گۆڤاری باوەڕپێکراو و نێودەوڵەتیی “فارن پۆڵەسی (Foreign Policy)” شیکارییەکی بە قەڵەمی ماتیۆ کرۆنیگ (Matthew Kroenig) بڵاو کردەوە کە گێڕانەوەیەکی جیاواز لە کۆتاییهاتنی جەنگی ئەم دوایییەی نێوان واشنتن و تاران دەخاتە ڕوو.
ماتیۆ کرۆنیگ (Matthew Kroenig)، یەکێکه لە شرۆڤەکارە دیارەکانی بواری ستراتیژیی نیشتمانی، نووسەری هەمیشەییی ئەم گۆڤارە و، هەروەها جێگری سەرۆک و بەڕێوەبەری باڵای “سەنتەری سکۆکرافت بۆ ستراتیژی و ئاسایش (Scowcroft Center for Strategy and Security)” لە ناوەندی هزریی ئەنجومەنی ئەتڵەسی (Atlantic Council). ناوبراو لەم وتارە شیکارییەدا لەژێر ناونیشانی “ئەمریکا لە جەنگی دژ بە ئێراندا سەر کەوت؛ نۆک ئاوت (Knockout) نەبوو، بەڵام واشنتن بە خاڵ سەرکەوتنی بەدەست هێنا”، ڕەخنە لەو تێڕوانینە باوانە دەگرێت کە ڕێککەوتنی ئەم دوایییە بە شکست بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان هەژمار دەکەن.
بهرهنگاربوونهوهی گێڕانەوەی “شکستی ئەمریکا“
کرۆنیگ شیکارییەکەی بە هێرشکردنە سەر روانگە و باوەڕێکی گشتی دەست پێ دەکات؛ باوەڕێک کە یاداشتی لێکتێگەیشتن (MOU)ی ئەم دوایییە و دەرەنجامەکانی جەنگی دژ بە ئێران بە شکستێکی کارەساتبار بۆ ئەمریکا دەزانێت، کە لە جەنگی ڤێتنام خراپترە و هاوشێوەی ئابڕووچوونەکەی بەریتانیایە لە قەیرانی نۆکەندی سوێس (١٩٥٦). ناوبراو ئەم بانگەشانە بە “زیادەڕەویی نادروست” وەسف دەکات و دەنووسێت: “هەرچەندە ویلایەتە یەکگرتووەکان نەیتوانی گورزی یەکلاکەرەوە و کۆتایی (Knockout) لە کۆماری ئیسلامی بوەشێنێت، بەڵام بە بەکارهێنانی خوازەی بۆکسێن، بێ گومان بە خاڵی زۆرەوە بووە براوەی گۆڕەپانەکە.”
نووسەر لە درێژەی ڕوونکردنەوەی دەستکەوتەکانی ئەم جەنگەدا ڕوونی دەکاتەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان لە کاتی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکان لە ٢٨ی شوباتەوە، لەژێر ناوی “ئۆپەراسیۆنی تووڕەییی داستانی” (Operation Epic Fury) دا گورزی قورسی لە جەستەی نەیارەکەی وەشاند. بە بڕوای ناوبراو، ئەم ئۆپەراسیۆنە توانیی بەشێکی زۆری ئامانجە ڕاگەیەنراوەکانی دۆناڵد ترەمپ (Donald Trump)، لهوانه وێرانکردنی سەختی بەرنامەی ئەتۆمی، سوپای کلاسیک، بنکە پیشەسازی-بەرگرییەکان و، ستافی سەرکردایەتیی ئێران بپێکێت. ئەو جەخت دەکاتەوە کە ئێستا ئێران لە لاوازترین پێگەی خۆیدایە لەدوای شۆڕشی ١٩٧٩وە؛ سەرکردە پێشووەکانی لەناو چوون، سەرکردە نوێیەکان لە ترسی گیانیان خۆیان شاردووەتەوە، ئابوورییەکەی بەدەست قەیرانی هەڵاوسانی لەڕاددەبەدەر و پێشبینیی دابەزینی لەسەدا شەشی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیییەوە دەناڵێنێت و بەپێی خەمڵاندنەکانی خودی تاران، جەنگەکە زیانی ٢٧٠ ملیار دۆلاری لێ کەوتووەتەوە.
چارەنووسی گۆڕینی ڕژێم و پەیامی بەهێز بۆ مۆسکۆ و پەکین
کرۆنیگ لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕاپۆرتەدا تیشک دەخاتە سەر پرسی گۆڕینی ڕژێم و دەنووسێت، هەرچەندە ئەم جەنگە نەبووە هۆی گۆڕینی حکوومەت لە تاران، بەڵام ئامانجێکی لەم شێوەیە هەرگیز بەشێک نەبووە لە بەرنامە سەرەکی و نەگۆڕەکانی ستراتیژیی ئەمریکا. لەبری ئەوە، هێرشە قورسەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بوونە هۆی کوژرانی [بەرپرسە باڵاکان] و وێرانکردنی پێکهاتەی سەرکردایەتیی ئێران کە فەرمانی سەرکوتکردنە ناوخۆیییەکانی کانوونی یەکەم و کانوونی دووەمیان دەرکردبوو. بە بڕوای ئەو، ئەم ڕووداوە ئەو پەیامە هەڵدەگرێت کە هەر سەرکردەیەکی داهاتوو لە ئێران، پێش ئەوەی بڕیاری هاوشێوە بدات، دەبێت بیر لە دەرەنجام و چارەنووسی پێشەنگەکەی بکاتەوە.
ئەم شرۆڤەکارە باڵایە لە وەڵامی ئەو ڕەخنەگرانەی کە پێیان وایە بەکارهێنانی خێرای چەکەکان بووەتە هۆی لاوازبوونی هێزی ئەمریکا، دەیسەلمێنێت: “بەپێچەوانەوە، ئەم جەنگە دەری خست کە ویلایەتە یەکگرتووەکان هێشتا خواست و توانای چوونە ناو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە فراوانەکانی هەیە. ئێستا ڤلادیمیر پووتین (Vladimir Putin) لە ڕووسیا، یان شی جینپینگ (Xi Jinping) لە چین، ئیتر ناتوانن بەئاسوودەیی وا دابنێن کە لە ئەگەری هێرشکردنە سەر ناتۆ (NATO) یان تایوان، پێنتاگۆن (Pentagon) لە پەراوێزدا دەمێنێتەوە.”
ئەو هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم جەنگە گۆڕەپانێکی مەشقی ڕاستەقینە بوو بۆ سوپای ئەمریکا تاوەکوو تاقیکردنەوە بۆ تاکتیک و تەکنەلۆژیا نوێیەکان بکات کە لە ململانێکانی داهاتوودا لە ئەوروپا یان ئاسیا بەکار دەهێنرێن؛ ئەمەیش باڵادەستییەکی گەورەیە کە سوپای چین بەهۆی دەیان ساڵ دوورکەوتنەوە لە جەنگی مەیدانی، لێی بێبەشە.
ڕاستیی گەرووی هورمز و ئاستەنگەکانی ڕێککەوتننامەکە
نووسەری “فارن پۆڵەسی” لە درێژەی شیکارییەکەیدا ئاماژە بە پرسی داخرانی گەرووی هورمز دەکات و دەنووسێت، ڕەخنەگران پێیان وایە ئەم قەیرانە پێگەی ئێرانی بەهێز کرد، چونکە دەری خست کە ئەوان توانای داخستنی شاڕێگەی وزەیان هەیە. بەڵام ئەو دەیسەلمێنێت کە ئەمە واقعێکی سادەی جوگرافی و سەربازییە و داڕێژەرە سەربازییەکان ساڵانێکە دەزانن ئێران توانایەکی واى هەیە؛ چونکە لەسەر بنەمای جوگرافیا، هەرگیز ناکرێت بە شێوەیەکی ڕەها ڕێگری لە فڕینی درۆنێکی ئێرانی بەرەو کەشتییەکی بازرگانی بکرێت؛ بۆیە جەنگەکە تەنیا گریمانەیەکی کۆنی پشتڕاست کردەوە.
ئەو لە درێژەدا دەڵێت کە جەنگەکە هاوسەنگیی هێزی ڕاستەقینەی ئاشکرا کرد و سەلماندی کە پێکهاتەی سەرکردایەتی، بەرنامەی ئەتۆمی و سوپای کلاسیکی ئێران تەنیا بەهۆی چاوپۆشیی واشنتن و تەلئەبیبەوە مابوونەوە و ئەم دوو زلهێزە هەر کاتێک بیانەوێت دەتوانن دووبارە ئەم جەستەیە لە چەک داماڵن. سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ هاوپەیمانە هەرێمییەکانیش پێی وایە، هەرچەندە ئەمریکا لە هاوئاراستهکردنی ئەوروپییەکاندا لاواز بوو، بەڵام پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیی کەنداوی فارس بەرەوپێش چووە؛ چونکە وڵاتانێکی وەک قەتەر کە پێشتر پردی پەیوەندیی نێوان واشنتن و تاران بوون، بە بینینی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئامانجە مەدەنییەکان لە دراوسێیەتیی خۆیاندا، تێگەیشتن کە کۆماری ئیسلامی هەڕەشەیەکی بێمتمانهیه.
ئەو یاداشتنامەیەی کە هەرگیز بەتەواوی جێبەجێ ناکرێت
کرۆنیگ گەورەترین تێچووی ئەم جەنگە بە داخستنی گەرووی هورمز، گەمارۆدان لەلایەن ئەمریکا و لە ئەنجامدا هەڵاوسانی جیهانی دەزانێت، بەڵام وەبیری دەهێنێتەوە کە یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئەم دوایییە بە کردنەوەی گەرووەکە، قەرەبووی ئەم زیانە دەکاتەوە. ئەو لەبەرامبەر بڕگە مشتومڕاوییەکانی ڕێککەوتنەکەدا، لەوانه هاوکاریی ٣٠٠ ملیار دۆلاری بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئێران، دەنووسێت: “ئەم بڕگانە قورس و بێزارکەرن، بەڵام من نیگەران نیم؛ چونکە مەرجە تەواوەکانی ئەم ڕێککەوتنە ئەستەمە هەرگیز جێبەجێ بکرێن.”
ئەو، یاداشتنامەكهی ئێستا دابەشی دوو بەشی جیاواز دەکات: بەشی یەکەم پێک هاتووە لە کردنەوەی خێرای گەرووی هورمز لە بەرامبەر کەمکردنەوەی سنوورداری سزاکان کە “دەستبەجێ” دەست پێ دەکات. بەشی دووەم پرسە ئاڵۆزەکانی ئەتۆمی و پڕۆژە گەورەکەی ئاوەدانکردنەوە لەخۆ دەگرێت کە بڕیارە لە ماوەی ٦٠ ڕۆژی داهاتوودا دانوستانیان لەسەر بکرێت. بەپێی پێشبینییەکەی ئەو، ئەستەمە سەرکردەکانی ئێران هەرگیز دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەیان ببن و سەرکردەکانی ئەمریکاش هەرگیز “پلانی مارشاڵ (Marshall Plan)” بۆ ئاوەدانکردنەوەی [حکوومەتێکی لەم شێوەیە] جێبەجێ ناکەن. ناوبراو لە درێژەدا جەخت دەکاتەوە کە واشنتن پێویستی بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی نییە؛ چونکە ژێرخانی ئەتۆمیی ئێران وێران کراوە و لە ئەگەری دووبارە بنیاتنانەوەیشیدا، پێنتاگۆن دەتوانێت بەئاسانی دووبارە لەناوی ببات.
کۆتاییی کارەکە: سێ سیناریۆ بۆ ٦٠ ڕۆژی داهاتوو
ماتیۆ کرۆنیگ لە بەشی کۆتاییی ڕاپۆرتەکەیدا، دۆکترینەکەی دۆناڵد ترەمپ ڕوون دەکاتەوە و دەنووسێت، دۆکترینەکەی ترەمپ کە بە “ئاشتی لە ڕێگەی هێزەوە” ناسراوە، بۆ هێرشی کورت، توند و یەکلاکەرەوە داڕێژراوە، بەڵام ئەو دژی جەنگی درێژخایەن و وێرانکەری گۆڕینی ڕژێمە؛ بۆیە هەمان ئەو غەریزەیەی کە ئۆپەراسیۆنی تووڕەییی داستانیی خوڵقاند، بووە هۆی واژۆکردنی ئەم یاداشتنامەیە.
ئەو، سێ سیناریۆ بۆ ٦٠ ڕۆژی داهاتوو وێنا دەکات:
١. ڕێککەوتنی گشتگیر: گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی تەواوەتی لە هەفتەکانی داهاتوودا کە زۆر دوورە بێتە دی.
٢. گەڕانەوە بۆ جەنگ: شکستهێنانی دانوستانەکان و دەستپێکردنەوەی پێکدادانەکان، کە لەم حاڵەتەدا ڕێککەوتنی ئێستا تەنیا “ئاگربەستێکی کاتی” بووە و لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگدا، ئێران زیانی زۆر قورستری بهردهكهوێت.
٣. بەردەوامبوونی دۆخی هەنووکەیی (بەهێزترین سیناریۆ): نەگەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی، بەڵام پاراستنی ئاگربەست و کراوەییی گەرووی هورمز بەهۆی پاڵنەرە ئابوورییەکانی هەردوو لاوە.
نووسەر لە وەڵامی کۆتاییدا بۆ ئەوانەی کە سیناریۆی سێیەم بە گەڕانەوە بۆ دۆخی پێش جەنگ دەزانن، وەک خاڵی کۆتایی دەنووسێت: “ئەم ڕەخنەگرانە خاڵێکی سەرەکی پشتگوێ دەخەن؛ پێش جەنگ، سەرکردایەتی و سوپای ئێران بەهێز بوون، بەڵام ئێستا ئەوان لهوپهڕی لاوازیدان. تێگەیشتنی سەرکردەکان لێرەدا گرنگە؛ ترەمپ چەندان جار ڕای گەیاندووە کە، ئەمریکا سەرکەوتنێکی “ڕەها و تەواوەتی”ی بەدەست هێناوە، لە کاتێکدا لە بەرەی بەرامبەردا، عەلی خامنەیی ئیتر بۆ لێدواندان بەردەست نییە.”
سەرچاوە:
https://parsi.euronews.com/2026/06/23/the-us-won-the-war-with-iran








