وتووێژ لەگەڵ دكتۆر ڕامین مه‌فاخری پسپۆڕ له بواری تیۆریی سیاسی، بریتانیا
وتوێژکار: زریان ڤیکتۆری
1- چی وای کرد کە هەرێمی کوردستان ڕوو لە ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی بکات؟
یه‌كه‌م ئه‌وه‌ی كه مافی چاره‌نووس مافێكی ڕه‌وایه و هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه كه بۆ چاره‌نووسی خۆی خاوه‌ن بڕیار بێت. له ڕوانگه‌یه‌كی تره‌وه، له دونیای سیاسیه‌تدا ڕاستییه‌ك هه‌یه كه ده‌ڵێت دۆستی و دژایه‌تیی هه‌میشه‌یی نییه به‌ڵكوو به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌میشه‌یی هه‌یه. به‌پێی ئه‌م ڕاستییه له وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌دا ده‌توانین به‌گشتی بڵێین كه له سه‌رده‌می پێكهاتنی وڵاتێك به ناوی عێراق هه‌تا ئه‌مڕۆ، مێژووی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان كورد و عه‌ره‌ب ئه‌م ڕاستییه‌ی سه‌لماند كه ئه‌نجامی هاوپه‌یمانێتی و ژیانی هاوبه‌ش ته‌نیا چه‌ڵه‌نج (به‌ره‌نگاربوونه‌وه) و خه‌ساره. بۆیه، ئه‌مڕۆكه كورد به‌پێی ئه‌زموونی ناخۆشی ڕابردوو، به‌م ڕاستییه گه‌یشتووه كه ئارامش و به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌ر دوو لا له كۆتاییهێنان به‌م ژیانه هاوبه‌شه‌دا ببینێت.
2- بۆچی ئه‌مریكا له به‌ڕێوه‌چوونی ڕیفراندۆم له هه‌رێمی كوردستان له‌م كاته‌دا، ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕێت؟
سه‌باره‌ت به‌م پرسیاره گرنگه، ئه‌م بابه‌ته ده‌بێت له پانتایه‌كی گه‌وره‌تردا، واته سیاسه‌ت و ستراتیژیی ئه‌مریكا له ناوچه‌كه‌دا تاووتوێ بكرێت. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه، ڕووداواكانی ناوچه‌كه و، هه‌روه‌ها ئه‌زموونی چه‌ند ده‌یه‌ه‌ی ڕابردوو ئه‌م ڕاستییه ڕوون ده‌كه‌نه‌وه كه به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌مریكا و زۆربه‌ی ئه‌كته‌ره چالاكه‌كان له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا له چوارچێوه‌ی ستراتیژیی مانه‌وه و چۆنێتیی به‌ڕێوه‌بردن و درێژه‌دان به ناكۆكی و ناسه‌قامگیری له ناوچه‌كه‌دا پێناسه ده‌كرێت. نموونه‌ی به‌رچاوی ئه‌م ڕاستییه، درێژه‌دان به جه‌نگی ئایدیۆلۆژیكی نێوان فه‌نده‌مێنته‌ڵیزمی شیعه و سوننه‌یه له ناوچه‌كه‌دا، كه ڕۆڵی ئه‌مریكا هاندانی ئه‌كته‌ره‌كانی نێوان ئه‌م دوو به‌ره‌یه بۆ درێژه‌دان به ناته‌بایی و جه‌نگی ئایدیۆلۆژیكی. به درێژه‌دان به‌م ستراتیژییە له ناوچه‌كه‌دایه كه كۆمپانیا و كارتێله (cartel) نه‌وت و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییه‌كان سه‌ر به‌م وڵاته زلهێزانە زۆرترین قازانج ده‌كه‌ن. بۆ نمونه: له سالی 2017دا، وڵاتی سعوودیا گه‌وره‌ترین گرێبه‌ستی مێژووی ئه‌مریكا به بڕی سه‌د و ده میلیار دۆلار بۆ فرؤشتنى چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی، هه‌روه‌ها دوو سه‌د و هه‌شتا ميليار دۆلار بۆ فرۆشتنی كاڵا و به‌رهه‌مهێنانی كۆمپانیای ئه‌مریكا له عه‌ره‌بستانی سعوودیا، قه‌ته‌ر دوانزه میلیار دۆلار گرێبه‌ست بۆ كڕینی فڕۆكه له ئه‌مه‌ریكا، ئیمارات (پێنج میلیار دۆلار كڕینی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی له كۆمپانیا ڕۆژاوایییه‌كان كه به‌شێك له گرێبه‌سته‌كه له‌گه‌ڵ كۆمپانیای ڕوسوبورون ئێکسپۆرتی ڕووسی بووه. واته به‌گشتی هه‌تا ئه‌مڕو به‌ڕێوه‌بردنی چۆنێتیی درێژه‌دان به ناسه‌قامگیری، زاڵبوونی ترس، بێباوه‌ڕی و جه‌نگ به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا له به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌مریكا و سه‌رجه‌م ئه‌كته‌ره كاریگه‌ره‌كانه له ناوچه‌كه‌دا.
هه‌روه‌ها ده‌بێت ئه‌م خاڵه‌یش له‌به‌رچاو بگیردرێت كه هه‌بوونی پۆتانسیه‌ڵی كه‌لتووری سیاسی بۆ ململانێ و جه‌نگی ئایدیۆلۆژیكی له وڵاتانی ناوچه‌كه‌دا، ئاسانكارییه‌كه بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌م ستراتیژییه. له‌م هاوكێشه سیاسییه ئایدیۆلۆژیكییه‌دا، ئه‌كته‌ره‌كانی ناوچه‌كه‌یش له نێوان گرووپی هاوپه‌یمان، یان قوربانیدا دابه‌ش ده‌بنه. له لایه‌كی تره‌وه، ئه‌مڕۆ له سیسته‌می چه‌ندجه‌مسه‌ریی نێوده‌وڵه‌تیدا (ئه‌مریكا، چین و ڕووسیا)، ئه‌مریكا له هاوكێشه و گۆڕانكاریی جیۆپۆلیتیكدا تاكه ئه‌كته‌ری بڕیارده‌ر نییه. به‌پێی ئه‌م ڕاستییانه، ئه‌مریكا تا ئه‌مڕۆكه نه‌یویستووه بڕیارێكی ڕوون و یه‌كلاكه‌ره‌وه سه‌باره‌ت به بابه‌تی ڕیفراندۆم و پرسی سه‌ربه‌خۆیی له هه‌رێمی كوردستان وه‌كوو هه‌نگاوێكی گرنگ بۆ سه‌ربه‌خۆیی، بدات.
3- یەکێتیی ئەوروپا سەبارەت بە پرسی سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان چ هه‌ڵوێستێكی چاوه‌ڕوانكراوی ده‌بێت؟
ئه‌گه‌رچی له دونیای سیاسه‌تدا ته‌نیا یه‌ك یاسای جێگیر، بوونی هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه هیچ شتێك له گۆڕه‌پانی سیاسه‌تدا جێگیر نییه. به‌ڵام سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستی یه‌كێتیی ئه‌وروپا، ده‌توانین بڵێین كه زۆرتر له‌ژێر كاریگه‌ریی سیاسه‌ت و بڕیاری سێ وڵاتی به‌هێزی ئابووری- سه‌ربازیی ئه‌وروپا، واته بریتانیا، فه‌ڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیادایه؛ كه به باوه‌ڕی من له باسێكی گرنگی وه‌ك گۆڕانكاری له جیۆپۆلیتیكی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، هه‌ڵوێستی خۆیان زیاتر له‌گه‌ڵ سیاسه‌ت و بڕیار و ستراتیژیی ئه‌مریكادا ڕێك ده‌خه‌ن.
4- ئه‌ندامانی هه‌میشه‌ییی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان چ هه‌ڵوێستێكیان له به‌رامبه‌ر پرسی سه‌ربه‌خۆییی هه‌رێمی كوردستاندا ده‌بێت؟
به گشتی هه‌ڵوێستی پێنج ئه‌ندامی هه‌میشه‌ییی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش (ئه‌مریكا، بریتانیا، فه‌ڕه‌نسا، چین و ڕووسیا)، ده‌بێ له دوو ڕوانگه‌وه له‌به‌ر چاو بگیردرێت: یه‌كه‌م، بۆچوونی سێ وڵاتی ئه‌مریكا، بریتانیا و فه‌ڕه‌نسایه كه له‌سه‌ر پرسی سه‌ربه‌خۆییی كوردستان زۆرتر به‌پێی ستراتیژیی ئه‌مریكا، هه‌ر سێ وڵات بڕیاری هاوبه‌شیان ده‌بێت. دووه‌م، هه‌ڵوێستی چین و ڕووسیایه كه ده‌كرێت له هه‌مبه‌ر هاوپه‌یمانێتیی ده‌سته‌ی یه‌كه‌مدا به‌پێی سیاسه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌ت به خۆیان بیروڕای جیاواز، یان هاوبه‌شیان هه‌بێت.
بۆ ده‌وڵه‌تی چین ناوچه‌ی گرنگی جیۆپۆلیتیك، زۆرتر ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیا و، هه‌روه‌ها باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیایه. بۆیه پرسی ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆییی هه‌رێمی كوردستان، بۆ ئه‌م وڵاته بابه‌تێكی هه‌ستیار نابێت، مه‌گه‌ر له بارودۆخێكی زۆر ده‌گمه‌ندا، وه‌كوو ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ڕووسیا بۆ بڕیارێكی هاوبه‌ش دژ به موافه‌قه‌ی ئه‌مریكا هه‌وڵێكی وا بدات.
سه‌باره‌ت به ڕووسیا، زۆر به‌گشتی، ده‌توانین بڵێین كه بێده‌نگیی ستراتیژیكی ده‌وڵه‌تی ئۆباما و، هاوكات ستراتیژیی سیاسه‌تی چالاكانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی پووتین له به‌شداریكردن له ئاستی به‌ڕێوه‌بردنی كێشه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا، ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی بۆ ڕووسیایش ڕه‌خساند كه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیشدا هێژموونیی خۆی په‌ره پێ بدات؛ به جۆرێك كه ئه‌مڕۆكه ده‌بینین كه بڕیار و سیاسه‌تی ڕووسیا له ناوچه‌كه‌دا ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر كێشه و گۆڕانكارییه‌كان هه‌یه. به‌پێی سروشت و ماهییه‌تی سیاسه‌تی ڕووسیا، به‌شێكی به‌رچاو له هۆكاری ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌م وڵاته له ناوچه‌كه‌دا، ده‌كه‌وێته خانه‌ی ڕكابه‌ری له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی به مه‌به‌ستی ئیمتیازوه‌رگرتن له‌سه‌ر بابه‌تگه‌لێك كه زۆربه‌یان له ده‌ره‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدان. دیاره پرسی سه‌ربه‌خۆییش به‌پێی هاوسه‌نگیی هێز و گۆڕانكارییه‌كان، ده‌كه‌وێته نێو ئه‌م هاوكێشه‌وه.
5- بۆچی ئێران سوورە لەسەر دژایەتیکردنی ئەنجامدانی ڕێفراندۆم لە باشوورى کوردستان؟
ئێران هه‌م له باری ئایدیۆلۆژی و هه‌م له باری سیاسی- ئه‌منییه‌وه دابه‌شبوونی عێراق و سازبوونی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆی كوردی، چ له ئاستی نێوخۆ و چ له ئاستی ناوچه‌كه‌دا، له دژی ستراتیژی و به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی ده‌بینێت.
واته، ئه‌گه‌ر له ڕوانگه‌ی تیۆریی كۆنستراكتڤیزم(Constructivism) ه‌وه چاو له هه‌ڵوێستی ئێران بكه‌ین، ئه‌م ڕاستییه ده‌رده‌كه‌وێت كه دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆی كوردی، له دژایه‌تی له‌گه‌ڵ ئامانج و بنه‌ماكانی ناسیۆنالیزمی ئێرانی و فه‌نده‌مێنته‌ڵیزمی شیعی‌دا ده‌بێت، كه ئه‌م دوو ئایدیۆلۆژییه پاڵپشتی مه‌عنه‌وی و ڕێگه‌خۆشكه‌ری جێبه‌جێكردنی ستراتیژیی كۆماری ئیسلامین له ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین‌دا. له ڕوانگه‌ی سیاسی- ئه‌منییه‌وه‌یش، سه‌ربه‌خۆییی باشووری كوردستان كارتێكه‌رییه‌كی به‌رچاوی ده‌بێت له‌سه‌ر گه‌شه‌كردن و به‌هێزتربوونی گوتاری ڕزگاریخوازی له‌و سێ پارچه‌كه‌ی تری كوردستان به‌گشتی و ڕۆژهه‌ڵات به‌تایبه‌تی. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا، ئه‌م خاڵه‌یش نابێت له‌بیر بكرێت كه ده‌وڵه‌تی داهاتووی كوردستان، له‌گه‌ڵ ئێران‌دا هاوسنوور و، له‌گه‌ڵ ڕۆژاوا و ئیسڕائیلدا ده‌وڵه‌تێكی هاوپه‌یمان ده‌بێت.
6- بۆ پرسی سه‌ربه‌خۆیی، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چۆن ده‌توانێت له‌گه‌ڵ به‌غدا دانوستاندن و دیپلۆماسی بكات؟
به‌پێی دوو به‌ره‌ی كاریگه‌ر و ڕكابه‌ر له ناوچه‌كه‌دا، كه پێشتر باسمان لێوه كرد، ئه‌مڕۆ نه‌خشه‌ی سیاسیی شیعه‌كانی عێراقیش، بووه به دوو له‌ته‌وه. له لایه‌كه‌وه به‌شێك له هێزه سیاسییه‌كانی شیعه به ڕێبه‌رایه‌تیی "نووری مالكی" و "ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامیی عێراق"، سه‌ر به ئێرانن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا، به‌شێكی دیكه به ڕێبه‌رایه‌تیی عه‌ممار حه‌كیم و موقته‌دا سه‌در و حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌ر به سعوودیان. هه‌رچه‌نده له‌م نێوانه‌دا حه‌یده‌ر عه‌بادی هه‌ندێك جار خۆی له "تاران"یش نزیك ده‌كاته‌وه. بۆیه حكوومه‌تی هه‌رێم ده‌توانێت له‌م بۆشایییه سیاسیه كه‌ڵك وه‌ربگرێت و، له ده‌ره‌وه‌ی سیسته‌می سیاسی‌دا له‌گه‌ڵ لایه‌نی سعوودی ڕێك بكه‌وێت.
7- سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان چ کاریگه‌رییەکی لەسەر هاوکێشە سیاسییەکان و هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا دەبێت؟
هه‌روه‌ك پێشتر ئاماژه‌مان پێ كرد، ئه‌مڕۆكه هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك له جیۆپۆلیتیكی ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین‌دا له‌ژێر چه‌تری كاریگه‌ریی دوو به‌ره‌ی هاوپه‌یمانێتیی ڕكابه‌ردایه به ڕێبه‌رایه‌تیی ئه‌مریكا و ڕووسیا. حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌پێی ئامانج و به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لی خۆی ستراتیژیی ناوچه‌یی له چوارچێوه‌ی هاوكاری له‌گه‌ڵ وڵاتانی ڕۆژاوا و سه‌ر به‌م لایه‌نه‌دا داڕشتووه. هه‌ر له‌م ڕوانگه‌یه‌وه له‌ژێر جه‌بری جوگرافیدا، ده‌وڵه‌تی داهاتووی كوردیش ئه‌سته‌مه بتوانێت له نێوان دوو به‌ره‌ی ڕكابه‌ردا، سیاسه‌ت و ستراتیژیی ناوچه‌ییی خۆی له‌سه‌ر بنه‌مای بێلایه‌نبوون دابڕێژێت. دیاره به‌پێی زیادبوونی ئه‌كته‌رێكی نوێ بۆ هه‌ر یه‌ك له‌م دوو گرووپه هاوپه‌یمانێتییه، هێزی مانۆڕدان و قورساییی ناوچه‌ییی ئه‌و باڵه له هاوكێشه سیاسییه‌كاندا، زۆرتر ده‌بێت.
8- دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردستان، چ ڕۆڵێكی له سه‌قامگیری و ئاسایشی ده‌وروبه‌ر و ناوچه‌كه‌دا ده‌بێت؟
ئه‌گه‌ر زۆر به‌كورتی بمانه‌وێت له دوو ڕوانگه‌وه وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره بده‌ینه‌وه، ده‌توانین بڵێین كه ڕۆڵێكی پۆزه‌تیڤی ده‌بێت و، ئه‌م ڕاستییه‌یش لانی كه‌م، ده‌كرێت له دوو لایه‌نه‌وه بسه‌لمێندرێت: یه‌كه‌م، به‌پێی پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیی هه‌رێمی كوردستان، ده‌وڵه‌تی كوردستان ده‌وڵه‌تێكی نه‌ته‌وه‌یی ده‌بێت كه زۆر دوور ده‌بێت له ده‌مارگرژیی مه‌زهه‌بی و زاڵبوونی هه‌ر چه‌شنه ئایدیۆلۆژییه‌كی ئایینی. دووه‌م، باشووری كوردستان، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی مه‌ده‌نیی به‌هێز و چالاكی هه‌یه و، به‌پێی ئه‌زموون، ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی مه‌ده‌نیی فره‌حزبی و چالاك داده‌مه‌زرێن، زیاتر دیموكراتیك ده‌بن. بۆیه له‌م ڕوانگه‌یه‌یشه‌وه ده‌وڵه‌تی كوردستان ئه‌و توانایه‌ی هه‌یه كه ببێته نموونه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو له "ده‌وڵه‌تی دیموكراتیكی نه‌ته‌وه‌یی" له ناوچه‌كه‌دا.
له كۆتاییدا، ده‌توانین بڵێین كه ڕه‌مزی سه‌ركه‌وتن و، هه‌روه‌ها گرنگترین و كاریگه‌رترین ئامراز له هه‌مبه‌ر هه‌ر كێشه و پلانێكی ده‌ره‌كیدا، یه‌كده‌نگی و یه‌كڕێزیی هێزه سیاسییه‌كانی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان و، هه‌روه‌ها كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانه (ئه‌م چاوپێكه‌وتنه پێش كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان بووه. وتووێژكار) وه‌كوو سیمبۆلێكی یه‌كده‌نگی و یه‌كڕیزی. به تێڕوانینی من، له‌م پڕۆسه‌یه‌دا هێزه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ده‌بێت ئاگاداری ئه‌وه‌یش بن كه هه‌ر چه‌شنه كێشه‌یه‌ك، یان به‌ربه‌ستێك له‌ژێر هه‌ر ناوێك‌دا به‌سه‌ر باشووری كوردستاندا بسه‌پێنرێت، له بازنه‌ی سیاسه‌تی سێگۆشه‌ی ئه‌مریكا، ئێران و توركیادا ده‌رناچێت.