د. یاسین تەها، پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق
دەسپێک
پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، بەردەوام وەک یەکێک لە ئاڵۆزترین و داینامیکیترین دۆسیەکانی عێراقی پاش ٢٠٠٣ دەمێنێتەوە؛ هاوکێشەیەک کە تێیدا ڕەهەندە دەستووری، ئابووری، سیاسی و ئەمنییەکان تێكەڵ دەبن. لە دەرەوەی دەقە تیۆرییەکانی دەستوور بۆ پێناسەکردنی فیدراڵیزم، لە ڕووی پراکتیکییەوە، لێکدانەوەی “دەسەڵاتە هاوبەشەکان” (بەتایبەت لە کەرتەکانی نەوت، دارایی و ئاسایش) هەمیشە کەوتوونەتە نێو “ناوچەیەکی خۆڵەمێشی” و ملکەچی گۆڕانکارییەکانی ڕەوشی سیاسی و دیدگهی کابینە جیاوازەکانی بەغدا بوون.
لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نوێی حکوومەتی فیدراڵ بە سەرۆکایەتیی “عەلی زەیدی”، دیمەنە سیاسییەکە ڕووبەڕووی پرسیارێکی زەق بووەتەوە: ئایا عێراق بەرەو قۆناغی “ناوەندێتیی نوێی دارایی و کارگێڕی” هەنگاو دەنێت، یان مۆدێلێکی نەرمتر لە فیدراڵیزم پەیڕەو دەکرێت کە دواجار تایبەتمەندی و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان بپارێزێت؟ ئەم پەیپەرە شیکارییە، هەوڵ دەدات ئاراستە و ستراتیژییەکانی سیاسەتی کابینەی نوێی عێراق دەربارەی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی چەند تەوەرێکی سەرەکیدا دەستنیشان بکات.
یەکەم: هاوکێشەی پێکهێنانی حکوومەت و ستراتیژیی مامەڵەكردن لەگەڵ هەرێمدا
کابینە نوێیەکەی “عەلی زەیدی” لە کاتێکدا متمانەی پێ درا کە هێشتا پێکهاتەکەی تەواو نەکراوە؛ ئەمەیش ڕەنگدانەوەی ئەو بارودۆخە سیاسییە ناسەقامگیرەیە کە بەسەر نێوخۆی ماڵی شیعەدا زاڵە. هاوکات، ئەم قۆناغە هاوتەریبە لەگەڵ ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، کە بەهۆی چەقبەستووییی سیاسی و دواکەوتنی پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە قووڵتر بووەتەوە.
عەلی زەیدی، کە بازرگانێکی تەمەن چل ساڵەیە و پێشتر هیچ پۆستێکی باڵای حکوومیی نەبووە، دوای چەند هەفتەیەک لە دانوستاندنی چڕ، لەدوای هەڵبژاردنەکانی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، وەک کاندیدێکی “سازان” لەلایەن “چوارچێوەی هەماهەنگی”ی شیعەوە دەستنیشان کرا. دوای ڕاسپاردنی، لە ١٤ی ئایاری ٢٠٢٦دا، پەرلەمانی عێراق متمانەی بەخشی بە ١٤وەزیر لە کۆی تێکڕای وەزیرە پێشنیارکراوەکان، لە کاتێکدا وەزارەتە سیادی و ئەمنییەکان (بەرگری و ناوخۆ) هێشتا بەهەڵواسراوی ماونەتەوە و، بوونەتە جێی کێشمەکێشی قورسی نێوان لایەنە سیاسییەکان و هیچ وادەیەكی دیاریكراویش نییە بۆ یەكلاكردنەوەیان (Reuters, 2026; Associated Press, 2026).
حکوومەتە نوێیەکەی عێراق لەبەردەم یەخەگیرییەكی ورد و سەرەكیدایە: پاراستنی هاوسەنگی لەنێوان قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ واشنتۆن و پاراستنی کەناڵەکانی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەو هێزانەی درێژكراوەی ئێرانن. بەگشتی، وا دەردەکەوێت چوارچێوەی شیعی، ئەم حکوومەتەی زیاتر وەک “پێداویستییەکی قۆناغەکە” بۆ تێپەڕاندنی لێکەوتەکانی ململانێی ئەمریکا-ئێران لە ناوچەکەدا سەرپێ خستبێت؛ بۆیە ئەجێندای کابینەکە زیاتر لە دەوری ڕێکخستنەوەی دارایی و چارەسەرکردنی شوێنەوارەکانی جەنگ دەسووڕێتەوە، نەک خوڵقاندنی گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە پەیکەری سیاسی و دەستووریی وڵاتدا. ئەمەیش زیاتر لە ئەزموونی كابینەكانی “مستەفا کازمی” و ڕەوشی پاش “تشرین” و کۆرۆناوە نزیکە (2019-2020).
