شەوی ١٦ی مانگی ئوکتۆبهر، بەشێک لە چەکدارانی حەشدی شەعبی کە لەژێر دەسەڵاتی "سوپای قودس"دان، لە دەرەنجامی دەستکیسی لەگەڵ لایەنێکی باشووری کوردستان، توانییان کەرکووک داگیر بکەن. گرینگیی داگیرکردنی کەرکووک لە لایهن هێزی ملیشیای سەر بە ئێرانەوە چییە؟
بۆ ڕوونبوونەی گرینگیی داگیرکردنی کەرکووک لە لایهن چەکداری سەر بە ڕژێمی ئیسلامیی ئێران، دەبێت باسی ئەو داگیرکردنە، لە سێ بەستێنی: سیاسەتی نێودەوڵەتی، سیاسەتی ناوخۆی ئێران و خەونی وەدیهێنانی دەمەداسی شیعەدا تاووتوێ بکرێت. بەڵام پێش ئەوی بچینە سەر تاووتوێکردنی دەستکەوتەکانی داگیرکردنی کەرکووک لە لایهن هێزە چەکدارەکانی سەر بە "ڕژێمی کۆماری ئیسلامی"یەوە، پێویستە تیشک بخەینە سەر چۆنێتیی داگیرکردنی کەرکووک لە لایهن چەکدارانی سەر بە کۆماری ئیسلامییەوە؛ چونكه چۆنێتیی داگیرکارییەکە نەک هەر دەبێتە هۆکارێک بۆ بەرچاوڕوونی لە دەستکەوتەکانی داگیرکردنی کەرکووک، بەڵکوو تاووتوێکردنی ئەو بابەتە، یارمەتیدەرە بۆ ناسینی ئامانجی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا.
دوو بابەت لەسەر چۆنێتیی داگیرکردنی کەرکووک لە لایهن هێزی چەکدارەکانی سەر بە ئێران گرینگن: بابەتی یەکەم، کاتی داگیرکردنی کەرکووکە و، بابەتی دووەم، بێ شهڕ و لە دەرەنجامی دەستکیسی لەگەڵ ئێرانە. کەرکووک لە ڕووی کاتەوە، ١٦ كاتژمێر پاش ئەوەی کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئهمریکا، ستراتیژیی نوێی ئەو وڵاتەی لەسەر پەیوەندی لەگەڵ ئێران ڕاگەیاند، لە لایهن هێزی میلیشای سەر بە ئێران داگیر کرا. لەو ستراتیژییە نوێیهدا، سوپای پاسداران وەک هێزێک کە پشتگیری لە گرووپە تیرۆریستییەکان دەکات ناسێندرا و، بڕیاری لەسەر درا کە چەکدارانی باڵای سەر بە سوپای پاسداران و کۆمپانیاکانی سەر بەو سوپایە، بچنە نێو لیستی گەمارۆی ئابووری_سیاسیی ئهمریکاوە.
ئەوەی کە کەرکووک لە ئەنجامی دەستکیسی لایەنێکی کوردستانی لەگەڵ ئێران داگیر کراوە، گرینگییەکی تایبەتی هەیە. ئێران داگیرکردنی کەرکووکی، کە بەپێچەوانەی خواستی زۆرینەی خەڵکی ئەو ناوچەیە بوو، لە سازانێک لەگەڵ لایەنێکی ئەمنیی باشووری کوردستان هێنایه دی. ئەو دەستکیسییە، ئەوە بۆ چاودێرانی سیاسی ڕوون دەکاتەوە کە لە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هێزێک لەگەڵ ئێران، شەڕگەی نێوان ئەو هێزە و ئێران تەنیا سنوورەکانی ئێران نییە، بەڵکوو ئێران توانیویەتی لە ڕێگهی دزەکردن لەنێو دەمودەزگه و پێکهاتەی ئهمنی، سیاسی و تەنانەت ڕاگەیاندنی چالاک لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، شەڕگەی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بە پانتاییی هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەورە کاتەوە.
لێرەدا ئێمە دەبێت دوو بابەت لێک هەڵاوێرین، ئەوەیش ئەوەیە كه: کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا پێگەی جەماوەریی نییە، بەڵکوو، یان گرووپی چەکداری سەر بە خۆی ساز کردووە، یان دزەی کردۆته نێو دامەزراوەکانی ناوچەکەدا کە زۆربەیان دامەزراوەی گەندەڵ-تەوەر و نانیشتمانین. ئەو دزەکردنە هەلی ئەوەی بۆ ئێران ڕهخساندووە، کە ئەو دامەزراوانە لە ئانوساتی خۆیدا بە قازانجی خۆی بەکار بێنێ.
نموونەی بەرچاوی ئەو جۆرە دزەکردنە، ڕاکێشانی حامید کەرزای، سەرۆککۆماری پێشووی ئەفغانستانە. کەرزای کە بە هاوكاریی ئەمریکا لە ئەفغانستان دەسەڵاتی گرته دهست، كهچی لە ساڵانی کۆتاییی دەسەڵاتەکەیدا، دەرکەوت بەرتیلی لە ئێران وەرگرتووە و سیاسەتی کۆماری ئیسلامیی لە ناوچەکەدا پەیڕەو کردووە.
سووریایش نموونەیەکی تر. زۆربەی ئەو چەکدارە ئێرانییانەی کە چوونەته سووریا، لە بیرەوەرییەکانی خۆیاندا باسی ئەوە دەکەن کە خەڵکی سووریا، تەنانەت لایەنگرانی ئەسەد، بە چوونی ئەوان ڕازی نین و، ئەوان دەگێڕنەوە کە زۆر جار ڕووبەڕوو پێمان دەڵێن: "ئێوە بوونە هۆی ئەوەی ئالۆزیی سووریا درێژخایەنتر بێت"، بەڵام ئێران هەر خوازیاری ئەوەیە ئەسەد لەسەر دەسەڵات بێڵێتەوە، لە کاتێكدا ئەسەد لە ڕاستییدا هیچ پێگەیەکی جەماوەریی لەنێو خەڵکی سووریادا –جگه لهنێو کەمینەی عەلەویی سووریا- نەماوە. دوایین نموونەی ئەو جۆرە دزەکردنەیش، داگیرکردنی کەرکووکە. بەپێی ڕاگەیاندنەکان لە "ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی"دا خەڵکی کەرکووک سەرووی ٧٠% دەنگی بە سەربەخۆیی دابوو، بەڵام دیتمان کە بە دەستکیسییەکی سادە، ئەو شارە کەوتە دەست ئێران.
دەستکەوتەکانی داگیرکردنی کەرکووک لە لایهن چەکدارانی سەر بە ئێران چین؟
دەستکەوتی نێودەوڵەتی
یەکەم دەستکەوتی داگیرکردنی کەرکووک لە لایهن چەکدارانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە، ئەوەیە کە ئێرانییەکان جارێکی تر بە کۆمەڵگهی نێودەوڵەتییان گوت ئەوان دزەیان لەنێو زۆر لایەندا هەیە و، ئەو دزەیەیش وای کردووە کە ئێران ئەگەر خواستی لەسەر ئاڵوگۆڕێک نەبێت، بتوانێ تێکی بداتەوە. بەکورتی ئێرانییەکان گوتیان: ڕەنگە توانای ئەوەمان نەبێت کە هەموو ناوچەکە داگیر بکەین و بە خواستی خۆمان بەڕێوەی بەرین، بەڵام توانای ئەوەمان هەیە کە لە ناوچەکەدا ئاژاوە بنێینەوە.
ئەوەی کە ئێران توانای ئاژاوەنانەوی هەیە، وای کردووە کە بەشێک لە کۆمەڵگهی جیهان و تەنانەت عەرەبیش بێنە سەر ئەو باوەڕهی کە ئێران ڕێگهچارەی چارەسەرکردنی ئاژاوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، ئەوەیش ڕێک هەمان ئهو ئامانجەیه کە کۆماری ئیسلامی دەخوازێت: دەیەوێت هێندە شەڕ و جهنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ساز بکات، کە کۆمەڵگهی جیهانی ماندوو بکات و، ناچاریان بکات پێملی خواستی کۆماری ئیسلامی بن. کە وایە داگیرکردنی کەرکووک لە لایهن چەکدارانی سەر بە ڕژێمی ئێرانەوە، لە ڕووی نێودەوڵەتییهوه بە ئێمە دەڵێت: ئێران بەرنامەی ئەوەی هەیە کە دزەی خۆی لەنێو دامەزراوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بکاتە دەسەڵاتداری لەو ناوچەیە و، بۆ ئەو ئامانجەیش ئامادەیە ئاژاوەگێڕی و جهنگ هێندە درێژ بکاتەوە، هەتا کۆمەڵگهی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەسەڵاتدارانی جیهان دەست بەردەنەوە و پێملی خواستی ئەو بن.
دووەم دەستکەوتی نێودەوڵەتیی داگیرکردنی کەرکووک، چاوترسێنکردنی ناوەنده سەربازییهكانی ئەمریکایە. ئێرانییەکان لە ڕێگهی داگیرکردنی کەرکووکەوە، بە ناوەندە سەربازییەکانی ئەمریکایان گوت کە شەڕگەی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران بە پانتاییی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. دەقی ئەو قسەیە لە بابەتی ستراتیژییە نوێیەکەی ئەمریکا لە دژی سوپای پاسداران لە زاری بەرپرسانی باڵای سوپاوە دووپات کرایهوە. بۆ وێنە، "محەمەد عەلی جەعفەری" لە وهڵامی ئەگەری ئەوەی سوپای پاسداران بچێتە لیستی تیرۆرەوە گوتی: "ئەگەر وایە، دەبێت ئهمریکا بنکەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆ بکاتەوە."
ئەو دەستکەوتەیش بۆمان ڕوون دەکاتەوە کە ئەوەی پێی دەگوترێ "دەمەداسی شیعە" (هیلالی شیعە)، بەر لەوەی خواستێکی شیعەتەوەر بێت، گەڵاڵەیەکی ئاسایشیی چەند توێیە، بۆ ئەوەی کۆماری ئیسلامی لە قەیرانەکانی بەردەمی ڕزگار بێت و، لە ڕاستییدا دەمەداسی شیعە نەک نەبۆتە هۆی ئەوەی کە کەڕامەتی مرۆڤ و مهزههبی شیعە لە ناوچەکەدا بپارێزێت، بەڵکوو بۆتە هۆکارێک بۆ ئەوەی کۆمەڵگهی موسڵمانان لە پەیڕهوانی مهزههبی شیعە دوودڵ و بەگومان بن.
سێیەم دەستکەوتی داگیرکردنی کەرکووک لە لایهن چەکداری ئێرانەوە، ناڕوونکردنی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. ئەوەی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر بەرەو ناشەفافییەت و ناڕوونی بڕوات، دەستکەوتی بۆ کۆماری ئیسلامی ئەوەیە، کە لایەنی بەرانبەری تووشی هەڵەی ستراتیژی دەکات و، ئەوەیش وا دەکات ئێران بەردەوام هەنگاوێک لە پێشهوهی بەرهەڵستکارانی بێت، بۆ وێنە: لە دەرەنجامی ناڕوونیی دۆخەکەدا ڕێکس تێلێرسۆن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، تووشی هەڵەی گەورە دهبێت و دەڵێت: "چەکدارەکانی سەر بە ئێران، دەبێت بچنەوە ئێران"؛ ئەوە لە کاتێكدایە ئەگەر بەوردی سەیری ڕووداوەکانی عێراق بکەین، ئێران لە عێراق لە ڕاستیدا وەک "ڕاوێژکاری سیاسی و سەربازی" بوونی هەیە و، ئەو چەکدارانەی کە له پێناو بەرژەوەندییەکانی ئێران لە عێراقدا دهجهنگن، سەرجەمیان عێراقین، نەک ئێرانی. ئەوەیش پێمان دەڵێت بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران لە عێراقدا بەو ئاسانییە نییه، چونكه لە ڕاستیدا ئێران، خودی عێراقییەکانی کردۆتە بەکرێگیراوی خۆی بۆ ئەوەی بە ئامانجی خۆی لە عێراقدا بگات.
هەڵبەت ناڕوونیی دۆخەکە و بێمەبالاتبوون لەسەر دیاردەی دەزهکردنی ئێران لە نێو دەزگه فەرمییەکانی وڵاتانی ناوچەکەدا، تەنیا بە قسەیەکی هەڵەیە لە لایهن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆتایی نایەت، بەڵکوو دەبینین هەر لەسەر باسی داگیرکردنی کەرکووک زۆربەی وڵاتانی بڕیاردەر و زلهێزانی جیهانی لەگەڵ بەغدا دەکەون و، وا نیشان دەدهن کە بەو سیاسەتە، دەکرێت حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ دژایەتیکردنی ئێران، لەگەڵ خۆیان بخەن. ئەوە لە کاتێکدایە کە عەبادی نەک بەشێک لە "حزبی دهعوه"یه، بەڵکوو ئەو باڵەی حزبی دهعوهیه کە باوەری بە "مەرجەعی تەقلید"بوونی "خامنەیی" هەیە. لەوەیش بترازێین، کۆماری ئیسلامی لە ههندێ ناوچەی وەک عێراق و یەمەن "جهنگی بەوەکالەت" دەکات و سیاسەتی فەرمی لە ڕێگهی دزەکردنە نێو دەزگه فەرمییەکان و سازکردنی چەکداری خۆجێیی دەباتە پێش و، لە ههندێ ناوچەی وەک سووریایش تەنیا لەبەر ئەوەی دۆخەکە لە گرێژنە دەرچووە، ڕاستەخۆیش بەشداریی جهنگ دەکات. کەوایە بنەمای سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانی، بەکارهێنانی هێزی چەکداری خۆجێیییە؛ ئەوەی کە بەرپرسانی سوپای پاسداران پێی دەڵێن "سوپای خۆجێیی". ڕەنگە ڕواڵەتی ئەو ڕستەیە سادە و ساکار بێت، بەڵام قبووڵنەکردنی ئەو ڕستەیە، وای کردووە کە ئێرانییەکان بەردەوام هەنگاوێک لە پێشدا بن و زۆربەی گەڵاڵەکانی بەرهەڵستکارانیان بەتاڵ بکەنەوە.
چوارم دەستکەوتی کۆماری ئیسلامی لە داگیرکردنی کەرکووک، سازبوونی بێباوەرییه لەنێو هاوپەیمانانی کورددا. ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر هەیە کە کۆمەڵگهی جیهانی بەگشتی و ئەمریکا بەتایبەتی، هیچ گەڵاڵەیەکی ستراتیژیکیان بۆ چارەسەری ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە و، تەنیا خوازیاری ئەوەن لە مەترسییەکانی ئەو ئاڵۆزییە بەدوور بن. لە بەرانبەر ئەوەدا ئێران هەیە کە سەرەڕای ئەوەی گەڵاڵەی بۆ هەموو ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی ئیسلامی هەیە، بە هەموو ڕێگه و نرخێک لە هەوڵدایە ئەو گەڵاڵەیە سەریش بخات؛ نەبوونی گەڵاڵهی ستراتیژیی زلهێزانی جیهانی بۆ چارەسەری قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وای کردووە کە ڕەوتی هەڵسوکەوتی ئەو زلهێزانە تەنیا تاکتیکی بێت. باشترین بەڵگە بۆ ئەو قسەیە، دامەزران و گەشەی حەشدی شەعبی لە عێراق و لەبەرانبەردا لاوازکردن و هەڵوەشانەوەی سوپای عێراق بەبەر چاوی ئەمریکادایە. هیچ عەقلێکی ساغ ناتوانێ قبووڵی ئەوە بکات، کە ئەمریکا ئاگاداری ئەوە نەبووە چەکە قورسەکانی کە بە ناوی سوپای عێراق هاتووە، گەیشتۆتە دەست حەشدی شەعبی و، لەوەیش سەرتر ئەوەیە، ناکرێت بڵێین گەشە و ڕەگ و ڕیشەی حەشد لەبەر چاوی دەزگه ئەمنییەکانی ئەمریکا گوومە و، ئەوان حەشد و بۆچوونەکانی ناناسن. کەوایە، ئەوەی کە حەشد تەنیا بە بیانووی ئەوەی کە شەڕی داعش دەکات، زۆر بەئاسانی دەتوانێ خۆی وەک جێگرەوەی سوپای عێراق دەربخات و چەکوچۆڵی بدرێتێ، تەنیا هۆکاری ئەوەیە کە زلهێزانی جیهان بەتایبەتی ئەمریکا، گەڵاڵەیەکی ستراتیژییان بۆ چارەسەری قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەستدا نییە.
دووەمین نموونەی کە دەکرێت وەک نموونەیەک بۆ نەبوونی ستراتیژیی ئەمریکا بۆ چارەسەری قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەیری بکەین، ڕێککەوتنه لەسەر قەیرانی ناوەکیی کۆماری ئیسلامی؛ لە کاتێکدا کە پێش "بەرجام" (به فارسی: برجام) بە هۆی ئەو گوشارانەی کە لە دەرەنجامی گەمارۆی سیاسی_ ئابووریی کۆمەڵگهی جیهانی هاتبووە سەر ئێران، باشترین دەرفەت بوو هەتا بێ جهنگ پاشەکشە بە ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بکرێت. ئەمریکییەکان ئامادە بوون بەتەنیا لەسەر قەیرانی ناوەکی لەگەڵ ئێران بسازێن؛ سازانێک کە بووە هۆی ئەوەی ئێران باشتر و بەرینتر بتوانێ درێژە بە سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی_ ئێرانی بدات.
سێیەمین نموونەیش بۆ بێستراتیژیبوونی ئەمریکییەکان ئەوەیە کە، بەتەمان لە ڕێگهی ئیمتیازدان بە "حەیدەر عهبادی"، سەرۆککۆماری عێراق، ڕای کێشنە بەرەی خۆیانەوە؛ ئەوە لە کاتێكدایە کە عهبادی نەک هەر لە ڕووی سیاسییەوە بەڵکوو لە ڕووی ئایینییشەوە پەیڕەوی "عەلی خامنەیی" دەکات.
بەکورتی هەموو هەڵسوکەوتەکانی ئەمریکا لە پاش ٢٠٠٧، پێمان دەڵێت ئەو وڵاتە هیچ گەڵاڵەیهكی ستراتیژیی بۆ ئەو قەیرانانە نییە، کە لە پاش ١١ی سێپتهمبهر خۆی لە سازکردنیدا دەستی هەبووە؛ ئەوەیش نزیکترین مانای ئەوەیە کە ئەمریکا لە ڕاستیدا لەگەڵ براوەی گۆڕهپانەکەیە، مەگەر ئەوەی ئاسایشی خۆی لەنێو ئەمریکادا بکەوێتە مەترسییەوە. نەبوونی گەڵاڵەی ستراتیژیک لە لایهن ئەمریکاوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وای کردووە کە دۆستایەتیی ئەمریکا لەگەڵ لایەنێکی لاوازی وەک کورد، کە تەنیا بە هۆی ئەوەی هێزی چەکداری لە گۆڕهپانەکەدا هەیە، ئامادەن لەگەڵی ڕێک بکەون، دۆستایەتییەکی کاتی بێت. سەرەڕای ئەوەیش بەو دەستکیسییە ئاستی باوەڕی ناوەندەکانی بڕیاری ئەمریکا بە کورد دابەزیوە و، ئەوە بەو مانایە کە کوردهکان تەنانەت بە هێزی چەکداری سەرکەوتوویش، ناتوانن لەسەر هاوپەیمانی هەتا سەری ئەمریکا حیساب بکەن. ئەو قەیرانە لە بەردەم هێزەکانی "پەیەدە" لە ڕۆژاوایش هەیە. ئەگەر وەک کورد لەگەڵ خۆمان ڕاست بین و چاوی خۆمان نەبهستین، لە ڕاستیدا پاش ئەو دەستکیسییە، ئێمەی کورد زیاتر وەک هێزێکی بەکرێگیراو لە گۆڕەپانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەیرمان دەکرێت هەتا هێزیک کە بتوانین هاوپەیمانی لایەنێکی تایبەت بین؛ چونكه زۆر هەرزان و زۆر زووتر لەوەی کە بیری لێ دەکراوە، بەرەیەک لە کوردستان مەنزڵی خۆی گواستەوە و چوویهوه بەرهی ئێرانەوە.
دەستکەوتە ناوخۆیییەکانی ئێران لە پەیوەندی بە داگیرکردنی کەرکووک لە لایهن چەکدارانی سەر بە ئێرانەوە چییە؟
لە بەهاری ٢٠١٢وە، ئێران بەفەرمی لەژێر ناوی "پارێزەرانی حەرهم"، واتە پارێزهرانی مەرقەدە پیرۆزەکانی شیعە، بە هەموو شێوەیەک پشتگیری لە ڕژێمی بەشار ئەسەد دەکات و، هەر لەو ساڵەوە ئەم سەردێرە، بوو بە هێمایەک ڕوو بە کۆمەڵگهی ئێران، بۆ ئەوەی ڕژێم پاساو بۆ پشتگیریی خۆی لە گرووپە تیرۆریستەکانی ناوچەکە و ڕژێمی ئەسەد بێنێتەوە. ڕوو بە کۆمەڵگهی ئێران، باسی لەوە دەکرد کە ئەم کەسانەی لە سووریا دەکوژرێن و ئەو پشتگیرییه ئابوورییهی کە لە سووریا و گرووپە تیرۆریستییەکانی وەک حزبوڵڵا دەکرێت، بۆ پاراستنی مەرقەدە پیرۆزەکانی شیعەیە. قەیرانی ئابووری لە ئێران وا کۆمەڵگهی ئێرانی تەنیوە، کە دروشمی پارێزەرانی مەرقەدە پیرۆزەکان بۆ کۆمەڵگهی ئێران کارتێکەریی خۆی لەدەست داوە، یاخود ئامانجی کۆماری ئیسلامی ناپێکێت و، ئەوەیش وای کرد کە وێڕای ئەو دروشمە، دوو باسی گرینگ وەک پاساو بۆ پشتگیریی کۆماری ئیسلامی لە گرووپە تیرۆریستییەکان و ڕژێمی ئەسەد ڕوو بە ناوخۆی ئێران بێتە گۆڕێ: یەکەم باس، بابەتی گەیشتنی ئێرانه بە کەناری دەریای مەدیتەرانە؛ خەونێک کە "عەلی ویلایەتی، لە سەرەتای ٢٠١٤ وەک گەڵاڵەی کۆرووشی هەخامهنشی باسی لێ کرد. دووەمین باسیش پاش بهدهستهوهگرتنی دەسەڵات له لایهن داعشهوه لە عێراق و لە ناوەڕاستی ٢٠١٤دا هاتە گۆڕێ، کە ئەویش بابەتی پاراستنی ئاسایشی ئێران بوو لە ڕێگهی جهنگ لە سووریا و عێراقدا.
بەکورتی، ئەگەر بمانەوێت دیپلۆماسیی گشتیی کۆماری ئیسلامی ڕوو بە ناوخۆ لە ئاست سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانی پۆلێنبەندی بکەین، دەکرێت بڵێین دیپلۆماسیی گشتیی کۆماری ئیسلامی لەو بوارەدا سێ کۆڵەکەی سەرەکیی هەیە:
یەکەم: بەکارهێنانی سۆزی ئایینی
دووەم: بەکارهێنانی هەستی ڕەگەزپەرستیی ئێرانی
سێیەم: چاندنی ترسی نەمانی ئاسایش لە دەروونی تاکی ئێرانیدا
دیپلۆماسیی گشتیی ڕژێم بۆ پاراستنی سیاسەتی شۆڕشی ئیسلامی_ ئێرانی ڕوو بە ناوخۆی ئێران زۆر هەستیار و گرینگە، چونكه لە دۆخی ئێستادا کۆمەڵگهی ئێران لە ڕووی ئابوورییەوە زۆر لەژێر گوشاردایه و، زۆربەی خەڵکی ئێران لەو باوەڕەدان کە ئەوەی بۆتە هۆکاری گوشاری ئابووری لە وڵاتەکەیاندا، ئەوەیە کە ڕژێم داهاتی ئێران، دەدات بە چەکدارانی وڵاتانی تر و تەنانەت لە پاش ساڵی ١٣٨٨تەوە، لە زۆربەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکدا دروشمێک دەگوترێتەوە، ئەوەیش ئەوەیە: "نە غەزە، نە لوبنان، گیانم فیدای ئێران" و، یەکەم مانا و تەنیا مانای ئەو دروشمە ئەوەیە، کە خەڵکی ئێران هاتوونە سەر ئەو باوەڕەی کە سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانی، دۆخی ژیانی ئەوانی تێک داوە و، بۆیەیش لە دژی ئەو سیاسەتە، دروشم دەدن. بەڵام پاش داگیرکردنی کەرکووک، لە ڕاستیدا کۆماری ئیسلامی توانیی وا بە کۆمەڵگهی فارسی بڵێت، کە ئەگەر ئەوان و دەستوپێوەندییەکانی ئەوان نەبانایە، ئەوە کوردستانی باشوور جیا دەبووەوه و، ئەوەیش مانای ئەوەیە کە پاش ئەوێ نۆرەی کوردستانی ڕۆژهەڵات و دابەشکردنی ئێرانە. لە ڕاستیدا داگیرکردنی کەرکووک لە لایهن چەکدارانی سەر بە کۆماری ئیسلامییەوە، ئەو دەرفەتهی دا بە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی، کە لەنێو کۆمەڵگهی فارس وا نیشان بدات کە ئەوان پارێزەری کەڕامەتی ناسیۆنالیزمی ئێرانین. ئەوەیش مانای ئەوەیە کە خەڵکی فارس زیاتر هەستیان ڕوو بە سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی_ ئێرانی دەبزوێ و، ئەوەیش زۆر بە قازانجی لایەنگرانی ئەو سیاسەتهیە.
داگیرکردنی کەرکووک، دەستکەوتێکی تریشی بۆ ناوخۆی ئێران و کۆمەڵگهی فارس هەبووە، ئەوەیش دەستکەوتی هیدرۆپۆلیتیکە. ناوچەی ناوەندی ئێران، پتر لە ١٥ ساڵە لە تەنگژەیەکی بەرفراوانی "بێئاوی"دایە و ئەوەیش مەترسیی خستۆتە سەر ژینگە، پیشە، کشتوکاڵ و تەنانەت دیمۆگرافیی ناوەندی ئێران و، یەکێ لە بەرنامەکانی ئێران ئەوەیە کە ئاوی کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ قەرەبووی کەمئاوی و بێئاویی ناوەندی ئێران بۆ ئەو ناوچەیە ڕاگوێزێ و، بەڵام لێرەدا کوردستانی باشوور، دەکەوێتە بەری خوارووی ئاوی کوردستانی ڕۆژهەڵات و بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان "بەشە ئاوی" هەیە، هەتا ئێستا هیچ ڕێککەوتن و گرێبەستێک لەسەر ئاوی کوردستان لە نێوان عێراق و ئێران، یان لە نێوان کوردستانی باشوور و ئێراندا نییە و، ئهو ئاڵۆزییهی ساز بووه، دەتوانێ وا بکات کە ئێران هەم درهنگتر ئامادە بێت گرێبەست لەسەر "بەشە ئاو" لەگەڵ کوردستانی باشوور، یان عێراق ببەستێ و، هەمیش لە بەستنی هەر چەشنە گرێبەستێکدا باڵادەست بێت.
دەستکەوتەکانی داگیرکردنی کەرکووک بۆ خەونی دەمەداسی شیعە چییە؟
سیاسەتی دەرهکی، کە بنەماکەی لەسەر بڵاوکردنەوە، یان پاراستنی ناسنامهیهک بێت، بە هۆی ئەوەی لە ڕووی ئابوورییەوە تەنیا تێچووی هەیە و هیچ داهاتێکی نییە، وڵاتی خاوەن ئەو سیاسەتە، مەحکوومە بە نەمان و، لە درێژخایەندا سیاسەتەکە خۆی سەری خۆی دەخوات. چونكه ئەگەر ئەو سیاسەتە پێشەوەچوون بەخۆیەوە ببینێ و پەیوەندیی بەرین تەنیا لەسەر پاراستنی شوناس یان بڵاوکردنەوەی ئایدلۆژییەک ساز بكات، لهبهر ئهوهی لە پەیوەندییەکەدا، گرینگترین ئامانج پاراستنی ناسنامهیهکی تایبەتە، ئەوە هەر چەشنە بەرینبوونەوەیەک بە مانای دانانی قورسایییەکی زیاتر لەسەر بناغەی ئابووریی خۆیەتی و، ڕوونە پاشەکشەکردنیشی دیسان بە مانای ئەوەیە کە سیاسەتەکە تووشی شکست و نشست هاتووە.
ئەگەر ئەو بۆچوونە لەسەر سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانی و خەونی دەمەداسی شیعە پیادە بکەین، دەبێت بڵێین کۆماری ئیسلامی لە ٦ ساڵی ڕابردوودا تێچووی جهنگی لە لوبنان، سووریا و یەمەن و، تێچووی دامەزرانی گرووپگەلی وەک فاتمییوون و زهینهبییوون و تێچووی پشتگیری لە حزبوڵڵای لوبنانی داوە. سەرەڕای ئەوەیش لە ناوخۆی ئێران بۆ بڕەودان بە سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانی تێچووی زۆر و جیاوازی داوە؛ هەر لە دامەزراندنی ناوەندی سیاسی و فکری و ڕاگەیاندن بۆ خزمەتکردن بەو بیرۆکەیە، هتا ناردنی هێزی چەکداری و شارەزای سەربازی بۆ ئەو وڵاتانەی کە تێیدا لە جهنگدایە؛ ئەوە هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی کە ئابووریی ئێران بە هۆی گەندەڵیی پێکهاتەمەند (ساختار) و ماوەی ١٠ ساڵ ئابڵووقەی جیهانی و ئابڵووقەی تایبەتی ئەمریکا و سیاسەتی دەرهکی ناسنامهتەوەر، تووشی داڕمانێکی زۆر گەورە هاتووە. لێرەدا ئەگەر سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانی بە شێوازی پێشوو درێژەی هەبێت، ئەو سیاسەتە، خۆی سەری خۆی دەخوات و، ئەگەر تەنانەت کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەیشدا سەر کەوێت، دەبێتە هۆی ئەوەی لە ناوخۆی ئێران لەگەڵ قەیرانی گەورەتر و بەرینتری ئابووری و داتەپینی ئابووری بەرەڕوو ببێت؛ بەڵام پاش داگیرکردنی کەرکووک لە لایهن هێزە چەکدارەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامییەوە، دەرفەتی ئەوە هاتۆتە بەردەمی ئێران کە بتوانێ نەوتی کەرکووک و داهاتی ئەو شارە وەک سەرچاوەی ئابووری بۆ ئامانجەکانی خۆی بەکار بێنێ و، هیچ نهبێ لە کورتخایەندا بتوانێت لە ڕێگهی ئەو دەرفەتەوە سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە شکست ڕزگار بکات و خەونی لەدایکبوونی دەمەداسی شیعە لە فەوتان بپارێزێ.
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین کە ئێران پتر لە ١٥ ساڵە تەنیا توانای ئەوەی هەیە کە ئاژاوە لە وڵاتانی ئیسلامی بنێتەوە و، هەتا ئێستا ئەو ئاژاوەیە نەبووە بە دەسەڵات، بەڵکوو هەر لە چوارچێوەی دزەکردندا ماوەتەوە. داگیرکردنی کەرکووک لە لایهن چەکدارانی سەر بە ئێرانهوە، هەنگاوێک ئێران لەو ئاواتە نزیک کردەوە کە دزەی خۆی لە ناوچەکەدا بەرەو پێگە و دەسەڵات بەرێ؛ بۆیەیش پاشەکشەکردن بە ئێران لە کەرکووک بە مانای ئەوەیە کە، ئێران هەنگاوێک لە خەونەکانی خۆی لە ناوچەکەدا دوور دەکەوێتەوە و ئەگەری شکستی سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕشی زۆر دەکات و، خەونی دەمەداسی شیعە (هیلالی شیعە) دەخاتە ناو سندووقی نەمانەوە.