هه‌ستیار ئەسعەد، مامۆستا له زانكۆی به‌یان- هه‌ولێر/ ماسته‌ر له په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان
ده‌ستپێك
له سه‌روبه‌ندی كێشه و قه‌یرانی سووریا له ساڵی 2011وه تاكوو ئه‌مڕۆ، پارادۆكسێك له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا به‌رامبه‌ر ڕووداو و پێشهاته‌كانی توركیا ده‌بینرێت. ڕه‌فتاره‌كانی توركیا له‌مه‌ڕ پرسی مانه‌وه و نه‌مانه‌وه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د له ده‌سه‌ڵات له ئێستادا نه‌ك هه‌ر كاڵ بووه‌ته‌وه، به‌ڵكوو هه‌ر باسیشی له‌باره‌یه‌وه ناكرێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌یش توركیا، ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی و مه‌رامه‌كانی خۆی له سووریا به‌كار ده‌هێنێ. له لایه‌كه‌وه، توركیا پاڵپشتی له خواسته‌كانی به‌ره‌ی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا ده‌كات له گفتۆگۆكانی سووچی و ئه‌ستانه و جنێڤ، له لایه‌كی تره‌وه له گۆڕه‌پانی سووریادا له پێناو مه‌رامه‌كانی خۆیدا، وه‌ك یاریزانێكی شه‌تڕه‌نج جێگۆڕكێ و پاشه‌كشه‌یان پێ ده‌كات. توركیای سه‌رده‌می ئه‌ردۆغان زۆر جیاوازتره له‌و توركیایه‌ی كه هاوپه‌یمانی ڕۆژاوا و ناتۆ و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان بوو. به‌هاری عه‌ره‌بی و قه‌یرانی سووریا ته‌كانێكی گه‌وره‌ی به ڕه‌فتاره‌كانی توركیا له به‌رامبه‌ر دۆست و دوژمنه‌كانی له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یدا هێناوه‌ته كایه‌وه، به جۆرێك دۆستی سه‌ده‌ی بیست و جه‌نگی سارد كه "ئه‌مریكا"یه، خه‌ریكه ببێته نه‌یاری ئه‌و وڵاته له سه‌ده‌ی بیست و یه‌كدا.
جێگۆڕكێی نێوان دۆست و دوژمن له دیدی توركیا: ئه‌مریكا و ڕووسیا
نزیكبوونه‌وه‌ی توركیا له ڕووسیای نه‌یاری ئه‌مریكا، هۆكاره‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ قه‌یرانی سووریا، كه تیایدا پاڵپشتیی ئه‌مریكا بۆ كوردانی ڕۆژاوا، به‌تایبه‌ت هه‌سه‌ده، توركیای ناچار به گۆڕینی ئاراسته‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه كردووه كه له خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌ندیی ڕووسیادا هه‌نگاو بنێ. بۆیه ئه‌م دوو وڵاته-ئه‌مریكا و توركیا- له گوفتاره‌كانیاندا دۆست و، له ڕه‌فتاره‌كانیان نه‌یاری یه‌كترن. به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه، ڕووسیا و توركیا، سه‌ره‌ڕای جیاوازییان له‌مه‌ڕ چاره‌سه‌ری بۆ قه‌یرانی سووریا، به‌ڵام له ڕووی كردارییه‌وه وه‌ك دوو دۆست و كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی له گفتۆگۆكاندا، به‌رنامه‌ڕێژی بۆ پرسی ڕاده‌ستكردن و بنده‌ستخستنی ناوچه‌كانی جه‌نگ له نێوان ئۆپۆزیسیۆن و حكوومه‌تی سووریادا ده‌كه‌ن؛ به جۆرێك توركیا له پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیدا، له گفتۆگۆكاندا ملكه‌چبوونێكی زۆری به ئۆپۆزیسیۆنی سووریا كردووه. به شێوه‌یه‌ك ناوچه‌یه‌كی به‌رفراوانی ژێرده‌سه‌ڵاتی ئۆپۆزیسیۆن به نێوه‌ندگیریی ڕووسیا ڕاده‌ستی هێزه‌كانی ڕژێمی سووریا كراوه‌ته‌وه؛ به واتای ئه‌وه‌ی سنووری ده‌سه‌ڵاتی ڕووسیا و هێژموونی له به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مریكا كه خۆی له ڕۆژهه‌ڵاتی فورات و ڕۆژاوای كوردستان ده‌بینێته‌وه، به‌رفراوانتر بووه.
مۆدێلی چه‌ك و كه‌رە (Guns and butter Model)
چه‌ك و كه‌ره له ئابووریی گشتیدا (ماكرۆئیكۆنۆمیك/ (Macroeconomic وه‌ك دوو به‌رهه‌می پێچه‌وانه‌ن، كه ئاماژه‌یه‌كه بۆ وه‌به‌رهێنانی ده‌وڵه‌ت له به‌رگریی نه‌ته‌وه‌یی و وه‌به‌رهێنانی ده‌وڵه‌ت له خزمه‌تگوزاریی ناو‌خۆییدا. به شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌م مۆدێله‌ی "چه‌ك و كه‌ره" له خه‌رجیی نیشتمانی، وه‌ك به‌شێك له كۆی گشتیی به‌رهه‌می ناو‌خۆیی سه‌یر ده‌كرێت. بۆیه ده‌بێت ده‌وڵه‌ت یه‌كێك له‌م دووانه هه‌ڵبژێرێت، به‌ڵام كاتێ خه‌رجیی سه‌رچاوه‌كانی سنووردار بێت، ده‌بێت ده‌وڵه‌ت دڵنیا بێت كه كامه‌یان هه‌ڵبژێرێت. له‌وانه‌یشه ده‌وڵه‌ت بتوانێ هه‌ردووكیان بكڕێت؛ هه‌م چه‌ك، هه‌م كه‌ره.
له ساڵانی په‌نجاكاندا، كاتێ "جه‌مال عه‌بدولناسر" وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی له نیشتمانی عه‌ره‌بیدا ڕۆڵی ده‌گێڕا، "كێشه‌ی نۆكه‌ندی سوێس" و "پرسی زایۆنیزم و داگیركاریی ئیسڕائیل له‌سه‌ر خاكی فه‌ڵه‌ستین" كێشه‌ی هه‌ره سه‌ره‌كیی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بوو. ناسر ئاواته‌خواز بوو هه‌م چه‌ك، هه‌م كه‌ره، له وڵاتانی ڕۆژاوا، به‌تایبه‌ت ئه‌مریكا، به‌ده‌ست بهێنێ، به‌ڵام پێدانی چه‌ك بۆ میسر وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك بۆ سه‌ر ئاسایشی ئیسڕائیل ده‌بینرا؛ بۆیه وڵاتانی ڕۆژاوا ئه‌م هه‌ڵه‌یان نه‌ده‌كرد كه میسر پڕچه‌ك بكه‌ن. بۆیه ناسر ڕووی كرده بلۆكی كۆمیونیستی و، له ڕێگه‌ی یه‌كێتیی سۆڤیه‌تی پێشووه‌وه چه‌كی پێشكه‌وتووی كڕی. پاشان جه‌مال عه‌بدولناسر له لایه‌ن ڕۆژاواوه ڕووبه‌ڕووی جۆرێك له ئابڵووقه بووه‌وه؛ پرۆژه‌ی به‌رزه‌به‌نداوی ئه‌سوان له‌و سه‌رده‌مه‌دا خه‌ریكی دیزاینكردن بوو، كه به ته‌واوبوونی ئه‌م پرۆژه‌یه ئابووری و كۆمه‌ڵگه‌ی میسر ده‌چووه قۆناغێكی تره‌وه؛ پڕۆژه‌یه‌ك كه 860000 هێكتار زه‌ویی كشتوكاڵیی ده‌گرته‌وه و ده‌یتوانی به ئاراسته‌ی باشووری سوودان له ڕووباری نیل سوودمه‌ند بێ و، كاره‌با بۆ پیشه‌سازیی كشتوكاڵی دابین بكات و بژێو‌ی ژیانی خه‌ڵكانێك ده‌سته‌به‌ر بكات. ئه‌مریكا و بریتانیا بۆ بنیاتنانی