ماڵپەڕ: The National Context
لە ١٦ی حوزەیراندا، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشی عەلی زەیدی (Ali al-Zaidi)، سەرۆکوەزیران و تۆم باراک (Tom Barrack)، نێردەی تایبەتی سهرۆككۆمار بڵاو کردەوە، کە دوای کۆبوونەوەی ڕۆژی پێشوویان لە پایتەخت هات. دوو تایبەتمەندی بەزەقی دەردەکەون: یەکەم، بەڵگەنامەکە لە یەک کاتدا ئاسایش و بازرگانی تێکەڵ دەکات. پابەندبوونی عێراق بۆ ”چەککردن و هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی”ی گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت، گرێ دەدات بە پاکێجێک لە پڕۆژەکانی ئەمریکاوە: مۆڵەتی کارپێکردنی ستارلینک (Starlink)، چوونەناوەوەی شیڤرۆن (Chevron) بۆ کێڵگەی قورنەی دوو و ناسرییە، گەرەنتییە ئەمنییەکان بۆ ئێچ کەی ئێن (HKN)، وێسترن زاگرۆس (Western Zagros) و هەنت (Hunt) بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانیان، وێستگەیەکی گازی سروشتیی شلکراوەی ئێکسێلەرەیت ئینێرژی (Excelerate Energy LNG) لە خۆر زوبێر، لەگەڵ یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەگەڵ تی ئای کاپیتەڵ (TI Capital) بۆ نۆژەنکردنەوەی بۆڕیی نەوتی کەرکووک-بانیاس. دووەم، ترەمپ لە ناوەڕاستی مانگی تەممووزدا لە کۆشکی سپی میوانداریی زەیدی دەکات.
لایەنی سوورییش لە هەمان ئەو ڕۆژانەدا دەرکەوت. لە ٩ تا ١٣ی حوزەیران، محەممەد بەشیر (Mohammad al-Bashir) وەزیری وزەی سووریا لە واشنتن بوو و لەگەڵ کۆمپانیاکانی وزەی ئەمریکا کۆ بووەوە. لە ١٦ی حوزەیراندا، کۆمپانیای نەوتی سووریا ڕێککەوتنێکی پەرەپێدانی لەگەڵ کۆنۆکۆفیلیپس (ConocoPhillips) و نۆڤاتێرا (Novaterra) واژۆ کرد، کە یەکەم ڕێککەوتنی لەم جۆرەیە لەنێوان کۆمپانیایەکی گەورەی نەوتی ئەمریکی و حکوومەتە نوێیەکەی سووریادا بکرێت. دواتر ئەحمەد شەرع (Ahmed al-Sharaa)، سەرۆککۆمار، لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە دیمەشق پێشوازیی لە بەڕێوەبەرانی جێبەجێکاری کۆمپانیاکان کرد. ڕۆژێک پێشتر، جێگری پارێزگاری حەسەکە پشتڕاستی کردەوە کە ئێچ کەی ئێن ئینێرژی (HKN Energy) دەستی بە کارپێکردنی ئەو کێڵگە نەوتییانە کردووە کە هێزە کوردییەکانی سووریا لەم دوایییانەدا، لایەنی کەم بە شێوەیەکی فەرمی، ڕادەستی دیمەشقیان کردوون.
ئەگەر پێکەوە سەیریان بکەین، ڕێککەوتنەکانی عێراق و سووریا ئەوە دەردەخەن کە واشنتن وەک دوو بەش لە فەزایەکی بازرگانی و وزەی یەکگرتوو و پێکەوەگرێدراو، مامەڵە لەگەڵ ئەو دوو وڵاتەدا دەکات.
بەستێن: ئێستا باراک لە یەک کاتدا سێ پۆستی هەیە: باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا، نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتی بۆ سووریا و، هەر لەم سەردانەیشەوە وەک نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتی بۆ عێراق. ئەمەیش وا دەکات ئەنقەرە، بەغدا و دیمەشق لەبری سێ دۆسیەی جیاواز، بکەونە ژێر سەرپەرشتیی یەک کەناڵی باڵاوە. ناوبراو یەکەم گەشتی خۆی کە سووریا و عێراقی دەگرتەوە، لە بەغداوە دەست پێ کرد و دواتر بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرکردە کوردەکان چووە هەولێر.
نەخشەی کۆمپانیاکانیش هەمان چیرۆک دەگێڕنەوە. چەندان کۆمپانیا لەوانەی ناویان لە ڕاگەیەنراوەکەی عێراقدا هاتووە، هاوتەریب بەرەو سووریاش دەچن. ئێچ کەی ئێن ئینێرژی لە هەموویان زیاتر پردێکی ڕوونە: کە پێشتر لە هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵدا کاری دەکرد، ئێستا ئەو کێڵگانەی پێشووی هەسەدە (SDF) لە ناوخۆی سووریادا بەڕێوە دەبات، واتە یەک کۆمپانیا لە هەردوو دیوی سنوورەکەدا کار دەکات. شیڤرۆن، لە کاتێکدا لەسەر قورنەی دوو لە عێراق دانوستان دەکات، هاوکات ڕێککەوتنێکی گەڕان و پشکنینی دەریاییی لەگەڵ هاوبەشێکی قەتەریدا لە سووریا هەیە. کۆنۆکۆفیلیپس لە دیمەشق واژۆ دەکات و لە هەمان کاتدا بەشێکە لە کۆنسۆرسیۆمێکی تۆتاڵ ئینێرژیز (TotalEnergies) و قەتەرئینێرژی (QatarEnergy) بۆ پشکنینی بلۆکی سێی دەریاییی سووریا. بەیکەر هیوز (Baker Hughes)، هەنت و ئارجێنت ئێڵ ئێن جی (Argent LNG) نەخشەڕێگهیەکی گشتگیری وزەی سووریایان داڕشتووە و تاوتوێی کۆنسۆرسیۆمێکی بەرفراوانتری ئەمریکی-سعوودییان لە سەرانسەری باکووری ڕۆژهەڵاتدا کردووە. هەنت، لە بەرامبەردا، یەکێکە لەو کۆمپانیا کارپێکەرانەی کە ڕاگەیەنراوەکەی عێراق بەڕوونی گەرەنتیی ئاسایشیان دەکات.
بڕبڕەپشتی فیزیکیی ئەم پڕۆژەیە، بۆڕیی کەرکووک-بانیاسە. ئەم بۆڕییە کە لە ساڵی ١٩٥٢ دروست کراوە و لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە لەکار کەوتووە، پێشتر نەوتی خاوی باکووری عێراقی دەگواستەوە بۆ کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاست لە سووریا. بووژاندنەوەی، کە باس لە توانای گواستنەوەی تا یەک ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا دەکرێت، دەرچەیەکی ئەوروپی بە عێراق دەبەخشێت کە پێویستی بە تێپەڕین بە گەرووی هورمز نامێنێت، هەروەها داهاتی ترانزێت و پێگەی ڕێڕەوێکی وزە دەداتە سووریا لەبری ئەوەی تەنیا بەرهەمهێنەر بێت. بەرپرسانی عێراق و سووریا لە ڕێگەی دەستپێشخەریی چوار دەریا (Four Seas Initiative)ەوە چوارچێوە بۆ ئەم خواستە فراوانترە دادەڕێژن، کە کەنداو، دەریای خەزەر، دەریای ناوەڕاست و دەریای ڕەش بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بە جۆرێک کە سووریا و تورکیا سەنتەری سەرەکین تێیدا. یاداشتەکەی تی ئای کاپیتەڵ، کارەکتەرێکی داراییی ئەمریکی دەخاتە ناو ئەو دەمارە سەرەکییەوە.
شرۆڤە: ئێستا ناونانی ئەمە ئاسانترە، چونکە واشنتن بەشێکی زۆری نووسیوەتەوە. باشترین تێگەیشتن بۆ ئەم ڕێڕەوە ئەوەیە کە تەلارسازییەکی ئابووری-ئەمنیی عێراق-سووریا، یان میزۆپۆتامیا-لیڤانتە بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا، و وەک جێبەجێکردنی هەرێمییانەی ستراتیژیی ئاسایشی نەتەوەیی (National Security Strategy) دەخوێنرێتەوە کە ئیدارەکە لە مانگی کانوونی یەکەمدا بڵاوی کردەوە. ئەو بەڵگەنامەیە، هەژموونی وزە و هونەری بەڕێوەبردنی ئابووری دەکاتە ئامرازی هێزی نیشتمانی، ململانێی تەکنەلۆژی وەک پرسێکی پەیوەست بە هێز مامەڵە لەگەڵ دەکات نەک تەنیا بازرگانی، هەروەها ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک گۆڕەپانێک دادەڕێژێتەوە کە دەبێت وەک بارێکی سەربازی کەم ببێتەوە و وەک ئامانجێک بۆ وەبەرهێنان فراوان بێت، نەک تەنیا لە بواری نەوت و گازدا، بەڵکوو لە وزەی ئەتۆمی، ژیریی دەستکرد (AI) و تەکنەلۆژیای بەرگرییشدا. ڕاگەیەنراوەکەی بەغدا و واژۆکردنەکانی دیمەشق، ئەو دۆکترینەن کە ئێستا هاتوونەتە سەر نەخشە.
لێرەدا وزە، پەیوەندییەکان و بۆڕییەکان قورسایییەکە هەڵدەگرن، نەک بازرگانیی ئاسایی، چونکە ئەمانە سیستەمی بنەڕەتین نەک کاڵا. بارێکی نەوت کۆتایی دێت؛ بەڵام بۆڕییەک، وێستگەیەکی گازی سروشتیی شلکراوە، وێستگەیەکی کارەبا یان تۆڕێکی مانگی دەستکرد پەیوەندییەک دروست دەکات کە بۆ دەیان ساڵ بەردەوام دەبێت، کە بەهۆی پارچەی یەدەگ، نەرمئامێر (سۆفتوێر)، دارایی، کارمەندی ڕاهێنراو، پێوەرە گونجاوەکان و ئامادەییی بەردەوامی دابینکارەکەوە ڕادەگیرێت. ئەگەر ئەمانە بخەیتە سەر یەک، پڕۆژەکانی ئەمساڵ زیاتر لە سیستەمی کارپێکردنی ئابوورییەکی پێکەوەگرێدراو دەچن نەک لیستی کۆمەڵێک ڕێککەوتن: بەرهەمهێنان لە ڕێگەی شیڤرۆن، ئێچ کەی ئێن، هەنت و کۆنۆکۆفیلیپسەوە؛ خزمەتگوزارییەکانی کێڵگەی نەوتی لە ڕێگەی بەیکەر هیوزەوە؛ کارەبا لە ڕێگەی جی ئی ڤێرنۆڤا و بەرهەمهێنان بە پاڵپشتیی کەنداوەوە؛ هاوردەکردن لە ڕێگەی وێستگەی پێشنیارکراوی خۆر زوبێری کۆمپانیای ئێکسێلەرەیتەوە؛ تێپەڕین لە ڕێگەی جەیهان و بۆڕیی کەرکووک-بانیاسەوە؛ چینی دیجیتاڵی لە ڕێگەی ستارلینکەوە؛ سەرمایە لە ڕێگەی وەبەرهێنەرانی ئەمریکی و کەنداوەوە و؛ هەماهەنگی لە ڕێگەی باراکەوە لە هەرسێ وڵاتەکەدا. بەوردی، مۆڵەتی ستارلینک، کۆمپانیایەکی ئەمریکی و پێوەرە ئەمریکییەکان لە داهاتووی پەیوەندییەکانی عێراقدا جێگیر دەکات. بەپێی بەڵگە بەردەستەکان، ئەمە تۆڕەکە یان داتای بەکارهێنەرەکانی ناداتە دەست واشنتن و، ئەم جیاوازییەیش پێویستە لەبەرچاو بگیرێت.
ڕاستەوخۆترین پەیوەندی بە ستراتیژەکەوە، تێچووەکەیەتی. سیاسەتی پشتئەستوور بە ژێرخان، ڕێگە بە واشنتن دەدات پێداویستییە هەرزانترەکان، هەماهەنگی، گەرەنتییە سیاسییەکان، سووککردنی سزاکان و دەستڕاگەیشتن بە تەکنەلۆژیای ئەمریکی دابین بکات، لە کاتێکدا کۆمپانیا ئەمریکییەکان سەرمایە، کارپێکردن و پێوەرەکان دابین دەکەن، تورکیا گواستنەوە، بیناسازی و هێزی ڕەقی هەرێمی دابین دەکات، کەنداو پارە دەدات، بەغدا و دیمەشقیش سەرچاوەکان، خاک، گرێبەستەکان و ئەرکی پاراستنی ئاسایشی ڕێڕەوەکە دەگرنە ئەستۆ. ڕوونترین ناو بۆ ئەمە، گواستنەوەی بارگرانییە لەسەر بنەمای ژێرخان: ئەو هەژموونەی کە پێشتر لە ڕێگەی بنکەیەکی سەربازییەوە دەستی دەکەوت، ئێستا لە ڕێگەی باڵانسی داراییی ترەوە بەدەست دەهێنرێت. پێویست ناکات واشنتن هێزەکانی لە ڕمێلان جێگیر بکات بۆ ئەوەی پێگەی خۆی لەوێ بپارێزێت، ئەگەر کۆمپانیایەکی ئەمریکی خاوەنی گرێبەستە درێژخایەنەکە بێت، کێڵگەکە نەوت بداتە بۆڕییە هەرێمییەکان و، سەرمایەی کەنداو یان ڕۆژاوا گەرەنتیی دارایییەکەی بکات. کارتی گوشار لە کۆنترۆڵکردنی خاکەوە دەگۆڕێت بۆ خاوەندارێتیی ئەو سیستەمانەی کە وا دەکەن خاکەکە لە ڕووی ئابوورییەوە کارا بێت؛ ئەمەیش ئەو دابەشکردنی ئەرکەیە کە ستراتیژەکە بەڕوونی پێی باشە و، لەبری ژمارەی سەربازەکان، بە پۆڵا و فایبەر بەرجەستە دەکرێت.
ئەم تەلارسازییە بە جۆرێک داڕێژراوە کە بەرگەی پێچەوانەبوونەوە بگرێت. کاتێک ملیاران دۆلار بۆ بۆڕییەک، وێستگەیەکی پاڵاوتن یان تۆڕێکی نیشتمانی تەرخان دەکرێت، هاوپەیمانییەک بۆ بەردەوامیدان بە کارکردنی دروست دەبێت: حکوومەتەکان داهاتیان دەوێت، کۆمپانیاکان قازانجیان دەوێت، بانكەکان پارەکانیان دەوێتەوە، کرێکاران کارەکانیان دەوێت، دراوسێکانیش بەردەوامیی لێشاوەکەیان دەوێت. ژێرخان بنکەی جەماوەری و پشتیوانیی تایبەت بە خۆی دروست دەکات و، ئەمەیش دەتوانێت تەمەنی لە پەیماننامەیەک زیاتر بێت. پێویست ناکات عێراق و سووریا ببنە هاوپەیمانی فەرمیی ئەمریکا؛ تەنیا پێویستە ئەوەندە بەقووڵی بە سیستەمی وەبەرهێنانی ئەمریکی و کەنداوەوە گرێ بدرێن کە بەردەوامبوونی کارکردنی سیستەمەکە پێویستی بە هاوکاریی ئەوان هەبێت. هەروەها هەر یەک لەم هەڵبژاردنانە بەهێمنی مەودا بۆ تۆڕە ڕکابەرەکانی وەک ئێرانی، ڕووسی، چینی، یان تۆڕی کارەکتەرە چەکدار و سیاسییە سەربەخۆکان تەسک دەکاتەوە، بێ ئەوەی یەک دەرکردنی فەرمییش ڕوو بدات، چونکە چینی داهاتوو بەسادەیی لە ڕێگەی دەستی دیکەوە دروست دەکرێت.
بۆ کارەکتەرە کوردییەکان، دەرەنجامەکان توندن و ئەوان کەوتوونەتە سەر هێڵی پێکەوەگرێدانی تەواوی نەخشەکە. مۆدێلەکە پاداشتی ناوەندگەرایی دەداتەوە و، ئەو سەرمایانەی یەکەم جار دەجووڵێن پەیوەستن بە کوردەوە: کێڵگەکانی حەسەکە کە لە کۆنترۆڵی هەسەدە دەرهێنراون و دراونەتە کارپێکەرێکی ئەمریکی، نەوتی خاوی کەرکووک کە بانیاس بەگەڕ دەخات، لەگەڵ سەرکردایەتیی هەولێر کە باراک لە هەمان ئەو گەشتەدا هەوڵی نزیکبوونەوەیان لێ دەدات کە تێیدا گوشار دەخاتە سەر بەغدا بۆ چەککردنی گرووپەکان. زمانی خودی باراکیش بۆ تێکهەڵکێشکردنی جیاوازییە خێڵەکی، ئایینی و مەزهەبییەکانی ناوچەکە لەناو یەک سیستەمی یەکگرتوودا، هەمان غەریزە وەسف دەکات، کە لە ڕوانگەی هەولێر یان سوەیداوە ئەم تێکهەڵکێشکردنە زیاتر لە ملکەچی دەچێت تا یەکڕیزی.
کەس هیچ کام لەمانەی وەک دۆكترینێکی هەرێمی ڕانەگەیاندووە و، زۆر شتیش بە وابەستە بە بارودۆخەکانەوە دەمێننەوە. دۆسیەی میلیشیاکان یەکلایی نەکراوەتەوە، بۆڕیی نەوتەکە پێویستی بە چەندان ساڵ و ملیاران دۆلار دەبێت و، چەندان ڕێککەوتنی سووریاش لەبری ئەوەی ببنە سەرمایەی بەرهەمهێنەر، هەر بە یاداشتنامەیی ماونەتەوە. ئەوەی ستراتیژەکە بەڕوونی دەیخاتە ڕوو، شێوازەکەیە: وزە، تەکنەلۆژیا و سەرمایە وەک ئامرازە سەرەکییەکان بۆ ئامادەیییەکی کەمخەرجتر و سووکتری ئەمریکا.
لەگەڵ ئەوەیشدا، نەخشەکە زۆر لەوە یەکگرتووترە کە وەک زنجیرەیەک گرێبەستی بێپەیوەندی پشتگوێ بخرێت. واشنتن هەوڵ دەدات لە سەرانسەری عێراق و سووریادا، سیستەمێکی هەرێمی دابمەزرێنێت کە کەمتر پشتبەستوو بێت بە ئێران، ئەویش بە ڕێژەیەکی زۆر بە مەڕەکەبی ئەمریکی و لەسەر بوودجەی خەڵکانی دیکە.
بەڵام ناونانی ئەمە بە سیستەمی قۆناغی دوای-ئێران، کارێکی پێشوەختە دەبێت. ئێران لە جەنگەکە ڕزگاری بوو و، ئەو ڕێککەوتنەی کە کۆتاییی بە جەنگەکە هێنا، ڕەنگە دواجار تاران متمانەبەخۆبووتر بکات نەک لاواز. بۆیە باشتر وایە ئەو تەلارسازییەی کە ئێستا خەریکە شێوه دەگرێت، وەک هەوڵێک بۆ لەقاڵبدان و تێپەڕاندنی هەژموونی ئێران تێ بگەین، نەک وەک بەڵگەیەک لەسەر ئەوەی کە ئێران پێشوەختە وەلا نراوە و جێگەی پێ لێژ کراوە.








