نووسەر: ڕەزا سابتی
ماڵپەر: بی بی سی (BBC)
لێکتێگەیشتننامە نوێیەکەی نێوان ئێران و ئەمریکا، هەرچەندە لە سروشتی یاسایی و زەمینەی دروستبوونیدا جیاوازیی بنەڕەتیی لەگەڵ ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ٥+١ی ساڵی ٢٠٢٥ ناسراو بە JCPOA هەیە، بەڵام بێ گومان لای زۆر کەس ناوی ئەو ڕێککەوتنە بەبیر دەهێنێتەوە و زەمینەی بەراوردکردنی دوو بەڵگەنامە دەڕەخسێنێت کە ئامانجی واژۆکردنی یەکێکیان، ڕێگریکردن بووە لە پەرەسەندنی قەیرانی ئەتۆمی و، ئەوی دیکەیشیان کۆتاییهێنان بە جەنگ.
هۆکاری ئەم جۆرە بەراوردکردنە تەنیا ئەوە نییە کە هەردوو بەڵگەنامەکە پەیوەستن بە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران سەبارەت بە پرسەکانی وەک بەرنامەی ئەتۆمی و سزاکان؛ بەڵکوو ئەم جارە دۆناڵد ترەمپ، کە هەمیشە بە توندترین شێوە ڕەخنەی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی (JCPOA) و باراک ئۆباما، سەرۆککۆماری ئەوکاتی ئەمریکا لە کاتی واژۆکردنی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی زلهێزەکانی جیهان لەگەڵ ئێران لە ساڵی ٢٠١٥دا دەگرت، لێکتێگەیشتنێکی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا واژۆ کردووە.
لە ساڵی ٢٠١٨دا، کاتێک ئەمریکا کشانەوەی خۆی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی (JCPOA) ڕاگەیاند، ترەمپ ئەو ڕێککەوتنەی بە ”کارەساتبار” و ”یەکلایەنە” و خاوەن ”پێکهاتەیەکی داڕزاو و خەوشدار” وەسف کرد. ئیدارەکەی ئەو دەیگوت ڕێککەوتنی ئەتۆمی (JCPOA) دەرفەتی بەردەوامبوونی پیتاندنی بە ئێران داوە و بەرنامە مووشەکییەکە و چالاکییە هەرێمییەکانی ئێرانی کۆنتڕۆڵ نەکردووە، هەروەها لەبەرامبەر سەپاندنی کۆمەڵێک سنوورداریی ناتەواودا، دەرفەتی دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوە دارایییەکان و بازرگانیی دەرەکیی بۆ تاران ڕەخساندووە.
کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی (JCPOA)، گەڕانەوەی سزاکان و کەمکردنەوەی قۆناغ بە قۆناغی پابەندییە ئەتۆمییەکانی ئێران، دۆسیەی کۆماری ئیسلامیی جارێکی دیکە کردەوە بە یەکێک لە قەیرانە سەرەکییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا.
ئێستایش لە لێکتێگەیشتننامە نوێیەکەدا، کە بهپێچەوانەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی (JCPOA) ئامانجی واژۆکردنی، کۆتاییهێنانە بە جەنگ نەک ڕێگریکردن لێی، جارێکی دیکە بەشێک لە هەمان ڕەگەزە سەرەکییەکان لەتەنیشت یەک کۆ بوونەتەوە: پابەندبوونی ئێران بە پەرەنەدان بە چەکی ئەتۆمی، بەڵێنی هەڵگرتنی سزاکان و پەسەندکردنی ڕێککەوتنی کۆتایی لە ڕێگەی ئەنجومەنی ئاسایشەوە. بەڵام ئەم بەراوردکارییە تەنیا لە کاتێکدا دەکرێت کە جیاوازیی سروشتی هەردوو بەڵگەنامەکە بەتەواوی ڕوون بێت. ڕێککەوتنی ئەتۆمی (JCPOA)، ڕێککەوتنێکی کۆتایی بوو لەگەڵ بەڵگەنامەیەکی تێروتەسەل و پاشکۆ تەکنیکییەکان، خشتەی کاتی، کۆتوبەندە ژمارەیییەکان و میکانیزمی چاودێریکردن، بەڵام لێکتێگەیشتننامە نوێیەکە، کە دەقێکی ١٤ خاڵییە، ڕێگەیەکی دوورودرێژی لەبەردەمە تاوەکوو دەبێتە ڕێککەوتنێکی کۆتایی. ئەم بەڵگەنامەیە چوارچێوەیەکی سەرەتایییە لەنێوان ئێران و ئەمریکادا تاوەکوو هەردوو لایەن بخاتە سەر ڕێڕەوی دانوستانێکی ئهوپهڕی ٦٠ ڕۆژە – کە دەکرێت درێژ بکرێتەوە – بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی.
لەم بەڵگەنامەیەدا هەندێک لە پرسە سەرەکییەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی (JCPOA) جارێکی دیکە و بە شێوەیەکی زۆر گشتیتر خراونەتە ڕوو، بەڵام بهپێچەوانەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی (JCPOA) ئاماژە بە بابەتی وەک بەرنامەی مووشەکیی ئێران نەکراوە و، لەبری ئەوە کۆمەڵێک پرس هاتوونەتە نێو دەقەکەوە کە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی (JCPOA)دا جێگەیان نەبوو؛ لەوانەیش لوبنان، گەمارۆی دەریایی، گەرووی هورمز و پلانی ئاوەدانکردنەوەی ئابووریی ئێران.
جیاوازیی لە سروشت، لایەنەکان و پێگەی یاساییدا
ڕێککەوتنی ئەتۆمی (JCPOA) لە تەممووزی ٢٠١٥دا لەنێوان ئێران و گرووپی ٥+١، کە ئەمریکا، بەریتانیا، فەڕەنسا، ڕووسیا، چین و ئەڵمانیا دەگرێتەوە، بە هەماهەنگیی یەکێتیی ئەوروپا یەکلا کرایەوە. چەند ڕۆژێک دواتر، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەی ٢٢٣١ی پەسەند کرد کە بەهۆی پشتڕاستکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی (JCPOA)یەوە زەمینەی کۆتاییهێنانی بە بڕیارنامەکانی پێشووی ئەنجومەنی ئاسایش سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران خۆش کرد و چوارچێوەیەکی بۆ هەڵگرتنی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەندێک ڕێوشوێنی ماوە سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی، مووشەکی و چەکداریی ئێران دیاری کرد.
لێکتێگەیشتننامە نوێیەکە لەنێوان دوو لایەن، واتە ”ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا” و ”کۆماری ئیسلامیی ئێران”، داڕێژراوە. لە دەقەکەدا ناوی ئەکتەر و دامەزراوەکانی دیکەی وەک ئاژانس، ئەنجومەنی ئاسایش، عومان، وڵاتانی کەناراوەکانی کەنداوی فارس و هاوبەشە هەرێمییەکانی ئەمریکا هاتووە، بەڵام پێکهاتە سەرەکییەکەی بەڵگەنامەکە دووقۆڵییە. ئەمەیش لە کاتێکدایە کە ڕێککەوتنی ئەتۆمی (JCPOA) لە چوارچێوەیەکی فرەلایەنە و بە ئامادەبوونی فەرمیی زلهێزەکانی جیهان داڕێژرابوو.
لە باری پێگەی یاساییشەوە هەردوو بەڵگەنامەکە لە یەک قۆناغدا نین. ئەنجومەنی ئاسایش لە ڕێگەی بڕیارنامەی ٢٢٣١ەوە ڕێککەوتنی ئەتۆمی (JCPOA)ی پەسەند کرد و لە چوارچێوەیەدا، ڕۆڵی ئاژانس، ڕاپۆرتی پێشکەشکراو، هەڵگرتنی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەندێک کۆتوبەندی نێودەوڵەتیی دیاری کرد. بەڵام لێکتێگەیشتننامە نوێیەکە لە بڕگەی کۆتاییدا دەڵێت، ڕێککەوتنی کۆتاییی نێوان هەردوو لایەن، ئەگەر بێتە دی، دەبێت دواتر لە ڕێگەی بڕیارنامەیەکی پابەندکەری ئەنجومەنی ئاسایشەوە پەسەند بکرێت.
جیاوازییەکی دیکە لە ئاستی وردەکارییەکاندایە. ڕێککەوتنی ئەتۆمی (JCPOA)، ڕێککەوتنێک بوو کە قۆناغی دیاریکراوی هەبوو؛ لە ڕۆژی پەسەندکردن و ڕۆژی جێبەجێکردنەوە تاوەکوو ڕۆژەکانی گواستنەوە و کۆتایی. لە لێکتێگەیشتننامە نوێیەکەدا، پێشبینیی هەندێک هەنگاوی بەپەلە کراوە، بەڵام بەشێکی زۆری وردەکارییەکان بۆ ڕێککەوتنی کۆتایی هێڵراونەتەوە.
بەرنامەی ئەتۆمی، پیتاندن و چاودێریی ئاژانس
پرسی ئەتۆمی، هەرچەندە سەرەکیترین خاڵی لێکچوونی هەردوو بەڵگەنامەکەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا جیاوازییە بنەڕەتییەکانیشیان دەردەخات.
ڕێککەوتنی ئەتۆمی (JCPOA) کۆتوبەندی وردی بە ژمارە و ئاماری دیاریکراوەوە بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دیاری کردبوو. ئێران لەو کاتەدا قبووڵی کرد ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ماوەی ١٥ ساڵ لە ٣.٦٧٪دا سنووردار بکات. قەبارەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بۆ ٣٠٠ کیلۆگرام کەم کرایەوە. ژمارەی ئامێرەکانی سەنتەرفیوژی ئێران لە نزیکەی ١٩ هەزارەوە بۆ نزیکەی ٦١٠٠ ئامێر کەم کرایەوە. بڕیار بوو فۆردۆ (Fordo) لە سەنتەری پیتاندنەوە بکرێتە سەنتەرێکی توێژینەوە و، دیزاینی وێستگەی ئاوی قورسی ئەراک (Arak)یش گۆڕانکاریی تێدا بکرێت (دوای کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی (JCPOA)، ئێران وردەوردە لەم پابەندییانە پاشگەز بووەوە).
لێکتێگەیشتننامە نوێیەکە، بە هیچ شێوەیەک ناچێتە نێو وردەکاریی لەو جۆرە بە ژمارە و ئاماری دیاریکراوەوە و کۆمەڵێک دەستەواژەی گشتی و دووبارەی لەخۆ گرتووە، وەک ئەوەی کە ”کۆماری ئیسلامیی ئێران جارێکی دیکە جەخت دەکاتەوە کە چەکی ئەتۆمی بەرهەم ناهێنێت یان دەستی ناخات.” هەروەها باس لەوە کراوە کە بڕیارە هەردوو لایەن لە دانوستانەکانی داهاتوودا سەبارەت بە چارەنووسی یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێنراو، بگەنە میکانیزمێکی ڕێککەوتوولەسەر.
بەپێی دەقی لێکتێگەیشتننامەکە، کەمکردنەوەی خەستی لە ناوخۆی ئێران و لەژێر چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیدا (IAEA)، وەک کەمترین ڕێکار بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی ”یەدەگی ماددە پیتێنراوەکان” (یان هەمان یۆرانیۆم) خراوەتە ڕوو. بەڵام بڕیاردان سەبارەت بە چوارچێوەی پیتاندن، بڕ و ئاستەکەی و، ڕەهەندەکانی دیکەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بۆ ڕێککەوتنی کۆتایی دوا خراوە.
ڕێککەوتنی ئەتۆمی (JCPOA) لەپاڵ پرسەکانی دیکەدا کۆتوبەندی دیاریکراوی بۆ ژمارە و جۆری سەنتەرفیوژەکانی ئێران دیاری کردبوو، بەڵام لێکتێگەیشتننامە نوێیەکە هیچ ئاماژەیەک بە ژمارە یان جۆری ئەو ئامێرانە ناکات کە ڕێگەپێدراون، یان ئەو چالاکییانەی کە پەیوەستن بە توێژینەوە و پەرەپێدانەوە.
لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی (JCPOA)دا، ئاژانس بەفەرمی ئەرکی ڕاستیسەلماندن (دهرخستنی ڕاستییهكان) و چاودێریکردنی جێبەجێکردنی پابەندییە ئەتۆمییەکانی ئێرانی لە ئەستۆ بوو و، ڕاپۆرتەکانی پەیوەست بوون بە ئەنجومەنی پارێزگاران و لە چوارچێوەی بڕیارنامەی ٢٢٣١یشدا بە ئەنجومەنی ئاسایشەوە. لە لێکتێگەیشتننامە نوێیەکەدا، ناوی ئاژانس لە پەیوەندی لەگەڵ کەمکردنەوەی خەستیی یۆرانیۆمی پیتێنراودا هاتووە و باس لە دروستکردنی میکانیزمێک بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتننامەکە و ڕێککەوتنی کۆتایی کراوە، بەڵام پێکهاتە، دەسەڵاتەکان، شێوازی ڕاپۆرتبینین و میکانیزمی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی، بۆ ڕێککەوتنی کۆتایی هێڵراوەتەوە.
سزاکان، نەوت، سامانەکان و ئاوەدانکردنەوەی ئابووری
لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی (JCPOA)دا، هەڵگرتنی کۆتوبەندەکانی سەر ئێران بە شێوەیەکی سەرەکی، پەیوەست بوو بەو سزایانەی کە پەیوەندییان بە دۆسیەی ئەتۆمییەوە هەبوو. ئەم سزایانە کەرتەکانی وەک نەوت، غاز، پترۆکیمیایی، بانکی، کەشتیوانی، دڵنیایی، گواستنەوە، بازرگانیی زێڕ و هەندێک کەسایەتی و دامەزراوەی دەگرتەوە. سەرەڕای ئەوەیش، ڕێککەوتنی ئەتۆمی (JCPOA) سەرجەم سزاکانی ئەمریکای لەسەر ئێران هەڵنەگرت. بەشێک لەو سزایانەی کە لەژێر ناوی وەک مافەکانی مرۆڤ، تیرۆر یان بەرنامەی مووشەکی سەپێنرابوون، لە دەرەوەی چوارچێوەی سەرەکیی ڕێککەوتنەکەدا مانەوە.
لە لێکتێگەیشتننامە نوێیەکەدا، ئەو زمانەی بۆ سزاکان بەکار هاتووە بەرفراوانترە. دەقەکە دەڵێت ئەمریکا پابەند دەبێت لە خشتەی کاتیی ڕێککەوتنی کۆتاییدا، کۆتایی بە ”سەرجەم جۆرەکانی سزاکان” لەسەر ئێران بهێنێت؛ لەوانەیش ئەو سزایانەی پەیوەستن بە بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایش، بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی پارێزگارانی ئاژانس و سەرجەم سزاکانی تاکلایەنەی ئەمریکا، چ سەرەتایییەکان و چ لاوەکییەکان.
لێکتێگەیشتننامەکە ڕێوشوێنی بۆ ئەو ماوەیەیش داناوە کە دەکەوێتە نێوان واژۆکردنی بەڵگەنامەکە و هەڵگرتنی سزاکان لە ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی. بەپێی دەقەکە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا پابەند بووە بە دەرکردنی لێخۆشبوونە پێویستەکان بۆ هەناردەکردنی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران، هەروەها ئەو خزمەتگوزارییانەی پەیوەستن پێیانەوە، لەوانەیش لە بواری بانکی، دهستهبهری (بیمه) و گواستنەوەدا.
دەقی لێکتێگەیشتننامەکە دەڵێت دەبێت سەرجەم دارایی و سامانەکان، سەرچاوە سڕکراو یان سنووردارکراوەکان، داهات و موڵکەکانی ئێران، چ لە دامەزراوە دارایییەکاندا و چ لە هەژمار یان گەنجینە دەرەکییەکاندا، بەتەواوی بۆ ئێران شیاوی بەکارهێنان بێت. بەڵام لەو دەقەی کە بڵاو کراوەتەوە هیچ وردەکارییەک سەبارەت بە بڕی پارەکان، وڵاتان، هەژمارەکان، خشتەی کاتی و چۆنێتیی دەستڕاگەیشتن بەم دارایی و سامانانە نەخراوەتە ڕوو.
دۆناڵد ترەمپ چەندان جار و بە شێوازی جیاواز و بە زمانێکی توند، ڕەخنەی لە گواستنەوەی نزیکەی ١.٧ ملیار دۆلار بۆ ئێران لە کانوونی دووەمی ٢٠١٦دا گرتبوو. بەڵام ئیدارەی باراک ئۆباما دەیگوت ئەم پارەیە نە پارەدانێکی نوێیە بە ئێران، بەڵکوو بۆ گەڕاندنەوەی ئەو بڕە پارەیە بووە کە دەیان ساڵ پێشتر بۆ کڕینی کەرەستەی سەربازی بە ئەمریکا درابوو و، جەختی دەکردەوە کە ئەم پارانە دەگەڕێنەوە بۆ کێشەیەکی کۆنی نێوان هەردوو وڵات.
یەکێک لەو بەشانەی کە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی (JCPOA)دا نەبوو، ئەو بەشە بوو کە پەیوەست بوو بە ”ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدانی ئابووریی ئێران” کە لە لێکتێگەیشتننامە نوێیەکەدا ئاماژەی پێ کراوە. ئەم دەقە دەڵێت ئەمریکا لەگەڵ هاوبەشە هەرێمییەکانیدا پلانێکی یەکلاکەرەوە و ڕێککەوتوولەسەر، بە بڕی لانی کەم ٣٠٠ ملیار دۆلار، بۆ ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدانی ئابووریی ئێران دادەڕێژێت. بڕیارە میکانیزمی ئەم پلانەیش لە ڕێککەوتنی کۆتاییدا دیاری بکرێت. ئەمەیش لە کاتێکدایە کە لۆژیکی ئابووریی ڕێککەوتنی ئەتۆمی (JCPOA) بریتی بوو لە هەڵگرتنی سزاکانی ئەتۆمی و کردنەوەی ڕێگەی گەڕانەوەی ئێران بۆ بەشێک لە ئابووریی جیهانی؛ ڕووداوێک کە لە کرداردا ڕووی نەدا.
بەرنامەی مووشەکی و چەکداریی ئێران؛ نەبوونی لە لێکتێگەیشتننامەکەدا
لە لێکتێگەیشتننامە نوێیەکەدا، هیچ ئاماژەیەک بە بەرنامەی مووشەکی و چەکداریی ئێران نەکراوە. دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە کۆتوبەندە مووشەکی و چەکدارییەکانی ئێران لە دەقی سەرەکیی ڕێککەوتنی ئەتۆمی (JCPOA)یشدا نەهاتبوون، بەڵام لە یەکێک لە پاشکۆکانی بڕیارنامەی ٢٢٣١دا، کە ئەنجومەنی ئاسایش بۆ پەسەندکردنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی (JCPOA) دەری کرد، ئاماژە بەم بابەتە کرابوو.
لە چوارچێوەی ئەو بڕیارنامەیەدا داوا لە ئێران کرابوو هیچ چالاکییەک ئەنجام نەدات کە پەیوەست بێت بەو مووشەکە بالیستییانەی بۆ هەڵگرتنی چەکی ئەتۆمی دیزاین کراون. هەروەها گواستنەوەی هەندێک کەرەستە، ئامێر، تەکنەلۆژیا، ڕاهێنان، یارمەتیی دارایی یان خزمەتگوزاریی پەیوەست بە سیستەمە مووشەکییەکان و ئەو تەکنەلۆژیایانەی کە دەیانتوانی یارمەتیدەر بن بۆ پەرەپێدانی سیستەمی هەڵگرتنی چەکی ئەتۆمی، پێویستی بە ڕەزامەندیی تایبەتی ئەنجومەنی ئاسایش بوو لەسەر هەر کەیسێک بەجیا.
بڕیارنامەی ٢٢٣١ لە بواری چەکی ئاسایی یاخود باویشدا کۆمەڵێک کۆتوبەندی دیاری کردبوو. گواستنەوەی هەندێک کەرەستەی سەربازی بۆ ئێران، لەوانەیش تانک، ئۆتۆمبێلی زریپۆش، سیستەمی تۆپخانەی قورس، فڕۆکەی جەنگی، هێلیکۆپتەری هێرشبەر، کەشتیی جەنگی، مووشەک و سیستەمی مووشەکی، بەبێ ڕەزامەندیی پێشوەختەی ئەنجومەنی ئاسایش ڕێگەپێدراو نەبوو. هەروەها وڵاتان پێویست بوو لهسهریان، کە ڕێگری لە گواستنەوەی چەک یان کەرەستەی پەیوەندیدار لە ئێرانەوە بکەن، مەگەر ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایش پێشوەختە و بەشێوەی تایبەت بۆ هەر کەیسێک مۆڵەتی دابێت. ئەم کۆتوبەندە چەکدارییانە لە بڕیارنامەی ٢٢٣١دا کاتی بوون و، بۆ ماوەیەکی دیاریکراو دانرابوون.
هەر ئەم پرسە یەکێک بوو لە بابەتە سەرەکییەکانی ناکۆکی و ڕەخنە سیاسییەکان لەسەر ڕێککەوتنەکەی ٢٠١٥. ڕەخنەگرانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی (JCPOA)، لەوانەیش دۆناڵد ترەمپ، دەیانگوت ئەم ڕێککەوتنە وهك پێویست بەرنامە مووشەکییەکەی ئێران و چالاکییە هەرێمییەکانی سنووردار نەکردووە. لە بەرامبەریشدا، لایەنگرانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی (JCPOA) جەختیان دەکردەوە کە ئامانجی سەرەکیی ڕێککەوتنەکە، سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بووە و کۆتوبەندە مووشەکی و چەکدارییەکانی ناو بڕیارنامەی ٢٢٣١، بەدەر لە دەقە تەکنیکییەکەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی (JCPOA)، بۆ ماوەیەکی دیاریکراو دانرابوون.
لە دەقە ١٤ خاڵییەکەی لێکتێگەیشتننامە نوێیەکەدا کە دۆناڵد ترەمپ واژۆی کردووە، هیچ بڕگەیەک سەبارەت بە بەرنامەی مووشەکیی ئێران، درۆن (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان) یان کۆتوبەندەکانی سەر چەکی باو نابینرێت.
مەودای ڕێککەوتنەکە؛ لە دۆسیەی ئەتۆمییەوە تاوەکوو جەنگ و گەرووی هورمز
یەکێک لە جیاوازییە گرنگەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی (JCPOA) و لێکتێگەیشتننامە نوێیەکە، ئەو دۆخەیە کە ئەم دوو بەڵگەنامەیەی تێدا دروست بووە. لایەنەکان لە ساڵی ٢٠١٥دا ڕێککەوتنی ئەتۆمی (JCPOA)یان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانی ئەتۆمیی ئێران و ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژییەکانی پەیوەست بەو پرسە واژۆ کرد.
بەڵام لێکتێگەیشتننامە نوێیەکە لە زەمینەیەکی تەواو جیاواز و لە دۆخێکی جەنگیدا بە ئاگربەستێکی فشۆڵەوە داڕێژراوە. دەقی ئەم بەڵگەنامەیە تەنیا باس لە بەرنامەی ئەتۆمی و سزاکان ناکات، بەڵکوو هەر لە یەکەم بڕگەیەوە بە بابەتی کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەست پێ دەکات. لەم بڕگەیەدا، باس لە ”کۆتاییهێنانی دەستبەجێ و هەمیشەییی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە سەرجەم بەرەکاندا، لەوانەیش لوبنان” کراوە و هەردوو لایەن پابەند بوون بە خۆبەدوورگرتن لە هەڕەشەکردن یان بەکارهێنانی هێز دژی یەکتر.
هەر لەبەر ئەم هۆکارە، بابەتەکانی وەک گەرووی هورمز و ئازادیی کەشتیوانی و، هەروەها دۆخی لوبنان هاتوونەتە نێو لێکتێگەیشتننامە نوێیەکەوە کە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی (JCPOA)دا پێگەیەکی هاوشێوەیان نەبوو.
بەپێی ئەم بەڵگەنامەیە، ئەمریکا پابەند بووە کە دەستبەجێ دوای واژۆکردنی، پڕۆسەی هەڵگرتنی تەواوەتیی گەمارۆی دەریاییی سەر ئێران دەست پێ بکات و ئەم پڕۆسەیە لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا تەواو بکرێت. لە بەرامبەریشدا، ئێران پابەند دەبێت بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژ تێپەڕبوونی پارێزراوی کەشتییە بازرگانییەکان لە کەنداوی فارسەوە بۆ دەریای عومان و بەپێچەوانەیشەوە، بەبێ وەرگرتنی هیچ تێچوویەک، دابین بکات.
هەروەها دەقەکە دەڵێت، ئێران لە هەمان ماوەدا لەگەڵ عومان و وڵاتانی دیکەی کەناراوەکانی کەنداوی فارس سەبارەت بە بەڕێوەبردنی داهاتووی گەرووی هورمز و خزمەتگوزارییە دەریایییەکان گفتوگۆ دەکات. ئەم بەشانە لێکتێگەیشتننامەکە گرێ دەدەن بە ئاسایشی وزە، کەشتیوانی و ڕێوشوێنە هەرێمییەکانەوە کە لە دەقی ڕێککەوتنی ئەتۆمی (JCPOA)دا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ جێگەیان نەبوو.
بەم پێیە، هەرچەندە لێکتێگەیشتننامە نوێیەکە کۆمەڵێک بابەتی بەرفراوانتر لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی (JCPOA) دەگرێتەوە، بەڵام کاتێک دێتە سەر میکانیزمەکانی پێداچوونەوە، شێوازەکانی جێبەجێکردن و ئامرازەکانی چاودێریکردن، تەنیا لە ئاستی ڕێککەوتنێکی گشتی و سەرەتاییدا دەمێنێتەوە کە وردەکاری و گەرەنتییەکانی جێبەجێکردنی، ناڕوون و تەمومژاوین.








