پێنووس
2024

وێناى دیزاینکراوى حکوومەتى نوێی عێراق لە ستراتیژییەتى ئەمریکاى دواى جه‌نگی دوازدە ڕۆژەى ئێران

پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیه‌دین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران

ڕوانگەى هاوکێشەى بەرەنجامەکانى هەڵبژاردنى 2025

لایەنە سیاسییەکان پێش هەڵبژاردن، هەر یەکەى بە ئەجێندایەکی تایبەته‌وه‌ خۆى بۆ هەڵبژاردن ئامادە دەکات. یەکەم هەنگاویش لە یاساى هەڵبژاردنەوە دەست پێ دەکەن، به‌تایبەت لایەنە شیعییەکانى سەر بە ئێران، بۆ ئەوەى هەر لە سەرەتاوە پێشوەختە بەبراوەیی بچنە ناو پرۆسەکەوە؛ ئەوەى دەمێنێتەوە ژمارەى کورسییەکانە، کە چەند لەوەى زیاتر دیزاینیان کردووە لەگەڵ پشتیوانیى دەرەکى، بەدەستی دێنن. هەر بۆیە عێراقییەکان ململانێی یه‌كتری دەکەن، هەڵمەتێکی هەڵبژاردنى تا ئەوپەڕی توند دەکەن، دەنگ دەدەن و دەچنە سەر سندووقەکان، بەڵام دەنگەکانیان و ژمارەى کورسیی لایەنەکان نابێتە بنەمایەک بۆ پێکهێنانى حکوومەت، بەڵکوو بە تەوافوق و دەستێوەردانى دەرەکى لە پرۆسەکە بەئاکام دەگات؛ گەرچی پرۆکسییەکانى ئێران کاتێک دەگەنە دەسەڵات، هەموو ڕێکكەوتن و بنەماکانى تەوافوقیان لەبیر خۆیان دەبەنەوە و پابەند نابن پێیانەوە.

 ئەوەى کە بڕیارى کۆتاییی پێکهێنانى حکوومەتى لایە، ویستى خەڵک نییە، بەڵکوو ویستى فاکتەرى دەرەکییە، لە سەرووى هەموویانەوە: ئەمریکا و ئێران. بەڵام ئەوەى کە لێرەدا گرنگە ئاماژەى پێ بدرێ، ئەوەیە کە هەڵبژاردنەکە دەری خست عێراق تا ئەم قۆناغەیش هەر پابەندە بە پرۆسەى هەڵبژاردنەوە کە بنەمایەکی سەرەکیی دیموکراسییە؛ گەرچی پرۆسەى هەڵبژاردن شتێکە و کردنى بە بنەمایەکی یەکلاکەرەوە بۆ ناکۆکییەکانى پرۆسەى سیاسی و یەکلاییکردنەوەى هاوکێشە سیاسییەکانى ناوخۆى عێراق، شتێکی ترە، ئەویش ئەوەیە کە خەڵکی عێراق لە دواى 2003وە ئەو بەرەنجامەیان نەبینی. کەواتە پێکهێنانى حکوومەتى عێراقی بریتییە لە ڕایەڵەیەک لە نێوان ململانێ ناوخۆیییەکان و ڕکابەرییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان.

هەر سێ پاکێجەکەى سەرۆکایەتى: وڵات، ئەنجومەنى وەزیران، پەرلەمان، بەیەکەوە گفتوگۆ و ڕێکەوتنیان لەسەر دەکرێ و، لە پەرلەمانیش بەیەک پاکێچ پەسەند دەکرێن، بەڵام ئەوەى کە لە هەموویان پێگەى بەهێزترە، ئەو لایەنانەن کە گەورەترین فراکسیۆنى پەرلەمانى پێک دەهێنن نەک ئەوەى کە حکوومەت پێک دەهێنێ. بەپێی لێکدانەوەى دەسەڵاتى دادوەرییش بێ، کۆتا وادە بۆ کۆبوونەوەى پەرلەمان و ڕێکكەوتنى لایەنەکان ڕیكه‌وتی (10/1/2026)ه‌.

بەپێچەوانەى جاران، بۆچی لەم هەڵبژاردنە، پێشوەخت دادگه‌ هاتە سەر خەت؟

  • ئەو دامەزراوە فەرمییە دەستوورییەى کە لە عێراق حوکم دەکات و بڕیارى یەکلاکەرەوەى لایە، “دادگه‌ى باڵاى فیدراڵی”یە، ئەویش لەلایەن لایەنە پرۆکسییەکانەوە، کراوەتە ڕووکارى هاوکێشەکان و یەکلاییکردنەوەى گرفتەکانى وڵات لە بەرژەوەندیى ئەوان. کەواتە هەر بڕیار و شرۆڤەیەک بکات، لە بەرژەوەندیى ئەوان دەکەوێتەوە، نەک بەپێچەوانەوە.
  • ئەگەر هاوکێشەکانى پێکهێنانى حکوومەت لە بەرژەوەندیى چوارچێوەى هەماهەنگی نەبێت، دوور نییە دادگا لەمپەر بخاتە بەردەم پەسەندکردنى بەرەنجامەکان، لەسەر هەر سێ ئاستى کۆمسیۆن و ئەنجومەنى دادوەران و لە کۆتا قۆناغیشدا لاى خۆى، بەڵام ئەم سیناریۆیە لاى چوارچێوەى هەماهەنگی پەسەند نەبوو، چونکە بە دەستى خۆى گرفتى بۆ ئەو بەرەنجامانە دروست دەکرد، کە لە بەرژەوەندیى خۆیەتى، هەر بۆیە ئەوەى نەکرد، ئێستا بەرەنجامەکان بە پەسەندکردنیان لە لایەن دادگاى فیدراڵیی باڵاوە هیچ گرفتێکی دامەزراوەیی و دەستوورییان نییە و بە شەرعیبوونیان ناسێندران، ئێستا ئەو پەسەندکردنە جۆرێکە لە فشار بۆ سەر لایەنەکان کە زووتر بێنە پێشەوە بۆ لاى چوارچێوەى هەماهەنگی بۆ پێکهێنانى حکوومەت. بەڵام لێرەوە دوو گرفت هەر دەمێنێ، ئەوانیش: ئایا چوارچێوەى هەماهەنگی لە زووترین کاتدا بەربژێرى خۆى بۆ پۆستى سەرۆکایەتى بە تەوافوقی نێوان خۆیان دیاری دەکات؟ دووەمیش ئەوەیە: ئایا ناکۆکییەکانى نێوان ماڵی سوننە و کورد بۆ دیاریکردنى هەردوو پۆستى سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی دەوڵەت زوو یەکلایی دەبنەوە، ئەمە بێجگە لەوەى کە هەر حکوومەتێکی نوێ پێویستى بە پشتیوانیی ئەمریکا هەیە، دەنا بە پێچەوانەوە ئایندەیەکی دژوار و نالەبار چاوەڕێی عیراق دەکات.
  • وادە دەستوورییەکە بۆ پێکهێنانى حکوومەت زۆر لەوە زیاترە کە سەرۆکی دادگه‌ى فیدراڵی جەختى لەسەر دەکاتەوە. ئەگەر بەپێی دەستوور بکەوێتەوە لە دواى 10/1/2026ه‌وە، ئەوا تا کۆتاییی مانگى شەشی 2026 دەرفەتى پێکهێنانى حکوومەت هەیە. لە ڕوانگەى گوشارەکانى دادگه‌یشەوە بێت، حکوومەتى نوێ هەر نزیکەى سێ مانگى پێویستە.
  • ئەو ڕایەى دادگه‌ى فیدراڵی، گوشارە بۆ سەر لایەنەکان و بوار و دەرفەتى دانوستان و گفتوگۆ و پێداگریى لایەنى سوننە و کورد و تەنانەت خودی “سوودانی”یش لە بەرانبەر چوارچێوەى هەماهەنگی بەرتەسک دەکاتەوە و وایان لێ دەکات لەژێر گوشارى کاتدا تەسلیم بە پاکێجی پێکهێنانى چوارچێوەى هەماهەنگی ببن.

هەوڵێکە بۆ پێکهێنانى حکوومەت لەلایەن چوارچێوەى هەماهەنگی و هەر بە ویستى ئەویش بێ، پێش ئەوەى هاوکێشەیەکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، به‌تایبەت دژ بە ئێران بێتە ئاراوە، دەیانەوێ حکوومەتێکی شەرعی پێک بهێنن، کە بۆ چوار ساڵی داهاتوو مانەوەى خۆیانى تێدا مسۆگەر بکەن. کەواتە خودی پەلەکردنەکە لە پرۆسەى پێکهێنانى حکوومەت، ئەگەری بە دەرکەوتنى هاوکێشەى نوێیە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست.

بەڵام ئایا بەو خێرایییە حکوومەتیان بۆ پێک دێ؟

وەڵامەکە “نەخێر”ە:

  • ئەگەر لێکتێگەیشتن لە نێوان ئەمریکا و ئێران نەبێ و پشتیوانیی لێ نەکەن لەو بارەیەوە، هەرگیز لەو وادە نزیکە ڕوو نادا، به‌تایبەت کە لایەنى ئەمریکی لەو بابەتەدا ڕژد و پێداگرە و وێناى حکوومەتى عێراقی دیزاینکراوى نوێی داوەتە لایەنە عێراقییەکان، بە شیعە و سوننە و کوردەوە.
  • پەرتبوونى ناوماڵی شیعە کەمێک پرۆسەکە خاو دەکاتەوە، هەر بۆیە سەرۆکوەزیرانێکی تەوافوقی لەنێویاندا چانسی زۆرترە لەوانى تر کە پاڵێوراوى لایەنەکانن؛ لەوانە ئەگەر مالیکی بێت، ئەوا سوودانى لەوانەیە بەرەو ئۆپۆزیسیۆن بچێ. ئەودەم زەمینەى لێکنزیکبوونەوەى سوودانى و سەدر زێتر و حکوومەتیش هەراسان دەبێ پێیان، چوارچێوەى هەماهەنگی لە دووڕیانێکی سەختدایە لە بابەتى کێ دەبێتە سەرۆکوەزیرانى نوێ. ئایا هەمان سەرکردە کۆنەکانن وەک: مالیکی، عەبادی، سوودانى، یان بەدواى یەکێکى لێهاتووى نوێدا دەگەڕێن کە سەر بە هیچ لایەنێکیان نەبێت و مافی دروستکردنى حزبی سیاسی و بەشداریکردنى هەڵبژاردنى لێ دەسێنرێتەوە؟ پێ دەچێ مەیلیان لە بژاردەى دووەم بێت، چونکە کۆیان دەکاتەوە و یەک بەرەى حوکمڕانی شیعەیش وێنا دەکەن.
  • ناکۆکییەکانى ناوماڵی کورد و سوننە، ئەویش هەندێک پرۆسەکە خاو دەکاتەوە بۆ پێکهێنانى حکوومەت، بەڵام ئەوەندە کاریگەر نییە، چونکە کورسییەکانى هەردوو لایەنى “یەکێتیى نیشتمانى” و “تەقەدوم”ى حەلبووسی بە هی خۆیان دەزانن.
  • لۆژیکی حوکمى زۆرینە لە ئەزموونى هەشت حکوومەتى عێراقی لەپاش 2003، ئەوەى دەرخست کە وڵات بەرەو هەڵدێر دەبات. هەر بۆیە چەمکەکانى هاوسەنگى و سازان و شەراکەتى ڕاستەقینە، سەرلەنوێ دەبنەوە بونیادى دروستکردنى حکوومەتێکی تەوافوقی، چونکە لەوانەیە لە ڕووی ژمارەوە چوارچێوەى هەماهەنگی بتوانێ حکوومەت پێک بهێنێ، بەڵام لە دیفاکتۆدا عێراق دووچارى پەرتەوازەیی و لێکترازانی زیاتر دەکات.

