خانه‌ی هزریی كوردستان، هەولێر - ١/١١/٢٠١٦
پاش ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆییی "کۆسۆڤۆ" له سربیا له 17ی فه‌برایر (شوبات)ی ساڵی 2008، پاشان دانپێدانانی له لایه‌ن ژماره‌یه‌كی زۆر ده‌وڵه‌تانەوە، كۆماری سربیا هه‌وڵی دا له ڕێگه‌ی ڕێوشوێنه یاسایییه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه‌وه ئه‌م هه‌وڵه‌ی کۆسۆڤۆ و به‌فه‌رمیناسین (دانپێدانان)ی له لایه‌ن ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌وه، به نایاسایی بناسێنێت.
به‌م پێیه، كۆمه‌ڵه‌ی گشتیی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له ڕێكه‌وتی 8ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2008 له‌سه‌ر بنه‌مای بڕیاری (A/RES/63/3) داوای له "دادگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی داد" (International Court of Justice) كرد كه به‌پێێ مادده‌ی 96ی مه‌نشووری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان (Charter of the United Nations) و مادده‌ی 65ی په‌یڕه‌وی دادگەی نێوده‌وڵه‌تیی داد، بیر و ڕای ڕاوێژكاریی خۆی ده‌رباره‌ی ئه‌م پرسیاره كه: ئایا ڕاگه‌یاندنی یه‌كلایه‌نه‌ی سه‌ربه‌خۆیی له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌به‌ریی كاتیی ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمی کۆسۆڤۆ، له‌گه‌ڵ یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا هاوته‌ریبه؟ بخاته ڕوو یاخود ده‌رببڕێت.
ئه‌وه بوو كه له 22ی جولای ساڵی 2010 دادگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی داد، ڕای ڕاوێژكاریی خۆی ده‌رباره‌ی "هاوته‌ریببوون (گونجاوبوونی) ڕاگه‌یه‌ندراوی یه‌كلایه‌نه‌ی سه‌ربه‌خۆیی له‌گه‌ڵ یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان" ده‌ربڕی. دادگه به (9) ده‌نگی ئه‌رێ له هه‌مبه‌ر (4) ده‌نگی نه‌رێ، سه‌لاحییه‌تی خۆی بۆ ده‌ربڕینی ڕای ڕاوێژكاری بۆ وڵامدانه‌وه‌ی پرسیاری كۆمه‌ڵه‌ی گشتی (بریاری A/RES/63/3 ) په‌سند كرد. هه‌روه‌ها به (10) ده‌نگی به‌ڵێی ئه‌ندامان له هه‌مبه‌ر (4) ده‌نگی نه‌خێر له كۆی 15 ئه‌ندام (ئه‌ندامێكی ئاماده نه‌بوو) ڕای گه‌یاند: ڕاگه‌یه‌ندراوی یه‌كلایه‌نه‌ی سه‌ربه‌خۆییی ئه‌نجوومه‌نی کۆسۆڤۆ (Assembly of Kosovo) ده‌رباره‌ی سه‌ربه‌خۆییی کۆسۆڤۆ له سربیا پێشێلكردنی یاسای نێوده‌وڵه‌تیی گشتی (بڕیاری 1244ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش ساڵی 1999، هه‌روه‌ها ئه‌و چوارچێوه ده‌ستوورییه‌ی (The Constitutional Framework) كه نوێنه‌ری سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له لایه‌ن ده‌سته‌ی جێبه‌جێكاری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له کۆسۆڤۆ The United Nations Interim Administration Mission in Kosovo (UNMIK) وه‌ری گرتووه)، نییه. ده‌نگی باڵای دادوه‌ره‌كانی دادگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی داد، قورساییی ئه‌م بڕیاره‌ی زیاتر كرد.
به‌پێێ مه‌نشووری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، هه‌روه‌ها به‌ڵگه‌نامه‌كانی تری گرنگی یاسای نێوده‌وڵه‌تی، "یه‌كپارچه‌ییی خاكی ده‌وڵه‌تان" و "مافی دیاریكردنی چاره‌نووس"، به دوو پره‌نسیپی بنچینه‌ییی یاسای نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ژمار ده‌كرێن. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یش، ئه‌م دوو پره‌نسیپه له دۆخێك‌دا كه كه‌مینه‌یه‌كی قوربانی، دوچاری زۆرداری، سڕینه‌وه، جیاكاری و سه‌ركوت ده‌بێته‌وه و، له‌ژێر گوشاردا به دوای مافی دیاریكردنی چاره‌نووسی خۆی له ڕێگه‌ی جیابوونه‌وه و ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆییی خۆی له ده‌وڵه‌تێكی جێگیر ده‌بێت، ئه‌وه ئه‌م دوو پره‌نسیپه تووشی پێكناكۆكی و دژیه‌كی ده‌بنه‌وه.
بریاری دادگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی داد، ده‌رباره‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوی سه‌ربه‌خۆییی کۆسۆڤۆ، یه‌كه‌م كاری له‌م جۆره‌ی ئه‌م دامه‌زراوه‌یه (دانپێدانان به ڕاگه‌یه‌ندراوی تاكلایه‌نه‌ی سه‌ربه‌خۆییی کۆسۆڤۆ له ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی ئیستیعمار) بوو. ئه‌مه‌یش ده‌توانێت كاریگه‌ری و شوێندانه‌ریی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر یاسا و بڕیاره‌كانی داهاتوو، هه‌روه‌ها ڕه‌وتی سه‌ربه‌خۆییی لانی كه‌م به‌شێك له نه‌ته‌وه‌كانی وه‌كوو "هه‌رێمی كوردستان" هه‌بێت.
