ئێران بەسەر چوار پایتەختی ناوچەکەدا حوکمڕان و دەسەڵاتدار بێت. تەنانەت ئەو گۆڕانکارییەی وای دەکرد ئیسرائیل و ئەمریکا لە گۆڕینی ڕژێمی ئێران و، هەروەها لێدان لە بنکە و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی سڵ بکەنەوە یاخود پاشگەز ببنەوە، ئەو ستراتیژییە بەرگرییە سەربازییەی ئێران بوو لە ناوچە خۆڵەمێشییەکاندا.

 هەر بۆیە دوای لاوازبوونی ئەم ستراتیژییەی ئێران، لە لایەک ئیسرائیل و ئەمریکا هێرشی سه‌ربازییان کردە سەر بنکە سەربازی و ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و لە لایەکی دیکەیشەوە، وڵاتانی ئەوروپی سیاسەتیان لە هەمبەر ئێران گۆڕانی بەسەردا هات-هەرچەندە یارمەتیدانی ڕووسیا لەلایەن ئێرانەوە ڕۆڵی سەرەکیی هەبوو- و میکانیزمی سناپباك (snapback mechanismچالاک کرد بە مەبەستی گەڕاندنەوەی سزاکانی سەر ئێران بەپێی بڕیاری 2231ی ساڵی ٢٠١٥ی ئەنجومەنی ئاسایش.

ئەوەی کە ئیسرائیلییەکان ڕایان گەیاندووە کە دەستیان بە هەر ناوچە و شوێنێک ڕادەگات کە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل دروست بکات، بە کرۆکی ئەم گۆڕانکارییە جیۆستراتیژییە دادەنرێت. بەم واتایە کە لە وتەی بەرپرسانی باڵای ئیسرائیلدا ئەوە بەڕوونی ئاماژەی پێ دەکرێت کە بۆ ڕەواندنەوەی مەترسییەکان و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی سەر ئاسایشی ئیسرائیل، لە هەر ناوچە و شوێنێکی جوگرافییه‌وه‌ ئیسرائیل دەتوانێت ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجام بدات و، ئەمەیش هەم دەڕبری گۆڕانکارییە لە دۆکترینی بەرگریی ئیسرائیل و هەمیش لەدایکبوونی دۆکترینێکی نوێ بە ناوی “بێسنوور-بێبەربەست”. ئەمەیش وا دەکات کۆی هاوکێشەکانی جیۆپۆلیتیکی ناوچەکە بگۆڕدرێت و پێگە و ڕۆڵی جیۆستراتیژیی ئەکتەرەکان گۆڕانی بەسەردا بێت.

هەر بۆیە هەندێ جار دەوترێت کە ئیسرائیل دەیەوێت سنوورەکانی سایکس-پیکۆ دابڕێژێتەوە و لەم ڕێگەیشەوە مەترسییەکان لە خۆی دوور بخاتەوە.

 لە ڕاستیدا ئیسرائیل بە ڕێگەی هەموارکردنەوەی دۆکترینی ستراتیژی و بەم پێیەیش پێگەی جیۆستراتیژیی خۆی و ئەکتەرەکان، دەیەوێت کۆمەڵە ئاسایشییە هەرێمایەتییەکە دابڕێژێتەوە و ئەمەیش بە ڕێگەی ئەوەوە دەبێت کە:

یەکەم: ئێران بگەڕێنێتەوە ناو سنوورە جوگرافییەکەی خۆیەوە. ئەمەیش بە ڕێگەی لێدان لە پرۆکسییەکان و، ئەم گۆڕانکارییەیش بە ڕێگەی لێدان لە پرۆکسییەکانی ئێران و شکستپێهێنانی لە زۆنی خۆڵەمێشی ئەنجام دەدرێت و، بە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە سووریا گەیشتە لووتکە. ئیسرائیل داوای ناساندنی “بەرزایییەکانی جۆلان”ی کردووە وەک خاکی خۆی و، پێگەی جۆلانی بە ناوچەیەک کە “ناتوانرێت دانوستان”ی لەسەر بکرێت، ناو بردووە. ڕەنگە سووریا ڕازی بێت بە بەڕێوەبردنی هاوبەشی بەرزایییەکانی جۆلانی سووریا کە لە نزیک سنوورەکانیدایە و دوای کەوتنی ئەسەد، بەتەواوی کەوتە ژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیل. ئێستا ناوچەکە وەک ناوچەیەکی پارێزراو پێناسە کراوە لەسەر بنەمای هێڵەکانی ئاگربەستی ساڵی ١٩٧٤.

