پێنووس

“سکئێشە” درۆیینیه‌كه‌ی هێنری کێسنجەر (Henry Kissinger)  لە ئیسلام ئاباد؛  ئایا “کەناڵی نهێنیی پاکستان” جارێکی تر مێژووی جیهان دەگۆڕێت؟

نووسەر: مجتبی دهقانی (به‌ كوردی: موجته‌با دێهقانی)

ماڵپەڕ: (independentpersian)

لەم چه‌ند هەفتەیه‌ی دواییدا، ناوی پاکستان جارێکی تر لە یەکێک لە هەستیارترین دۆسیە ئەمنییەکانی جیهاندا کەوتووەتە سەر زاران. لە سەردانە ئاشکراکان و ڕاپۆرتەکانی پەیوەست بە دیدارە نهێنییەکان لە نێوەڕاستی جەنگی ٣٨ ڕۆژەی ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بگرە، تا دەگاتە کاریگەریی ئیسلام ئاباد لە گواستنەوەی پەیامەکان لەنێوان تاران و واشنتۆن، خۆشکردنی زەمینەی لێکتێگەیشتنی کۆتاییهێنان بە جەنگ و دەستپێکردنی دانوستانەکان لەسەر ڕێککەوتنێکی گشتگیر. هەموو ئەمانە وایان کردووە جارێکی تر چاوەکان بڕواننە ئیسلام ئاباد.

ئەگەر ئەم کاریگەرییە لە کۆتاییدا یەکێک لە ئاڵۆزترین قەیرانەکانی چەند دەیەی دواییی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەر بکات، پاکستان پێگەیەکی مێژوویی دووبارە دەکاتەوە؛ پێگەیەک هاوشێوەی هاوینی ١٩٧١، ئەو کاتەی سەردانێکی بەتەواوەتی ئاسایی بۆ ئیسلام ئاباد، بووە گەورەترین ئۆپەراسیۆنی دیپلۆماسیی شاراوەی سەردەمی جەنگی سارد.

خۆنەخۆشخستن لە ئیسلام ئاباد، دانوستان لە پەکین  (Beijing)

ئیسلام ئابادی پاکستان لە هاوینی ١٩٧١دا، گۆڕەپانی یەکێک لە نهێنیترین، ئاڵۆزترین و سەرکەوتووترین ئۆپەراسیۆنە دیپلۆماسییەکانی سەدەی بیستەم بوو. ئۆپەراسیۆنێک کە تا دواهەمین سات لە چاوی میدیاکان، هاوپەیمانەکانی ئەمریکا و تەنانەت زۆرێک لە بەرپرسە باڵاکانی حکوومەت لە واشنتۆن شاراوە مایەوە. هێنری کێسنجەر، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەییی ڕیچارد نیکسۆن (Richard Nixon)، سەردانە نهێنییەکەی بۆ پەکین لەژێر پەردەی هەڵخەڵەتێنەری سەردانێکی ئاسایی بۆ پاکستان ئەنجام دا. سەردانێک کە نەک هەر بووە هۆی دروستکردنی پەیوەندیی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و کۆماری گەلی چین، بەڵکوو هاوسەنگیی هێزیشی لە جەنگی سارددا لە قازانجی ئەمریکا گۆڕی و، زەمینەی بۆ سەردانە مێژوویییەکەی ڕیچارد نیکسۆن بۆ چین لە شوباتی ١٩٧٢دا خۆش کرد.

جەنەڕاڵ یەحیا خان (Yahya Khan)، سەرۆککۆماری ئەوکاتی پاکستان، پەیوەندییەکی زۆر نزیکی هەم لەگەڵ واشنتۆن و هەم لەگەڵ پەکیندا هەبوو و، هەروەها یەکێک بوو لەو سەرکردە دەگمەنانەی کە هەردوو لایەن متمانەیان پێی دەکرد.

لە تەممووزی ١٩٧١دا هێنری کێسنجەر سەرقاڵی سەردانێکی فەرمیی تەواو ئاسایی بوو بۆ چەند وڵاتێکی ئاسیا. بەرنامەی کارەکەی بریتی بوو لە دیدار لەگەڵ هاوپەیمانەکانی واشنتۆن لە ڤێتنامی باشوور (South Vietnam)، تایلەند، هیندستان و پاکستان. لەم سەردانانەدا بڕیار بوو سەبارەت بە جەنگی ڤێتنام، پێشهاتەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و پەیوەندییە دووقۆڵییەکان گفتوگۆ بکەن. میدیاکانیش ئەم سەردانەیان زۆر بە گرنگ نەدەزانی و ڕاپۆرتە ڕۆژانەکان لەبارەیەوە، بەتەواوی هیچ خاڵێکی نامۆ و چاوەڕواننەکراوی تێدا نەبوو.

بەڵام هەر ئەم به‌ئاسایی نیشاندانەی سەردانەکە، بەشێکی گرنگی ئۆپەراسیۆنی هەڵخەڵەتاندنەکە بوو. دوای گەیشتنی کێسنجەر بۆ ئیسلام ئاباد و دیدارێکی ٩٠ خولەکی لەگەڵ جەنەڕاڵ یەحیا خان، لەپڕ بەرپرسان ڕایان گەیاند کە بەهۆی نەخۆشییەکی سووکی گەدەوە، بەرنامەکانی هەڵوەشاندووەتەوە و بۆ پشوو چووەتە شوێنی نیشتەجێبوونی شاخاویی حکوومیی ناتیا گالی (Nathia Gali). لەو سەردەمەدا نیشانەکانی “سکچوون و ڕشانەوە و ئازارەکانی هەرس” لەنێوان ئەو گەشتیارانەی بۆ وڵاتانی وەک هیندستان، پاکستان، میسر یان مەکسیک گەشتیان دەکرد، باو بوو. هۆکارەکەیشی کێشە تەندروستییەکان و پیسبوونی ئاو و خۆراک بوو. بەڵام ئەوەی کێسنجەر وەک بەرپرسێکی فەرمیی سیاسی تووشی نەخۆشییەکی لەو شێوەیە ببێت، کەمێک سەیر بوو. سەیرتریش شوێنی پشوودانەکەی بوو.

پرسیاری ڕۆژنامەنووسان لەو کاتەدا ئەوە بوو کە بۆچی نایگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی پێشکەوتوو لە ئیسلام ئاباد. وەڵامی بەرپرسانی ئەمریکی و پاکستانی ئەوە بوو کە کێسنجەر نایەوێت میواندارەکانی بێزار بکات. ئەم ڕوونکردنەوەیە هەرچەندە ڕۆژنامەنووسانی خسته‌ گومانه‌وه‌، بەڵام هیچ کەسێک گومانی ئەوەی نەدەکرد کە ئەو هەر لە بنەڕەتدا لە پاکستان نییە.

ئەو گەشتە ئاسمانییەی جیهان ئاگاداری نەبوو

ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت، کێسنجەر لەبری ئەوەی بەرەو شوێنی نیشتەجێبوونە شاخاوییەکە بڕوات، بەنهێنی گوازرایه‌وه‌ بۆ فڕۆکەخانەی ڕاوەڵپیندی (Rawalpindi) و لەوێ سواری فڕۆکەیەکی بۆینگ ٧٠٧ی (Boeing 707) هێڵە ئاسمانییە بازرگانییەکانی پاکستان بوو کە بەپێی خشتەی کاتیی گەشتە ئاسایییەکانی بەرەو پەکین دەڕۆیشت. ئەمە هەڵبژاردنێکی زیرەکانە بوو. لەو کاتەدا چین هێندە هەژار و گۆشەگیر بوو کە فڕۆکەی نەفەرهەڵگری مەودادرێژی نەبوو. گەشتە ئاسمانییەکانی پاکستان بۆ چین لەو سەردەمەدا تەواو ئاسایی بوون و تەنانەت دەستەی فڕۆکەوانییەکەیش نەیاندەزانی سەرنشینە تایبەتەکەیان کێیە.

لە پەکین، دوای ژەمەنیوەڕۆیەکی شاهانەی چینی، دانوستانە مێژوویی و نهێنییەکانی کێسنجەر لەگەڵ ژۆو ئێنلای (Zhou Enlai)، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی چین، دەستی پێ کرد. خاڵی گرنگ ئەوەیە کە بەپێچەوانەی بۆچوونی باوەوە، کێسنجەر لەم سەردانەدا لەگەڵ ماو تسێتۆنگ (Mao Zedong) سەرکردەی چین کۆ نەبووەوە.

هۆکارەکەیش ڕوون بوو. ماو لەو کاتەدا بەهۆی هەڵکشانی تەمەن و کێشەی تەندروستییەوە کەمتر بەشداریی لە دانوستانە درێژەکاندا دەکرد و بەڕێوەبردنی کردارییانەی سیاسەتی دەرەوەی، بە ژۆو ئێنلای سپاردبوو. ژۆو نەک هەر سەرۆکوەزیران، بەڵکوو ئەندازیاری سەرەکیی دیپلۆماسیی چین بوو و بە دەسەڵاتی تەواو لەلایەن “ماو”ەوە دانوستانی دەکرد.

گرنگترین تەوەرەکانی گفتوگۆکە بریتی بوون لە پلاندانان بۆ سەردانی چاوەڕوانکراوی ڕیچارد نیکسۆن بۆ چین، داهاتووی تایوان، جەنگی ڤێتنام، پەیوەندییەکانی چین و یەکێتیی سۆڤیەت (Soviet Union) و پێکهێنانی هاوسەنگییەکی نوێ لە ئاسیادا.

ژۆو ئێنلای هەر لە سەرەتای دانوستانەکانەوە ڕوونی کردەوە کە پرسی تایوان بۆ پەکین، بابەتێکە ناتوانرێت چاوپۆشیی لێ بکرێت. لە بەرامبەردا، کێسنجەریش بەبێ ئەوەی بەڵێنی فەرمی بدات، دەری خست کە ئیدارەی نیکسۆن ئامادەیە بە سیاسەتەکانی ڕابردوویدا بچێتەوە. لە کۆتاییی دانوستانەکاندا، هەردوو لا لەسەر سەردانە مێژوویییەکەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ چین ڕێک کەوتن. هەندێک جار “سکئێشەیەکی درۆیین” دەتوانێت ئاراستەی مێژووی جیهان بگۆڕێت.

تەنزی ڕووداوەکە ئەوە بوو کاتێک دوای دوو ڕۆژ کێسنجەر لە پاکستان دەرکەوت، نەک هەر “نەخۆشیی هەرس” ئاسەوارێکی بەجێ نەهێشتبوو، بەڵکوو بەپێی نووسینی گۆڤاری تایم (Time) زیاتر لە دوو کیلۆگرام کێشیشی زیادی کردبوو. کێسنجەر خۆی دواتر بەگاڵتەوە دەیگوت: ”دیارە چینییەکان پێیان وابوو سێ هەزار ساڵ لەمەوبەر یەکێک لە میوانەکانی حکوومەتەکەیان لە برسان مردووە و، سوور بوون لەسه‌ر ئه‌وەی هەرگیز ڕووداوێکی لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە. ”ئەم گاڵتەیە بووە یەکێک لە بەناوبانگترین بیرەوەرییەکانی سەردانە نهێنییەکەی، کە ئاراستەی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و چینی بۆ هەمیشە گۆڕی.

ماو: من ڕاستڕەوەکانم خۆش دەوێت!

لە کاتی سەرکەوتنی کۆمۆنیستەکانەوە بە سەرکردایەتیی ماو تسێتۆنگ لە ساڵی ١٩٤٩دا، ئەمریکا دانی بە کۆماری گەلی چیندا نەدەنا و حکوومەتە ناسیۆنالیستەکەی چیانگ کای شێک (Chiang Kai-shek) لە تایوان بە نوێنەری یاساییی چین دەزانی. بۆ زیاتر لە دوو دەیە هیچ پەیوەندییەکی دیپلۆماسی لەنێوان واشنتۆن و پەکیندا نەبوو و، لە جەنگی کۆریاشدا هەردوو وڵات بەکردەیی دژی یەکتر جەنگابوون.

 بەڵام لە کۆتایییەکانی دەیەی ١٩٦٠دا، بارودۆخی نێودەوڵەتی بەخێرایی گۆڕا. ناکۆکییە ئایدیۆلۆژی و سنوورییەکانی نێوان چین و یەکێتیی سۆڤیەت گەیشتە ئاستێک کە لە ساڵی ١٩٦٩دا هەردوو وڵات لە سنووری ڕووباری ئوسوری (Ussuri River) تووشی پێکدادانی سەربازی بوون. ئەم درزە، دەرفەتێکی دەگمەنی بۆ ئیدارەی نیکسۆن دروست کرد.

نیکسۆن و کێسنجەر گەیشتنە ئەو دەرەنجامەی کە ئەگەر بتوانن پەیوەندییەکان لەگەڵ چین ئاسایی بکەنەوە، ئەمریکا دەتوانێت کێبڕکێی نێوان پەکین و مۆسکۆ بۆ دروستکردنی هاوسەنگی بەکار بهێنێت. ئامانجی سەرەکی تەنیا باشترکردنی پەیوەندییەکان نەبوو لەگەڵ چین، بەڵکوو تێکشکاندنی سێگۆشەی هێزی جەنگی سارد و خستنی یەکێتیی سۆڤیەت بوو بۆ ناو پێگەیەکی بەرگری. بەڵام هەواڵە گەورەکە هێشتا ڕانەگەیەنرابوو. لە ١٥ی تەممووزی ١٩٧١دا، ڕیچارد نیکسۆن لە گوتارێکی تەلەڤزیۆنیدا ڕای گەیاند کە بانگهێشتەکەی کۆماری گەلی چینی قبووڵ کردووە و ساڵی داهاتوو سەردانی پەکین دەکات. ئەم هەواڵە، نەک هەر ڕای گشتیی ئەمریکا، بەڵکوو هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی واشنتۆن، یەکێتیی سۆڤیەت و تەنانەت زۆرێک لە بەرپرسانی حکوومەتی ئەمریکاشی تووشی سەرسوڕمان کرد.

حەوت مانگ دواتر، لە ٢١ی شوباتی ١٩٧٢، نیکسۆن گەیشتە پەکین.

شاندی ئەمریکی پێی وابوو یەکەمین دیداری فەرمی لەگەڵ ژۆو ئێنلایدایە، بەڵام چەند کاتژمێرێک دوای گەیشتنیان، پەیامێکی چاوەڕواننەکراوی پێ گەیشت: ماو تسێتۆنگ دەیەوێت هەر ئەمڕۆ سەرۆکی ئەمریکا ببینێت. ئەم دیدارە کە نزیکەی کاتژمێرێکی خایاند، بووە یەکێک لە سیمبولیترین ساتەکانی مێژووی دیپلۆماسیی سەدەی بیستەم.

دیداری نیکسۆن و ماو بەپێچەوانەی بۆچوونی زۆر کەسەوە، بە گفتوگۆکردن سەبارەت بە تایوان یان یەکێتیی کۆمارەکانی سۆڤیەت دەستی پێ نەکرد، بەڵکوو تێكه‌ڵ بوو بە گاڵتەی سیاسییەوە. ماو بەزەردەخەنەوە ڕووی لە سەرۆکی ئەمریکا کرد و گوتی: ”من ڕاستڕه‌وه‌كانم خۆش دێت. دەڵێن ئێوە و حزبی کۆماری لە باڵی ڕاستدان.” نیکسۆنیش دەستبەجێ وەڵامی دایەوە: ”لە ئەمریکا، لایەنی کەم لە بارودۆخی ئێستادا، ئەوانەی لە باڵی ڕاستدان دەتوانن ئەو کارانە بکەن کە چەپەکان تەنیا قسەی لەسەر دەکەن.” ئەم بەشەی گفتوگۆی ماو و نیکسۆن لە ڕاستیدا ئاماژەیەک بوو بۆ ئەو واقعە سیاسییەی کە تەنیا سەرۆکێکی کۆماری بە پێشینەیەکی درێژی دوژمنایەتی لەگەڵ کۆمۆنیزمدا، دەتوانێت باجی سیاسیی کردنەوەی دەرگه‌ی گفتوگۆ لەگەڵ چینی کۆمۆنیستدا بدات.

بەڵام گرنگترین بەشی گفتوگۆکە کەمێک دواتر ڕووی دا؛ ئەو کاتەی ماو ڕستەیەکی گوت کە بە جۆرێک فەلسەفەی ئەم دیدارەی کورت دەکردەوە: ”پێویست ناکات لە هەموو شتێکدا هاوڕا بین. گرنگ ئەوەیە بتوانین پێکەوە قسە بکەین.” نیکسۆنیش وەڵامی دایەوە: ”ڕێک لەبەر ئەم هۆکارە هاتوومەتە ئێرە. ئێمە باسی ڕابردوو ناکەین، بەڵکوو قسە لەسەر داهاتوو دەکەین.” هەر ئەم چەند ڕستەیە، گوزارشتی لە ڕۆحی سەردانێک دەکرد کە نەک لەسەر بنەمای چارەسەرکردنی هەموو ناکۆکییەکان، بەڵکوو لەسەر بنەمای قبووڵکردنی ناکۆکی و دەستپێکردنی گفتوگۆ پێک هاتبوو. ئەم دیدارە زیاتر لەوەی دانیشتنێک بێت بۆ دانوستان، ڕاگەیاندنی فەرمیی بڕیاری سەرکردەکانی هەردوو وڵات بوو بۆ کۆتاییهێنان بە زیاتر لە دوو دەیە دوژمنایەتی. گفتوگۆی سەرکردەکانی چین و ئەمریکا لەم دیدارەدا بەشی سەرنجڕاکێشی زۆری تێدایە کە لەم نووسینەدا ناپڕژێینه‌ سه‌ری. دەتوانن دەقە تەواوەکەی لە ئەرشیفی بەڵگەنامەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بخوێننەوە.

گەشتێکی ئاسمانیی نهێنی، چارەنووسی جەنگی ساردی گۆڕی

دیداری نیکسۆن و ماو، ڕەهەندێکی سیمبولیی هەبوو و ژۆو ئێنلای و هێنری کێسنجەر دانوستانە سەرەکییەکانیان سەبارەت بە داهاتووی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات بەڕێوە برد. ئەم دوو دیپلۆماتکارە گفتوگۆ چەند ڕۆژییەکانی سەبارەت بە تایوان، جەنگی ڤێتنام، پێکهاتەی پەیوەندییەکانی داهاتوو و دەقی “ڕاگەیانراوی شەنگەهای (Shanghai Communiqué)”یان ئەنجام دا.

هەر لەبەر ئەم هۆکارە زۆرێک لە مێژوونووسان پێیان وایە کە هەرچەندە ماو بڕیاری ستراتیژیی نزیکبوونەوە لە ئەمریکای دا، بەڵام ژۆو ئێنلای ئەو بڕیارەی کردە ڕێککەوتنێکی کرداری و، کێسنجەریش ئەندازیاری ئەمریکیی ئەم پرۆسەیە بوو. لە کۆتاییشدا نیکسۆن بە سەردانە فەرمییەکەی بۆ چین، شەرعییەت و متمانەی سیاسیی بەم گۆڕانکارییە مێژوویییە بەخشی. دەرەنجامەکانی ئەم ئۆپەراسیۆنە زۆر لەودیو پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی ئەمریکا و چینەوە بوون.

یەکێتیی سۆڤیەت لەپڕ درکی بەوە کرد کە ڕەنگە دوو ڕکابەرە گەورەکەی، لە دژی ئەو یه‌ك بگرن. هەر ئەم نیگەرانییەیش، بووە یەکێک لە هۆکارە گرنگەکانی ئارەزووی مۆسکۆ بۆ دانوستانەکانی سنووردارکردنی چەکی ئەتۆمی (SALT) لەگەڵ ئەمریکادا.

هەروەها، پێگەی ئەمریکا لە جەنگی ڤێتنامدا بەهێزتر بوو و چینیش دوای دوو دەیە لە گۆشەگیری، وردە وردە هاتە ناو سیستەمی نێودەوڵەتییەوە. ڕەوتێک کە لە کۆتاییدا زەمینەی بۆ چاکسازییە ئابوورییەکانی دێنگ شیاوپینگ (Deng Xiaoping) و گۆڕینی چین بۆ یەکێک لە گەورەترین زلهێزە ئابوورییەکانی جیهان خۆش کرد.

کەناڵە نهێنییەکەی ئیسلام ئاباد ئەم جارە بەڕووی ئێراندا کراوەتەوە

دوای زیاتر لە پەنجا ساڵ، ناوی پاکستان جارێکی تر لە یەکێکی تر لە دۆسیە ئەمنییە گەورەکانی جیهاندا هاتووەتە ئاراوە. لە کاتی قەیرانی ئەم دوایییەی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل و دواتر لە قۆناغی پاش کۆتاییهاتنی جەنگی ٣٨ ڕۆژەدا، چەندان ڕاپۆرت سەبارەت بە کاریگەریی ئیسلام ئاباد لە گواستنەوەی پەیامەکان، هەماهەنگیکردنی پەیوەندییەکان و خۆشکردنی زەمینەی گفتوگۆ لەنێوان تاران و واشنتۆندا بڵاو بوونەوە. سەردانە فەرمی و نافەرمییەکانی بەرپرسانی ئێرانی، ئەمریکی و پاکستانی، هاتووچۆ دیپلۆماسییەکان و کاریگەریی پاکستان لەو ڕەوتەی کە گەیشتە لێکتێگەیشتنی کۆتاییهێنان بە جەنگ و دەستپێکردنی دانوستانەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر، وای کردووە هەندێک لە شرۆڤەکاران باسی “گەڕانەوەی پاکستان بۆ دیپلۆماسیی کەناڵی شاراوە” بکەن.

لێکچوونی ئەم دوو قۆناغە مێژوویییە، جێی سه‌رنجه‌. لە هەردوو حاڵەتەکەدا، دۆسیەیەکی ئەمنی هەبوو کە ساڵانێك بە چارەسەرنەکراوی مابووەوە. لە هەردوو حاڵەتەکەدا، گفتوگۆ ڕاستەوخۆکان لە ڕووی سیاسییەوە قورس و تەنانەت مەحاڵ دەردەکەوتن. هەروەها لە هەردوو حاڵەتەکەدا، پاکستان هەوڵی دا پێگە تایبەتەکەی لای هەردوو لایەن بۆ دروستکردنی کەناڵێکی پەیوەندیی ئارام بەکار بهێنێت. لە هەمووی گرنگتر دەرگه‌ی گفتوگۆکە، سەرۆکێک کردوویەتییەوە کە کۆمارییە و خۆی لە هەموو کۆمارییەکان زیاتر بە سەرسەختی لە بەرامبەر سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ناسراوە.

بێ گومان جیاوازییەکانیش کەم نین. لە ساڵی ١٩٧١، ئامانج تواندنەوەی به‌سته‌ڵه‌كی پەیوەندییەکانی نێوان دوو زلهێز بوو کە بۆ ماوەی زیاتر لە بیست ساڵ هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان نەبوو. بەڵام ئەمڕۆ پرسەکە، بەڕێوەبردنی یەکێک لە ئاڵۆزترین قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کەمکردنەوەی مەترسیی پێکدادانی ڕاستەوخۆ و هەوڵدانە بۆ گەیشتن بە چوارچێوەیەکی سەقامگیر بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە ئەتۆمی و ئەمنییەکان.

سەرەڕای ئەمەیش، لۆژیکی جیۆپۆلیتیکیی هەردوو دۆسیەکە لێکچوونێکی بەرچاوی هەیە. کاتێک دانوستانی ئاشکرا باجی سیاسیی گەورەی هەیە، کاریگەریی وڵاتێکی سێیەم کە جێگەی متمانەی ڕێژەییی هەردوو لایەن بێت، گرنگییەکی یەکلاکەرەوە پەیدا دەکات.

٥٥ ساڵ لەمەوبەر، کەم کەس پێی وابوو خۆنەخۆشخستنی هێنری کێسنجەر لە ئیسلام ئاباد ببێتە پێشەکیی یەکێک لە گەورەترین وەرچەرخانە جیۆپۆلیتیکییەکانی سەدەی بیستەم. ئەمڕۆش هێشتا بۆ بڕیاردان لەسەر کاریگەریی پاکستان لە دۆسیەی ئێران و ئەمریکادا زووە. لەوانەیە ساڵانێک دواتر، بە بڵاوبوونەوەی بەڵگەنامە نهێنییەکان، ڕوون ببێتەوە کە لەپشت سەردانە ئاشکراکان و دیدارە ڕانەگەیەنراوەکانی ئەم ڕۆژانەوە چی ڕووی داوە. ئەو کاتەیە کە دەتوانرێت بڕیار بدرێت ئایا ئیسلام ئاباد جارێکی تر توانیویەتی لە بێدەنگیدا، ئاراستەی یەکێک لە گرنگترین دۆسیە ئەمنییەکانی جیهان بگۆڕێت یان نا.

سەرچاوە:

https://www.independentpersian.com/node/421077/سیاسی-و-اجتماعی/دل%E2%80%8Cپیچه-دروغین-کسینجر-در-اسلام%E2%80%8Cآباد؛-«کانال-محرمانه%E2%80%8C-پاکستان»-بار-دیگر

image_pdfimage_print