مافی بەدەوڵەتبوون و سەلماندنی بۆ كوردستان
دوا بە دوای ڕای ڕاوێژکارییەکەی دادگەی نێودەوڵەتیی داد لەسەر یاساییبوونی ڕاگەیاندنی سەربەخۆییی کۆسۆڤۆ لە ساڵی ٢٠١٠، پسپۆران و یاساناسان کەوتنە جموجووڵێكی تەواو لەسەر پرسی دەوڵەتدامەزراندن لە کاتی ئێستادا. دادگەکە زۆر بەکورتبڕی، خۆی لە هەندێك کێشەی گەورەی یاسایی دەربارەی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی، دەرباز کرد. بەڵام هەندێك وەڵامی هەبوو کە دەکرێت سوودی بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان و سازکردنی دەوڵەتەکەمان لەژێر ڕۆشناییی یاسای نوێی نێودەوڵەتی هەبێت. دادگە گوتی، ڕاگەیاندنی سەربەخۆییی کۆسۆڤۆ یاسایییە، کەچی نە کۆسۆڤۆ نە دادگاکەیش پشتیان بە بنەمای مافی چارەی خۆنووسین، کە لە یاسای نێودەوڵەتی و چارتەری نەتەوە یەکگرتووەکاندا زۆر ناسراوە، نه‌به‌ست.
هەڵبەتە ئێمەی کوردستانی، زۆر باسی مافی چارەی خۆنووسین دەکەین و پێداگيریی له‌سه‌ر دەکەین، بەڵام ئەم چەمکە خۆی لە خۆیدا هەندێك کێشەی تایبەتیی هەیە کە تاوەکوو ئێستا یاساناسان نەیاتوانیوە ساغی بکەنەوە کە: ئایا کاراکردنی ئەم مافە بۆ هەموو گەلێك یان نەتەوەیەکە، یان تەنیا بۆ گەلانی ژێر دەسەڵاتی ئیستیعمار بوونە؟ دادگه، خۆی لەو پرسیارە دزیوەتەوە. ئەوەی گرنگە لەم ڕای ڕاوێژکارییە ئەوەیە، کاتێك دەڵێت: "پراکتیکی دەوڵەتەکان بنەمایەکی نوێ لە یاسای نێودەوڵەتی دەرناخەن، کە ڕاگەیاندنی دەوڵەت قەدەغە بکات."
ئەم هەڵوێستەی دادگە لە دوو لایەنی جیاوازەوە، بووە مایەی جمۆجووڵێکی خێرا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا: یەکەم، هەندێك هەرێم کەوتنە خۆیان بۆ ئەوەی لەناو دڵی ئەورووپادا سەربەخۆ بن بۆ نموونە سكۆتلەندا، کەتەلۆنیا، باسك، کريمێ و ئەبخازیا، هەروەها هەندێك هەرێمی تریش لە جیهان. دووەم: بيرمەندان و یاساناسان هەوڵ دەدەن ئەم پێشکەوتنە بە چەمك و دەستەواژەی نوێ پێناسە بکەن و، هەندێکیان پێیان وایە کە پێویستە پرۆسەی دروستکردنی دەوڵەت پێوەر، بنەما و ڕێگه‌ی تایبەت بە خۆی هەبێت و، بنەماکان لەم بوارەدا کۆن بوونە و بەرگەی ئەم تەوژمە نوێیەی جیهان ناگرن، بەتایبەتی مافی چارەی خۆنووسین.
بۆ ئەم مەبەستە، ئەنستیتیوتی "IRENEE" تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە بواری نەتەوە و دەوڵەت لە زانکۆی لۆرێن لە فەرەنسا، کۆنفرانسێكی ئەکادیمییان لە ڕۆژانی ٢٢-٢٣/١٠/٢٠١٥ لەسەر چەمكێکی نوێ کە ناویان لێ نا بوو "مافی بەدەوڵەتبوون"، ئاماده كردبوو و، چەندین پرۆفيسۆر و پسپۆر لە سەرانسەری جیهان بەشدارییان تێدا کردبوو، کە بە شێوەی جیاجیا ئەم چەمکەیان شی ده‌كرده‌وه و پێناسه‌یان بۆ ده‌خسته ڕوو.
دکتۆر "بڕیار شێرکۆ"یش وەك پسپۆرێکی کورد و فرانکۆفۆن بانگهێشت کرا و، وەك پارێزەرێك بەرگریی لە "مافی بەدەوڵەتبوونی کوردستان" کرد، کە ئێمە تا چەند ئەم مافەمان لێ زەوت کراوە و، ئێستایش تا چەند شایەنی ئەم مافەین. بەرهەمەکانی ئەم کۆنفرانسە لە داهاتوودا وەک کتێبێک چاپ دەکرێت و، دەبێت بە بزوێنەرێکی هزری و ئەکادیمیی گرنگ لە بواری وڵاتسازی لە هەموو جیهاندا. هەر لەو بوارەدا هەندێك خاڵی گرنگ کە پەیوەندییان بە باسەکەمانەوە هەیە، بریتین لە:
یەکەم: هەموو نەتەوەیەك بۆ ئەوەی ببێت بە دەوڵەت، بە فلتەری یاسای نێودەوڵەتیدا تێپەر دەبێت، کەچی پرۆسەی دروستکردنی دەوڵەت لە یاسای نێودەوڵەتیدا ڕێک نەخراوە: یاسای نێودەوڵەتی، لە لایەن دەوڵەتانەوە و بۆ دەوڵەتان دانراوە. لە بناغەدا، دەوڵەتان دژی ئەوەن پارچەیەك لە زەوییەکەیان جودا ببێتەوە، بەڵام هەندێك بنەما و میکانیزم و ڕێگه هەن ئاسانکاری دەکەن بۆ ئەوەی بگەیت بە دەوڵەت. یەکێک لەو ڕێگه‌یانە بریتییە لە مافی بەدەوڵەتبوون. ئەم مافەیش، پڕۆسەیە. ئێمەی كوردستانی، لە پرۆسەی بەدەوڵەتبوونداین. ڕوونتر بڵێين: پرۆسەی دەرچوون لە عێراق (Kurdexit). بۆ گەیيشتن بەم مافەیش، دەبێت کار لەسەر دوو لایەن بکرێت:ناوخۆیی و نێودەوڵەتی. ئەم دوو لایەنە، تەواوکەری یەکترن و کاريگەرییان لەسەر یەك هەیە. بۆ پرۆسەی دروستکردنی وڵات، هەندێك، ڕێگەی مێژوویی دەگرنە بەر و هەندێك، ڕێگەی دەستووری، هەندێك بە ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی دروست بوونە، هەندێك بە جەنگ، بە ڕيفراندۆم و بە داگیرکاری. گرنگ ئەوەیە میللەتەکە بتوانێت خۆی خۆی بپارێزێت، خۆی بژیێنێت و یەکگرتوو بێت. لە ڕێگه‌ی ئەم سێ خاڵەوە، مافی بەدەوڵەتبوون بەرجەستە دەبێت. بە مانایەکی تر، کاتێك دەوڵەتێك ڕادەگەیەنرێت، نابێت بەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە، ببێت بە بارگرانی.
دووەم: مافی بڕیاردانی چارەنووس بە گەلێك دەدرێت، بۆ ئەوەی بتوانێت خۆی پێناسە بکات. ئێمە لە ساڵی ٢٠٠٥، هەرێمی کوردستان‌مان وەكوو هەرێمێکی فیدراڵی لەژێر سەروەریی عێراقدا پێناسە کردووە. ئێستا پێویستیمان بە پێناسەیەکی نوێ هەیە. مافی بڕیاردانی چارەنووس "هۆکار" (وەسیلەیە)، بەڵام مافی بەدەوڵەتبوون"ئامانجە". لەم قۆناغەدا ئامانج گرنگترە. هۆکار هەرچییەك بێت، ئێمە مەبەستمانە دەوڵەت ساز بکەین. مافی بەدەوڵەتبوون جێگره‌وه (بەدیل)ی مافی چارەی خۆنووسین نییە، بەڵكوو تەواوکەریەتی. لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت، کە مافی چارەی خۆنووسین تەنیا وەسیلەیەکە لە وەسیلەکان و، هیچی تر. جەنگ یەکێکە لە ڕێگەچارەکان بۆ به‌دەستهێنانی سەربەخۆیی. ئەو جەنگەی، کوردستان دژی تيرۆریزم دەیکات، دەبێت بەرگی "جەنگی سەربەخۆیی"ی لەبەر بکرێت. چەندان گه‌ل و نه‌ته‌وه هەن شانازی بە جەنگی سەربەخۆییی خۆیانەوە دەکەن وەك ئەمریکا و يۆنان. بۆچی ئێمەی کوردستانییش، نەیکەین بە جەنگی سەربەخۆیی؟ دەبێت هەموو جیهان تێ بگات ئەو پێشمەرگەیەی ئەمڕۆ شەهيد دەبێت، "شەهیدی ڕێگەی سەربەخۆیی"ی کوردستانە، ئینجا دەکرێت باسی ئەوە بکرێت، کە شەهیدی دەستی ڕەشی تيرۆرە.
سێیەم :نيشانەکانی مافی بەدەوڵەتبوون لە کوردستان زۆر بەهێزن: بۆ نموونە، بەستنی ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئەمریکا، فەرەنسا و تورکیا، هەبوونی ١٥ نوێنەری هەرێمی کوردستان لە پایتەختەکانی جیهان، جێگيربوونی زیاتر لە ٣٥ نوێنەری وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە هەولێری پایتەخت، پێشوازیکردن لە بەڕێز "مەسعوود بارزانی"، سەرۆکی هەرێم، لە كۆشکی سەرۆکایەتیی دەوڵەتانی دنیا، ئەمانە و چەندان نيشانەی تر ئاماژەی بەهێزن کە هەرێمی کوردستان مافی بەدەوڵەتبوونی هەیە. بۆ جیهان ڕوون بۆتەوە کە عێراق ئێستا دوو پایتەختی تێدایە: بەغداد و هەولێر، کە بەبێ هەردووکیان ئەم دەوڵەتە بەڕێوە ناچێت. هەروەها ڕۆژ بە ڕۆژيش درزی قووڵتر و فراوانتر لە نێوان ئەم دوو پایتەختەدا دروست دەبێت.
