ئاماده‌کردن و وه‌رگێڕان له فه‌ڕه‌نسییه‌وه: د. هیوا شه‌مسی بورهان لە ئه‌نستیتۆی کاتۆلیکی هونه‌ر و پیشه / لیل / فەرەنسا
پێشه‌کی
ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر ڕاپۆرتی کۆبوونه‌وه‌ی ده‌سته‌یه‌ک بیرمه‌ند و ڕووناک‌بیری ئه‌وروپام له‌باره‌ی جۆراوجۆری و فره‌زمانیی یه‌کێتیی ئه‌وروپا خوێنده‌وه که زۆر سه‌رنجی ڕاکێشام[1].
کۆبوونه‌وه‌کان به سێ جار له مانگی ژوئه‌ن، ئۆکتۆبه‌ر و دێسه‌مبه‌ری ساڵی ٢٠٠٧ له‌سه‌ر داوای یه‌کێتیی ئه‌وروپا به‌ڕێ چوون و سه‌رۆکی گرووپه‌که نووسه‌ری به‌ناوبانگی فه‌ڕه‌نسی، ئه‌مین مه‌علووف بووه و بۆ خۆیشی ڕاپۆرته‌که‌ی له ساڵی ٢٠٠٨دا له بروکسێل بڵاو کردۆته‌وه. ئه‌ندامانی گرووپه‌که بێجگه له ئه‌مین مه‌علووف بریتی بوون له:
١- خاتوو یووتا لیمباخ، سه‌رۆکی ئه‌نستیتۆ گۆته.
٢- خاتوو ساندرا پرالۆنگ، پسپۆڕ له‌بواری په‌یوه‌ندییه‌کاندا.
٣- خاتوو سیمۆنێتا ئاگنێلۆ هۆرنبی، نووسه‌ر.
٤- به‌ڕێز ده‌ڤید گرین، سه‌رۆکی یۆنیک[2]، سه‌رۆکی گشتیی جارانی کونسوڵی بریتانی.
٥- به‌ڕێز ئێدواردۆ لوورێنچۆ، فه‌یله‌سووف.
٦- به‌ڕێز ژه‌ک دۆدۆکێر، نووسه‌ر، سکرتێری هه‌میشه‌ییی ئه‌کادیمیای پاشایه‌تیی زمان و ئه‌ده‌بی فه‌ڕه‌نسی له به‌لژیکا.
٧- به‌ڕێز یان سۆکۆل، فه‌یله‌سووف، وه‌زیری جارانی په‌روه‌رده له کۆماری چێک.
٨- به‌ڕێز یێنس کریستیان گرۆندال، نووسه‌ر.
٩- به‌ڕێز تاهیر بن جه‌للوون، نووسه‌ر.[3]
ئامانجی ئه‌م گرووپه له کۆبوونه‌وه‌کاندا، بیرکردنه‌وه و پێشنیارکردنی هێندێک ڕێگه‌چاره بووه که: چۆن فره‌زمانی ده‌توانێ ببێته هه‌وێنی پته‌وکردن و یه‌کگرتووییی زۆرتری یه‌کێتیی ئه‌وروپا.
ئه‌م وتاره وه‌رگێڕاوی ڕاپۆرته‌که نییه، به‌ڵکوو پوخته‌یه‌که له ناوه‌ڕۆکی بیرۆکه‌کان و ڕاگه‌یاندنی ده‌ره‌نجامه‌کان به شێوه‌یه‌کی گشتی. پێم وایه بیرۆکه‌کان و پێشنیاره‌کانی ئه‌و گرووپه ده‌توانن بۆ گه‌لی کورد به‌سوود بن، تا وه‌چه‌ی داهاتوو به ئاشتی و ئارامیشێکی زیادتر پێکه‌وه بژین.
سه‌ره‌تا
ئه‌ندامانی گرووپ بڕوایان وایه یه‌کێتیی ئه‌وروپی که له‌دوای جه‌نگی جیهانیی دووه‌م تێگوورا و دواتر له‌دایک بوو، گه‌وره‌ترین یه‌کێتییه که مرۆڤایه‌تی له مێژووی خۆیدا ناسیوێتی؛ یه‌کێتییه‌ک پێکهاتوو له گه‌لانی جۆربه‌جۆر و به چه‌ندین زمانی جیاواز. ئینجا چۆن ده‌کرێ ئه‌و هه‌موو خه‌ڵکه جیاوازه به‌هارمۆنی له‌گه‌ڵ یه‌کتر بژین؟ چۆن ده‌کرێ هه‌ست به چاره‌نووس و پێناسه‌یه‌کی هاوبه‌ش بکه‌ن؟ ئاخۆ ده‌بێ پێناسه‌یه‌کی ئه‌وروپی ده‌ستنیشان بکه‌ین؟ ئه‌وجا ئه‌و پێناسه‌یه چۆن له‌گه‌ڵ جیاوازییه‌کانی ئێمه ڕێک ده‌که‌وێ؟ ئه‌م یه‌کێتییه ده‌توانێ پێناسه‌کانی غه‌یری ئه‌وروپیش له خۆیدا جێ بکاته‌وه؟
ئه‌ندامانی گرووپ باش ئاگادارن که ئه‌م پرسیارانه و وه‌ڵام بۆیان ده‌توانن نه‌ک ته‌نیا بۆ ئه‌وروپا به‌ڵکوو بۆ هه‌موو دنیا به‌سوود بن، چونکه له هه‌موو کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی مرۆیی، جۆراوجۆریی زمانی، که‌لتووری، نه‌ژادی و ئایینی هه‌م سه‌رچاوه‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ندییه، هه‌م سه‌رچاوه‌یه‌کی ململانێ و کێشه. ئه‌وجا ته‌نیا به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌یه‌کی ژیرانه ده‌توانێ یاریده‌مان بدا تا له قووڵاییی بابه‌ته‌که بگه‌ین و هه‌وڵ بده‌ین خاڵه ئه‌رێنییه‌کان به‌هێز و خاڵه نه‌رێنییه‌کان لاواز که‌ین.
بنه‌ماکان
دیاره فره‌زمانی[4] له یه‌کێتیی ئه‌وروپیدا، ڕێکخراوه‌کان و ئیداراتی ئه‌وروپی تووشی سنوورداری کردووه و کات و پاره‌یه‌کی زۆری تێدا ده‌چێ. ئه‌وجا ئه‌گه‌ر بایه‌خی پێویست به زمانی دایکی هه‌موو ئاخێوه‌رانی ئه‌وروپی بدرێ، بابه‌ته‌که زۆر قورستر‌و پڕخه‌رجتر ده‌بێ. به‌ڵام یه‌کێتیی ئه‌وروپی ناتوانێ و نابێ خۆی له‌و بابه‌ته ببوێرێ و لێگه‌ڕێ ته‌نیا ئینگلیزی یان دوو سێ زمانی دیکه‌ی زاڵ، ببنه زمانی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان ده‌وڵه‌ته‌کان و ڕێکخراوه‌کان.
١- یه‌کێتیی ئه‌وروپی نه ده‌توانێ و نه ده‌بێ چاو له جۆراوجۆری و هه‌مه‌ڕه‌نگیی خۆی داپۆشێ. به‌پێچه‌وانه‌وه ڕه‌ساڵه‌تی مێژووییی ئه‌م یه‌کێتییه، پاراستن و گه‌شاندنه‌وه و هارمۆنیسازکردن له نێوان جۆراوجۆرییه‌که‌یدایه. گرووپه‌که بڕوای وایه که ئه‌وروپا توانای هه‌یه له‌م ڕێگه‌یه‌دا هه‌وڵ بدا. هه‌روه‌ها له‌سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌یه مۆدێلی پێشنیارکراو که له‌سه‌ر بناغه‌ی پێناسه‌یه‌کی هه‌مه‌ڕه‌نگ داڕێژراوه، ده‌توانێ بۆ هه‌موو جیهان قازانجی هه‌بێ.
٢- ئه‌مڕۆکه ئه‌وروپا سه‌باره‌ت به پێناسه‌ی خۆی و ڕێتێچوونی دۆزینه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆکێک بۆ ئه‌م پێناسه‌یه پرسیار له خۆی ده‌کا. پێناسه‌یه‌ک که هیچ به‌شێک له خۆی بێبه‌ری نه‌کا و له‌هه‌مان کاتیش له به‌رانبه‌ر دنیادا کراوه و ئاوه‌ڵا بێ. گرووپه‌که پێی وایه که له سایه‌ی سه‌ری جۆراوجۆریی زمانی، ده‌کرێ ئه‌م پرسیار و بابه‌ته شی کرێته‌وه و وه‌ڵامی بۆ بدۆزرێته‌وه.
پێناسه‌ی ئه‌وروپا نه لاپه‌ڕه‌یه‌کی سپییه، نه لاپه‌ڕه‌یه‌کی نووسراو و له‌چاپدراو، به‌ڵکوو لاپه‌ڕه‌یه‌که خه‌ریکه ده‌نووسرێته‌وه. ئه‌وروپا که‌له‌پوورێکی هاوبه‌شی هونه‌ری، ڕووناک‌بیری، ماددی و مه‌عنه‌ویی زۆر ده‌وڵه‌مه‌ندی هه‌یه. هه‌ر ئه‌ندامێکی ئه‌وروپا – به‌شانازییه‌وه، نه‌ک به‌خۆبه‌زلزانییه‌وه- ده‌بێ هه‌وڵ بدا بۆ دوو شتان: ئه‌و که‌له‌پووره هاوبه‌شه بکا به هی خۆی؛ هه‌روه‌ها به هێنانه‌گۆڕی به‌شی خۆی، که‌له‌پووره‌که ده‌وڵه‌مه‌ندتر کا.
٣- هه‌روه‌ک چۆن ئه‌وروپا ده‌بێ هانده‌ری جۆراجۆریی که‌لتووره‌کان بێ، ئاوایش ده‌بێ به جیهانیبوونی به‌ها سه‌ره‌کییه‌كانه‌وه پابه‌ند بێ. به‌های وه‌کوو: به‌ڕێزبوونی مرۆڤ، پیاو، ژن یان مناڵ، پاراستنی مافه ماددی و مه‌عنه‌وییه‌كانی هاووڵاتیان، پاراستنی ژینگه‌یان، ڕه‌تکردنه‌وه‌ی هه‌رجۆره بێڕێزی و دانانی فه‌رق و جیاوازی سه‌باره‌ت به ڕه‌نگ و زمان و ئایین و ڕه‌گه‌ز و ته‌مه‌ن و که‌مه‌ندامی و... به‌کورتی بیرۆکه‌ی ئه‌وروپی، ده‌بێ له‌سه‌ر دوو به‌ردی بناغه داڕێژرێ: به‌جیهانیبوونی به‌ها مه‌عنه‌وی و هاوبه‌شه‌كان، جۆراوجۆریی که‌لتووره‌کان، به‌تایبه‌تی جۆراوجۆریی زمانی که فاکتۆرێکی مه‌زنه و گرووپه‌که هه‌وڵ ده‌دا نیشان بدا چ ئامرازێکی باشه بۆ تێکه‌ڵبوون و سازکردنی هارمۆنی.
ئاراسته‌ی پێشنیارکراو
به ڕه‌چاوکردنی بنه‌ماکان، گرووپه‌که ویستوویه‌تی ڕێبازێک بدۆزێته‌وه که هه‌م به‌رزه‌فڕانه بێ و هه‌م ڕیاڵیست. به‌رزه‌فڕانه، چونکه ده‌بێ هه‌موو زمانه‌کانی ئه‌وروپا له‌به‌رخۆ بگرێ و جۆراجۆریی زمانی به‌رێته نێو ژیانی ئه‌وروپییه‌کان – هاووڵاتیان، گه‌لان و ئیداره‌کان. هه‌روه‌ها ڕێبازه‌که ده‌بێ ڕیاڵیست بێ. له کاتی وتووێژه‌کاندا، ئه‌ندامانی گرووپ باش ئاگادار بوونه که بیرۆکه‌کانیان هیچ بایه‌خیان نابێ ئه‌گه‌ر نه‌بن به کۆمه‌ڵێک پێشنیار که بتوانن پیاده کرێن. بێ گومان بۆ بابه‌تێکی وا قورس و فره‌لایه‌نه، ڕێگه‌چاره‌یه‌کی ساده بوونی نییه، به‌ڵام گرووپه‌که هه‌وڵی داوه ئاراسته و ئاسۆیه‌کی تێکۆشان دیاری بکا.
ئه‌و ئاراسته‌یه‌ی پێشنیار کراوه، به‌سه‌ر دوو بیرۆکه‌دا ده‌شکێته‌وه که له‌ڕاستیدا دوو به‌ری یه‌ک پێشنیارن:
١- په‌یوه‌ندییه‌کانی دوولایه‌نه له‌نێوان دوو گه‌لی یه‌کێتیی ئه‌وروپی، ده‌بێ له ڕێگه‌ی زمانه‌کانی ئه‌و دوو گه‌له‌وه ئه‌نجام درێن نه‌ک له ڕێگه‌ی زمانێکی سێیه‌م. ئه‌وه، یانی له هه‌موو وڵاتانی یه‌کێتیدا ده‌سته‌یه‌ک ئاخێوه‌ری به‌توانا بۆ هه‌موو زمانه‌کانی ئه‌وروپی هه‌بێ. دیاره ژماره‌ی ئاخێوه‌ره‌کان به‌پێی زمانه‌کان زیاد و که‌م ده‌بێ، به‌ڵام ده‌بێ له هه‌موو وڵاته‌کاندا ئاخێوه‌ره‌کان ئه‌وه‌نده بن تا کاره‌کانی به‌ینی دوو وڵاته‌که له‌بواری ئابووری، سیاسی، که‌لتووری و... ڕاپه‌ڕێنن.
٢- له‌پێناو هه‌بوونی ئاخێوه‌ر بۆ هه‌موو زمانه‌کان، یه‌کێتیی ئه‌وروپی ده‌بێ جه‌خت له‌سه‌ر بابه‌تی "زمانی شه‌خسیی هه‌ڵبژاردوو"[5] بکا. ئه‌م بابه‌ته واته هه‌ر ئه‌وروپییه‌ک هان بدرێ که به ئاره‌زووی خۆی زمانێکی جیاواز له زمانی پێناسه‌که‌ی و هه‌روه‌ها جیاواز له زمانی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ڵبژێرێ و زۆر باش فێری بێ. به‌پێی بۆچوونی گرووپه‌که "زمانی شه‌خسیی هه‌ڵبژاردوو" زمانێکی دووه‌می بیانی نییه، به‌ڵکوو دووه‌مین زمانی دایکییه بۆ ئاخێوه‌ره‌که‌ی.
ئه‌م زمانه که به شێوه‌یه‌کی زۆر قووڵ فێر ده‌کرێ، واده‌کا فێرکار به‌باشی بتوانێ قسه‌ی پێ بکا و پێی بنووسێ و له‌نێو "سیڤی" (CV)ی پرۆفێشناڵی خۆیدا بیگونجێنێ. بێ گومان فێربوونی زمانێک تا ئه‌و ڕادده‌یه، ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی فێرکار له‌گه‌ڵ که‌لتوور و مێژوو و ئه‌ده‌بیاتی ئه‌و وڵاتانه‌ی زمانه‌که تێیدا به‌ڕمێنه، ئاشنا بێ. به‌م پێشنیاره گرووپه‌که ده‌خوازێ به‌ربه‌ره‌کانێ نێوان ئینگلیزی و زمانه‌کانی دیکه که‌مڕه‌نگ کرێته‌وه؛ به‌ربه‌ره‌کانێیه‌ک که ده‌بێته هۆی لاوازبوونی زمانه‌کانی تر و زه‌ره‌ریش به ئینگلیزی و ئینگلیزیزمانان ده‌گه‌یه‌نێ.
به‌کورتی پێشنیاره‌که ئه‌مه‌یه: هه‌ر ئه‌وروپییه‌ک له‌بواری زماندا، دوو بڕیاری جیاواز بدا: بڕیارێك که به‌ستراوه‌ته‌وه به نیازی ئاخاوتنی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه؛ ئه‌وی تر که ته‌نیا و ته‌نیا په‌یوه‌سته به هیوای شه‌خسی و ئیشتیای ده‌روونی و هیچ سنوورێکی تێدا نییه.
ئه‌ندامه‌کان ده‌زانن که بۆ په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، ئه‌مڕۆکه زۆربه‌ی خه‌ڵک ئینگلیزی هه‌ڵده‌بژێرن، به‌ڵام هێندێک خه‌ڵکی دیکه ده‌توانن فه‌ڕه‌نسی، ئیسپانی، پۆرتوگالی یان چینی هه‌ڵبژێرن.
هه‌روه‌ک ئاماژه‌ی پێ کرا، بۆ "زمانی شه‌خسیی هه‌ڵبژاردوو" هیچ سنوورێک له گۆڕێ‌دا نابێ و ئامانجی پێشنیاره‌که‌یش هه‌ر ئه‌وه‌یه. ئه‌وه واده‌کا که هه‌ر زمانێکی ئه‌وروپی هه‌رچه‌نده‌یش ئاخێوه‌ری که‌م بێ، جێگه‌وپێگه‌ی خۆی بدۆزێته‌وه و ئاخێوه‌رانیش هه‌ست به‌وه بکه‌ن که پێناسه‌که‌یان هاتۆته کایه‌وه و خۆیان به به‌شێک له یه‌كێتیی ئه‌وروپی ببینن؛ چونکه به درێژاییی مێژوو، له ئه‌وروپا و له هه‌موو شوێنێکی تری دنیادا، شه‌ڕ و کێشه‌ی به‌ینی گه‌لان کاتێک ساز بووه که گه‌لێک هه‌ستی به‌وه کردووه زمانه‌که‌ی بێڕێزیی پێ کراوه و به‌هه‌ند وه‌رنه‌گیراوه. یه‌کێتیی ئه‌وروپا ده‌بێ زۆر وریا بێ که له ساڵانی داهاتوودا هه‌ستێکی وا لای دانیشتووانی دروست نه‌بێ، ده‌نا یه‌کگرتوویییه‌که‌ی ده‌که‌وێته مه‌ترسییه‌وه.
گرووپه‌که وه‌بیرمان دێنێته‌وه که هه‌ر زمانێک میوه‌ی ئه‌زموونێکی مێژوویییه، هه‌ڵگری که‌له‌پوورێکی ئه‌ده‌بی و بیره‌وه‌رییه‌کی مرۆیییه، هێزی تایبه‌تی خۆی هه‌یه و خاوه‌نی پێناسه‌یه‌کی ڕه‌وایه.
سووده‌کانی پێشنیاره‌که
١- بۆ هه‌رئه‌وروپییه‌ک، لاو یان به‌ساڵاچوو، فێربوونی قووڵی زمانێک و ئه‌و که‌لتووره‌ی له‌گه‌ڵ خۆی ده‌یهێنێ، فاکتۆرێکی گرینگی گه‌شانه‌وه‌یه. ئه‌م گه‌شانه‌وه‌یه ته‌نیا لایه‌نی ڕووناکبیرانه و زاناییی فێرکار ناگرێته‌وه، به‌ڵکوو لایه‌نی بازاڕی کار و پرۆفشناڵیش ده‌گرێته‌وه. کاتێک که‌سێک زمانێک باش فێر ده‌بێ که که‌م که‌س ده‌یزانێ، ئه‌وه ده‌بێته خاڵێکی به‌هێز بۆ سیڤییه‌که‌ی. وه‌ک که‌سێک که له‌بوارێکی تایبه‌تدا، ئیشێکی ده‌گمه‌ن بزانێ. مرۆڤێکی وا له بازاڕی کاری دنیای ئه‌مڕۆدا، هه‌میشه له‌پێشه و سه‌رپشکایه‌تیی هه‌یه.
زانایانی بواری زمان و بازرگانیی دنیا له‌سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌ن که ئینگلیزی له داهاتوودا پێویست‌تر به‌ڵام که‌متر کافی ده‌بێ. هه‌ر ئێستایش زانینی ئینگلیزی له هێندێک بواردا زۆر پێویسته، به‌ڵام ئینگلیزیزانین له سیڤیی که‌سێکدا که له کار ده‌گه‌ڕێ، هیچ خاڵێکی زێده‌تری پێ نابه‌خشێ چونکه له سیڤیی زۆر خه‌ڵکی دیکه‌یشدا نووسراوه. ئه‌م دۆخه له داهاتوودا خه‌ستتر و پڕڕه‌نگتر ده‌بێ. بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین تایبه‌تمه‌ندی و توانای خۆمان بۆ کارێک باشتر نیشان بده‌ین، ده‌بێ زمانێک بێجگه له ئینگلیزی باش بزانین تا شانسی کاردۆزینه‌وه‌مان پتر بێ.
بۆ ئه‌و ئه‌وروپییانه‌ی ئینگلیزیزمانن، فێربوونی "زمانێکی شه‌خسیی هه‌ڵبژاردوو" زۆر پێویست‌تر خۆده‌نوێنێ. چونکه زمانی دایکی ئه‌وان له دنیادا به‌ربڵاوتره، ترسی ئه‌وه‌ی بکه‌ونه داوی یه‌کزمانی،[6] پتره. واته بۆ ئینگلیزیزمانه‌کان، به‌جیهانیبوون (عولمه)ی زمانی دایکیان له داهاتوودا ده‌توانێ زه‌ره‌ر له تواناکانیان بدا، ئه‌گه‌ر ئه‌وانیش هه‌وڵی فێربوونی زمانی تر نه‌ده‌ن. ئه‌م پێشبینییه زۆر به‌جوانی له ڕاپۆرتێکدا که له‌سه‌ر داوای کونسوڵی بریتانی نووسراوه، تاوتوێ کراوه[7].
٢- پێشنیاره‌که ده‌بێته هۆی دروستبوونی په‌یوه‌ندییه‌کی زیادتر له‌نێوان وڵاتانی ئه‌وروپی، به‌تایبه‌تی کاتێک دوو وڵات پێکه‌وه په‌یوه‌ندیی بازرگانییان هه‌بێ. هێندێک لێکۆڵینه‌وه‌ی نوێ نیشانی داوه که وتووێژه بازرگانییه‌كان، زۆر باشتر ده‌گه‌نه ئه‌نجام کاتێک هه‌ر لایه‌نه هه‌ست به ئازادیی ده‌ربڕین له زمانی خۆیدا بکا.
٣- پێشنیاره‌که ده‌توانێ زمانی وڵاتێک له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وروپایش بگرێته‌وه، بۆ نموونه زمانی وڵاتانی ئاسیا که ئێستا بوونه‌ته شه‌ریکی زۆر گه‌وره‌ی بازرگانی بۆ ئه‌وروپا. واته گرووپه‌که جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کاته‌وه که مه‌رج نییه "زمانی شه‌خسیی هه‌ڵبژاردوو" حه‌تمه‌ن زمانێکی ئه‌وروپی بێ و سووده‌کانی پێشنیاره‌که ده‌توانن له قه‌باره‌ی دنیادا بن.
٤- پێشنیاره‌که هه‌روه‌ها ده‌توانێ چاره‌سه‌رییه‌ک بێ بۆ کێشه‌ی پێناسه‌ی كۆچبه‌رانی دانیشتووی ئه‌وروپا. ئه‌ندامانی گرووپ باش ده‌زانن که هیچ كۆچبه‌رێک، نابێ زمانی باب و باپیرانی خۆی وه‌لاوه بنێ، ده‌نا منداڵه‌کانیان ناتوانن به شێوه‌یه‌کی ڕاست و دروست له‌گه‌ڵ دایک و بابی خۆیان په‌یوه‌ندییان هه‌بێ و ئه‌وه مه‌ترسییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی پێک دێنێ. كۆچبه‌رێک یان منداڵه كۆچبه‌رێک که ده‌زانێ به زمانی دایک و بابی بدوێ و هه‌ست به‌وه بکا که زمان و پێناسه‌که‌ی له کۆمه‌ڵگه‌دا ڕێزیان لێ ده‌گیرێ، که‌متر تووشی کێشه‌ی که‌سایه‌تی و کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بێ.
هه‌روه‌ک چۆن كۆچبه‌ران هان ده‌درێن زمانی ئه‌و وڵاته‌ی لێی داده‌نیشن چاک فێر بن و ئه‌مه سه‌ره‌کیترین فاکته‌ری تێکه‌ڵبوونیان له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگه‌یه، هه‌ر ئاوایش باشه که زمانی كۆچبه‌ران به‌شێک بێ له "زمانی شه‌خسیی هه‌ڵبژاردوو" بۆ ئه‌وروپییه‌کان. ئاوا به‌ره به‌ره له‌م دۆخه یه‌کلایه‌نه دێینه ده‌رێ که كۆچبه‌ران باشتر و باشتر زمانه ئه‌وروپییه‌کان فێر بن به‌ڵام ئه‌وروپییه‌کان زه‌حمه‌تی فێربوونی زمانی كۆچبه‌ران به خۆیان نه‌ده‌ن. ئاوا هاووڵاتیانی ئه‌وروپی، خانه‌خوێ یان كۆچبه‌ر، به هارمۆنییه‌کی پتر پێکه‌وه ده‌ژین.
ئه‌نجامه‌کان
له چوارچێوه‌ی ئه‌م ڕاپۆرته‌دا، ئه‌ندامانی گرووپ نه‌یانویستووه باسی ئه‌و کارانه بکه‌ن که ده‌بێ له عه‌رزی واقعدا بۆ وه‌دیهاتنی پێشنیاره‌که، ئه‌نجام درێن. پێیان وایه که له‌م قۆناغه‌دا گرینگ ئه‌وه‌یه ئاسۆیه‌ک ڕه‌چاو بکرێ و هه‌وڵ بدرێ تا هاووڵاتیان و کاربه‌ده‌ستان له بابه‌ته‌که تێ بگه‌ن.
ئه‌گه‌رچی به‌پێویستیان زانیوه به‌شێک له کاره‌که ته‌رخان بکه‌ن به ئه‌نجامه‌کانی پێشنیاره‌که تا نیشان بده‌ن که‌چی بابه‌ته‌که شتێکی به‌رزه‌فڕانه و نوێیه، به‌ڵام له هه‌مان کاتیش مه‌نتقی و ڕیاڵیسته. ده‌کرێ بێ کێشه‌ی گه‌وره و بێ سه‌رفکردنی پاره‌ی زۆر، ورده‌ورده بخرێته گه‌ڕ و بۆ هه‌موو هاووڵاتیانی ئه‌وروپی، سوودی هه‌بێ. سه‌باره‌ت به لێکه‌وته‌کانی پێشنیاره‌که ئه‌م خاڵانه‌یان هه‌ڵداوه:
- گرینگه بزانین ته‌نیا له ئاستێکی سه‌ره‌وه نییه که دوو یان سێ زمانی بیانی بۆ هاووڵاتییه‌ک دیاری کرێن تا فێریان بێ، به‌ڵکوو ئه‌م بڕیاره ده‌بێ له "بناغه"ڕا بدرێ؛ واته له ئاستی خوێندنگه‌کان و له‌نێوان خودی هاووڵاتیاندا.
- یه‌کێک له خاڵه به‌هێزه‌کانی پێشنیاره‌که ئه‌وه‌یه که بۆ به‌کارهێنانه‌که‌ی، پێویست ناکا گشت بڕیارده‌ره‌کانی وڵاتێک له‌گه‌ڵی هاوڕا بن تا بخرێته گه‌ڕ و کایه‌وه. هه‌ر هاووڵاتییه‌ک ده‌توانێ بڕیار بۆ "زمانی شه‌خسیی هه‌ڵبژاردوو"ی خۆی بدا؛ هه‌روه‌ها هه‌ر شارێک، هه‌ر گوندێک، هه‌ر ناوه‌ندێکی فێرکاری ده‌توانێ ده‌ستپێشخه‌ر بێ.
- ئه‌م پێشنیاره ناتوانێ هه‌موو هێز و توانای خۆی ڕابنێ ئه‌گه‌ر کاربه‌ده‌ستانی ئه‌وروپی پێی پابه‌ند نه‌بن. چونکه باسی ئه‌وه کرا که ئاسۆیه‌ک ڕه‌چاو کرێ، ئه‌وجا ده‌بێ ستراتیژییه‌کی گشتی دیاری بکرێ که ده‌ستپێشخه‌رییه‌کان بکه‌ونه نێو چوارچێوه‌که‌ی.
- فێركردنی چه‌ندین زمان له‌و وڵاتانه‌ی خوویان پێ نه‌گرتووه، ده‌توانێ کێشه‌ی ڕێکخستن و ئابووری و مرۆییی به‌دواوه بێ. خۆشبه‌ختانه ئه‌مڕۆکه وه‌پێشکه‌وتنی ته‌کنه‌لۆژی ده‌توانێ زۆرێک له‌و کێشانه که‌مڕه‌نگ کاته‌وه. ئه‌مڕۆکه مامۆستای زمانێک ده‌توانێ به شێوه‌ی ئۆنلاین وانه‌کانی پێشکه‌ش بکات و، قوتابیان له چه‌ندین شوێنی جیاواز ده‌توانن له‌ڕێگه‌ی ئینته‌رنێته‌وه سه‌یری بکه‌ن و گوێی لێ بگرن؛ به‌تایبه‌تی که کاتژمێری زۆربه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپی یه‌ک شته.
- بێ گومان بڕیاری "زمانێکی شه‌خسیی هه‌ڵبژاردوو" ناتوانێ بۆ هه‌موو ژیان نه‌گۆڕ بێ. به‌گشتی منداڵه‌کان ئه‌و زمانانه فێر ده‌بن که باب و دایکیان یان خوێندنگه بۆیان هه‌ڵده‌بژێرن، به‌ڵام کاتێک که‌سێک گه‌وره ده‌بێ له‌وانه‌یه ئیشتیای فێربوونی زمانێکی نوێی بۆ دروست بێ. بۆیه پێویست نییه که زمانی هه‌ڵبژاردوو حه‌تمه‌ن له منداڵی‌دا ده‌ستنیشان کرێ و نه‌گۆڕ بمێنێ. هاووڵاتییه‌کی ئه‌وروپی ده‌توانێ له کاتی خانه‌نشینبوونیشدا فێری زمانێکی نوێ بێ و کاتی خۆی پێ پڕ بکاته‌وه.
له ئاکامدا ئه‌ندامانی گرووپ له‌سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌ن که به‌کارهێنانی پێشنیاره‌کانیان، ده‌توانێ یه‌کگرتوویی و پابه‌ندیی زیاتر به پێناسه‌ی ئه‌وروپی بۆ خه‌ڵک پێک بێنێ. هه‌روه‌ها ده‌توانێ پشوویه‌کی تازه و هێزێکی نوێ به یه‌کێتیی ئه‌وروپا ببه‌خشێ.
[1] « Un défi salutaire. Comment la multiplicité des langues pourrait consolider l’Europe. », Bruxelles 2008.
[2] EUNIC: European Network of National Cultural Institutes.
[3] Group members: Amin Maalouf, Jutta Limbach, Sandra Pralong, Simonetta Agnello Hornby, David Green, Eduardo Lourenço, Jacques de Decker, Jan Sokol, Jens Christian Grondahl, Tahar Ben Jelloun.
[4]Multilinguisme.
[5] Langue personnelle adoptive.
[6] Monoliguisme.
[7] « English Next », by David Graddol, 2006.