موەفهق عادل عومەر، دكتۆرا له سیستهمه سیاسییهكان و مامۆستا له بهشی سیستهمه سیاسییهكان و سیاسهتی گشتی-زانكۆی سهڵاحهددین
پێشەکی
هەرێمی کوردستان لە عێراق و ناوچەکەدا پێگەیەکی جیوسیاسیی گرنگی هەیە. سەقامگیریی عێراق بە پلەى یەکەم، بەستراوەتەوە بە هەرێمی کوردستان، بۆیە هەر هەنگاوێک بۆ بنیاتنانەوەى هەر پڕۆژەیەکی ستراتیژی بەبێ هەرێمی کوردستان، لەوانەیە لە داهاتوودا هەم بۆ هەرێمی کوردستان و هەمیش بۆ عێراق، باش نەبێت و سەقامگیریی عێراق بخاتە مەترسی. بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا دەبینین کە عێراق، بەتایبەت ئەو لایەنانەى کە لەژێر هەژموونی هێزە هەرێمییەکاندان، نایانەوێ هەرێمی کوردستان پێگە و گرنگییەکەى وەکوو خۆی مامەڵەى لەگەڵدا بکرێت؛ تەنانەت ویست و ئارەزوویەکی ڕوون و ئاشکرا هەیە کە هەوڵ دەدرێت بۆ لاوازکردنی پێگە دەستووریەکەى.
لەم چوارچێوەیەدا لە دواى ڕووداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەر، ناوچەکە و تەنانەت جیهان بەگشتى ڕوویان لە گۆڕانکاریی بنەڕەتی و جەوهەری کردووە و، پێشبینی دەکرێت هاوسەنگیی هێز و ئاسایش و ئابووری و بازرگانی و ستراتیژی، گۆڕانکاریی گەورە بەخۆوه ببینێت. لەم نێوەندەدا پێویستە هەرێمی کوردستان بەجددی کار بکات بۆ ئەوەى پێگە و جیوستراتیژییەکەى خۆی بەباشی بەکار بهێنێت بۆ ئەوەى لە لایەک قەوارە دەستوورییەکەى بپارێزێت و لە لایەکی دیکەوه وەکوو یاریکەرێکی کاریگەر لە هاوکێشە نوێیەکاندا دەرکەوێت، بەبێ ئەوەى تەرەفگیری بۆ لایەنێکی دیاریکراو بنوێنێت. بۆیە ئێستا لە ناوچەکە و جیهاندا ستراتیژیی ڕووبەڕووبوونەوەى ڕێڕەو و پڕۆژە ستراتیژییەکان دەستی پێ کردووە و، زۆر گرنگە بزانین پێگەى هەرێمی کوردستان لەم ڕێڕەو و پڕۆژە ستراتیژییانەدا لە کوێی هاوکێشەکاندایە.
لەم چوارچێوەیەدا هەوڵ دەدەین تیشک بخەینە سەر پێگەى هەرێمی کوردستان لەم پڕۆژە گەورە و ستراتیژییانە کە لە عێراق و ناوچەکەدا پلانیان بۆ داڕێژراوە ئەنجام بدرێن.
گرنگیی ڕێڕەو و پڕۆژە گەورەکان بۆ هەرێمی کوردستان چییە؟
هەرێمی کوردستان لە دواى ساڵى ٢٠٠٥ تا ئێستا پێگەیەکی دەستووریی جیاوازی هەیە بەراورد بە ساڵانى پێش ٢٠٠٣. ئەم پێگە نوێیەى هەرێمی کوردستان لە عێراق، بەتایبەت لە دوای ساڵى ٢٠١١ و دواتر پاش ٢٠١٤، ڕووبەڕووی کێشە و گرفتی جددی بۆتەوە لە ئەنجامی گوشارە یەک لە دوا یەکەکانی هێزە شیعییە عێراقییەکانی نزیک تاران. بارودۆخەکە گەیشتە ئاستى ڕادەستکردنی نەوتی هەرێم بە بەغدا و، کۆنترۆڵکردنی کەرتی وزەى هەرێم لەلایەن بەغداوە مەترسییەکی ڕاستەوخۆی دروست کردووە بۆ سەر قەوارەى دەستووریی هەرێم لە عێراقی دواى ڕژێمی بەعس. ئەم مەترسییانە لە عێراقی دوای ڕژێمی بەعس، بە جددیترین و ترسناکترین مەترسی دادەنرێت، چونکە بە جۆر و شێوازێکی دیکە هەوڵ دەدرێت هەرێمى کوردستان و هێزە سیاسییە کوردییەکان بەتەواوەتی لەلایەن نەیارانی هەرێمی کوردستانەوە کۆنترۆڵ بکرێن. جاران بە چەک و بەکارهێنانی توندوتیژییەوە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی زوڵم و زۆرداریی ڕژێمی بەعس و حکوومەتە یەک لە دوا یەکەکانی عێراق دەبووەوە، بەڵام ئێستا جۆرى مەترسییەکان ڕەهەندێکی نوێ و جیاوازیان وەرگرتووە. بەتایبەت لە ساڵى ٢٠١٤وە سەرەتا کارتی مووچە و بوودجە لە دژی بەکار هێنرا و ئەم هەنگاوە تا ئێستا درێژەى پێ دراوە و زیانێکی زۆرى بە ژێرخانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و دارایی گەیاندووە، تەنانەت هەوڵ دراوە ئەم بابەتە وەکوو بیانووێک بەکار بهێنرێت بۆ لاوازکردنی متمانەى هاووڵاتیان بە حکوومەتى هەرێمی کوردستان و لایەنه سیاسییەکانی.
لە پاڵ ئەم گوشارانه، بەغدا و هێزە پرۆکسییەکانی ئێران لە عێراق، کە تا ئێستا کاریگەرییەکی بەرچاویان هەیە لە سیستەمی بەڕێوەبردنی عێراق، جۆرە گوشارێکی دیکە لە دژی هەرێمی کودستان بەکار دەهێنن، ئەویش بریتییە لە بێبەشکردنی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی عێراق و تەنانەت ناوچەکەیش. لەم چوارچێوەیەدا چەندان پڕۆژەى گەورە هەیە کە حکوومەتى عێراق بە پاڵپشتیی هێزە پرۆکسییەکانی ئێران لە عێراق، هەوڵ دەدات و پیلان دادەڕێژێت بۆ ئەوەى هەرێمی کوردستانی لێ بێبەش بکات و جێگرهوه (بەدیل) بۆ پێگە ستراتیژییەکەى دەدۆزێتەوە؛ بۆ نموونە پڕۆژەى ڕێگهی گەشەپێدان، یەکێکە لە گرنگترین ئەو پڕۆژانەی کە کار دەکرێت هەرێمی کوردستانی لێ بێبەش بکرێت. لەم چوارچێوەیەدا هەوڵێکی چڕ هەیە بۆ ئەوەى ڕێڕەوی پڕۆژەکە بەبێ ئەوەى بە خاکی هەرێمی کوردستاندا تێ پەڕێت یاخود لە بەشێکی کەمیدا تێ پەڕێت جێبەجێ بکرێت. تەنیا لەم پڕۆژەیە ئەم هەنگاوە نەنراوە بەڵکوو لە پڕۆژەکانی دیکەی وەکوو “پڕۆژەى شامی نوێ” و پڕۆژە ستراتیژییەکانی دیکەى عێراق هەمان هەڵوێست بەرامبەر هەرێم نوێنراوە.
لەم چوارچێوەیەدا دەتوانین بەگشتى ئاماژە بە گرنگیی ئەم جۆرە پڕۆژانە بدەین بۆ هەرێمی کوردستان لەژێر ئەم خاڵانەى خوارەوە:
یەکەم: بەشداریکردنی هەرێمی کوردستان لە هەر پڕۆژەیەکی ستراتیژى لەسەر ئاستى عێراق و ناوچەکەدا، پێگەى سیاسی و كارگێڕیی بەهێزتر دەکات. لە ڕێگەى بەهێزکردنی پێگەى هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی عێراق و بەشداریی کارای هەرێم لەم جۆرە پڕۆژە زەبەلاحانە لەسەر ئاستى نیشتمانی، ڕۆڵی هەرێم لە پرۆسەى دروستکردنی بڕیاری ئابووریی نیشتمانیی عێراق زیاتر دەکات و لانی کەم ئەو دوورخستنەوە سیاسییە کە ئێستا ڕووبەڕووی بۆتەوە، لەوانەیە کەمتر بێت. هەروەها ئەمە دەبێتە یارمەتیدەرێکی باش بۆ هەرێم، بۆ ئەوەى ببێتە هاوبەشێکی گرنگ لە کەرتى گەشەپێدان و، ڕۆڵەکەى تەنیا لە مووچە و بوودجەدا سنووردار نابێت. لە لایەکی دیکەوه شەرعییەتی ناوخۆیی لەسەر ئاستى هەرێم بەهێزتر دەبێت و، یارمەتیدەر دەبێت بۆ پتهوکردنی متمانەى نێوان هاووڵاتیى هەرێم و حکوومەت و هەستى ئینتیما لای تاکی کورد بەرزتر دەکات، چونکە دروستبوونی کێشە و سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لەسەر ئاستى هەرێم، کاریگەریى نەرێنیی کردۆتە سەر بابەتى ئینتیمای نیشتمانیی هاووڵاتیانی هەرێم.
هەروەها لە چوارچێوە ئابوورییەکەدا سوودێکی دیکەى هەیە، ئەویش بریتییە لە پتهوکردن و بەهێزترکردنی بنەماى هاوبەشی (شەراکە) لە بەڕێوەبردنی پڕۆژە و داهاتەکان؛ کە ئەمەیش بنەمایەکی گرنگی دەستووری عێراقی ساڵى ٢٠٠٥ە و لە هەمان کاتیشدا بنەمایەکی سەرەکیی سیستەمی فیدڕاڵییە. لەوانەیە ئەم هەنگاوە ڕێگەخۆشکەر بێت بۆ گەیشتن بە ڕێکكەوتن لە بابەته ئاڵۆزەکانی وزە و دەروازە سنوورییهكان و باجەکان.
بەڵام سەرەڕاى ئەو سوودە سیاسی و کارگێڕییانە، ئەم هەنگاوە ئاوا ئاسان نییە؛ پێویستە حکوومەتى هەرێمی کوردستان بەچڕی کاری لەسەر بکات و پلان و ستراتیژی جۆراجۆرى پێ بێت بۆ ئەوەى بتوانێت ئەم هەنگاوە جێبەجێ بکات.
دووەم: سوودێکی تری ئەم جۆرە پڕۆژانە بۆ هەرێمی کوردستان لە ڕووە ئابوورییەکەوە بەدەردەکەوێت. چونکە ئەگەر هەرێمی کوردستان بتوانێ لەم پڕۆژانە بەشدار بێت، ئەوکات دەبێتە هۆی دەرکەوتنی دەرفەتی هەمەجۆرى ئابووریى ناوچهیی بۆ هەرێم، چونکە تەنیا پشتبەستن بە داهاتی نەوتهوه، کاریگەریى خراپی هەبووە لەسەر بوودجەى هەرێم و واى لێ کردووە بەرگەى قەیرانە دارایییەکان نەگرێت. بۆیە بەشداریکردنی هەرێم لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی وەکوو گواستنەوە، وزە، بەندەرەکان و ڕێڕەوە ستراتیژییەکان، دەرگهی هەمەجۆرى ئابوورى لە بەردەم هەرێم دەکاتەوە.
لە لایەکی دیکەوه، ئەم جۆرە پڕۆژانە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و بەرچاو وەبەرهێنەرانی بیانی ڕادەکێشێ. ئەمەیش پێگەى هەرێمیی هەولێر وەکوو سەنتەرێکی سەقامگیر و نەرمونیان و گونجاو بۆ وەبەرهێنان بەهێزتر دەکات. هەروەها تێپەڕینی ئەم جۆرە پڕۆژانە لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان، دەرفەتی کار و پەرەپێدانی ناوخۆیی دەڕهخسێنێت؛ بۆ نموونە دروستکردنی ڕێگهکانی ئاسنین و ڕێگهکانی نێوان شارەکان و ناوچەکانی پاڵپشتیی لۆجستی، دەرفەتی سەدان هەلی کار دەڕهخسێنێت و، بەم جۆرەیش ڕێژەى بێکارى کەم دەبێتەوە. لە هەمان کاتدا داهاتی دیکە بۆ هەرێمی کوردستان جگە لە نەوت دەستەبەر دەکات.
سێیەم: لە ڕووی جیوسیاسی و هەرێمییهوه سوودی زۆرى دەبێت بۆ هەرێم؛ لە ڕێگەى چەسپاندنی پێگەى هەرێم لە نێوان تورکیا و ئێران و عێراق وەکوو ڕێڕەوێکی سروشتی بۆ ڕێگهکانی وزە و بازرگانی. هەروەها بەشداریکردنی هەرێم لە پڕۆژەى ڕێگهى گەشەپێدان یاخود پڕۆژەکانی دیکە، پێگەیەکی ستراتیژی دەبەخشێتە هەرێمی کوردستان لەناو تۆڕەکانی گواستنەوە لە نێوان کیشوەرى ئاسیا و ئەوروپا. هەروەها یارمەتیدەر دەبێت بۆ پەرەپێدانی نفووزی سیاسیی دەرەکیی هەرێم، چونکە چەند ڕێژەی بەشداریکردن و پێگەى هەرێم لەم جۆرە پڕۆژانە سەقامگیرتر و کاریگەرتر بێت، ئەوندە قورساییی سیاسیی لەسەر ئاستى ناوچهیی زیاتر دەبێت.
ئەمانەى سەرەوە گرنگترین ئەو خاڵانهن کە سوودیان بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت ئەگەر بەشداریی پڕۆژە گەورە و ستراتیژییەکان بکات لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ناوچهیی و نێودەوڵەتی.
هەرێمی کوردستان و پڕۆژە گەورە و ستراتیژییەکانی عێراق و ناوچەکە
هەر پڕۆژەیەکی ستراتیژی لەسەر ئاستی عێراق بێت یاخود لەسەر ئاستی ناوچهیی و لە عێراق تێ پەڕێت و بەغدا تیایدا بەشدار بێت، ئەوە پێویستە هەرێمی کوردستانیش بە شێوەیەک خۆی بکاتە بەشێکی گرنگی پڕۆژەکە، چونکە لە ئەگەرى پەراوێزخستنى هەرێمی کوردستان لەم جۆرە پڕۆژانە، ئەوە زیانێکی زۆرى بەردەکەوێت، بەتایبەت کە ئێستا ناوچەکە و جیهان بە قۆناغێکی هەستیار و تا ڕاددەیەک ڕاگوزەر تێ دەپەڕێت؛ چونکە نیشانەکانی دروستبوونی هاوکێشەیەکی ئەمنى، سەربازی، ئابووری، بازرگانی و سیاسیی نوێ سەری هەڵداوە و ئەنجامدانی هەندێک پڕۆژەى ستراتیژییش بەشێکی گرنگی ژێرخانی ئەو هاوکێشە نوێیەیە کە پێشبینی دەکرێت لە قۆناغەکانی داهاتوودا دروست بێت.
بەم شێوەیە هەوڵ دەدەین لە خوارەوە بە چەند خاڵێک خوێندنەوەیەکی گشتى و ستراتیژی بکەین بۆ چەند پڕۆژەیەکی ستراتیژی و گرنگی عێراق، بە ئاماژەدان بە ڕۆڵ و پێگەى هەرێمی کوردستان لەم پڕۆژانە:
یەکەم: پڕۆژەى ڕێگهی گەشەپێدان
عێراق بۆ ئەوەى خۆی لە پشتبەستن بە داهاتی نەوت ڕزگار بکات، پێویستى بە پڕۆژەى وەبەرهێنان هەیە لە کەرتە جیا جیاکاندا. یەکێک لەو کەرتانە “کەرتی گواستنەوە و گەیاندن”ە؛ واته پڕۆژەکانی بەستنهوهی عێراقە بە جیهانی دەرەکییهوه، بە شێوەیەک ببێتە جێگرەوە و ڕێڕەوێکی ستراتیژیی هاوشێوەى نۆکەندی سوێس. بۆیە بیرۆکەى بەستنهوهی وڵاتانی کەنداو بە تورکیا و لەوێشەوە بە ئەوروپا لە ڕێگەى عێراقەوە، لە چوارچێوەى پڕۆژەى ڕێگهی گەشەپێدانەوە خراوەتە ڕوو. ئەم پڕۆژەیە تا ئێستا لە قۆناغی ئامادەکاری و دیزاینکردندایە و، بەکرداری دەست بە جێبەجێکردنی نەکراوە، بەڵام ئەوەى وەکوو ئامادەکاری بۆ کراوە، بریتییە لە تەواوبوونی دیزاینە سەرەتایییەکانی هێڵەکانی شەمەندەفەر لە پڕۆژەکە و دیاریکردنی ڕێڕەوەکانی پڕۆژەکە لەسەر خاکی عێراق.
بەگشتى دەکرێ ئامانجی سەرەکیی ئەم پڕۆژەیە بەم شێوەی خوارەوە بخریتە ڕوو:
١. دۆزینەوەى سەرچاوەى داهاتی دیکە جگە لە داهاتی نەوت و، دروستکردنی مۆدێلێکی ئابووری کە پشت بە هەمەجۆریی سەرچاوەکانی داهات ببەستێت و، دەرفەتی هەڵی کار بۆ تاکەکانی کۆمەڵگه بڕەخسێنێت.
٢. دروستکردنی ژێرخانێکی پێشکەوتووى گواستنەوە و گەیاندن، کە ڕۆژهەڵاتى دوور، باشووری ئاسیا و وڵاتانی کەنداو به ئەوروپا دهبهستێتهوه و پردێکی گواستنەوەى بازرگانی و ئابووریی بەهێز دروست دەکات.
٣. پەرەپێدانی کەرتەکانی کشتوکاڵ، پیشەسازی، بیناسازی و گەشتیاری لە ڕێگەى ئەم پڕۆژەیەوە، ئامانجێکی سەرەکیی دیکەى ئەم پڕۆژەیەیە.
٤. لەگەڵ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، ژێرخانی ڕێگهوبان و هێڵەکانی ئاسنین لە عێراق هاوتەریب لەگەڵ پەرەپێدانی ئابووری، نوێ دەکرێتهوه و دەگەیهنریتە ئاستێکی پێشکەوتوو لەسەر ئاستى جیهانی.
٥. زیادکردنی بەشی کەرتى تایبەت لە سێکتەرى ئابووری، بە مەبەستى زیادکردنی ڕێژەى وەگەڕخستن.
٦. پڕۆژەکە تا ڕاددەیەکی باش وەکوو جێگرەوە و هاوتای “نۆکەندی سوێس”ە.
٧. لە چوارچێوەى پڕۆژەکە هێڵێ شەمەندەفەری خێرا بە درێژاییی ١.١٧٦ کیلۆمەتر و، ڕێگهى ئۆتۆبانی نێودەوڵەتی بە درێژاییی ١.١٩٠ کیلۆمەتر دروست دەکرێت. ئەمەیش هەنگاوێکی زۆر گرنگە کە ژێرخانی هاتوچۆ لە عێراق پێش دەخات.
٨. ئامانجێکی سەرەکیی دیکەى پڕۆژەکە بریتییە لە بەستنهوهی بەندەرى گەورەی فاو لە کەنداوی بەسرە بە سنوورى تورکیا لە ڕێگەى هێڵى شەمەندەفەرى خێرا، ئۆتۆبانی نێودەوڵەتی و هێڵەکانی گواستنەوەى وزە (نەوت و غاز).
٩. پێگە و گرنگی و ڕۆڵ و بەهای بەندەرى گەورەى فاو بۆ عێراق لەسەر ئاستى نێودەوڵەتی، دواى بەستنهوهی بە پڕۆژەى ڕێگهى گەشەپێدانەوە بەدەردەکەوێت.
لە چوارچێوەى ئەم خاڵانەى سەرەوە کە ئامانجە سەرەکییەکانی پڕۆژەى ڕێگهى گەشەپێدانە، ئەگەر هەرێمی کوردستان نەهێنرێتە نێو پڕۆژەکەوه و بەشداریی پێ نەکرێت، ئەوە بە هیچ شێوەیەک سوودمەند نابێت لانی کەم لەو نۆ خاڵهى کە لە سەرەوە خستوومانەتە ڕوو. ئەمەیش زیانێکی گەورهیه بۆ ئابووری و سەقامگیری و ژێرخانی گواستنەوەى هەرێمی کوردستان. لە هەمووان گرنگتر ئەوەیە، هەرێمی کوردستان لە نەخشەى گواستنەوەى وزەیش بۆ بازاڕەکانی جیهان دوور دەخرێتەوه؛ کە ئەمەیش بە پلە یەک، یەکێکە لە ئامانجەکانی حکوومەتى ئیتیحادیی عێراقی کە تیایدا هێزە پرۆکسییەکانی ئێران، باڵادەستن. هەروەها پێگە ناوچهیی و نێودەوڵەتییەکەى هەرێمی کوردستانیش بەهۆی دوورخستنهوهى لە پڕۆژەکە، زیانێکی بەرچاوى بەردەکەوێت. بۆیە پێویستە حکوومەتى هەرێمی کوردستان، هەروەها حزبە سیاسییەکان، بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کاری جددی بکەن بۆ ئەوەى هەرێمی کوردستان لەم پڕۆژەیەدا شوێنی ببێتەوە. بەڵام ئەوەى کە لە ئەرزی واقعدا دەبینرێت، جگە لە پارتى دیموکراتی کوردستان، هیچ لایەنێکی دیکەى کوردی کارى جددی بۆ ئەم پڕۆژەیە ناکات.
دووەم: پڕۆژەى بەندەرى گەورەی فاو
پڕۆژەیەکی دیکەى ستراتیژی لەسەر ئاستی عێراق “بەندەرى گەورەى فاو”ە. کۆی گشتیى ڕووبەرى ئەم بەندەرە بریتییە لە (٥٤) کیلۆمەتر دووجا. بەندەرى فاو بە شێوازێک دیزاین کراوە، دەتوانێ پێشوازی لە کەشتییە بازرگانییە زەبەلاحەکان بکات کە بڕیارە بە چوار قۆناغ توانای بەندەرەکە پەرەى پێ بدرێت. لە قۆناغی یەکەم، توانای بەندەرەکە ٣.٥ حاویە و ٢٢ ملیۆن تۆن کەرەستەى ساڵانەیە. توانای پڕۆژەکە لە قۆناغی دووەمی پڕۆژەکەدا دەگەیهنریتە ٧ ملیۆن حاویە و ٣٣ ملیۆن تۆن کەرەستەى ساڵانە. لە قۆناغەکانی سێیەم و چوارەمیش پێشبینی دەکرێت تواناى بەندەرەکە بگەیهنرێتە ٢٥ ملیۆن حاویە و ٥٥ ملیۆن تۆن کەرەستەى ساڵانە. کۆی گشتیى تێچووى پڕۆژەکە نزیکەى ٤.٦ ملیار دۆلاری ئەمریکییە.
لە ساڵى ٢٠١٠وە دەست بە جێبەجێکردنى پڕۆژەکە کراوە بەڵام بەهۆی نالەبارى و ناسەقامگیریی ڕەوشی ئەمنی و دەرکەوتنی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش و قەیرانی دارایییەوە نەتوانراوە وهك پێویست کار لەسەر پڕۆژەکە بکرێت. لە ساڵى ٢٠١٩ سەرۆکوەزیرانی ئەوکات “مستەفا کازمی” بە مەبەستی ئەنجامدان و جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، ڕێکكەوتنێکی لەگەڵ کۆمپانیایەکی کۆریای باشوور (دایۆ) واژۆ کرد. دواتر لە سەردەمی “محهمەد شیاع سوودانی”یش پڕۆژەکە فراوانتر کرا و پارەى تێچووى زیاتری بۆ تەرخان کرا. بەپێی لێدوانە فەرمییەکانی وەزارەتی گواستنەوەى عێراق، قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە لە تەواوبوون نزیک بۆتەوە.
لێرە پرسیارى ئەوەمان بۆ دروست دەبێت: ئایا ئەم پڕۆژەیە لە بەسرە ئەنجام دەدرێت، چ پەیوەندییەکی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە؟ دەتوانین وەڵامی ئەم پرسیارەمان لە بڵاوکراوە فەرمییەکانی حکوومەتی ئیتیحاتی بدۆزینەوە، چونکە بەپێی ماڵپەڕى فەرمیی “پڕۆژەى گەورەى فاو”، ئەم پڕۆژەیە تەنیا بە دروستکردن و تەواوکردنی لە بەسرە ناوەستێت. ئامانجی سەرەکیی ئەم پڕۆژەیە بەستنەوەیەتی بە پڕۆژەى ڕێگهى گەشەپێدانەوە؛ واتا ئامانجە سەرەکییەکەى، بەستنەوەى هێڵەکانی گواستنەوەى کەرەستەکانه لە بەندەرى فاوەوە بۆ تورکیا و لەوێشەوە بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا و، بەپێچەوانەکەیشی. بۆیە دیسان ڕێڕەوى بەستنەوەى بەندەرى گەورەى فاو بە تورکیا، دووبارە مشتومڕى ئەوەمان بۆ دەردەخات، كه ئایا ئەم ڕێڕەوە به خاکی هەرێمی کوردستاندا تێ دەپەڕێت یاخود نا. بەپێی زانیارییە سەرەتایییەکان هەمان کێشە و هۆکارەکانی سەرەوە بۆ ئەم پڕۆژەیەیش ڕاستە، چونکە ئەگەر بەندەرى گەورەى فاو بە تورکیاوە نەبەسترێتهوه، لەوانەیە ئەو سوود و قازانجەى کە چاوەڕوان دەکرێت لێی بکرێت، بەدی نەیەت.
لە ئەنجامدا پلان و ستراتیژیى حکوومەتى ئیتیحادی لە چوارچێوەى پەراوێزخستنى هەرێمی کوردستانە لەم پڕۆژەیەیشدا. کەواته دوو پڕۆژەى زەبەلاحی عێراق کە لەسەر بوودجەى گشتیى عێراق دروست دەکرێن، هەرێمی کوردستانی لێ بێبەش دەکرێت. ئەمەیش خۆی لە خۆیدا مەترسییەکی جددییە بۆ سەر هەرێمی کوردستان، چونکە بەغدا لە ڕێگەى بێبەشکردنى شارەکانی هەرێمهوه، ڕاستەوخۆ خێروبێرى عێراق بۆ شارەکانی دیکەى عێراق بەکار دەهێنێت. کە بابەتەکەیش دێتە سەر نەوتی هەرێمی کوردستان، دروشمەکانی وەکوو “بەرژەوەندیی باڵاى عێراق و سەروەت و سامانی عێراق، دەبێت بۆ سەرجەم عێراقییەکان بێت”، دەخرێتە ڕوو.
سێیەم: پڕۆژەى شامی نوێ
ئەم پڕۆژەیە سەرەتا بە ناوی پڕۆژەى “شام” ناو نرابوو و هەر یەک لە سووریا و لوبنان و فەڵەستینشی لەخۆ دەگرت، بەڵام دواتر پڕۆژەکە بووە پڕۆژەیەکی سێقۆڵی لە نێوان عێراق، ئوردن و میسر. ئەم وڵاتانە بەهۆی گۆڕانکارییە ستراتیژییەکان لە ناوچەکەدا، بەتایبەت لە بوارەکانی گواستنەوە و ڕێڕەوە ستراتیژییەکان، هەوڵیان دا بۆ ئەوەى بە سێقۆڵی ڕێڕەوێکی ستراتیژی بنیات بنێن. پڕۆژەکە تەنیا لە بۆڕیى گواستنەوەى نەوت پێک نایەت بەڵکوو ئاڵوگۆڕکردنی وزەى کارەباش لەخۆ دەگرێت. بەتایبەت ئەمریکا بە هەماهەنگیی ئیسرائیل بهنیازی بەستنەوەى ئیسرائیلن بە ئابووریى ناوچەکەوه، چونکە خاڵى سەرەکیی ئەم پڕۆژەیە بریتییە لە هێڵى گواستنەوەى نەوتی (بەسرە-عەقەبە).
سوودانی سەرەڕای ئەو ڕەخنانەى کە لە پڕۆژەکە دەگیرێت، گوایە هیچ سوودێکی ئابووریى بۆ عێراق نییە و تەنانەت بەهای گواستنەوەى نەوتەکەى زۆر بەرزە، هەنگاوی جددیی نا بۆ دەستپێکردنى پڕۆژەکە، ئەویش لە ڕێگەى دابینکردنی بوودجەى پێویست بۆ دەستپێکردنى قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە کە بریتییە لە راکێشانی هێڵی بۆڕیى نەوتی (بەسرە-حەدیسە) بە درێژاییی (٦٨٥) کیلۆمەتر کە تێچووى ئەم پڕۆژەیە ٤.٥٦ ملیار دۆلاری ئەمریکییە. هێڵی بۆڕیى نەوتی (بەسرە-حەدیسە) ڕووبەڕووی ڕەخنهى زۆر بووەوە بەهۆی ئەوەى ئەم هێڵە دواتر بە عەقەبە دەبەسترێتهوه؛ بەڵام وەزارەتى نەوتی عێراق لە ڕوونکردنەوەیەکیدا جەختى لەسەر ئەوە کردهوه کە ئەم هێڵە بە عەقەبە نابەسترێتهوه و زیاتر بە ئامانجی ئەوە دروست کراوە کە بە تورکیا ببسترێتهوه.
هەروەها لە ئەگەرى جێبەجێکردنی پڕۆژەى ڕێگهى گەشەپێدان، ئەوە هاوتەریب لەگەڵ ئەم پڕۆژەیە تێکەڵ دەکرێت و سوودی زیاترى دەبێت. هەروەها لە ڕوونکردنەوەکەى وەزارەتی نەوت هاتووە کە لەوانەیە لە قۆناغەکانی داهاتوو ئەم هێڵە بە بەندەرى تەرتوس یان بەندەرى تەرابلوس لەسەر دەریای ناوەڕاست ببەسترێتهوه.
لێرە خاڵێکی گرنگمان بۆ دەردەکەوێت کە هەرێمی کوردستان دیسان لەم پڕۆژە ستراتیژییە دوور خراوەتەوە، چونکە لە ڕوونکردنەوەکەى وەزارەتی نەوتی عێراقدا بەئاشکرا و بەڕوونی ئاماژە بەوە کراوە کە هێڵە کۆنەکەى گواستنەوەى نەوتی کەرکووک-جەیهان لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە تا فیشخابوور نۆژەن کراوەتەوە و نزیکەی ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری تێ چووە. سەرەڕاى زۆریى ئەم پارەیە بۆ بابەتی نۆژەنکردنەوە، وەزارەتی نەوتی عێراق جەختى لەوە کردووە کە بەهۆی گرنگیی بابەتەکەوە بۆ عێراق، بەم کارە هەڵساون.
ئەم خاڵە زۆر ڕوون و ئاشکرایە کە هەرێمی کوردستان هۆکارێکی سەرەکی بووە بۆ ئەوەى ئەم بۆڕیى نەوتە کۆنە بە پارەیەکی زۆر نۆژەن بکرێتەوە، چونکە ئامانجی حکوومەتى ئیتیحادی و هێزە پرۆکسییەکانی نزیک ئێران، دوورخستنی هەرێمی کوردستانە لە نەخشەى وزە لە عێراق و ناوچەکە. بۆیە زۆر بەڕوونی بۆمان دەردەکەوێ کە هەرێمی کوردستان دووبارە لەم پڕۆژەیەیش دوور خراوەتەوە و بە هیچ شێوەیەک بەهەند وەرنەگیراوە.
ڕۆڵی ئێران لەم پڕۆژانە چییە؟
ئێران بەهۆی پێگە ستراتیژییەکەیەوە، ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە لەم پڕۆژانەى کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێیان دا. سەرەڕاى ئەوەى بریکاری وەزیرى گواستنەوەى ئێران، “شەهریار ئەفەندی زادە”، ئاماژەى بە گرنگیی پڕۆژەى ڕێگهى گەشەپێدان کرد و وەکوو دەرفەتێک بۆ ناوچەکەى ناوزەد کرد، بەڵام لە ڕاستیدا ئێران ئەم پرۆژهیە بە پڕۆژەیەکی ڕکابەر بۆ هێڵەکانی گواستنەوەى ئێران دەبینێت. هەروەها پێی وایە ئەگەر ئەم پڕۆژەیە گەشە بکات و زیاتر پەرەی پێ بدرێت، ئەوە زیان و ئاڵنگارییەکانی بۆ ئێران زیاتر دەبن. هەروەها سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیە دەبێتە هۆی بەهێزبوونی عێراق لەسەر ئاستى هەرێمی و نێودەوڵەتی؛ کە ئەمەیش مەترسییەکى ڕاستەوخۆیە بۆ ئێران، چونکە با ئەمە لەبەرچاو بگرین، هیچ کاتێک ئێران، عێراقێکی بەهێزی ناوێ، بەڵکوو عێراقێکی شڵەژاو و لاواز و لەژێر کۆنترۆڵی هێزە پرۆکسییەکانی نزیک “تاران”ی دەوێت.
جگە لەمە ئەم پڕۆژەیە دەبێتە هۆی باڵادەستبوونی تورکیا لە عێراق و تەنانەت لە ناوچەکە و جیهاندا؛ کە ئەمەیش پێچەوانەى ئارەزووەکانی ئێرانە. بەرامبەر ئەمە ئێران زۆر جەخت لەسەر دروستکردنی هێڵی شەمەندەفەری نێوان (بەسرە-شەلهمچە) دەکاتهوه. هەر لەم چوارچێوەیەدا یاداشتنامەى لێکتێگەیشتن لە نێوان بەغدا و تاران واژۆ کرا بۆ دروستکردنی هێڵی شەمەندەفەرى نێوان (بەسرە-شەلهمچە) کە درێژییەکەى (٣٠) کیلۆمەترە. واته تاران دەیەوێت لە ڕێگەى ئەم جۆرە پڕۆژانەوە شکست بە پڕۆژە گەورەکانی عێراق بهێنێت.
لە لایەکی دیکە ئێران لە ڕووى ئەمنییەوە نیگەرانە لە پڕۆژەى ڕێگهی گەشەپێدان، چونکە پێی وایە ئەگەر پڕۆژەکە تەواو بوو، ئەوە ململانێکان لەم ناوچەیەدا زیاد دەبن و ئەگەرى دزەپێکردنی کەشتییەکانی سیخوڕیى سەر بە ئیسرائیل و ئەمریکا هەیە بۆ ناو بەندەرى گەورەى فاو. جگە لەمە ئێران پێی وایە ئەم پڕۆژەیە زیان بە ژینگەش دەگەیهنێت چونکە زۆربوونی ژمارەى کەشتییەکان کاریگەریى نەرێنیی بۆ سەر ژینگەى ناوچەکە دەبێت.
دەربارەى پڕۆژەى شامی نوێش، ئێران لەم پڕۆژەیەیش نیگەرانە، چونکە پێی وایە ئەم پڕۆژەیە بۆ لاوازکردنی پێگەی ئێرانە لە ناوچەکە. ڕاستییهكهی، ئەم نیگەرانییەى ئێران لەجێیە، چونکە یەکێک لە ئامانجەکانی ئەم پڕۆژەیە بەشداریپێکردنى ئیسرائیلە لە ئابووریى ناوچەکە؛ کە ئەمەیش خۆی لە خۆیدا مەترسیدارە بۆ ئێران. هەروەها ئەمریکاش بە هەمان شێوە پشتگیری لە پڕۆژەکە دەکات و ئامانجی سەرەکی لێی، لاوازکردنى ئێرانە. کەواته ئەم پڕۆژەیەیش بە هەمان شێوە بووهتە هۆکاری دروستبوونی نیگەرانییەکانی ئێران.
پڕۆژەی گەورەی فاویش بەدەر نییە لە پڕۆژەكانی دیكەی ناوچەكە و عێراق، بۆ ئێران، چونكە بەهێزكردنی تاكە چونکە بەهێزکردنی تاکە سنووری ئاویی عێراق کە لە ڕێگەى ئەم سنوورەوە عێراق دەگاتە دەریاکان و جیهان، مەترسییەكی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئێران. پێویستە ئەمە لەبەرچاو بگیرێت کە بووژانەوەی ئەم جۆرە دەروازانە لە عێراق، پێگە و قورساییی ئێران لە ناوچەكە كەمتر دەكات و پێگەی جیوسیاسیی ئێران لە ناوچەكە لاواز دەبێت، چونكە سەرەتا لە ڕووی ئابوورییەوە زیانی پێ دەگات. بۆ نموونە “بهندەر عەباس” و بهندهرەكانی دیكەی ئێران پێگە و گرنگییان كەم دەبێتەوە و لەوانەیە عێراق لە جیاتی ئەوان ببێتە ڕێڕەوێكی سەرەكی بۆ چالاكییە بازرگانییەكان. هەروەها لە ڕووی جموجۆڵەكانی “ترانزێت”یش بۆ ئەو شتومەكانەی كە لە وڵاتانی كەنداو بۆ توركیا و ئەوروپا دەنێردرێن، ئێتر ئێران سوودیان لێ نابێنێت و لەدەستیان دەدات. جگە لەمەیش پڕۆژەی ڕێگهی گەشەپێدان لە ڕێگەی بەندەری گەورەی فاوەوە، پشتبەستنی عێراق و توركیا بەسەر خاكی ئێران كەم دەكاتەوە.
لە هەمووان گرنگتر ئەوەیە كە ئەو شتومەكانەی عێراق لە ڕێگەی ئێرانەوە هاوردەیان دەكات، ڕاستەوخۆ لە دەرەوە دەگاتە عێراق بەبێ ئەوەی بە ئێراندا تێ پەڕێت. ئەمەیش دەبێتە هۆی لاوازبوونی نفووزی ئێران لە عێراق. لە پاڵ ئەم زیانانە لە ڕووی ئەمنی و هاوسەنگییە هەرێمییەكانەوە لە كەنداو، مەترسیی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئێران دروست دەبێت، چونكە دەبێتە هۆكارێكی گرنگ بۆ دووبارە دروستبوونی تۆڕەكانی هاوپەیمانیی هەرێمی؛ بە شێوەیەك ئێرانی لێ بەدوور دەگیرێت، بەتایبەت لە هاوكێشەكانی بازرگانی و وزە لە ناوچەكەدا.
جگە لەم پڕۆژانە هەندێك پڕۆژەی دیكەیش هەن كە مەترسیی ڕاستەوخۆیان بۆ سەر ئێران دروست كردووە. پڕۆژەی ڕێڕەوی زەنگەزوور (Zangezur Corridor)، بریتییە لە ڕێڕەوێكی شەمەندەفەر و ئامانج لێی، بەستنهوهی ئازەربایجانە بە هەرێمی نەخجەڤان و لەوێشەوە لە ڕێگەی باشووری ئەرمینیا، بەتایبەتی لە ناوچەی سیونێك (Syunik)وە دەگەیهنرێتە توركیا، بەبێ ئەوەی بەسەر خاكی ئێران تێ پەڕێت. بە واتایەكی دیكە ئامانجی ئەم ڕێڕەوە، بەستنهوهی “دەریای قەزوین”ە بە “دەریای سپیی ناوەڕاست” لە ڕێگەی ئەو ناوچانەوە كە لە سەرەوە ئاماژەمان پێ كرد. بەڵام لە ڕێكەوتی 8ی ئابی ساڵی 2025، ڕێككەوتنی ئاشتیی نێوان ئەرمینیا و ئازهربایجان لە واشنتۆن واژۆ كرا لەژێر چاودێریی سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ. بۆیە دوای ئەم ڕێككەوتنە ناوی پڕۆژەكە، بەتایبەت لە ڕۆژنامە ئەمریكییەكان بە ناوى “پڕۆژەی ڕێڕەوی ترەمپ” یاخود بە ئینگلیزییەكەی The Trump Route for International Peace & Prosperity – TRIPP ئاماژەى پێ کرا. ئەم هەڵمەتەی ترەمپ بە پلە یەك لە دژی ئێران و ڕووسیا بوو. ئەمەیش ململانێی زلهێزەكانمان بۆ دەردەخات دەربارەی هەوڵەكانی لاوازكردنی یەكتر لە ڕێگەی پڕۆژە و ڕێڕەوە ناوچهیی و نێودەوڵەتییە ستراتیژییەكانەوە.
ئەمریكا جگە لەمە، پاڵپشتی لە پڕۆژەیەكی دیكە دەكات بە ناوی ڕێڕەوی (هیندستان-ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست-ئەوروپا) (India-Middle East-Europe Economic Corridor – IMEC). ئەم ڕێڕەوە لە لووتكەی كۆمەڵەی گرووپی 20 لە نیودەلهی لە ڕێكەوتی 9ی ئەیلوولی ساڵی 2023 بڕیاری لەبارەوە دراوە وەكوو ڕێڕەوێكی ئابووریی نوێ. هەرچەندە ئەم پڕۆژەیە بە پلە یەك بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی پڕۆژەی پشتێن و ڕێگەی چینە، بەڵام لە هەمان كاتدا دژی پڕۆژەی باكوور-باشوورە كە ئێران و ڕووسیا تیایدا دوو هێزی سەرەكین. سەرەڕای ئەو هەموو هەوڵ و كۆششەی ئێران بۆ ئەوەی لە یەكێك لەم پڕۆژە ستراتیژییانە بەشدار بێت، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە ئەم ئامانجەی بپێكێت.
لە ئەنجامدا دەتوانین بانگەشەی ئەوە بكەین كەوا ئێران نە دەتوانێ بەشدارێكی چالاكی ئەم جۆرە پڕۆژانە بێت بەهۆی سزا ئابوورییەكان كە بەسەریدا سەپێنراوە و، نە ئەمریكا و ئیسرائیل ڕێگەی پێ دەدەن ببێتە بەشێكی گرنگی ئەم جۆرە پڕۆژانە. لەبەر ئەم هۆكارەیشە دەبینین تاران گەر نەتوانێ ببێت بە یاریكەرێكی كاریگەر، ئەوە دەتوانێ ببێتە “تێكدەرێكی كاریگەر” بۆ هەندێك لەم پڕۆژانە، بەتایبەت ئەوانەی لە عێراق ئەنجام دەدرێن. بێ گومان ئەم جووڵەیەی ئێران پرۆشكی بەر هەرێمی كوردستانیش دەكەوێت.
كۆبەند
پڕۆژە و ڕێڕەوە ستراتیژییەكان لەسەر ئاستی هەرێمی و نیودەوڵەتیدا ڕۆڵ و كاریگەریی گرنگیان دەبێت لە دیزاینكردنی هاوكێشە نوێیەكانی جیهان و ناوچەكە، بۆیە دەبێت هەرێمی كورستان خۆی بەباشی ئامادە بكات بۆ ئەوەی ببێتە بەشێكی گرنگی ئەم پڕۆژە و ڕێڕەوانە. بەڵام تا ئیستا ویست و ئیرادەیەكی بەهێز هەیە لەسەر ئاستی عێراق لەلایەن هێزە پرۆكسییەكانی نزیك تاران، كە ڕێگە نەدرێتە هەرێمی كوردستان ببێتە بەشێكی ستراتیژی و گرنگی ئەم جۆرە پڕۆژانە؛ جا چ لەسەر ئاستی عێراق بێت و چ لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی بێت. بۆیە زۆر گرنگە هەرێمی كوردستان نهبێته قوربانیی گەمەی پڕۆژە و ڕێڕەوە ستراتیژییەكان، چونكە هەر هەڵەیەكی لەم جۆرە زیانی زۆری بۆ پێگە و قەوارە دەستوورییەكەی هەرێمی كوردستان دەبێت.
هەرێمی كوردستان سەرەتا پێویستە هۆكاری دوورخستنەوەی لەم جۆرە پڕۆژانە دیاری بكات، بۆ نموونە لەوانەیە هۆكارە سەرهكییەكان بریتی بن لە ناكۆكییە سیاسییە ناوخۆیییەكان، بەتایبەت لە نێوان پارتی و یەكێتی. ئەمەیش هەڵوێستی هەرێمی زۆر لاواز كردووە؛ تەنانەت پێكنەهێنانی حكوومەت دوای هەڵبژاردنە گشتییەكان- کە نزیکەى ساڵێک بەسەر هەڵبژاردنەکان تێ پەڕیوە- زۆر بەنەرێنی كاریگەریی هەیە لەسەر پێگەی ناوخۆ و ناوچهیی و نێودەوڵەتیی هەرێمی كوردستان. كێشەیەكی دیكە، لاوازیی هەماهەنگییە لە نێوان هەولێر و بەغدا دەربارەی پڕۆژە نیشتمانییەكان لەسەر ئاستی عێراق. هەروەها هەرێمی كورستان تێڕوانینێكی یەكگرتوو و كاریگەری نییە بەرامبەر ڕووداوە لۆجستییەكان و بەیەكبەستنەوەى ناوچەكان لەسەر ئاستی ناوچهیی. هەروەها پێویستە لە كاتی مامەڵهكردن لەگەڵ بەغدا، زمانێكی دیپلۆماسیی نەرم و دوور لە دروشمی بریقەدار بەکار بهێنرێت، كە تیایدا جەخت لەسەر بەرژەوەندیی نیشتمانیی عێراقی بكرێت، چونكە ئاراستەكردنی پەیامەكان بۆ شەقامی عێراقییش گرنگە.
ئەمانە چەند خاڵێكی گرنگن بۆ ئەوەی هەوڵ بدرێت هەرێمی كوردستان ببێتە بەشێكی ئەم پڕۆژانە. بەرامبەر ئەمە، هەولێر دەبێ كار لەسەر هەندێك پڕۆژەی ناوخۆیش بكات بۆ ئەوەی ژێرخانێكی لەبار بۆ ئەم جۆرە پڕۆژە گەورە و زەبەلاحانە ئامادە بكات؛ بۆ نموونە دروستكردنی ناوچەكانی بازرگانیی ئازاد و سەنتەرەكانی لۆجسیتك نزیک ناوچە سنوورییەكانی لەگەڵ توركیا و ئێران. هەروەها زۆر گرنگە هەڵمەتێكی نیشتمانی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان دەست پێ بكات بۆ دروستكردنی ڕێگهوبانەكان لە نێوان شارەكانی هەرێمی كوردستان كە لەم بارهیەوە هەنگاوی باش نراوە و، مەرجە زیاتر لەسەری بوەسترێت و پەرەى پێ بدرێت و بکرێتە ئەرکێکی نیشتمانی.
لە پاڵ ئەمە، كاركردن بۆ ڕاكێشانی وەبەرهێنەرانی بیانی خاڵێكی گرنگی دیكەیە، بەتایبەت وەبەرهێنەرانی وڵاتانی كەنداو و توركیا و تەنانەت ئێرانیش بۆ ئەوەی لانی كەم ببێتە جێگرەوەیەكی بچووكی پڕۆژە گەورەكان؛ چونكە پێویستە لە ڕێگەی ئەم هەنگاوانەوه هەرێم بگەیهنرێتە ئاستى “واقعێكی لۆجستی”ی وازنەهێنراو لە ناوچەكەدا كە نەتوانرێ وازی لێ بهێنرێت. گرنگترین خاڵێش لەم نێوەندەدا بریتییە لەوەی، كە نابێت هەرێمی كوردستان خۆی بكاتە تەرەفی لایەنێكی دیاریكراو و، هاوسەنگییەكە بپارێزێت و بەردەوام ببێتە لایەنێك كە جێگهی متمانە بێت و لایەنەكان متمانەی پێ بكەن و ترسیان لێی نەبێت؛ چونكە هاوسەنگیی ناوچهیی، وا لە هەرێم دەكات ببێتە پردێك نەك تەرەفێكی ململانێكەر-كە ئەمەیش پێداویستیی پڕۆژە گەورە و زەبەلاحەكانە.
واته هەرێمی كوردستان دەبێت بەچڕی ستراتیژیی نیشتمانیی پڕۆژە و ڕێڕەوە نیشتمانییەكان دابڕێژێت؛ واته پێویستە سەرقاڵی كێشە و گرفت و بابەتە گرنگ و ستراتیژییەكانیش بێت، لەبەر ئەوەى تا ئێستا لە عێراق توانراوە هەوڵ و كۆشش و وزەی بڕیاربەدەستانی هەرێمی كوردستان بە سهرقاڵكردنیان به بوودجە و مووچەی مانگانەوه بەهەدەر بدەن و هەموو مانگێك شڵەژانێك و ناسەقامگیرییەكی دارایی لە ڕۆح و پێگەی ئیدارەی هەرێمی كورستان جێگیر بکەن؛ كە ئەمەیش زیانی زۆری هەبووە و دەبێت بۆ هەرێمی كوردستان.
ئیتر كاتی ئەوە هاتووە هەرێمی كوردستان بەخۆ بێتهوه و قبووڵی ئەوە نەكات ماف و دەستكەوت و ئیمتیازاتی هەرێم تەنیا و تەنیا لە مووچەی مانگانەی فەرمانبەران كورت بكرێتەوە و بابەتە ستراتیژی و گرنگەكانیش فەرامۆش بكرێن و لەبار ببرێن.






