ڕێبین سەلام، دکتۆرا لە یاساى دەستووری
وشەى "نادیموکراتى"، سەرجەم ئەو سیستهمە سیاسی و کۆمەڵایەتییانە دەگرێتەوە کە ناوى جیاجیاى وەک تۆتالیتار و شۆڤێنى و دیکتاتۆر و پاشایەتیى ڕەها و عەسکەرتارى (میلیتاری) و ئایینى و مەزهەبى و فیوداڵیزم و ئهریستۆکراتى و... لێ نراوە، کە قۆناغێکى مێژوویییە و سەرجەم دەسەڵاتەکانى دنیا پێیدا تێ پەڕیون؛ جا هەندێکیان زوو خۆیان لێ قوتار کردووە و بازیان داوە بۆ قۆناغى "گوزەر بەرەو دیموکراتى" و، هەندێکى دیکەیش بۆ چەندین سەدە گیرۆدەى بوون؛ کۆمەڵێکى دیکەیش هەتا ئەمڕۆیشی لەگەڵدا بێت تێیدا چەقیون و بە هەزار نارى على لێى دەرناچن.
ئەمریکاى باکوور و ئەوروپاى ڕۆژاوا لەو وڵاتانە بوون کە دەستپێشخەر بوون لە خۆدەربازکردن لە دۆخى نادیموکراتى و، هەر زوو خۆیان گەیاندە قۆناغى "گوزەر بەرەو دیموکراتى". پاشان ڕۆژهەڵاتى ئاسیا و هەندێک لە ئەفریقاى گرتەوە؛ لەوان بەدواوە ئەمریکاى لاتین و ئەوروپاى ڕۆژههڵات وئەو وڵاتانەى گرتەوە کە لە کەرت و پەرتبوونى یەکێتیى سۆڤیەتی جاران دروست بوون پاش ڕووخانى دیوارى بەرلین 1989.
قۆناغى گوزەر بەرەو دیموکراتى، قۆناغێکى سروشتییە بۆ پەڕینەوە لە نادیموکراتییەوە بۆ دیموکراتى. ئەم قۆناغە (واتە گوزەر بەرەو دیموکراتى) پێش گەیشتن بە دیموکراتى، بە ڕاى بیرمەندان بە دوو شێواز دێتە دى:
یەکەم: بەسەربردنى کاتێکى زۆر و لەسەرخۆ کە لەوانەیە چەند سەدەیەک بخایەنێت و سیستهمى سیاسی و کۆمەڵایەتى هەر بە قۆناغى ڕاگوزەردا بڕوات؛ واتە قۆناغى نادیموکراتیى بەجێ هێشتووە و هێشتا نەگەیشتووە بە دیموکراتى.
دووەم: بازدانى بەپەلە لە قۆناغى نادیموکراتییەوە بۆ قۆناغى ڕاگوزەر بەرەو دیموکراتى و هاتنەکایەوەى هۆکارەکانى پەیوەندى و تەکنەلۆژی و کرانەوەى بازاڕ و تێکەڵبوونى سەرمایەى نەتەوەیی بە سەرمایەى جیهانى.
هەر چۆنێک بێت ئێمە نایەینە سەر ئەو تیۆرییانە، چونکە ئەزموونى هەر کیشوەرێک لەو بارەیەوە جیاوازە و تەنانەت هەندێک جار هەندێک وڵاتیش لە هەمان کیشوەر ئەزموونەکەى جیاوازە لەم بارەیەوە. ئەوەى بە لامانەوە گرنگە، ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و عێراقە. ئەوەى ڕاستى بێت هێشتا ڕۆژهەڵاتى ناوهڕاست بە هۆى ئەم خاڵانەى خوارەوە، نەگەیشتووە بە قۆناغى ڕاگوزەر بەرەو دیموکراتى:
1. نەریتى دیکتاتۆرییەتى ڕۆژهەڵات و زاڵبوونى دەوڵەت بەسەر سەرچاوە سروشتییەکاندا.
2. ڕاڤەکردنى بونیادگەرایانە بۆ ئیسلام و شەریعەتى ئیسلامى.
3. بەردەوامیى هێژموونی خێڵ و عەشیرەت.
4. پەرتەوازەییی جوگرافی، کە بووەتە لەمپەر لە بەردەم دروستبوونى یەکسانیى کۆمەڵایەتى و لەناوبردنى چینایەتى.
5. کەلەپوورى کۆڵۆنیالیزم و وابەستەییی سیاسی.
6. لاوازیى ڕێکخراوە مەدەنییەکان بە هۆى باڵادەستیى دامودەزگه سەربازییەکانەوە.
7. فەرهەنگى دنیابینین بە یەک چاو و بڕوانەبوون بە هیچ وێنەیەکى پێچەوانە لەوەى کە لەمێژەوە بڕواى پێ هێنراوە.
8. خۆبەزیادزانین کە لە نەفامییەوە هاتووە.
9. نزمیى ئاستى خوێندەوارى و ڕۆشنبیرى.
10. سەفەرنەکردن و نەهاتنى میوانى بێگانە بە ئەندازەیەگى بەرز، چونكە بە هۆى هەڵکەوتەى گەشتیاریى وڵاتى تورکیا و لوبنان، تێبینى دەکرێت کە جۆرە کرانەوەیەکى کۆمەڵایەتیى زیاتر لەو دوو وڵاتەى ڕۆژهەڵاتى ناوهڕاست بەدی دەکرێت؛ هەرچەندە چەندین تێبینى لەسەر سیستهمى حوکمڕانى هەیە لە هەر دوو وڵات.
11. دواکەوتنێکى زەمەنى لە ڕووى گەیشتن بە دیموکراتى، چونکە ئێستا مۆدێلى حوکمرانى و کۆمەڵایەتیى "پۆست-دیموکراتی"یە؛ کەچى ئێمە هێشتا نەک نەگەیشتووین بە دیموکراتى، بەڵکوو قۆناغى ڕاگوزەریشمان بەرەو دیموکراتى نەبڕیوە.
ئەگەر تەماشاى دەوڵەتى عێراق بکەین، بێ گومان پاش هاتنە سەر حوکمى ئینقیلابچییەکان لە (1963) تا (2003)، واتە چل ساڵ، کەمینەیەکى سوننە عێراقى بە دەستوورێکى کاتى بەڕێوە دەبرد کە لە (1970)وە تا لەناوچوونى ڕژێمەکە هەر کارا بوو. بێ گومان هیچ دەستوور و دەقێک ناتوانێت ئەو نادادپەروەرییە ئیدارە بکات کە کەمینەیەک بەسەر وڵاتێکدا زاڵ بێت و سەرجەم جومگە سەرەکییەکانى وڵات بخاتە ژێر ڕکێفى خۆیەوە، پاش لەناوچوونى ئەو ڕژێمە، دەستووری (2005) هاتە کایەوە کە تا ڕاددەیەک هەوڵى دا ئەو نادادپەروەرییەى پێشوو بڕەوێنێتەوە، بەڵام ئەم جارە زۆرینەى شیعە بەسەر پێکهاتەکانى دیکەدا زاڵ بووە؛ واتە بەپێچەوانەى چل ساڵەکەى سەردەمى ڕژێمى لەناوبراو، زۆرینە حوکم دەکات و، فیدراڵى کە هەوڵێک بوو بۆ وەدیهێنانى مافەکانى گەلى کوردستان و ڕێخۆشکەرێکیش بوو بۆ سوننە کە داواى فیدراڵى بکەن. بەڵام هەتا ئێستا ئەم بابەتە نەهاتۆتە دى. عێراقێکى لێوان لێو لە نادیموکراتى لە سەرجەم ڕووەکانەوە بێ قۆناغى ڕاگوزەر بەرەو دیموکراتى، بەزۆر کراسێکى دیموکراتیى لەبەر کراوە کە زۆر گەورەترە لە بەژن و باڵاکەى و بێ ئەندازەگرتن و پێوانە بۆى دووراوە. ئەو سیستهمە سیاسییەى کە عێراق بەڕێوە دەبات، دیموکراتیى بۆ نەتەوەکەى خۆى هێشتا پێ هەزم نەکراوە، جا چۆن ئێمە بێین چاوەڕێى بەدیموکراتیبینینى ڕاى هەرێمى کوردستان بین لێیان؟ دیموکراتییەک کە يەكێك لە بيرمەندەكان دەڵێت: "لە دیموکراتیدا هەموو کەس مافی ئەوەى هەیە بۆچوونى ناڕاستیشى هەبێت."
دووربوونى عێراق لە دیموکراتییەوە بۆتە مایەى ئەوەى کە شرۆفەى حوکمڕانى لە عێراقى نوێ بکرێت ئەویش بە پێویستیی جیبەجێکردنى پرەنسیپەکانى (هاوبەشیی ڕاستەقینە-شراکە فعلیە)، (پێکەوەسازان-توافق) و (هاوسەنگى-توازن) کە هەموو ئەمانە شرۆڤەکردنى دیموکراتییە، خۆ ئەگەر دیموکراتى بەرقەرار بوایە، ئەوا هەرگیز عێراق لەم ئەزمەى حوکمڕانییەدا نەدەبوو کە هیچ مۆدێلێکى بۆ ناگونجێت؛ نە مۆدێلى حوکمڕانیى کەمینە و نە مۆدێلى حوکمڕانیى زۆرینە.