لەسەر ئاستی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێم، سەرۆکوەزیرانی نوێ بەر لە ڕاگەیاندنی کابینەکەی، لە هەنگاوێکی ماناداردا وەک جەمسەرێکی کاریگەر لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد (2ی ئایاری 2026). عەلی زەیدی، هاوشێوەی زۆربەی سەرۆکوەزیرانەکانی پێش خۆی، ڕای گەیاندووە کە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکان (لەگەڵ هەرێمی كوردستان) تەنیا لە ڕێگەی یاسا و ڕێکارە دەستوورییەکانەوە دەبێت (pmo, 2026). لە لایەکی دیکەوە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان “مەسروور بارزانی” دوای سەردانەکەی بۆ بەغدا (٢٣ی ئایاری ٢٠٢٦) ئاماژەی بەوە کرد کە زەیدی و لایەنە سیاسییەکانی بەغدا پەیامی “دڵخۆشکەر”یان داوە و خوازیاری کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێن بۆ چارەسەری گرفتەکان (Rudaw, 2026).
بەڵام ئەم جۆرە لێدوان و گوتارە سیاسییانە، بەشێکن لە “نەریتی دیپلۆماسی” لە عێراقی پاش ٢٠٠٣؛ گوزارشتێکی گشتیی نیازپاکین کە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنەکان دیاری دەکەن، بەبێ ئەوەی گهرەنتییەکی کۆنکرێتی (کردەیی) بدەن بۆ کاتی چوونەنێو وردەکارییە پراکتیکییەکان، بەتایبەت كە جەوهەری کێشەکان بە جیاوازیی دیدگه و خوێندنەوەی ناتەبا بۆ دەقە دەستووری و یاسایییەکانەوە پەیوەستە. سەرەڕای ئەمەیش، ڕاگەیاندنی پابەندبوونی سەرۆکوەزیرانی نوێ بە پڕەنسیپە دەستوورییەکان گرنگیی تایبەتی خۆی هەیە؛ چونکە ئەم سەرۆکوەزیرانە، کارساز و بازرگانە و پێشینەیەکی لە ململانێ و مامەڵەی ڕاستەوخۆی سیاسی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا نییە. لەو چەند لێدوانە کەمەیدا كە تا ئێستا هەیە، ئەوە دەخوێنرێتەوە کە خوازیارە پەیوەندییەکانی هەردوو لا لە حاڵەتی “ململانێی سیاسیی کراوە”وە بگوازێتەوە بۆ چوارچێوەی “بەڕێوەبردنی ناکۆکییەکان لە ڕێگەی دامەزراوە و یاساوە”.
ئەم دیدگهیەیش تا ڕاددەیەکی زۆر دووبارەکردنەوەی مۆدێلی “محەمەد شیاع سوودانی”، “مستەفا کازمی” و “عادل عەبدولمەهدی”یە لە مامەڵەكردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان و كێشە هەڵواسراوەكانی لەگەڵ بەغدا؛ ئەم میتۆدە لەنێوان ساڵانی ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٦ باڵادەست بووە و هەندێکیشی وەرگیراوی ڕێوشوێنەکانی حکوومەتی “عەبادی”یە لەپاش ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە ٢٠١٧.
دووەم: دۆسیەی نەوت؛ لە ململانێی سەروەرییەوە بەرەو “هاوبەشیی ناچاری”
ناکۆکییە درێژخایەنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە دۆسیەی نەوتدا هەمیشە لە دەوری پرسی مافی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن خولاوەتەوە. ئەم کێشەیە ڕەهەندێکی دەستووریی قووڵی هەیە سەبارەت بەوەی ئایا ئەم دەسەڵاتە تەنیا لە چوارچێوەی ناوەنددایە، یان هەرێمیش مافی بەڕێوەبردنی هەیە. بەڵام لەم قۆناغەدا، وا دیارە حکوومەتی “عەلی زەیدی” ستراتیژێکی جیاواز پەیڕەو دەکات کە ئامانج لێی، گواستنەوەی نەوتی هەرێمە بۆ نێو “سیستهمی هەناردەکردنی نیشتمانیی عێراق (SOMO)، بەبێ ئەوەی قەوارەی یاساییی هەرێم بەتەواوی پەراوێز بخات.
هەرچەندە ئامانجی سەرەکیی ئەم پڕۆسەی پەیوەستكردنەی نەوتی هەرێم بە كۆمپانیای نیشتمانییەوە پارەدارکردنی خەزێنەی فیدراڵییە —کە سەرچاوەی دابینکردنی مووچە و خەرجییە گشتییەکانی تەواوی عێراق و هەرێمی کوردستانە— بەڵام تێبینی دەکرێت کابینەی زەیدی تەنیا بەدوای “سەروەریی داراییدا” ناگەڕێت، بەڵکوو هاوکات دەیەوێت ئۆقرەییی سیاسی و کەناڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ هەرێمدا بپارێزێت. لێرەوە، جۆرێک لە لێکتێگەیشتنی نوێ هاتووەتە ئاراوە کە زیاتر لە مۆدێلی “بەڕێوەبردنی هاوبەش”ەوە نزیکە وەک لە دابڕانی تەواوەتی؛ بەڵگەیش بۆ ئەم دیدە پراگماتییە دوو ئاماژەیە:
_ “عەلی زەیدی” لە دیداری لەگەڵ سەرۆكی حکوومەتی هەرێمدا لە بەغدا، پێی ڕاگەیاندووە کە “پێی باشە هەرێم بتوانێت یارمەتیی عێراق بدات لە زیادکردنی بەرهەمی نەوتدا” (Rudaw, 2026).
_ سەرۆكایەتیكردنی کۆبوونەوەیەکی هاوبەشە دەربارەی دۆخی کارکردنی کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکانی هەرێم لەلایەن “عەلی زەیدی” یەوە. لەم كۆبوونەوەیەدا نوێنەرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکئەرکانی سوپای عێراق ئامادە بوون؛ بڕیاری ئەوەیشی تێدا درا کە لە ٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ەوە، کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم دەست بە کارەکانیان بکەنەوە و سەرجەم پێداویستییە لۆجستی و یاسایییەکانیان بۆ فەراهەم بکرێت (PMO, 2026) . ئەم هەنگاوەیش جۆرێك لە بەدەمەوەچوونی مەرجی سەرەکیی کۆمپانیا بیانییەکان بوو كە داوای وەرگرتنی “گهرەنتیی دارایی و یاسایی”یان دەكرد لەلایەن بەغداوە، تاوەکوو بتوانن دەست بە بەرهەمهێنان بکەنەوە و هەناردەکردن لە ڕێگەی بۆرییەکانی هەرێمەوە زیاد بکەن (Rudaw, 2026).
زەیدی لە هەوڵەکانیدا بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێم، نەک تەنیا پێگەی هەرێمی کوردستانی وەک جەمسەرێکی ئابووری خوێندەوە، بەڵکوو لە ڕێگەی ئامادەبوونی سەرۆکئەرکانی سوپاوە، هەوڵی دا نیگەرانییە ئەمنییەکانی دەوروبەری کێڵگە نەوتییەکان بڕەوێنێتەوە. خاڵی هەرە مانادار لە پاساوەکانی زەیدی بۆ ئەم بڕیارە، ئاماژەدان بوو بەو زیانە ئابوورییە گەورەیەی بەهۆی “داخستنی گەرووی هورمز” بەر عێراق کەوتووە؛ ئەمەیش وا دەخوازێت کە بەغدا هەوڵەکانی چڕ بکاتەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کورتهێنانە لە ڕێگەی گەڕان بەدوای دەروازەی نوێی هەناردەکردن و چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەم بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمەوە (PMO, 2026). ئەمەیش دەشێت كاریگەریی لەسەر ئەو دیدە عێراقییە زاڵە هەبێت كە زۆر جار هەرێم بەوە تۆمەتبار دەكات كە “مفتەخۆر”ە و لەسەر نەوتی باشوور و بەسرە دەژی و لە پارەداركردنی خەزێنەی گشتیدا بەشدار نییە.
سێیەم: دۆسیەی مووچە؛ لەنێوان بەئامرازکردنی سیاسی و تەنگژەی داراییدا
کێشە کەڵەکەبووەکانی پرسی مووچە لەنێوان بەغدا و هەولێردا، ئەگەرچی لە ڕوویەکەوە ڕەهەندێکی یاسایی و تەکنیکییان هەیە، بەڵام مێژووی ئاڵۆزبوونی ئەم دۆسیەیە لەپاش شوباتی ٢٠١٤ و بە درێژاییی پێنج کابینەی جیاواز (مالیکی، عەبادی، عەبدولمەهدی، کازمى و سوودانی)، ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەم بابەتە بەدەر نەبووە لە کایەی “بەئامرازکردنی سیاسی، بەو بەڵگەیەی هەر کاتێک تەمومژی پەیوەندییە سیاسییەکان ڕەویبێتەوە، پڕۆسەی خەرجکردنی مووچەیش ڕێڕەوێکی ئاسانی گرتووە؛ بەپێچەوانەیشەوە، لە کاتی گرژییەکاندا، لەمپەرە یاسایی و دارایییەکان وەک کەرەستەی گوشار زەق کراونەتەوە.
لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نوێ و سپاردنی وەزارەتی داراییی فیدراڵ بە “فالح ساری” کە کادیرێکی پێشکەوتووی ڕەوتی حیکمەیە، جۆرێک لە بەدگومانی سەبارەت بە دیدگهی ناوبراو بەرامبەر بە شایستە دارایییەکانی هەرێم دروست بوو. بەڵام لەژێر کاریگەریی پەرۆشیی سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی، بۆ فەراهەمکردنی ئارامی لە دەسپێكی کابینەکەیدا، مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەرانی هەرێم بەر لە كۆتاییی مانگەكە (25ى ئايارى 2026)، بەبێ ئاستەنگی پەیوەست بە داهاتی ناوخۆ خەرج کرا.
ئەم گۆڕاوە نوێیەی مامەڵەی کابینەکەی زەیدی، نزیك بوو لەو كاتەی كە مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند: بەڵێنی فەرمییان لە عەلی زەیدی و سەرکردە سیاسییەکان وەرگرتووە کە “پرسی مووچە تێکەڵ بە هیچ ململانێیەکی سیاسی و کارگێڕی نەكرێت؛ بەڵام هاوکات، بارزانی ئەو ڕاستییەیشی نەشاردەوە کە هێشتا لێکتێنەگەیشتن و بۆچوونی جیاواز لەسەر پێناسەی “داهاتی ناوخۆیی” و شێوازی گواستنەوەی بۆ بەغدا هەیە (Rudaw, 2026).
بەپێی دوا پێشهاتەکانی پاش ئەوەیش، “فالح ساری”، وەزیری داراییی عێراق، ڕژدبوونی خۆی لەسەر بەردەوامیی خەرجکردنی مووچە دەربڕیوە، بەڵام ئەمەی بە جێبەجێکردنی سێ مەرجی سەرەکی لەلایەن هەولێرەوە بەستووەتەوە، کە بریتین لە: ڕەوانەكردنی ڕاپۆرتی داراییی مانگانە لەگەڵ لیستی مووچە، هەناردەكردنی نەوت لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆ، ڕادەستكردنی بڕی 120 ملیار بە بەغدا وەك داهاتی ناوخۆییی هەرێم (Avanews, 2026).
ئەم مەرجانەیش، درێژکراوەی هەمان سیاسەتی “تەیف سامی” و کابینەکەی “سوودانی”یە (٢٠٢٢-٢٠٢٦)، کە کرۆکەکەی دۆزینەوەی پاساوە بۆ ڕای گشتیی شیعە و متمانەپێکردنی هێزە سیاسییەکانە، بەوەی کە هەرێم وەک قەوارەیەکی پابەند بە ڕێکارە دەستوورییەکان مامەڵە دەکات.
لە دەمی ئەم لێکتێگەیشتن و مەرجدارکردنانەدا، گەیشتنی هەولێر و بەغدا بە ڕێککەوتن لەسەر ڕەشنووسی سیستهمی نێودەوڵەتیی “ئەسیکۆدا (ASYCUDA)” بۆ بەڕێوەبردنی دیجیتاڵیی گومرگەکان (المدى، 2026)، دەکرێت ببێتە خاڵێكی وەرچەرخان. ئەم ڕێککەوتنە لەسەر بنەمای ماددەکانی (١١٠، ١١٢، ١١٤ و ١٢١)ی دەستوور داڕێژراوە کە تێیدا پێگەی دەستووری و هاوبەشیی هەرێم پارێزراوە؛ بە جۆرێک زمانی کوردی بۆ سیستهمەکە زیاد دەکرێت، دان بە ناوچە گومرگییە ئازادەکانی هەرێمدا دەنرێت و، تۆمارکردنی کۆمپانیاکانیش لە دەسەڵاتی هەولێردا دەمێنێتەوە (بڕوانە: کوردستان ٢٤، ٢٠٢٦). لای خۆیشییەوە وەزیری داراییی عێراق ئەم هەنگاوەی وەک چاکسازییەکی گرنگ بۆ زیادکردنی داهاتی نانەوتی نرخاندووە. ئەمەیش زەمینە خۆش دەکات بۆ هەنگاوی ئەرێنیتر لەلایەن ناوبراوەوە لە دۆسیەی مووچەدا، بەتایبەت كە سەرۆكوەزیرانی هەرێمیش دەڵێت بە ڕادەستكردنی 50%ی داهاتی ناوخۆیییەوە پابەندن (Rudaw, 2026).
سەرباری ئەم ئاراستە ئەرێنییانە، ئاییندەی داراییی ئەم پڕۆسەیە لەبەردەم مەترسییەکی گەورەتردایە کە پەیوەندیی بە خودی گەنجینەی بەغداوە هەیە. عێراق بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی حوزەیرانی ٢٠٢٦ ڕووبەڕووی کورتهێنانێکی توند دەبێتەوە. بەپێی ئامارەکانی هەندێك سەرچاوەی تایبەتمەند، هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگی نیسانی ڕابردوودا بە ڕێژەیەکی بێپێشینە (%٩٦) بەراورد بە نیسانی ٢٠٢٥ دابەزیوە. داهاتی نەوتی وڵات بە ڕێژەی %٧٢ کەمی کردووە، لە کاتێکدا پێش سەرهەڵدانی قەیرانی گەرووی هورمز، داهاتی مانگانەی نەوت لە ئاستی ٧ ملیار دۆلاردا بوو (وحدة أبحاث الطاقة، ٢٠٢٦).
ئەم شۆکە دارایییە گەورەیە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە تەنانەت ئەگەر نیازپاکیی سیاسیی زەیدییش بەردەوام بێت، “تەنگژەی داراییی گشتیی عێراق” دەبێتە لەمپەرێکی بابەتی لەبەردەم دابینکردنی مووچەی سەرانسەری وڵات و بەتایبەتیش هەرێمی کوردستان.
چوارەم: دۆسیەی ئاسایش؛ ئاستەنگە ئەمنییەکان و هەژموونی هێزە سێبەرەکان
پرسی ئاسایش و سەقامگیری، یەکێکی دیکە لە کێشە مێژوویی و هەنووکەیییە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر پێک دەهێنێت. ئەم دۆسیەیە لە چەند ڕەهەندێکی ئاڵۆزدا چڕ دەبێتەوە، کە گرنگترینیان بریتین لە: داهاتووی پێگەی سەربازیی هێزەکانی پێشمەرگە، پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان لە هێرشی درۆنی و، چۆنێتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو گرووپە چەکدارانەی کە ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج.
لە کاتێکدا بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لە دیدارەکانیاندا لەگەڵ بەغدا، بەردەوام داوای لێپرسراوێتیی هێزە فیدراڵییەکان دەکەن بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم، بەڵام واقعەکە نیشانی دەدات کە کێشەکە لە سنووری فیدراڵیزمی ناوخۆیی لای داوە و، پەیوەستە بە ستراتیژییەتی وڵاتانی دەوروبەر و سەرەڕۆییی گرووپە چەکدارە نادەوڵەتییەکانەوە.
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران، ئەگەرچی لیژنەیەکی باڵای بۆ “کۆنترۆڵکردنی چەک لەدەستی دەوڵەتدا” پێک هێناوە (NINA, 2026)، بەڵام بەکردەیی هیچ گهرەنتییەک نییە کە بتوانێت مەترسیی ئەم گرووپانە لەسەر هەرێم بنەبڕ بکات؛ چونکە ناوەندی بڕیاردانی ئەم تاقمانە لە دەرەوەی سنوورەکانی عێراقە. لەم بهینهیشدا، هەشت سەرچاوەی عێراقی (کە پێک هاتوون لە دوو بەرپرسی سەربازی، بەرپرسێکی ئەمنی و پێنج سەرکردەی گرووپە چەکدارەکان) بە ئاژانسێکی جیهانییان ڕاگەیاندووە کە سوپای پاسدارانی ئێران “شانەی نهێنیی نوێی” لەنێو عێراقدا چاندووە، کە ڕێکخستنەکەیان لە دەرەوەی پێکهاتەی فەرماندەییی باوی گرووپە ناسراوەکانە و ڕاستەوخۆ فەرمان لە تاران وەردەگرن (Reuters, 2026).
ستراتیژییەتی نوێی ئێران بۆ تێپەڕاندنی ئەو گرووپە دێرینانەیە کە ناسراون یان بوونەتە بەشێك لە حكوومەت و هێرشیان پێ ناكرێت. لەژێر سێبەری پێکهێنانی ئەم جۆرە شانە سێبەرانەدا، بڕیار و فەرمانەکانی زەیدی بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە و ئەگەری سەرکەوتنیان کەمە.
لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ئەو دەنگۆیانەی داوای تێکەڵکردنی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن لەنێو سوپای عێراقدا، ئەگەرچی هێشتا هیچ بڕیارێکی فەرمی لەلایەن سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەرنەچووە، بەڵام وەک “خواستێکی کۆنکرێتی”ی لایەنە شیعەکان لەپشت پەردەوە دەمێنێتەوە.
عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمە، لە لێدوانێکی ڕاشکاوانەدا ئاماژەی بەوە دا کە پێشمەرگە ئەگەرچی دامەزراوەیەکی فەرمییە، بەڵام کێشەی فرەفەرماندەییی هەیە و بە زمانێکی ڕەخنەگرانە وتی: “١٠٠ چەکداری لای فڵانە کەس و ٢٠٠ چەکداری لای فیسارە کەسە” (أمیدیا، 2026). حەکیم بەڕوونی هاوشێوەیی لەنێوان پێشمەرگە و حەشدی شەعبیدا دروست دەکات و دەڵێت: “وەک چۆن دامەزراوەی حەشد ڕێک دەخەینەوە، دەبێت دامەزراوەی پێشمەرگەیش ڕێک بخرێتەوە، نەک چەکەکانیان لێ بسەنرێتەوە” (أمیدیا، 2026).
ئەم زمانە دیپلۆماسییەی حەکیم، گوزارشت لە ستراتیژییەتێکی فراوانتر دەکات بۆ گشتاندنی چەمکی “کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا”؛ بە جۆرێک کە هێزە کوردییەکانیش بگرێتەوە. لەم نێوەندەدا، عەلی زەیدی کە سەرۆکوەزیرانێکی بێفراکسیۆنی پەرلەمانییە، پێگەکەی تەواو مەرجدارە بەو هێزانەی کە هێناویانەتە سەر دەسەڵات؛ بۆیە توانای مانۆڕی لە دژی خواستەکانی ئەوان نییە.
ئەوەی پێگەی هەرێمی کوردستان لەم کێشمەکێشە ئەمنییەدا لاواز دەکات، پاشەکشەی پێگەی مەعنەویی هێزی پێشمەرگەیە لە “هێزێکی دژەدیکتاتۆری و سیمبولی دژەتیرۆر»ەوە بۆ “دوو هێزی چەکداری ناوچەیی و حزبیی نێوان هەولێر و سلێمانی”؛ کە ئەمەیش دەرەنجامی ڕاستەوخۆی یەکنەگرتنەوە و ململانێ نێوخۆیییەکانی هەرێم خۆیەتی. بەڵام لەتەنیشت ئەمەیشدا، یەکێک لە سەرکەوتنە تاکتیکییەکانی هەرێم ئەوەیە کە توانیویەتی پێشمەرگە لە شێواندنی ئاسایشی هەرێمایەتی و تێوەگلان لە ململانێ قووڵەکانی نێوان تاران و واشنتۆن بەدوور بگرێت؛ ئەم “بێلایەنییە ئەرێنییە توانیویەتی تا ڕاددەیەک هاوسەنگیی هێز بپارێزێت و قەرەبووی بەشێک لەو گوشارە ناوخۆیییانە بکاتەوە کە لەلایەن بەغداوە لەسەریەتی؛ جگە لەوەیش پێشمەرگە لەژێر ناوی “حرس الاقلیم”دا پاڵپشتیی دەستووریی هەیە و بەشێكە لە واقعی پێش 2003 كە دەستوور دانی پێدا ناوە (مادەكانی 17 و 21ی دەستوور).
پێنجەم: ڕەهەندە دەرەکییەکان؛ سێبەری ململانێ هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان
کابینەی حکوومەتی “عەلی زەیدی” لەژێر کاریگەریی گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا کار دەکات؛ بەتایبەت دوای ئەوەی “دۆناڵد ترەمپ” دۆسیەی عێراقی سپاردووە بە دیپلۆماتکار و بازرگان “تۆم باراک”. باراک لە دیدگه ڕاگەیەنراوەکانیدا وەک کەسایەتییەک دەردەکەوێت کە مەیلی بەرەو سیستهمە ناوەندییەکان هەیە و پێشینەیەکی ئەرێنیی لەگەڵ فیدراڵیزم و دابەشکردنی دەسەڵات لە دەوڵەتانی ناوچەکەدا نییە و زیاتریش خوازیاری “مۆدێلی پاشایەتی”یە (العربية، ٢٠٢٦؛ قناة الشرق، ٢٠٢٦).
سەرهڕای ئەم تێڕوانینە گشتییە، سەرچاوە دیپلۆماسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە باراک لە ڕاسپاردە نوێیەکەیدا بەرامبەر بە عێراق، پێداگری لەسەر کۆمەڵێک مەرجی ستراتیژی دەکاتەوە کە لێکەوتەی ڕاستەوخۆیان لەسەر پێگەی هەرێمی کوردستان دەبێت. گرنگترین هێڵە گشتییەکانی ئەم ئەجێندا نوێیەی ئەمریکا بریتین لە (المدى، ٢٠٢٦؛ الحرة، ٢٠٢٦):
- هەڵوەشاندنەوە یان کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی ئەو گرووپە چەکدارانەی لە دەرەوەی یاسان.
- بەستنەوەی ڕاستەوخۆ و ڕاستەقینەی هێزەکانی حەشدی شەعبی بە دەزگه ئەمنییە فەرمییەکانی دەوڵەتەوە.
- داخستنی ئەو بانکە ئەهلی و بازرگانییانەی تێوە گلاون لە سپیکردنەوەی پارە و قاچاخکردنی دۆلار بۆ ئێران.
- توندکردنی ڕێوشوێنەکانی دژەگەندەڵی، هاوشان لەگەڵ واڵاکردنی بازاڕی عێراق بەڕووی وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئەمریکییهكان و وڵاتانی کەنداو (الخليج)دا.
بەپێی زانیارییە دزەپێکراوەکان، واشنتۆن هۆشداریی داوەتە بەغدا کە ئەگەر زەیدی نەتوانێت ئەم مەرجانە جێبەجێ بکات، ئەوا ئەمریکا لە بەکارهێنانی سزای دارایی و سیاسیی توند لە دژی حکوومەتەکەی دەستکراوە دەبێت (المدى، ٢٠٢٦).
بەم پێیەیش گوتاری فەرمیی ئەمریکا لەم قۆناغەدا تەنیا لە گۆشەنیگایەکی ئەمنیی بەرتەسکەوە سەیری عێراق ناکات، بەڵکوو سەقامگیریی وڵاتەکە بەند دەکات بە “بەهێزکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەتی فیدراڵ” و “هاوبەشیی ئابووریی درێژخایەن”. ئەم دیدگهیەیش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر داینامیکی نێوان بەغدا و هەولێر دەبێت، بەتایبەت لە کەرتەکانی نەوت، وزە و بازاڕی سەربەخۆدا.
بەیاننامەی هاوبەشی پاش کۆبوونەوەی تۆم باراک و عەلی زەیدییش، گوزارشت لە ستراتیژییەتێکی ئەمریکی دەکات کە لەسەر سێ پایەی سەرەکی داڕێژراوە (U.S. Embassy in Iraq, 2026)، ئەوانیش بریتین لە: قۆرخکردنی چەک لەدەستی دەوڵەت و کۆتاییهێنان بە هەژموونی گرووپە چەکدارەکان، هاوبەشیی ئابووری و هاندانی وەبەرهێنانی ئەمریکی لەگەڵ پشتگیریکردن لە عێراقێکی یەکگرتووی دەستووری.
بەم پێیەیش، دۆسیەکانی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان ناتوانرێت لە دەرەوەی “پێکهاتەی ململانێی فرەجەمسەری”ی ناوچەکە لێک بدرێتەوە. ئاراستەی پەیوەندییەکانی هەردوو لا لەژێر کێشمەکێشی قورسی تاران و ئەنقەرە لە لایەک و هەژموون و سێبەری ئەم دوو دەوڵەتە لە عێراق و، سێبەری ململانێی ڕاستەوخۆی ئەمریکا-ئیسرائیل دژی ئێران لە لایەکی دیکەوە، دەگۆڕێت. هەر جۆرە لێکتێگەیشتنێکی ناوخۆیی لەنێوان زەیدی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دواجار دەبێت لەنێو ڕێڕەوی ئەم هاوسەنگییە هەرێمایەتییە ناتەبا و جیۆپۆلیتیکییەدا جێگەی خۆی بکاتەوە.
کۆبەند و گرنگترین دەرەنجامەکان
هەنگاوە سەرەتایییەکانی کابینەی عەلی زەیدی بەرامبەر هەرێمی كوردستان، ئاماژەیەکی ڕوونن بۆ پەیڕەوکردنی “پراگماتیزمی سیاسی”؛ ئەم ئاراستەیە لە پێشوازیکردنی ناوبراو لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم و سەردانە مەیدانییەکەی بۆ هەولێر و سلێمانی لە ئایاری ٢٠٢٦دا ڕەنگی دایەوە، کە تێیدا توانیی پشتگیریی لایەنە کوردییەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتەکەی مسۆگەر بکات. دواتریش، پێشوازیکردن لە مەسروور بارزانی و دەرکردنی بڕیاری خێرا بۆ دەستپێکردنەوەی کاری کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان لە هەرێمدا، بە ئامانجی بەستنەوەی پڕۆسەی بەرهەمهێنان بە خەزێنەی فیدراڵییەوە هاوشان لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر خەرجکردنی بەردەوامی مووچە، گوزارشت لەم تێڕوانینە کردەیییە دەکەن.
بە تێپەڕبوون بەناو تەوەرە جیاوازەکاندا، دەکرێت گرنگترین دەرەنجامە ستراتیژییەکانی ئەم شرۆڤەیە لەم خاڵانەی خوارەوەدا کورت بکرێنەوە:
- سیاسەتی نوێی حکوومەتی فیدراڵ بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان، تێکەڵەیەکە لە ڕێکخستنەوەی پەیوەندییە دەستوورییەکان و هەوڵدان بۆ سەپاندنی جۆرێک لە “ناوەندێتیی داراییی نەرم”. ئەم ستراتیژە بەرەو دابڕانی تەواوەتی (القطيعة) لەگەڵ هەولێر هەنگاو نانێت، بەڵکوو بەپێچەوانەوە، دەخوازێت پێکهاتەی دارایی و کارگێڕیی هەرێم لەنێو مۆدێلی دەوڵەتی یەکگرتوودا ڕێک بخاتەوە.
- گواستنەوە لە قۆناغی “دانوستاندنی سیاسیی کراوە”وە بۆ قۆناغی “بەڕێوەبردنی تەکنۆکراتی و دامەزراوەیییانە”ی جیاوازییەکان. لێرەدا کێشە سیاسییە گەورە و مێژوویییەکان، دەگۆڕدرێن بۆ دۆسیەی وشک و وردی کارگێڕی و دارایی (وەک سیستهمی ئەسیکۆدا) کە شیاوی گفتوگۆی بەردەوامن.
- بەستنەوەی ناردنی شایستە دارایییە فیدراڵییەکان بە میکانیزمی چاودێری و وردبینیی ورد لەسەر داهاتە ناوخۆیییەکانی هەرێم. ئەم هەنگاوە ئەگەرچی شەفافییەت بەهێز دەکات، بەڵام هاوکات مەترسیی ئەوەی هەیە کە لە کاتی گرژییە سیاسییەکاندا وەک “کەرەستەی گوشار” زیندوو بکرێتەوە.
- کارکردن بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی دەزگه چاودێرییە فیدراڵییەکان لە دەروازە سنوورییەکان و داهاتە نانەوتییەکان، گوزارشتە لە خواستێک بۆ کەمکردنەوەی پانتاییی مانۆڕی داراییی سەربەخۆی هەرێم لەنێو سیستهمی ئابووریی عێراقدا.
دەرەنجامی کۆتایی
سەرکەوتنی ڕاستەقینەی ئەم مۆدێلە نوێیەی عەلی زەیدی لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی هەرێمدا، بەندە بە پاراستنی هاوسەنگییەکی ناسک لەنێوان “پاراستنی سەروەریی فیدراڵی” و “ڕێزگرتن لە تایبەتمەندیی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان”؛ ئەمەیش هاوشان لەگەڵ توانای مانۆڕکردنی بەغدا لەژێر سێبەری ئەو باهۆزە جیۆپۆلیتیکی و دەرەکییانەی کە دەوری ناوچەکەیان داوە.
سەرچاوەکان
كوردییەكان:
_ئاڤا نیوز (٢٠٢٦). “فالح ساری هاوشێوەی تەیف سامی دەڵێت بە چوار مەرج مووچە دەنێرم” 19ی ئایار، بەردەستە لە: https://ava.news/news/51185 ڕێکەوتی بەردەستبوون: ١٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٦.
_ تۆڕی میدیاییی ڕووداو (٢٠٢٦). “مەسروور بارزانی: بەڵێنمان وەرگرتووە مووچە لە کاتی خۆیدا بێت”، ڕووداو، ١٥ی ئایار. بەردەستە لە: https://2h.ae/acRPq ڕێکەوتی بەردەستبوون: ١٥ی ئایاری ٢٠٢٦.
_ کوردستان٢٤ (٢٠٢٦). “کوردستان٢٤ ناوەڕۆکی ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەبارەی ئەسیکۆدا بڵاو دەکاتەوه”، کوردستان٢٤، ١٨ی حوزەیران. بەردەستە لە: https://2h.ae/xiMHa ڕێکەوتی بەردەستبوون: ١٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٦.
عەرەبییەکان:
_ أبحاث الطاقة، وحدة (٢٠٢٦). “انهيار صادرات العراق من النفط في أبريل.. والشحنات تذهب لدولتين فقط”، موقع الطاقة، ٥ مايو. متاح على: https://2h.ae/zlsXa تاريخ الاطلاع: ١٦ مايو ٢٠٢٦.
_ أميديا (٢٠٢٦). “آلا طالباني تسأل عن مصير البيشمركة.. والحكيم يرد: يجري عليها ما يجري على الحشد”، أميديا، ١٤ مايو. متاح على: https://2h.ae/PFQaP تاريخ الاطلاع: ١٤ مايو ٢٠٢٦.
_ الحرة، قناة (٢٠٢٦). “الفصائل العراقية في حسابات “التفاهم” الأميركي الإيراني”، الحرة، ١٦ مايو. متاح على: https://2h.ae/ufAaV تاريخ الاطلاع: ١٦ مايو ٢٠٢٦.
_ الشرق، قناة (٢٠٢٦). “باراك: الأنظمة الملكية هي الأنجح في الشرق الأوسط”، قناة الشرق، ١٢ مايو. متاح على: https://2h.ae/XKTIz تاريخ الاطلاع: ١٢ مايو ٢٠٢٦.
_ العربية، قناة (٢٠٢٦). “توم باراك: الفيدرالية ليست حلاً”، العربية، ١٣ مايو. متاح على: https://2h.ae/FsXtO تاريخ الاطلاع: ١٣ مايو ٢٠٢٦.
_ المدى، جريدة (٢٠٢٦أ). “بغداد وأربيل تتفقان على توحيد الإجراءات الكمركية”، المدى، ١٨ حزيران. متاح على: https://almadapaper.net/439706/ تاريخ الاطلاع: ١٨ حزيران ٢٠٢٦.
_ المدى، جريدة (٢٠٢٦ب). “الزيدي يدشن منتصف تموز المقبل “عراقاً ثانياً”، المدى، ١٦ مايو. متاح على: https://2h.ae/jLiDr تاريخ الاطلاع: ١٦ مايو ٢٠٢٦.
_ مكتب رئيس مجلس الوزراء العراقي (pom) (٢٠٢٦). “بيان رسمي بشأن الخطوط العريضة لبرنامج الحكومة الاتحادي الجديد”، الموقع الرسمي للمكتب الإعلامي، ١٦ مايو. متاح على: https://2h.ae/QWSuK تاريخ الاطلاع: ١٦ مايو ٢٠٢٦.
_ مكتب رئيس مجلس الوزراء العراقي (pom) (٢٠٢٦). “رئيس الوزراء المكلف السيد علي فالح الزيدي يلتقي في أربيل رئيس حكومة إقليم كردستان العراق”، الموقع الرسمي للمكتب الإعلامي، ١٦ مايو. متاح على: https://2h.ae/PjehW تاريخ الاطلاع: ١٦ مايو ٢٠٢٦.
_ مكتب رئيس مجلس الوزراء العراقي (pom) (٢٠٢٦). “رئيس مجلس الوزراء السيد علي فالح الزيدي يستقبل وفد حكومة إقليم كردستان العراق وممثلي عدد من الشركات النفطية الأجنبية”، الموقع الرسمي للمكتب الإعلامي، ١٦ مايو. متاح على: https://2h.ae/GfLkS [تاريخ الاطلاع: ١٦ مايو ٢٠٢٦.
_ وكالة الأنباء الوطنية العراقية – نينا _ NINA (٢٠٢٦). “الزيدي يقرر تشكيل لجنة لوضع آليات تنفيذ إجراءات حصر السلاح بيد الدولة”، نينا، ١٣ مايو. متاح على: https://2h.ae/THrXd [تاريخ الاطلاع: ١٣ مايو ٢٠٢٦.
بیانییەكان:
_ Associated Press (2026). ‘Iraq’s dominant bloc taps newcomer Ali al-Zaidi for prime minister after weeks of wrangling’, AP News, 27 April. Available at: https://2h.ae/xbptk [Accessed: 19 June 2026].
_ Reuters (2026a). ‘Iraq’s parliament approves partial government led by PM Zaidi’, Reuters, 14 May. Available at: https://2h.ae/YMlcv [Accessed: 19 June 2026].
_ Reuters (2026b). ‘Iran’s Revolutionary Guards set up covert Iraqi cells to attack Gulf neighbors, sources say’, Reuters, 19 June. Available at: https://2h.ae/sqPtg [Accessed: 19 June 2026].
_ U.S. Embassy in Iraq (2026). ‘Joint Statement: Prime Minister Ali Al-Zaidi and Special Presidential Envoy Tom Barrack’, Official Statements, 16 June. Available at: https://2h.ae/doSIz [Accessed: 19 June 2026].








