شەهریار شێخلەر، لێکۆڵەر و نووسەری وزە و سیاسەتی گەشەی نەوت و گاز، ماستەر لە بەڕێوەبردنی ستراتیژی*
سەرەتا؛ ڕۆژهەڵاتی ناوهڕاست و ئاسایشی وزەی جیهان
لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکەوە، وڵاتانی هەناردەکاری نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام بوون لە سیاسەتی بەرزکردنەوەی توانای بەرهەمهێنان و پشکی خۆیان لە بازاڕی جیهانیی نەوت. توانای بەرهەمهێنانی ئەو وڵاتانە ٣٤% لە ماوەی ١٩ ساڵی یەکەمی ئەو سەدەیە بەرز بووهوە و لە هەمان کات، پشکی ئەو وڵاتانەیش لە ٣٠% لە ساڵی ٢٠٠١ بۆ ٣٣.٨% لە ساڵی ٢٠١٨ زیادی کردووە (١). بەڵام سەرەڕای ئەو گەشەیە لە کەرتی نەوتی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، بەهۆی گۆڕانێکی ئاشکرا لە سیاسەتی وزەی وڵاتانی ڕۆژاوایی و بەتایبەت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پشکی ئەو وڵاتانە لە بازاڕی نەوتی ئەمریکا و ئەوروپا زۆر بەخێرایی دابەزیوە؛ ئەوەیش دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕانێکی بەرچاو لە پەیوەندیی ستراتیژیکی ڕۆژاوا و بەتایبەت ئەمریکا لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی ناوهڕاست، بەتایبەت پاش هێرشەکانی ١١ی سێپتهمبهری ٢٠٠١.
لە دەرەنجامی ئەم گۆڕانکارییە لە سیاسەتی وزەی ئەمریکا، پشکی وڵاتانی هەناردەکاری نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوهڕاست لە بازاڕی نەوتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە سەرووی 30% لە ١٩٩٢ بۆ ١٨% لە ٢٠٠٩ و دواتر بۆ تەنیا ٩.٨% لە ٢٠٢١ دابەزیوە (٢). ئەوەیش وەک گرنگترین بەڵگە بوو بۆ شرۆڤەکردنی هۆکاری بەجێهێشتنی ئەو ناوچەیە لە ڕووی سەربازییەوە لەلایهن ئەمریکاوە. بەڵام لە سەرەتای ٢٠٢٢ و بەهۆی هێرشی ڕووسیای پووتین بۆ ئۆکراینا سەرنجی جیهان جارێکی دیکە بۆ سەرچاوەی نەوت و گازی ڕۆژهەڵاتی ناوهڕاست ڕاکێشراوە.
گرنگیی سەرچاوەی نوێی وزە بۆ ئەوروپا
تەنیا چەندێك دوای هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، لاوازبوونی ئاسایشی وزەی ئەو وڵاتانە و پەیوەستبوونیان بە نەوت و گازی سروشتیی هاوردەکراو، لە هەموو کات زیاتر دەرکەوتووە؛ بەتایبەت پاش ئەوەی لە ٢٧ی ئهپڕیڵ ڕووسیا هەڕەشەی خۆی بۆ وەستاندنی هەناردەکردنی گازی سروشتی جێبەجێ کرد و هەناردەکردنی گازی بۆ وڵاتانی پۆڵهندا و بولگاریا ڕاگرت. بەڵام لە لایهنی بەرامبەر، سەرەڕای ههوڵ و ڕاگەیاندنی پلانی ئەوروپییەکان بۆ دابەزاندنی قەبارەی هاوردەکردنی سووتەمەنی لە ڕووسیا، داتاکان شکستخواردنی ئەو وڵاتانە هەر لە سەرەتای ههوڵەکانیانەوە بۆ وەلانانی نەوت و گازی ڕووسیا پیشان دەدەن، کاتێک هاوردەکردنی نەوت لە مانگی مارسی ٢٠٢٢ لە زۆربەی ئەو وڵاتانە بەراورد بە مانگێک پێشتر (فێبریوهری ٢٠٢٢) بەرز بۆتەوە (٣). ئەوەیش قووڵاییی کێشەی ئەوروپا بۆ دابینکردنی سەرچاوەکانی وزە پیشان دەدات. واتە، وڵاتانی ئەوروپا کە ئێستا زیاتر لە هەر کاتێک هەست بە هەڕەشەی سەربازیی ڕووسیا و داری سیاسەتی وزەی ڕووسیا بەسەر خۆیانەوە دەکەن، ناچارن لە دۆزینەوەی سەرچاوەیەکی مسۆگەر بۆ جێگرتنەوەی ڕووسیا یان تەنانەت دابەزاندنی پشکی ڕووسیا لە بازاڕی وزەی خۆیان. ئەوەیش گرنگیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر دەکات و شانس بۆ هەر وڵاتێک بتوانێت خێرا وهڵامی ئەو داواکارییەی ئەوروپا بداتەوە بەرز دەکاتەوە.
گرنگیی ڕۆژهەڵاتی ناوهڕاست بۆ ئاسایشی وزەی وڵاتانی ڕۆژاوایی
ئێستا بێجگە لە وزە نوێبووەکان (وەک وزەی خۆر و با)، کە ١٩%ی وزەی ئەوروپا دابین دەکەن(٤) و لە کورتمەودا ناتوانن چارەسەری کێشەی پەیوەستبوونی ئەوروپا بە گازی سروشتیی ڕووسیا بکەن، گازی شلی ئەمریکا، گازی سروشتیی وڵاتانی ناوچەی دەریای سپی (مێدیتەڕانە) و ڕۆژهەڵاتی ناوهڕاست تەنیا بژاردەی بەردەم ئەوروپییەکانن بۆ چارەسەری ئەو قەیرانەی بەهۆی جەنگی ڕووسیا - ئۆکراینا بەرۆکی گرتوون. هەڵبەت سەرەڕای قەبارەی یەدەگی گازی ئەمریکا (١٢.٦ تڕیلیۆن مهتری سێجا) و توانای بەرهەمهێنانی ٩١٤ ملیارد مهتری سێجا لە ساڵ، بەهۆی خواست و بەکارهێنانی ٨٣٢ ملیارد مهتری سێجا لە ساڵ (٤)، توانای ئەمریکای بۆ وڵامدانەوەی کۆی پێویستیی ئەوروپا سنووردار کردووە. هەروەها گونجاوبوون و توانای پڕۆژەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی گازی سروشتیی وڵاتانی دهریای سپی (بەتایبەت ئیسڕائیل) بۆ دابینکردنی خێرای گازی سروشتیی پێویستی ئەوروپا، لەلایهن شاندی وەزارەتی وزەی ئەمریکاوە ڕەت کراونەتەوە (٥)، چونكه هەم کێشەی گواستنەوە و هەم کێشەی کەمیی قەبارەی بەرهەمهێنانیان هەیە. هەڵبەت ئەوەیش بێجگە لە کێشەی نێوان وڵاتانی ئەو ناوچەیە لەسەر خاوەندارێتی و دابەشکردنی ئەو کێڵگانە دێت. بۆیە هیچ دوور نییە لە ڕاستی، کە بڵێین گونجاوترین بژاردەکان دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوهڕاست. بەڵام، ئەو بژاردانەیش زۆر نین. وڵاتانی بەرهەمهێنەری سەرەکیی نەوت وەکوو سعوودیا و ئیماڕات ئامادە نین لەسەر خواستی بایدن، بچنە ناو قوماری ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پووتین و، ئێرانیش ئامادە نەبووە بەبێ مسۆگەرکردنی هەموو خواستەکانی لە ڕێکكەوتنی ئەتۆمی، تەنانەت بە بەهای گەڕانەوەی خێراتر بۆ بازاڕی نەوت، لەگەڵ ئەمریکا ڕێك بکهوێت. سەبارەت بە دابینکردنی گازی سروشتییش، پەرەپێدانی خێرا بە گازی سروشتیی ئازەربایجان و بەتایبەت ئێران، بەهۆی قەبارەی پێداویستیی ناوخۆی ئەو وڵاتانەوە، پێویستی بە وەبەرهێنانی زەبەلاح و خێرا هەیە، وەک ئەوەی وەزیری نەوتی ئێران ئەو بڕەی بە ٨٠ ملیارد دۆلار خەمڵاندوە (٦). توانای هەناردەکردنی گازی سروشتیی قەتەریش، بەهۆی دووربوونی ئەو وڵاتە لە ئەوروپا و کێشە جیۆپۆلیتیکییهكان و کاتی پێویست بۆ ڕاکێشانی بۆڕیی گونجاو، لەناو چارەسەرەکان هەژمار ناکرێت و قەتەر، تەنیا دەتوانێت بە بەرزکردنەوەی بڕێکی کەمی هەناردەکردنی گازی سروشتیی شلی خۆی بۆ ئەوروپا، یارمەتیی ئەوروپییەکان بدات. بۆیە لە ئێستادا وەک یەکێک لە گونجاوترین بژاردەکان، باس له گازی سروشتیی هەرێمی کوردستان دەکرێت. هەڵبەت ئەویش دەبێت بەرەوڕووی كۆمهڵێك کێشەی تەکنیکیی وەکوو نەبوونی ژێرخانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و کێشە سیاسی و جیۆپۆلیتیکییهكانی وەکوو کێشەکانی حکوومەتی هەرێم لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵیی عێراق و، هەروەها ڕکابەرە ناوچەیییەکانی وەکوو ئێران و ڕووسیا ببێتەوە.
هاوکارییە نوێیەکانی وزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوهڕاست
پاش کاڵبوونەوەی هەژموونی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوهڕاست و مەترسیی ئەمنی و سیاسی کە ڕووبەڕووی بەشێک لە وڵاتانی ناوچە بووهوه، ئەو وڵاتانە چەندان هاوپەیمانیی ئاشکرا و نهێنیی سیاسی و ئەمنییان پێک هێنا کە بۆ هاوکاریی ئابووری و بەتایبەت وزە پەرەیان پێ درا. ئێستا هاوپەیمانیی ئیبڕاهیم کە لە وڵاتانی عەڕەبی (ئیماڕات و بەحرێن) لەگەڵ ئیسڕائیل پێک دێت بۆ هاوکاریی وزە، پەرەی پێ دراوە. وەک گرنگترینیان، بێجگە لە کڕینی ٢٢%ی پشکی کێڵگەی گازی تامار (Tamar) بە بەهای زیاتر لە یەك بلیۆن دۆلار لەلایهن ئیماڕاتەوە، پڕۆژەی گواستنەوەی نەوتی وڵاتانی ناوچە لە ڕێگهی بۆڕیی نەوتی "ئیلات – ئەشکەلۆن" نێوان بەندەری عەقەبەی ئوردن و ئەشکەلۆن لە ئیسڕائیڵی پێناسە کراوە، (بۆڕیی نەوتی ئیلات - ئەشکەلۆن لە کاتی حکوومەتی شای ئێران بۆ گواستنەوەی نەوت ڕاکێشرا. ئێستا ئیمارات بەتەمایە بە زیندووکردنەوەی ئەو بۆڕییە، نەوتی خۆی و بەشێک لە وڵاتانی کەنداو لە ڕێگەی ئەو بۆڕییەوە بە هاوکاریی ئیسڕائیل بگوازێتەوە.)
هەروەها سەرەڕای دژایەتیکردنی ئەمریکا، ئیماڕات پلانی بۆ دامەزراندنی کێڵگەیەکی وزەی خۆر بە توانای ٣٠٠ مێگاوات و بە سەرمایەی ٢٧٠ ملیۆن دۆلار لە سووریا واژۆ کردووە. هەڵبەت ئیماڕات هیواخوازە بەو هاوکارییە بتوانێت لە داهاتوودا سووریا وەک ڕێڕەوی گواستنەوەی گازی سروشتیی بەرهەمهاتوو لە کێلگەکانی دەریای سپیی ناوهڕاست بۆ تورکیا و لەوێوە بۆ ئەوروپا بەکار بێنێت.
هەروەها، پێدەچێت قەتەر و تورکیا زۆر بەجددی پاڵپشتیی هەناردەکردنی گازی سروشتیی تورکمەنستان لە ڕێگهی ئەفغانستان بۆ پاکستان و هیندستان بکەن و، بەتەمان بەو پلانە هەم پێگەی تاڵیبان توندوتۆڵتر بکەن و هەم ڕێگه لە هەناردەکردنی گازی سروشتیی ئێران بۆ پاکستان و هیندستان (لە ڕێگهی پاکستان) و، هەروەها چین (لە ڕێگهی ئەفغانستان) بگرن.
هاوکاریی قەتەر - تورکیایش بۆ هاوپەیمانیی سیاسی، ئەمنی و، هەروەها بازرگانی، لەمێژە لەپەرەسەندندایە و پلانی ئەوان بۆ هەناردەکردنی گازی سروشتیی قەتەر بۆ تورکیا هەرچەند بەهۆی جەنگی سووریا وەستاوە، بەڵام هەڵنەوەشاوەتەوە و ئێستایش ڕێگهی عێراق وەک بژاردەیەک هەر لەبەردەستە.
تاکوو ئێستا، عێراق و هەرێمی کوردستان بەفەرمی نەچوونەتە پاڵ هیچ کام لەو هاوپەیمانێتییانە و، عێراق تەنیا پەیمانی لەگەڵ چین واژۆ کردووە، بەڵام بەهۆی پێداویستیی عێراق بە هاوردەکردنی گازی سروشتی و کارەبا، هەروەها پێویستی بە گەشەسەندنی کەرتی نەوت و گازی هەردوو بەشی عێراقی ژێردەسەڵاتی حکوومەتی فیدڕاڵ و هەرێمی کوردستان، لەوانەیە لە داهاتوودا بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ یەک یان چەند هاوپەیمانی تێکەڵاو بێت کە ئەوەیش کاریگەری دەخاتە سەر هاوپەیمانیی عێراق و چین و، هەروەها پلانەکانی گەشەی ئابووری و کەرتی نەوت و گاز لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
پێگەی هەرێمی کوردستان لە بازاڕی وزە
هەرچەند ساڵانێکە ڕاپۆرتی نوێ و فەرمی لەسەر یەدەگی نەوت وگازی سروشتیی هەرێمی کوردستان بڵاو نەکراوەتەوە و ئەوەیش بۆتە هۆی هەڵسەنگاندنی جیا لە نێوان شرۆڤەکارانی بازاڕی وزە، بەڵام بەپێی داتای وێبسایتی سامانە سروشتییەکان، هەرێمی کوردستان خاوەنی ٤٥ ملیارد بەرمیل یەدەگی نەوت و زیاتر لە ٥.٧ تڕیڵیۆن پێی سێجا یەدەگی گازی سروشتییە. هەرچەند ئەو داتایانە لەلایهن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان پەسەند نەکراون، بەڵام ئەوەی کە گرنگە ئەوەیە کە نەوت و گازی سروشتیی هەرێمی کوردستان یەکێکه لە گرنگترین یەدەگەکانی جیهان، کە بەپێی گرنگیی قەبارەی یەدەگی خەمڵێندراوی پەرەی نەسەندووە. ئەوەیش یەکێکە لە سەرەکیترین هۆکارەکانی سەرنجی کۆمپانیا جیهانییەکان بۆ هەرێمی کوردستان؛ چونكه پێدەچێت لە بەشێک لە کێڵگەکانی ئەو هەرێمە، قەبارەی نەوت و گازەکەی بە کەڵکوەرگرتن لە تەکنهلۆژیا نوێیەکان، لە ئاستی دیاریکراوی پێشوو بەرزتر بکرێتەوە.
بەڵام ئەوانە تاكه هۆکاری گرنگی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕی وزە و بەتایبەت وڵاتانی ڕۆژاوایی نین، بەڵکوو هەرێمی کوردستان نزیکترین شوێنە لە نێوان ناوچە دەوڵەمەندەکان بە یەدەگی نەوت و گاز بە ئەوروپا کە هەم دەتوانێت وەک هەناردەکار و هەم وەک ڕێڕەوی گواستنەوەی سەرچاوەکانی وزە بۆ ئەوروپا ڕۆڵ بگێڕێت. ئێستا هەرێمی کوردستان زیاتر لە ٤٠٠،٠٠٠ بەرمیل نەوت هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکات کە زیاترە لە کۆی بەرهەمهێنانی هەر کام لە سێ وڵاتی ئەندام لە ئۆپێک: کۆنگۆ، گابۆن و گینای ئێکواتۆریال.
هەروەها ئێستا هەرێمی کوردستان ڕۆژانە زیاتر لە ١٥ ملیۆن مهتری سێجا گازی سروشتی لە کێڵگەکانی کۆرمۆر و خۆڕماڵە (لە گازی هاوەڵی نەوت) بەرهەم دەهێنێت کە لە توانای بەرهەمهێنانی زۆربەی وڵاتانی ئەوروپی و بەشێک لە وڵاتانی ئاسیایی زیاترە. پەرەپێدانی خێرا بە ژێرخان و توانانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی گازی سروشتیی هەرێمی کوردستان نەك تەنیا دەتوانێت ببێتە هۆی دابینکردنی خواستی ناوخۆ، بەڵکوو دەتوانێت هەلی هەناردەکردنی گازی سروشتی بۆ بازارەکانی جیهان بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕەخسێنێت، ئەگەر بتوانێت بەسەرکەوتوویی پلانی گەشەپێدان بەو کەرتە جێبەجێ بکات و لە بەرامبەر هەڕەشەکان سەرکەوتوو بێت.
کێشەکانی بەردەم ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە هاوکێشەکانی بازاڕی وزە
ماوەیەکە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ههوڵەکانی خۆی بۆ ڕاکێشانی سەرنجی وڵاتانی ناوچەكه و وڵاتانی ڕۆژاوایی بۆ تواناکانی کەرتی نەوت و گازی کوردستان لە ئاستی بەرز، چڕ کردۆتەوە. توندوتۆڵترکردنی پەیوەندیی دارایی و وزەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپی دەتوانێت چەندان دەسکەوتی گرنگی دارایی، سیاسی، ئەمنی و ستراتیژیک بۆ هەرێمی کوردستان مسۆگەر بکات؛ بەڵام گەیشتن بەو ئامانجانە زۆر ئاسان و خێرا نییە و، پێویستە لە چەندان بەربەستی تێکنیکاڵ، دارایی و سیاسی لە ئاستی جیاواز لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە ناوخۆی عێراق و لە دەرەوە تێپەڕ بێت.
هەرێمی کوردستان بێجگە لە کێشەی بەرزبوونەوەی خواست لە ناوخۆ کە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی (بهنزین و گازوایل) و، هەروەها بەرزبوونهوهی ڕێژەی بەکارهێنانی کارەبا بۆ هەر تاکێک کە چەندهێندەی ئاستی جیهانییە، پێویستە چەندان کێشە لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ و لایەنه عێراقییهكان و، هەروەها وڵاتانی ناوچەكه و جیهان تێ پەڕێنێت تاکوو بتوانێت ڕۆڵی دیاریکراوی خۆی لە هاوکێشەکانی وزە بگێڕێت.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان، زۆر پێویستە بەخێرایی توانای بەرهەمهێنانی نەوت و گازی سروشتیی خۆی بەرز بکاتەوە، هەم بۆ دابینکردنی بوودجە و هەم گەیشتن بە ئاستی پێویست لە بازاڕی جیهان. گەیشتن بە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت و بەرهەمهێنانی زیاتر لە یەک ملیارد پێی سێجا (٣٠ ملیۆن مهتری سێجا) گازی سروشتی لە ڕۆژێكدا، بۆ ئەو مەبەستە زۆر گرنگە کە ئەوەیش بەبێ چارەسەرکردنی کێشە یاسایی و ئیدارییهكان لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ و، هەروەها ڕەواندنەوەی مەترسیی ئەمنی بۆ سەر پڕۆژەکانی گەشەکردنی نەوت و گازی کوردستان و، هەروەها دابینکردنی بوودجەی پێویست زۆر سەختە سەرکەوتوو بێت.
چارەسەری کێشەکان لەگەڵ بەغدا
لە (٢٠٠٧)هوە و کاتێک یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان پەسەند کرا، یەکەم هەنگاو لە دژی ئەو بڕیارە بە پێشنیارکردنی ڕەشنووسی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵ هەڵهێندرایەوە و دواتر لە ساڵانی پاش ٢٠١٢ بە ڕەشنووسی نوێ بۆ یاسای نەوت و گاز و تۆمارکردنی سکاڵا لە ناوخۆ و دەرەوە، هێرش و هەڕەشەکان بۆ سەر نەوتی کوردستان و کۆمپانیاکانی کار لەو کەرتە دەکەن و، هەروەها کڕیارەکانی نەوتی کوردستان بەردەوام بوون، تا ئاستێك بۆ ناچارکردنی حکوومەتی هەرێم بە ڕادەستکردنی نەوت، حكوومهتی عێراق دەستی بۆ بڕینی بەشە مووچەی هەرێمی کوردستان لە بوودجەی فیدڕاڵی برد.
بەڵام ئەوەی جێگهی سەرنجە ئەوەیە کە، لە چەند مانگی ڕابردوو و بەتایبەت پاش بڕیاری دادگهی فیدڕاڵ لە دژی نەوت و گازی کوردستان، ئەو هەنگاوانەی حکوومەتی عێراق، لە ئاستی هەڕەشە بۆ کردار و لە تۆمارکردنی سکاڵا بۆ داواکردنی ئیدارەی نەوت و گازی کوردستان گۆڕدراوە. بۆیە پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش شێوازی وهڵامدانەوەی بەو هێرشە نوێیەی حکوومەتی عێراق بگۆڕێت. لەو قۆناغە، کاردانەوە و هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێم گرنگە کە لە پاکێجێکی تەواو پێک بێت و لە چەند ئاستی جیا کە تەواوکەری یەکتر بن نەک جێگرەوەی یەکتر، پێک هاتبێت:
گرنگیی پێدانی دڵنیایی بە کۆمپانیا بیانییەکان
لە ئەگەری هەر کێشەیەکی یاسایی و ئەمنی بۆ کەرتی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی هەرێم و دانیشتووانی، تاكه زەرەرمەندی ئەو کێشانە نابن، بەڵکوو سەدان کۆمپانیای بیانییش کە بە چەندان ملیارد دۆلار وەبەرهێنانیان لە نەوت و گازی کوردستان کردووە تووشی کێشە دەبنەوە. بەردەوامبوونی ئەو کۆمپانیایانە بە وەبەرهێنان لە کوردستان و پەرەدان بە کارەکانیان، یەکەم زامنی سەرکەوتنی پلانەکانی گەشەی کەرتی نەوت و گازی کوردستانە.
هەبوونی هەر جۆرە مەترسییەک بۆ سەر کۆمپانیاکانی نەوت و گاز لە کوردستان، نەك تەنیا دەتوانێت کێشە دروست کات بۆ بەردەوامیی بەشێک یان کۆی ئەو کۆمپانیایانەی ئێستا لەو کەرتە کار دەکەن، بەڵکوو دەتوانێت ڕێگر بێت لە هاتنی کۆمپانیای نوێی خاوەن تەکنهلۆژیا و سەرمایە.
ئێستا گرنگە حکوومەت پابەندیی خۆی بە ڕێکكەوتنەکان لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە دووپات بکاتەوە و لە لایەکی دیکەوە بە هەنگاوی یاسایی و دەستووری، مافەکانی ئەوان لە داهاتوودا بەرامبەر حکوومەتی فیدڕاڵ بپارێزێت. لە ڕاستیدا تا ئەو کاتەی کوردستان خاوەنی کۆمپانیای نیشتمانیی خاوەن ئەزموون و سەرمایەی پێویست نەبێت، بەردەوامیی پەیوەندی لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکانی ئەو کەرتە، بۆ بەردەوامیی گەشە و بەرهەمهێنانی نەوتی کوردستان گرنگە.
هەڵبەت بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکا و ئەوروپا بۆ سەر کۆمپانیا نەوتی و گازییەکانی ڕووسیا، لە داهاتوویەکی نزیکدا کێشەی گەورەتر بۆ ئهو کۆمپانیا ڕووسییانهی لە کوردستان کار دەکەن ڕوو دەدات. پێدانی شایستە دارایییەکانی ئەو کۆمپانیایانە بچووکترین کێشە دەبێت، بەڵام بەهۆی خاوەندارێتیی ڕۆسنهفت لە بۆڕیی نەوتی کوردستان و گرێبەستی جێبەجێنەکراو بۆ بۆڕیی گازی سروشتیی کوردستان، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بەو هۆیەوە تووشی کێشە ببێت؛ بۆیە پێویسته چارەسەری پێویست بۆ ئەو مەبەستەیش ڕەچاو بكرێت.
گرنگیی چارەسەرکردنی کێشە لەگەڵ ڕکابەرەکانی نەوت و گازی کوردستان
بەراوردکردنی مێژووی کەرتی نەوت و گازی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی ناوچە، کە یەکەم هەنگاوەکان لە زۆربەی ئەو وڵاتانە دەگەڕێتەوە بۆ سەد ساڵ پێش دەسپێکی گەشەی پیشەسازیی نەوت وگاز لە کوردستان، گەنجبوونی هەرێمی کوردستان لە بازاڕی وزە و جیاوازیی بەرچاو لە توانای بەرهەمهێنانی بەرامبەر بەو وڵاتانە پیشان دەدات؛ هەرچەند نەوت و گازی هەرێمی کوردستان لەو ماوەیە کورتهدا دەسکەوتی گرنگ و کەموێنەی تۆمار کردووە.
هەر بەو جۆرەی باسیشمان کرد، پلانەکانی گەشەی کەرت و نەوتی گازی کوردستان لەلایهن زۆربەی وڵاتانی ناوچەوە پاڵپشتیی لێ دەکرێت، هەرچەند لەوانەیە تێڕوانینی بەشێک لەو وڵاتانە دیار نەبێت یان زۆر هاوڕا نەبێت لەگەڵ پلانەکانی گەشەی ئەو کەرتە.
یەکێک لە گرنگترین تێبینییەکانی ڕکابەرەکانی گازی سروشتی کوردستان، وەک ڕووسیا و ئێران، دەتوانێت ئەوە بێت کە بە گەشەی گازی کوردستان و جێبەجێکردنی ژێرخانی پێویست بۆ گواستنەوەی گازی سروشتیی کوردستان بۆ دەرەوە، هەرێمی کوردستان دەتوانێت ببێتە ڕێڕەوی گواستنەوە و هەناردەکردنی گازی سروشتیی وڵاتانی دیکەیش. ئەوەیش هەم هەلە بۆ ئەو وڵاتانە و ههم دەتوانێت هەڕەشە بێت لەسەر بازاڕی ئەوان لە داهاتووی دوور. بۆیە پێویستە بۆڕیی گازی کوردستان وەک بۆڕیی ئاشتی و بەرژەوەندیی گشتیی هەموو لایەک سەیر بکرێت. ئامانج لەو گەشەیەی ژێرخانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی گازی سروشتیی کوردستان، دژایەتی و ڕکابەرایەتیی هیچ لایەنێک نییە و تەنیا بۆ دابینکردنی پێداویستیی ناوخۆ، یارمەتیی حکوومەتی فیدڕاڵ لە دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیانی عێراقی و، هەروەها دابینکردنی سەرچاوەیەکی داهاتە بۆ ناوخۆی کوردستان و عێراق و، گرنگە ئەو بابەتە بۆ وڵاتانی دیکەیش ڕوون بکرێتەوە.
سەرچاوەکان:
* شەهریار شێخلەر، لێکۆڵەر و نووسەری وزە و سیاسەتی گەشەی نەوت و گازە. ماستەری ههیه لە بەڕێوەبردنی ستراتیژی، هەروەها خاوهنی ماستەر لە "بەڕێوەبردنی ئیجرایی". لەگەڵ چەند سەنتەرێکی لێکۆڵینەوە و ڕۆژنامە و میدیای ناو کوردستان و دەرەوە لەسەر شرۆڤەکردنی بازاڕی نەوت و ستراتیژیی نەوت و گازی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوهڕاست هاوکاری دەکات.