چوارەم: مافی بەدەوڵەتبوون، وەك مافی ژیانە. دەوڵەت قەوارەیەکی زیندووە و ڕۆژێک لەدایك دەبێت و ڕۆژێکیش دەمرێت. عێراق وڵاتێکی مردووە، هەروەکوو یوگسلاڤيا لە سەرەتای ساڵانی ١٩٩٠ەکان، کە یەکەم شت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی د‌رکی پێ کردبوو نەمانی ئەم وڵاتە بوو، بۆیە پارچە پارچە بوو. دەوڵەتی کوردستان وەك کۆرپەڵەیەکە لە ناو سکی لاشەی مردووی عێراق. ئەم کۆرپەڵەیە، هەتاوەکوو ناوکەکەیشی بڕاوە، کە سەرچاوەی بژێویی کوردستان بووە. بەڵام کێشەکە لەوەدایە، نە دایکە مردووەکە دەزانێت خۆی مردووە (مردوو نازانێت کە مردووە) و نە کۆرپەڵەکەیش هەوڵی داوە لە لاشەی ئەم مردووە دەربچێت. زوو دەرنەچين، ئێمەیش بە دەردی عێراق دەچين.
عێراق سادەترین ئەرکی خۆی کە پاساوانیکردنی لە گه‌له‌کەیەتی، ناتوانێت ئەنجامی بدات. تاقە وڵاتە لە جیهاندا چەندین سوپای تێدایە، کە هەموویان لەگەڵ یەك نەیارن، ئەمڕۆ بێت یان سبەی بە ڕووی یەکتردا دەتەقنەوە. کشانەوەی کورد لە دامودەزگه‌کانی بەغدا، لە قازانجی پرۆسەی بەدەوڵەتبوونی کوردستانە و بەڵگەیەکی تر دەبێت بۆ مردووییی عێراق. بەڵام دەبێت لە کۆتاییدا بە ڕێککەوتن لەگەڵیاندا جیا بینەوە، بەتایبەتی لە پرسی دیاریکردنی سنووری دەوڵەتی داهاتووی کوردستان. ئەوەیش دەبێت بزانرێت كه بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، زۆر گرنگە ئەگەر عێراق بە دروستبوونی کوردستانی سەربەخۆ ڕەزامەند بێت. له‌م حاڵه‌ته‌دا هەر ١٩٣ دەوڵەتەکەی جیهان یەکسەر دانمان پێ داده‌نێن و قبووڵمان دەکەن. بەڵام عێراق ڕازی نەبێت، ئەوا لە پرۆسەی ئەندامبوونمان لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا تووشی ڕێگه‌یەکی دوورتر دەبینەوە.
پێنجەم: بۆ سەلماندنی مافی بەدەوڵەتبوونی کوردستان، دەکرێت لە زۆر لایەنەوە کاری لەسەر بکرێت: مێژوویی، دەستوورە عێراقییەکان، کۆتاییی گرێبەستی کۆمەڵایەتیی عێراقی، کوردستان لە کۆمەڵەی گەلان (عصبة الامم)، بۆ نموونە لە ڕاپۆرتێکدا لە ساڵی ١٩٢٤ ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە عێراق هيچ مافێکی یاسایی و داگيرکارییشی لەسەر زەویی ئەم ناوچەیە نەبووە. یەکێکی تريش لە ڕێگه‌کان، بریتییە لە سوودوەرگرتن لە هاوكێشەیەکی نێودەوڵەتی (تاوانی بەكۆمەڵ – دادگەی نێودەوڵەتی – دەوڵەت) هەروەک ئیسرائیلییەکان، بۆسنییەکان، کۆسۆڤۆیییەکان، تەیمووری ڕۆژهەڵات و باشووری سوودان) سوودیان لێ وەرگرت.
شەشەم: لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە، تاکە مەرج بۆ پیادەکردنی مافی بەدەوڵەتبوون ئەوەیە، کە هەرێمی کوردستان هەڕەشە نەبێت: واتا هەڕەشە نەبین بۆ خۆمان، دوور بين لە جەنگی ناوخۆیی، یەکگرتوو بین و پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی بەرز ڕابگرین. هەروەها هەڕەشە نەبین بۆ دەوڵەتانی دراوسێ و جیهان بەگشتی. دادگەی نێودەوڵەتیی داد، زۆر ڕوون بووە لەسەر ئەم بابەتە دەربارەی سەربەخۆییی کۆسۆڤۆ، کاتێك دەڵێت: ڕاگەیاندنی تاكلایەنەی سەربەخۆیی، پێچەوانەی یاسای نێودەوڵەتی نییە، بە مەرجێك لە لایەن دەوڵەتێکەوە بەکارهێنانی هێزی تێدا نەبێت، یان ئەو ڕاگەیاندنە بۆ بنەما ئیجبارییەکانی یاسای نێودەوڵەتی، سەرپێچیی توند نەبێت. ئایا بنەمای یەکپارچەییی خاکی دەوڵەت، ڕێگرە لە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی لە لایەن ميللەتێكەوە؟ وەڵامی دادگە "نەخێر"ه. چونکە ئەم بنەمایە تەنیا لەسەر وڵاتان سەپێنراوە نەك لەسەر نەتەوەکانی ناو دەوڵەتەکە. کەواتە دەوڵەتان، دەبێت ڕێز لە یەکپارچەییی خاکی عێراق بگرن. بەڵام ئەم ئەرکە لەسەر نەتەوە ژێردەستەکان نییە. دوای ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی، پرۆسەیەکی نوێ دێت كه بە دانپێدانان (اعتراف) ناسراوە. دەوڵەتان ده‌ست بە قبووڵکردن، یان ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ئەو دەوڵەتە نوێیە کە ئەمە پەیوەندیی بە بنەمای یەکپارچەییی خاکی عێراقەوە نامێنێت.
حەوتەم: ئەزموونێك هەیە کە پێویستە لە کۆتاییدا ئاماژەی پێ بدەین. ئەو دەوڵەتانەی وەك عێراق لە دەوڵەتێكی یه‌كگرتوو و مەرکەزییەوە بەرەو فيدراڵی چوونە، فەشەلیان هێناوە و لە کۆتاییدا هەڵوەشاونەتەوە؛ بۆ نموونە یەكێتیی سۆڤیەت، چيکۆسلوڤاکیا و یوگوسلاڤیا. بەلجيکا چەند دەوڵەتێکی دیموکراتییە، کەچی ڕووبەڕووی هەمان هەڕەشە هاتۆتەوە.
بەڵام ئەو دەوڵەتە فیدراڵییانەی کە لە ئەنجامی یەکگرتن دروست بوون، سەرکەوتوو بوونە، وەك: ئەمریکا، سویسرا و ئەڵمانيا. ئەزموون دەری دەخات عێراق لە جۆری یەکەمە و بەرەو هەڵوەشاندنەوە دەڕوا، بۆیە تا ئێستا ئيسپانیا و ئیتالیا ترسیان لە قبووڵکردنی سیستەمی فیدراڵی هەیە بۆ خۆیان، کە لەوانەیە ئەوانيش گه‌ر بێت و قبووڵی فیدراڵی بکەن، بەرەو کێشەی جیابوونەوەی هەرێمەکانیان بڕۆن.
راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆییی هەرێمی كوردستان لەژێر ڕۆشناییی پێشکەوتنەکانی یاسای نێودەوڵەتی
به‌م پێیه، پێویسته سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان، وه‌كوو باڵاترین ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن، هه‌روه‌ها بڕیارداڕێژه‌ران و سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كان و په‌رله‌مان و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ته‌نانه‌ت ناوه‌نده یاسایی و هزری و ئه‌كادیمییه‌كان، به‌وردی خوێندنه‌وه و لێكۆڵینه‌وه له ڕه‌هه‌ند و ده‌رهاوێشته و كاریگه‌رییه ئاشكرا و نائاشكراكانی ئه‌م بڕیاره‌ی دادگەی نێوده‌وڵه‌تیی داد، بكه‌ن. لێره، ته‌نیا ئاماژه به چه‌ند خاڵێكی جه‌وهه‌ریی زۆر گرنگ ده‌كه‌ین كه له‌م ڕایه ڕاوێژكارییه‌وه ده‌تواندرێت هه‌ڵبهێنجرێت و له ڕووی یاسایی- سیاسییه‌وه بۆ ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆییی هه‌رێمی كوردستان-عێراق كاریان پێ بكرێت.
یه‌كه‌م: پێكناكۆكبوونی ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی و یاسای نێوده‌وڵه‌تی
ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی به‌گشتی و، ڕاگه‌یاندنی یه‌كلایه‌نه‌ی سه‌ربه‌خۆیی، دژی بنه‌ماكانی یاسای نێوده‌وڵه‌تی نییه، به‌ڵكوو ئه‌وه‌ی كه ئه‌مه پووچه‌ڵ ده‌كاته‌وه، به‌كارهێنانی نایاساییی هێز، هه‌روه‌ها زۆر یاخود شێوه‌كانی تری پێشێلكردنی نۆرمه‌كانی حوكمه فه‌رمانپێكه‌ره‌كانی (Jus Cogens) یاسای نێوده‌وڵه‌تییه.
دووه‌م: نوێنه‌رایه‌تیی په‌رله‌مان یاخود ڕێبه‌رایه‌تیی گه‌ل
خاڵێكی زۆر گرنگ، هه‌ستیار و ورد له لێكۆڵینه‌وه‌ی دادگەی نێوده‌وڵه‌تیی داد، له پرسی سه‌ربه‌خۆیی و پرۆسه‌ی ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی و ڕاگه‌یه‌ندراوی سه‌ربه‌خۆییی کۆسۆڤۆ ده‌ر‌ده‌كه‌وێت، ئه‌وه‌یه كه بۆ هەرێمی كوردستان پێویسته نوێنه‌رانی هه‌ڵبژێردراوی گه‌ل (خه‌ڵك)، كه له ڕێگه‌یه‌كی دیموكراتیك هه‌ڵبژێردراون، ڕاگه‌یاندراوی سه‌ربه‌خۆیی به ڕێبه‌رانی گه‌لی كوردستان ئیمزا بكه‌ن. ئه‌مه جیاوازه له په‌رله‌مان. به‌م واتایه كه په‌رله‌مانیش به‌شێكه له‌م ڕێبه‌ر و نوێنه‌رانه، هه‌روه‌كوو له پرسی کۆسۆڤۆدا په‌رله‌مانی کۆسۆڤۆ خۆی نه‌كرده تاكه نوێنه‌ر یاخود ڕێبه‌ری گه‌ل، هه‌روه‌ها په‌رله‌مان خۆی نه‌كرده خاوه‌نی ڕاگه‌یاندراوه‌كه، به‌م مانایه كه له ڕایه‌كه‌دا ده‌ڵێت، ئه‌وانه‌ی كه ئه‌م ڕاگه‌یاندراوه‌یان ئیمزا كردووه، خۆیان به ڕێبه‌رانی گه‌لی کۆسۆڤۆ ناساندووه. (هه‌رچه‌نده دۆخی یاسایی-سیاسیی کۆسۆڤۆ جیاوازیشی له‌گه‌ڵ كوردستان هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌مه زۆر كێشەی یاسایی و سیاسی له كۆڵ هەرێمی كوردستان ده‌كاته‌وه.)
سێێه‌م: به‌كارهێنانی هێزی ناڕه‌وا و داگیركاری
بیر و ڕای زۆربه‌ی ده‌وڵه‌تانی ئه‌ورووپی و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆییی کۆسۆڤۆ ئه‌وه بوو، كه هیچ دژایه‌تییه‌ك له نێوان ئه‌م ڕاگه‌یاندنه تاكلایه‌نه‌ی سه‌ربه‌خۆیی و یاساكانی نێوده‌وڵه‌تیدا نییه، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی كه له ڕێگه‌ی زۆر و داگیركارییه‌وه ئه‌مه بكرێت. ئه‌مه‌یش وانه‌یه‌كه کە بۆ ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆییی هەرێمی كوردستان زۆر گرنگه.
چواره‌م: جیابوونه‌وه به ڕه‌زامه‌ندی و دانوستاندنی ده‌وڵه‌تی جێگیر
ئه‌گه‌ر بكرێت، كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غدا زۆر زۆر كه‌متر بێته‌وه، بكه‌وێته دانوستاندنی ڕاسته‌وخۆ بۆ چۆنیه‌تیی سه‌ربه‌خۆیی و جیابوونه‌وه له عێراق. ئه‌مه باشترین سیناریۆی یاسایی و سیاسییه ئه‌گه‌ر جێبه‌جێ بكرێت و، ئه‌گه‌ریش نه‌كرا، ئه‌م پرۆسه‌یه دیسانه‌وه پێویسته، بۆ بوون به به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی كه هه‌موو هه‌وڵه ئاشتیخوازانه‌كان دراوه بۆ جیابوونه‌وه یاخود ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی تاكلایه‌نه.
پێنجه‌م: دەستوور
خاڵێكی زۆر گرنگ له ڕووی یاسای تایبه‌ته‌وه، كه دادگەی نێوده‌وڵه‌تیی داد له پرسی کۆسۆڤۆدا لێكۆڵینه‌وه‌ی لێ كرد، بۆ ئه‌وه‌ی بزانێت ئه‌م ڕاگه‌یاندراوه له‌گه‌ڵی دژه یاخود نا، دادگە، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌م یاسایه‌ی نه‌زانی. ئه‌وه ده‌كرێت به دیوه‌كه‌ی تری‌دا بۆ هەرێمی كوردستانیش ڕاست بێت. به‌م مانایه‌ی له كاتی ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی، ئه‌گه‌ر هیچ ده‌قێكی ده‌ستووری له عێراق (هه‌روه‌ها دۆخی یاسایی‌ی هەرێمی كوردستانیش) ڕێگه‌ی به جیابوونه‌وه نه‌دابێت، ئه‌وه هیچ ده‌قێكیش به‌ئاشكرا ڕێگه‌ی لێ نه‌گرتووه.
هه‌روه‌ها ده‌توانین له‌سه‌ر پرسی كیۆبێك (هه‌رچه‌نده به‌پێی ده‌ستووری كه‌نه‌دا و دۆخی كیبێكییه‌كان له ڕووی ستانداره نێوده‌وڵه‌تییه باڵاكانی سیاسی، ئابووری، كه‌لتووری و...، له كه‌نه‌دا ئه‌م داوایه به ڕه‌وا نه‌زانرا، یاخود ڕه‌ت كرایه‌وه) كه وه‌زیری دادی كه‌نه‌دا داوای له دادگەی باڵای كه‌نه‌دا كردبوو وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی ده‌رباره‌ی داواكاریی سه‌ربه‌خۆییی كیۆبێك بداته‌وه و، دادگه‌ی باڵایش بیر و ڕای ڕاوێژكاریی یاساناسانی نێوده‌وڵه‌تی (له وانه: دادگەی نێوده‌وڵه‌تیی داد و كۆمیسیۆنی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان)ی وه‌رگرتبوو و ئێستا به‌رده‌سته، كه‌ڵك وه‌ربگرین.
شه‌شه‌م: ڕابردووی خوێناوی و كاره‌ساته‌كان
كاره‌ساته‌كان و ڕابردوو و مێژووی خوێناویی كورد به‌تایبه‌ت (پرۆسه‌ی ئه‌نفال، كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه و جینۆسایدی ئێزدییه‌كان) باشترین به‌ڵگه‌ن بۆ كاركردن له‌سه‌ر "تیۆریی جیابوونه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری" ( Remedial Secession) و ڕاگه‌یاندنی تاكلایه‌نه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كه له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی یاسایی دانراوه و به پره‌نسیپی "The Principle of no Irreparable Harm" ناسراوه. ته‌نانه‌ت ئه‌مه ده‌توانێت له پاڵ دیپلۆماسیی كاریگه‌ر و حوكمڕانی و سه‌روه‌ریی كاریگه‌ری كوردستان، ببێته بنه‌مایه‌ك بۆ دروستبوونی دۆخێكی تایبه‌ت بۆ سه‌ربه‌خۆییی هه‌رێمی كوردستان له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا. هه‌روه‌ها ده‌تواندرێت كار له‌سه‌ر پێشێلكردنی سیسته‌ماتیكی مافی مرۆڤ له كوردستان له ئێستای عێراقدا (به ڕابردوویشه‌وه) بكرێت بۆ دیاریكردنی چاره‌نووسی ده‌ره‌كی. چونكه ئه‌مه تاكه خاڵه له ئێستادا به‌پێی یاساكانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ موماره‌سه‌كردنی مافی دیاریكردنی چاره‌نووس له بواری ده‌ره‌كی (سه‌ربه‌خۆیی) و له ئه‌گه‌ری نه‌توانین بۆ سه‌لماندنی ئه‌وه، به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌م مافه بۆ كوردستان ده‌سته‌به‌ر نابێت و، پێویسته كار له‌سه‌ر پره‌نسیپ و بنه‌مای تر، كه له‌م نووسینه‌دا ئاماژه‌ی پێ دراوە، بكرێت.
حه‌وته‌م: پره‌نسیپی سه‌روه‌ریی كاریگه‌ر
به‌پێی هه‌موو پێوه‌ره كلاسیكییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، هەرێمی كوردستان بنه‌ماكانی به‌ده‌وڵه‌تبوونی (Statehood) هه‌یه، به‌ڵام له‌وه‌یش گرنگتر ئه‌وه‌یه كه، ئێستا وه‌كوو ده‌وڵه‌ت مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت. به‌ڵام خاڵی جه‌وهه‌ری بۆ هه‌رێمی كوردستان له پێش و له پاش ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی، گرنگیدانه به چه‌مك و بنه‌مایه‌كی جێگه‌ی سه‌رنج بۆ دانپێدانانی نێوده‌وڵه‌تی كه ئه‌ویش بریتییه له: "پره‌نسیپی سه‌روه‌ریی كاریگه‌ر" یاخود حوكمڕانیی كاریگه‌ر و شوێندانه‌رانه (Effectiveness Principle)، كه ئێستا له‌م سه‌رده‌مه‌دا ده‌تواندرێت یەكێك له باشترین به‌ڵگه‌كان بێت بۆ مافی به‌ده‌وڵه‌تبوون و ڕه‌وایه‌تیپێدان به سه‌ربه‌خۆییی هه‌رێمی كوردستان.
هه‌شته‌م: پره‌نسیپی ئازادیی لۆتۆس
هه‌رچه‌نده ئه‌م پره‌نسیپه بۆ ڕێزگرتن له سه‌روه‌ریی ده‌وڵه‌تانه، به‌ڵام له پرسی کۆسۆڤۆدا ناڕاسته‌وخۆ دیوه‌كه‌ی تری سوودی لێ وه‌رگیراوه. به‌م مانایه كه ده‌كرێت له پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆییی هه‌رێمی كوردستاندا، به‌پێی ڕوانگه و بنه‌مای "پره‌نسیپی ئازادیی لۆتۆس" (Lotus Principle) كار بكرێت. "ئه‌م پره‌نسیپه له‌سه‌ر بنه‌مای تیۆریی یاسایی‌ی گیۆرگیلینیك (1851-1911)، یاساناسی به‌ناوبانگی ئه‌ڵمانی دانراوه، كه له‌سه‌ر بنه‌مای خۆسنووداركردنی ئیرادییه (Auto – limit)، به‌م پێیه، تا كاتێك قه‌ده‌غه‌بوونێكی ئاشكرا و ده‌رنه‌بڕدراو بوونی نه‌بێت، ئه‌وه ده‌وڵه‌تان به‌پێی بنه‌مای سه‌روه‌ری، له ئه‌نجامدانی هه‌ر كارێك سه‌ربه‌ستن. ئه‌م پره‌نسیپه له ساڵی (1927) له پرسێك به‌ناوی “Lotus” به‌فه‌رمی ناسێنرا و دانی پێدا نرا، بۆیه هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێت سوودی زۆری لێ وه‌ربگرێت. هه‌رچه‌نده لێكدانه‌وه‌ی جیاوازی بۆ ده‌كرێت، به‌ڵام ده‌كرێت بۆ سه‌ربه‌خۆییی هەرێمی كوردستان به‌م مانایه بێت كه: "هه‌ر شتێك قه‌ده‌غه نه‌كرابێت، ڕێگه‌پێدراوه." به‌م مانایه كه، چونكه یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌رباره‌ی سه‌ربه‌خۆییخوازی و جیابوونه‌وه بێده‌نگه، واته نه پاڵپشتیی لێ ده‌كات و نه قه‌ده‌غه‌ی ده‌كات، ئه‌وه ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی و به‌ده‌وڵه‌تبوون به‌پێێ یاسا نێوده‌وڵە‌تییەکان، نایاسایی نییه.
نۆیه‌م: به‌تایبه‌تنه‌كردنی دۆخی کۆسۆڤۆ
ڕای دادگەی نێوده‌وڵه‌تیی داد به‌پێچه‌وانه‌ی بیر و ڕای هه‌ندێ وڵاتی وه‌كوو ئه‌ڵمانیا و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، كه بنه‌مای به‌ڵگه یاسایییه‌كه‌یان بۆ به‌فه‌رمیناسینی کۆسۆڤۆ، دۆخی تایبه‌تی کۆسۆڤۆ بوو، به‌م مانایه كه ناكرێت به‌پێی دۆخی مێژوویی و یاسایی‌ی کۆسۆڤۆ گشتاندن بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی داواكاریی بزووتنه‌وه سه‌ربه‌خۆییخوازه‌كانی تر بكرێت، ئه‌وه دادگە له ڕایه‌كه‌ی خۆی له هیچ شوێنێك ئه‌مه‌ی ده‌رنه‌بڕیوه و کۆسۆڤۆی جیا نه‌كرده‌وه. لێره‌وه‌یه كه ئه‌مه بۆ ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردستان زۆر سوودمه‌ند ده‌بێت.
ده‌یه‌م: پره‌نسیپی یه‌كپارچه‌ییی خاك
خاڵێكی زۆر گرنگ و پڕ مشت‌ومڕ له ڕای دادگەی نێوده‌وڵه‌تیی داد ئه‌وه‌یه، كه پره‌نسیپی یه‌كپارچه‌ییی خاك، ته‌نیا له سنووری په‌یوه‌ندیی نێوان ده‌وڵه‌ته‌كانه؛ به مانایه‌كی تر، ته‌نیا ده‌وڵه‌تان پابه‌ندن به ڕه‌چاوكردن و پاراستنی، نه‌ك خه‌ڵكی نیشته‌جێ له ده‌وڵه‌تێك. ئه‌مه‌یش بۆ داهاتووی كوردستان و سه‌ربه‌خۆییی كوردستان، یه‌كجار گرنگه.
كۆبه‌ند: ستراتیژیی سه‌ربه‌خۆییی باشووری كوردستان
١- زۆر گرنگ و هه‌ستیار ئه‌وه‌یه كه ڕێبه‌رانی گه‌لی کۆسۆڤۆ زۆر وشیارانه خۆیان له ده‌ربڕینی ئاشكرا و به‌رجه‌سته‌كردنی (مافی دیاریكردنی چاره‌نووس) به‌دوور گرت. ئه‌م خاڵه زۆر گرنگه، چونكه له كاتی ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆییی كوردستان، له‌وانه‌یه بۆ دۆخی كوردستان له ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه فه‌رمییه‌كانی پێناسه‌كراوی وه‌رگرتنی سه‌ربه‌خۆیی (ئیستیعمار، داگیركاری، ئاپارتاید) به‌پێی بنه‌ماكانی یاسای نێوده‌وڵه‌تی، هه‌روه‌ها دوو پره‌نسیپه بنچینه‌یییه‌كه‌ی یاسای نێوده‌وڵه‌تی (سه‌روه‌ری و مافی دیاریكردنی چاره‌نووس)، تووشی ئیشكالییه‌تی یاسایی ببین. بۆیه پێویسته زۆر زیره‌كانه و ژیرانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م بابه‌ته‌دا بكه‌ین.
٢- پێویسته هه‌رێمی كوردستان بۆ ڕووبه‌رووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌ر ئه‌گه‌رێك و گه‌ره‌نتیی زیاتری سه‌ركه‌وتنی سه‌ربه‌خۆیی له داهاتوو، زیره‌كانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دوو چه‌مكی جیابوونه‌وه (Secession) و هه‌ڵوه‌شانه‌وه (Dissolution) بكات.
٣- به‌پێی سه‌ره‌كیترین ڕه‌وتی ده‌وڵه‌ت- نه‌ته‌وه‌سازی له ڕووی زانستی و واقعی و مێژوویییه‌وه، ئه‌وه‌ی كه ده‌وڵه‌تان دروست ده‌كات "یاسا" نییه، به‌ڵكوو "جه‌نگ"ه، به جه‌نگی ساردیشه‌وه و، هه‌رێمی كوردستانیش له‌م دۆخه‌دایه و پێویسته سوودی لێ وه‌ربگرێت.
٤- بۆیه، به‌كورتی به‌پێی گۆڕانكارییه نێوده‌وڵه‌تی، ناوچه‌یی و نێوخۆیییه‌كان له عێراق، پێویسته ستراتیژیی سیاسی- یاسایی‌ی سه‌ربه‌خۆییی هه‌رێمی كوردستان بریتی بیت له:
پێدانی (مافی به‌ده‌وڵه‌تبوون) بۆ هەرێمی كوردستان و (لێسه‌ندنه‌وه‌ی مافی ده‌وڵه‌تبوون) بۆ ده‌وڵه‌تی ئێستای عێراق.
خانه‌ی هزریی كوردستان
هەولێر - ١/١١/٢٠١٦