ئه‌م پرۆژه‌یه گفتی یارمه‌تیی دارایی‌یان دا، به پێدانی قه‌رز به بڕی 270 ملیۆن دۆلار. ئه‌مریكا وه‌ك پێشه‌كی، 56 ملیۆن دۆلار و بر‌یتانیایش 14 ملیۆن دۆلاری به‌خشی، له پێناو ئه‌وه‌ی كه ناسر له لایه‌كه‌وه چاره‌سه‌ری بۆ كێشه‌ی فه‌ڵه‌ستین و ئیسڕائیل بدۆزێته‌وه و، له لایه‌كی تریشه‌وه ڕێگرییش له بڵاوبوونه‌وه‌ی بیری كۆمیونیستی و فراوانخوازیی یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بكات؛ چونكه له‌و سه‌رده‌مدا ناسر ڕابه‌رایه‌تیی ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بیی ده‌كرد، به‌ڵام ناسر پێی وابوو ده‌توانێ هه‌م ئه‌مریكا و هه‌م یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی میسر و عه‌ره‌ب به‌كار بهێنێت. له‌و كاته‌ی كه ده‌ستی كرد به كڕینی چه‌ك له یه‌كێتیی سۆڤیه‌تی پێشوو، هه‌ر یه‌كه له ئه‌مریكا و بریتانیا یاره‌مه‌تییه‌كانیان بۆ ئه‌م پرۆژه‌یه ڕاگرت.
چه‌ك به‌بێ كه‌ره: توركیا و كڕینی دژه‌مووشه‌كی S400 له ڕووسیا
له ڕابردوودا، توركیا وه‌ك هاوپه‌یمانی ڕۆژاوا و ئه‌ندامی ناتۆ، "هه‌م چه‌ك و هه‌م كه‌ره"ی بۆ دابین كراوه و، یه‌یوه‌ندییه‌كی ئابووریی تۆكمه‌ی له‌گه‌ڵ وڵاتانی ڕۆژاوا و ئه‌مریكادا هه‌یه. له ئێستادا توركیا خه‌ریكی كڕینی دژه‌مووشه‌كی S400 ه له ڕووسیا. ئه‌م سه‌ودایه‌ی توركیا له‌گه‌ڵ ڕووسیادا، له لایه‌كه‌وه ته‌واو پێچه‌وانه‌ی بنه‌ماكانی هاوپه‌یمانیی ناتۆیه، له لایه‌كی تره‌وه شكاندنی ئه‌و ئابڵووقه‌یه‌یه كه ئه‌مریكا و ڕۆژاوا خستوویانه‌ته سه‌ر ڕووسیا. ئه‌مه له كاتێكدا كه هیچ میكانیزمێك نییه بۆ ده‌ركردنی هیچ ئه‌ندامێك له ڕێكخراوی ناتۆ. له هه‌مان كاتدا، ئه‌مریكا خه‌ریكه له ماوه‌یه‌كی نزیكدا پێشكه‌وتووترین فڕۆكه‌ی جه‌نگیی F35 بدات به توركیا؛ به‌ڵام ئه‌م سه‌ودا و كڕینه‌ی دژه‌مووشه‌كی ڕووسی، هاوكێشه‌كه‌ی ئاڵۆز كردووه. ئه‌م ڕه‌فتاره‌ی توركیا هه‌م كاردانه‌وه‌یه‌كه به‌رامبه‌ر پاڵپشتییه‌كانی ئه‌مریكا له هێزه‌كانی هه‌سه‌ده له سووریا، هه‌م تۆكمه‌كردنی ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌یه كه توركیا له‌گه‌ڵ ئێران و ڕووسیا له‌مه‌ڕ چاره‌سه‌ری بۆ قه‌یرانی سووریا پێكیان هێناوه.
سه‌ره‌ڕای هه‌ماهه‌نگی له نێوان ئه‌مریكا و ڕووسیا دژ به داعش بۆ دوو خواستی جیاواز، به‌ڵام ململانێی نێوان ئه‌م دوو زلهێزه‌ی جیهان له سووریادا بۆ به‌رته‌سككردنه‌وه و هێژموونخوازی له به‌رامبه‌ر یه‌كتریدا، له سه‌رانسه‌ری جیهان و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، به‌تایبه‌ت له سووریادا به‌ته‌واوی ده‌بینرێت. بۆیه دانانی دژه‌مووشه‌كی هه‌ر زلهێزێك له‌سه‌ر خاكی هه‌ر وڵاتێك، به واتای سنوورداركردنی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وی تره له ناوچه‌كه‌دا. به كڕینی دژه‌مووشه‌كی S400ی ڕووسی له لایه‌ن توركیا و دامه‌زراندنی ئه‌م سیسته‌مه له توركیا، به واتای به‌رته‌سكبوونه‌وه‌ی هێژموونی ئه‌مریكا و ڕۆژاوایه له ناوچه‌كه‌دا؛ ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كڕینی ئه‌م مووشه‌كه، دوو ملیار و نیو دۆلاری ئه‌مریكی تێچووه‌كه‌یه‌تی، كه ئه‌مه‌یش شكاندنی ئه‌و ئابڵووقه ئابوورییه‌یه كه ئه‌مریكا و ڕۆژاوا خستوویانه‌ته سه‌ر ڕووسیا.
ئه‌مریكا و وڵاتانی ڕۆژاوا ئێستا له به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌دان له به‌رامبه‌ر توركیا! یان ئه‌وه‌تا ده‌بێت دڵی ڕه‌نجاوی توركیا ئاشت بكه‌نه‌وه و هه‌ندێ ته‌نازولاتی بۆ بكه‌ن و خواسته‌كانی به‌جێ بهێنن، كه به‌ر له هه‌موو شتێك وه‌ستاندنی هاوكاریی سه‌ربازی و پاڵپشتییه‌كانی ئه‌مریكایه له هێزه‌كانی هه‌سه‌ده و، دواتر ڕێگه‌دانه به توركیا بۆ ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی بۆ سه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتی فورات و منبج به‌تایبه‌ت و، له‌ناوبردنی ده‌سه‌ڵاتی هه‌سه‌ده‌یه له ڕۆژاوای كوردستان، ئه‌گه‌ر نا، دامه‌زراندنی "ناوچه‌ی ئارام" به سه‌رپه‌رشتیی توركیا. كه‌چی جێبه‌جێكردنی هه‌ر یه‌ك له‌م داخوازییانه‌ی توركیا، ناتوانێ سه‌ودا و كڕینی دژه‌مووشه‌كی ڕووسی پاشگه‌ز بكاته‌وه، چونكه په‌شیمانبوونه‌وه‌ی، زیانێكی داراییی گه‌وره به توركیا ده‌گه‌یه‌نێت؛ ئه‌مه سه‌ره‌ڕای له‌ده‌ستدانی متمانه له به‌رامبه‌ر ڕووسیا.
ئه‌مریكا به‌رده‌وام توركیای له كڕینی ئه‌م دژه‌مووشه‌كه ئاگادار كردۆته‌وه، كه گرژیی خستۆته نێوان ئه‌م دوو وڵاته و، هه‌ڕه‌شه‌ی تێكشكاندنی ئابووریی توركیا له لایه‌ن ئه‌مریكاوه پرسێكی كراوه‌یه. سه‌رۆكی ئه‌مریكا، دۆناڵد ترا‌مپ، هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌پاندنی سزای ئابووریی سه‌ر توركیا وه‌ك چه‌كێك به‌رامبه‌ر كڕینی دژه‌مووشه‌كی ڕووسی به‌كار دێنێت، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌مه كار ده‌كاته سه‌ر "هه‌م پێنه‌دانی چه‌ك، هه‌م پێنه‌دانی كه‌ره" به توركیا له لایه‌ن وڵاتانی ڕۆژاواوه. به‌مه‌یش توركیا ده‌كه‌وێته نێو بارێكی ئابووریی سه‌خته‌وه كه ئاسته‌مه به‌رگه بگرێت، چونكه ته‌نیا به هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌مریكا له پرسی ئازادكردنی قه‌شه ئه‌ندرسۆن له ساڵی ڕابردوودا، به‌های لیره‌ی توركی به شێوه‌یه‌ك دابه‌زی، كه كاریگه‌ریی خسته سه‌ر بارودۆخی ئابووریی ئه‌م وڵاته. تۆ بڵێی ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا به شێوه‌یه‌كی جددی ئابڵووقه بخاته سه‌ر توركیا، بارودۆخی ئه‌م وڵاته چیی لێ بێت؟ ئایا ڕووسیا ده‌بێته فریادڕه‌سی باری ئابووریی توركیا و جێگه‌ی ڕۆژاوا بۆ توركیا بگرێته‌وه؟ یان ئه‌وه‌تا توركیا په‌شیمان ده‌بێته‌وه و یاری به ئاگر ناكات و خۆی له تووڕه‌ییی ئه‌مریكا و ڕۆژاوا به‌دوور ده‌گرێت و "زه‌ره‌ر له نیوه‌یش بگه‌ڕێته‌وه، هه‌ر قازانجه" په‌یڕه‌و ده‌كات و، له كڕینی ئه‌م دژه‌مووشه‌كه په‌شیمان ده‌بێته‌وه و، ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان وانه‌یه‌ك له جه‌ماڵ عه‌بدولناسر وه‌رده‌گرێ و توركیا ناخاته نێو ته‌نگه‌ژه‌یه‌كی ئابووریی درێژخایه‌نه‌وه و هاوپه‌یمانه‌كانی سه‌ده‌ی بیست ناڕه‌نجینێ؟
كۆبه‌ند: له‌م بابه‌ته‌دا، ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێ كه توركیا هێنده‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و ئه‌وروپادا یه‌كانگیر ده‌بێته‌وه، هێنده له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانێتییه نوێیه‌كه‌ی، واته ڕووسیا و ئێران و سووریا، ئاوێته نابێت. ترسی توركیا له گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌كه، به‌تایبه‌ت له به‌هێزبوونی پێگه‌ی كوردانی ڕۆژاوا و، دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌زموونێكی هاوشێوه‌ی هه‌رێمی كوردستان و، هه‌روه‌ها به‌رفراوانبوونی ده‌سه‌ڵاتی كورد، كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆ له‌سه‌ر سه‌روه‌ریی توركیا دروست ده‌كات؛ به جۆرێك توركیا وه‌ك وڵاتێكی دیموكرات یاخود گوزه‌ر به‌ره‌و دیموكراسی، ده‌بێت ڕێز له بنه‌ماكانی دیموكراسی بگرێت و له داهاتوودا ناچار بێت دان به مافی كورد له باكووری كوردستاندا بنێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌یش، توركیا هه‌ست ده‌كات ئه‌مریكا وه‌ك ئه‌ڵته‌رناتیڤێك بۆ توركیا سه‌یری هێزه‌كانی هه‌سه‌ده ده‌كات و، توركیا له كێشه و گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌كه كه‌نارگیر كراوه، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ی هێزه‌كانی هه‌سه‌ده به هاوپه‌یمانیی ئه‌مریكا و ڕۆژاوا له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش و كۆتاییهێنان به ده‌سه‌ڵاتی خه‌لافه‌تی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له دوا مۆڵگه‌یان له باهۆز. وه‌ك په‌رچه‌كردارێك له به‌رامبه‌ر ئه‌م پاڵپشتییه‌ی ئه‌مریكا بۆ هێزه‌كانی هه‌سه‌ده، سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا به ئاراسته‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ڕووسیا له ناوچه‌كه‌دا هه‌نگاوی ناوه، به جۆرێك خه‌ریكه ڕووسیا ده‌بێته ئه‌ڵته‌رناتیڤێك بۆ توركیا؛ به‌تایبه‌ت دوای پرسی كڕینی دژه‌مووشه‌كی به‌رگریی S400ی، كه ئه‌مه‌یش پێچه‌وانه‌ی پره‌نسیپه‌كانی هاوپه‌یمانیی ناتۆ و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا و ڕۆژاوایه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی توركیا "چه‌ك و كه‌ره"ی له لایه‌ن ڕۆژاواوه بۆ دابین ده‌كرێ، به‌ڵام ڕه‌فتاره‌كانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا، قه‌یرانی ئابووری و سیاسی له‌سه‌ر ئاستی ناو‌خۆیی و نێوده‌وڵه‌تی قووڵتر ده‌كاته‌وه و، ئابووریی توركیا به‌رگه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی ئه‌مریكا و پچڕانی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ڕۆژاوا ناگرێت و ڕووسیایش ناتوانێ ئه‌و بۆشایییه پڕ بكاته‌وه و ببێته فریادڕه‌س.