بۆیە دەتوانین بڵێین ڕووخانی ڕژێمی ئەسەدی لایەنگری ئێران، ئاڵقەی پێکەوەبەستنەوەی بەرەی خۆڕاگری و “ئاڵقەی ئاگر”ی ئێران لە دژی ئیسرائیل و گرنگترین وڵات بۆ گەمارۆدانی جیۆستراتیژیی ئیسرائیل  و ئەگەری ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و سووریا و، هەروەها دوورخستنەوەی تورکیا لە سنوورەکانی ئیسرائیل، وا دەکات کە هاوکێشەی جیۆستراتیژیی ئەکتەرەکان لە کۆمەڵەی ئاسایشی هەرێمایەتی گۆڕانی بنەڕەتیی بەسەردا بێت و ڕێگە بۆ باڵادەستیی سعوودیا بەتایبەتی و، بەرەی ئەمریکی-ئیسرائیلی- سوننەی عەرەبی بەگشتی، فەراهەم بکات و لە ڕووی جیۆسیاسی و جیۆئێکۆنۆمییشەوە ناوچەکە سیما و تایبەتمەندیی نوێ لە مامەڵە و پێگەی ئەکتەرەکان بێنێتە ئاراوە. هەر بۆیە پێگەی کورد لە داهاتووی سووریادا کاریگەریی لەسەر کۆی هاوکێشە جیۆسیاسییەکان لە کۆمەڵە ئاسایشییە هەرێمایەتییە نوێیەکەدا دەبێت و نەزمی نوێی ناوچەیی دێنێتە ئاراوە.

دووەم: ئێران مەترسیی ئەتۆمی و مووشەکیی نەمێنێت و، ئەمەیش بە لێدان لە بنکە و دامەزراوە و زانا ئەتۆمییەکان لە جەنگی ١٢ ڕۆژە و، هەروەها وێناکردنی مەترسییە مووشەکی و ئەتۆمی و ناوچەیییەکانی ئێران وەکوو هەڕه‌شە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی جیهانی و، بەم پێیەیش هاوڕاکردنی ئەوروپا و ئەمریکا لەگەڵ خۆی.

سێیەم: دروستکردنی ناوچەی داماڵراو لە چەک و باڵادەستیی ئاسمانی و تەنانەت زەمینی، بە ڕێگەی دروستکردنی ناوچەی به‌ربه‌ست (Buffer zone)  لە ناوچەی دەرەوەی نزیک خۆی لە بەرەی باکوور و ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی.

چوارەم: کۆتاییهێنان بە باڵادەستیی ئەکتەرە نادەوڵەتەکانی نەیاری ئیسرائیل لە فەڵەستین و لوبنان و عێراق و سووریا؛ بۆ نموونە لە لوبنان هەوڵی چەکداماڵینی حزبوڵڵا و، هەروەها لە عێراق هەوڵی هەڵوەشانەوە یان چەککردنی حەشدی شەعبی و، لە سووریا ڕێگەگرتن لە سەرهەڵدانەوە و بەهێزبوونەوەی میلیشیاکانی نەیاری ئیسرائیل و، لە یەمەن لە ڕێگەی دروستکردنی هاوپەیمانێتیی سەربازی بۆ هێرشکردنە سەر حووسییەکان و، لە فەڵەستین لە ڕێگەی جەنگ دژی حەماس بۆ لەناوبردن یاخود کۆتاییهێنان بە مانەوە و دەسەڵاتەکەیان و هتد.

پێنجەم: ناردنی پەیام بۆ وڵاتانی ناوچەکە و وڵاتانی عەرەبی کە یارمەتیدانی نەیارانی ئیسرائیل بە واتای هەڕه‌شەکردن لە ئیسرائیل دێت و، ئیسرائیل هیچ سنوورێک ناناسێت بۆ هێرشکردن، وەکوو: هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئێران لە سووریا پێش ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و کوشتنی فەرماندە باڵاکانی سوپای قودس لە (1-April-2024)، هەروەها ئەوەی لە ڕێکەوتی (31 July 2024) بە کوشتنی ئیسمائیل هەنییە لە تاران و کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا لە لوبنان (27-9-2024) و کوشتنی ٣٠ کەس لە فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران لە ئێران لە جەنگی ١٢ ڕۆژەدا (13 June – 24 June 2025) و پاشان هێرشکردنە سەر کۆبوونەوەی سەرکردەکانی حەماس لە (9-9-2025)ی دۆحەی قەتەر و…، ئەنجامی داوە. ئەوە جگە لەوەی کە بەردەوام هێرشی کردۆتە سەر بنکە سەربازی و هێزەکانی سووریا لە پاش ڕووخانی ئەسەد  و ڕێگەگرتن لە کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکانی درووزنشین لەلایەن دەسەڵاتی نوێی سووریا و تەنانەت هێرشکردنە سەر کابینەی حووسییەکان لە یەمەن لە (29-8-2025) و کوشتنی سەرۆکوەزیران و بەرپرسانی باڵای حكوومه‌ته‌که‌یان.

شەشەم: ڕێگەگرتن لە باڵادەستیی تورکیا لە کۆمەڵەی ئاسایشیی هەرێمایه‌تییەکە؛ بۆ نموونە ئیسرائیل لە ڕێگەی پاڵپشتیی ڕاستەوخۆ و پاراستنی درووزه‌كان و، لە ڕێگەی ئەمریکاوه‌ پاڵپشتی لە کورد لە ڕۆژاوای کوردستان و، هەروەها کریستیانەکانەوە و، لە لایەکی دیکەیشەوە هێرشی سەربازی بۆ بنکە و بارەگاکانەوە ڕێگەی لەوە گرتووە کە تورکیا بتوانێت لەو وڵاتە باڵادەست بێت. ئەوە جگە لەوەی کە بەرەنگاری نفووزی تورکیا لە لوبنان دەبێتەوە. هەر بۆیە تورکیاش بەردەوام بە پاساوی بەگری لە خەڵكی غەززە دژایەتیی ئیسرئیل دەکات بۆ کەمکردنەوەی گوشارەکانی ئیسرائیل لە کۆمەڵە ئاسایشییە هەرێمایەتییەکە و ڕێگەگرتن لە زاڵبوونی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا. چونکە ئەگەر ئیسرائیل بەسەر ناوچەکەدا زاڵ بێت، ئەوە دەتوانێت کۆنترۆڵی کۆریدۆرەکان و بەم پێیەیش بازرگانی و وزەیش بکات و ئەمەیش گەورەترین مەترسییە بۆ تورکیا. هەر بۆیە تورکیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم مەترسییانە، هەوڵی داوە کە لە سووریا کورد لاواز بکات و بە پاڵپشتی لە ئەحمەد شەرع و گرووپەکانی لایەنگری، دەسەڵاتی ناوەندی بەهێز بکاتەوە و لە ناوخۆی تورکیاش لەگەڵ کورد و پەکەکە بکەوێتە دانوستانەوە؛ چونکە مەترسیی ئەوە هەیە کە تورکیا لەم کۆمەڵە ئاسایشییەدا لاواز بێت و، هەر ئەمەیش پێگەی تورکیا لە هاوکێشە جیۆسیاسی و نێودەوڵەتییەکان لاواز دەکات.

هەفتەم: دڵنیابوونەوە لە باڵادەستیی ئاسمانی لە ناوخۆی ئێران؛ چونکە ئیسرائیل بەوردی چاودێریی جموجۆڵەکانی ئێران بۆ خۆ-ڕێکخستنەوە و بنیاتنانەوەی دامەزراوە ئەتۆمییەکان و، هەروەها سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی و مووشەکیی ئەو وڵاتە دەکات و، ئەگەر هەست بەوە بکات کە هاوسەنگیی لەرزۆکی پاش جەنگی ١٢ ڕۆژە کە بە باڵادەستی-لانی کەم کاتی-ی ئیسرائیل کۆتاییی هاتووە، تێ بچێت، ئەوە بەدڵنیایییەوە هێرش دەکاتەوە سەر دامەزراوەی سەربازیی‌ مووشەکی و بنکە ئەتۆمییە شاراوەکان. چونکە بەهۆی مەودای جوگرافیی ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، ئەوە باڵادەستیی ئاسمانی بەسەر ناوچەکە و ناوخۆی ئێران، پێویستییەکی جیۆستراتیژی و ژیانییە بۆ دۆکترینی بەرگری و ئاسایشیی ئیسرائیل و دڵنیابوونەوە لە باڵادەستیی ناوچەیی. ئەوە جگە لەوەی کە ئەم باڵادەستییە دەتوانێت وا بکات کە ئێران نەتوانێت وەکوو ڕابردوو لە سنوورەکانی ئیسرائیل نزیک ببێتەوە و تەنانەت ئەکتەرە نادەوڵەتییەکانی لایەنگری ئێرانیش لە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل پاشگەز ببنەوە؛ چونکە ئەو کاتە ئێران دەکرێتە ئامانج.

هەروەها دەکرێت ئەم باڵادەستییە ئاسمانییەی ئیسرائیل، ئەو شرۆڤە و خوێندنەوەیشی بۆ بکرێت کە جگە لە ڕەواندنەوەی مەترسییە ئاسایشییەکان لە بواری سەربازی-ئەتۆمی و مووشەکی و پرۆکسییەکان-دەکرێت لە داهاتوویشدا بەکار بهێنرێت لە ئەگەری هەر ڕووداوێکی چاوەڕوانکراو و چاوەڕواننەکراو لە ناوخۆی ئێران لە ئەگەری گۆڕانکاریی سیاسی و یان شۆڕشی جەماوەری لە ناوخۆی ئێران؛ ئەوە جگە لەوەی کە ئەو باڵادەستییە جیۆستراتیژییەی ئیسرائیل لە ڕێگەی دۆکترینی “بێسنوور-بێبەربەست” وا دەکات کە ئەمریکا بەئاسانی یارمەتیی ئیسرائیل بدات، چونکە دۆناڵد ترەمپ کاتێک ڕازی بوو بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بچێتە یارمەتیی ئیسرائیل لە هێرشی سەربازی بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی نەتەنز و فۆردۆ و ئەسفەهان، کە دڵنیا ببووەوە ئیسڕائیل بەتەواوی لە ئاسمانی ئێران باڵادەستە و لەژێر کۆنترۆڵیدایە. چونکە دۆناڵد ترەمپ بەباشی ئەوەی دەزانی لە ئەگەری هەر پێکدادانێكی ڕاستەوخۆی نێوان ئەمریکا و ئێران، ئەوە دەبێت بەتەواوی لە جەنگەکەوە تێوە بگلێت کە بە هیچ شێوەیەک ترەمپ ئەمەی نەدەویست و، لەوانەیە پێکانی فڕۆکەیەکی ئەمریکی لەلایەن ئێرانەوە دەیتوانی ئەم سیاسەتەی ترەمپ بگۆڕێت، چونکە ئەمریکا نەیدەتوانی ئەمە قبووڵ بکات و وەکوو شکستی سەربازی و لاوازیی ئەمریکا لە هەمبەر ئێران لێکدانەوەی بۆ دەکرا و نەیارەکانی ئەمریکای بەهێز دەکرد و ناڕەزایەتیی ناوخۆییی لە ئەمریکا و تەنانەت لەنێو لایەنگرانی ترەمپ دەهێنایە ئاراوە.

 تەنانەت بەشێک لە گۆڕانی هەڵوێست و سیاسەت و ستراتیژیی ئەوروپییه‌کان لە هەمبەر ئێران، هەر بۆ ئەو باڵادەستییە ئاسمانییەی ئیسرائیل لە ناوچەکە و بەتایبەتی لە ناوخۆی ئێران دەگەڕێتەوە، چونکە ئەوروپییەکانیش نایانەوێت کە لە هەر ئەگەر و سیناریۆیەکدا تێچوویەکی زۆری سەربازی و ئاسایشی و دارایییان بکەوێتە ئەستۆ و، ئەمە بە دەرفەت دەزانن بۆ گوشارخستنە سەر ئێران و دوورخستنەوەی لە ڕووسیا. چونکە سەرەڕای مەترسییە ئاسایشییەکانی ئێران لە ڕووی ئەتۆمی و مووشەکی و دەستوەردانە ناوچەیییەکانی بۆ دەوڵەتانی ئەوروپی، بەڵام ئەولەوییەتی ئاسایشیی ئێستای وڵاتانی ئەوروپی، بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی ڕووسیایە و، دەیانەوێت ئێران بەهۆی لاوازیی سەربازی و هەڕەشەکانی ئیسرائیلەوە و خۆئامادەکردن بۆ گەڕێکی نوێی جەنگ لەگەڵ ئیسرائیل، توانای ئەوەی نەبێت کە یارمەتیی ڕووسیا بداتەوە، بەڵکوو تەنها بیر لە پاراستنی سیستەمە سیاسییەکەی خۆی بکاتەوە. بۆیە لە داهاتوویشدا ئەم باڵادەستییەی ئیسرائیل ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی کە سیستەمی ئاسایشی هەرێمایەتیی ناوچەکە بگۆڕدرێت و هیچ ئەکتەرێکی هەرێمایەتی نەتوانێت بەبێ ڕەزامەندیی ئیسرائیل لەسەر زەوی هاوکێشەکان بگۆڕێت و، هەر ئەمەیش لە ڕێگەی گۆڕانکاری لە پێگەی جیۆستراتیژیی ئەکتەرەکان لە ناوچەکەدا دوای ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ هاتۆتە دی، کە تاوەکوو ئەو ڕێکەوتە بە هیچ شێوەیەک چاوەڕێ نەدەکرا. هەر ئەمەیش وا دەکات کە مۆدێلێکی نوێی دۆستایەتی یان دوژمنایەتی لە کۆمەڵەی ئاسایشی هەرێمایەتییەکەدا لە کۆتاییدا بێتە ئاراوە.

کۆبەند

ئیسرائیل لە ڕێگەی هەواڵگری و تەکنەلۆژیا و گۆڕینی هاوسەنگیی هێز، ئاڵۆگۆڕی جیۆستراتیژیی هێناوەتە دی و، هەر ئەمەیش وای کردووە کە کۆمەڵەی ئاسایشی هەرێمایەتی لە ناوچەکەدا بەرەو گۆڕانکاری بڕوات. هه‌ر ئه‌مه‌یش وا ده‌كات کە هاوکێشە جیۆسیاسییەکانی ناوچەکە لە داهاتوویەکی نزیکدا بەتەواوی بەرەو گۆڕانکاری بڕوات و نەزمێکی نوێی ناوچەیی بێتە دی؛ لەم نێوەندەیشدا لاوازبوونی ئێران و پڕکردنەوەی بۆشاییی ئەم ئەکتەرە و پرۆکسییەکانی بە ئەکتەرەکانی دیکە و لە سەرووی هەموویانەوە ئیسرائیل، مۆدێلەکانی دۆستایەتی و دوژمنایەتی بگۆڕێت.

چارەنووسی پرسی ئەتۆمی و داهاتووی سیستەمی سیاسیی ئێران، پێوانەیەکە بۆ گۆڕانکاریی جیۆستراتیژیی ئەکتەرەکان لە ناوچەکەدا. پێ دەچێت ئیسرائیل ڕۆڵی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرێتەوە، ئەگەر بتوانێت لە باشترین سیناریۆدا دەستکەوتە هەواڵگری و سەربازییەکانی جێگیر بکات و بەهۆی گەڕانەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان (snapback micanism) لە ٢٨-٩-٢٠٢٥ بەپێی بڕیاری (2231)ی ئەنجومەنی ئاسایش، ئێران بخاتە پەراوێزەوە و تەنانەت بە هێرشی سەربازی لە دژی ئێران، کاریگەریی سیاسی لە ناوخۆی ئێران و عێراق بێنێتە دی.

بۆ کوردیش وەکوو ئەکتەرێکی نادەوڵەتی، ئەم نەزمە نوێیەی کۆمەڵە ئاسایشییە هەرێمایەتییەكه‌ دەرفەتە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا هەڕه‌شەی نوێ و گەورەیش دێنێتە ئاراوە. لە ڕوانگەیەی دیکەوە، داهاتووی پرسی کورد لە سووریا و بەردەوامیی هاوسەنگیی لەرزۆکی ئێستا لە نێوان کورد و حکوومەتی نوێی سووریا و، هەروەها چارەنووسی هەڵبژاردنەکانی عێراق و گرووپە چەکدارەکان و تەنانەت داهاتووی پرۆسەی دانوستانی کورد و تورکیا، دەتوانێت لەم کۆمەڵە ئاسایشییەدا کاریگەریی لەسەر داهاتووی کورد لە ئێرانیش هەبێت.

لە هەموو ئەگەر و سیناریۆکاندا داهاتووی سیستەمی سیاسی و چارەنووسی ناکۆکییەکانی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل و ئەوروپییەکان لەپاش لێکەوتە و کاریگەرییەکانی جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا، ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی لە هاوسەنگیی نوێ ناوچەیی و بەم پێیەیش هاوکێشە جیۆستراتیژیییەکانی نێوان ئەکتەرەکان دەبێت. لاوازبوونی دەوڵەتانی نەیار لە ناوچەکەدا لە قازانجی ئیسرائیلە. هەروەها، ئەگەر ڕووداوێکی پێشبینینەکراو یاخود ئۆپەراسیۆنێکی نهێنی یان سەرهەڵدانێکی جەماوەری ڕوو نەدات و لە لایەکی دیکەیشەوە ئەگەر گوشارە دیپلۆماسی و ئابوورییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان ڕەفتاری کۆماری ئیسلامیی ئێران نەگۆڕن، ئەوە گەڕێکی نوێی جەنگ لە نێوان ئێران و ئیسرائیل پێشبینی کراوە. هەرچەندە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و، ئەو لێدانانەی کە لە بریکارەکانی ئێران لە ناوچەکەدا دراوە، تاران ناچار دەکات خۆی لە بژاردەی سەربازی بەدوور بگرێت، چونکە ناتوانێت لە یەک کاتدا ڕووبەڕووی ئەمریکا و ئیسرائیل ببێتەوە؛ بەڵام پێ دەچێت ئەم جارە لە ئەگەری هەر پێکدادانێکی سەربازیدا عێراق ببێتە بەشێک لە گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی ململانێکانی نێوان دوو ئەکتەری سەرەکیی ناوچەکە، ئەگەر نەتوانێت گرووپە چەکدارەکانی بەتەواوی کۆنترۆڵ بکات و، لەم حاڵەتەیشدا باڵانسی هێز بەتەواوی لە عێراق دەگۆڕدرێت. هه‌ر بۆیه‌ ئەگەر لە ناوچەکەدا جەنگ و پێکدادانی نوێ ڕوو نەدات و هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق لە کاتی خۆی لە ساڵی ٢٠٢٥ بەڕێوە بچێت، ئەکتەرە هەڕێمایەتییەکان هەوڵ دەدەن هێزە سیاسییەکانی لایەنگریان زۆرترین کورسیی پەرلەمانی بەدەست بهێنن- هەرچەندە لە عێراق سەرهەڵدانی جەماوەری وەکوو کارتێکی گوشار کار دەکات و سیناریۆی جووڵاندنی شەقام هەمیشە ئەگەرێکی بەهێز و کراوەیە.

لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین: بەکراوەیی هێشتنەوەی کۆریدۆری ئاسمانی بۆ هێرشکردنە سەر نەیارەکانی و پرۆکسییەکان و تەنانەت کۆماری ئیسلامیی ئێران، یەکێکە لەو ئاماژانەی جێبەجێکردنی ئەم دۆکترینە و دەڕبری گۆڕانکاریی ڕۆڵ و پێگەی جیۆستراتیژییە لە ئەکتەرەکانی ناوچەکەدا. چونکە لە ئێستادا ئیسرائیل نایەوێت لە سووریا و لوبنان و تەنانەت عێراق دەسەڵاتێکی ناوەندیی بەهێز دروست ببێتەوە و، لە لایەکی دیکەیشەوە نایەوێت ڕکابەر و نەیارەکانی لەو وڵاتانە بەهێز ببن. هەر بۆیە دەیەوێت بۆ جێبەجێکردنی دۆکترینەکەی، دەسەڵاتێکی ناوەندیی لاواز و ئەکتەری نادەوڵەتی کە لایەنگری ئیسرائیل و نەیاری دەسەڵاتی ناوەندی بن، بوونی هەبێت.

image_pdfimage_print