ئاخۆ سوپای پاسداران لە هەولێر مووشەکی لە بنکەی مووساد دا؟

نووسەر: بابەک ته‌قوایی / پسپۆڕی بواری سەربازی و بەرگری

وەرگێڕانی لە فارسییەوە: ساماڵ ئەحمەدی

 

درۆ و تەفرەی فەرماندەکانی سوپای پاسداران دەربارەی هێرشی مووشەکی بۆ سەر هەولێر لە ترسی تۆڵەسەندنەوەی ئیسڕائیل

 

بەرەبەیانیی ڕۆژی 13ی ئاداری 2022 دوو دەستە مووشەک کە هەر یەکەیان شەش تا حەوت مووشەکی بالستیکی بە ناوەکانی "فاتح- 110" و "ڕەعد- 500" لەخۆ گرتبوو، لە بنکەکانی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران لە نزیک شارەکانی تەورێز و کرماشانەوە چەند شوێنێکیان لە شاری هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراق کردە ئامانج. دەستەیەک لەو مووشەکانە لە زەوییەکی بەیاری هەڵکەوتوو لە نێوان گەڕەکی عەنکاوە و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە باکووری ڕۆژاوای شارەکە کەوتنە خوارەوە و دەستەیەکی دیکەیان بەر ڤێللایەک کەوتن کە لە نزیک نووسینگەی تەلەڤزیۆنی کوردستان 24 هەڵکەوتووە.

لانی کەم حەوت مووشەکی بالستیک لەو ڤێللایە دراون؛ ئەو مووشەکانە بوونە هۆی زیانگەیاندن بە بینای ڤێللاکە و ئەو ئۆتۆمبێلە گرانبایییانەی لەوێ پارک کرابوون. ڕاگەیاندنەکانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی و ئەو میدیایانەی سەر بە سوپای پاسدارانن، ئیدیعای ئەوەیان کرد کە ئەو ڤێللایە بنکە و بارەگای ڕاهێنانی مووساد، تۆڕی هەواڵگریی ئیسڕائیل، بووە و، لەم بارەیەوە ڕاگەیاندنەکانی کۆماری ئیسلامی ڕایان گەیاند، 9 ئەندامی مووسادیان لەو بینایەدا کوشتووە.

لەگەڵ هەڵاتنی خۆر، پەیامنێرانی میدیاکان چوونە نێو ئەو ڤێللایە و وێنە و فیلمیان لە هەموو بەشەکانی هەڵگرت. ئەوەیش نەک هەر نیشانی دا کە ڤێللاکە شوێنی نیشتەجێبوون بووە، بگرە ئاشکرایشی کرد کە خاوەنەکەی، باز ڕەئووف کەریم، بازرگانی کورد و بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای نەوتیی كارگرووپ (KAR Group)، هەناردەکاری نەوتی هەرێمی کوردستانی عێراقە.

میدیا حکوومییەکان و ئەوانەی سەر بە سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانن، بە پشتەبەستن بە تەکنیکی ئۆپەراسیۆنی دەروونی، لەوانە "بڵاوکردنەوەی درۆ لە زمانی ئەوی دیکەوە" (بەڵگەهێنانەوە لەو هەواڵە هەڵبەستراوانەی لە ڕاگەیاندنە بیانییەکاندا بڵاو کراونەتەوە) هەموو هەوڵی خۆیان لەسەر ئەوە چڕ کردووەتەوە کە ڕاستیی سیناریۆکەیان سەبارەت بەوەی کە خاوەنی ڤێللاکەی باز کەریم، مووسادی ئیسڕائیلە، بۆ بەردەنگەکانیان بسلەمێنن. تەنانەت لەم پێناوەدا، پەیامنێرێکی بەڕەچەڵەک ئێرانی، کۆمەڵێک هەواڵ و زانیاریی هەڵبەستراوی سەبارەت بە بەکارهێنانی ئەو ڤێللایە بۆ کاروباری سەربازی لە میدیایەکی ئەمریکیدا بڵاو کردەوە؛ ئەمە ناڕەزایەتیی بەربڵاوی ڕۆژنامەنووسان و کاربەدەستانی کوردستانی عێراقی لێ کەوتەوە و دوای ئەو ناڕەزایەتییانە پەیامنێرەکە ددانی بە هەڵبەستراویی ئیدیعاکەی خۆیدا نا؛ سەرباری ئەوەیش، ڕاگەیاندنەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەبێ ئەوەی ناوی ئەو پەیامنێرە بێنن، درۆ هەڵبەستراوەکەی ئەویان دووبارە بڵاو کردەوە.

هەوڵی سوپای پاسداران بۆ هەڵفریواندنی ڕای گشتی سەبارەت بە هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر، كۆمه‌ڵێك ئامانجی سەرەکی و لاوەکیی لەپشتەوەیە؛ لە ئامانجە سەرەکییەکانی دەتوانین ئاماژە بەوە بدەین کە سوپا دەیەوێت ورەی لایەنگرانی خۆی بەرز بکاتەوە، بەوەی کە وەڵامی داواکارییەکەیانی داوەتەوە و تۆڵەی ئەو دوو ئەفسەرە باڵایەی سوپای قودسی کردووەتەوە کە لە ڕێکەوتی 7ی ئاداری 2022دا بە هێرشی ئاسمانیی ئیسڕائیل لە سنووری دیمەشق، پایتەختی سووریا، کوژران. لە ئامانجە لاوەکییەکانیشی، دەکرێ نواندنی توانای مووشەکیی سوپای پاسداران بۆ ڕێبەرانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی بێت؛ بەو مەبەستەی کە لە ئامادەکردنی بوودجەی ساڵی داهاتوودا ئەوەیان لەبەرچاو بێت و بوودجەیان بۆ زیاد بکەن. لەم ڕاپۆرتەدا بەشێک لە درۆکانی سوپای پاسداران و میدیاکانی سەر بەو سوپایە سەبارەت بە هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر تاوتوێ دەکەین.

کەڵکوەرگرتن لە تەکنیکی بڵاوکردنەوەی درۆ لە زمانی ئەوی دیکەوە

بڵاوکردنەوەی درۆ لە زمانی ئەوی دیکەوە، یەکێک لە تەکنیکە کۆنەکانی ئۆپەراسیۆنی دەروونی لە ڕاگەیاندنەکاندایە و ئەوەیش هەمان فێڵوتەڵەکەیە کە کاربەدەستانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی، خۆیان ناویان لێ ناوە "جەنگی نەرم". لەم پێناوەدا، هەواڵی هەڵبەستراوی گۆڕدراو (Misinformation)، یان هەواڵی بەتەواوەتی هەڵبەستراو (Disinformation)، کە ڕێکخراوە دەوڵەتییەکان و هێزە سەربازی و ئاسایشییەکان هەڵی دەبەستن، پێش ئەوەی لە ڕاگەیاندنەکانی حکوومەتدا بڵاو بکرێتەوە، لە ڕێی میدیا بیانییەکانەوە، یان لانی کەم لە ڕێی کەسانی سەر بەو میدیایانەوە لە دەرەوەی وڵات بڵاو دەکرێتەوە. لە قۆناغی دواتردا، میدیاکانی حکوومەت بەڵگە لەو هەواڵە هەڵبەستراوە دێننەوە کە لە میدیایەکی بیانیدا بڵاو کراوەتەوە، یان لە میدیایەکی سێیەمدا پشتی پێ بەستراوە و، ئەوەیش بە ناوی هەواڵی سەرچاوەیەکی سەربەخۆ و بێلایەنی بیانی بڵاو دەکەنەوە.

تەکنیکی بڵاوکردنەوەی درۆ لە زمانی ئەوی دیکەوە، یان لە زمانی بێگانەوە، دەتوانێت ڕێژەی باوەڕکردن بە هەواڵی هەڵبەستراو لەنێو بەردەنگەکانی میدیا حکوومییەکان، بەتایبەت لایەنگرانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی و سوپای پاسداراندا به‌رز بكاته‌وه‌. ئەو کەسانە بەهۆی ئەوەی سەرچاوەی هەواڵەکە میدیای بیانییە، ئاسانتر باوەڕی پێ دەکەن لەوەی کە سەرچاوەکە کاربەدەستانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی و فەرماندەکانی سوپای پاسداران بێت.

سەبارەت بە ڕووداوی هێرشی مووشەکی بۆ سەر هەولێر و بەکارهێنانی تەکنیکی بڵاوکردنەوەی درۆ لە زمانی ئەوی دیکەوە، دەتوانین ئاماژە بەو درۆیە بدەین کە پەیامنێرێکی بەڕەچەڵەک ئێرانی، ڕۆژێک دوای ڕووداوەکە لە بڵاوکراوەیەکی ئەمریکادا بڵاوی کردەوە. هەروەکوو لە پێشەکیدا ئاماژەی پێ درا، ئه‌و پەیامنێره‌ لەو درۆیەدا لەسەر زاری یەکێک لە هاوکارەکانییەوە ئیدیعای ئەوەی کرد کە یەکێک لە کاربەدەستانی ئەمریکا پشتڕاستی کردۆته‌وه‌، مووساد ئەو ڤێللایەی بەکار هێناوە کە کراوەتە ئامانج، هەرچەند دواتر ئەو پەیامنێرە ناچار کرا ددان بە هەڵبەستراویی هەواڵەکەیدا بنێت و بەدرۆی بخاتەوە، بەڵام چەند میدیایەکی بیانی بە بەڵگەهێنانه‌وە لەو هەواڵە هەڵبەستراوە چەند ڕاپۆرتێکیان بڵاو کردەوە؛ ڕاگەیاندنەکانی کۆماری ئیسلامییش دووبارە ئەو ڕاپۆرتانەیان بڵاو کردەوە و هەوڵیان دا ڤێللاکەی باز کەریم، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای نەوتیی كارگرووپ، بە بنکەی مووساد لەقەڵەم بدەن.

دوو درۆی گەورەی دیکە بۆ سەلماندنی ئیدیعای سوپا سەبارەت بە هێرش بۆ سەر بنکەی مووساد  

لەم بەشەدا ئاماژە بە دوو درۆی دیکە دەکەین کە ڕاگەیاندنە حکوومییەکانی ئێران سەبارەت بە هێرشە مووشه‌کییەکەی سوپای پاسداران بۆ سەر ڤێللاکەی باز ڕەئووف کەریم هەڵیان بەستوون. درۆی یەکەم، ئیدیعای میدیا حکوومییەکانی ئێرانە دەربارەی ناردنی فڕۆکەیەکی ئامبوڵانسی ئاسمانیی ئەمریکا بۆ گواستنەوەی برینداران و کوژراوان لە یەکەمین خولەکەکانی ئەو هێرشە مووشەکییەی سوپا بۆ سەر هەولێر.

بەڵگەی ڕاگەیاندنەکانی حکوومەتی ئێران سەبارەت بە ناردنی فڕۆکەیەکی ئامبوڵانسی ئاسمانیی ئەمریکا، وێنەیەکی ماڵپەڕی "فلایت ڕادار 24" بوو کە فڕۆکەی زەبەلاحی بارهەڵگری C-17Aی سەر بە هێزی ئاسمانیی ئەمریکای لە کاتی هەڵفڕین بەسەر هەولێردا نیشان دەدا کە لە ڕاستیدا ئەوە فڕۆکەی ژمارەی 01-0192ی سەر بە سکادرۆنی 137ی گواستنەوەی ئاسمانیی گاردی نیشتمانیی نیویۆرکە و تەنیا بۆ گواستنەوەی هێز و بار کەڵکی لێ وەردەگیرێت. ئەو ماڵپەڕانەی چاودێریی فڕۆکە سەربازییەکان دەکەن، نیشانیان داوە کە ئەو فڕۆکەیە ڕۆژی 12ی ئاداری 2022 کاتژمێر 20:24 بە کاتی ئەوروپای ناوەندی (نزیکەی سێ کاتژمێر پێش هێرشە مووشەکییەکەی سوپای پاسداران) بنکەی ئاسمانیی "ڕامشتاین"ی لە ئەڵمانیا بەجێ هێشتووە و شوێنی مەبەستیشی بنکەی ئاسمانیی "ئەلعەدید" لە قەتەر بووە، نەک شاری هەولێر!

درۆیەکی دیکەیش کە ڕاگەیاندنەکانی حکوومەتی ئێران بۆ سەلماندنی ئیدیعا هەڵبەستراوەکەی سوپای پاسداران دەربارەی ئەوەی کە ڤێللاکەی باز ڕەئووف کەریم بۆ مەبەستی سەربازی بەکار هاتووە، بڵاوکردنەوەی ناوی 9 سیخوڕی وەهمیی مووساد بوو کە سوپای پاسداران ئیدیعای دەکرد لەو هێرشە مووشەکییەدا کوژراون. هەڵبەت بڵاوکردنەوەی چەند ناوێکی وەکوو جۆنز، جۆنی، گابریەل، شاوڵ و... لەلایەن زۆرینەی خوێنەرانی هەواڵەکانی میدیا حکوومییەکانی ئێرانەوە گاڵتەیان پێ کرا؛ سەرباری ئەوەیش، ئیدیعای ئەو ڕاگەیاندنانە لەسەر ئەوەی کە ئەو ناوانە لەلایەن پەیامنێرێکی سەربەخۆی عێراقییەوە بڵاو کراونەتەوە، بووە هۆی ئەوەی کە بەشێک لە لایەنگرانی ڕژێم باوەڕ بەم هەواڵە بکەن؛ ئەوانەیش ئەو کەسانە بوون کە بەهۆی ناهۆشیاری و دەستڕانەگەیشتنیان بە ئینتەرنێتی ئازاد ناتوانن ڕاستی و ناڕاستیی ئەو هەواڵە هەڵسەنگێنن.   

تا کاتی ئامادەکردن و بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، میدیا و کەناڵە حکوومییەکانی بڵاوکردنەوەی هەواڵ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەروا خەریکی هەڵبەستن و بڵاوکردنەوەی درۆی نوێ دەربارەی ئەو هێرشە مووشەکییەوەن و لەنێو ئەو درۆیانەدا دەتوانین ئاماژە بدەین بە ئیدیعای بوونی چوار تاوەری هەواڵگری و سیخوڕی لەسەر بینای ڤێللاکەی باز کەریم. بەڵگەهێنانەوەی ئەو میدیایانە ئاماژە دەدەن بە چەند ستوونێکی کانزایی لەسەر بانی ڤێللاکە، کەچی ئەو وێنانەی لەلایەن مانگی دەستکردەوە گیراون، دەیسەلمێنن کە لە ڕاستیدا ئەو ستوونانە پێچکەی تانکیی ئاون لەسەر بانی ڤێللاکە، نەک تاوەری هەواڵگری!

ئەوە یەکەم جار نییە کە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی و سوپای پاسداران بۆ سەلماندنی ئیدیعا هەڵبەستراوەکانیان دەربارەی ئۆپەراسیۆنی مووشەکی پشت بە بڵاوکردنەوەی درۆ لە ڕاگەیاندنەکاندا دەبەستن. میدیا حکوومییەکانی ئێران دوای هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکەی "عەین ئەسەد" لە ڕێکەوتی 8ی جانیوەریی 2020یشدا بە درۆ ئیدیعایان کرد کە لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا سەدان ئەمریکایی کوژراون و دەیان فڕۆکە و هێلیکۆپتەری سەربازی لەناو براون؛ هەرچەند دواتر ئیدیعای کوژرانی سەربازانی ئەمریکایی هاتە سەر ئەوەی کە مێشکیان ئازاری پێ گەیشتووە، کەچی تا ئێستایش بەشێک لە ڕاگەیاندنەکانی حکوومەت لەسەر ئەوە پێداگری دەکەن کە بەشێک لە فڕۆکە پێشکەوتووەکانی ئەمریکا لەناو براون؛ لە کاتێکدا لەو وێنانەدا کە لەلایەن مانگی دەستکردەوە لەو شوێنانەی بنکە سەربازییەکە گیراون کەوا مووشەکەکانیان پێ کەوتووە، دیارە کە هێزەکانی ئەمریکا پێشتر ئاگاداری ئەو هێرشەی سوپای پاسداران بوون و چەند کاتژمێرێك پێش هێرشەکە هەموو فڕۆکەکانی خۆیان لەو بنکەیە ڕاگواستووە.

سوپای پاسداران لە ساڵانی ڕابردوودا هیچ کاتێک نەیتوانیوە وەڵامی ئەو هێرشانە بداتەوە کە دەکرێنە سەر بنکەکانی لە سووریا و عێراق؛ ئەو هێرشانەی کە تێیاندا دەیان ئەفسەری سوپای قودس و هێزە بریکارەکانی کوژراون. یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانیشی ئەو ئەزموونەیە کە فەرماندەکانی سوپای پاسداران لە ڕێکەوتی 10ی مانگی مای ساڵی 2018دا بەهۆی ئۆپەراسیۆنێکی تۆڵەکردنەوەوە بەدەستیان هێنا (هه‌رچه‌نده‌ گران له‌سه‌ریان كه‌وت)؛ ئەو ئۆپەراسیۆنە بۆ مووشەکبارانکردنی گوندەکانی ئیسڕائیل بوو لە بەرزایییەکانی گۆڵان (جۆلان) و لە وەڵامی کوژرانی لانی کەم حەوت ئەندامی سوپای قودس و هێزە ئاسمانییەکانی سوپای پاسداران لە بنکەی ئاسمانیی T4 (تیاس) لە پارێزگای حومسی سووریا، کە بەهۆی ئۆپەراسیۆنێکی هێزی ئاسمانیی ئیسڕائیلەوە لە ڕۆژی دووشەممە 9ی ئه‌پریلی 2018دا کوژرابوون.

وەڵامی هێزی بەرگریی ئیسڕائیل بۆ هیرشی تۆڵەسەندنەوەکەی سوپای پاسداران، بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنێک بوو بە ناوی "ماڵی لە پووش" (ماڵی لە مقەبا) لە ڕۆژی  10ی مانگی "مای"دا؛ ئەو ئۆپەراسیۆنە بە 28 فڕۆکەی شەڕکەری خێرای "ئێف15 ئای ڕام" و  "ئێف16 ئای سوفا" جێبەجێ کرا کە تێیدا چەندان بنکەی سەربازی و کۆگای چەکوچۆڵ و پۆستی چاودێریی سوپای قودس و هێزە بریکارەکانی لە سووریا کرانە ئامانج و دەیان کەس لە ئەندامانی سوپای قودس و هێزە بریکارەکانی کوژران. ئەو ئۆپەراسیۆنە بۆ سوپای پاسداران، بوو بە ئەزموون کە ئیدی وەڵامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر بنکەکانی خۆی نەداتەوە، یان لانی کەم وەکوو ئەو هێرشەی کردییە سەر هەولێر، پەنا بۆ تۆڵەسەندنەوەی شانۆیی ببات.

 

 سەرچاوە:

independentpersian

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples