بۆ ساڵی 2018، عێراق لە بەردەم ئیستحقاقی هەڵبژاردنی پەرلەمانی دەوری خۆیدایە کە وا بڕیارە لە دوانزەی ئایاردا ئەنجام بدرێت. ڕەنگە ڕاڤەکردنی واقعی هەڵبژاردنی ئەم خولە زۆر لە خولەکانی هەڵبژاردنەکانی پێشوو جیاوازتر بێت، چونکە پێشتر واقعی ململانێکان تا ڕاددەیەک ڕوونتر بوو، ناوماڵی شیعە لە دوو هێڵی سەرەکیدا چڕ بووبووەوە، کە لیستی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی "مالکی" و، ڕەوتی سەدر بە ڕابەرایەتیی "موقتەدا سەدر" و، کوردیش خاوەن دوو هێزی سەرەکی بوون کە تا ڕاددەیەک یەکگرتوو بوون کە "پارتی" و "یەکێتی" جووڵێنەری بوون و، هێزە سوننییەکانیش هەرچەندە وەک پێویست یەکگرتوو نەبوون بەڵام خاوەن چەند هێزێکی دیار و چەند کەسایەتییەکی خاوەن مێژوو بوون. بۆیە دەتوانین بڵێین هەر سێ پێکهاتەکەی عێراق خاوەن مەرجەعییەتی سیاسی و ڕەمز و سەرکردەی وا بوون، کە لە هەموو حاڵەتێکدا توانای کۆکردنەوەیان هەبوو لەسەر ئەجێندای پێکهاتن و لێکتێگەیشتن و، لە پاڵ گوشارە دەرەکییەکانیشدا هەمیشە نزیکبوونەوەیان لە یەکدی کارێکی مومکین بوو. بەڵام لە ئێستادا تەنانەت پێکهاتەکانیش لە ناوخۆیاندا بە سەر چەندین ئاراستەی جیاوازدا دابەشبوون، بەتایبەت ناوماڵی شیعە ململانێ و دابەشبوونی زۆری پێوە دیارە و هێزە کوردەکانیش تووشی پەرتەوازەیی بوون و، سوننەکانیش سەڕای یەکنەبوونیان بەدەست چەندین کێشەوە گرفتارن. بۆیە بەپێی ئەم واقعە سیاسییەی ئێستە لە ئارادایە، ئەستەمە بتوانین "دەقاودەق" ڕاڤە و پێشبینیی نەخشەی سیاسیی هەڵبژاردنی ئەم خولەی عێراق بکەین، چونکە بە لەبەرچاوگرتنی واقعی ئەمڕۆی هێز و لایەن و پێکهاتە عێراقییەکان، ئێمە لە بەردەم چەند گۆڕاوێکی نوێداین لەم هەڵبژاردنەدا، کە بەدڵنیایییەوە ڕەنگدانەوەی تەواوی لەسەر کۆی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا دەبێت.
ئێمە لەم نووسینەدا بۆ زیاتر تیشکخستنە سەر بابەتەکە و ڕاڤەکردنی لایەنە جۆربەجۆرەکانی، پێگە و شانسی زۆربەی هێزە دیار و کاریگەرەکانی گۆڕەپانی سیاسیی عێراق لەم هەڵبژاردنەدا لەسەر ئاستی هەر سێ پێکهاتە سەرەکییەکەی عێراق "شیعە و سوننە وکورد" دەخەینە ڕوو .
یەکەم :- هێز و لایەنە شیعییە کاریگەرەکان
1- هێزی حەشدییەکان
ئەمڕۆ لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی داعش لە ڕووى هاوکێشەی سەربازییەوە، هێزیکی کاریگەر لە گۆڕەپانی سیاسی و مەیدانیی عێراقدا هاتووەتە ئاراوە، ئەویش "هێزی حەشدییەکان"ە کە بوونێکی سەربازیی بەهێزیان هەیە و خۆیان بە پاڵەوانی جهنگی داعش دەزانن و لە شەقامی عێراقییشدا وەک فریادڕەسی عێراق خۆیان نمایش دەکەن. لە ڕووى مەزهەبییشەوە پشتئەستوورن بە فەتوای مەرجەعی باڵای شیعە "سهید عهلی سیستانی" لە نەجەف و، خاوەن هەندێک سەرکردەن کە بە سێکۆچکەی حەشدییەکان ناو دەبردرێن ئەوانیش "هادی عامری" و "ئەبومەهدی موهەندس" و "قەیس خهزعەلی"ن. لە پەرلەمانی عێراقیش توانیویانە لە ڕووی ڕێکخستن و ئیمتیازاتەوە دانپێدانانێکی یاسایی بەدەست بهێنن، بە جۆرێک لەژێر چوارچێوەی خەسڵەتی میلیشیایی بیانهێنێتە دەرەوە. لە پاڵ هەموو ئەمانەیشدا، ئەم هێزە بە باسکی دەستوەشێنی هێزێکی گەورەی هەرێمایەتی دادەنرێت کە "كۆماری ئیسلامیی ئێران"ە. لێرەدا پێویستە بزانین هەڵبژاردنەکان بۆ ئەم هێز و گرووپانە چی دەگەیەنێت؟
ئەوەی دەتوانرێ بگوترێ، هێزی حەشدییەکان هەرچەندە جۆرێک لە تێکەڵاوییان لەگەڵ قاعیدەی جەماوەریی هێزە شیعییەکانی تردا پێوە دیارە، بەڵام ئەمانە ئێستا چەند گرووپێکن کە ئەستێرەی بەختیان لە گۆڕەپانی شیعیدا لە درەوشانەدایە. لە بەرانبەردا لە شەقامی سوننی و کوردییشدا هێزیکی مەزهەبیی میلیشیاییی ترسناکن و، لە ڕووى نێودەوڵەتییشەوە بە هەمان شێوە بە چەند گرووپێکی مەزهەبی- تائیفی ناسراون، بۆیە قبووڵکراو نین.
له ئێستادا ئەم هێزانه به مەبەستی بەشداریكردن له كايه سياسيیەكاندا توانيويانه خۆيان له هاوپەيمانیيەتێکی فراواندا ڕێك بخەن و، وەك قەوارەيەکی سياسی بەشداری له هەڵبژاردنەكاندا بكەن؛ بۆ ئەم مەبەستە ئەم هێزانە هاوپەیمانێتییهکیان ڕاگەیاندووە بە ناوی هاوپهیمانێتیی "فەتح"، کە زۆربەی ئەو هێزانە لەخۆ دەگرێت کە حەشدی شەعبییان دروست کردووە کە دیارترینیان بریتییە لە "ڕێکخراوی بەدر" و "عەسائیبی ئەهلی هەق" و ئهنجومهنی باڵای ئیسلامی" (مجلس ئەعلای ئیسلامی)، کە کۆی هەموویان لە هەژدە گرووپ و کوتلە و حزبی سیاسی پێک دێن .
حەشدییەکان زۆر ئارەزووی ئەوە دەکەن لە ڕێگهی ئەم هەڵبژاردنانەوە دەستەبەری تەواوی ئامانجەکانی خۆیان بكهن کە بریتییە لە سەپاندنی دەسەڵات و هێژموونیی تەواوی خۆیان بەسەر هەموو جومگەکانی دەسەڵات لە عێراقدا. لە کاتێکدا ئەم هێژموونییەیان بەڕاستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ، واتە بۆ نموونە لە ڕێگەی "عهبادی" بێت بە شێوەیەکی ناڕاستوخۆ، یان لە ڕێگەی پاڵێوراوێکی ڕاستەوخۆی خۆیان بێت کە یەکێکە لە سێ سەرکردەکانیان. بەو پێیەی ئەم هێزە نمایندەی ستراتیژ و سیاسەتەکانی ئێرانە لە عێراقدا، کار بۆ بنیاتنانی سیستەمێکی سیاسیی جیاوازتر دەکات لەوەی کە ئێستە لە عێراقدا هەیە؛ بەو ئاراستەیەی کە لەگەڵ هەڵوێست و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکەدا هاوتەریب بێت. بەکورتی ئەم هێزە نیوەی زیاتری ئامانجەکانی خۆی بەدەست هێناوە و، نایەوێت دەستکەوتەکانی ئێستای بچێتە گیرفانی هیچ هێز و لایەنێكی ترەوە، بەتایبەتی "دەوڵەتی یاسا و سەدرییەکان و ئهلحهکیم". بۆیە لەم هەڵبژاردنەیشدا لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ دەستەبەرکردنی نیوەی تری ئامانجەکانی، کە وەکوو باسمان کرد دەستەبەرکردن و سەپاندنی دەسەڵاتە لە عێراقدا و، ئەوەیش لەم هێزانە چاوەڕوان دەکرێت کە لە ڕووى ژمارە و ڕێژەوه لەم هەڵبژاردنەدا هێزی پلە یەک بن، بەتایبەتی لەنێو ماڵی شیعیدا.
2- لیستی حزبی دەعوە
جێگەی ئاماژەپێدانە ئەم لیستە لە دوو باڵی سەرەکی پێک دێت کە بەجیا و لە دوو هاوپهیمانێتیی جیاوازدا بەشداریی هەڵبژاردنەکان دەکەن: لیستی "دەوڵەتی یاسا" کە "نووری مالکی" سەرکردایەتیی دەکات و، هاوپهیمانێتیی "نهسر" کە "حەیدەر عهبادی" سەرکردایەتیی دەکات .
لیستی دەوڵەتی یاسا: ئەم لیستە لە ئێستادا زۆرینەی پەرلەمانیی نێو هێز و لایەنە شیعییەکان پێک دێنیت و بۆ ئه م هەڵبژارنه ش هاوپهیمانێتییەکی پێک هێناوە کە لە نۆ لایەن پێک دێت و هەوڵی دروستكردنى زۆرينەيەكی سياسی دەدەن بۆ پێكهێنانی حكوومەت، كه بريتی بێت له چەند هێز و لايەنێكی سياسی (شيعی – سوننی – كوردى) كه بتوانێت لەو ڕێگايەوه بۆ جاری سێیەم نووری ماليكی دەسەڵات بگرێته دەست؛ بۆيه لەو ڕووەوە هەوڵی نزیکی دەدهن لەگەڵ بەشێک لە لایەنە کوردی و سوننییەکاندا بۆ بەدەستهێنانی ئەو زۆرینەیە. بەڵام بە شێوەیەکی گشتی ڕەوشی لەم هەڵبژاردنەدا لە بارێکی باشدا نییە و، دەتوانین بڵیین ڕیژهیهكی زۆری پشتیوانیی لە دەرەوە و ناوەوە لەدەست داوە، بەتایبەتی دوای شکستەکانی فەرمانڕەوایەتیی مالکی لە سەرەتای جەنگی داعشدا. لەسەر ئاستی ناوخۆ لیستی سەرۆکوەزیرانی لێ جیا بووەتەوە و، هێزی حەشدییەکانیش نەک هەر ڕکابەرێکی بەهێزن بۆی، بەڵکوو خۆیان بە ئەڵتەرناتیڤی دەوڵەتی یاسا دەزانن. لە ئاستی دەرەوەیش، بەتایبەتی لە ڕووە هەرێمایەتییەکەوە، ئێستا تەنانەت حزبی دەعوەیش لە پلانی ستراتیژیی ئێراندا حزبی ژمارە یەک و بژاردەی یەکەم نییە و، خودی "مالکی"یش وەکوو کەسی یەکەم سەیر ناکرێت بەڵکوو لە ڕیزی سێیەم و چوارەمەکاندایە. لە لایەکی تریشەوە مالکی پشتگیریی نێودەوڵەتییشی لەدەست داوە، بەتایبەتی ئەمریکییەکان. لەبەر ئەم هۆیانە، هەموو ئەگەرەکان بۆ ئەوە دەچن کە ئەم هێزە، مومکین نییە بتوانێت پێگەی جارانی بەدەست بهێنێتەوە و هێزی پلە یەک بێت لەم هەڵبژاردنەدا .
لیستی حەیدەر عەبادی: زۆربەی ئاماژەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنەکان، ڕووی لەم لیستەیە کە سەرۆکوەزیرانی ئیستا، "عهبادی"، سەرکردایەتیی دەکات، کە بتوانێت بەهێزەوە جارێکی تر سەرۆکایەتیی حکوومەتی عێراق بگرێتەوە دەست. بۆ ئێستا ئەم هێزە پشتگیریی نێودەوڵەتیی باشی هەیە و، لە لایەن وڵاتە هەرێمایەتییەکانیشەوە تا ڕاددەیەک جێگەی ڕەزامەندییە و، بەتایبەت لە لایەن ئێرانیشەوە پشتیوانیی هەیە و، هەمووان بەگشتی پێیان وایە دەتوانرێت دەست و پەنجەی لەگەڵ نەرم بکرێت. لە ناوخۆیشدا، بەتایبەت لە شەقامی شیعیدا خۆی بە پاڵەوانی جەنگی داعش نمایش دەکات و خۆی بە فریادڕەس و پارێزەری خاک و یەکێتی و یەکپارچەییی عێراق دەزانێت و، بۆ حوکمدارییش دروشمی دژەگەندەڵی و چاکسازیى بەرز کردووەتەوە. بەمەیش تا ڕاددەیەک توانیویەتی پارسەنگی هێز بە لای خۆیدا ڕاکێشێت. بەڵام لە لایەکی ترەوە "عهبادی" لە بەرانبەر چەندین ئاستەنگی جددیدایە، چونکە خودی لیستەکەی، خاوەن حزبێکی ڕێکخراو نییە، کە بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن زۆر پێویستە. بۆیە توانای کۆکردنەوە و تەعبیئەکردن (مۆبیلیزهكردن)ی جەماوەری لاوازە و، دەتوانین بڵیین زیاتر لەسەر هەر دەسکەوتێکی تر، کار لەسەر دەستکەوتە کەسییەکانی خۆی دەکات.
لەسەر ئاستی ناوخۆی شیعەیش لە لایەن دەوڵەتی یاساوه ڕکابەریی بەهێزی دەکرێت و، هەڵویستی بەرانبەر حەشدییەکانیش لەژێر گوشاری زۆردایە. هەرچەندە بانگەشەی عێراقیبوون و نیشتمانیبوون و تێپەڕاندنی دیاردەی تائیفی دەکات بەڵام ئەمانە هێشتا هیچ ڕەنگدانەوەیەکی لە واقعدا لێ چاوەڕوان ناکرێت، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە چارەسەرنەکردنی کێشەکانەوە هەیە لەگەڵ کورد و ڕەوشی ناوچەکانی کەرکووک و توزخورماتوو و ناوچە جێناکۆکهكان بەگشتی و لەگەڵ ڕەوشی خراپی ناوچە سوننەکان و نەگەڕانەوەی ئاوارەکان و پرسی بنیاتنانەوەی ناوچەکانیان و، لەسەر ئاستی دەرەوەیش لەنێوان دوو بەرداشی دژبەیەکدایە کە خواستەکانی ئێرانە لە لایەک و، داواکارییەکانی ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە لایەکی ترەوە. بۆیە بەدڵنیایییەوە هەموو ئەمانە ئاریشە و ئاستەنگی گەورەن کە ڕووبەڕووی بەڕێز عهبادی بووەتەوە و، دەتوانین بڵیین هەڕهشەی جددین، بەو ئاراستەیەی کە ڕەنگە نەتوانێت بەتەنیا پارێزگاری لە پێگەی ئێستای خۆی بکاتەوە. بۆ ئەم مەبەستە، دەبینین هاوپەیمانێتییهکی پێک هێناوە کە لە بیست و دوو لایەن پێک هاتووە، لەژێر ناونیشانی "سەرکەوتن و چاکسازی" کە هەوڵی نزیکبوونەوە لە هاوپەیمانێتیی "فەتح" و ڕەوتی "حیکمە"ی سهید عهمار ئهلحهکیم دەدات. بەپێی ئەو ئاماژانەی سەرەوە، هەر دوو باڵی حزبی دەعوە (مالکی و عەبادی)، کێبڕکێ لەسەر لیستی براوەی دووەم و سێیەم دەکەن لەنێو لایەنە شیعییەکاندا .
3- هێزی سەدرییەکان
ئەم هێزە لە بنەڕەتدا ڕەوتێکی عەقائیدی- ئایینییە لە شەقامی شیعیدا. لە چەند ساڵی ڕابردوودا هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بووە، خۆی وەک نوێنهری بەرەی گەل پیشان بدات و، شەقامی بۆ دەربڕینی گوشارەکانی بەرانبەر نەیارەکانی بەکار هێناوە و، هەموو کات وای پیشان داوە کە خاوەن هەڵوێستی نیشتمانییە بەرانبەر سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق و، دژی کهلتووری پشكايەتى (محاصصة) تائیفی و سیاسییە کە لە عێراقدا تا ئێستا پەیڕەو کراوە و، هەمیشە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیدارەکانی ئەمریکا باش نەبووە و، لەگەڵ ئێرانیش هەموو کات پەیوەندییەکانی جێگیر نەبووە. لە ئاست ناوخۆیشدا سەدرییەکان ڕکابەری سەرسەختی ئەزموونی حوکمداریی حزبی دەعوەن، بەتایبەتی باڵی دەوڵەتی یاسای نووری مالکی .
لە ئێستادا بە ناوی "حزب الاستقامە"، کە باڵی سیاسیی ڕەوتی سەدرە، لە هەڵبژاردنی 2018 دا هاوپهیمانێتییەکیان ڕاگەیاندووە بە ناوی "سائیرون"، کە لە پاڵ ڕەوتی سەدر شەش حزب و جووڵانەوە و بزاڤی مەدەنی لەخۆ دەگرێت و تەنانەت حزبی شیوعیی عێراقییشی تێدایە وەک ئاماژەیەک بۆ تێپەڕاندنی تائیفییەت و بەشبەشکاریی دەسەڵات لە عێراقدا. بۆیە ئەم هێزە، ڕایان گەیاندووە کە لەگەڵ لیستەکەی عهبادی و لیستە کوردی و سوننییەکانی تردا کرانەوەیان هەیە. لێرەدا دەتوانین بڵێین کە ئەم ڕەوتە تا ڕاددەیەک بە بەراورد بە هێزەکانی تر خاوەن جەماوەرێکی جێگیرن. هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە لە هەڵبژاردنی ئەم خولە، لە ڕیزبەندی سێیەم یان چوارەم بێت، لە دوای باڵێک، یان هەر دوو باڵەکەی حزبی دەعوەوە .
4- لیستی حیکمە
ئەم لیستە لە بنەڕەتدا لە "ئهنجومهنی باڵای ئیسلامی" جیا بووەتەوە و لە ئێستادا "عهمار حهکیم" ڕابەرایەتیی دەکات کە کەسایەتییەکی دیاری شیعەی عێراقە. بەڵام بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو پێگەی جەماوەرییان لە ئاستی پێویستدا نییە؛ ئهوهیش لە ئەنجامی چەندین حاڵەتی جیابوونەوە و ترازان لە ڕیزەکانیدا و لە چەند ساڵی ڕابردوویشدا وەک هێزیکی بەشدار لە دەسەڵاتدا زۆر کات ڕۆڵی سەرەکیی نەبووە و، بەردەوام کاری لەسەر کەسایەتییەکان و ورووژانی تائیفی و ئایینییەکان کردووە. هەرچەندە بەرانبەر پێکهاتەکانی عێراق هەڵوێستی نەرمتر بووە بە بەراورد بە حزبەکانی تری دەسەڵات، بەڵام هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراقدا نەبووە و، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران بە درێژاییی ساڵانی ڕابردوو باش بووە؛ ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پەیوەندییە مێژوویییەی کە لەگەڵ ئێراندا هەیانبووە و، هاوکات پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکایشدا باش بووە. بۆ هەڵبژاردنەکان لیستی "حیكمه" نەیشاردووەتەوە، کە ئارەزووی ئەوەی هەیە کە لەژێر واجیهەی عهبادی و لیستەکەیدا بەشداریی هاوپهیمانێتی و دەسەڵاتدا بکات لە ئاییندەدا. لیستی حیکمە ئەگەری ئەوەی هەیە کە لەنێو دەنگدەرانی شیعەدا پلەی پێنجەم بەدەست بێنێت.
دووەم: هێز و لایەنە سوننییە دیارەکان
پێکهاتەی سوننە لە دوای پرۆسەی گۆڕانکاری لە عێراقدا لە 2003وە و ئێستایشی لەگەڵدا بێت، لە بێمەرجەعییەتێکی سیاسی و تائیفیی یەکگرتوودا بوونە و، بۆ ئێستایش لە بارێکی قورس و نالەبارتردان چونکە لە پاڵ ئەو ڕەوشەی پێشووتریان، لە ئێستادا شار و شارۆچکەکانیان لە جەنگی داعشدا بەتەواوەتی وێران کراوە و، دانیشتووان و جەماوەرەکەیشیان لە ناوچەکانی تری عێراق و لە دەرەوەی عێراق، لە ئاوارەیی و دەربەدەریدان. هەموو ئەو ناوچانەیش پێویستی بە سەرلەنوێ بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوەی خێرا هەیە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان؛ بێ گومان ئەم کارەیش لەم ماوە کەمەدا کارێکی ئەستەمە. سەرەنجام هەموو ئەم ڕەوش و ڕووداوانە، کاریگەری و ڕەنگدانەوەی تەواوی هەیە لەسەر پێگەی هەموو هێزە سوننییەکان، چونکە هەڵوێستی ئاوارەکان، لە هاوکێشەی هەڵبژاردندا ژمارەیەکی گرنگ دەبێت. بۆیە دەبینین هێزە سوننییەکان لە بنەڕهتدا لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردندا بوون، بەڵام لەگەڵ دیاریکردنی کات و ڕێكهوتی هەڵبژاردن و ئاماژەی حەتمییەتی ئەنجامدانی لە کاتی خۆیدا، ئێستا هێزە سوننییەکان خۆیان لە چەند هاوپەیمانێتییهكدا ڕێک خستووە، کە دیارترینیان بريتيه له "هاوپەیمانيەتیی نیشتمانی (تحالف الوطنية) و هاوپەيمانيەتیی بڕیاری عێراقی (تحالف القرار العراقي)"یە.
2- هاوپەیمانيەتیی نیشتمانی
ئەم هاوپەیمانێتییە وەکوو ئەوەی لە تۆماری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکاندا ئاماژەی پێ دراوە، پێک هاتووە لە بیست و دوو حزب و گرووپی جیاجیای شەقامی عێراقیی سوننی، کە دیارترینیان "کۆنگرەی نیشتمانیی عێراقی"یه، کە "ئەیاد عهلاوی" سەرکردایەتیی دەکات و، تیایدا بەڕێز "سەلیم جبووری" سەرۆکایەتیی گردبوونەیەکی مەدەنی دەکات بۆ چاکسازی و، هەروەها "هاوپهیمانێتیی عەرهبییە"، کە "ساڵح موتڵەگ" سەرۆکایەتیی دەکات. لێرەدا دەتوانین پێناسەی ئەم هاوپهیمانێتییه بکەین بە "هاوپهیمانێتیی میحوەری سوننی"، کە لە هەوڵی ئەوەدان زۆرترین ڕێژە دەنگی دەنگدەرانی عێراق لەم هەڵبژاردنەدا بەدەست بهێنن، بەتایبەتی هەوادارانی حزبی بەعسی هەڵوەشاوە، کە هەندێکیان نزیکن لە "ساڵح موتڵەگ"ەوە لە بەرانبەر هێژموونیی حەشدی شەعبی. ئەم هاوپەیمانێتییە پەیوەندیی باشیان لەگەڵ وڵاتانی سوننی هەیە و پشتگیرییان دەکەن، بەڵام زۆربەی چاودێران وای دەبینن بە بەراورد بە هەڵوێست و بۆچوونی ئەم لایەنانە لە ڕابردوودا، ئەگەری ئەوە هەیە ئەم هاوپەیمانێتییە وەکوو خۆی نەمێنێتەوە و تووشی ڕاکشان و داکشانی هێزەکانی تر ببێتەوە، بەڵام بۆ ئێستە بە هاوپەیمانێتیی فراوان و یەکەمی سوننەکان لە عێراقدا دادەنرێت.
2- هاوپەیمانەتیی بڕیاری عێراقی
ئەم هاوپەیمانێتییە لە یازدە حزب و بزوتنەوە پێک هاتوون کە دیارترینیان لیستی "موتهحیدون"ه، کە "ئوسامە نوجەیفی" سەرکردایەتیی دهكات و، حزبی "پرۆژهی عهرهبی" (مشروع العربی)، کە "خهمیس خهنجەر" سەرکردایەتیی دەکات، کە لەگەڵ چەند کەسایەتییەکی دیاری تر، وەک "سەلمان جومەیلی" و "زافر ئهلعانی" و "ئەحمەد ئهلمساری"، زیاتر نوێنەرایەتیی شاری مووسڵ و ئەنبار و بەشێکی سەڵاحەددین دەکەن، کە وا چاوەڕوان دەکرێت لیستی دووەمی دەنگدەرانی سوننە بن لەم هەڵبژاردنەدا لە دوای هاوپەیمانێتیی نیشتمانییە .لەگەڵ بوونی چەند لیست و قەوارەیەکی تر وەکوو لیستی "جەمال کەربولی" و لیستی عەرەبەکانی کەرکووک، کە ئەمانیش لە شەقامی عەرەبی سوننیدا، چاوەڕوان دەکرێت بە چەند ڕێژەیەکی جیاواز لە پەرلەمانی داهاتوودا کورسیی پەرلەمانی بەدەست بهێنن .
سێیەم: هێزە و لایەنە کوردییەکان
بۆ ئەمڕۆ پێگەی هێزە کوردییەکان و هەڵوێستی سیاسی و ڕەوشی مەیدانیی ناوچەکانیان گۆڕانکاریی بنەڕەتیی بەسەردا هاتووە، بەتایبەتی دوای ڕووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەری 2017 و ئەنجامدانی ڕیفراندۆمهكەی هەرێمی کوردستان لە 25ی ئەیلوولی 2017، کە ڕەنگدانەوەی تەواوی لەسەر پێگە و پەیوەندی و هەڵویستی لایەنە کوردییەکان لەم هەڵبژاردنەدا هەیە، چونکە هێزە کوردییەکان لە ئێستادا یەکگرتوو نین و، ڕەنگە زەحمەتیش بێت بەئاسانی لەسەر ئەجێندایەکی هاوبەش ڕێک بکەون؛ بەتایبەتی ئەم ڕووداوانە جۆرێک لێکترازان و پەرتەوازەییی بەرهەم هێناوە کە کورد نەتوانێت وەک خولەکانی ڕابردووی هەڵبژاردن کاراکتەری سەرەکی، یاخود لایەنی دەستپێشخەر بێت لەناو پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا. لە پاڵ ئەمانەیشدا هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی چەندین کێشەی جددی بووەتەوە، لەوانە: ڕەوشی ناوچە جێناکۆکەکان لە کەرکووک و ناوچەکانی ترەوە، پرۆسەی گفتوگۆ لە گەڵ بەغدا کە تا ئێستایش بەفەرمی دەستی پێ نەکردووە و پێشبینیی ئەنجامی باشیشی لێ ناکرێت، بە لایەنی کەمەوە لە پێش هەڵبژاردن؛ سەرەڕای خراپیی باری داراییی هەرێم وکێشەی مووچەی فەرمانبەران و بژێوی هاووڵاتیان. لە هەمان کاتدا هەرێمی کوردستان لە بەردەم ئیستحقاقی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی هەرێم و پەرلەمانی خۆیدایە کە تا ئیستا نەتوانراوە کات و ڕێكهوت و ئەنجامدانی یەکلایی بکرێتەوە. لەگەڵ ئەوەیشدا پەیوەندییەکانی هەرێم لە دوای ئەم ڕووداوانە لە ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیدا زیانی ڕاستەقینەی بەرکەوت، کە تا ئێستایش سەرەڕای بەردەوامیی هەوڵەکان بە ئاراستەی باشبوونی پەیوەندییەکان، بەڵام ڕێچکەی جارانی خۆی وەرنەگرتووتەوە؛ کە ڕەنگە هەموو ئەمانە وێنای ئەو واقعە بێت کە ڕووبەڕووی کۆی هێز و لایەنە سیاسییە کوردییەکان بووهتەوە لە پێش هەڵبژاردندا، کە بۆ کورد دۆخی هەڵبژاردنی عێراق، ڕەنگە لە هەموو لایەنەکانی تر ئالۆزتر بێت بە بەراورد بە ناتەندروستیی فاکتەری ناوخۆیی "کوردی-کوردی"یەوە، "هەرێم–بهغدا"وە، فاکتەری دەرەکی "هەرێم – وڵاتانی هەریمایەتیی ئێران و تورکیا و وڵاتانی تری نێودەوڵەتی)؛ هەروەها فاکتەری خراپیی بژێوی و ئابووری کە بهغدا وەکوو کارتی گوشار هەمیشە بەکاری هێناوە ..
لێرەدا ئەوەی پەیوەستە بە قەوارە و لیستە کوردییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەم خولە، بەم شێوەیەی لای خوارەیە:
لیستی نیشتمان (بزوتنەوەی گۆڕان – کۆمەڵی ئیسلامی– هاوپهیمانێتیی دیموکراتی و دادپەروەریی د. بەرهەم،
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردوستان.
لیستی نەوەی نوێ
ئەمەی سەرەوە تێکڕای ئەو قەوارە کوردییانەن کە چاوەڕوان دەکرێت بە ڕێژەی جیاجیا دەنگی هاووڵاتیانی کورد بەدەست بهێنن، بەتایبەتی بەپێی ئەو ڕیزبەندییەی کە لە سەرەوە دیاری کراوە. شایەنی باسە ژمارەی کورسییەکانی کورد تا ڕاددەیهک جێگیرە، بەتایبەت لە هەر سێ پارێزگهی هەلێر و دهۆک و سلێمانی-هەڵهبجە. ڕەنگە چەند گۆڕانکارییەکی نەرێنی لە ناوچە جێناکۆکەکان ڕوو بدات، کە ئەوانیش زۆر کاریگەریی ئەوتۆی نابێت، بەڵام ئەوەی جێگهی نیگەرانییە، کورد وەک جاران لە مامهڵەکردنیان لەگەڵ بەغدا یەکهەڵوێست نین. ئەوەی دەمێنیتەوە سەبارەت بە پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی تری عێراق وەک تورکمان و مەسیحییەکان و کەمایەتییەکانی تری بەشدار لە هەڵبژاردن کە بەدڵنیایییەوە ئەمانە کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لەسەر نەخشەی سیاسیی گشتی لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا نابێت، بەڵام ڕەنگە هەندێک کاریگەریی جوگرافی و ناوچەیییان هەبێت کە دیارترینیان لیستی "جەبهەی تورکمانی" لە پارێزگهی کەرکووک و لیستی مەسیحییەکان و کەمینەکانی تر، کە ڕێژەیەکی کەمە و بە سیستەمی کۆتا سەر دەکەون .
پوختە
١- هەموو کوتلە عێراقییە کاریگەرەکان، هەڵگری ترسێکن و باوەڕی تەواویان بە حزب و قەوارەکانیان نییە، بۆیە ناتوانن سەرکێشیی ئەوە بکەن بەتەنیا بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن. بۆ ئەم مەبەستە، پەنا بۆ دروستکردنی هاوپەیمانێتیکردن دەبەن لەگەڵ زۆرترین حزب و گرووپ و کەسایەتیی کۆمەڵایەتی و عەشائیرییەکان، تاوەکوو لەم ڕێگەیەوە زۆرترین پاڵپشتی بۆ خۆیان کۆ بکەنەوە و یاخود لە کاتێکدا دەرەنجامی باشیان بەدەست نەهێنا، شکستەکانیان بشارنەوە، چونکە بە بڕوای ئێمە و بەپێی ئەو دابەشبوونە زۆرەی کە دەیبینین، پێشبینی ناکرێت هیچ هاوپەیمانێتییەک لە باشترین حاڵەتدا بتوانێت زیاتر لە (40) کورسی لە پەرلەمانی عێراقدا بەدەست بهێنێت .