توركيا و يه‌كێتيى ئه‌وروپى: چاره‌نووسێكى ته‌ڵخ و ناديار

بوراك به‌كدل [ستووننووسێكى توركه‌]

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاسۆ کەریم

پوخته‌:

هه‌ڵبژاردنه‌كانى 31ى ئادار، كه‌ هه‌م سه‌ركه‌وتن و هه‌م ژێركه‌وتنيان بۆ سه‌رۆككۆمار، ڕه‌جه‌ب ته‌يیب ئه‌ردۆغان تێدا بوو، كۆسپێكى ديكه‌يان خسته‌ به‌رده‌م وتووێژه‌ ڕاوه‌ستاوه‌كانى ئه‌ندامێتيى توركيا له‌گه‌ڵ يه‌كێتيى ئه‌وروپيدا. وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێ پياوه‌ به‌هێزه‌ ئيسلامييه‌كه‌، بووه‌ته‌ بارمته‌ى سياسيى گورگه‌ بۆره‌كانى توركيا.

*****

دوو ده‌يه‌ به‌ر له‌ ئێسته‌ پرسياره‌ گه‌وره‌كه‌ له‌ برۆكسل و له‌ ئانكارا‌ ئه‌وه‌ بوو: "ئايا توركيا ڕۆژێكيان ده‌بێته‌ ئه‌ندامێكى ته‌واوى يه‌كێتيى ئه‌وروپى؟" ده‌ ساڵێ به‌ر له‌ ئێسته‌ پرسياره‌كه‌ بووه‌: "چۆن ده‌كرێ توركيا ببێته‌ ئه‌ندامێكى ته‌واو؟" ئه‌مڕۆ، پرسياره‌كه‌ ساده‌ و ڕه‌وان به‌م شێوه‌يه‌ى لێ هاتووه‌: "داخوا كاميان، توركيا يان يه‌كێتيى ئه‌وروپى، كۆتايیى فه‌رمى به‌و ئۆپێرا كاته‌كييه‌ ده‌هێنێ؟"

له‌ ئادار، په‌رله‌مانى ئه‌وروپى به‌توندى به‌بير ئه‌وانه‌ هێنايه‌وه‌ كه‌ به‌ئومێدن توركيا ببێته‌ وڵاتێكى ڕۆژاوايى، به‌هه‌ڵه‌دا چوون. له‌ ده‌نگدانيكى نا-پابه‌نددا، ئه‌نجومه‌ن ڕای سپارد كه‌ وتووێژ و دانوستاندنه‌كانى وابه‌سته‌ به‌ توركيا بێنه‌ ڕاوه‌ستاندن (370 ده‌نگ له‌ به‌رانبه‌ر 109 ده‌نگى دژ و 143 ده‌نگيش له‌گه‌ڵ هيچ لايه‌كدا نه‌بوون). پاش وتووێژێكى ئاستبه‌رز له‌گه‌ڵ توركيادا له‌ برۆكسل، به‌ياننامه‌يه‌كى يه‌كێتيى ئه‌وروپى ده‌رچوو كه‌ جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ وتووێژه‌كان ڕاگيراون و ده‌ڵێ: "پابه‌ندبوونه‌ ڕاگه‌يه‌ندراوه‌كه‌ى حكوومه‌تى توركى به هاتنه‌ ناو يه‌كێتيى ئه‌وروپى، پێويستى به‌ ڕيفۆرمگه‌لێكى هاوشێوه‌ و به‌رانبه‌ريش هه‌يه‌."

زۆر هۆ هه‌ن –هه‌موو نهێنييه‌ سه‌رواڵاكان- كه‌ له‌به‌ر چ توركيا، به‌گوێره‌ى ئه‌نجومه‌ن، شايانى ئه‌وه‌ نييه‌ ببێته‌ ئه‌ندامێكى EU: پێشێلكارييه‌ به‌رده‌وامه‌كانى مافه‌ مه‌ده‌نى و یاسایييه‌كانى مرۆڤ؛ نيگه‌رانبوون له‌ ڕێزنه‌گرتن له‌ مافه‌ كه‌لتوورى و ئايينييه‌كانى كه‌مينه‌كان؛ كه‌مبوونه‌وه‌ى فه‌زا و ئاقارى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و گرتن و سه‌ركوتكردنى ڕۆژنامه‌نووسان؛ وه‌ده‌رنانى ئه‌و ئه‌كاديمييانه‌ى ڕا و بۆچوونى جياوازييان هه‌يه‌ و مامه‌ڵه‌ى خراپ له‌گه‌ڵ‌ كۆچبه‌رانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست له‌ چوارچێوه‌ى سنووره‌كانى خۆيدا؛ مامه‌ڵه‌ى خراپى حكوومه‌ت له‌گه‌ڵ مافه‌ یاسایييه‌كانى هاووڵاتيانى خۆى له‌ژێر په‌رده‌ى شك و گومانى تيرۆريزم؛ ترساندنى هاووڵاتييان؛ پێوه‌نديى خراپ و نادۆستانه‌ى توركيا له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی هاوشی وه‌كوو قوبرس و يۆنان و، ئاسايینه‌كردنه‌وه‌ى پێوه‌ندييه‌ ديپلۆماتييه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌رمه‌نستانى هاوسێيدا.

په‌رله‌مانى ئه‌وروپى ده‌ڵێ:

ڕێزگرتن له‌ حوكمى یاسا و مافه‌ بنه‌ڕه‌تييه‌كان، به‌ جياكردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كانيشه‌وه‌، ديموكراسى، ئازاديى ڕاده‌ربڕين و ميديا، مافه‌كانى مرۆڤ، مافه‌كانى كه‌مينه‌كان و ئازاديى ئايينى، ئازاديى كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ و مافى ناڕه‌زايی ده‌ربڕينى به‌ئاشتييانه‌، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى و ڕاسيزم و جياكارى دژى گرووپه‌ كز و بێده‌سه‌ڵاته‌كان، بريتين له‌ كاكڵه‌ و جه‌وهه‌رى پرۆسه‌ى دانوستاندن.

كاتێ كه‌ ئه‌وروپا ئه‌و په‌يامه‌ى شاند، پياوه‌ ئيسلامييه‌ به‌هێزه‌كه‌ى توركيا، سه‌رۆك ئه‌ردۆغان له‌ هه‌ڵمه‌تێكى هه‌ڵبژارندا به‌ناو وڵاتدا ده‌گه‌ڕا و نه‌يار و ناحه‌زه‌كانى خۆى وه‌كوو خائين ناو ده‌هێنا كه‌ گوايا ڕايه‌ڵه ‌و پێوه‌ندييان به‌ تيرۆريستانه‌وه‌ هه‌يه‌. له‌ كاتێكدا بۆ ئاپۆرايه‌كى خه‌ڵك و لايه‌نگرانى حزبه‌كه‌ى ده‌ئاخاوت، ڤيديۆى ئه‌و قه‌سابخانه‌يه‌ى نيشان دان كه‌ له‌ دوو مزگه‌وتى نيوزيلانددا ڕووی دا و خۆى وه‌كوو پارێزه‌ر و ده‌مڕاستى موسڵمانان نيشان دا.

وه‌كوو پشتڕاستكردنه‌وه‌يه‌كى ئه‌و خاڵانه‌ى په‌رله‌مانى ئه‌وروپى له‌باره‌ى توركياوه‌ قامكى له‌سه‌ر دانابوون، ئه‌ردۆغان داواى له‌ نيوزيلاند كرد كه‌ سزاى له‌سێداره‌دان بۆ ئه‌و چه‌كداره‌ بگه‌ڕێنێته‌وه‌ كه‌ 50 كه‌سى له‌ دوو مزگه‌وتى كريستكارچدا كوشت و هۆشداریى ده‌دا "توركيا وا ده‌كا باباى هێرشبه‌ر نرخى ئه‌و كرده‌يه‌ى خۆى بدا، ئه‌گه‌ر نيوزيلاند ئه‌وه‌ نه‌كا." ئه‌ردۆغان له‌ 19ى ئاداردا، له‌ گردبوونه‌وه‌يه‌كى هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردندا گوتى: "تۆ (برينتۆن تارانت، په‌لامارده‌ره‌ ئوسترالييه‌كه‌ له‌ كريستكارچ)، 50 براى ئێمه‌ت به‌ شێوه‌يه‌كى دڕندانه‌ كوشت؛ تۆ باجى ئه‌و كاره‌ت ده‌ده‌ى. ئه‌گه‌ر نيوزيلاند وا نه‌كا، ئێمه‌ ده‌زانين چۆن ده‌بێ، به‌م يان به‌و شێوه‌يه‌، باجى ئه‌و كرده‌وه‌يه‌ت بده‌ى."

ئه‌وه‌ جێگه‌ى هه‌ڵوه‌سته‌يه؛ ئه‌وه‌ ئه‌ردۆغان خۆى بۆ ئه‌وه‌ی توركيا له‌گه‌ڵ یاساكانى يه‌كێتيى ئه‌وروپيدا له‌بار و ته‌با بێ، ساڵى 2004 سزاى له‌سێداره‌دانی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌. هه‌رچه‌ند له‌ چه‌ند ساڵى ڕابردوودا، چه‌ند جارێ ڕای گه‌ياندووه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان بڕيارى كارپێكردنه‌وه‌ى سزاى له‌سێداره‌دان بدات، ئه‌وا پشتڕاستى ده‌كاته‌وه‌. ئه‌گه‌ر له‌ ڕوانگه‌يه‌كى ديموكراتييانه‌ى ڕۆژاواوه ‌و له‌ پێڤاژۆى خۆياندا سه‌يرى تێبينييه‌كانى ئه‌ردۆغان بكرێ و شى بكرێنه‌وه،‌ ئه‌وا زۆر به‌گرفتتر دێنه‌ پێش چاو، له‌وه‌ى ته‌نيا پێوه‌ندييان به‌ سزاى له‌سێداره‌دانه‌وه‌ هه‌بێ: ئه‌گه‌ر نيوزيلندا سه‌ر نه‌هێنێته‌ به‌رێ و به‌ قسه‌ى ئه‌ردۆغان نه‌كا، ئه‌وا توركيا خۆى وا ده‌كا، باباى په‌لامارده‌ر باجى ئه‌و كرده‌وه‌يه‌ى بدا. چۆن؟ ئايا ئه‌ردۆغان تيمێكى زه‌بروه‌شێنى توركى بۆ زيندانێك ده‌نێرێ كه‌ 16500 كيلۆمه‌تر له‌ توركياوه‌ دووره‌ تا بابايه‌كى زيندانى بكوژێ؟ ئايا ئه‌ردۆغان جه‌نگ دژى نيوزيلاند ڕاده‌گه‌يه‌نێ چونكه‌ ويلنگتۆن ڕه‌تى كرده‌وه‌ ئه‌و تيرۆريسته‌ له‌سێداره‌ بدا؟

سه‌ربارى هه‌ڵمه‌ته‌ به‌هێزه‌كه‌ى ئه‌ردۆغان كه‌ له‌سه‌ر ڕك و كينه‌هه‌ڵگرتن له‌ خه‌ڵكى بێگانه‌، به‌تايبه‌تى گوتارى دژه‌ڕۆژاوايى دامه‌زرابوو، هه‌ڵبژاردنه‌كانى 31ى ئادارى شاره‌وانى هه‌م سه‌ركه‌وتن و هه‌م تێكشكانيان بۆ ئه‌ردۆغان تێدا بوو. حزبه‌كه‌ى ئه‌ردۆغان، ئاكه‌په‌، وه‌كوو ده‌رده‌كه‌وێ بردوويه‌تييه‌وه‌ (له‌ 44%ى له‌سه‌ر ئاستى توركيا هێنا)، به‌ڵام شاره‌كانى ئانكارا‌، ئيستانبۆڵ و ئيزمير كه‌ سێ شارى هه‌ره‌ گه‌وره‌ى توركيان، دۆڕاند، ئه‌مه‌ له‌ته‌ك چه‌ند سه‌نگه‌رى به‌هێز و تراديسۆناڵى ئاكه‌په‌ وه‌كوو ئه‌نتاڵيا، ئه‌ده‌نه‌، ميرسين، كيرشه‌هر، ئارتڤين و بۆلو. ئه‌وه‌ يه‌كه‌مين جاره‌، ئيسلامييه‌كانى توركيا پاش 25 ساڵ له‌ سه‌ركه‌وتنى به‌رده‌وامدا، له‌ ئانكارا‌ و له‌ ئيستانبۆڵدا بدۆڕێن. ئاكه‌په‌ داواى كردووه‌ ده‌نگه‌كان له‌ هه‌ر دوو شارى ئانكارا‌ و ئيستانبۆڵدا بژمێردرێنه‌وه‌‌. چاودێرانى یاسایى ده‌ڵێن، ده‌سته‌ى باڵاى هه‌ڵبژاردن ده‌بێ بڕيارى خۆى  له‌ چه‌ند هه‌فته‌ى دادێ، بدات. [ده‌سته‌ى باڵاى هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامه‌كانى ناوشارى ئيستانبۆڵ-ى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌و بڕياره‌ له‌ 23ى حوزه‌يرانى ئه‌مساڵدا، هه‌ڵبژاردن دوباره‌ بكرێته‌وه‌- ئاسۆ].

پاش ئه‌و ده‌نگدانه‌ كه‌ ئه‌ردۆغان له‌ ماوه‌ى هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردن به‌ "مه‌سه‌له‌ و پرسێكى وجوودى بۆ توركيا" داده‌نا، ئه‌وا مانه‌وه‌ى سياسیى ئه‌ردۆغان تا دێ زێتر پشت به‌ پشتيوانیى هاوپه‌يمانه‌ سه‌ره‌كييه‌ى، واته‌ حزبه‌ توندڕه‌وه‌ ناسيۆناڵيسته‌كه‌ى توركيا،‌ مه‌هه‌په‌، ده‌به‌ستێ. ئاكه‌په‌ و مه‌هه‌په‌ پێكه‌وه‌ له‌سه‌ر ئاستى سه‌رانسه‌رى توركيادا، 52%ى ده‌نگه‌كانيان له‌ 31ى ئاداردا برده‌وه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌ردۆغان بكه‌وێته‌ ژێر گوشار و داواى هه‌ڵبژاردنێكى پێشوه‌خته‌ى سه‌رۆكايه‌تى و په‌رله‌مانى بكا (خۆى به‌ شێوه‌يه‌كى ئاسايى ده‌بێ له‌ 2023دا بكرێ)، ئه‌وا ئه‌ردۆغان زۆر پێويستى به‌وه‌ ده‌بێ كه‌ ده‌نگى ئه‌و حزبه‌ توندڕه‌وه‌ نه‌ته‌وه‌ييیه‌ى له‌ته‌كدا بێ. بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و پشتيوانييه‌ى مه‌هه‌په‌یش به‌رده‌وام و مسۆگه‌ر بێ، ئه‌وا ده‌بێ گوتارى دژه‌ڕۆژاواييیانه‌ى خۆى په‌ره ‌پێ بدا و له‌ هه‌ر چه‌شنه‌ وتوويژێكى ئاشتى له‌گه‌ڵ كورده‌كانى توركيادا دوور بكه‌وێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ى دوايى هێڵێكى سووره‌ به ‌لاى مه‌هه‌په‌وه‌. به‌ ده‌سته‌واژه‌ى ديكه‌، هه‌ڵبژاردنه‌كانى 31ى ئادار، كۆسپێكی ديكه‌يان خسته‌ به‌رده‌م وتووێژه‌ ڕاوه‌ستاوه‌كانى ئه‌ندامێتيى توركيا له‌گه‌ڵ يه‌كێتيى ئه‌وروپيدا. وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێ پياوه‌ به‌هێزه‌ ئيسلامييه‌كه‌ بووه‌ته‌ بارمته‌ى سياسيى گورگه‌ بۆره‌كانى توركيا.

ئالئه‌رسه‌لان كاڤاكليئۆغلوو كه‌ ئه‌ندامێكى ئاكه‌په‌ى ئه‌ردۆغان و سه‌رۆكى ليژنه‌ى ئاسايش و هه‌واڵگرييه‌ له‌ په‌رله‌ماندا له‌ 2018دا گوتى: "ئه‌وروپا ده‌بێته‌ موسڵمان. ئێمه‌ له‌وێ به‌كار و به‌گوڕ ده‌بين، ئه‌گه‌ر خوا حه‌ز بكا. من دڵنيام له‌وه‌." يه‌كێتيى ئه‌وروپى و توركيا هه‌ر يه‌كه‌يان به‌رژه‌وه‌نديى تايبه‌ت به‌ خۆى هه‌يه‌ له‌و ئۆپێرا كاتييه‌ دوورودرێژه‌ بێكۆتاييیه‌دا. لێ گوێگران تا دێ زێتر هه‌ست به‌ بێهووده‌يى ده‌كه‌ن.

 

سەرچاوە:

https://besacenter.org

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples