مەسروور بارزانی دەبێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی هەرێمی کوردستان

سیس جەی فڕانتزمان

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: پەیڕەو ئەنوەر

نێچیرڤان بارزانی کە سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بووە، بەربژێر کرا بۆ سەرۆکی هەرێم و دوای هەڵبژاردن و پڕۆسەی سوێندخواردن وەک سەرۆکی هەرێم، دەستبەکار بوو. مەسروور بارزانی، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانیش بەربژێرە بۆ سەرۆکی حکوومەت و هەنووکەیش پەرلەمانی کوردستان ناودێری کردووە بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێ! پێدەچێت خودی مەسروور بارزانی ئەو پۆستە قبووڵ بکات چونکە حزبەکەی (پارتی دیموکراتی کوردستان) گەورەترین حزبە لە هەرێمی کوردستاندا. ئەم جێگۆڕکێیە گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان، چونکە هەرێمی کوردستان هەوڵ دەدات بگات بە ئاستی وڵاتانی هەرێمی و باشترکردنی دۆخی ئابووری و سەقامگیریییەکەی. 

پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوەکانی خۆی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان ئەنجام دا بۆ بەربژێرکردنی ئەندامانی (نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی) بۆ سەرکردایەتیکردنی هەرێم. پارتی دیموکراتی کوردستان دەبێت لە دوای هەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوولی ساڵی پارەوە کابینەیەکی نوێ پێک بهێنێت. پارتی دیموکراتی کوردستان کە لە‌ هەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوولدا پلەی یەکەمی بەدەست هێناوە و زۆرینەیە، مەسروور بارزانیی بەربژێر کردووە بۆ بوون بە سەرۆکی حکوومەتێکی نوێ. "سێنگ ساگنیک" ڕێکخەر لە بەرنامەی کوردناسی لە ناوەندی "مۆشی دایان" لە زانکۆی تەل ئەڤیڤ پێی وایە کە پەرلەمان سەرکەوتوو دەبێت لە بەربژێرکردنی پارتی فەرمانڕەوا بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ.

بەربژێرکردنی "نیچێرڤان بارزانی" بۆ سەرۆکایەتیی هەرێم زۆری خایاند تاوەکوو پەسەند کرا، چونکە سەرۆکایەتیی هەرێم لە دوای ڕیفراندۆمە مێژوویییەکەی مانگی ئەیلوولی ٢٠١٧ بۆ سەربەخۆیی، بە دۆخێکی نالەبار و پڕتەنگەژەدا تێ پەڕی. لە سەرەتای ڕیفراندۆمەکەدا لە ٢٠١٧دا، حکوومەتی ناوەندیی عێراق تانکە سەربازییەکانی خۆی نارد بۆ کەرکووک، ئەو شارەی لە بندەستی پێشمەرگە دەرهێنا کە لە ٢٠١٤ تاوەکوو دوای ڕیفراندۆم، لە بەرامبەر داعشدا بەرگرییەکی سەختیان کردبوو. ئەمە بووە هۆی قەیران لە هەرێمی کوردستاندا و دواتر مەسعوود بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم دەستی لەکار کێشایەوە و بەغدایش فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستانی داخست. دوای ساڵێک، هەرێم گەڕایەوە دۆخی خۆی. ئێستاکە هەرێم لە ڕووی ئابوورییەوە دۆخی باشتر بووە؛ نەوت هەناردە دەکات و ڕێککەوتن واژوو دەکات. مەسعوود بارزانی لە کۆتاییی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابروودا سەردانێکی مێژوویی بۆ بەغدا ئەنجام دەدات و مەسروور بارزانیش سەردانی کوێت و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب دەکات. حزبە سیاسییە گەورەکانی تری هەرێمی کوردستان (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان) چاوەڕوان دەکرێت داوای شوێن و پێگەی گرنگ بکەن لە حکوومەتی نوێدا کە لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە پێک دەهێنرێت.

"ساگنیک" پێی وایە ئەم گۆڕانکارییانە ڕەنگە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی دەسەڵات لە سەرۆکایەتیی هەرێمدا بەڵام بە شێوەیەکی گشتی بۆ کورد دەرەنجامی گونجاوی دەبێت. ناوبراو پێی وایە کە، "پارتی دیموکراتی کوردستان بە هۆی ڕیفراندۆم و کەوتنی کەرکووکەوە بەهێز بووە و، پارتی ناوبراو نوێنەرایەتیی ناسیۆنالیزمی کوردی کردووە؛ ئەمەیش ئەوە دەردەخات کە گونجاو نییە ڕووبەڕووی ناسیۆنالیزمی کوردی ببیتەوە لە ناوچەکەدا." "بە هۆی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە، کوردەکان لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتانی دراوسێی وەک تورکیا و ئێران ڕەخنەیان لێ گیراوە؛ هەرچەنده‌ پارتی دیموکراتی کوردستان كه‌ ڕۆڵێکی سەرەکیی لە ڕیفراندۆمەکەدا بینی، لە دوایین هەڵبژاردنی ناوخۆیشدا ڕێژەیەکی بەرچاوی دەنگەکانی بەدەست هێنا. "ساگنیک" ئاماژە بەوەیش دەکات و دەڵێت: "سەرکەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردن و سەرکەوتنی ئەو حزبە بۆ ڕازیکردنی حزبەکانی تر بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پاڵاوتنی بەربژێرەکانی، دەری دەخات کە پارتی دیموکراتی کوردستان بەهێز بووە."

نێچیرڤان بارزانی بە کەسێکی نەرم و لێهاتوو لە بەڕێوەبردنی کاروباری هەرێمدا ناسراوە. نێچیرڤان بارزانی کە لە ساڵی ١٩٦٦ لە بارزان لەدایک بووە، کوڕەزای مستەفا بارزانی، دامەزرێنەری پارتی دیموکراتی کوردستانە و برازای مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستانە. نێچیرڤان بارزانی لە ساڵی ١٩٧٥دا بە هۆی ڕژێمی بەعسی تیرۆریستی "سەددام حسێن"ەوە، ناچار بووە کوردستان بەجێ بهێڵێت. دواتر لە ئێران ژیاوە و لە دوای ڕاپەڕینی خەڵکی هەرێمی کوردستان و ئازادبوونی ئەو هەرێمە و شکستی سەددام لە جەنگی یەکەمی کەنداودا، بووە بە یەکێک لە سەرکردە باڵاکان لە هەرێمی کوردستاندا. وەک سەرۆکوەزیران لە ساڵی ١٩٩٩ تاوەکوو ٢٠١٢ دەستبەکار بووە و دەستێکی باڵای هەبووە لە بووژاندنەوەی ئابووری و کردنی هەرێمی کوردستان بە سەرکەوتووترین ناوچەکانی عێراق لە دوای ڕزگارکردنی عێراق لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە.

مەسروور بارزانی، بەربژێری ناودێرکراو بۆ سەرۆکی حکوومەت و شوێنگرتنەوەی نێچیرڤان بارزانی، لە ساڵی ١٩٦٩ لەدایک بووە و لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خوێندوویەتی. لە بواری ئاسایش لە هەرێمی کوردستاندا کاری کردووە کە هەرێم یەکێک بووە لە ئارامترین ناوچەکانی عێراق؛ لە کاتێکدا هێرشی تیرۆریستی و توندوتیژیی مەزهەبی بەشێک بووە لە ناوچەکانی تری عێراق. "ساگنیک" بەردەوام دەبێت و دەڵێت: "مەسروور بارزانی بەشارەزایییە دیپلۆماسییەکەی بەناوبانگە. ئەگەرچی ئەو پاشخانێکی ئەمنیی هەیە و ڕۆڵێکی کارای هەیە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکوومەتەکانی ڕۆژاوادا. ئێمە بینیومانە مەسروور بارزانی چاوەڕێی دیپلۆماتە ئەمریکییەکانی کردووە و گفتوگۆی لەگەڵیاندا ئەنجام داوە. لە ڕووی دیپلۆماسییەوە حکوومەتداریی مەسروور بارزانی، دەستکەوتی دیپلۆماسیی دەبێت."

گۆڕانی سەرکردایەتی لە هەرێمەکەدا، پێدەچێت پاکسازیی وەزیرەکان لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستاندا بە دوای خۆیدا بهێنێت، بەڵام ئەمە مانای جێگۆڕکێ و گواستنەوەی دەسەڵاتە بۆ نەوەیەکی گەنجتر لە قۆناغی دوای ڕیفراندۆمدا. هەروەها مانای بەردەوامبوونە بەوەی کە هەر دوو بارزانییەکە (نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی) بناغه‌یه‌كی پتەویان بۆ سەرکردایەتییەکی بەردەوام داناوە، تاوەکوو ببێتە ناوەندێک بۆ سیاسەت و گەشەپێدانی هەرێم بۆ چەندین دەیەی داهاتوو.

هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی چەندین هەڕەشە دەبێتەوە. ئێران داوا دەکات لە هەرێم ڕۆڵ بگێڕێت و، هەوڵ دەدات لە ڕووی هەواڵگرییەوە لە باکووری عێراق ئامادەییی هەبێت و، چاودێرییە چڕەکانی بووە بە هەڕەشەیەکی بەردەوام. لە مانگی ئەیلوولی پار، ئێران بە هۆی مووشەکێکی بالیستی بۆ سەر کۆیە، گرووپی ئۆپۆزیسیۆنی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی کردە ئامانج. سەرەڕای ئەوەی تورکیا بەردەوامی بە بنکە سەربازییەکانی خۆی دەدات لە هەرێم بۆ جەنگان و ڕووبەڕووبوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان. حکوومەتی هەرێمی کوردستان خۆیشی لەبارەی شنگال و کەرکووک داوای دانوستان دەکات، کە دوو ناوچەی کێشەلەسەرن کە لە دوای هاتنی داعشه‌وه‌ لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە کۆنتڕۆڵ کرابوون. 300,000 ئێزیدی لە کەمپی ئاوارەکاندا دەژین لە هەرێمی کوردستاندا و ئەو ئێزیدییانە دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ شنگال، بەڵام بە هۆی داخستنی ڕێگه‌وە ڕێگرییان لێ کراوە. بەغدا نەیتوانیوە ئەو کێشانە چارەسەر بکات. لە کەرکووک بەرپرسان تاوانبار دەکرێن بە هەوڵدانیان بۆ دەرکردنی کوردەکان لە گوندەکانیان و ڕێگەدان بە هێزی ئەمنیی عێراقی بۆ خراپترکردنی بارودۆخەکە لە کەرکووک.

بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی حکوومەتی هەرێم زۆر کۆبوونەوە لەگەڵ ڕۆژاوا و بەرپرسانی هەرێمی ئەنجام دراوە. مەسروور بارزانی چاوی بە "گیڵس دی کیرچۆڤ"، ڕێکخەری دژەتیرۆری یەکێتیی ئەوڕوپا و باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کەوتووە لە مانگی تشرینی دووەمی ڕابردوودا. جگە لەوە لەگەڵ مەسعوود بارزانیی باوکی، سەردانی بەغدای کردووە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و بەغدا. شاندێکی باڵای سویدیش سەردانی حکوومەتی هەرێمیان کردووە و حکوومەتی هەرێمیش لە بواری دارایی و پاڵپشتیی کەرتی ئاوەدانکردنەوە، پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو بەهێز کردووە. ئەمە گرنگە، چونکە لە دوای تێکشکاندنی داعشەوە هەرێمی کوردستان دەیەوێت ئابووریی خۆی ببووژێنێتەوە. لەگەڵ ئەمانەیشدا لە ئاوسانی کەرتی گشتی ڕووبەڕووی ڕێگری و بەربەست دەبێتەوە و، بەمەیش دەبێت لە هێزە چەکدارەکانی، بەتایبەت پێشمەرگە، چاکسازییەکی گەورە بکات. پێشمەرگە لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان وەک حزبی فەرمانڕەوا و، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک دووەم گەورەترین حزب لە هەرێمی کوردستاندا، دابەش بووە. بۆ ئاوێزانبوون و یەکگرتنەوە و ئازادبوونی ئەو هێزانە لە حزبه‌کانیان، بۆ زیاتر لە چەندین دەیە گوشار هەبووە. هەر کاتێک کابینەی نوێ پێک بهێنرێت و سەرۆکی حکوومەتی نوێ دەستبەکار بێت، هەرێم ڕەنگە بتوانێت ئەو چاکسازییە ئابوورییە و سەربازییە بکات. هەرچەندە، ڕابردوو پیشانی داوین کە ئەو چاکسازییانەی کە بینراون و مەبەستی ڕاستەقینەیان هەبووە بۆ گۆڕینی دۆخی ئێستا، وا بەئاسانی بەرجەستە نەبووە. بەتایبەت ئەمە بۆ دۆخێک ڕاستە کە هەرێم دەبوو وەڵام و بەرپەرچدانەوەی بۆ قەیرانەکانی تری وەک سەرهەڵدانی داعش هەبووایە. ئەگەر توندڕەوی و پەڕگیری  لە تەواوی عێراقدا کۆنتڕۆڵ بکرێت و پاڵپشتیی دارایی لە لایەن ڕۆژاوا و وڵاتانی کەنداو مسۆگەر بکرێت، ئەوا حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێوە.

سەرچاوە:

https://www.jpost.com

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples