سەبارەت بە گەشەپێدان و چاکسازیی سیاسى؛ هەرێمى کوردستان وەک نموونە "دەوڵەت سەرەتا و پێش هەمووو شتێک ڕێکخراوێکە بۆ فێرکردن." جۆرج هـ. سباین

پێش باس و شیکردنەوەى وردەکارییەکانى گەشەپێدانى سیاسى، هەروه‌ها ئەوەى پەیوەندیى بە چاکسازیی سیاسى و فێرکردنەوە هەیە، پێویستە بزانین کەوا یۆنانییەکان دەستپێشخەربوون لە باوەڕ و پیادەکردنى ئەو بیرۆکەیە کە دەڵێت: فێرکردن بەگشتى ئامرازێکى ئەرێنییە، لە ڕێگەیەوە دەسەڵاتى سیاسى دەتوانێت بەمەبەستى دامەزراندنى دەوڵەتێکى ئاوێتە لە ڕووى کەلتوور و کۆمەڵایەتییەوە، سروشتى مرۆڤ بگونجێنێت؛ لەهەمان کاتدا، بەخاوەنکردنى هاووڵاتیانى دەوڵەتەکە بە توانستى پێویست، بۆ ئەوەى لە ئاییندەدا بتوانن ڕووبەڕووى کێشەکان ببنەوە. جا ئەگەر پەروەردە و فێرکردنى هاووڵاتیان چاک بێت، ئەوە دەتوانن بەئاسانى تیشک بخەنە سەر کێشەکان و چارەسەریان بکەن، هەروەهاکاتێ کارەساتەکان سەریان هەڵدا، ڕووبەڕوویان ببنه‌وه‌. بۆیە، ڕێکەوتێکى لاوەکى نەبوو کاتێ فەیلەسووفى یۆنان "ئەفلاتوون" بابەتى فێرکردن، بکات بە بابەتە سەرەکییەکەى په‌ڕتووکى "کۆمار" (The Republic)، بەڵکوو ئەمە ئەنجامێکە لەگەڵ ڕێزبەندیى بیرۆکەکانى سەبارەت بە دەوڵەت، گونجاوە. چونکە بە هزرى ئەو، "چاکە" (Virtue) واتاى "زانین"ە، بۆیە دەتوانرێت فێر بکرێت و، هەروەها سیستەمى فێرکردنى وا، ئەم ئەنجامە بەدی دەهێنێت؛ بەشە هەرە سەرەکییەکەى "دەوڵەتى چاک" (Good State)ه‌. چونکە لە ڕێگەى سیستەمى فێرکردنى چاکەوە، دەتوانرێت هەر پێشکەوتنێک بەرجەستە بکرێت، بەڵام ئەگەر فێرکردن فەرامۆش بکرێت ئەوە هەر کار و ئەرکێکى تر دەوڵەت پیادەى بکات، تەنیا پووچ و ڤاڵایە.

ئەمەیش ئەو دەگەیه‌نێت کە پەروەردە بەگشتى و فێرکردن بەتایبەتى، واتاى ئەوە نییە کە "زانین" (Acknowledge) بخرێتە ناو "خود" (Self)ەکەى مرۆڤەوە و تێیدا بچەقێنرێت، چونکە لە بنچینەدا "خود" هیچى لەناودا نییە، بەڵکوو پەروەردە و فێرکردن ئەوە دەگەیه‌نێت کە "چاوە ناوەکییەکەى" قوتابى ئاراستە بکرێت؛ واتا ئاراستەکردنى بەهرەى فێربوون،كه‌وا ویست و ڕۆحى مرۆڤ دروستى دەکات، بە شێوەیەک کە ئەم ئاراستەکردنە قوتابى دەکاتە خاوەن باشترین توانستى مامەڵەکردن لەگەڵ ئەزموون و ژیانى ڕۆژانەدا. جا لەبەر فرەگرنگیى فێرکردن، دەوڵەت ناتوانێت واز لە بوارەکانى فێرکردن بۆ پێداویستیى تایبەت بهێنێت، یان تەنیا بکرێتە سەرچاوەیەک بۆ کەسابەت و بازرگانى، بەڵکوو پێویستە لەسەر دەوڵەت، خۆى هەمووو ئەو ئامرازانەی كه‌وا بۆ سەرکەوتنى ئامانجەکانى فێرکردن پێویستن، دابین بكات؛ لە هەمان کاتیشدا دڵنیا بێت لەوەى کە ئامادەكردنى هاووڵاتیان و بەتواناکردنیان لە ڕووی خوێندنەوە بەرجەستە دەكرێت. هەروەها دەبێت دەوڵەت له‌وه‌یش دڵنیا بێت کە جۆرى ئەو فێرکردنەى قوتابییەکان وەرى دەگرن، بەکردار لەگەڵ خۆشگوزەرانى و ئاوێتەکردنى پێكهاتە كۆمەڵایەتییەكانی خودى دەوڵەتەکەدا گونجاوە. چونکە پەروەردە و فێرکردن دەروازە ڕاستەقینەکەیە بۆ بنیاتنانى هاووڵاتى و فەراهەمکردنەوەى، بەشێوەیەک کە بە پلەى یەکەم لەگەڵ پێداویستییەکانى دەوڵەتدا بگونجێت، بۆ ئەوەى پڕۆژە هەنووكه‌یی و ئاییندەکانى بەرجەستە بکرێت.

