فلۆرانس، ڕێنیسانس، کوردستان

لە مێژوودا هاتووە، لە سەرەتای سەدەی 14ی زایینی لە شاری فلۆرانسی ئیتالیا بنەماڵەیەک سەر هەڵدەدەن و دەتوانن بە هۆی باری ئابووریی باش و دەستڕۆییشتووییی سیاسی، پێگە و جێگەیەکی شیاو تا سنووری گرتنەدەستی دەسەڵات لەناو دنیای سیاسەتی ئەو کاتەی ئەوروپادا بەدەست بهێنن. ئەو بنەماڵەیە بە شێوەیەکی گشتی، پاڵپشتی هونەر، هونەرمەند، فەلسەفە و زانستی گشتی بوون. ئەوان توانییان دەوڵەتشارێک پێک بهێنن  و بەڕێوەی ببەن و، ببنە پاڵنەرێک بۆ گەشەکردنی ڕەوتی ڕێنیسانس لە تەواوی ئەوروپادا. ئەو بنەماڵەیە ناویان "میدیچی" بوو. (1)

ئیتالیا لەو کاتەدا حکوومەتی ناوەندی نەبوو، بەڵکوو هەر بەشێکی لەژێر حوکمڕانیی سەربەخۆی بنەماڵەیەک، یان  بە شێوەی دەرەبەگایەتی بەڕێوە دەبرا. خانەدانی میدیچی لە ساڵی 1434 کاتێک "کوزیمۆ میدیچی "لە تاراوگە هاتەوە و حکوومەتی گرتە دەست، شێوازێکی جیاوازی بۆ حوکمڕانی پەیڕەو کرد کە کار و بڕیارەکانی نزیک نەبوو لە ئەحکامی ئایینیی کەنیسە، کە ئەو کات بەسەر فەرهەنگ و حوکمداریدا باڵادەست بوو. ئەو، بە دانانی ئینسان وەک تەوەری سەرەکی، پاڵنەر و پشتیوانێکی باش بوو بۆ بیری  هیومانیزم.(2) میدیچی کۆشکەکانی بۆ زانا و قەشە نوێخوازەکانی جیهانی مەسیحییەت تەرخان کرد تا  بتوانن تێیدا بە ئاسودەیی بژین و تەدبیر و گۆڕینەوەی بیر و ڕا بکەن، هەروەها ئەو بە پشتگیریکردنی کەسانی وەک لێۆناردۆ داڤینشى و مایکل ئەنجیلو، دنیای هونەری قەرزداری خۆی کرد.

 لە دوای گرتنی "قۆستەنتینیە"لە لایەن عوسمانییەکانەوە، زۆرێک لە یۆنانییەکان ڕوویان لە فلۆرانس کرد و میدیچییەکان بەگەرمی پێشوازییان لێ کردن. یۆنانییەکان، بێشومار کتێب و دەستنووسی کۆنیان لەگەڵ خۆیاندا هێنا بوو و، بە گرتنی کۆڕ و کۆبوونەوە  ڕۆڵ و کاریگەرییەکی گرنگیان لە گەشەکردنى ڕێنیسانسدا هەبوو. کوزیمۆ میدیچی لە بەرامبەر ئەو کەسانەی کە ڕەخنەی توندیان دەگرت کە گوایا کۆمەڵگه‌ به‌ره‌و کفر و لەناوچوون دەڕوات و بارودۆخەکەیان بەدڵ نەبوو، دەیگوت: "گەر پێتان خۆش نییە، بڕۆن"، یان بەزۆر دووری دەخستنەوە و پێی وا بوو بە سیستەمی کۆنی که‌نیسە، وڵات بەڕێوە ناڕوات و بۆی گرنگ نەبوو چی لەبارەیەوە دەڵێن. ئەو لە وەڵامی ڕەخنەگراندا دەیگوت: "بە تەزبیحخوڵاندنەوە، وڵات بەڕێوە ناچێت."

ساڵانێک لە دەسەڵاتی کوزیمۆ میدیچی تێ په‌ڕی و، ئەو لەناو خەڵکدا ئەوەندە خۆشەویست بوو کە لە ساڵی 1464 دوای مردنی، نازناوی "باوکی نیشتیمان"ی لە لایەن خەڵکەوە  پێ بەخشرا.  

زۆری پێ نەچوو لە کۆتایییەکانی سەدەی چواردە، قەشەیەکی دواکەوتووی  تۆندڕەو بە ناوی "جیرولامۆ ساڤیۆنا ڕولا"(3) بە دروشمی گەڕانەوە بۆ ڕابردوویەکی جوان، کۆمەڵگه‌ی تێک دا و، زۆر لە دەستکەوت و میراتە جوانەکانی ڕینیسانس وەک تابلۆکان، پەیکەرەکان، کتێبە زانستی و فەلسەفییەکانی خستە ئاگرەوە و سووتاندنی. باسکردنی ئەو کارەساتە ئاسان نییە، چونکە بنەماڵەی میدیچی هەوڵێکی زۆریان دابوو تا هونەر و هونەرمەندان لە تەواوی ئەوروپا کۆ بکەنەوە و لاپەڕەیەکی نوێ لە زانست، فەلسە و هونەر بۆ خەڵک و بۆ شارەکەیان تۆمار بکەن. لەناوچوونی ئەو هەموو دەستکەوتە، زیانێکی گەورە بوو بۆ پرۆسەی ڕۆشنگەری. هەموو ئەم زەرەر و زیانانە لە 14 ساڵدا ڕووی دا. تاکە چەکی "ساڤیۆنا رولا" بۆ لەناوبردن و خوڵقاندنی ئەو کارەساتە، ئایین و ئەحکامی ئایینی بوو، کە ئەو پێ وابوو بەدروستی جێبەجێ ناکرێت و، ئەرکی ئەو ئەوەیە بەجێی بێنێت. لە ڕوانگەی ئەوەوە جوانی و هونەر و زانست و فەلسەفە هەمووی دژی ئایینە و، خەڵک پێویستییان پێ نییە و، هەموو شتێک لە ئاییندا هاتووە. سەرەنجام، هەر بەو ئاگرە قینەى كه‌ خۆى هەلی کردبوو، خەڵک سووتاندیان.

کاریگەریی ئایین لەسەر خەڵک مەسەلەیەکی حاشاهەڵنەگرە، بەڵام بنەماى سەرەکیى  دیموکراسی ئەوەیە کە داکۆکی لە ئازادیی تاک و هەموو بیروباوه‌ڕێک بکات، تا ئەو شوێنەی زیان بە بەرژەوەندیی گشتی نەگەیەنێت. ئاماژەدان بە کاریگەریى ئایین لەم بابەتەدا بە مانای دژایەتیکردنی نییە، بەڵکوو باسکردنە لە خراپ بەکارهێنانی لە کاروباری سیاسی و حوکمداریدا.

پێم باشە نموونەیەکی جیاواز بۆ دەستێوەردانى ئایین لە سیاسەت و خراپ بەکارهێنانی ئایین لەسەر دراوسێیەکی باشووری کوردستان، کە ئێرانە، بهێنمەوە. ئێران لە سەدەی ڕابردوو، دەتوانێت نموونەیه‌كی زۆر باش بێت بۆ پێناسەکردنى حوکمداریی ئایینی.

لە کاتی دەسەڵاتداریی حەمەڕەزا شای پەهلەوی، کە هاوکات بوو لەگەڵ تەواوبوونی جەنگی جیهانیی دووەم و دروستبوونی بلۆکی ڕۆژهەلات (شەرق) لە بەرانبەر بلۆکی رۆژاوا (غەرب) ڕووبەڕووبوونەوەیەکی توند هەبوو کە ئێران وەک هێلێ پێشەوەی جەبهە زۆرتر پریشکی بەر دەکەۆت  و ئەوە دەستپێکی شەری سارد بوو (cold war).

بەتایبەت پاش کۆده‌تای 28ی مۆرداد 1332 (1953)، شای ئێران هەستی بە مەترسی دەکرد و فۆبیای کۆمۆنیستیی لا دروست بوو. ساڵانێک گوزەرا و دەسەڵاتدارانی ئێرانی بڕیاریان دا کە ئیسلام بەکار بێنن، بە جۆرێک کە هەم دژی کۆمۆنیست بێت و، هەم پاڵنەرێک بێت بۆ ئەو خەڵکەی کە زەمینەی پەیوەستییان بە ئایینەوە تێدایە تا بە لای فکری چەپدا نەڕۆن؛ چونكه‌ وایان دەزانی هیچ مەترسییەک لە لایەن ئایینەوە لەسەریان نییە و، شای ئێرانیش خۆی بە مسوڵمانێکی باوەرمەند بە مەزهەبی شیعە دادەنا. جیا لەو دەنگە ناڕازییانەی ساڵی 1342ی هەتاوی کە لە لایەن "خومەینی"یەوە بۆ دژایەتیکردنی "ئیسلاحاتی ئەرزی (چاكسازی له‌ زه‌ویوزاردا)" کە ئەو کات شای ئێران بە پێشنیاری دەوڵەتی ئەمریکا  بەڕێی خستبوو، هیچ دەنگێکی تر نەبوو کە بە ناوی  ئیسلامەوە دژی دەسەڵاتی شای ئێران بوەستێت.

لە ساڵی 1346 (1967)  دوو کەس بە ناوی "محەمەد هومایوون" و "ناسر میناچی" دامەزراوەیەکیان چێ کرد بە ناوی "حوسەینییەی ئیرشاد". بە وتەی ئەوان، ئامانج لە دامەزراندنی حوسەینییەی ئیرشاد، پێکهێنانی فەزای گفتوگۆ لە نێوان ڕۆشنبیران و نوخبەکان بوو و، بۆ ئەم مەبەستە چەند کەسێکیان دیاری کرد کە لەنێویاندا "د. سەید حوسێن نەسر"، "د. مۆرتەزا موتەهەری" و "د. عەلی شەریعەتی" زۆرتر دیار بوون. لەو پێنج ساڵەی کارکردنی ئەم دامەزراوەیە و پێش داخستنی لە لایەن ساواکەوە، عەلی شەریعەتی زۆرتر کارا بوو و توندتر قسەی دەکرد و خەڵک زۆرتر گوێیان لێ دەگرت. كاتێ قسه‌ی ده‌كرد، جێگە بۆ دانیشتن نەبوو. لەوانەیە ئەو کات زۆر کەس نەیانزانیبێت کە ئەو "بە پشتگیری و هاوکاریی ڕاستەوخۆی ساواکی ئێران، بوو بە مامۆستای زانکۆی شاری مەشهەد"(4)، دوایی بۆ مەبەستێکی تایبەت ڕێگەی پێ درا کە لەسەر ئیسلام و گەورەییی شۆرشی ئیمام حوسێن و بنەماڵەی پێغەمبەری ئیسلام قسه‌ بکات. ئەمڕۆ دەتوانین بڵێین پلانی ئەو ڕۆژەی ساواکی ئێران سەرکەوتوو بوو، چونكه‌ خەڵکانێکی زۆر باوەڕیان بەو بیر و بۆچوونە هێنا و، شەریعەتی، بە کوتان و خراپکردنی فکری چەپ و پیرۆزکردنی ئایدیۆلۆژیی ئیسلامی و پێداگری لەسەر شیعەگەریی عەلەوی و گەورەنیشاندانی ئیمامانی شیعە و ڕێبازەکەی ئیمام عەلی، ڕێگەی بۆ شۆڕشی ساڵی 1979ی ئێران خۆش کرد.

 کاتێک خومەینی قسەی لە "شەهادەت" دەکرد و "ئیمام حوسێن"ی بە نموونە دەهێنایەوە، خەڵک پێی نامۆ نەبوو، چونكه‌ وردەکاریی ئەو ڕووداوە مێژویییانەیان لە دەمی شەریعەتییەوە بیستبوو. ڕاستییه‌كه‌ی، شەریعەتی، فکری "ئیخوان موسلمین"ی سوننەی عەرەبی بە شێوازی ئیسلامی شیعەی ئێرانی گۆڕی و پیشانی خەڵکی ئێرانی دەدا. لەم ساڵانەی دواییدا کە شاپەرستەکان و خەڵکانێک بە دوای تاوانباردا دەگەڕان و لێکۆڵێنەوەیان دەکرد کە چۆن شۆڕشی ئێران ڕووی دا (پەرویزی سابتی)(5)، بەرپرسی ئەو کاتەی ساواکی ئێران ڕاشکاوانە باس لەوە دەکات کە چۆن عەلی شەریعەتی هاوکارییانی کردووە و چەند جاریش گرتوویانە، چونكه‌ لەو سنوورانەی بۆی دیاری کرا بوو، لای داوە و، ڕێنمایییان کردووە.

دەسەڵاتی شای ئێران دیکتاتۆری بوو و، بەدڵنیایییەوە مەحکووم بە لەناوچوون بوو، بەڵام بە کەوتنەناوداوی ئیسلامی سیاسییەوە، خۆی ئەو پرۆسەیەی خێراتر کرد. شای ئێران لەوەی دەترسا بەسەری نەهات، بەڵکوو لەو جێگەیەوە لەقەی خوارد کە بیری لێ نەدەکردەوە؛ ئەو لە ترسی ئاگر، پاڵی بە ئاوەوە نا و، تێیدا خنکا.

ئەو لە پرۆژەی ئیلاهییاتی ڕەهاییبەخش (خوداناسیی ڕزگارکەر) وەک تیۆرییەک کە بۆ یەکەم جار لە ئەمریکای لاتینەوە داهێنرا، بێخەبەر، یان بێباک بوو و، بە دژایەتیکردنی ڕوشنبیران و نوخبەی کۆمەڵگه‌ی ئێرانی، ڕێگەی بۆ دامەزراندنی بنکەی ئیسلامی سیاسی و کانگەی تیرۆریزمی ئیسلامی لە ناوچەکەدا خۆش کرد.

ئایا لە باشووری کوردستان چەند "ساڤیۆنا ڕولا" ئازادانە چالاکی و بانگەشە بۆ دواکەوتوویی و ڕادیکالیزمی ئایینی دەکەن؟ چەند کەسی ئایینی هەن کە ئاواتی دروستکردنی خەلافەتێکی ئیسلامیی کوردییان هه‌بێت؟ یان چەند "ڕۆشنبیر" هەن کە بانگەشە بۆ دوو-ئیدارەیی و هاندانی خەڵک بۆ تێکدانی ئارامیی کوردستان بکه‌ن؟

باشووری کوردستان جێگەی هیوای هەموو کوردێکی نەتەوەیییە. خەڵک و دەسەڵاتداران و حزب و لایەنەکانی، دەبێت له‌ ئاستی گەورەییی ئەو ئەرکە نیشتمانییەدا بەرپرسیارێتی هەڵبگرن. ئەو نموونانەی وا لە سەرەوە باسمان لێوە کردن، دەتوانن لە هەر وڵاتێکدا دووبارە ببنەوە و کارەسات بخوڵقێنن. گرنگ ئەوەیە قەدری هاتنەدیی ئاواتەکانی باب و باپیرانمان بزانین و شایستەی هەڵگرتنی وشەی پیرۆزی "ئازادی" بین. "تۆماس مەکولی" دەڵێت: "هەموو سیاسییەکان ئەوە باش دەزانن کە هیچ میللەتێک، نابێت ئازاد بێت، تا ئەو کاتەی شایستەییی هەڵگرتن و پاراستنی "ئازادییان" هەبێت.

 

سەرچاوە:

1.     

House of Medici (https://en.wikipedia.org/wiki/House_of_Medici)

2.      Humanism (https://en.wikipedia.org/wiki/Humanism )

3.      Girolamo Savonarola  (https://en.wikipedia.org/wiki/Girolamo_Savonarola)

4.بیرەوەرییەکانی دکتۆر جەلال مەتینی، سەرۆکی زانکۆی ئەدەبیاتی مەشهەد.

5. کتێبی "مسلمانی در جستجوی ناکجاآباد، نووسینی علی رهنما.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples