پێشه‌كی:
پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن یه‌كێكه له بنه‌ما هه‌ره گرنگه‌كانی دیموكراسی له هه‌ر وڵاتێكدا، به‌ڵام ته‌نیا هه‌بوونی هه‌ڵبژاردن نیشانه‌ی هه‌بوونی دیموكراسی نییه، به‌ڵكوو هه‌موو پرۆسه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌وه‌ی ته‌ندروست و باش بێت و سیسته‌مێكی دیموكراسی بێنێته كایه‌وه، پێویستیی به هه‌بوونی چه‌ند بنه‌ما و تایبه‌تمه‌ندییه‌كی گرنگ هه‌یه كه پێویسته تیایدا بێنه جێ و، سیمایه‌كی پته‌و به هه‌ڵبژاردنه‌كان ببه‌خشن. نه‌بوون، یان لاوازیی هه‌ر یه‌كێك له‌و بنه‌مایانه ده‌بێته مایه‌ی ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ونه ژێر پرسیاره‌وه و، هه‌ندێ جاریش به ڕووكه‌ش بمێننه‌وه. به‌شێكی گرنگی ئه‌و بنه‌مایانه بریتییه له بابه‌ته كرداری و پراكتیكییه‌كانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن، هه‌ر له ده‌ستپێكه‌وه هه‌تا كۆتایییه‌كه‌ی. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه له‌م بابه‌ته‌دا به شێوه‌یه‌كی پوخت باسی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و ڕێوشوێن و پێویستییه‌كانی ده‌كه‌ین له ده‌ستپێكه‌وه هه‌تا كۆتایی.
هه‌موو پرۆسه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن به چه‌ند قۆتاغێكی دیاریكراوی یه‌ك له دوای یه‌كدا ده‌ڕوات، كه به‌م شێوه‌یه‌یه:
یه‌كه‌م: چوارچێوه‌ی یاسایی‌ی هه‌ڵبژاردن:
هه‌بوونی چوارچێوه‌ی یاسایی بۆ هه‌ر پرۆسه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن وه‌ك نه‌خشه‌ڕێگه‌ی پرۆسه‌كه وایه، ئه‌ویش بریتییه له هه‌بوونی چه‌ند یاسایه‌ك كه به شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ، یان ناڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ستن به پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه و به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان كاریگه‌رییان له‌سه‌ر پرۆسه‌كه هه‌یه. ئه‌مانیش به‌گشتی له چه‌ند یاسایه‌ك پێك دێن وه‌ك: ده‌ستووری وڵات، یاساكانی هه‌ڵبژاردن، یاسای حزبه‌كان و...، هه‌روه‌ها یاسا و ڕێسا و ڕێوشوێنه ڕێكارییه‌كانیش ده‌گرێته‌وه كه ده‌زگه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌ڵبژاردن ده‌ری ده‌كات وه‌ك: ڕێسا ڕێكارییه‌كان و په‌یماننامه‌ی شه‌ره‌ف.
به‌نیسبه‌ت هه‌رێمی كوردستانه‌وه، بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان ئه‌م یاسایانه په‌یوه‌ست و به‌ركار ده‌بن بۆ هه‌ر پرۆسه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن: یاسای ژماره (1)ی ساڵی(1992) هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانی هه‌مواركراو و، یاسای ژماره (1)ی ساڵی (2005)ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی هه‌مواركراو و، یاسای حزبه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، هه‌مواركراو، ژماره(17)ی ساڵی (1993)، هەروەها بۆ ڕاپرسی له‌باره‌ی چاره‌نووسی هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه هه‌تا ئێستا مه‌رسوومی هه‌رێمیی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌ركاره كه له(7/6/2017) بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ده‌ری كردووه. یاسا هاوپه‌یوه‌ست و په‌یوه‌ندیداره‌كانیش بریتین له یاسای زمانه فه‌رمییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ژماره(6)ی ساڵی (2014) و، یاسای كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسیی هه‌رێمی كوردستان ژماره(4)ی ساڵی (2010)، له‌گه‌ڵ هه‌ر دوو په‌یڕه‌وی ناوخۆی ئه‌نجومه‌نی كۆمیسیارانی ژماره(1)ی ساڵی(2015) و په‌یڕه‌وی ناوخۆی كارگێڕیی هه‌ڵبژاردن ژماره(2)ی ساڵی (2015)، كه له لایه‌ن ئه‌نجومه‌تی كۆمیسیارانی كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسیی كوردستانه‌وه ده‌ركراون؛ له‌گه‌ڵ هه‌ر په‌یڕه‌و و ڕێسایه‌كی تر كه له‌وباره‌وه له لایه‌ن كۆمیسۆنه‌وه ده‌ربچێت، له‌وانه: ڕێسای ڕه‌فتاری قه‌واره سیاسییه‌كان.
دووه‌م: به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵبژاردن:
بریتییه له‌و ده‌زگه‌یه‌ی كه به‌رپرسه له ئه‌نجامدان و به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵبژاردنه‌كان و سه‌رپه‌رشتیكردنی هه‌موو پێكهاته سه‌ره‌كییه‌كانی پرۆسه‌كه. ئه‌م ده‌زگه‌یه‌یش له هه‌ر وڵاتێك به جۆرێك ڕێك ده‌خرێت و چه‌ندین ناوی جیاوازی هه‌یه، وه‌ك: لیژنه‌ی باڵای هه‌ڵبژاردن، لیژنه‌ی ناوه‌ندیی هه‌ڵبژاردنه‌كان، فه‌رمانگه‌ی كاروباری هه‌ڵبژاردنه‌كان، كۆمیسیۆنی نیشتمانی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان و هتد. له هه‌رێمی كوردستان ناوی ئه‌و ده‌زگه‌یه "كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی"یه و، به‌پێی یاسا تایبه‌ته‌كه‌ی به‌ته‌واوی له ڕووی ئیداری و دارایییه‌وه سه‌ربه‌خۆیه.
شێوازی جیاوازیش بۆ ڕێكخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌ن: له هه‌ندێك ده‌وڵه‌ت حكوومه‌ت خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ڕێوه ده‌بات، له هه‌ندێ وڵاتیش ده‌زگه‌ی سه‌ربه‌خۆ به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن و، له هه‌ندێ وڵاتی تریش تێكه‌ڵه‌یه‌كه له هه‌ر دوو شێوازه‌كه. پێویسته ئه‌وه بڵێین كه كاری به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵبژاردن زۆر گرنگ و پڕبایه‌خه، چونكه بۆ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌رد، پێویسته ئه‌و ده‌زگه‌یه‌ی كه هه‌ڵبژاردنه‌كه به‌ڕێوه ده‌بات یاسا و ڕێسای تایبه‌ت و ڕوون و ڕۆشن و گشتگیری بۆ چۆنێتیی ئه‌نجامدانی پرۆسه‌كه هه‌بێت.
سێیه‌م: ده‌ستنیشانكردنی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن:
ئه‌م پرۆسه‌یه به‌وه ده‌بێت كه هه‌موو وڵات بۆ چه‌ند به‌ش و بازنه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن دابه‌ش ده‌كرێت؛ ئه‌مه‌یش به مه‌به‌ستی ڕێكخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان. جاری وا هه‌یه هه‌موو وڵات به یه‌ك بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن هه‌ژمار ده‌كرێت؛ هه‌ندێ جاریش به‌پێی دابه‌شكردنه ئیدارییه‌كان ژماره‌ی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن دیاری ده‌كرێن. هه‌رێمی كوردستان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌و نموونه‌یه‌ی وه‌رگرتووه كه سه‌رجه‌م هه‌رێم یه‌ك بازنه‌ی هه‌ڵبژاردنه و، ته‌واوی ده‌نگه‌كان له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم هه‌ژمار ده‌كرێت، به‌ڵام ده‌وڵه‌تی عێراق بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق، وڵاته‌كه‌ی به‌پێی ژماره‌ی پارێزگه‌كانی عێراق بۆ سه‌ر هه‌ژده بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن دابه‌ش كردووه، كه ده‌نگه‌كانی هه‌ر بازنه‌یه‌ك له سنووری خۆیدا هه‌ژمار ده‌كرێت و پاڵێوراوه‌كانیش له سنووری یه‌ك بازنه‌دا كێبڕكێ ده‌كه‌ن.
چواره‌م: تۆماری ده‌نگده‌ران:
ئه‌م بابه‌ته له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا گرنگیی خۆی هه‌یه و چه‌ند لایه‌نێكی گرنگ له‌خۆ ده‌گرێت:
1- لیستی ده‌نگدان: ئه‌م تۆماره بریتییه له لیستی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا مافی ده‌نگدانیان هه‌یه و، له ڕووی یاسایییه‌وه له‌و مافه بێبه‌ش نه‌كراون، هه‌میش به‌پێی ڕێوشوێنه كارپێكراوه‌كان، له لیسته‌كه‌دا تۆمار كراون.
2- تۆماركردنی ده‌نگده‌ران: ئه‌مه‌یش بریتییه له تۆماركردن و داخڵكردنی زانیارییه‌كانی ده‌نگده‌ران له تۆمارێكی تایبه‌تیدا، كه پێی ده‌گوترێت "تۆماری ده‌نگده‌ران.
3- تانه‌لێدان: دوای ته‌واوكردنی لیستی ده‌نگده‌ران و بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی ئاشكرا، ئیتر هاووڵاتیان ده‌توانن تانه له‌و لیستانه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران بده‌ن، ئه‌مه‌ش پرۆسه‌یه‌كه به‌دوو شێوه ده‌بێت، یان كه‌سێك ناوی نییه له تۆماره‌كه‌دا و داوای داخڵكردن و تۆماركردنی ناوی خۆی ده‌كات، یاخود تانه له هه‌بوونی ناوێك یان چه‌ند ناوێك ده‌دات كه له‌تۆماره‌كه‌دا هه‌یه، به‌ڵام مافی ده‌نگدانیان نییه. له‌م پرۆسه‌یه‌دا به شێوه‌ی یاسایی تێڕوانین پێشكه‌ش ده‌كرێت له‌باره‌ی ماف، لێهاتوویی و شایسته‌ییی ده‌نگده‌ره‌كانه‌وه و ناوه‌كانیان له لیستی ده‌نگده‌راندا، ئه‌گه‌ر هه‌ر سه‌رپێچیكردنێكی یاسایی هه‌بێت له‌و خۆتۆماركردنه‌دا چاره‌سه‌ر ده‌كرێت له‌لایه‌ن ده‌زگای تایبه‌تمه‌ند به وه‌رگرتنی (تانه)كان، كه له هه‌رێمی كوردستان ئه‌و ده‌زگایه بریتییه له كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی.
4- كارتی ده‌نگدان: بریتییه له‌و كارته‌ی كه به ده‌نگده‌ر ده‌درێت له دوای ئه‌وه‌ی ناوی خۆی له تۆماری ده‌نگده‌راندا تۆمار ده‌كات. ئه‌مه‌یش وه‌ك به‌ڵگه‌یه‌ك كه ئه‌و كه‌سه ده‌نگده‌رێكی تۆماركراوه و، ده‌توانێت له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا به‌شداری بكات. ئه‌مه‌یش به‌پێی یاسای هه‌ڵبژاردن ڕێك ده‌خرێت.
5- بڵاوكردنه‌وه‌ی لیستی ده‌نگده‌ران: بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگده‌ران و ئه‌وانه‌ی خۆیان تۆمار كردووه، له هه‌بوونی ناویان له لیستی ده‌نگده‌راندا دڵنیا ببنه‌وه، ده‌بێت لیستی ده‌نگده‌ران ماوه‌یه‌كی دیاریكراو پێش هه‌ڵبژاردن بڵاو بكرێته‌وه و، مافی ده‌نگده‌رانه به‌دواداچوون بۆ ناو و زانیاریی خۆیان بكه‌ن.
6- نوێكردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران: مه‌رج نییه هه‌موو خولێكی هه‌ڵبژاردن سه‌رله‌نوێ تۆمارێكی نوێ ڕێك بخرێته‌وه، به‌ڵكوو ئه‌و تۆماره بنه‌ڕه‌تییه‌ی ده‌نگده‌ران كه هه‌یه، هه‌موو خولێكی هه‌ڵبژاردن نوێ ده‌كرێته‌وه؛ ئه‌ویش به‌وه‌ی كه به‌رده‌وام به شێوه‌یه‌كی ورد له پێناو نوێكردنه‌وه‌یدا پێداچوونه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێت. هه‌موو نوێكردنه‌وه‌یه‌كیش ئه‌مانه له‌خۆ ده‌گرێت:
أ- كوژاندنه‌وه‌ی ناوی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه مردوون. ب- ناوی ئه‌و كه‌سانه زیاد ده‌كرێت كه ته‌مه‌نیان گه‌یشتووته ئاستی یاسایی‌ی ده‌نگدان. ج- ئه‌و كه‌سانه‌ی شوێنی نیشته‌جێبوونیان گۆڕاوه، شوێنی نیشته‌جێی نوێیان ده‌نووسرێت. د- هه‌ر كه‌سێك هه‌ڵه له زانیارییه‌كانی هه‌بێت، بۆی ڕاست ده‌كرێته‌وه.
پێنجه‌م: ئه‌وانه‌ی مافی دنگدانیان هه‌یه:
بۆ پێدانی مافی ده‌نگدان، پشت به بنه‌ما یاسایییه‌كانی ئه‌و وڵاته ده‌به‌سترێت كه هه‌ڵبژاردنی تیادا ئه‌نجام ده‌درێت. به شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌موو وڵاتان مافی ده‌نگدان ته‌نیا به هاووڵاتیانی وڵاته‌كه‌ی خۆیان ده‌ده‌ن؛ واته ئه‌وانه‌ی هه‌ڵگری ڕه‌گه‌زنامه‌ی ئه‌و وڵاته‌ن، ئیدی له ناوخۆی وڵات بن، یان له دره‌وه‌ی وڵات بن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش هه‌ندێ جار ڕیزپه‌ڕ له‌مه‌دا هه‌یه. له‌باره‌ی ته‌مه‌نی ده‌نگده‌ریشه‌وه، له نێوان وڵاتاندا جیاوازی هه‌یه: له هه‌ندێ وڵات ئه‌و كه‌سانه مافی ده‌نگدانیان هه‌یه كه 18 ساڵیان ته‌واو كردووه؛ ژماره‌یه‌ك وڵاتیش 21 ساڵی ده‌كه‌نه پێوه‌ری مافی ده‌نگدان.
له بواری جیاكاریی ڕه‌گه‌زییشه‌وه، پێوه‌ری دیموكراسی و بێگه‌ردیی هه‌ڵبژاردن ئه‌وه‌یه كه له‌سه‌ر بنه‌مای ئایین و ڕه‌گه‌ز و نه‌ته‌وه و مه‌زهه‌ب و... له پێدانی مافی ده‌نگداندا جیاكاری نه‌كرێت، به‌ڵكوو ته‌نیا بنه‌مای هاووڵاتیبوون بكرێته پێوه‌ر؛ به‌ڵام له هه‌ندێ وڵاتی دواكه‌وتوودا تا ئێستایش مافی ده‌نگدان به ئافره‌ت نه‌دراوه.
شه‌شه‌م: چاودێریكردنی هه‌ڵبژاردن:
پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن پێویستیی به چاودێریكردن هه‌یه. ئه‌ویش خۆی پرۆسه‌یه‌كه له ڕێگه‌یه‌وه چاودێران چاودێری و ئاگابوون له هه‌ڵبژاردنه‌كان و سه‌رجه‌م ڕێوشوێنه‌كانی و ئاماده‌كردنی ڕاپۆرتی پێویست له‌باره‌یه‌وه له ئه‌ستۆ ده‌گرن، بۆ دڵنیابوون له‌وه‌ی كه ئایا پرۆسه‌كه له‌گه‌ڵ چوارچێوه‌ی یاسایی و پێوه‌ره نێوده‌وڵه‌تی و جیهانییه‌كانی هه‌ڵبژاردندا ده‌گونجێت. ئه‌م چاودێریكردنه‌یش له ڕێگه‌ی ده‌زگه تایبه‌تمه‌نده‌كانه‌وه به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌ی ئه‌نجامده‌ری هه‌ڵبژاردن، ده‌كرێت، كه لایه‌نه‌كانی چاودێریكردن، ده‌كرێت ناوخۆیی یان نێوده‌وڵه‌تی بن. ئامانجیش له چاودێریكردنی هه‌ڵبژاردن، بۆ دڵنیابوونه له‌وه‌ی كه هه‌ڵبژاردنه‌كان به شێوه‌یه‌كی "ئازاد" و "بێگه‌رد" ئه‌نجام دراون، به‌پێی ئه‌م پێوه‌رانه:
1- هه‌ڵبژاردنه‌كه گشتی بێت: واته ده‌نگدان و خۆپاڵێوراوكردن بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه به‌پێی سایا مافیان هه‌بووه، مسۆگه‌ر و ده‌سته‌به‌ر كرابێت.
2- هه‌بوونی یه‌كسانی له هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا: واته یه‌كسانی له ده‌نگدان و یه‌كسانی له دابه‌شكردنی كورسییه‌كان؛ به شێوه‌یه‌ك كه به‌پێی توانا، ڕێژه‌ی دانیشتووان به‌پێی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن یه‌كسان بێت.
3- هه‌ڵبژاردنێكی ئازاد بێت: ئه‌مه‌یش واته مسۆگه‌ركردنی ئازادیی ته‌واو بۆ ده‌نگده‌ر، كه به ویستی خۆی ده‌نگ بدات و، به‌پێی بیروبۆچوونی خۆی و به‌دوور له هه‌موو چاودێری و گوشارێك ته‌عبیر له ڕای خۆی بكات.
حه‌وته‌م: خشته‌ی كاتی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان:
واته دانانی خشته‌یه‌كی كاتیی ڕوون كه تیایدا به‌وردی ئه‌ركه‌كان دیاری كرابێت، هه‌روه‌ها واده‌كانی په‌یوه‌ست به هه‌ڵبژاردن به‌پێی ڕێكه‌وت، وه‌ك: ماوه‌ی خۆتۆماركردن، ماوه‌ی تۆماركردنی قه‌واره سیاسییه‌كان و... ڕوون كرابێته‌وه.
هه‌شته‌م: خۆپاڵاوتن (خۆكاندیدكردن):
پاڵێوراو (كاندید) ئه‌و كه‌سه‌یه كه به شێوه‌ی فه‌رمی بۆ به‌شداری له كێبركێی هه‌ڵبژاردن تۆمار ده‌كرێت و ده‌پاڵێورێت؛ ئیتر ئه‌مه به شێوه‌ی تاكه‌كه‌سی بێت وه‌ك پاڵێوراوێكی سه‌ربه‌خۆ، یاخود له ڕێگه‌ی حزبێكی به‌شداری پرۆسه‌كه‌وه بێت وه‌ك پاڵێوراوێكی حزبی. پرۆسه‌ی پاڵێوراوابوونیش ئه‌م قۆناغانه ده‌گرێته‌وه:
1- ناونانی پاڵێوراوه‌كان: بریتییه له‌و هه‌نگاوه‌ی كه تیایدا حزب و قه‌واره سیاسییه‌كان و تاكه‌كان داواكاریی خۆپاڵاوتن بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن؛ ئه‌مه‌یش ده‌بێت به‌پێی ئه‌و مه‌رجانه بێت كه یاسا به‌پێی پۆسته جیاوازه‌كان، بۆ پاڵێوراوه‌كانی دیاری ده‌كات.
2- كشانه‌وه‌ی پاڵاوتن: بریتییه له كشانه‌وه‌ی پاڵێوراو له هه‌ر پرۆسه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن، كه له لایه‌ن قه‌واره‌یه‌كی سیاسییه‌وه خۆی بۆ پاڵاوتووه.
3- بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاریی پاڵێوراوه‌كان: دوای پرۆسه‌ی پاڵاوتن، پێویسته ئه‌و ده‌زگه‌یه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه ده‌بات، زانیارییه‌كانی هه‌موو پاڵێوراوه‌كان بڵاو بكاته‌وه.
4- تانه‌دان: ئه‌مه بریتییه له پرۆسه‌ی چاوخشاندنه‌وه به شێوه‌یه‌كی یاسایی، به شایسته‌یی و شیاویی پاڵێوراوه‌كان بۆ پاڵاوتنیان؛ كه ئه‌گه‌ر به‌پێی یاسا په‌یوه‌ندیداره‌كان سه‌رپێچییه‌ك هه‌بێت، چاو به پاڵاوتنیدا ده‌خشێنرێته‌وه.
5- بڵاوكردنه‌وه‌ی كۆتاییی لیستی پاڵێوراوان و زانیارییه‌كانیان: ئه‌مه‌یان بریتییه له بڵاوكردنه‌وه و ڕاگه‌یاندنی لیستی كۆتاییی پاڵێوراوه‌كان؛ كه ئیتر هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و لیستانه ئه‌نجام ده‌درێت.
نۆیه‌م: هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن:
هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن، به به‌شێكی دانه‌بڕاو له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن داده‌نرێت. هیچ پرۆسه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن به ته‌واو دانانرێت ئه‌گه‌ر ڕێگه به‌وه نه‌درێت هه‌ڵمه‌تێكی هه‌ڵبژاردنی ڕێك‌وپێك و ڕوون و ئاشكرای تیادا هه‌بێت. هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنیش بریتییه له چه‌ندین چالاكیی سیاسی و جه‌ماوه‌ری، كه تیایدا قه‌واره سیاسییه‌كانی به‌شداری پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن، ڕا و سه‌رنج و به‌رنامه و پرۆگرامی خۆیان ده‌گه‌یه‌ننه ده‌نگده‌ران. له نموونه‌ی چالاكییه‌كانی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن بریتین له: چاوپێكه‌وتن، كۆبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری، كۆنفڕانس، وتارخوێندنه‌وه، به‌رنامه‌ی ته‌له‌ڤزیۆنی، چالاكیی تری میدیایی و گفتۆگۆ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نێوان پاڵێوراوه‌كان و...؛ ئه‌مه‌یش له پێناوی گه‌یاندنی به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژاردنی پاڵێوراوه‌كان و قه‌واره سیاسییه‌كانه به ده‌نگده‌ران و كۆكردنه‌وه‌ی پشتیوانییه بۆ به‌رنامه‌كانیان. هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن، ده‌كرێت هه‌ر جۆره میكانیزمێك له میكانیزمه‌كانی دیموكراسی تیادا به‌كار بهێنرێت، به‌ڵام لایه‌نی ڕێكخه‌ری هه‌ڵبژاردن سزای جۆراوجۆر بۆ ئه‌و لایه‌ن و كه‌سانه دیاری ده‌كات كه پێشێلی بنه‌ما دیموكراسییه‌كانی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن و، یاخود په‌نا ده‌به‌نه یه‌ر میكانیزمی توندوتیژ، یانیش ڕێكاره یاسایییه به‌ركاره‌كان پێشێل ده‌كه‌ن كه بۆ ئه‌و بابه‌ته دانراوه. هه‌ندێ له‌و سزایانه ده‌گاته ئاستی دوورخستنه‌وه‌ی پاڵێوراو، یان قه‌واره سیاسییه‌كه له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن.
وه‌ك نه‌ریتیش، هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن له‌و كاته‌وه ده‌ست پێ ده‌كات كه زانیاریی پاڵێوراوه‌كان به‌ته‌واوی یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه و، به ماوه‌یه‌ك پێش ده‌ستپێكردنی هه‌ڵبژاردن كۆتایی به هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن ده‌هێنرێت.
ده‌یه‌م: ده‌نگدان:
خودی ده‌نگدان له‌و كاته‌وه ده‌ست پێ ده‌كات كه ده‌نگده‌ره‌كان ده‌چنه ناو شوێنی دیاریكراو بۆ ده‌نگدان و، ده‌نگه‌كانیان ده‌ده‌ن و سه‌رجه‌م ڕێوشوێنه‌كان جێبه‌جێ ده‌كه‌ن. ئه‌میش چه‌ند هه‌نگاوێكه به‌م شێوه‌یه:
1- ناوه‌ندی ده‌نگدان: ئه‌و شوێنه‌یه كه بۆ جێبه‌جێكردنی پرۆسه‌ی ده‌نگدان تیایدا، دانراوه و، ده‌نگده‌ر به مه‌به‌ستی ده‌نگدان ڕووی تێ ده‌كات. ئه‌م ناوه‌نده‌یش به سه‌رپه‌رشتیی كارمه‌ندێكی ئه‌و ده‌زگه‌یه ده‌بێت كه پرۆسه‌ی ده‌نگدان به‌ڕێوه ده‌بات. ناوه‌ندی ده‌نگدانیش، ڕه‌نگه پێك بێت له یه‌ك وێستگه‌ی ده‌نگدان، یان چه‌ند وێستگه‌یه‌كی ده‌نگدان.
2- وێستگه‌ی ده‌نگدان: بریتییه له یه‌ك ژوور، كه ده‌كه‌وێته ناو ناوه‌ندی ده‌نگدانه‌وه و پرۆسه‌ی ده‌نگدانه‌كه‌ی تێدا ئه‌نجام ده‌درێت. له سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی ماوه‌ی ده‌نگدانه‌كه‌وه، به‌ڕووی ده‌نگده‌راندا ده‌كرێته‌وه.
3- كارمه‌ندی ده‌نگدان: یه‌كێكه له فه‌رمانبه‌ره‌كانی كارگێڕیی هه‌ڵبژاردن كه له ڕۆژی ده‌نگدان له به‌ڕێوه‌بردنی كاره‌كانی وێستگه‌ی ده‌نگداندا به‌شداری ده‌كات. هه‌ر وێستگه‌یه‌كی ده‌نگدان، 5 كارمه‌ند، یان زیاتری پێویسته.
4- شوێنی نهێنیی ده‌نگدان: بریتییه له كابینه‌یه‌كی بچووك له‌ناو وێستگه‌ی ده‌نگدان كه له‌ناویدا ده‌نگده‌ر به‌وپه‌ڕی نهێنییه‌وه به‌دوور له هه‌ر چاودێری و گوشارێك ده‌نگه‌كه‌ی خۆی ده‌دات. ئیتر زۆر جار ئه‌م شوێنه به په‌رده، یان كابینه‌ی ته‌خته، یان ژووری كارتۆن و پلاستیك دروست ده‌كرێت، به مه‌رجێك نه‌توانرێت له ده‌ره‌وه ده‌نگده‌ره‌كه‌ی ناوی له كاتی ده‌نگدانه‌كه‌یدا، ببینرێت.
5- سندووقی ده‌نگدان: ئه‌مه‌یان سندووقێكه به قه‌باره‌یه‌كی دیاریكراو كه ده‌نگده‌ر كارتی ده‌نگدانه‌كه‌ی له ڕێگه‌ی ده‌رچه‌یه‌كه‌وه كه له سه‌ره‌وه‌ی سندووقه‌كه‌دایه تێ ده‌كات. ئه‌م سندووقه له ئامرازه هه‌ستیاره‌كانی هه‌ڵبژاردن داده‌نرێت. له سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی ده‌نگدانه‌كه‌دا پێش ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م كه‌س ده‌نگ بدات، له لایه‌ن كارمه‌ندانی هه‌ڵبژاردنی وێستگه‌كه‌وه به‌تاڵیی سندووقه‌كه بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه له‌وێ ئاماده‌ن ده‌سه‌لمێنرێت، وه‌ك: نوێنه‌ری قه‌واره سیاسییه‌كان و چاودێرانی هه‌ڵبژارنه‌كه؛ واته سندووقی به‌تاڵیان پیشان ده‌درێت.
6- كارتی ده‌نگدان: كارتێكی تایبه‌ته و به‌پێی تایبه‌تمه‌ندیی پرۆسه‌ی ده‌نگدانه‌كه دیزاین كراوه و ڕێك خراوه. ڕۆژی ده‌نگدان له وێستگه‌ی ده‌نگدان ده‌درێته ده‌نگده‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی چاوی پێدا بخشێنێت و به ویستی خۆی ئه‌و كه‌س، یان لایه‌نه هه‌ڵبژێرێت كه خۆی ده‌یه‌وێت؛ ئه‌ویش له ڕێگه‌ی دانانی نیشانه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و سیمبۆل، لۆگۆ، وێنه، لیست و.... ه‌ی كه خۆی ده‌یه‌وێت و له‌سه‌ر كارته‌كه به‌ڕوونی هه‌یه.
بۆ ڕاپرسییه‌كانیش نیشانه‌كه له لایه‌ن ده‌نگده‌ره‌وه له به‌رده‌م "به‌ڵێ" یان "نه‌خێر" داده‌نرێت، بۆ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی له‌سه‌ر كارته‌كه هه‌یه و ئاراسته‌ی ده‌نگده‌ر كراوه.
یازده‌یه‌م: داخستنی بنكه و وێستگه و سندووقی ده‌نگدان:
ئه‌م قۆناغه، هه‌نگاوی كاتی ته‌واوبوونی ماوه‌ی ده‌نگدانه. له دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و ماوه‌یه ته‌واو ده‌بێت كه بۆ ده‌نگدان دانراوه، سه‌ره‌تا ئه‌و ده‌نگده‌رانه‌ی له به‌رده‌م بنكه‌ی ده‌نگدان له ڕیزدا وه‌ستاون و هێشتا ده‌نگیان نه‌داوه، ده‌كرێنه ناو بنكه‌كه‌وه و بنكه‌ی ده‌نگدان داده‌خرێت كه چه‌ند وێستگه‌یه‌ك له‌خۆ ده‌گرێت و، ئیتر ڕێگه به ده‌نگده‌ری تر نادرێت بچنه ژوره‌وه. دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌نگده‌رانه‌ی هاتوونه‌ته ژووره‌وه هه‌ر یه‌كه‌و له وێستگه‌ی خۆی ده‌نگ ده‌دات، ئیتر وێستگه‌ی ده‌نگدانیش داده‌خرێت. پاشان دوای ده‌نگدانی كۆتا ده‌نگده‌ر، سندووقی ده‌نگدانی هه‌ر وێستگه‌یه‌كیش به به‌رچاوی بریكاری قه‌واره سیاسییه‌كان و چاودێرانی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌وه داده‌خرێت. دوای ئه‌وه، پرۆسه‌یه‌ك ده‌ست پێ ده‌كات كه ژماردن و جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانه له هه‌ر وێستگه‌یه‌كدا.
دوازده‌یه‌م: ژماردن و جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان:
ئه‌مه كۆتا قۆناغی پرۆسه‌ی ده‌نگدانه، كه دوای داخستنی وێستگه‌كه، ده‌ست ده‌كرێت به ژماردن و پاشان جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان. ئه‌مه‌یش زۆر جار به ده‌ست ده‌كرێت و هه‌ندێ جاریش به ئامێری ئه‌لیكترۆنی ده‌كرێت. له هه‌رێمی كوردستان و عێراق تا ئێستا هه‌ر به ده‌ست ئه‌نجام دراوه. ئه‌مه‌یش به‌و پێیه‌ی یاساكان دیاری‌یان كردووه ده‌گۆڕێت: له هه‌ندێ وڵات، وه‌ك عێراق، ئه‌مه له وێستگه‌كاندا ڕاسته‌وخۆ دوای ته‌واوبوونی پرۆسه‌ی ده‌نگدان ده‌كرێت. له هه‌ندێ وڵاتیش له ناوه‌ندێكی تایبه‌تیدا ئه‌نجام ده‌درێت. ئه‌وه‌ی گرنگه، پێویسته ژماردن و جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان به شێوه‌یه‌كی ڕوون و ئاشكرا بێت و پرۆسه‌ی چاودێریكردن ڕێگه‌ی پێ بدرێت و، میكانیزمی پێویست بۆ ئه‌م مه‌به‌سته بگیرێته به‌ر.
سێزده‌یه‌م: چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكی و ناڕه‌زایه‌تییه‌كان:
بابه‌تی چاره‌سه‌ركردنی تانه و ناڕه‌زایه‌تی و په‌ڵپ و سكاڵاكانی هه‌ر پرۆسه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن، پێویستیی به چاره‌سه‌ركردن هه‌یه، كه تیایدا ته‌ماشای هه‌موو ئه‌و سكاڵا و تانانه ده‌كرێت كه له لایه‌ن ئه‌و لایه‌نانه‌ی مافی پێشكه‌شكردنی سكاڵایان هه‌یه پێشكه‌ش كراون. دوای ئه‌وه له ناوه‌رۆكه‌كانیان ده‌كۆڵدرێته‌وه. ئیتر سكاڵاكان په‌یوه‌ست بێت به هه‌ر قۆناغێكی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌وه جیاوازی نییه و هه‌موویان یه‌كلایی ده‌كرێنه‌وه و به‌پێی یاسابه‌ركاره‌كان كه په‌یوه‌ستن به پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌وه چاره‌سه‌ر ده‌كرێن و له‌لایه‌ن ده‌زگای تایبه‌تمه‌نده‌وه یه‌كلایی ده‌كرێنه‌وه، زۆربه‌ی جاریش لایه‌نی تایبه‌تمه‌ند به وه‌رگرتن و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی سكاڵا و تانه‌كان بریتییه له دادگاكان یاخود ئه‌و ده‌زگا سه‌ربه‌خۆیه‌ی كه هه‌ڵبژاردنه‌كه ئه‌نجام ده‌دات، ئه‌وان به‌پێی یاسا ڕێوشوێنی پێویست ده‌گرنه به‌ر له‌باره‌یانه‌وه.
چوارده‌یه‌م: گواستنه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كان:
ئه‌م بابه‌ته، له وڵاتێكه‌وه بۆ وڵاتیكی تر ده‌گۆڕێت. ئه‌مه‌یش پرۆسه‌یه‌كه بریتییه له گواستنه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن دوای ژماردن و جیاكردنه‌وه‌یان و، دوای ئه‌وه‌ی واژوو له‌سه‌ر ئه‌و ده‌ره‌نجامانه ده‌كرێت له لایه‌ن لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه، كه بریتین له: به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی ده‌نگدان، كارمه‌ندانی هه‌ڵبژاردن، چاودێره‌كان، بریكاری قه‌واره سیاسییه‌كان، پاڵێوراوه‌كان و...، ئه‌م گواستنه‌وه‌یه‌یش بۆ ناوه‌ندێكی سه‌ره‌كی ده‌بێت كه ده‌زگه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵبژاردن دیاری ده‌كات. ئه‌م پرۆسه‌ی گواستنه‌وه‌یه بۆ ئه‌وه‌یه كه ئه‌نجامه‌كان به‌فه‌رمی له لایه‌ن ئه‌و ده‌زگه‌یه‌ی كه یاسا ڕێگه‌ی پێ داون ڕابگه‌یه‌نرێن؛ كه ئه‌ویش دامه‌زراوه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵبژاردنه‌كانه. له هه‌رێمی كوردستان ئه‌و ده‌زگه‌یه "كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی"یه كه مافی ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌یه.
پازده‌یه‌م: ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كان:
بریتییه له ڕاگه‌یاندنی فه‌رمیی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كه. تیایدا ئه‌وه ڕاده‌گه‌یه‌نرێت كه كۆی ئه‌و ده‌نگانه چه‌ندن كه پاڵێوراوێك، یان حزبێكی سیاسیی به‌شدار له هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا به‌ده‌ستی هێناون. هه‌روه‌ها ناوی براوه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كان و ژماره‌ی كورسییه‌كانی هه‌ر قه‌واره‌یه‌كی سیاسی ڕاده‌گه‌یه‌نرێت؛ ئه‌مه‌یش به پشتبه‌ستن به یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان. هه‌روه‌ها له پرۆسه‌ی ڕاپرسیشدا ڕێژه‌ی ئه‌و ده‌نگانه دیاری ده‌كرێت كه هه‌ر یه‌ك له "به‌ڵێ" و "نه‌خێر" به‌ده‌ستیان هێناوه.
پرۆسه‌ی ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن زۆر جار دوو قۆناغ له‌خۆ ده‌گرێت: له سه‌ره‌تادا ئه‌نجامه به‌رایییه‌كان ڕاده‌گه‌یه‌نرێت و، دوای یه‌كلاكردنه‌وه‌ی سكاڵا و تانه‌كان ئه‌نجامی كۆتاییش ڕاده‌گه‌یه‌نرێت؛ زۆربه‌ی جار جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆ له نێوان ئه‌نجامه به‌رایییه‌كان و ئه‌نجامه كۆتایییه‌كاندا نییه.