ماڵپەڕ: شەرقولئەوسەت (Asharq Al-Awsat)
نووسەر: هیشام داود (Hisham Daoud)
تێپەڕبوونی زیاتر لە مانگێک بەسەر بەدەستهێنانی متمانەی پەرلەمان لە ١٤ی ئایاری ٢٠٢٦دا، هێشتا پێکهاتەی حکوومەتەکەی “عەلی زەیدی” ناتەواوە. لایەنە سیاسییەکان چارەنووسی نزیکەی ١٠ پۆستی وەزارییان یەکلا نەکردووەتەوە، کە دوو کۆڵەکەی سەرەکیی دەوڵەتی عێراق دەگرێتەوە: وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری.
لە عێراقدا، کە زۆر جار حکوومەتەکان تەنیا لەپاش سەفقە و دانوستانی درێژخایەنی نێوان حزبەکان، فراکسیۆنە پەرلەمانییەکان، تۆڕەکانی هەژموون و هێزە هەرێمییەکان پێک دێن، ڕەنگە ئەم دواکەوتنە ئاسایی و ئاشنا دیار بێت. بەڵام ئەم خوێندنەوەیە تەنیا تا ڕاددەیەک ڕاستە.
کابینە ناتەواوەکە تەنیا ڕەنگدانەوەی ململانێی باوی سەر پۆستەکان نییە، بەڵکوو لە سەرووی هەموو شتێکەوە ئەوە نیشان دەدات کە ئەو ڕێککەوتنانەی زەیدییان گەیاندە دەسەڵات، هێشتا هاوسەنگییەکی ڕاستەقینەی حوکمڕانییان بەرهەم نەهێناوە.
زەیدی خاوەنی شەرعییەتی پەرلەمانییە، بەڵام کۆنترۆڵی تەواوی بەسەر دەسەڵاتی جێبەجێکردندا نییە. حکوومەتەکەی لە باری یاسایییەوە دامەزراوە، بەڵام لە باری سیاسییەوە هێشتا ناتەواوە. پرسی ناوەندی، چیتر تەنیا ئەوە نییە کە ئایا دەتوانێت پێکهێنانی کابینەکەی تەواو بکات یان نا، بەڵکوو ئەوەیە کە چەندە مەودا و دەرفەتی دەبێت بۆ جێبەجێکردنی بەرنامە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکەی.
ئایا زەیدی تەنیا دەبێتە بەڕێوەبەری ئەو ڕێککەوتنەی کە هێزە سەرەکییەکان لەناو کەمپی شیعەدا ئەنجامیان داوە؟ یان دەتوانێت قۆناغ بە قۆناغ ئەو ڕێککەوتنە بکاتە ئامرازێکی ڕاستەقینە بۆ کاری سیاسی و، تەنانەت بە ڕێژەیەکی سنوورداریش بێت، توانای دەستپێشخەری بۆ دەوڵەتی عێراق بگەڕێنێتەوە؟
هەر بۆیە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی زەیدی بۆ واشنتۆن لە ناوەڕاستی مانگی تەممووزدا بایەخی هەیە. ئەم سەردانە، زیاتره لە گەشتێکی دیپلۆماسیی باو. شانبەشانی دۆسیەکانی ئابووری، وزە و ئەمنی کە بۆ گفتوگۆکردن ڕاگەیەنراون، ئەم سەردانە دەبێتە یەکەمین تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەی سەرۆکوەزیرانییەکەی. ئەم سەردانە دەری دەخات کە ئایا زەیدی دەتوانێت شەرعییەتی نێودەوڵەتیی خۆی بەهێزتر بکات، سەربەخۆیی خۆی لەو هێزە سیاسییانە فراوانتر بکات کە گەیاندیانە دەسەڵات و، پەیوەندیی خۆی لەگەڵ ئیدارەی ویلایەتە یەکگرتووەکان پێناسە بکات، لە کاتێکدا دەردەکەوێت کە ئەولەوییەتەکانی واشنتۆن لە عێراقدا لە گۆڕاندایە.
عێراق لەناو هاوکێشەیەکی ناوچهییی نوێدا
زۆر کەس بەو سوپرایزە ستراتیژییەی تاران سەرسام بوون کە هەندێک لە هاوسەنگییە هەرێمییەکانی گۆڕی. ئەم هەنگاوە جموجووڵی کەشتیوانیی لە گەرووی هورمز پەک خست و گۆڕانکارییەکی نیگەرانکەری لە یاسای نێودەوڵەتیدا هێنایە ئاراوە، لە ڕێگەی ئەوەی کە تاران بە ”مافی کۆنترۆڵکردن”(right to control) ناوی برد. ڕێککەوتنە کاتییەکەی نێوان واشنتۆن و تاران دەرفەتی بۆ ئاگربەست ڕەخساند و ڕێگەی بۆ قۆناغێکی نوێی دانوستانەکان کردەوە. پێ دەچێت ئەم ڕێککەوتنە لە ماوەی کورتخایەندا ئەگەری پێکدادانی سەربازیی ڕاستەوخۆ کەم بکاتەوە. بەڵام هیچ یەک لەو ناکۆکییە بنەڕەتییانە چارەسەر ناکات کە هێشتا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران لەیەکتری جیا دەکەنەوە. بەپێچەوانەوە، پێ دەچێت ململانێکەیان بەرەو ئهو گۆڕهپانانه بگوێزێتەوە کە بەرژەوەندییەکانیان تێیاندا بەردەوام یەکتر دەبڕن. لە پێشەنگی هەموویانەوە عێراق دێت.
بۆ بەغدا، ئەم گۆڕانکارییە پارادۆکس (paradox)ێكی ڕوون هەڵدەگرێت. هێوربوونەوەی ڕێژەییی نێوان واشنتۆن و تاران دەتوانێت مەودایەکی زیاتر بە حکوومەتەکەی عەلی فالح زەیدی ببەخشێت بۆ ئەنجامدانی چاکسازییەکان، بێ ئەوەی باجی هەڵکشانی گرژییە هەرێمییەکان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ هەڵبگرێت. بەڵام هەمان هێوربوونەوە، دەشێت کێبڕكێی نێوان هەردوو زلهێزەکە بگوێزێتەوە بۆ ناو دامەزراوەکانی عێراق و، بەمەیش دەوڵەتی عێراق بکاتە گۆڕەپانی سەرەکیی ململانێکە.
ڕێککەوتنەکەی واشنتۆن-تاران، دۆسیەی عێراق سەرلەنوێ لەسەر بەرەی جیۆپۆلیتیکیی دیکەیش دەکاتەوە. پێشبینی دەکرێت دەوڵەتانی کەنداو ستراتیژییەکانیان خێراتر بکەن بەمەبەستی چەسپاندنی بەرژەوەندییە هەرێمییەکانیان، بەتایبەتی لە عێراق، سووریا و لوبنان.
تورکیا، لە ڕێگەی ستراتیژییە جیۆپۆلیتیکییەکەی لە بواری وزە و بەستنەوەی لۆجستی، هەوڵ دەدات پێگەی خۆی لە عێراقدا بەهێزتر بکات. لەبەرامبەردا، چین و ڕووسیا هەوڵ دەدەن ئامادەییی خۆیان لەو ناوچەیەدا قووڵتر بکەنەوە کە بە ”بەرەی باشوور”(southern front) ی هێرشەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان و بەگشتی ڕۆژاوا لە کایەی یۆراسیادا دادەنێن. واتە: ئێران، شانبەشانی بەرەی ڕۆژاوا لە ئوکراینا و بەرەی ڕۆژهەڵات لە تایوان، لەگەڵ ئەو کایە دەوروبەرییانەی کە تایبەتن بە بەیەکەوەبەستن و هەژموون.
لە بنەڕەتدا، پێویستە عێراق بتوانێت سوود لەم کێبڕكێ نوێیەی سەر هەژموونی ناوچهیی وەربگرێت، بەتایبەتی لە ڕێگەی ڕاکێشانی وەبەرهێنانە ئابوورییەکان و دەستەبەرکردنی پشتیوانییەکی بەهێزتر بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان (normalization) و یەکگرتووییی ناوچهیی (regional integration).
بێ گومان ئەم گۆڕانکارییە جیۆپۆلیتیکییە، کاریگەریی دەبێت لەسەر پێگەی عێراق لەناو ململانێی نێوان واشنتۆن و تاراندا. بۆ ماوەی نزیکەی دوو دەیە، سیستەمی سیاسیی عێراق لەسەر هاوسەنگییەکی ناڕوون ڕاوەستاوە.
عێراق نە ناوچەیەکی پارێزراو (protectorate) ی ویلایەتە یەکگرتووەکانە و نە پاشکۆیەکی ڕەهای ئێرانە؛ بەڵکوو کایەیەکی کراوەیە بۆ دانوستانی بەردەوامی نێوان هێزە دەرەکییەکان، دەستەبژێرە ناوخۆیییەکان، حزبە تائیفەگەرییەکان، کوتلە چەکدارەکان، دامەزراوە لەرزۆکەکان و ئابوورییەکی کرێخۆر (rentier economy).
سەرەڕای لەرزۆکییەکەی، ئەو مۆدێلە بۆ ماوەی ساڵانێك ڕێژەیەک لە سەقامگیریی ڕێژەییی دابین کردووە. بەڵام ئاماژە هەنووکەیییەکان دەری دەخەن کە عێراق پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێوە؛ قۆناغێک کە پێ دەچێت بەرەو چەسپاندن و بەهێزکردنی دەوڵەت و دامەزراوەکانی هەنگاو بنێت.
گۆڕانکاری لە سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا
ئیدارەی ترەمپ چیتر وا دەرناکەوێت بەتەواوی ئامادە بێت ئەو لۆژیکە ناڕاستەوخۆیە قبووڵ بکات کە لە ساڵانی ڕابردوودا حوکمی عێراقی دەکرد: جۆرێک لە بەڕێوەبردنێکی هاوبەشی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی نێوان واشنتۆن و تاران.
ئاماژەکانی تا ئێستا، ئاراستەی ڕێبازێکی ویلایەتە یەکگرتووەکان نیشان دەدەن کە لەسەر بنەمای هەژموونی درێژخایەن لە ڕێگەی بەهێزکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراقەوە بونیاد نراوە. ئامانجەکە ئەوەیە کە ئامرازە تەکنۆکراتییەکان و، ڕەنگە، ڕێژەیەکی زیاتر لە بێلایەنیی ئایدیۆلۆژی بەکار بهێنرێن بۆ ئەوەی تای تەرازووی هاوسەنگییەکە بە قازانجی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی عێراق، بەتایبەتی لە بواری ئابووریدا، بشکێتەوە و لە هەژموونی ئێران دوور بکەوێتەوە.
كۆمهڵێك بەرپرس لەناو ئیدارەی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا پشتیوانی لەم دیدگهیە دەکەن. ئەوان پێیان وایە کە عێراق دەتوانێت قۆناغ بە قۆناغ خۆی لە پشتبەستن بە پشتیوانیی ئێران ڕزگار بکات، ئەگەر بێت و دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق متمانە و کاراییی خۆیان بگەڕێننەوە.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی کشانەوەی دیاریکراوی هێزە سەربازییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە مانگی ئەیلوولی ٢٠٢٦دا، ڕێبازێکی پشتئەستوور تەنیا بە تێڕوانینی ئەمنییهوه بهس نییه. ئەو ئۆپەراسیۆنە بەردەوامانەی کە لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە سەرکردەی کوتلە چەکدارەکان و پێکهاتە ڕێکخراوەیییەکانیانی کردووەتە ئامانج، هیچ گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینەیان لە هاوسەنگیی هێزدا بەرهەم نەهێناوە.
یەکێک لە دیارترین بەرگریکارانی ئەم ڕێبازە ”تۆم باراک”ە کە پێگەیەکی تایبەتی تێدا داگیر دەکات. باراک باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانە لە تورکیا و، کەسێکی نزیکە لە دۆناڵد ترەمپ. هەروەها بە پەیوەندییە نزیکەکەی لەگەڵ ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، ناسراوە و، بەوەیش کە یەکێکە لە دیارترین داکۆکیکارانی کاراییی سیستەمە ناوەندی (مهركهزی)یەکان و، تەنانەت سیستەمە دەسەڵاتخوازەکان (authoritarian)، لە بەرهەمهێنانی قۆناغە گواستنەوەیییەکاندا. ئەمڕۆ، ئەو یەکێکە لە کارەکتەرە سەرەکییەکانی ناو دۆسیەکانی سووریا و عێراق. تۆم باراک سەربە قوتابخانەیەکی کلاسیکییە کە پێی وایە هیچ هەژموونێکی بەردەوام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بوونی نییە بەبێ دەوڵەتە ناوەندییەکان کە خاوەنی لانی کەمی متمانەی سیاسی و دامەزراوەیین.
لە سووریا، ئەم تێڕوانینە ڕەنگ دەداتەوە لە پشتیوانیکردن لە ڕێڕەوێکی پراگماتیک بەرەو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ دەسەڵاتە نوێیەکەی دیمەشق. لە عێراقیشدا، دەردەکەوێت تیشک دەخرێتە سەر بەهێزکردنی کاریگەریی بەغدا، بێ ئەوەی چاوپۆشی لە گرنگی و پێگەی هەولێر بکرێت. هەر بەم لۆژیکە، دەبێت تێگەیشتنمان بۆ کاراکردنەوەی ئەم دوایییەی چەندان دۆسیە هەبێت. هەوڵەکان بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، هەنگاونان بەرەو هەماهەنگیی نزیکتری نێوان بەغدا و دیمەشق و، بایەخدانەوە بە هەندێک لە پڕۆژە ناوچهیییەکان، تەنیا جووڵەی دیپلۆماسی نین، بەڵکوو هەموویان خزمەت بە یەک لۆژیک دەکەن کە بریتییە لە قۆناغ بە قۆناغ بەهێزکردنی توانای دەوڵەتی عێراق بۆ گەڕانەوە بۆ پێگە میحوەرییەکەی خۆی وەک ئەکتەری ناوەندی لە هاوسەنگییە هەرێمییەکاندا.
چارەسەرکردنی ناکۆکییە درێژخایەن و بەردەوامەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان، چ لەسەر پرسی بوودجە، هەناردەکردنی نەوت، بەڕێوەبردنی وزە یان دابەشکردنی دەسەڵاتەکان بێت، بەغدا بەهێزتر دەکات. هاوکات خودی زەیدییش بەهێزتر دەکات. هەمان لۆژیک بەسەر پەیوەندییەکانی بەغدا لەگەڵ دیمەشقدا جێبەجێ دەبێت. دەردەکەوێت کە دەسەڵاتدارانی ویلایەتە یەکگرتووەکان، لەژێر کاریگەریی تۆم باراکدا، ئێستا پێشوازی لە هەماهەنگییەکی پراگماتیک لەنێوان هەردوو پایتەختدا دەکەن. ئەمەیش ئەوەندەی لەبەر ئەوە نییە کە واشنتۆن پشتیوانی لە دەسەڵاتە نوێیەکەی سووریا دەکات، بەڵکوو لەبەر ئەوەیە کە دەیەوێت سەقامگیری لە ناوچەیەکی سنووریدا جێگیر بکات کە بووەتە ناوچەیەکی هەستیار و ژیانی، بۆ ئاسایشی هەرێمایەتی.
سنووری عێراق و سووریا وەک ئاڵنگارییەکی ستراتیژیی گەورە دەمێنێتەوە لە بواری بەرەنگاربوونەوەی گرووپە چەکدارەکان، قاچاخچێتی و تۆڕە نایاسایییەکانی گواستنەوە. لە هەمان کاتدا، ئەگەر بێت و بارودۆخی سیاسیی گونجاو بڕەخسێت، دەتوانێت سەرلەنوێ ببێتەوە بە کایەیەک بۆ ئاڵوگۆڕی ئابووری و گواستنەوەی وزە.
لەبەر ڕۆشناییی ئەم ڕاستییەدا، بیرۆکەی کاراکردنەوەی بۆریی نەوتی کەرکووک-بانیاس گرنگییەکی تایبەت بەدەست دەهێنێتەوە. پڕۆژەکە تەنیا پڕۆژەیەکی ئابووری نییە، بەڵکوو مانایەکی قووڵی جیۆپۆلیتیکیش هەڵدەگرێت. ئەم پڕۆژەیە دەرچەیەکی دیکە بە عێراق دەبەخشێت بۆ هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی دەریای ناوەڕاستەوە و، بەمەیش، لانی کەم بەشێکی، پشتبەستنی بە ڕێڕەوە بەردەستەکانی ئێستا لە ڕێگەی کەنداو یان تورکیاوە کەم دەکاتەوە.
لە کاتێکدا لەوەیش گرنگتر ئەوەیە، ئەمە دەبێتە خاڵی گەڕانەوەی عێراق بۆ پێگە مێژوویییەکەی خۆی وەک پردی بەستنەوەی نێوان کەنداو، شامی عەرەبی و دەریای ناوەڕاست. پڕۆژەکە بەتەنیا قەیرانە ئابوورییەکەی عێراق چارەسەر ناکات، بەڵکوو ئاماژەیە بۆ خواستێک سەبارەت بە جێگیرکردنەوەی عێراق لە چەقی جووڵە ناوچهیییەکاندا، لەبری ئەوەی وەک گۆڕەپانێک بۆ کێبڕكێی ناوچهیی و نێودەوڵەتی جێ بهێڵرێت.
حوکمڕانیكردن لەژێر باری کۆتوبەندە دارایییەکاندا
ئەم ئاسۆیە بەهۆی بارودۆخە ئابوورییە ناوخۆیییەکەی عێراقەوە بەوپەڕی لەرزۆکی دەمێنێتەوە. حکوومەتەکەی زەیدی میراتگری بارودۆخێکی داراییی تێکچوو بوو. مەودای جووڵە و دەستپێشخەریی دەوڵەت بەهۆی ئەو پابەندییە دارایییانەی لە ساڵانی ڕابردوودا کەڵەکە بوون، بەتایبەتی لە سەردەمی حکوومەتەکەی “محەمەد شیاع سوودانی”دا، بە شێوەیەکی بەرچاو بەرتەسک بووەتەوە.
مووچەی کەرتی گشتی، خەرجییە کۆمەڵایەتییەکان، قەرزی ناوخۆیی و پابەندییە دارایییەکانی دیکە ئێستا پشکێکی گەورە لە سەرچاوەکانی دەوڵەت بۆ خۆیان دەبەن. هەناردەکردنی نەوت بارگرانییەکی دیکە دروست دەکات. دانوستانەکان لەگەڵ تورکیا سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی “بەندەری جەیهان”ەوە هێشتا یەکلا نەبووەتەوە و، ئەمەیش عێراقی لە پشکێکی گرنگی داهاتی نەوت بێبەش کردووە. پێش سەرهەڵدانی قەیرانەکە، هەناردە لە ڕێگەی ئەو هێڵەوە دەگەیشتە سەدان هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
هەر بۆیە قەیرانی هەنووکەیی، کێشەیەکی ئابووریی تێپەڕ یان تەنگژەیەکی داراییی کاتی نییە؛ بەڵکوو سنوورە پێکهاتەیی و بونیادییەکانی ئەو مۆدێلە سیاسی و ئابوورییە ئاشکرا دەکات کە دوای ساڵی ٢٠٠٣ لە عێراقدا بونیاد نراوە.
دەوڵەتی عێراق قۆناغ بە قۆناغ بووەتە ئامێرێکی زەبەلاح بۆ دابەشکردنەوەی کرێخۆریی کەرتی نەوت. مووچەی گشتی، مووچەی خانەنشینی، هاوکارییە کۆمەڵایەتییەکان، گرێبەستە حکوومییەکان، کۆمپانیا گشتییەکان و تۆڕەکانی بەڵێندەرایەتیی لاوەکی، بوونەتە ئامرازی سەرەکی بۆ ڕێکخستنی هاوسەنگییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان.
لەژێر سێبەری ئەم هاوکێشەیەدا، پێدانی ڕێککوپێکی مووچە چیتر تەنیا پرسێکی پەیوەست بە بەڕێوەبردنی دارایی یان بوودجەی دەوڵەت نییە؛ بەڵکوو بووەتە خاڵی میحوەر بۆ سەقامگیریی خودی سیستەمە سیاسییەکە. نزیکەی پێنج ملیۆن فەرمانبەری حکوومی، شانبەشانی ملیۆنان خانەنشین و سوودمەندانی چاودێریی کۆمەڵایەتی، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پشت بە داراییی گشتی دەبەستن.
هەر پشێوی و دواکەوتنێکی درێژخایەن، دەتوانێت بەخێرایی گرژیی کۆمەڵایەتیی فراوان دروست بکات و لەرزۆکیی حکوومەتێک قووڵتر بکاتەوە کە لە بنەڕەتدا لە یەک کاتدا ڕووبەڕووی چەندان ئاڵنگاریی سیاسی بووەتەوە. بەڵام بژاردەکانی بەردەم دەسەڵاتی جێبەجێکردن بەسنوورداری دەمێننەوە. بۆندە حکوومییەکان (government bonds) دەتوانن نەختینەی کاتی دابین بکەن، بەڵام ناهاوسەنگییە بونیادییە قووڵەکان چارهسهر ناكهن. قەرزکردنی ناوخۆیییش بەهۆی لاوازیی نەختینە لەناو ئابووریی عێراقدا بە کۆتوبەندکراوی دەمێنێتەوە.
پەنابردن بۆ بانکی نێودەوڵەتی یان سندووقی نێودەوڵەتیی دراو (IMF) وەک بژاردەیەک دەمێنێتەوە، بەڵام ئەمە مەرجی توندی لەگەڵدا دەبێت. ڕەنگە ئەم مەرجانە چاکسازی لە کۆمپانیا گشتییەکان، ڕێکخستنەوەی خەرجییە حکوومییەکان، باشترکردنی بەڕێوەبردنی داراییی گشتی و کەمکردنەوەی قۆناغ بە قۆناغی هەندێک لە شێوازەکانی پشتیوانیی دەوڵەت بگرێتەوە.
ئەم جۆرە ڕێکارانە دەتوانن دڵنیایی بە هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان بدەن. بەڵام لە هەمان کاتدا، مەترسیی خۆشکردنی ئاگری تووڕەییی کۆمەڵایەتییان لێ دەکرێت، لە وڵاتێکدا کە هێشتا دەوڵەت تێیدا گەورەترین خاوەنکارە و تۆڕی پاراستن (safety net)ی سەرەکییە لەبەرامبەر قەیرانە ئابوورییەکاندا.
کوتلە چەکدارەکان لەنێوان بەدامەزراوەییکردن و داڕشتنەوەی پێکهاتەدا
قەیرانە ئابوورییەکەی عێراق بە شێوەیەکی توندوتۆڵ بە پرسی ئەمنی و سەربازییەوە گرێ دراوە. دەوڵەت چیتر تەنیا دەوڵەتێکی کرێخۆر نییە کە داهاتەکانی نەوت دابەش بکات؛ بەڵکوو بووەتە کایەیەک کە تێیدا دامەزراوەکانی دەوڵەت لەگەڵ تۆڕە سیاسی، کارگێڕی، ئابووری و سەربازییەکان تێکەڵ دەبن و یەکتر دەبڕن، کە هەموویان، بە ڕێژەی جیاواز، بژێوی و سەرچاوەی خۆیان لە داهاتە گشتییەکان وەردەگرن.
کوتلە چەکدارەکان چیتر هێزی خۆیان تەنیا لە توانای سەربازییەوە وەرناگرن، بەڵکوو هێزەکەیان لە پرۆسەیەکی درێژخایەنی بەدامەزراوەییکردن لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوویشدا وەردەگرن. ئێستا ئەوان درێژکراوە و نوێنەرایەتییان لەناو پەرلەمان و دەسەڵاتی جێبەجێکردندا هەیە، خاوەنی ئامادەیین لەناو بەڕێوەبردن و کارگێڕیی گشتیدا، خاوەنی سەرچاوەی دارایی، تۆڕ و نووسینگەی ئابوورین، نووسینگەی پاراستنیان هەیە کە مامەڵە لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوتدا دەکەن، دەزگهی میدیایی و ڕێکخراوی کۆمەڵایەتییان هەیە، شانبەشانی ڕێژەیەک لە ڕەوایەتی (legitimacy) کە هەندێکیان به درێژاییی جەنگی دژی ڕێکخراوی داعش بەدەستیان هێناوە.
تێڕوانین بۆ ئەم کوتلانە وەک تەنیا گرووپێکی چەکداری دەرەوەی دەوڵەت، چیتر ڕەنگدانەوەی واقعی عێراق نییە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە. تێکەڵبوون و یەکتربڕینی نێوان دەوڵەت و کوتلە چەکدارەکان چیتر تەنیا دزەکردن نییە بۆ ناو دامەزراوەکانی دەوڵەت؛ بەڵکوو بووەتە بەشێک لە شێوازی کارکردن و بەڕێوەچوونی خودی دامەزراوەکان. ئەم واقعە هەروەها پێویستیی بهوهیه كه سادهكردنهوهیهكی دیکە، کە زۆر جار لە شیکارییە ڕۆژاوایییەکاندا دووبارە دەبێتەوە، تێ پهڕێنین، واته: کورتکردنەوەی ئەم کوتلە چەکدارانە لە چوارچێوەی ”بریکارەکانی ئێران”(Iranian proxies) دا. هەموویان بە یەک ڕێژە لە تارانەوە نزیک نین و، هەموویشیان هەمان پەیوەندیی سیاسی یان سەربازییان لەگەڵیدا نییە. هەندێکیان خاوەنی پەراوێزێکی بەرچاوی سەربەخۆیین و حیساباتە عێراقییەکان له پێشینه (ئهولهوییهت) دادهنێن.
هەندێکی دیکەیان بە شێوەیەکی قووڵتر لەناو تۆڕە ناوچهیییەکانی تاراندا تێکەڵ بوون. هەر بۆیە، دروستتر ئەوەیە کە باسی ”کوتلە عێراقییە نزیکەکان لە ئێران” بکرێت لەبری ئەوەی کورت بکرێنەوە بۆ درێژکراوەی ڕاستەوخۆی ئێران. ئەم کورتکردنەوەیە ئەو گۆڕانکارییانە دەشارێتەوە کە ئەم گرووپانە لەناو کۆمەڵگه و دەوڵەتی عێراقدا بەسەریاندا هاتووە.
ئەم جیاوازیکردنە، بۆ تێگەیشتن لە مشتومڕە هەنووکەیییەکان سەبارەت بە داهاتووی کوتلە چەکدارەکان یەکجار گرنگە. دەردەکەوێت کە بەشێک لەم تۆڕە ئێستا ئامادەیە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕێکخستنەوەی قۆناغ بە قۆناغی پێگەی خۆی. دانوستانەکان لەگەڵ حکوومەت ئەوەندەی لەسەر تێکەڵبوونی قووڵتر لەناو هێزەکانی حەشدی شەعبی و جیاکردنەوەیەکی ڕوونتری نێوان چالاکیی سیاسی و سەرکردایەتیی سەربازی چڕ بوونەتەوە، ئەوەندە لەسەر چەککردنی دەستبەجێ چڕ نەکراونەتەوە.
گرووپەکانی دیکە، بەتایبەتی کەتائیبی حزبوڵڵا، بزووتنەوەی نوجەبا و کەتائیبی سەییدولشوهەدا، وریاترن لەبەرامبەر هەر پرۆسەیەک کە بتوانێت سەربەخۆییی ئەوان بەرتەسک بکاتەوە یان پەیوەندییان لەگەڵ دەوڵەتدا پێناسە بکاتەوە. بەڵام پرسیارە ڕاستەقینەکە ئەوە نییە کە ئایا لە واقعدا دەتوانرێت باڵی سیاسی و سەربازی لەیەکتری جیا بکرێنەوە یان نا، بەڵکوو ئەوەیە کە عێراق بووەتە چ جۆرە دەوڵەتێک. ئایا بەڕاستی دەتوانرێت سیاسەت و چەک لێك جیا بکرێنەوە لە کاتێکدا هەردووکيان لەناو هەمان پێکهاتەی دامەزراوەییدا کار دەکەن؟ ئایا دەتوانرێت مۆدێلە تەقلیدییەکانی چەککردن و تێکەڵکردنەوە بەسەر ئهو گرووپانهدا جێبەجێ بکرێت کە چیتر لە دەرەوەی دەوڵەتدا ڕانەوەستاون؟
ئەمڕۆ، کوتلە چەکدارەکان ئەوەندەی بەرگری لە پێگەکانیان لەناو دەوڵەتدا، پشکیان لە سەرچاوە گشتییەکان، تۆڕە ئابوورییەکانیان و بنکەیەکی کۆمەڵایەتی دەکەن کە ئێستا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پشت بەو هەلی کار، مووچە، خزمەتگوزاری و سیستەمی پاڵپشتی (patronage) دەبەستێت کە ئەوان دابینی دەکەن، ئەوەندە بەرگری لە جبەخانە و کۆگهی چەکەکانیان ناکەن. ژمارەی ئەندامانیان لەنێوان ٢٠٠،٠٠٠ بۆ ٣٠٠،٠٠٠ کەس مهزهنده دهكرێت. بە هەژمارکردنی خێزانەکانیانەوە، ملیۆنان عێراقی بە ڕێژەی جیاواز بەم سیستەمەوە بەستراونەتەوە.
هەر بۆیە، هەر هەوڵێک بۆ داڕشتنەوەی پێکهاتەی کوتلە چەکدارەکان یان کەمکردنەوەی کاریگەری و پێگەیان، ڕووبەڕووی هاوکێشەیەکی یەکجار ئاڵۆز دەبێتەوە: گوشارەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ قەتیسکردنی چەک بەدەست دەوڵەتەوە، هەژموونی ئێران کە هەوڵ دەدات بەشێک لە سیستەمی بەرپەرچدانەوەی ناوچهیی بپارێزێت و، بەرژەوەندییە ناوخۆیییە فراوانەکان کە مانەوەی کوتلە چەکدارەکان وەک زامنێک بۆ پێگە ئابووری و سیاسییەکانی خۆیان دەبینن. لەناو ئەم تێکەڵبوون و یەکتربڕینەدا، پرسیارەکە چیتر ئەوە نییە کە چۆن چەک لە کوتلە چەکدارەکان وەربگیرێتەوە؛ بەڵکوو ئەوەیە کە چۆن دەوڵەتێک سەرلەنوێ بونیاد بنرێتەوە.
کات وەک فاکتەرێک لە هاوسەنگیی هێزدا
ئەم ئاڵۆزییە دامەزراوەیییە بەهۆی ڕەهەندێکی دیکەوە کە زۆر جار فەرامۆش دەکرێت، هێندەی دیکە قووڵتر دەبێتەوە، ئەویش فاکتەری کاتە. ویلایەتە یەکگرتووەکان بەزۆری لە چوارچێوەی ئاسۆیەکی سیاسیی ڕێژەییی کورتخایەندا بیر دەکاتەوە، کە خولەكانی سەرۆکایەتی، گەڕان بەدوای ئەنجامی خێرا و وادە دیپلۆماسییە نزیکەکان ئاراستەی دەکەن و نەخشەی بۆ دەکێشن.
کوتلە عێراقییە نزیکەکان لە ئێران، هەروەک خودی تاران، لەسەر خشتەیەکی کاتیی زۆر جیاواز کار دەکەن. ئەوان دەزانن چۆن چاوەڕێ بکەن، بڕیارەکان دوا بخەن، گوشارەکان هەڵمژن، هەوڵەکانی نێوەندگیری چەندهێندە بکەن و کات بکەنە کەرەستە و سەرچاوەیەکی سیاسی. لە عێراقدا، خودی کات بەشێکە لە هاوسەنگیی هێز. ڕەگداکوتراوترین ئەکتەرەکان ئەوانەن کە دەتوانن بەرگەی گۆڕانی حکوومەتەکان، سزا نێودەوڵەتییهكان، گۆڕانکاری لە هاوسەنگییە سیاسییەکان و قەیرانە ناوچهیییهكان بگرن.
ئەم توانایە بۆ کارکردن بەپێی لۆژیکی درێژخایەن ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە بۆچی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ داڕشتنەوەی پێکهاتەی کایەی ئەمنی، ئەنجامی سنوورداریان بەرهەم هێناوە. هێزە ناوخۆیییەکان دەزانن کە هاوسەنگییە نێودەوڵەتییەکان زۆر خێراتر لە هاوسەنگییە ناوخۆیییەکانی عێراق دەگۆڕێن. ئەم خشتە کاتییە جیاوازانە، هەروەها یارمەتیدەرن بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە چۆن بەشێکی گرنگ لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق پێشوازیی لە جەنگی ئەم دوایییەی نێوان ئێران، ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل کرد.
قۆناغ بە قۆناغ ئەم باوەڕە لەناو بەشێکی فراوانی ئەکتەرە سیاسییەکاندا ڕەگی داکوتاوە کە ئێران بە پێگەیەکی سیاسیی بەهێزترەوە لە ململانێکە دەرچووە. ئەمە بەو مانایە نییە کە تاران هیچ زیانێکی پێ نەگەیشتووە یان ڕووبەڕووی گوشاری سەخت نەبووەتەوه، بەڵکوو تەنیا بەو مانایەیە کە سیستەمی ئێران نەڕووخا و، فڕێ نهدرایه پەراوێزی هاوکێشە ناوچهیییهكهوه. بۆ زۆرێک لە هاوپەیمانەکانی، توانای بەرگەگرتنی ئێران خودی خۆی جۆرێک بوو لە ”سەرکەوتنی سیاسی”.
ئەم خوێندنەوەیە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ڕەفتار و ئاراستەی ئەو کوتلە عێراقییانە دەستنیشان دەکات کە نزیکترینن لە تارانەوە. ئێستا زۆرێک پرسیارێکی ساکار دەپرسن: ئەگەر بێت و خودی ئێران توانستە ناوچهیییەکانی خۆی پاراستبێت، ئیتر بۆچی پێویستە کوتلە چەکدارەکان لە عێراقدا سازش بکەن؟
ئایا دۆکترینێکی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکان بوونی هەیە؟
لە ئێستادا هێشتا زۆر زووە بوترێت دۆکترینێکی نوێ و ڕوونی ویلایەتە یەکگرتووەکان بەرامبەر بە عێراق گەڵاڵە بووە. بەڵام چەند ئاماژەیهک دەری دەخەن کە ئێستا بەشێک لە ئیدارەی ویلایەتە یەکگرتووەکان پێی وایە کەمکردنەوەی هەژموونی ئێران پێویستی بە ململانێی ڕاستەوخۆ لەگەڵ تاراندا نییە، بەڵکوو ئەمە لە ڕێگەی بەهێزکردنی قۆناغ بە قۆناغی متمانە و توانای دەستپێشخەریی دەوڵەتی عێراقەوە تێ دەپەڕێت. بەڵام ئەم ڕێبازە لەگەڵ ئەو واقعەی عێراقدا بەریەک دەکەوێت کە لە سەرەوە خڕایە ڕوو. ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئێران و عێراق هەروەها بەپێی کاتژمێری جیاواز دەجووڵێن.
پێویستە زەیدی لە یەک کاتدا ڕووبەڕووی چەندان ئاڵنگاری بێتەوە. ئەو دەبێت هاوسەنگی بۆ داراییی گشتی بگەڕێنێتەوە، ڕێککەوتنە سیاسییە بەردەستەکان بپارێزێت، پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و کوتلە چەکدارەکان پێناسە بکاتەوە، هاوسەنگی لە پەیوەندییەکانی بەغدا لەگەڵ هەولێر و دیمەشقدا ڕابگرێت و، گفتوگۆیەکی بونیادنەرانە لەگەڵ واشنتۆن بپارێزێت بێ ئەوەی جەمسەرگیریی ناوخۆیی بەرهەم بهێنێتەوە. هەر بۆیە، ئاڵنگاریی بەردەم حکوومەتە نوێیەکە تەنیا ئەوە نییە کە ئایا دەتوانێت کاروباری وڵات بەڕێوە ببات یان نا؛ بەڵکوو ئەوەیە کە ئایا عێراق دەتوانێت لەناو چوارچێوەی هاوسەنگییە سیاسییە بەردەستەکاندا، کە ڕێژەیەک لە سەقامگیریی ڕێژەیییان دابین کردووە، دەوڵەتێکی خاوەن متمانەتر سەرلەنوێ بونیاد بنێتەوە.
لەو کایەیەی نێوان چاکسازی و بەردەوامبوونی دۆخی هەبوو، نێوان دەسەڵاتی دەوڵەت و دەسەڵاتی تۆڕەکانی هەژموون و، نێوان ڕەوتە نیشتمانی و ناوچهیییە جیاوازەکاندا، بە ئەگەری زۆرەوە داهاتووی سیاسیی عێراق لە ساڵانی داهاتوودا یەکلا دەبێتەوە.







