ستراتیژیی ویلایەتە یەكگرتووەکانی ئەمریکا بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران

شاگوڵ موسڵح ئەنوەر، خوێندکاری قۆناغی چوارەمی بەشی زانستە سیاسییەکان لە زانکوی سەڵاحەددین

جیهانی ئەمڕۆ، جیهانێکە کە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان تێیدا لەسەر بنەمای توانای ستراتیژییەتی دەوڵەتان ڕێک دەخرێت نەک لەسەر بنەمای توانای کلاسیکی؛ واتە تا چ ئاستێک هەر دەوڵەتێک لە توانای سەربازی، ئابووری و دیپلۆماسی و پێگەی جیۆسیاسی بەهرەمەندە. لەم بابەتەدا هەوڵ دەدەین، تیشک بخەینە سەر زاراوەی ستراتیژی و ستراتیژییەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەمبەر کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم ماوەی دواییدا.

زاراوەی ستراتیژی (Strategy) لە وشەی  یۆنانیی strategós  هاتووە، کە لە بنەڕەتدا بە واتای "پاڵەوانی مەیدان یان فەرماندەی لەشکری" دێت. وشەی stratoیش واتاکەی "سوپا"یە؛ بۆیە لە پێشتردا زاراوەی ستراتیژی، تایبەت بووە بە بواری لەشکری و بە مانای بەرپەرچدانەوە (ردع) بەکاریان هێناوە، بەڵام لە سەردەمی ئێستادا بوارەکانی ستراتیژی زۆرن وەکوو: لەشکری، سیاسی، ئابووری و دیپلۆماسی. لە لایەکی ترەوە ئەم چەمکە وەک داڕشتنی پلانی درێژخایەن بۆ وڵاتێک یان کەرتێک بەکار دێت بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراو لە ڕێگەی گرتنەبەری کۆمەڵێک ئامراز.

ململانێی نێوان ئیدارەی ئەمریکا و حکوومەتی ئێران

ناوچەی کەنداو وەکوو یەکێک لە ناوچەکانی گرنگی جیۆپۆلیتیک لە جیهاندا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە قەڵەم دەدرێت؛ هاوکات یەکێک لە قەیران-خوڵقێنترین و قەیراناویترین ناوچەکانی جیهانیشە. لە دوای نەمانی یەکێتیی سۆڤیەت و بەتایبەتیش لە دوای ڕووداوەکانی ساڵی (۲۰۰۱)، ناوچەکە بوو بە مەڵبەندی جەرگەی ستراتیژیی ئەمریکا. ئەمەیش مانای وایە کە سیاسەتمەدارانی ئەمریکا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان و کۆنترۆڵکردنی ئەم ناوچەیە، ئامادەن ڕاستەخۆ بچنە نێو هەر جۆرە جەنگێکه‌وه‌. ئه‌وان بۆ هەر جۆرە جەنگێک ئامادەن. لە دیدی ستراتیژیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا، ئەگەر نەیارەکانی، ناوچەی کەنداو کۆنتڕۆڵ بکەن، ئەوا هاوسەنگیی هێزی نێودەوڵەتی بە حوکمی قورسیاییی ستراتیژی و نەوتی کەنداو، لە بەرژەوەندیی نەیارەکانی دەگۆڕێت. لەم سۆنگەیەوە جه‌نگی ئازادکردنی کوێت و جه‌نگی ڕژێمی سەددام لە لایەن ئەم دەوڵەتەوە هەڵگیرسا؛ ئەویش لە پێناو کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی عێراق و زامنکردنی ئەوەی کە دەوڵەتان بچنە ژێر باری ئەمریکا.

حاڵی حازر، ئەمریکا لە ململانێیەکی تونددایە لەگەڵ ئێران لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەی کەنداوی عەرەبی/فارسی. کێشەی نێوان ئەمریکا و ئێران بووتە تەوەری سەرەکیی زۆربەی کۆنفرانسەکانی دۆناڵد ترامپ و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرکردەکانی جیهاندا. لێرەدا ئەمریکا جەخت لەسەر هەمان ستراتیژییەت دەکاتەوە کە لە سەردەمی "کلینتۆن"دا ڕای گەیاند؛ واتە جەخت لەسەر بەرژەوەندیی خۆی دەکاتەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و قەدەغەکردنی سەرهەڵدانی هەر هێزێکی هەرێمی و نێودەوڵەتی کە لە توانایدا بێت هەڕەشە بکات، یان ڕکابەرایەتیی هێژموون و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەی کەنداو بکات. ئەگەر هەنگاوێک بۆ دواوە بگەڕێینەوە، تەنانەت لە سەردەمی ئیدارەی "جۆرج بۆش"ی کوڕدا، ئەمریکا جەختی لە ستراتیژییەتێکی نوێی کردەوە (بناغەی هێرشی خۆپارێزی و بوونی ڕاستەوخۆی سەربازی) لە کەنداو، بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێزێک کە بەرژەوەندیی ئەمریکا بخاتە مەترسییەوە. هەر لەو کاتەیشەوە ململانێکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا ئاستێکی بەرز هەڵکشاوە، تا لە ساڵی ٢٠١٩ بە خستنەگەمارۆی هەمەلایەنە لەسەر دامەزراوە سیاسی و ئابوورییەکانی ئێران لە لایەن ئەمریکاوە بەو پەڕی خۆی گەیشت. پێشدەچێت لێکەوتەکانی ئەم ناکۆکییانە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە قەومانی جه‌نگێكی دیکە لە ناوچەی کەنداو نزیک بێتەوە. هەر وەک چۆن سەرۆکوەزیرانی فەڕەنسا چەند ڕۆژ لەمەو بەر لە تویتێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە بارودۆخی ئێستای نێوان ئێران و ئەمریکا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بارودۆخی سەرەتاکانی ڕوودانی جەنگی جیهانیی دووەم دەچێت. حەسەن ڕۆحانی، سەرۆککۆماری ئێران، ناکۆکییەکانی قووڵتر کرده‌وە کاتێک لە گوتارێکدا گوتی: "ئەگەر نەوتی ئێران نەڕوات، ئەوا نەوتی هیچ ناوچەیەکی تری کەنداوی فارس ناڕوات." پسپۆرانی سیاسی و ئابووری، قسەکەی "حەسەنی ڕۆحانی"یان وا لێک دایەوە، مەبەستی ئەوەیە کۆماری ئیسلامیی ئێران گەرووی هۆرمز دابخات و ڕه‌وڕه‌وه‌ی گواستنەوەی نەوت پەک بخات؛ بە واتایەکی تر، پەکخستنی ئابووریی جیهانی. زۆری پێ نەچوو فەرماندەی سەربازیی هێزەکانی ئەمریکا لە کەنداوی فارس وەڵامی قسەکەی حه‌سه‌ن ڕۆحانیی دایەوە و گوتی: "ئێمە و هاوپەیمانەکانی ئێمە گەرووی هۆرمز بەکراوە دێڵینەوە چونکە ئەمە پێچەوانەی ستراتیژییەتی ئەمریکایە." ئێران چەندین جار هەوڵی داخستنی گەرووی هۆرمزی داوە، بەتایبەتیش لە جه‌نگی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران؛ بەڵام ئەوەی بۆ نەچووتە سەر.

ململانێی ئێران لەگەڵ ئەمریکا، ئەگەری لەناوچوونی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی به‌دواوه‌یه‌. ئەگەرچی ترامپ چەندین جار ئاماژەی بەوە کردووە کە مەبەستیان نییە ڕژێمی ئێران بگۆڕن بەڵام لە هەر جۆرە پێکدادانێک لە نێوان ئەم دوو دەوڵەتەدا، ئاشکرایە کە هاوسەنگیی هێز چۆنە؛ توانای سەربازی و ئابووریی هەر یەک لەم دوو دەوڵەتە چییە. لەمانەیش گرنگتر، ئەمریکا ئەندامی ناتۆیە؛ کاتێک کە وڵاتێک لەگەڵ ئەندامێکی ناتۆ بکەوێتە جه‌نگەوە، باقیی ئەندامانی تری ئەم پەیمانێتییه‌ لە دژی وڵاتی نەیار دەچنە مەیدانی جەنگەوە. بۆیە ئەم هەڕەشانەی ئێران دەیکات، هەڕەشەی بێبایەخن. لە دوای سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران چەندین ئاماژەی ڕوون هەن کە هەنگاوەکانی ئێران و ئەمریکا بە ئاراستەی جه‌نگ یاخود بە لانی کەمەوە تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە دەچن. هەروەک لە خوارەوە ئاماژە بە کۆمەڵێک بابەت دراوە، کێشەکانی نێوان ئەم دوو لایەنە بە جۆرێک پەنگی خواردووە، کە هەر چرکەیەک بە هەڵەیەکی بچووک لە لایەن هەر کام لە لایەنەکان گریمانەی تەقینەوەی گۆمەکەی لێ دەکرێت.

یەکەم: دوای ئەوەی ئەمریکا گەمارۆی ئابووریی خستە سەر ئێران، کۆمەڵە مەرجێکی (۱۲) خاڵیی وەکوو پێشمەرجی هەڵگرتنی گەمارۆکانی بۆ سەر ئێران دیاری کردووە کە ئەگەر دەسەڵاتی سیاسیی ئێران بەم کۆمەڵە خاڵەوە پابەند بێت، جەوهەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بەتەواوەتی دەگۆڕێت. سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن ڕای گەیاند: "بە دوای ئەوەدا ناگەڕێم زیان بە ئێران بگەیەنین و دەسەڵاتی ئێران بگۆڕین؛ ئەگەر ئێران گفتوگۆی بوێت ئێمەیش گفتوگۆمان دەوێت." ئومێدیشی خواست لەبارەی ناکۆکییەکانی نێوانیان بگەنە ڕێکكەوتن. لە وەڵامدا حەسەن ڕۆحانی و عەلی خامنەیی، لەبارەی دانوستاندنەکانی ئەمریکا ده‌ڵێن، وڵاتەکەیان بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئیدارەی ئێستای ئەمریکادا ناچێتە گفتوگۆوه‌. ئەو شاندە دیپلۆماتکارانەی سەردانی ئێرانیشیان کردووە، بۆ نێوەندگیری لە هەڵوێستی نەرێنیی ئێران ئاگادار کراونەتەوە؛ بە شاندەکان ڕاگەیه‌نراوە کە دەبێت هەڵوێست و لێدوانی ئەمریکا و ئه‌وروپا بەرامبەر تاران کرداری بن. دوایین هەوڵەکانی حکوومەتی ژاپۆنیش لەبارەی نێوەندگیرییەوە شکستی هێنا. ئەمریکا دانوستاندنی وەکوو باشترین بژاردە خستۆتە بەردەست ئێران، بەڵام  ئێران سوورە لەسەر ئەوەی کە بارودۆخ و هەلومەرجی ئێستا بە هیچ جۆرێک هەلومەرجی دانوستادن نییە، بەڵکوو هەلومەرجی خۆڕاگری و تێکۆشانە.

دووەم: ماوەی دوو ساڵه‌ هەوڵی چڕی دیپلۆماتیک لە نێوان ڕژێمی ئیسلامی و کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەتۆمیی ئێران لە ئارادایە. دەوڵەتی ئەمریکا کێشەی وزەی ئەتۆم و پیتاندنی یۆرانیۆمی لەگەڵ ئێراندا هەیە. حاڵی حازر، ناکۆکییەکانیان لەم بوارەدا چوونه‌تە قۆناغێکی نوێوه‌؛ ئەمریکا وەها بانگەشەی بۆ دەکات کە گوایە کڕۆکی کێشەکانی لەگەڵ ئێران لەسەر دروستکردنی چەکی ئەتۆمییە. پێشتر حکوومەتی تاران لایەنەکانی تری لە ڕێکكەوتننامەی ئەتۆمی ئاگادار کردبووەوە؛ دوای ئەوەی ئەمریکا بە شێوەیەکی تاکلایەنە لە ڕێکكەوتنی "پێنج کۆ یەک" کشایەوە، بە شێوەیەکی فەرمی داوای لە وڵاتانی ئەوروپییش کرد کە بە هەمان شێوەی ئەمریکا هەنگاو نەنێن. دەوڵەتی ئەمریکا توانیی ئەم کێشەیە بگەیەنێتە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان. بەم جۆرە ئێستا ڕژێمی ئێران لەگەڵ یەکێک لە ئاڵۆزترین ئەزموونەکانی هەموو ژیانی خۆی لە پەیوەندییەکانی دەرەوەیدا ڕووبەڕوو بووەتەوە. پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی عەره‌بی ناوچەی کەنداو لە خراپترین دۆخی مێژووی کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە؛ تەنانەت حکوومەتی "بەحرێن"یش ڕای گەیاند کە ڕێگە نادەین ئێران بۆ یەک کاتژمێریش گەرووی هۆرمز دابخات. هەر لەم بارەوە ئەمریکا بۆ یەکەم جار پێشنیاری "قەتەر"ی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی لەگەڵ ئێران پشتگوێ خست.

سێیەم: ئەمریکا "سوپای پاسدارانی ئێران"ی خستە لیستی تیرۆرەوە. وەک بەرپەرچدانەوەیەک، ئێرانیش لە بەرامبەردا "فەرماندەییی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا"ی لە ناوچەی "سەنتگام" خستە لیستی تیرۆرەوە.‌‌               

چوارەم: ئەمریکا بە مەبه‌ستی وشکاندنی شادەماری ئابووریی ئێران، دەیەوێت فرۆشی نەوتی ئێران بگەیەنێتە سفر. هەموو ئاماژەکانیش دەری دەخەن کە لە هەنگاوەکانی زۆر جددییە. لە مانگی تشرینی دووەمی ڕابردوودا ئەمریکا سزای بەسەر کەرتی نەوتی ئێراندا سەپاند، بەڵام بەرپرسانی ئێران جەخت دەکەنەوە كه‌ لە هەناردەکردنی نەوت بەردەوام دەبن. له سەرەتای ئەم مانگەیشەوە ئەمریکا کۆتاییی هێنا بە بەخشینی سه‌رجەم ئەو وڵاتانەی پێشتر ڕێگەی پێ دابوون نەوت لە ئێران بکڕن بۆ ماوەی شەش مانگ. ئەم سزایانەی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بوونەتە هۆی کەمبوونەوەی ئاستی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ نیو ملیۆنێک بەرمیل لە ڕۆژێکدا؛ لە کاتێکدا ساڵی ڕابردوو ئەو وڵاتە دوو ملیۆن و هەشت سەد هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە دەکرد. بە گوتەی بەرپرسێکی ئێرانیش ئەو ڕێژەیە لەم مانگەدا بۆ نزیکەی پێنج سەد هەزار بەرمیل دادەبەزێت. واتە کەرتی ئابووری و پیشەسازیی ئێران لە ئیفلیجبوون نزیک بووەتەوە کە ئەگەری سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی ناوخۆییی لێ دەکەوێتەوە.

پێنجەم: یەکێک لە نیگەرانییە هەرە گەورەکانی ئەمریکا، هەبوونی کاریگەریی ئێرانە بەسەر گرووپە چەکدارە جیاوازەکان لە دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە نێوانیاندا: عێراق، یەمەن، سووریا، لوبنان، بەحرێن و لیبیا. ئەمریکا پێی وایە سەردەمی ڕاکردن لە هێرشەکان کۆتایی هاتووە؛ ناکرێت تاران ده‌ست بكات بە ڕێکخستن و ڕاهێنانی گرووپە چەکدارییەکان بۆ ناو جەرگەی وڵاتە هاوبەشەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. 

پوختە

ئیدارەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، وەک خۆی جەختی لەسەر دەکاتەوە، دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە یەکێک لە ستراتیژییەکانی خۆی دادەنێت. بەڵام ئەوەی کە لە بەرژەوەندیی ڕاستەقینەی ئەمریکادا بێت، هێشتنەوەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە دۆخێکی دڵەڕاوکێ و ناسەقامگیردا؛ چونکە ئەگەر سەقامگیری بەدی هات، ئەوکات پێویست بە دەستێوەردانی ئەمریکا لەم ناوچەیەدا نابێت و ئەمریکایش هیچ بیانووێکی نابێت بۆ ئامادەبوون لەسەر شانۆی ڕووداوەکانی ئەم ناوچه‌یە. بۆ ڕاگرتنی ئەم جۆرە بارودۆخه‌، کردەوەکانی ئێران باشترین بیانوو ده‌ده‌نه‌ دەست ئەمریکا و هاوپه‌مانەکانی لە ناوچەکەدا. ئێران بەشێکە لەو پشێوی و ململانێیەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەبەردەوامی بوونی هەیە و کردەوەکانیشی یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی تێکچوونی سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. لێرەیشدا ئێران بۆ وەرگرتنی زەمانەتی مانەوەی خۆی، گەمەی ئەتۆمی دەکات؛ بەڵام لە گەمەی سیاسیدا ئەگەری ڕوودانی هەر جۆرە ڕووداوێک له‌ ئارادایە، بەتایبەتیش لە ناوچەیەکی پڕ-قەیرانی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە نەك تەنیا دەوڵەتەکان، بەڵکوو ئەکتەرە ناده‌وەڵەتییە چەکدارەکانیش ڕۆڵی یەکلاکەرەوە لە هاوکێشەکاندا دەبینن.

 

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples