دواى دوو ڕۆژ لە تێپەڕبوونى بڕیاردان لەسەر ئەنجامدانى ڕیفراندۆم بە سەرۆکایەتیى "بارزانى" و، بە بەشداریى لایەنێکى بەهێزى وەک یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان کە "پایەیەکى گرنگى پڕۆژەکەیە" و، بەدەنگەوەهاتنى بەشێکى زۆر لە لایەن و پێکهاتەى ئیتنیکى و ئایینیى هەرێمى ئێستاى کوردستان و دەوڵەتى سبەینێى کوردستانى سەربەخۆ، لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى تا ئێستا حەوت دەوڵەتى بەهێز، حەوت کاردانەوەى دژ و تا ڕاددەیەک توندیان لەبارەى پرسى ڕیفراندۆمى هەرێمى کوردستان بڵاو کردۆتەوە:
کاردانەوەى ئەمریکا:
لە وەڵامى پرسیارى ڕۆژنامەنووسێکدا کە ئاراستەى "هێزەر نۆرێت"، گوتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکاى کرد لەبارەى هەڵوێستى ئەمریکا و کاردانەوەیان بۆ پرسى سەربەخۆییى کوردستانى عێراق، ناوبراو "هەم لە ناڵى دا، هەمیش لە بزمار"، چونکە ڕای گەیاند ئەوان لەگەڵ یەکپارچەییى خاکى عێراقدان بەڵام ڕێز لە ئیرادەى خەڵکى کوردستانى عێراق دەگرن.
کاردانەوەى ڕووسیا:
هەڵوێستى حکوومەتى ڕووسیا لە زمانى "ماریا زاخارۆف"، گوتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ڕووسیا بە هەمان ڕیتمى حکوومەتى ئەمریکا کاردانەوەى خۆى ڕاگەیاند و، گوتیان لەگەڵ ئەوەداین عێراق لە چوارچێوەى حکوومەتێکى فیدڕاڵیدا بمێنێتەوە، بەڵام دەبێ ڕێز لە پێکهاتە ئایینى و ئیتنیکییەکان، بە کوردەکانیشەوە، بگیرێ.
کاردانەوەى ئەڵمانیا:
لەبارەى هەڵوێستى ئەڵمانیا "زیگمار گابرێل"، وەزیرى دەرەوەى ئەڵمانیا گوتی کە "جیاکردنەوەى سنوورەکان لە عێراقدا بارودۆخەکان ئاڵۆزتر دەکات."
کاردانەوەى تورکیا:
لەبارەى هەڵوێستى تورکیایشەوە، وەزارەتى دەرەوەى تورکیا بەڕەهایى و پێداگیرییەوە ڕای گەیاند کە نەک لەگەڵ ئەنجامدانى ڕیفراندۆم نین، بەڵکوو بە هەنگاوێکى مەترسیداریشى دەزانن.
کاردانەوەى ئێران:
گوتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئێرانیش، "بەهرام قاسمى"، زۆر بەڕوونى هەڵوێستى وڵاتەکەى ڕوون کردنەوە و گوتی کە "بەغدا و هەولێر لە ئێستادا لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستییان بە بەهێزکردنى پەیوەندییەکانیان و زەمینەسازى بۆ دروستکردنى گفتوگۆ و لێکگەیشتن هەیە و، عێراق خۆى لە بەردەم هەڕەشەى پلانى دوژمنەکانیدایە؛ جیاکردنەوەى سنوورەکان ڕەوشى ناوچەکە تێکچڕژاوتر دەکات."
کاردانەوەى عێراق:
"سەعد حەدیسى"، گوتەبێژى نووسینگەى حەیدەر عەبادى، سەرۆکوەزیرانى عێراقیش لەبارەى هەڵوێستى وڵاتەکەیەوە ڕای گەیاند کە "عێراقییەکان دەبێ پێکەوە بڕیار لەسەر چارەنووسى یەکترى بدەن نەک هێزێک یان لایەنێک بەتەنیا. هەر بڕیارێکى چارەنووسسازیش، دەبێ بە لەبەرچاوگرتنى دەستوورى عێراقى یەکلایى ببێتەوە."
بەپێى ئەو زانیارییانەى کە من هەمە، ئەم کاردانەوانە کاردانەوەى پشت مێزى گۆنگرەى ڕۆژنامەوانین، بۆ ئهوهی بەرژەوەندیى وڵاتەکانیان لە بەردەم کاردانەوەى نێودەوڵەتى و یاسا نێودەوڵەتییەکان بپارێزن. ئەوەندەى کە من لە سەرچاوە باوەڕپێکراوە باڵاکانەوە بیستوومە، هەڵوێستى پشتى پەردەى هەر یەکێک لەم وڵاتەنە بە ئاراستەیەکى پێچەوانەى بەردەم میدیاکانن؛ تەنانەت ڕوونتر بڵێم، "جەنابى بارزانى" گەرەنتیى نێودەوڵەتیى وەرگرتووە و گڵۆپە سەوزەکەى بۆ پێ کراوە و، تەنانەت پێشیان گوتوووە کە ئەوەى لە پشتى مێزى گۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکانەوە دەگوترێ هەڵوێستى فیعلیى ئێمە نییە و، ئامادەیشین بۆ بەهێزکردنى پەیوەندییە سیاسى و ئابوورییەکانمان لەگەڵ دەوڵەتێک کە ئێوە ڕای دەگەیەنن.
بە دیدى من، نە بارزانى هێندە کورتبینە و بەبێ خاوێنکردنەوەى ڕێگهکان موجازەفەیەکى وا گەورە بە خۆى و نەتەوەکەى دەکات، نە ڕێیشى تێ دەچێ کوردستان بەم هەموو قەیرانەوە مل لە ملى وڵاتانى زلهێزى دنیا بنێ ئەگەر گەرەنتیى پشتیوانیکردنى دەوڵەتى کوردیان مسۆگەر نەکردبێ.
لە لایەکى دیکەیشەوە بەپێى دوایین ئامارى ساڵى 2015 كە تایبەت کراوە بە دەرخستنى ژمارەى دانیشتووانى وڵاتان، دەرکەوتووە کە هەشت نەتەوەى سەر زەوى، کە زۆرینەيان عەرەبن، ژمارەى دانیشتووانیان کەمترە لە ژمارەى دانیشتووانى هەرێمى کوردستان، بەڵام دەوڵەتى سەربەخۆى خۆیان ڕاگەیاندووە و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیش ددانى پێ داناون، لەوانە:
یەکەم: دەوڵەتى کوێت:
ژمارەى دانیشتووانى پێک دێت لە (4161000) چوار ملیۆن و سەد و شەست و یەک هەزار کەس و، لە 20ى یۆنیۆى 1961هوە سەربەخۆییى خۆیان ڕاگەیاندووە و لە 11ى نۆڤەمبەرى 1962 دەستوورى دەوڵەتى کوێتیان دەرکردووە و هەر لە هەمان ساڵدا، واتا لە ساڵى 1962 بوونەتە ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان بەپێى بڕیارى 111ى نێودەوڵەتى.
دووەم: دەوڵەتى قەتەڕ:
ژمارەى دانیشتووانى دەوڵەتى قەتەڕ دەگاتە تەنیا (2113000) دوو ملیۆن و سەد و سێزدە هەزار کەس و، لە ساڵى 1971 دەوڵەتى سەربەخۆى خۆیان ڕاگەیاندووە. لە کۆى ئەم ژمارەیە تەنیا (14%)ى دانیشتووانى قەتەڕ، لەدایکبووى قەتەڕن و، ئهوانهى دیکەیان پێک دێن لە عەرەبى وڵاتانى دیکە و باشووری ئاسیا؛ لە 3ى سێپتەمبەرى هەمان ساڵدا بوونەتە ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان.
سێیەم: دەوڵەتى لوبنان:
ژمارەى دانیشتووانى لوبنان دەگاتە (4288000) چوار ملیۆن و دوو سەد و هەشتا و هەشت هەزار کەس. لە 22ى نۆڤەمبەرى 1946 سەربەخۆییى خۆیان لەسەر ئاستى باوەڕپێکراوى نێودەوڵەتى ڕاگەیاندووە و، هەر دوو ئایینى "ئیسلام" و "مەسیحی"، پێکهاتەى زۆرینەى کۆمەڵگەى لوبنانى لەخۆ دەگرن.
چوارەم: دەوڵەتى بەحرێن:
ژمارەى دانیشتووانى بەحرێن دەگاتە (1781000) یەک ملیۆن و حەوت سەد و هەشتا و یەک هەزار کەس و، لە 16ى دیسەمبەرى 1971 سەربەخۆبوونى خۆیان ڕاگەیاند و، لە ساڵى 1973، واتا دوو ساڵ لە پاش ڕاگەیاندنى دەوڵەت، پەرلەمانیان دامەزراند و، دواتر بوون بە ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان و جامیعەى عەرەبى (كۆمكاری وڵاتانی عهرهبی).
پێنجەم: پاشایهتی (سهڵتهنهت)ى عومان:
ژمارەى دانیشتووانى پاشایهتیى عومان دەگاتە (4592000) چوار ملیۆن و پێنج سەد و نەوەد و دوو هەزار کەس. لە ساڵى 1970 دەوڵەتى سەربەخۆى خۆیان دامەزراندووە و، هەر لە هەمان ساڵى ڕاگەیاندنى سەربەخۆییدا بوونەتە ئەندام، هەم لە نەتەوە یەکگرتووەکان هەم لە كۆمكاری وڵاتانى عەرەبى.
شەشەم: دەوڵەتى مۆریتانیا:
ژمارەى دانیشتووانى ئەم وڵاتە دەگاتە (3632000) سێ ملیۆن و شەش سەد و سی و دوو هەزار کەس. لە ڕێکەوتى 28ى نۆڤەمبەرى 1968 بوونەتە خاوەنى دەوڵەتى سەربەخۆى خۆیان و، دواتر بوونەتە ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان و، سێ ساڵ دواتریش بوونەتە ئەندامى كۆمكاری وڵاتانى عەرەبى.
حەوتەم: دەوڵەتى فەڵەستین:
ژمارەى دانیشتووانى فەڵەستین دەگاتە (4683000) چوار ملیۆن و شەش سەد و هەشتا و سێ هەزار کەس. لە 15ى نۆڤەمبەرى 1988، سەرەڕاى کێشمەکێشى سیاسى و جەنگى خوێناوییان لەگەڵ ئیسڕائیل، دەوڵەتى سەربەخۆى خۆیان ڕاگەیاند. ئەگەرچى تا ئێستا فەڵەستین ئەندام نییە لە نەتەوە یەکگرتووەکان بەڵام لە لایەن خودى نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە ددانیان پێ دانراوە؛ هەروەها تا ئێستا لە لایەن 123 دەوڵەتەوە بە شێوەیەکى فەرمى، ددان بە دەوڵەتى فەڵەستیندا نراوە.
هەشتەم: دەوڵەتى دوورگەى سوور:
ئەم دەوڵەتە کە پێکهاتەیەکە دەکەوێتە زەریاى هندى، ژمارەى دانیشتووانیان دەگاتە تەنیا (783000) حەوت سەد و هەشتا و سێ هەزار کەس و، لە ڕێکەوتى 6ى یولیۆى 1975 سەربەخۆبوونى خۆیان ڕاگەیاند و، لە 12ى نۆڤەمبەرى هەمان ساڵ بوونەتە ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان و لە ساڵى 1993یش بوونەتە ئەندامى كۆمكاری وڵاتانى عەرەبى و، بە زمانەکانى عەرەبى و قەمەرى و فەڕەنسى قسە دەکەن.
ئەگەر سەرنج بدەینە کاردانەوەى نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەى بڕیارى سەربەخۆبوونى ئەم هەشت وڵاتەى لە سەرەوە ئاماژەمان بۆ کردوون، دەبینین هەر یەک لەم هەشت دەوڵەتە، یان ڕاستەوخۆ هەمان ساڵى ڕاگەیاندنى سەربەخۆیى، یان چەند ساڵێکى کەم دواتر، لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە ئەندام پەسەند کراون، ئەگەر چاوێکیش بە مێژووى سياسیى هەر یەکێکیشیاندا بخشێنینەوە، دەبینین دواى ڕاگەیاندنى دەوڵەتەکانیشیان هیچ یەکێکیان بەو هۆیەوە ڕووبەڕووى جەنگ و لەباربردنى دەوڵەتەکانیان نەکراون و، بەپێچەوانەیشەوە وەک دەوڵەتى دیفاکتۆ مامەڵەیان لەگەڵ کراوە.