بەڵام ئەوەى کە ڕوونە: حکوومەت بە سەرۆکایەتیى چوارچێوەى هەماهەنگی پێک دەهێنرێ. حکوومەت هەر لە لایەنەکانى پێشوو پێک دێ، چونکە لایەنە نوێیه‌کان بەرەو داکشان چوون و دیفاکتۆى هەڵبژاردنى ئەم جارەیش جۆرێک لە نیگەرانى و بێهیواییی دایە ڕەوتە مەدەنییەکان. بەبێ لەبەرچاوگرتنى خواستى ئەمریکاش، عێراق بەرەو ئاییندەیەکی نالەبار هەنگاو دەنێ.

ئەدی بابەتى ناساندنى حزبوڵڵا و حووسییەکان وەک دوو ڕێکخراوى تیرۆریست چێ دەگەیەنێ؟

بابەتەکە بەهەڵە نەبووە و، لەلایەن خودی چوارچێوەى هەماهەنگییەوە ئەنجام دراوە، چونکە وەزارەتى دارایی و ناوخۆ لاى خۆیانن. بڕیارەکەیش هەر لاى ئەوانەوە دەرچووە، ئەویش بۆ سێ مەبەستى سەرەکی: بێبەشکردنى سوودانی بەتەواوى لە پۆستی سەرۆکوەزیران بۆ جاری دووەم و وێناکردنى وەک خیانەتکار بە حوکم و پڕۆژەى شیعە و قوربانیدانەکانیان لە ناوچەکە، یان جۆرێکە لە گوشار بۆ سەر سوودانى تا بەلاوازییەوە بەتەواوى مەرجەکانى چوارچێوەى هەماهەنگی ڕازی بێت و سازش بکا؛ سێیەمیش پەیامێکە بۆ ئەمریکا تا پشتیوانی لە سوودانى نەکات، بەڵکوو دەتوانێ لەگەڵ چوارچێوەى هەماهەنگى سەودا بکات، بۆ ئەوەى بەرژەوەندى و مانەوەى ئەمریکا لە عێراق مسۆگەر بێت.

گەڕانەوەى سوودانییش بەو شێوەیە بۆ ناو چوارچێوەى هەماهەنگی، دۆخێک دێنێتە ئاراوە، بەوەى کە هیچ لایەنێکی ترى ناو چوارچێوەکە بوێریی دژایەتى و هەڵگەڕانەوە و دەرچوون ناکات. بەڵام به‌ دەرچوونى سوودانی لە چوارچێوەى هەماهەنگی، پرۆسەى پێکهێنانى حکوومەت ئاسان نابێت.

بەڵام ڕاستییەک بەئاشکرا لەلایەن “بانکى ناوەندیى عێراقی”یەوە دانی پێدا نرا، بەوەى کە حزبوڵڵا و حووسییەکان لە بانکەکانى عێراق ژمارەى بانکییان هەیە و ئەمەیش بابەتێکە لەلایەن ئەمریکاوە بەهەند وەردەگیرێ و عێراق دووچارى هەڵوێستێکی دژوار دەکاتەوە لەبەردەم ئەمریکا و، دووریش نییە سزا بدرێ، یان ببێتە جێی هەڕەشە.

یەکێک لە پرسیارە گرنگەکان سەبارەت بە بەرەنجامەکان ئەوەیە: ئایا لایەنەکانى ناوخۆ و دەرەکی بەپێچەوانەى خولەکانى پێشوو، بێ نیگەرانى و گازەندە و تێبینی قبووڵیان کرد؟

  • لایەنە سیاسییە عێراقییەکان

لە خەیاڵدانى لایەنە سیاسییەکانى عێراق، ئەزموونى ئەوەیان کردووە کە هیچ ئاکامێکى ئەرێنی لە نیگەرانییەکانیانەوە ناکەوێتەوە، تەنیا ئەوەندە نەبێ کە پێیان وایە لەوانەیە نیگەرانییەکانیان بگۆڕێ بۆ هەندێ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیى خەڵک. لە ڕووی یاساییشەوە کاتێکی زۆری دەوێ و سەلماندنى گازەندەکانیان مسۆگەر نییە.

لە لایەکی تریشەوە لایەنە سیاسییەکان گەیشتوونەتە ئەو بەرەنجامەى کە لە لایەن کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و ناوچەیییەوە پرۆسەى هەڵبژاردن و بەرەنجامەکەى پەسەند کراوە، نیگەرانیى ئەوان هیچ کاریگەرییەک بۆ بەرژەوەندیى ئەوانى لێ ناکەوێتەوە، بەوەى بەرەنجامەکە هەر ئەوەیە کە ڕاگەێیندراوە، گۆڕانکارى تێیدا مەحاڵە، کەواتە گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەى کە بەرەنجامەکان بە شێوەیەک دیزاین کراون کە ببێتە مایەى ڕەزامەندیى هەموو لایەک، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنى هێشتنەوەى چوارچێوەى هەماهەنگی وەک بزوێنەر و مەرجەعى سیاسیی عێراق. هەر بەو شێوەیەیش دەرچوو.

بەڵام دوو خاڵی گرنگ لەو بارەیەوە هەیه‌: نەبوونى گازەندە و نیگەرانیى لایەنە سیاسییەکان، نیشانەى ڕازیبوونى خەڵک نییە بە پرۆسەکە، بەڵام گۆڕەپانى ململانێی سیاسیی گواستۆتەوە بۆ گۆڕەپانى دانوستان و چۆنێتیی مسۆگەرکردنى پشکەکانیان لە حکوومەتدا. خاڵی دووەم: کاریگەرییە لەسەر پێکهێنانى حکوومەت، بەوەى کە پێکهێنانى حکوومەت خێراتر دەکات؛ بەڵام ئەوە ناگەیەنێ کە حکوومەتێکی سەقامگیر دروست دەبێ.

  • ئێران

ئێران بەفەرمی بە بەرەنجامەکان ڕازی بوو، پرۆسەى هەڵبژاردن پرۆکسییەکانى ئەوى بەبەهێزی و هەر لە خولگەى سیاسیی خۆیدا هێشتەوە، بەڵام دیزاینەکەى بۆ پرۆسەکە بە شێوەیەک بوو، کە هەوڵی داوە جۆرێک لە بەڕێوەبردنى هاوسەنگیی ناوخۆیی لە عێراق و ناوچەکە بکات و تا ڕاددەیەکیش کورد لە خۆى ڕازی بکات.

بەڵام ئەوە سەرەتاى پرۆسەکەیە- ئایا هەڵوێستى ئێران لەمەڕ پرۆسەى سیاسی و حوکمڕانیی عێراق ناگۆڕێ؟

بۆ ئەو بابەتە ئێران چاودێریی ئەوە دەکات کە: ئایا سەرۆکوەزیران لە چوارچێوەى هەماهەنگی دەبێ، یان بەپێی خواستى ئەوە، وەک سەرۆکوەزیرانێکی تەوافوقی؟ ئایا نیگەرانییەکانى خەڵک دەرهەق بە حکوومەتى نوێ چۆنن؟ ئەگەر پێکهێنانى حکوومەت بە ویستى ئەو نەبوو و لەلایەن ئەمریکاوە بەتەواوى ئاڕاستە کرا؟ یان لەو ساتەدا کە پێکهێنانى حکوومەت بووە بابەتى سازشکردن لە نێوان ئەمریکا و ئێران بەرانبەر هاوکێشە سیاسییەکانى ناوچەکە، تا لە بەرانبەردا مانەوەى ئێران لە عێراق مسۆگەر بکات؟ کەواتە ئێران چوارچێوەى هەماهەنگی بە چەقی پرۆسەى سیاسیی عێراق گرتووە و چاوەڕوانی هەنگاوى داهاتووى ئەمریکا دەکات لەو بارەیەوە و ئامادەى سازش و ڕێکكەوتنیشە لەو بارەیەوە لەگەڵ ئەمریکا.

  • ئەمریکا

پرسیارە جەوهەرییەکە سەبارەت بە ئەمریکا لەبارەى پرۆسەى هەڵبژاردنەوە ئەوەیە: ئایا ئەمریکا دواى ئەو هەموو گوشار و هەڕەشانەى لە میلیشیاکانى کرد، بۆچی دەرفەتى بەشداریى ئەوانى لە هەڵبژاردن دا؟ لەوەیش زیاتر، بۆچی بە بەرەنجامەکان ڕازی بوو و تەنانەت هیچ گازەندەیەکیشی نەکرد و هیچ هەڵوێستێکی نەرێنیی لەسەر هەڵبژاردن و بەرەنجامەکانى نەنواند؟

ئەوەى کە چەقی بابەتەکەیە ئەمەیە: نەبوونى گازەندە لەسەر بەرەنجامەکان، پەسەندی تەواوى ئەمریکا ناگەیەنێ، بەڵکوو کار لەسەر گوشار و کاریگەریى ناوخۆ دەکات بۆ دیزاینکردنى پرۆسەى سیاسیی داهاتووى عێراق، ئەویش بە کەمکردنەوەى هەژموونى ئێران. لە لایەکی تریشەوە بەرەنجامەکان بابەتێکن و پێکهێنانى حکوومەتیش بابەتێکی جیاواز، چونکە ئەمریکا وا بڕیارى داوە کە حکوومەتى داهاتووى عێراق، دەبێ بە ویست و خواستى ئەو بێت. چونکە ناكرێ تەواوى کایەکانى پرۆسەى هەڵبژاردن بە خواستى ئەمریکا بێت؛ ئەوە بابەتێکی مافی چارەی خۆنووسینە و یاساى نێودەوڵەتى چوارچێوەیەکى بۆ داناوە. دەستێوەردان بە شێوازى ئاشکرا لەسەر ئاستى ڕای گشتیى جیهانى لەسەر کەسێتیى مەعنەویى ئەمریکا دەکەوێ. لە لایەکی تریشەوە نە نەخشەى سیاسیی ناوخۆى عێراق و ئێرانیش ئەو دەرفەتەى پێ دەدەن.  

هەر بۆیە ئەمریکا مەبەستیەتى:

لە نێوەندى هاوکێشە ئاڵۆزه‌كه‌ی ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا عێراق بەسەقامگیری بمێنێتەوە. شڵەقانی عێراق هاوکێشەکە بەرەو هەڵکشانى توند دەبات، کە ڕێژەى بەرەنجامە مسۆگەرەکەى بۆ ئەمریکا دیار نییە. کار لەسەر ئەوە دەکات کە ئەو بەرەنجامانەى ئێستا، حکوومەتێکی خاوەن ئیرادەى لێ پێک بهێنێ، ک تواناى بەڕێوەبردنى دەوڵەتى هەبێ و هیچ بۆشایییەکى ئاسایش و هەڵکشانى توندوتیژى نەکەوێتەوە. هەروەها مەبەستیشیەتى، ئەو ئاستەى کە پێی گەیشتووە لە پەیوەندییە ئابوورییەکانى لەگەڵ حکوومەتى سوودانى، بەرژوەندییەکانى بپارێزێ. ئەو پاراستنەیش لە ڕێگەى بنەماکانى هاوکارى دەبێ لەسەر ئاستى هەواڵگری و دیپلۆماسی و بەردەوامبوونى زیاترى کارى کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە عێراق و مامەڵەکردن لەگەڵ عێراق لە ڕوانگەى ستراتیژییەتى نوێی ئەمریکا دەرهەق بە عێراق.

هەرچەند شێوازى مامەڵەکە لەگەڵ عێراق لە ستراتیژییەتى نوێی ئەمریکا سەرەکی نییە و لاوەکی و تەواوکارە، چونکە ئەمریکا بە یەک پاکێچی ستراتیژى دەڕوانێتە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستى نوێ؛ تەنانەت لە بەڵگەنامەى ئاسایشی نەتەوەییی نوێی ئەمریکاى ساڵی 2025 بە وشەیەکیش ناوی عێراق نەهاتووە. ئەمەیش بەپێچەوانەى ساڵانی پێشووەوەیە لە دواى 2001. لە هەموو بەڵگەنامەکانى ئاسایشی نەتەوەییی ئەمریکاى ساڵانی 2002، 2006، 2010، 2015، 2017، 2021 عێراق کەم تا زۆر، یەکێک بوو لە میحوەرەکانى ستراتیژییەتى ئەمریکا، بەڵام لە ساڵی 2025 تەنانەت هەر ناویشی تێدا نەهاتووە. بەڵام ئەوە ناگەیەنێ کە ئەمریکا هیچ بایەخێکی ستراتیژیى لە عێراق نەمابێ، بەڵکوو نەک هەر عێراق، تەواوى دەوڵەتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، ناویان لە بەڵگەنامەکەى ساڵی 2025 نەهاتووە، بەڵکوو باس لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەکات وەک گۆڕەپانێکی ئابوورى و وەبەرهێنان بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان و دابینکردنى هەژموونى ئیسرائیل لە ناوچەکە.

ئەمریکا لەو دیفاکتۆ سیاسییەى عێراق باش حاڵی بووە کە نیگەرانى و تانەدان لە بەرەنجامەکانى هەڵبژاردن، هیچ ئاکامێکی خێرا بەدەستەوە نادات؛ هەر بۆیە خۆى لە درێژەدان بە کێشمەکێشی یاسایی و سیاسی دەپارێزێ. بەڵام ئەمریکا ڕاستەوخۆ ڕەفتار لەگەڵ لایەن و کەسایەتییە عێراقییەکاندا دەکات، هەر بۆیە ئاستى پەیوەندیی دابەزاندووە بۆ سەر ئاستى نوێنەرى تایبەتى سەرۆکى ئەمریکا؛ دەنا بوونى باڵێوزخانە پێویستى بە نوێنەرى سەرۆک نەبوو. یەکێک لە ئامانجەکانیشی، ناچارکردنى میلیشیاکانە بۆ بوون بە ئۆرگانێکی سیاسی و داماڵینى چەکەکانیان و دوورکەوتنەوەیان لە شوێنکەوتەیی بۆ ئێران. کەواتە ئەمریکا تا هەنووکە هیچ مەبەستێکی سەربازیى لە دژى میلیشیاکان نییە؛ تەنیا سیاسەتى ئیحتیواکردن (جڵه‌وكردن)یان بەکار دێنێ.

سەرلەنوێ گێڕانەوەى هاوسەنگى بۆ ناو کایەى سیاسیی عێراق، مەبەستێکی ترى ئەمریکایە لە ڕێگەى گوشارى سیاسی و دیپلۆماسی و ئابوورى، کۆمەکى و هاوکاریکردنى هاوبەش و دۆستەکانی ئەمریکا، مامەڵەکردن لەگەڵ چەند لایەنێکی ناو چوارچێوەى هەماهەنگی و بە پەراوێزخستن و تەریککردن و دوورخستنەوەى چەند گرووپێکی کەمیان لە پرۆسەى دروستکردنى بڕیارى سیاسیی عێراق.

کەواتە وێناى دیزاینکراوی ئەمریکا بۆ عێراق چییە؟

  • بەپێی ستراتیژییەتى نوێی ئەمریکا بێت، عێراق دەرفەتى قوتاربوونى لە هەژموونى ئەمریکا نییە، بەڵکوو بەشێکە لە پاکێجێکی تەواوکار بەپێی بەڵگەنامەى ستراتیژیی ئاسایشی نەتەوەییی ئەمریکاى 2025 بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست.
  • پەیوەندییەکانى ئەمریکا لەگەڵ عێراق زیاتر لە چوارچێوەى ئاسایش و ئابووریدان. کەواتە عێراق لەناو پاکێجەکەدایە و، دەبێ پێوەى پابەند بێ.
  • بەشداریپێنەکردنى پرۆکسییەکانى ئێران لەلایەن ئەمریکاوە، بووەتە دۆسیەیەکی بەنێودەوڵەتیکردن؛ بەوەى ئەگەر ئەوان بەشدار بن لە پرۆسەى بڕیار و دەسەڵات، ئەوا لەسەر ئاستى دونیا، عێراق دووچارى سزا و گەمارۆ و پشتتێکردن دەبێتەوە و بەرەو گۆشەگیری و قەیرانى ناوخۆیى دەبات و لەوانەیە دووچارى پارچەبوون ببێت.
  • عێراق دەبێ حکوومەتێکی سەقامگیرى شەرعی و دامەزراوەییی دەستووری بێت و، خواستى ئەمریکاى تێدا ڕەچاو کرابێ.
  • حکوومەتەکە دەبێ ئەوەندە تواناى هەبێ، کە سنوورێک بۆ دەستێوەردانەکان و هەژموونى ئێران دابنێ.
  • حکوومەتەکە لەسەر بنەماى تەوافوقی و هاوسەنگیى نێوان لایەنە عێراقییەکان دەبێت.
  • حکوومەتەکە دەبێت لامەرکەزییەتى سیاسی و فیدراڵییەتى تێدا ڕەچاو بکرێ و بە هیچ شێوەیەک بەهێزبوونەوەى ناوەند قبووڵ نییە؛ چونکە گرفتەکانى بەرەنجامیان مسۆگەر نییە و سنووریشیان دیار نییە.
  • سەرۆکوەزیران هەر لە مەزهەبی شیعە دەبێت و، دەکرێ پاڵێوراوی چوارچێوەى هەماهەنگییش بێ، بەڵام لەو گرووپانەى ناو چوارچێوەى هەماهەنگی کە بە پرۆکسیی ئێران و میلیشیاکانى ئەژمار ناکرێن؛ چونکە لاى ئەمریکا بەشداریپێکردنى گرووپە پرۆکسییەکان، هێڵی سوورە. ئەگەر گرووپە پرۆکسییەکانى سەر بە ئێران- کە ژمارەى کورسییەکانى پەرلەمانیان (58)ه-‌ لە چوارچێوەى هەماهەنگی بێنیتە دەرەوە، ئەوا چوارچێوەى هەماهەنگی بەبێ سوودانى تەنیا 32 کورسیی بۆ دەمێنێتەوە، کە 27 کورسییان هی “دەوڵەتى یاسا”ن. لەو 58 کورسییەیش 46 کورسییان هی هاوپەیمانێتییەکەى “خەزعەلی” و “عامری”ن. ئەو حاڵەتەیش پێگەى سوننە و کورد لە دانوستان بۆ پێکهێنانى حکوومەتى داهاتوو و پڕه‌نسیپی تەوافوقی ئاسانتر دەکات، بەڵام بارى ئاسایشی عێراق دژوار دەکات.
  • دەبێ حکوومەتى نوێ دۆسیەکانى لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور یەکلایی بکاتەوە، به‌تایبەت کە حکوومەتى عێراقی بۆی دەرکەوت، کە لە داهاتوودا ئەمریکا قورساییی کارى خۆى و بەرژەوەندییەکانى لە عێراق، لە “هەرێمی کوردستان”ەوە بەڕێوە دەبات.
  • بەرتەسککردنەوەى بژاردەکانى یەکێتیى نیشتمانى لە بەرانبەر پارتى دیموکرات لە دۆسیەى پێکهێنانى کابینەى دەەیەم؛ بەڵام یەکێتى وەک شەریکێکی ڕەسەن و سەرەکی لە دەسەڵات، هەر دەمێنێتەوە.

ئایا پێوەرەکان بۆ زیاتر ڕۆشنبوونەوەى ئەو هەڵوێستەى ئەمریکا چین؟ ئێمە دەبێ چاودێریی چی بکەین؟

  • پاڵێوراوى چوارچێوەى هەماهەنگی بۆ سەرۆکوەزیرانى نوێ کێیە؟
  • پێکهاتەى ئەنجومەنى وەزیرانی نوێ چۆنە؟ ئایا پرۆکسییەکانى سەر بە ئێرانی تێدایە یان نا؟
  • ئەجێنداى کابینەى نوێ چییە؟ ئایا تەعبیر لە ئاییندەى ئەو عێراقە دەکات، کە ئەمریکا وێنا و گریمانەى کردووە؟
  • هەڵوێستى گرووپە پرۆکسییەکان، سەبارەت بە حکوومەتى نوێ، ئەگەر بەشدار نەکران تێیدا؛ چونکە پێ ناچێت لەو حاڵەتەدا بێ کاردانەوە دانیشن. ئەمریکاش بۆ پاراستنى عێراق هەمان هەڵوێستى سەربازیی ساڵانى 2003 – 2009 دووبارە بکاتەوە.
  • لەمەودوا لە ئاماژە دیپلۆماسییەکانى ئەمریکاوە دەردەکەوێ کە چەند پەسەندی حکوومەتى نوێ دەکەن یان نا؛ ئەویش لە ڕێگه‌ی ئەو شاندانەى کە بەبەردەوامى سەردانى عێراق دەکەن و بابەتەکەیان زۆر بەڕژدی وەرگرتووە.
  • هەڵکشان و داکشانى هاوکێشەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، به‌تایبەت لە بابەتى پەیوەندییەکانى ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران، باشی و خراپیی پەیوەندییەکە، کاریگەریى ڕاستەوخۆى لەسەر پێکهێنانى حکوومەت هەیە؛ بەڵام ئەگەرى سازشی ئێران و پرۆکسییەکانى لە عێراق هەیە، كه‌ لە بەرانبەر مانەوەیان سازش بۆ ئەمریکا بکەن. به‌تایبەت پێ دەچێت ئێران لە بەرانبەر هاوکێشەکانى ترى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و گرفتەکانى خۆى لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، سازش لەسەر دۆسیه‌ی عێراق بکات.

کەواتە پێکهێنانى حکوومەت بەو خێرایییە نییە، کە چوارچێوەى هەماهەنگی دەیخوازێ.

ئەدی سیناریۆکانى پێکهێنانى حکوومەت چین؟

سیناریۆکان کەم نین، چونکە زیاتر لە لایەنێکى ناو چوارچێوەى هەماهەنگی و ئەمریکا و ئێران، دەستی تێ وەردەدەن و لە بەرژەوەندیى خۆیانی وێنا دەکەن. لەو بارەیەوە دەکرێ سێ سیناریۆ بخەینە ڕوو:

  • حکوومەتێکی تەوافوقیی “بنکە فراوان”، بە بەشداریى ئەو لایەنانەى کە گرفتیان نییە لەلایەن ئەمریکاوە. ئەو حکوومەتە کاتێک سەرکەوتوو دەبێ کە سێ ڕەهەندی تێدا بەدی بێت: لایەنەکان بە پشکی خۆیان ڕازی بن، ئێران و میلیشیا پرۆکسییەکانى لە بارودۆخى هەستیارى عێراق تێ بگەن و پێی ڕازی بن لە بەرانبەر مانەوەیان لە گۆڕەپانەکەدا، پشتیوانیی ئەمریکا و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و ناوچەیی بۆ حکوومەتەکە و پاراستنى لە هەڕەشە ناوخۆیی و دەرەکییەکانى. بەڵام ئەم سیناریۆیە ئاسان نییە، به‌تایبەت بۆ چوارچێوەى هەماهەنگی.
  • دروستکردنى حکوومەتێکی تێکەڵەى بەپەلەى لاواز لەژێر گوشارى ئەمریکا و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و ناوچەیی. ئەم جۆرە حکوومەتە گه‌رەنتیى مانەوە و سەقامگیریى کەمە- بارودۆخى عێراق لەسەر ئاستى ناوچەیی و ناوخۆیی دووچارى داکشان دەبێ.
  • دواکەوتنى پێکهێنانى حکوومەت و مانەوەى سوودانى لە دەسەڵات وەک کاربەڕێکەر و بەڕێوەبردنى قۆناغەکە، بۆ ئه‌وه‌ی توندوتیژیی سیاسی و تیرۆر لە عێراق نەکەوێتەوە. بەڵام لەو حاڵەتەدا گه‌رەنتى کەمە و هاوکێشەکانى عێراق زیاتر بە بارودۆخى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستەوە گرێ دەدرێ، به‌تایبەت بە دۆسیەى ئێران و هاتنەناوەوەى ئیسرائیل بۆ هاوکێشەکە و، ئەگەرى دووبارەبوونەوەى هەڵبژاردنیش بەدوور نازانرێ.

بەڵام ئایا ئێران بەو وەرچەرخانە لەسەر ئاستى دەسەڵاتى سیاسیی عێراق، ڕازی دەبێت؟

وەڵامەکە ڕێژەیییە. گەرچی ئێران لە هاوکێشەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ئەوەندە بارى لار بووە، کە تواناى ڕاستبوونەوەى ئاسان نییە و گوشار و هەڕەشەکانى جارانى لەدەست نایە؛ ئەوەى کە مەبەستیەتى، مانەوەى بەرژه‌وەندییەکانیەتى لە عێراق لەسەر ئاستى سیاسی و ئابوورى و ئاسایش؛ مانەوەى عێراق وەک دۆست و پشتیوان.

لەسەر ئاستى پێکهێنانى حکوومەتیش، ئێران مەبەستیەتى ئەوانەى کە پرۆکسیی خۆیانن یان دۆستایەتییان لەگەڵیدا هەیە، جڵەوى دەسەڵات بگرنە دەست و وەزارەتە هەستیارەکانیش هەر لاى ئەوان بمێننەوە؛ ئەمە جگە لەوەى کە ئێران پێویستى بە لێکتێگەیشتنێک هەیە لەگەڵیاندا بۆ پاراستنى بەرژەوەندییەکانى لە عێراق.

ئایا ئێران ئەو گوشار و کاریگەرییەى لەدەست دێ؟ یان ئایا میکانیزمەکانى چین؟

ئێران گەرچی هەندێ لە هەژموونەکەى لە عێراق بەرەو کەمبوونەوە چووە، بەڵام ئەو بێدەسەڵاتەیش نییە کە دەستەوەستان مابێتەوە؛ ئەو هەندێ کارتى گوشارى هەر ماوە، وەک: پشتیوانی لە هاوپەیمان و پرۆکسییەکانى، کە دەتوانن بارودۆخی عێراق دووچارى پشێوی بکەن، تەنانەت لەناو پەرلەمان پرۆکسییە میلیشیا ڕاستەوخۆکانى خاوەنى 58 کورسین، جووڵەى دیپلۆماسی لە پێناو لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەمریکا و سازشکردن بۆى، ئەمە بێجگە لە بوونى 129 کورسیی دی، کە لەسەر پرۆژەى حوکمڕانیی شیعە ئەژمار دەکرێن لە پەرلەمان، کە کۆى کورسییەکانى پێکهاتەى شیعە لە پەرلەمان نزیکەى 187 کورسییە.

کەواتە ئێران بەهۆى ئەو بارودۆخە نالەبارەى کە تێی کەوتووە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و بوونى گوشارێکی بێشومار لەسەرى، توانا و کاریگەریى کەم بۆتەوە و ناتوانێ حکوومەتى عێراقى لە پێکهێنان و دروستکردنى بڕیار، وەک جاران ئاڕاستە بکات و هەژموونى بەسەریەوە هەبێت.

ئەدى ئەگەر ڕەوتە پرۆکسییە میلیشیایییەکان و ئێران لەگەڵ ئەمریکا نەگەیشتنە ئاکام، چی ڕوو دەدات؟

ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک نایەوێ بچێتە ململانێی سەربازییەوە لەگەڵ میلیشیاکان؛ زۆربەى لێدان و هێرشەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجام دەدرێن. ئەمریکا گوشارى تەواوى خۆى دەخاتە گەڕ تا میلیشیاکان بکاتە چەند گرووپێکی سیاسی و، چەک تەسلیم بە حکوومەت بکەن، چونکە بەپێچەوانەوە بارودۆخەکە تێك ده‌چێت و عێراقیش دووچارى گۆشەگیری دەکات لەسەر ئاستى ناوچەیی و نێودەوڵەتى و، وڵات بۆ سەر سێ ناوچەى هێز دابەش دەبێ: هەرێمی کوردستان، سوننە، شیعە. دووریش نییە پارچەبوونى وڵات لەوەى ئێستا زیاتر بەخۆیەوە ببینێ و نەخشەى سیاسی و هاوپەیمانێتییەکان گۆڕانکارییان بەسەردا بێت.

کەواتە سیناریۆکانى پەیوەندیی هەڵکشان و داکشانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە بابەتى پێکهێنانى حکوومەت چین؟

بۆ ئەویش دەتوانین سێ سیناریۆ پوخت بکەینەوە:

  • ڕازیبوونى مەرجدار لەلایەن ئێرانەوە: لەو بارەیەوە ئێران دەیەوێ هاوپەیمانەکانى لە پێکهێنانى حکوومەتدا بەشداریى ڕاستەقینەیان هەبێ، گه‌رەنتیى پێ بدرێ کە هاوپەیمان و بەرژەوەندییەکانى خۆی پارێزراو دەبن، لەگەڵ بوونى سەرۆکوەزیرانێکی تەوافوقی.
  • جڵه‌وكردن (ئیحتیواكردن)ی دۆسیەکە: ئەویش گۆڕانکارى لە ستراتیژییەتى ئێراندا لە عێراقدا دێنێتە ئاراوە، هەوڵ بۆ خاڵی گوشار دەدات لەناو عێراق، وەک: خۆپیشاندان و دەستێوەردان، هێنانەناوەوەى دەوڵەتانى ناوچەکە بۆ ناو هاوکێشەى سیاسیی عێراق، وەک: تورکیا، ئیسرائیل، سووریا، هەوڵدان بۆ لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەمریکا. ئەمەیش عێراق دووچارى مانەوەى حکوومەتێکی کاربەڕێکەر دەکات تا وادەیەکى زەمەنیى زۆر.
  • ڕووبەڕووبوونەوە: ئەمەیش بژاردەیەکی ئاسان نییە بۆ ئێران؛ بەڵام ئەو کاتە ئێران پەناى بۆ دەبا، کە پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل تەواو بەرەو داکشان بچێت و بەرژوەندییەکانى بەتەواوى بکەونە مەترسییەوە، جووڵه‌پێکردنى و کاراکردنى میلیشیا پرۆکسییەکانى بۆ پشتیوانیی خۆى، لەسەر ئاستى سیاسی و دامەزراوەیی و سەربازی، هەوڵدان بۆ پێکنەهێنانى حکوومەتى نوێ و دواخستنى، تا جارێکی تر ئێران و پرۆکسییەکانى خۆیان ڕێک دەخەنەوە و ئەو حکوومەتە کاربەڕێکەرەیش هەر بەدەست خۆیانەوە دەبێ، کە ئێستا هەیە. گەرچی سوودانى سەرۆکوەزیرانیەتى، بەڵام چوارچێوەى هەماهەنگی خاوەنى (50+1)ه‌ تێیدا.

ئایا ئەمریکا لە پێکهێنانى حکوومەتى عێراق، قسەى خۆى دەباتە سەر؟

بەڵێ

  • مەبەستى ئەمریکا تەنیا پێکهێنانى حکوومەت نییە، بەڵکوو ڕاستکردنەوەى ئاڕاستەى پرۆسەى سیاسیی عێراقە، بەرەو نیشتمانیبوون و دەستووری و هاوسەنگى و دوورخستنەوەى لە هەژموونى ئێران و پاراستنى بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا و ئیسرائیل.
  • ئەوپەڕی بەرتەسککردنەوەى نفووزى چین و ڕووسیا لە عێراق.
  • عێراق بکرێتە یەکێک لەو یەکە سیاسییانەى کە سیسته‌مى ئاسایشی ناوچەیی لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست پێک دەهێنن.
  • هەوڵدان بۆ ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانى حکوومەتى عێراقە لەگەڵ ئیسرائیل.
  • ئیسرائیل و ئەمریکا لەو دیزاینە نوێیەیان بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست کارى ڕژد دەکەن، به‌تایبەت لەو وادەیەى کە تڕه‌مپ لە سەرۆکایەتیى ئەمریکا دەمێنێتەوە؛ چونکە ئەو پشتیوانییەى ئەمریکا بۆ ئیسرائیل کە لە سەردەمی تڕه‌مپدا دەکرێ، لە هیچ قۆناغ و سەرۆکێکی ئەمریکا لە مێژوودا نەکراوە. لەبەر ئەوە ئیسرائیل و ئەمریکا ئەو دەرفەتەى کە هاتۆتە پێش بۆ فۆرمەلەکردنەوەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، لەدەست خۆیانى نادەن.
  • پێکهێنانى حکوومەتى عێراق، بەشێکە لە ستراتیژییەتى ڕووبەڕووبوونەوەى ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست. یەکلاکردنەوەى حکوومەتى عێراق بۆ لاى خۆیان، دەبێتە مایەى بەرتەسکبوونەوەى تەواوى هەژموونى ئێران لە ناوچەکە؛ دووریش نییە ببێتە هۆکارێک بۆ تەسلیمبوونى ئێران بە ڕێکكەوتن لەگەڵ ئەمریکا.
  • گێڕانەوەى عێراق بۆ ناو کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و ناوچەیی و دورکەوتنەوەى لە ئێران.

کەواتە ئەمریکا حکوومەتێکی نوێی عێراقی دەوێت کە ببێتە یەکێک لەو یەکە سیاسییانەى کە لەلایەن ستراتیژییەتى ئەمریکییەوە ئاڕاستە دەکرێ و بەرژەوەندییەکانى دەپارێزێ و ڕەگەزێکی کاریگەرى سیسته‌مى ئاسایشی هەرێمییە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست کە لەلایەن ئیسرائیلەوە ڕێبەرى دەکرێ.

حکوومەتى هەرێم چیی دەست دەکەوێ؟

لەوانە:

گرفتەکانى لەگەڵ بەغدا ئاسانتر چارەسەر دەبن، به‌تایبەت بوودجە و مووچە، پێگەى فیدراڵیی هەرێم لە عێراق بەهێزتر دەبێ، کاریگەریى ئەرێنیی بۆ سەر یەکڕیزیی کورد لە بەغدا دەبێت، هەرێم وەک میحوەرێکی سەرەکیی سیاسی لە عێراق دەمێنێتەوە، هەنگاوێک دەبێ بۆ ڕیفۆرم لە سیسته‌مى سیاسیی عێراق و بەدەستووریبوونى.

image_pdfimage_print