جا لە ڕێگەى کۆنترۆڵکردنى فێرکردن و بوارە فرەڕەنگەکانییه‌وه‌، فەیلەسووفە پێشوو و هاوچەرخەکان، دەیانەوێت بڵێن کە ئامانج لە فێرکردنى زانین ئەوە نییە هەمووو خەڵک بکرێتە فەیلەسووف و زانا، بەڵکوو ئامانجەکە بریتییە لە کردنیان بە هاووڵاتیی چاکە؛ ئەمەیش ئەرکە جەوهەرییەکەى زانستى سیاسەتە. هەروەها زانین، بەتایبەتى لە قۆناغە باڵاکانى، بابەتێکە پەیوەندیدارە بە دروستکردنى بژاردەى خەڵک (Elite)ه‌وه‌، چونکە یاساکانى سروشت و ژیانى مرۆیى، جەخت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ دەکەنەوه‌ کە ژیان و ئاییندە لە لایەن بژاردەى خەڵک (پسپۆڕان)، نەک خەڵکی ساده‌وه‌‌ دروست دەکرێن. کەواته‌ لە ڕێگەى ڕکێفکردنى پەروەردە و فێرکردنەوە، دەوڵەت تا ڕاددەیەکى زۆر، ڕکێفى ئاییندەى خۆى دەکات.

ئەگەر تیشکى بیرۆکەکانى سەرەوەى کە باسمان کرد بخەینە سەر ڕەوشى عێراق بەگشتى و هەرێمى کوردستان بەتایبەتى، دەبینین بەئاشکرا حزب و ڕەوتە سیاسییەکان پڕۆژە و بەرنامەی گشتگیرى نیشتمانییان نییە كه‌ پەیوەندیدار بێت بە پەروەردە و فێرکردنه‌وه‌، بەدەر لە دوو، یان سێ حزب، کە زۆربەیان کوردستانین و خاوەن ئەزموونێکى مێژوویین و، تا ڕاددەیەک سۆمایەکى ئاییندەیین. هەمیشە سەبارەت بە هەرێمى کوردستان دەتوانین بڵێین کەوا پڕۆژە نیشتمانپەروەرەکەى فێرکردن لە لاى حزبە کوردستانییەکانی كه‌ خاوەن پڕۆژەن، بازنەى بیرکردنەوەیان تا ڕاددەیەک دەرناچێت لە وتەى: "دیموکراسى بۆ عێراق و فیدراڵییەت بۆ کوردستان"؛ ئەمەیش تەواوکەرى پڕۆژەى شۆڕشى ئەیلوولە، کە بەرنامەکەى بریتى بوو لە "دیموکراسى بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمى بۆ کوردستان". ئەوەى له‌ نێوان دوێنى و ئەمڕۆدا گۆڕاوه‌، خۆى لە دوو خاڵى سەرەکیدا دەنوێنێت:

١- فراوانیى بازنەى سەربەخۆیی، نەک جۆرى سەربەخۆیی: واتە فیدراڵییەت تەنیا ئاستێکى فراوانترە لە ئۆتۆنۆمى، چونکە کوردستان لە هەردوو حاڵەتدا (ئۆتۆنۆمى و فیدراڵییەت)، لەگەڵ ناوەندى عێراقدا بەبەستراوەیى دەمێنێتەوە. ئەمەیش وا دیارە بڕیاردەرانى هەرێمى کوردستان، دەبینن کەوا قۆناغە مێژوویییەکە لەوە زیاتر دەرفەت بە میللەتى کورد نادات بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیییەکى تەواو.

٢- توانایی و لێهاتوویی: ئەم مەرجەیش بریتییە لەوەى کە "دەبێت کەسى شیاو بۆ شوێنى شیاو بێت"؛ ئاشکرایى لە دەستنیشانکردنى بوارەکانى خەرجکردنى بوودجە، هەروەها نەهێشتن (یان لاوازکردنى) دەسەڵاتى حزب و حزبایەتى لەسەر دامودەزگه‌کانى حكوومەت. بە مانایەکى ڕوونتر، دەبێت جیاکارییەکى تەواو لە نێوان دەزگه‌ فەرمییەکان و دەسەڵاتى حزبدا بکرێت، چونکە ئەم دەسەڵاتە دەبێتە دەسەڵاتێکى نایاسایى، بەڵکوو ناڕەوا، ئەگەر لە دەرەوەى سنوورى یاسا، کاریگەرى لەسەر ئەو دەزگه‌یانە پیادە بکات. سەربارى ئەوەیش، دەبێت "ترازان"ێکى تەواو له‌ نێوان سیاسەتمەداران و بازاڕدا بکرێت، چونکە تێکەڵکردنیان، هەرێمى کوردستان دەگەیه‌نێتە قۆناغێکى خەسلەتدار بە قۆرخکردنى سیاسى و ئابوورى، بە دەست چەند کەسێکەوە، ئەمەیش هه‌ر خۆى لە دژى سیستەمى بازاڕى ئازادە. ئەم ترازانکردنەیش بە مەبەستى کەمکردنەوەى ئاستى گەندەڵییە لە بوارەکانى ژیانى کوردستاندا بەتایبەتى لە مەیانى گشتیدا Public  Sphere.

بە هەرحاڵ، دەکرێت بڵێین گەڕان بە دواى پڕۆژە و هەوڵدان بۆ چاکسازیکردن، خۆى لە خۆیدا هەنگاوە سەرەتایییەکەى گەشەپێدانى سیاسییه ‌(Political Development)، چونکە چەمکى گەشەپێدانى سیاسى، بەوە پێناسە دەکرێت کە: "کۆمەڵێ گۆڕانکاری، دەستکارى که‌لتوور و پێکهاتە سیاسییەکە دەکات، بە شێوەیەک کە کۆمەڵگه‌کە بەتەواوى لە سیستەمێکى کلاسیکییه‌وه‌، دەگوازێتەوە بۆ سیستەمى مۆدێرن. ئەمە جگە لە دروستکردنى وەرچەرخان لە توانست و تواناى مرۆڤ لە ڕووى ڕامیارییەوە بۆ ئەوەى بتوانێت پێگەى نوێ دروست بکات، هەروەها لە ڕووى هەڵمژین و چارەسەرکردنى کێشە و قەیرانەکان، پاشان بەرجەستەکردنى ئامانجە کۆمەڵایەتی و ئابوورییە نوێیه‌کان، په‌ره‌ به‌ بەها مۆدێرنەکان بدات." بە واتایەکى تر، پڕۆژەى وەرچەرخان بەشێکە لە گەشەپێدانى سیاسى و، تەنیا پەیوەستە بە چاکسازیکردنەوەى دامەزراوە سیاسییەکان. بەڵام گەشەپێدانى سیاسى، هەردوو بوار دەگرێتەوە: دامەزراوەکان و بناغە هزرى و ئەخلاقییەکە. پاشان پڕۆژەى چاکسازى، پەیوەندیدارە بە جۆرى قۆناغە مێژوویییەکە و پێداویستییەکانییه‌وه‌. بەڵگەیش لەسەر ئەوە، ئێمەى کورد و کوردستانییەکان بەئاشکرا برینەکانمان و چارەسەرەکەیشى دیارە؛كه‌ ئەوانیش بریتین لە دواکەوتوویی وەک نەخۆشی، كه‌ دایکى هەمووو برینەکانمانە، هەروەها پێشکەوتن، وەک چارەسەر و سارێژکارى ئەم برینە چەقبەستووەیە.

لەژێر تیشکى ئەم سۆمایە، گەشەپێدانى سیاسى، پشت بە چەند بنچینەیەکى سەرەکى دەبەستێت: هەندێکیان تایبەتن بە ڕێبازە سیاسییەکەى هەرێمى کوردستان، هەندێکى تریش تایبەتن بە پڕۆژەى بنیاتنانی دەوڵەت (State Building). بۆ شیکردنەوەى ئەم بابەتە، دەتوانین ئاماژە بە دوو خاڵى سەرەکى بکەین:

١- گرنگترین دۆز و پرسیار لە قۆناغی هەنووکەدا ئەوەیە، کە "ئێمە وەکوو نەتەوە، بەرەو کوێ دەڕۆین؟ ئایا بەرەو چ ئاراستەیەک دەجووڵێینەوە؟": دەوڵەتێکى سەربەخۆ، یان هەرێمێکى بەستراو بە عێراق؟ چونکە دیارینەکردنى وەڵامى ئەم پرسیارە، نەتەوەى کورد و بزووتنەوەى ڕزگاریخوازى کورد، لە جێگەى خۆی دەچەقێنێت. بەڕاى ئێمە، لەوانەیە لە کوردستاندا چەند کەسێکى سیاسەتمەدارى نیشتمانپەروەر، ئەم هەقیقەتە وەک خۆر ده‌بینن، هەروەها کاریشی بۆ دەکەن. بەڵام مەترسییەکانى قۆناغە مێژوویییەکە، وای لێ كردوون کە نەتوانن بەئاشکرایى قسەى لەسەر بکەن، بۆ ئەوەى ئەزموونەکەى کۆمارى کوردستان لە مەهاباد، دووبارە نەبێتەوە.

٢- پڕۆژەى بنیاتنانی دەوڵەت (ئەگەر ئێمە بۆ سەربەخۆییى تەواو هەوڵ بدەین)، بە شێوەیەکى بنچینەیی لە پڕۆژەى چاکسازیى سیاسى و ئابوورى جیاوازە (ئەگەر ئێمە بەرەو مانەوە لەگەڵ عێراقدا هەنگاو بنێین)، چونکە پڕۆژەى دروستکردنى دەوڵەت (State Building) شان بە شانى دروستکردنى ناسنامەى نەتەوەیى (Nation Building)دەجووڵێتەوە، هەروەها دووبارە بنیاتنانه‌وه‌ى دەزگه‌کان و پاراستنى مافى کەمە نەتەوەیی و ئایینییەکان. ئەمەیش لەسەر بنکەى ئەوەى کە ئەم دەوڵەت و ناسنامە نیشتمانییە نوێیە، دەبێت ڕەنگدانەوە بێت بۆ هەموووان، نەک تەنیا زۆرینەى گەل. جا لەسەر ئەم ڕێبازەیش، سیاسەتى دەرەکى بنیات دەنرێ، کەوا ببێتە تەواوکەرى سیاسەتە ناوخۆیییەکان. ئەم بۆچوونەیش بیرمەندى فەڕەنسى، جۆرج بۆردۆ (Georges Burdeau) بەڕوونى لایەنگریى دەکات، کاتێ دەڵێت: "خەڵک دەوڵەتى دروست کرد بۆ ئەوەى ملکەچى خەڵک نەکات. دەوڵەتیان کرد بە ناوەند و، پشتیان بە هێزەکەى بەست، چونکە هەستیان بە پێویستبوونى و بەها گرنگەکەى کرد؛ جا کاتێ ئەو هێزە بیگەڕێنینەوە بۆ دەوڵەت، تاکەکان وا هەست دەکەن کە دەسەڵاتەکەى ڕەت ناکرێتەوە و، بێ ئەوەى ئەو هەستەیان لا پەیدا بێت کەوا ملکەچێتیى هەوەس و ویستى کەسێک دەکەن... لەبەر خودى ئەم هۆیەیش، هزرمەندانى سیاسى و سیاسەتمەداران، بەردەوام هەوڵیان داوە بو بنیاتنانى دەسەڵاتى دەوڵەت لەسەر بنەمایەکى سەربەخۆ و بێلایەن. هەروەها لەبەر ئەوەى ئەم بنەمایە، هەر دەبێت کۆمەڵگه‌ بە گشت توێژەکانییه‌وه‌ بگرێتەوە؛ بۆیە کارى دەوڵەت و دروستکرنى دەوڵەت کارێکى ئاسان نییە". چونکە ئامانجی ئەوەیە کە یەک جەستەیەكی سیاسی-كۆمەڵایەتی دروست بکات لەنێوان فرەجۆریی پێكهاتەوە، هەروەها یەک دەسەڵات دابمەزرێنێت لە ڕێگەی ئاوێتەكردنەوەی دەسەڵاتە خۆجێییەكان و یەكخستنی داواکارییە فرەجۆرەکانی کۆمەڵگه‌.

بەرامبەر ئەمە، دەبینین پڕۆژەى چاکسازى، بازنەکەى زۆر تەسکترە لە بازنەى گەشەپێدانى سیاسى، چونکە چاکسازى تەنیا بەرەو چەند بابەتێکى دیاریکراو ئاراستە دەکرێت، بەتایبەتى: فێرکردن، ئابوورى، بەڕێوەبردنى دەزگه‌کانى هەرێم، چۆنێتیى مامەڵەکردن لەگەڵ ناوەندى دەوڵەت، گەندەڵى و چۆنێتیى ڕووبەڕوبوونەوەى. بۆیە، بۆ ئەوەى هەردوو پڕۆژەى چاکسازیى حزبەکانى دەسەڵات و حزبەکانى ئۆپوزسیۆن چوارچێوەى پڕۆژەى "گەشەپێدانى سیاسى" (Political Development) پڕ بکەنەوە و پڕ بە پێستى واتەکەى بێت، دەبێت پڕۆژە هاوبەشەکەیان چەند خەسلەتێکى بنەڕەتیى هەبێت: بەردەوام بێت، فراوانخواز بێت، شل بێت تاکوو خۆى لەگەڵ گۆڕانکارییەکانى ژینگەى ناوخۆ و نێودەوڵەتى بگونجێنێت، دەبێ ئامانجەکەى دروستکردنى دەوڵەت و ڕێنیسانس بێت؛ بۆ ئەوەى کوردستان بەگشتى پاڵ بنێت بەرەو ڕێنیسانسێکى کوردستانى لە هەمووو بوارەکانى ژیاندا، نەک بۆ پینەکردنى شوێنێکى ڕزیو، یان نوێکردنەوەى بوارێکى شپرزە.

یەکەم: چی بکرێت؟ میکانیزمەکانى پڕۆژەى چاکسازیى سیاسى چین؟

واى دەبینین کەوا گشت هەنگاوەکانى چاکسازى، پێویستە سەرەتا و پێش هەموو بابەتێک لە بازنەى فێرکردنەوە دەست پێ بکات. بەڵام ئەم هەنگاوە، دەبێت بە هیچ شێوەیەک خۆى بەتەواوى لەگەڵ بازنە لیبراڵە کلاسیکییەکەى عێراق دانه‌بڕێنێ، وەکوو ئەوەى وا بەپێچەوانەوە لە کوردستاندا لەسەر ئاستى قۆناغەکانى خوێندنى زانکۆ و پێش زانکۆ لە (2008)وە، کرا. چونکە ئەم ڕێبازەی دارێژدراوە، لەوانەیە لەم 10 ساڵەى داهاتوودا بمانگوازێتەوە بۆ کارەساتێکى مرۆییی فراوان، چونکە سەرجەم پڕۆژەکە، خۆى بە بیرۆکەیەکى گێژ و نادیار دەبەستێتەوە: فێرکردن، دەبێت بە بازاڕى کارەوە ببەسترێت. ڕاستییەکەیش ئەوەیە: فێرکردن، دەبێت بە دروستکردنى مرۆڤ و بنیاتنانى هاووڵاتیى چاکەخوازه‌وه ببەسترێته‌وه‌‌. واتا فێرکردن، دەبێت ئەنجامەکەى مرۆڤێکى ڕۆشنبیر بێت، نیشتمانپەروەر بێت، مرۆڤایەتیخواز بێت، ئیماندار بێت بە کەلتوور و ئایینەکەى؛ لە هەمان کاتیشدا بەرامبەر ئایینەکان و بۆچوونە جیاوازەکان لێبووردە بێت. ئەم پردە ستراتیژییە، زۆربەى دەوڵەتە شارەکانى یۆنان وەکوو ئەسینا و سپەرتا، هەروەها دەوڵەتى ڕۆمانى، دواتر بەسەریدا تێپەڕبوون. ئەمانەیش پێشەواى دەوڵەتە پێشکەوتووەکانى ئەوروپا بوون تاکوو ئێستا. بۆیە دەتوانین بڵێین ئەم ڕێبازە گشتییەى فێربوون، بەگشتى دژى ڕێگه‌ بەکارهێنراوەکه‌ى ئەمڕۆمانە لە کوردستان، کە زانکۆ و سەرانسەرى فێرکردن وەک "کێڵگەیەک"، تەنیا بۆ خزمەتکردنى بازاڕ و کار تەرخان دەکات. هۆى ئەم پێچەوانەبوونەیش ئەوەیە کە مرۆڤ تەنیا بە نان ناژێت، هەروەها تەنیا بۆ نانخواردنش ناژێت.  

لە لایەکى دیکەوە، بازنەى فێرکردن دەبێت فراوان و تێر بێت. واتا لە بوارەکانى زانین و زانستدا فراوان بێت؛ لە هەمان کاتیشدا تێروپڕ بێت لە مامۆستاى پسپۆر، نەک میتۆدى خوێندنى زانکۆیى لە ڕووی ماوەوە، یان لە بوارى یەکەکانى خوێندنەوە کەم بکرێتەوە، یان بەمەبەستى خەستکردنەوەى بوارەکانى زانست، ئاوێتەى وانەکان بکرێت. چونکە ئێمەى کورد بمانەوێ یان نەمانەوێ، بەشێکین لە جیهانى سێی دواکەوتوو؛ بۆیە پێویستە پێوەرەکانمان لە پێوەرەکانى جیهانى پیشەسازیى پێشکەوتوو بەرزتر بێت، ئەگەر ویستمان مەوداى دواکەوتوویی تەسک بکەینەوە. بۆ نموونە ئەگەر کەسێک بە ناوى "ڕ" خێرایییەکى (10) کم لە (1) کاتژمێردا ببڕێت، کەسێکى تر بەناوى "ب" ئەگەر بیەوێ بگات بە "ڕ"، بەڵام بەهەمان خێرایییەکەى ڕێ بکات، ئەوە "ب" قەت بە "ڕ" ناگات، چونکە هەردووکیان بەهەمان خێرایى دەجووڵێنەوە و مەوداکەى نێوانیان هەروەک خۆى دەمێنێتەوە.

لەسەر بناغەى ئەم بیرۆکەیە، دروست نییە پەنا بۆ کەسێک، یان گرووپێک (هەرچەندە پسپۆربێت) ببردرێت، کە بەرنامە و تیۆریى وڵاتێکى ڕۆژاواییى پێشکەوتوو بهێنێت و وەکوو خۆیشى پیادەى بکات، بێ ڕەچاوکردنى: ئاستى مەعریفى، تواناى مایەکى، توانستى مرۆیی، مەوداى فەلسەفى و ئامانجەکانى ئەو بەرنامە و تیۆرییە. ئەمانە هەمووى، دەبێت بە شێوەیەکى ڕوون و ڕاستەوخۆ دابڕێژدرێت و فەراهەمکراوبێت، پێش پەنابردن بۆ هەر بەرنامەیەک، یان تیۆرییەکى پێشکەوتوو. بەپێچەوانەى ئەم ستراتیژییەتە، فێربوون لە هەرێمى کوردستان پشت بە یاسایەکى سروشتیى بنچینەیى نابەستێت: "هەڵبژاردنى سروشتی" (Natural Selection). پرۆسەى فێرکردن لە بناغەدا لەسەر ئەم یاسایە وەستاوە،بە شێوەیەک کە سەرەتا قوتابییەکان بە شێوازێکى هاوسەنگ فێرى بوارە جیاوازەکانى زانین و زانست دەکرێن، پاشان تاقى دەکرێنەوە بۆ ئەوەى ڕێگە بە خاوەن بەهرە و زیرەکەکان بدرێت، تاکوو بتوانن بەرەو قۆناغە پێشکەوتووەکان تیپەڕ بن؛ بەدەر لە لاواز و تەمبەڵەکان کە لە جێگەى خۆیان دەمێننەوە.

بە واتایەکى تر، سیستەمى خوێندن بەگشتى، لەسەر بەربەرەکانێیه‌کى ئامانجدار دامەزراوە، كه‌ لە ڕێگەیەوە "دەتوانرێت باشەکان دەسنیشان بکرێن". لە لایەکى تر، دەبینین بەرنامەکانى فێرکردن بەتایبەتى و، یاساکان بەگشتى، پێویستە ئەم بوارانەى پێشووتر باسمان کرد ڕەچاو بکەن. بە ڕوانینى فەیلەسووفى فەڕەنسى، ژان ژاک ڕۆسۆ (Jean Jacques Rousseau)، لەبەر ئەوەى "وەک چۆن ئەندازیارى تەلارساز، زەوى تاقى دەکاته‌وه‌ بۆ ئەوەى بزانێت تا چەند به‌رگه‌ی قورساییى ئەو تەلارە مەزنە ده‌گرێتكه‌ تەلارسازەکە دەیەوێت بینای بکات، ئاوەهایش مامۆستاى بیرمەند، دەست بە داڕشتنى یاساى چاک ناکات لەبەر ئەوەى هه‌ر خۆی یاسایه‌كی چاکە، بەڵکوو دەبێت سەرەتا ئەوە تاقى بکاتەوە کە ئەو گەلەی وا یاساکەى بۆ دەنووسێت، گەلێکە له‌ توانایدا ده‌بێت و دەرەقەتى ئەرکەکانى ئەو یاسایە دێت."

سەربارى ئەوەى باسمان کرد، دەبینین لە ڕووى تیۆرى و کردارەوە، جیاوازن ئەوانەى بیر لە چاکسازى دەکەنه‌وه‌ و ئەوانەى پیادەى دەکەن. هەروەها ئەگەر بمانەوێ چاکسازى، "گشتگیر و فراوان" بێت، دەبێت سەرجەم لایەنەکان تێیدا بەشدار بن. بە ڕستەیەکى دیكه‌، دەبێت هەموو لایەنە سیاسى و ناسیاسییەکان بزانن و هۆشیاربن، بەرەو کوێ دەڕۆن و بۆچى؟ جا بۆ ئەم مەبەستەیش، پێویستە دەسەڵاتداران و ئۆپوزسیۆن هەردووکیان پڕۆسەى چاکسازى بجووڵێننەوە؛ ئەمه‌یش بە تێکەڵکردنى پڕۆژەکانیان لە ڕێگەى سوودوەرگرتن لە خاڵە هاوبەشەکانیان و چاوپۆشین له خاڵە ناکۆکەکانیان. لەسەر ئەم بنەمایە، پڕۆسە گشتگیرەکەى چاکسازى لە ڕووى داڕشتن و پیادەکردنه‌وه بۆ دوو باڵ دابەش دەکرێت‌:

یەکەمیان باڵى پلانکێشانە. ئەمەیش جێگەى بوار و پسپۆریى ڕۆشنبیرانى کوردستانە، جا عەلمانى بن، یان عەلمانى نەبن. ئەم کۆمەڵە ڕۆشنبیرە لە ڕێگەى گفتوگۆ و توێژینەوەى زانستییه‌وه‌ هێما سەرەکى و لاوەکییەکانى چاکسازى ده‌سنیشان ده‌كات، کە ببێتە پڕۆژەیەکى نیشتمانى و، بتوانرێت لە ماوەیەکى دیاریکراودا، بەپێى فاکتەرەکانى هەردوو ژینگەى ناوخۆ و دەرەکى جێبەجێ بکرێت. ئەم کۆمەڵە هزرییە، دەبێتە جێگەى بیرکردنه‌وه‌ و چاودێریکردنى پرۆسەى بەدیهێنانى ئامانجە نزیک و دوورەکانى پڕۆژەکە. 

دووەمیان باڵى بەجێهێنانە. ئەم پلانە گشتگیرە، پێویستە لە نیۆان حكوومەتەکانى داهاتوودابە شێوەیەکى "چوارییانى" دابەش بکرێت؛ واتا هەر حكوومەتێک بۆ ئەنجامدانى بەشێک لە چوار بەشەکەى پڕۆژەکە، هەشت ساڵ حوکم بکات. هەروەها حكوومەتەکانى دواتریش بە هەمان شێوە، کاردەکەن تا هەرچوار بەشەکەى پڕۆژەکە لە ماوە ئەوپەڕییەکەیدا تەواو دەبێت. پاشان پڕۆژەیەکى درێژخایەنى دیکە دەست پێ بکات، پاش ئەوەیش دانەیەکى تر؛ بۆ ئەوەى بەرەبەرە کوردستان لە سەرانسەرى بوارەکانى ژیاندا، بگاتە قۆناغى ڕێنیسانس. 

واته‌، دەبێت وەرچەرخان لەگەڵ بەردەوامبوونى مرۆڤدا پرۆسەیەکى بەردەوام بێت؛ هەروەها ڕەچاوى ئەوە بکرێت کەوا هەر نەوەیەک لەسەر حوکم و بەڕێوەبردنى هەرێم (یان دەوڵەت) بێت، نابێت مافى نەوەکانى دواى خۆی هەڵمژێت، بەڵکوو دەبێت ئەو مافانە جێگەى بایەخدانى بێت. تاکوو بۆ نموونە، ئەزموونى دامەزراندنى فەرمانبەران دووبارە نەبێتەوە؛به‌و شێوه‌یه‌ی کە فەرمانبەران لەسەر یەکتر لەناو دامەزراوەکانى دەوڵەتدا کەڵەکە دەکرێن. بۆیە ئەم ئەزموونە، بووەتە یەکێ لەو هۆیه‌ هەرە گرنگانه‌ی، كه‌ وای کرد گەنج و لاوى ئەمڕۆی کوردستان زۆر بەئەستەم جێگەى خۆیان لەناو سیستەم و دەزگه‌کانى هەرێمى کورستاندا دەکه‌نەوە، بەتایبەتى قەبارەى سیستەمەکە زۆر فراوان بووەتەوە و، گەیشتووەتە زیاتر لە یەک ملیۆن مووچەخۆر؛ ئەمەیش وا دەکات کە بەشێکى گرنگ لە بوودجەى هەرێم،بۆ مووچەخۆران بڕوات.

دووەم- ناوه‌ڕۆکى چاکسازیخوازان

ئێمە لەم بازنەیەدا، دەبێت دوو لایەن لە یەکتر جیا بکەینەوە، کە هەردووکیان شان بە شانى یەکتر لەناو دامەزراوە فەرمى و نافەرمییەکاندا دەژین:

یەکەمیان، ئەوانەى لەبارەى هەوڵدان بۆ چاکسازیى سیاسى، خاوەن ویست و ئیرادەى خۆیانن، بەڵام ئیرادەکەیان تا ڕاددەیەک بەستراوەته‌وه‌ بە ژینگە نێودەوڵەتییەکەوە بەتایبەتى؛ واته‌ وای دەبینن کەوا ژینگە نێودەوڵەتییەکە له‌بار نییه‌، بۆ ئەوەى پلانى ڕێنیسانس بەتەواوى سەر بکەوێت. دووەمین لایەن،بریتییە لە یانەى گەندەڵەکان. ئەمانەیش، نەویست و ئیرادەیان هەیە و، نەدەیانەوێت هیچ پلانێک لە بوارى چاکسازى سەر بکەوێت. هەربۆیە بەردەوام، بە هەموو تواناى خۆیان دەبنه‌ بەربەست لە بەردەم لایەنى یەکەمدا، هەروەها هیچ توانا و هەوڵدانێک ناشارنەوە بۆ ڤاڵاکردنى هەر پرۆسەیەک كه‌ یانەى یەکەم پێشنیارى بکات؛ لە ئەنجامدا، دەیانەوێت کوردستان بەردەوام لە "چەقبەستووییى دامەزراوى"دا بمێنێتەوە. 

ئەم جۆرە ململانێیە، بە شێوەیەکى ڕوون لەسەر ئاستى ئابوورى و سیاسى و کۆمەڵایەتیى کوردستاندا دیارە. بۆیە پێش نووسینى پلانە گشتگیرەکە، پێویستە سەرەتا ئەم ململانێیە بە شێوەیەکى ئارام و هێمنانه‌ و بەئامرازێکى ئاشتییانە، نەمێنێت. هەر حزبێکش لە ڕووى چۆنێتیى كوژاندنەوەى ئەم ململانێیەوه‌، ئازادە. واته‌ سەرەتا، دەبێت چاکسازیى حزبى لەناو خۆیدا (واته‌ له‌ناو حزبدا) دەست پێ بکات، بێ بەکارهێنانى گوشار بەرامبەر یەکتر، پاشان ژیانى حزبایەتى بەگشتى بگرێتەوە. چونکە حزبى سیاسى بەگشتى، ئامرازێکى زۆر پێویستە بۆ پیادەکردنى کاریگەریى بەرچاو لەسەر کاروباری گشتیى کۆمەڵگه‌ و دەوڵەت، هەروەها ئامرازێکە بۆ کارلێکكردنی نێوان کۆمەڵگه‌ و سیستەمى سیاسى؛ بەتایبەتى خودى ئەندامەکانى، پۆستە سیاسییەکان وەردەگرن و، پاشان لەسەر بڕیار و سیاسەتەکانى دەوڵەت کاریگەر دەبن.

بە مانایەکى دیکە، بە هەمان شێوەى حزبەکانى کۆمەڵگه‌ دواکەوتووەکان، حزبە کوردستانییەکانیش لە سەدەى بیست و یەکدا ڕووبەڕووى دژواریى نوێ دەبنەوە، بەتایبەتى ڕێپێدان بە دروستبوونى حزبى سیاسى نوێ، یان دووبارە بنیاتنانەوەى حزبە دامەزراوەکان لە ڕێى نوێکردنەوەى بنکە هزرییەکانیانه‌وه‌. بەم شێوەیە، حزبەکان بەرامبەر ئەرکێکى دووجەمسەرى وەستاونەته‌وه‌: یەکەمیان دەستپێکردنى پرۆسەى بەدەزگه‌کردنەوەى خودى خۆیان، بەو پێیەى کە ڕێکخراویکى کاران؛ دووەمیان بریتییە لە بەدەزگه‌کردنەوەى دیموکراسییەت. واتا، ناکرێت حزبە سیاسییەکان تەنیا سەرقاڵى کارە كلاسيكييەكان بن کە تایبەته بە "دامەزراندنى دیموکراسییەت"، وەکوو کاندیدکردنى کادیرەکانیان بۆ پڕکردنه‌وه‌ى پۆستە فەرمییەکان و هاندانى دەنگدەرەکانيان، جگە لە داڕشتنى بەرنامە سیاسییەکان و پێکهێنانى حکوومەت. بەڵکوو دەبێت سەربارى ئەوەیش، ببن بە یاریکەرێکى سەرەکى لە دامەزراندنى حکوومەتێکى دیموکراسیى چالاکدا Active Democracy. بەڵام ئەگەر ئەم حزبانە بەگشتى، دەرەقەتى ئەم دژوارییانە نەیه‌ن، ئەوە تووشى هەڕه‌شەى "درزدان (ئینشیقاق)" دەبن، پاشان لە قەراغى "هەرەسهێنان" نزیک دەبنەوە. حزبى سیاسى لە کۆمەڵگه‌ کلاسیکییەکان و ئه‌و کۆمەڵگه‌یانه‌ی لە قۆناغى گواستنەوەدان بەرەو دیموکراسى، له‌ بەرامبەر بارێکى قورس و ئاڵۆزدایە: یان دەبێت زیندوو بێت بۆ ئەوەى لەناو بازنەى سیاسەت بمنێتەوە، بە شێوەیەک کە کاریگەر و کارلێکراو بێت، یانیش لە دەرەوەى بازنەى سیاسەتدا ڕەق و وشک ببێتەوە، پاشان بەرەو هەرەسهێنان بڕوات. بۆیە، هۆشیاربوون لەم دۆخه‌ مەترسیدارە و چارەسەرکردنى، دەروازەی چاکسازییە، هەروەها لەسەر هەمان بناغەیش، هێما سەرەکییەکانى پرۆسەى بەجێهێنانى چاکسازیى گشتگیر، لە خاک دەچەقێنرێن، بۆ ئەوەى لە دواڕۆژدا بەرهەمى ڕێنیسانس درەو بکەین.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples