نووسەر: حوسێن ئێحسانی
وەرگێڕ: محەمەد کەریمخان
پوختەی کتێب
ئەم کتێبە، کە لە یادی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان کەوتە بەر دید، بە قەڵەمی دۆستێکی کورد کە خەڵکی ئەفغانستانە نووسراوە. ئەم کتێبە، چوارچێوەیەکی تیۆریی هەیە کە توخمەکانی لەناو دۆخی هەرێمی کوردستان دۆزیوەتەوە. ئەم کتێبە بەپێی تیۆریی ستێڤن دەڵێ، بابەتی ئەمنییەت لە ڕیالیزمەوە بۆ هاوسەنگیی هێز و بەشینەوەی دەسەڵات گۆڕاوە و، دواتر گەیشتۆتە هاوسەنگیی هێزی گشتگیر. واتا هێزە نادەوڵەتی و گرووپەکانی دیکەیش ڕۆڵیان لەسەر ئاسایش هەیە و بۆ ئەوەی ئاشتییەکی پایەدار هەبێت، دەبێ بەهەند دابندرێن.
دواتر بەپێی تیۆریی مارتین و باری بوزان، توخمەکانی ئەم تیۆرییە لە ڕۆژههڵاتی ناوهڕاستدا دەدۆزێتەوە. ئهو پێی وایە لە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەوڵەت بە تەنیا و بە شێوەیەکی هاڕدوێر (ڕەقامێر) بە کلیلی ئاسایش دانانرێ، بەڵکوو بابەتی سۆفتوێر (نەرمامێر)ی، وەک فەرهەنگیش، کاریگەرییان لەسەر ئاسایشی ناوچەیی هەیە. هەروەها دەڵێ ڕوانگەی ئاسایش لە شێوەی دەوڵەتی، دەگۆڕێ بۆ شێوەی ناوچەیی. کەواته ئەگەر دەوڵەتێکی نوێ لە ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست دروست بێت، ئەوا یەکەیەکی دیکە بە کۆمەڵەی ئاسایشی ناوچەیی زیاد دەبێت و، کۆمەڵێک هەڕەشەیش لەسەر ئاسایشی ناوچەکە کەم دەبنەوە. بە بۆچوونی ئەم توێژەرە، کورد ئەکتەرێکی کاریگەرە لەسەر دۆخی ئاسایشی ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست. بەپێچەوانەی ئەو دەوڵەتانەی کە پێیان وایە ئەگەر کورد لە هەرێمی کوردستان سەربەخۆ بێت شوێنەکانی دیکە دەورووژێن و یەکپارچەییی وڵاتانی دیکە دەکەوێتە مەترسی، ئەم کتێبە پێی وایە ئەگەر کورد نەگاتە سەربەخۆیی، مەترسیی بۆ ئاسایش پترە.
گرنگیی کتێب
گرنگیی ئەم کتێبە لەوەدایە کە لەلایەن کەسێکی غەیرەکورد نووسراوە و بە شێوازێکی ڕچەشکێن بابەتی ئاسایشی کلاسیکی لە ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست خستۆتە ژێر پرسیار. خوێنەر و بەردەنگی ئەم کتێبە زیاتر غەیرەکوردن. گرنگییەکی دیکە ئەوەیە کە لە دوای ڕیفراندۆمی کوردستان نووسراوە.
دابەشبەندی
ئەم توێژینەوەیە لە پێنج بەشدا ڕێک خراوە. بەشی یەکەم پێشەکییە، کە نەخشەڕێی توێژینەوە و پرسیار و گریمانەی تێدا باس کراوە. بەشی دووەم چوارچێوەی تیۆرییە کە تێیدا تیۆرییەکانی ئاسایش باس کراون. لە بەشی سێیەمدا دوو تیۆری لێک دراون و لە کۆتاییدا شرۆڤەی گرووپە نادەوڵەتییەکانی ناو ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست کراوە. هەروەها تیۆریی هاوسەنگیی گشتگیر و تیۆریی ئاسایشی شوناس (ناسنامه) و کاریگەرییان لەسەر یەکتر باس کراوە و لەناو ئەم تیۆرییەدا، بابەتی "خود" و "ئەویتر" لە ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست بەوردی باس کراوە.
لە بەشی چوارەمدا گۆڕانکارییەکانی باشووری کوردستان لە ساڵی 1920 بەولاوە تاوتوێ کراوە و، لە دەرەنجامدا ئاماژە بەوە دراوە کە گەلی کوردستان ڕۆڵێکی بەرزی لە ئاشتیدا هەبووە و سەربەخۆییی کورد نابێتە هۆی تێکچوونی ئاسایشی ناوچەکە. لە بەشی پێنجەمدا بەپێی گۆڕاوەکان هەندێک سیناریۆ تا ساڵی 2030 پێشبینی کراون.
خاڵە باشەکانی کتێب:
- ئەم کتێبە بە قەڵەمی کەسێکی غەیرەکورد نووسراوە کە شارەزای دۆخی سیاسیی ڕۆژههڵاتی ناوهڕاستە.
- کتێبێکی ڕچەشکێنە، لەبەر ئەوەی بەپێی سەردەم و گۆڕانە جیۆپۆلیتیکییەکان سەیری هێزە نادەوڵەتی و هێزە دژەجیۆپۆلیتییەکان و ئاسایشی ناوچەیی دەکات.
- نوێبوونی تێدایە چونکە بەپێی گۆڕانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییە نوێکان، پرسی کوردی تاوتوێ کردووە.
- بەپێی دۆخی ڕابردوو و گۆڕانە نوێ هەنووکەیییەکان، هەندێک سیناریۆی بۆ داهاتوو پێشبینی کردوون.
- کارێکی زانکۆیییە بۆ شوێنی ئاکادیمی کە ڕەنگە کاری دیکەی بەدوادا بێت.
- بەشێک لە سیاسییەکانی کورد کە قەڵەمبەدەستن، بەتایبەت ئەوانەی کۆدی سیاسییان لەلایە، دەتوانن سوود لە میتۆدی ئەم کتێبە وەرگرن.