ئه‌مريكا و سزاكانى سه‌ر ئێران ئه‌مريكا له‌ هه‌شت ده‌وڵه‌ت خۆش ده‌بێ و سزايان به‌سه‌ردا ناسه‌پێنێ  

 

لورا ڕۆزه‌ن

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاسۆ کەریم

ئه‌مڕۆ كاربگێڕيى دۆناڵد ترامپ گوتى، به‌ نسبه‌ت سزا لاوه‌كييه‌كانى ئه‌مريكا به‌سه‌ر ئه‌و وڵاتانه‌ى نه‌وت له‌ ئێران ده‌كڕن و ده‌هێنن، ئه‌مريكا چاو له‌ هه‌شت نه‌ته‌وه‌ [ده‌وڵه‌ت] ده‌پۆشێ و سزايان نادات.

وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مريكا، مايك پۆمپيۆ، له‌ پێوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنيدا به‌ ڕۆژنامه‌نووسانى گوت:‌ "ئامانج له‌ سزاكان كه‌ بڕیاره‌‌ له‌ 5ى نۆڤامبه‌ره‌وه‌ به‌سه‌ر ئێراندا بسه‌پێنرێنه‌وه‌ و كاريان پێ بكرێ، بێبه‌شكردنى ڕژێمى [ئێرانه‌]‌ له‌و داهاتانه‌ى كه‌ بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ى مه‌رگ و كاوڵكارى له‌ سه‌رانسه‌رى جيهاندا، به‌كاريان ده‌هێنێ" و، "ئامانجى كۆتايیى ئێمه‌ ناچاركردنى ئێرانه‌ كه‌ بۆ هه‌ميشه‌ ده‌سبه‌ردارى چالاكييه‌ نایاسایییه‌‌ دۆكيومێنتكراوه‌كان  بێ و، وه‌ك وڵاتێكى ئاسایی ڕه‌فتار بكا و بجووڵێته‌وه‌."

سزا سه‌پێندراوه‌كانى سه‌ر ئێران سه‌كته‌ره‌كانى وزه‌، بانكدارى، بار و گواستنه‌وه‌ و كه‌شتيسازى ده‌گرنه‌وه‌ كه‌ به‌ هۆى ڕێككه‌وتننامه‌ى 2015ى نيوكلياريى ئێرانييه‌وه‌، هه‌ڵگيرابوون و، ترامپ له‌ مانگى ئايارى ئه‌مساڵدا لێى كشايه‌وه‌.

پۆمپيۆ گوتى:‌ ئه‌مريكا به ‌شێوه‌يه‌كى كاتى و بۆ ماوه‌ى 6 مانگ، چاو له‌ 8 وڵات ده‌پۆشێ و سزايان به‌سه‌ردا ناسه‌پێنێ كه‌ به ‌شێوه‌يه‌كى به‌رچاو، نه‌ك به‌ته‌واوه‌تى، كڕين و هێنانى نه‌وتيان له‌ ئێران كه‌م كردووه‌ته‌وه. پۆمپيۆ به ‌ناو ناوى ئه‌و وڵاتانه‌ى نه‌هێنا، لێ ئاماژه‌ى پێ دا كه‌ ئه‌و هه‌شت ده‌وڵه‌ته‌، هيچ وڵاتێكى له‌و 28 ده‌وڵه‌ته‌ى يه‌كێتيى ئه‌وروپى وه‌ك بلۆكێك تێدا نييه‌. هه‌م توركيا و هه‌م عێراق ڕايان گه‌ياند كه‌ ئه‌وان له‌و لێخۆشبوونه‌ ئاگادار كراونه‌ته‌وه‌ و به ‌ئه‌گه‌رى زۆره‌وه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێ‌ ژاپۆن، كۆرياى باشوور و هيندستانيش له‌نێو ئه‌و هه‌شت وڵاته‌دا بن.

پۆمپيۆ گوتى‌: ئه‌و ڕێوشوێنانه‌ى تا ئێستاكه‌ ئه‌مريكا پێڕه‌ویى لێ كردوون، به‌رهه‌ميان هه‌بووه‌ و بوونه‌ته‌ مايه‌ى ڕێگه‌گرتن له‌ هه‌ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ى زێتر له‌ مليۆنێك به‌رميل نه‌وتى ئێرانى له‌ ڕۆژێكدا بۆ بازاره‌كان، به‌ر له‌وه‌ى ئه‌و سزايانه‌ به‌فه‌رمى له‌ هه‌فته‌ى داهاتوودا بكه‌ونه‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌. وه‌زيرى گه‌نجينه‌ (دارايى)ى ئه‌مريكا، ستيڤن منوچين، داكۆكیى له‌ بڕيارى ته‌واو دابڕينى ئێران له‌ تۆڕى "سويفت"ى دارايیى جيهان كه‌ بنكه‌كه‌ى له‌ "برۆكسل"ه‌ كرد؛ وێڕاى ڕه‌خنه‌ى ئه‌و چالاكانه‌ى كه‌ دژى هه‌ر جۆره‌ سه‌ودا و مامه‌ڵه‌يه‌كن له‌گه‌ڵ ئێراندا. منوچين له‌ ئاخاوتنێكی ته‌له‌فۆنيدا گوتى: "ئێمه‌ سويفتمان ڕاسپاردووه‌ كه‌ ده‌بێ په‌يوه‌ندیى خۆى له‌گه‌ڵ هه‌ر دامه‌زراوه‌يه‌كى دارايیى ئێرانى ببڕێ كه بكرێ‌ له ‌بارى ته‌كنه‌لۆژييه‌وه‌ ‌به‌ زووترين كات ديارييان بكه‌ين، نه‌بادا سويفت ڕووبه‌ڕووى سزاكان ببێته‌وه‌." هه‌روا گوتى كه‌ 700 كه‌س و قه‌واره‌ى ديكه‌ى ئێرانى، ڕۆژى دووشه‌ممه‌ ده‌خرێنه‌ ناو ليستى بلۆككراوه‌كانه‌وه‌ كه‌ 300يان له‌و ماوه‌يه‌ى ‌كه‌ ئه‌مريكا لايه‌نێكى ڕێككه‌وتننامه‌ى JCPOA بووه‌، له‌و ليسته‌ لا برابوون.

هاوپه‌يمانه‌ ئه‌وروپييه‌كانى ئه‌مريكا، داخ و په‌ژاره‌ى خۆيان بۆ كار و كرده‌كانى كاربگێڕيى ترامپ ده‌ربڕيوه ‌و جه‌ختيان له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ تا ئه‌و ده‌مه‌ى ئێران به‌ JCPOAيه‌وه‌ په‌يوه‌ست بێ، ئه‌وانيش ده‌يانه‌وێ ئه‌و ڕێككه‌وتننامه‌يه‌ بمێنێته‌وه‌. له‌ به‌ياننامه‌يه‌كى هاوبه‌شى وه‌زيرانى ده‌ره‌وه‌ى بريتانيا و فه‌ڕه‌نسا و ئه‌ڵمانيا و وه‌زيرانى دارايى و سه‌رۆكى سياسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى يه‌كێتيى ئه‌وروپيدا هاتووه‌ كه‌ "ئێمه‌ داخ و په‌ژاره‌ى قووڵى خۆمان ده‌رهه‌ق سه‌پاندنه‌وه‌ى سزاى زێتر به‌سه‌ر ئێراندا  به‌گوێره‌ى كشانه‌وه‌ى ئه‌مريكا‌ له‌ JCPOA، ده‌رده‌بڕين" و "ئێمه‌ ئامانجمان پارێزگاريكردنه‌ له‌و خاوه‌نكاره‌ ئابوورييه‌ ئه‌وروپييانه‌ى كه‌ به ‌شێوه‌يه‌كى یاسایی بێزنس له‌گه‌ڵ ئێراندا ده‌كه‌ن" و"ئێمه‌ وه‌كوو ئه‌ندامانى JCPOA  به‌ڵێنمان داوه‌ كه‌ كار بكه‌ين... له‌سه‌ر پاراستن و به‌رده‌واميدان به‌ كه‌ناڵه‌ داراييیه‌ كاراكانى خۆمان له‌گه‌ڵ ئێراندا و به‌رده‌وام ده‌بين له‌ كڕين و هێنانى نه‌وت و گازى ئێرانى."

به‌رپرسى پێشووى كاروبارى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست له‌ كۆشكى سپى له‌ سه‌رده‌مى ئۆبامادا، دينيس ڕۆز، له‌ پێوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنيدا ئه‌مڕۆ گوتى: ئه‌وروپا به‌به‌رفره‌وانى له‌گه‌ڵ سزا سه‌پێنراوه‌كانى ئه‌مريكادا بوون به‌سه‌ر ئێراندا له‌ هه‌ر دوو بوار و سه‌كته‌رى وزه‌ و بانكدارى له‌ 2012دا، تا ئێران ناچارى دانوستاندن ببێ له‌سه‌ر ڕێككه‌وتنێكى نيوكليارى و جه‌نگێكى نه‌بێ به‌كۆڵه‌وه،‌ كه‌ ئيسڕائيل دژى ئێران ده‌ستى پێ بكا و، ئێستاكه‌ ئه‌وروپا هه‌وڵ ده‌دا ئه‌و ڕێككه‌وتننامه‌يه‌ JCPOA بپارێزێ و جه‌نگێك ڕوو نه‌دا، چونكه‌ ئه‌وان ترسيان له‌وه‌ هه‌يه‌ له‌ ئه‌نجامى ده‌سبه‌رداربوونى ئێران له‌م ڕێككه‌وتننامه‌يه‌ له‌سه‌رينى كار و كرده‌كانى ئه‌مريكاوه‌، جه‌نگێكى وا بقه‌ومێ.

دينيس ڕۆز، ئه‌مڕۆ له‌ پێوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنى له‌ ئاماژه‌كردنێكدا بۆ ئه‌وروپييه‌كان، به‌ "په‌يمانگه‌ى واشنتۆن بۆ سياسه‌تى ڕۆژهه‌ڵاتى نزيك"ى گوت: "كه‌واته‌ له‌ 2012دا، ئه‌وان كه نه‌‌ نه‌وتيان له‌ ئێران ده‌كڕى و له‌گه‌ڵ سزاگه‌لێكى تونددا بوون به‌سه‌ر ئێراندا، مه‌ترسیى هه‌ڵگيرسانى جه‌نگێكيان له‌ زه‌يندا بووبێ، ئه‌وا ئێستا ترسيان له‌وه‌ هه‌يه‌ ئه‌گه‌ر ئێران له‌ JCPOA بكشێته‌وه‌، ئه‌گه‌ره‌كانى هه‌ڵايسانى جه‌نگێك زۆرتر ببن" و "ئا ئه‌وه‌ هۆيه‌كى ديكه‌يه‌ كه‌ من پێم وايه‌، به‌ زه‌حمه‌تى ده‌بينين ئه‌وروپييه‌كان به‌ڕاستى بێنه‌ پاڵ ئێمه‌وه‌؛ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر كۆمپانياكانيشيان چيديكه‌ له‌ناو ئێران نه‌مێنن." دانوستانكارێكى پێشووى ڕێككه‌وتننامه‌كه ‌و سزا فه‌رمييه‌كان، ڕيچارد نفيو، نيگه‌رانيگه‌لێكى هاوشێوه‌ى ده‌ربڕى.

نفيو كه‌ ئێستاكه‌ له‌گه‌ڵ زانكۆى كۆلۆمبيا كار ده‌كا، له‌ تويته‌ردا نووسيويه‌ كه‌ "من هێشتا بير له‌ په‌شيمانبوونه‌وه‌ له‌و بڕياره‌ ده‌كه‌مه‌وه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌وڵى سزاكان زۆرترین به‌رهه‌ميشيان هه‌بێ، وه‌ك من و خه‌ڵكانى ديكه‌ بۆى ده‌چين."

ژنه‌ په‌رله‌مانتارێكى فه‌ڕه‌نسى، د‌لفين ئۆ، كه‌ تازه‌ له‌ گه‌شتێكيدا بۆ ئێران گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، له‌ په‌يوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنيدا بۆ سه‌نته‌رى ئه‌وروپى بۆ پێوه‌ندييه‌كانى ده‌ره‌وه‌، ڕۆژى چوارشه‌ممه‌، گوتى: ئه‌و هيچ هه‌ڕه‌شه‌يه‌كى، چ به‌په‌نامه‌كى بێ يان نا، له‌ كاربه‌ده‌سته‌ ئێرانييه‌كان گوێ لێ نه‌بووه‌ كه‌ له‌ JCPOA ده‌چنه‌ ده‌رێ، به‌ڵام دلفين گوتى هه‌ستى به‌ جۆرێ له‌ بێئومێدى كردووه‌، به‌تايبه‌تى له‌و كاربه‌ده‌سته‌ ئێرانييانه‌ى كه‌ ده‌يانه‌وێ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى زێتر به‌ته‌نگ مه‌سه‌له‌كه‌وه‌ بێن وه‌ك ڕێگه‌يه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ و گرفته‌ ئاسایشى و ئابوورييه‌كانى ئێران و، ئه‌وان پێيان وايه‌ كه‌ به‌زه‌حمه‌ت به‌رگه‌ى ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ ده‌گرن و "خه‌ڵك لێيان ده‌پێچێته‌وه‌ و هيچ ڕێگه‌يه‌كى ده‌ربازبوونيشمان له‌و قه‌يرانه‌ نييه‌."

دلفين ده‌ڵێ: وێده‌چێ ئێستاكه‌ ئێران هه‌وڵ بدا به‌رگه‌ى ئه‌وپه‌ڕى گوشارى كاربگێڕيى ترامپ بگرێ و "له‌ هيچ قۆناغێكدا هيچ هه‌ڕه‌شه‌يه‌ك نه‌بووه‌ بۆ كشانه‌وه‌ له‌ JCPOA و جۆرێ له‌ پشوودرێژيى ستراتيژيك له‌ ئارادا هه‌بووه‌ و... چاوه‌ڕوان ده‌كرێ چ ڕوو ده‌دا."

 

سەرچاوە:

https://www.al-monitor.com/pulse/originals/2018/11/us-exemptions-iran-sanctions-pompeo-trump.html

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples