ململانێی نێوان میلیشیاکان و نفووزی ئێران لە عێراقدا

ن: عەبدولڕەئووف مستەفا ئەلغەنیمی؛ توێژەری ئەنیستیتیۆتی نێودەوڵەتیی هەڵسەنگاندنەکانی ئێران

وەرگێڕانی لە فارسییەوە: ساماڵ ئەحمەدی

 

پڕۆژەی ئێران بۆ دەرەوەی سنوورەکانی خۆی، قۆناغی جۆراوجۆری هەیە کە میلیتاریزم بە قۆناغێکی پێشکەوتووی دادەنرێت. لە دەیه‌ی ١٩٨٠ی سەدەی بیستەمەوە، واتا لەو کاتەوە کە ڕژێمی شۆڕشگێڕانە بناغەکانی خۆی پتەو دەکرد، میلیتاریزم یەکێک لە تایبەتمەندییە بنەڕەتییەکانی سیاسەتی دەرەکیی ئێران بووە. هەروەها یەکێک لەو گرنگترین کەرەستانەی کە ئەو وڵاتە بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانجە مەزهەبییەکان لە بەشە جیاوازەکانی ژیانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بەکاری دێنێت و، هەر لە بنەڕەتەوە، بڕیاردەرانی ئێرانی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەگەلی مەزهەبیی فرەخوازانە لە ناوچەکانی ژێرنفووزی خۆیان، بەتایبەتی لە عێراقدا، بەکاری دێنن، هەمان کەرەستەی میلیشیاکانە.

ئێران ئەو میلیشیایانەی پێک هێناوە و بە پێدانی هاوکاریی دارایی و مرۆیی و پڕچەککردنیان بە جۆرێک پۆشتە و بەهێزی کردوون کە ئێستا وەکوو بڕبڕەی پشت و باڵی کارای میلیشیایی، پڕۆژە و پلانەکانی ئێران نەک هەر لە عێراق، بگرە لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرەوپێشەوە دەبەن. ئێران ئەو کەرەستەیە لە دژی حکوومەتە دوابەدواکانی عێراق بەکار دێنێت بۆ ئەوەی کە وێڕای پاراستنی دەسکەوتەکانی، ئەو پڕۆژە فرەخوازییانەیشی بەرەوپێشەوە ببات کە هێشتا جێبەجێ نەکراون.   

ئەو گرفتەی لە عێراق بەربینگی ئێرانی گرتووە، ئەوەیە کە میلیشیاکانی ناو عێراق و ناوچەکانی ژێرنفووزی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ناکۆکییان تێ کەوتووە و دووچاری چەندبەرەکی بوون. پێچەڵپێچیی گرفتەکەیش لەوەدایە کە نەک هەر میلیشیا وەفادارەکانی مەرجەعییەتی قوم لەگەڵ میلیشیا وەفادارەکانی مەرجەعییەتی نەجەف پێکەوە ناکۆکییان هەیە، بگرە میلیشیا لایەنگرەکانی مەرجەعییەتی قوم لەناو خۆیشیاندا ناکۆکییان تێ کەوتووە کە سه‌رنجی ئەم توێژینەوەیە زیاتر لەسەر ئەم بابەته‌یە. شایانی باسە کە ئەو ناکۆکییانە ڕێک لە کاتێکدا هەڵکشاون کە پێگەی جەماوەریی میلیشیاکان لەناو خەڵکی عێراقدا زۆر بەچڕی داکشاوە و خەڵکی عێراق تەنانەت لە پارێزگا شیعەنشینەکانیش هیوایەکیان بە ئێران نییە. لەم ڕووەوە، ئێران بۆ ئەوەی کە لە قۆناغی پاش قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی سوپای قودس و ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری فەرماندەی حه‌شدی شەعبی، بتوانێت دەسکەوتی زیاتر بەدەست بێنێت و پێش بە زیانەکانی بگرێت، هەوڵ دەدات ناکۆکییەکانی نێوان میلیشیاکان چارەسەر بکات.

پرسیاری سەرەکیی ئەم توێژینەوەیە ئەوەیە، لە کاتێکدا کە ئێران چەندان ساڵە هەوڵ دەدات لە بانگەشەکانیدا وا ده‌ربخات کە میلیشیاکان پەیڕەوی ویلایەتی فەفیهن و کۆمەڵەیەکی یەکگرتوون، ئاخۆ ئەم بابەتە تاکوو چ ڕاددەیەک ڕاستە؟ هەروەها لێکەوتەکانی سەبارەت بە نفووزی ئێران لە عێراق و وڵاتانی دیکەی ناوچەکەدا چییە؛ بۆچی عێراق گرنگترین بازنەی ئەو ڕێڕەوەیە کە تاران بە دەریای ناوەڕاستەوە دەبەستێتەوە؟ ڕاستییەکەی ئەوەیە کە زیاترین ناکۆکی لەسەر پێگەی فەرماندەیی لەناو ڕیزەکانی ئەو حەشدی شەعبییەدا هەیە کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت. هەروەها ناکۆکییەکان لەسەر ناوچەکانی ژێردەسەڵات و شوێنی کۆکردنەوەی تاڵانی و پیتاک (باج)یش بەرچاو دەکەون؛ بەتایبەت ئەوەی کە یەکێک لە خواستە بەردەوامەکانی خەڵکی عێراق لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی میلیشیاکاندا ئەوەیە کە ئەو میلیشیایانە لە ناوچەکانیان دەربکرێن. ئەوەیش سەرباری ئەوەیە کە ئەم خواستە لەلایەن هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانیشەوە گرنگیی پێ دەرێت و چارەسەری بەشێکی زۆری کێشەکان و قەیرانەکانی ناوچەکە پەیوەندیی بەم بابەتەوە هەیە. شایانی باسە کە میلیشیاکان هەم بواریان بۆ نفووزی ئێران لە گەلێک ناوچەدا ڕەخساندووە و هەم بوونەتە كارتێكی گوشار لە دەستی ئێراندا کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی دوژمنەکانی و تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتانی عەرەبی بەکاری دێنێت. نابێت ئەوەیشمان لەبیر بچێت کە بێ گومان گەورەترین مەترسیی میلیشیاکان، لەنێوبردنی حکوومەتە نیشتمانییەکان و هێنانەسەرکاری چەند حکوومەتی بێکەڵکە لە ناوچەکەدا.

یەکەم: گرنگیی میلیشیاکانی ئێران لە عێراقدا بۆ ستراتیژیی ئێران

میلیشیاکانی ئێران گرنگترین كارتی گوشاری ئێران لە عێراق و باڵێکی بەهیزی جێبەجێکارن بۆ بەرەوپێشبردنی پڕۆژە فرەخوازییەکانی ئێران لە سەرانسەری ناوچەکەدا. هەر بەهۆی ئەو میلیشیایانەوەیە کە ئێران کۆنترۆڵی دۆخی عێراقی خستووەتە بن دەستی خۆیەوە و ناهێڵێ عێراق بگەڕێتەوە نێو ئامێزی وڵاتانی عەرەبی؛ ئەنجامەکەیشی ئەوەیە کە هەروا پەیڕه‌وی ئێرانە و لە بازنەی نفووزی ئێراندا دەمێنێتەوە. میلیشیاکانی لایەنگری مەرجەعییەتی قوم لە هاوکێشەکانی دەسەڵاتدا لە عێراق نفووز و کاریگەریی زۆریان هەیە و ئەوەیش بۆ كۆمه‌ڵێك هۆکار دەگەڕێتەوە کە لێرەدا ئاماژەیان پێ دەکەین:

یەک. گرنگیی ڕێژەی میلیشیاکان

تایبەتمەندیی میلیشیاکانی لایەنگری مەرجەعییەتی قوم لەناو میلیشیاکانی ژێر ئاڵای حەشدی شەعبیدا ئەوەیە کە ژمارەیەکی زۆریان، واتا نزیکەی ٦٥٪یان لەخۆ دەگرێت. بە واتایەکی دیکە، بەپێی لێکۆڵینەوەکانی گیانشاد هیشام هاشمی، پسپۆڕی عێراقی کە لە مانگی جوولای ساڵی ٢٠٢٠دا بڵاو بووەوە(١)، سەرلەبەری ئەو گرووپە میلیشیایییانەی لەژێر ئاڵای حەشدی شەعبیدان، ١١٩ گرووپن کە ٦٧ گرووپیان شیعەن و لەو ژمارەیەیش ٤٤ گرووپیان لایەنگری مەرجەعییەتی قومن. ٤٣ گرووپی ئەو میلیشیایانە سوننەمەزهەبن و ٩ گرووپیشیان لەو پێکهاتانەن کە لە باشووری کوردستان لەگەڵ میلیشیا شیعەکان چالاکییان هەیە. بێجگە لەوە، زیاتر لە ١٠ گرووپی میلیشیاییی دیکەیش کە دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەلموهەندیس پێک هاتوون، زۆرینەیان لایەنگری مەرجەعییەتی قومن. ئەم گرووپانە بریتین لە: ڕەبعەڵڵا، لیوای تۆڵەی ئەلموهەندیس، سرییەکانی عشرینی دووەم، سرییەکانی تێکشکێنەری تووڕە، سرییەکانی ئەولیا ئەلدەم، سرییەکانی ئەلمونتەقیم، عوسبەت ئەلسائیرین، ئەسحاب ئەلکەهف، مشتووی مه‌هدی، ئەلغاشیە، هێزەکانی زولفەقار و عەهدەڵڵا. شایانی باسە کە ئەم گرووپە میلیشیایییە نوێیانە بەو مەبەستە پێک دەهێنن کە کۆمەڵێک گرووپی بەتەواوەتی وەفادار و سەدلەسەد لایەنگری ئێران و ڕژێمی ویلایی دروست بکەن. ئەم گرووپانە ڕاستەوخۆ لەژێر چاودێریی "سوپای قودس"دان کە لقێکە لە سوپای پاسدارانی ئێران و بۆ چالاکییەکانیان لە سوپای قودس فەرمان وەردەگرن(٢). پێویستە ئەوەیش بگوترێت، ئێران بۆ ئەوەی ڕێگری له‌ لێکەوتە نەرێنییەکانی ئەو ناکۆکییانە بكات کە پاش کوژرانی سولەیمانی و ئەلموهەندیس لەنێو میلیشیاکاندا سەریان هەڵدا، ئەم سیاسەتەی گرتۆته‌ به‌ر.

دوو. بڵاوبوونەوەی جیۆپۆلیتیکیی میلیشیاکان

بڵاوبوونەوە و حزووری ئەو میلیشیایانە زیاتر لەو پارێزگایانە بەرچاو دەکەوێت کە نەوتیان هەیە، هەروەها لە پارێزگا سنووری و باشوورییە شیعەنشینەکان و ناوچە سنوورییەکان بڵاو بوونەتەوە. هەڵبەت لە دەروازە سەرەکییە نێودەوڵەتییەکان و ئەو دەروازە سنوورییانەیش حزووریان هەیە کە عێراق بە وڵاتانی هاوسێی وەکوو ئێران، سووریا، ئوردن، کوێت، تورکیا و عەرەبستانی سعوودییەوە دەبەستێتەوە(٣). ئەم بارودۆخە، لە لایەکەوە كارتی گوشاری ئێران دژی دەوڵەتی عێراقە و، لە لایەکی دیکەیشەوە، ئێران ئەم کارتە بۆ دانوستان لەگەڵ ئەو هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییانە بەکار دێنێت کە لەسەر کاریگەری و نفووزیان لە عێراقدا ڕکەبەری یەکترن. بێجگە لەمەیش، ئەم بارودۆخە دەستی ئێران ئاوه‌ڵا دەکات بۆ ئەوەی پڕۆژەی گەورەتری وەکوو گرێدانی تاران بە دەریای ناوەڕاستەوە جێبەجێ بکات.

سێ. وەفاداری و ڕاددەی پەیوەندی لەگەڵ ئێران

فەرماندەکان و هێزە شەڕکەرەکانی ئەو گرووپە میلیشیایییانە باوەڕیان بە ویلایەتی فەقیھ هەیە. بەپێی باوەڕەکەیشیان بە ئەرکی سەر شانی خۆیانی دەزانن زەمین بۆ دەرکەوتنی ئیمامی زەمان ئامادە بکەن کە پێیان وایە حکوومەتی دادپەروەری لە جیهاندا پێک دەهێنێت. ئەوان پابەندن بە بنەما و ئامانجەکانی شۆڕشی ئێران بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئەو وڵاتە؛ هەر بۆیە پڕۆژەکان و سیاسەتەکانی ئێران بەرەوپێشەوە دەبەن و لە پێناو هەناردە و بڵاوکردنەوەی شۆڕش و بانگەشەکردن بۆ شۆڕش لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی جیهانیدا کە ناوەندەکەی ئێرانە و عێراقیش بەشێکییەتی، چالاکی دەکەن. هەر لەم پێناوەدایە کە ئێران بۆ بەرزکردنەوەی پێگەی مەرجەعییەتی قوم دەستی کردووە بە لاوازکردنی مەرجەعییەتی نەجەف و، حزبوڵڵای عێراق بۆ بانگەشە و بڵاوکردنەوەی هزری شیعەی دوازدە ئیمامی، بەتایبەتی تیۆریی ویلایەتی فەقیھ چالاکی دەکات(٤).

بە گوێرەی ئەوەی کە باس کرا، میلیشیاکانی ئێران لە عێراق کە لایەنگری ویلایەتی فەقیھن، نوێنەری باوەڕپێکراوی ئێرانن کە کار دەکەن بۆ چه‌سپاندنی ئامانجەکانی ئەو وڵاتە، چ ئامانجە تاکتیکییەکان، واتا زاڵبوون بەسەر هەموو ئەو ناوچانەدا کە نفووزی تێیاندا هەیە و چ ئامانجە ستراتیژییەکان، واتا زاڵبوون بەسەر هەموو ئەو ناوچانەدا کە نفووزی تێیاندا هەیە و ڕێکخستنی پەیوەندییش لە نێوانیاندا، بۆ ئەوەی بە دوایین ئامانجیان بگەن کە تیۆریی ویلایەتی فەقیهە و، ئەویش پێکهێنانی سیستەمێکی نێودەوڵەتی لەژێردەسەڵاتی ئیمپراتۆرییەکی جیهانیدا بە ڕێبەرایەتیی وەلیی فەقیھ لە ئێرانەوەیە. لەبەر ئەمەیە کە ئێران زۆر هەوڵ دەدات ناکۆکییەکانی نێوان میلیشیاکان لە ناوچەکانی ژێرنفووزی خۆیدا نەهێڵێت بۆ ئەوەی لێکەوتە خراپەکانی ئەو ناکۆکییانە، بەرژەوەندییە باڵاکانی ئێران نەخەنە مەترسییەوە.

دووەم: هۆکارەکانی چەندبەرەکی لە ڕیزەکانی ملیشیاکاندا

ناکۆکی و چەندبەرەکی لە نێوان گرووپە میلیشیایییەکانی لایەنگری ویلایەتی فەقیهدا بۆ چەند هۆکارێك دەگەڕێتەوە کە ئاماژە بە گرنگترینیان دەکەین:

یەک. نەبوونی سولەیمانی و کەمئه‌زموونی [ناشاره‌زایی]ی قائانی

ژەنەراڵ قاسم سولەیمانی لە هێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکا لە سەرەتای جانیوەریی ٢٠٢٠دا لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کوژرا. ئێستا گرنگترین هۆکاری بوونی ناکۆکی و لێکبڵاوی لە نێوان گرووپەکانی حەشدی شەعبیدا، نەبوونی قاسم سولەیمانییە کە لێرەدا ئاماژە بەهۆی ئەم بابەتە دەکەین:

ئا. پێگەی سولەیمانی لە پێکهاتەی دەسەڵات و کاریگەریی ئەو لە سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا: سولەیمانی –نەک لە پێکهاتەی ڕژێمدا، بەڵکوو لە لایەنی کاریگەری و نفووزەوە- بەهێزترین کەسی دوای خامنەیی بوو. ئەم پێگەیە بووە هۆی ئەوەی کە سولەیمانی دوای بەدەستهێنانی ڕەزامه‌ندیی ڕاستەوخۆی خامنەیی، دەستی ئاوه‌ڵا بێت بۆ دابینکردنی پشتیوانیی سیاسی و داراییی پێویست بۆ بەڕێوەبردنی هەموو بەرەکان لەو ناوچانەدا کە نفووزی تێیاندا هەبوو. ئەم تایبەتمەندییە تەنیا بۆ سولەیمانی بوو، لەوەیش ناچێت دوای ئەو هیچ فەرماندەیەکی دیکە بتوانێت وەها پێگەیەکی کاریگەر لە ڕژێمی ئێراندا بەدەست بێنێت.

فایلێکی دەنگیی محەمەدجەواد زەریف کە لە مانگی مارسی ٢٠٢٠دا ئاشکرا بوو، بەباشی پێگەی قاسم سولەیمانیی لە ڕژێمی ئێراندا نیشان دا. زەریف لەو دیمانەیەدا گوتبووی: "هەر کاتێک بۆ دانوستان ئامادە دەبووم، سولەیمانی خواستەکانی خۆی بەسەرمدا دەسەپاند بۆ ئەوەی بخرێنە بەرنامەی دانوستانەکانەوە." زەریف ئەوەیشی گوتووه‌: "لە ڕاستیدا من بۆ جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی مەیدان (مەیدانی سەربازی) دەچووم بۆ دانوستانەکان، بەڵام کە داوام لێ کرد بۆ هاتوچۆی نێوان تاران و سووریا هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران بەکار نەهێنێت، قبووڵی نەکرد. هەر بۆیە ئێمە دیپلۆماسیمان کردە قوربانیی مەیدان''(٥).

ب. کەسایەتیی کاریزماتیک و جه‌ماوه‌ریبوون [په‌سند و خۆشه‌ویست]: سولەیمانی لە نێوخۆی ئێراندا کەسایەتییەکی زۆر خۆشه‌ویست بوو، هەروەها لەنێو فەرماندەکان و میلیشیاکانی ناوچەکانی ژێرنفووزی خۆیدا کەسێکی کاریگەر بوو.

سولەیمانی وەکوو هێما و هۆشی بەمشوور و بیرمەندی پڕۆژەی دەرەوەی سنوورەکانی ئێران بەسەر زۆربەی گرووپە سەربازییەکاندا بەتەواوەتی زاڵ بوو؛ چونکە زۆربەی گرووپە میلیشیایییەکان لەلایەن خۆیەوە پێک هاتبوون و، کە بە ڕواڵەتێکی سادەیشەوە لەنێو میلیشیاکاندا دەردەکەوت، هێزێکی باڵای لە هاندانی لایەنی مەزهەبیی میلیشیاکان لە مەیدانی جەنگدا هەبوو. زاڵبوونی بەسەر زمانی عەرەبییشدا زۆر یارمەتیی دەدا بۆ ئەوەی متمانەی فەرماندە ناوچەیییەکانی میلیشیاکان بەدەست بێنێت و بتوانێت لە ناوچەکانی ژێرنفووزی خۆیدا چەندان تۆڕی پشتیوانی لە ئێران دروست بکات. 

ج. ڕوانگەی جیۆپۆلیتیک و شاره‌زایی [کارامەیی]ی ئەو لە مەیداندا: سولەیمانی لە بواری کاروباری سەربازی و بەڕێوەبردنی بەرەی جەنگدا لە هەموو سەرکردەکانی دیکەی میلیشیاکان بەتواناتر بوو، هۆکاری ئەوەیش دەگەڕێتەوە بۆ شاره‌زایی و ئەزموونی زۆری ئەو لە سوپای پاسداران و بەڕێوەبردنی چەندان جەنگدا لە عێراق، سووریا، لوبنان و هتد.

د. کاریگەریی کەمی قائانی بە بەراورد لەگەڵ سولەیمانی: بێ گومان کوژرانی قاسم سولەیمانی بۆشایییەکی لێ کەوتەوە کە بووە هۆی ئەوەی فەرماندەکان و شەڕکەرانی میلیشیاکان لەسەر بەدەستهێنانی فەرماندەیی بکەونە ململانێ و ڕکەبەرییەوە. نەبوونی سولەیمانی دەرفەتی بەردەوامبوونی یەکپارچەیی و یەکبوونی ناوخۆی ڕیزەکانی میلیشیاکان و فەرماندەکان و هاوڕاییی هەموویان دەربارەی بڕیارەکانی پەیوەست بە ئاڵوگۆڕە گرنگەکانی ناوچەکانی ژێرنفووزیان، وەکوو پێکهێنانی حکوومەتەکان، یان یەکخستنی سیاسەتە ناوخۆیی و دەرەکییەکانیانی تووشی گرفت کرد. بێجگە لەوە، لە نەبوونی سولەیمانیدا بەڕێوەبردنی ئەو جەنگانەی کە لە بەشە ستراتیژییەکانی ناوچەکانی ژێرنفووزیاندا لە ئارادا بوون، تووشی ئاڵۆزی بوو. لەگەڵ ئەوانەیش، قائانی بێبەرییە لە ئیمتیازاتی وەکوو شاره‌زایی [و کارامەیی]ی بەرز، تۆڕی بەربڵاوی پەیوەندی لەگەڵ فەرماندەکانی میلیشیاکان، زاڵبوون بەسەر زمانی عەرەبیدا و کەسایەتیی کاریزماتیکی سولەیمانی کە بۆ هەماهەنگی لە نێوان گرووپەکانی میلیشیاکاندا کارساز بوو؛ بێبەریبوونی قائانی لەو ئیمتیازانە تا ڕاددەیەکی وایە کە سەرچاوەیەک ئەوی بە "بەرپرسێک" شوبهاندووە کە "پەیام و فەرمانەکان ڕادەگەیەنێت". چونکە هەوڵەکانی هەر لە ئاشتکردنەوەی فەرماندەکانی میلیشیاکاندا کورت بووەتەوە و سەفەرەکانی بۆ عێراق زۆر بەخێرایی و بە شێوەی سیمبولیک دەکرێن. بەم هۆیەوە زۆربەی گرووپە میلیشیایییەکان، وەکوو عەسائیبی ئەهلی هەق، پەیڕەوی لە فەرمانەکانی ناکەن(٦).

دوو. کەمبوونەوەی پاڵپشتیی داراییی ئێران

بەهۆی ئەو لێکەوتە نەرێنییانەی دوای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە ئابووریی ئێران کەوتنەوە و، هەروەها بەهۆی دەرەنجامە ئابوورییەکانی گەمارۆکانی ئەمریکاوە، ئێران ناچار بوو پاڵپشتییە دارایییەکانی لە گرووپە میلیشیایییەکانی عێراق و وڵاتانی ژێرنفووزی خۆی کەم بکاتەوە. هەناردەکردنی نەوتی ئێران کە پێش دەرچوونی ئەمریکا لە ڕێککەوتنە ناوکییەکە (بەرجام) و توندبوونەوەی گەمارۆکان لە مانگی ئۆگۆستی ساڵی ٢٠١٨دا ڕۆژانە دەگەیشتە نزیکەی ٢.٥ ملیۆن بەرمیل، لە ساڵی ٢٠١٩دا بۆ کەمتر لە ١٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەم بووەوە و، دەوڵەتی ئێران بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بوودجە ناچار بوو سیاسەتی دەستپێوەگرتنی ئابووری (نۆتە) و وەرگرتنی قەرز لە بانکە ناوخۆیییەکان بگرێتە بەر. ئابووریی ئێران لە ساڵی ٢٠٢٠دا داته‌پینێكی زۆری تۆمار کرد و بەپێی کۆمەڵێک ڕاپۆرتی جۆراوجۆر، لە ڕیزی بەرزترین تێکڕای داته‌پینه‌ ئابوورییەکانی جیهاندا جێی خۆش کرد. لە کاتێکدا کە دۆخی بژێویی خەڵک لە ناوخۆی ئێراندا زۆر خراپ بوو، بابەتی هاوکاریی داراییی میلیشیاکان کەمبوونەوەی ئاستی ڕەوایه‌تیی ڕژێمی زیاتر و خێراتر کرد(٧).

پەرویز فەتاح، بەڕێوەبەری دامەزراوەی موستەزعەفان و بەڕێوەبەری پێشووی دامەزراوەی هاوکاریی سوپای پاسدارانی ئێران، دەربارەی قەبارەی ئەو قەیرانە دەڵێت: "کەمبوونەوەی هاوکاریی دارایی بۆ میلیشیاکان، ببووە هۆی ئازاری سولەیمانی. تەنانەت جارێکیان بۆ خەرجکردنی مووچەی میلیشیاکان داوای هاوکاریی کرد و.. سوپای پاسداران ئیتر توانای خەرجکردنی مووچەی بەکرێگیراوەکانی خۆی نییە." دواتر ڕاگەیاندنەکان بڵاویان کردەوە کە قائانی لە سەفەرێکیدا بۆ عێراق، لە بری پارە، ئەنگوستیلەی زێوی داوە بە شەڕکەرانی گرووپە میلیشیایییەکان. ئەو لە مانگی ئاپریلی ٢٠٢٠دا چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنییشی هەبوو(٨). لەو بارودۆخەدا ئێران بەناچاری گرووپە میلیشیایییەکانی ئاگادار کردەوە کە بۆ دابینکردنی پێداویستیی دارایی بۆ چالاکییەکانیان، بژارەی دیکە بدۆزنەوە. ئەمەیش لە پێناو پڕۆژەیەکی جێگرەوەدایە کە بەپێی ئەو پڕۆژەیە "ئێران بۆ ئەوەی بەرەنگاربوونەوەی خۆی لە بەرامبەر گوشارەکانی ئەمریکادا گەرەنتی بکات، لە گەڕان بە دوای سەرچاوەی دابینکردنی داراییدا یارمەتیی گرووپە هاوپەیمانە عێراقییەکانی خۆی دەدات(٩)."

بێ گومان، کەمبوونەوەی پاڵپشتییەکانی ئێران، ڕۆڵی لە قەیرانی داراییی باڵە بەوەکالەتەکانی ئێراندا بووە و، ئێستا گرووپە میلیشیایییەکان بۆ سەرچاوەی دیکەی دابینکردنی پێداویستیی داراییی خۆیان دەگەڕێن، بۆ ئەوەی وەڵامدەری تێچووی بژێوی و چالاکییە سەربازییەکانی ئەندامەکانی خۆیان بن و بتوانن خەسارەتی کوژرانی شەڕکەرەکانیان وەئەستۆ بگرن و بە خێزانەکانیان ڕابگەن، هەروەها بۆ ئەوەی بە شێوەیەک فەرماندەکانیان بپارێزن و ژیانێکی شیاویان بۆ دابین بکەن کە لەگەڵ پێگەکەیان بێتەوە. ئەو گرووپانە بۆ بەڕێوەبردنی ئەو بارودۆخانە تەنیا دوو ڕێگەیان لەپێشە: ڕێگەی یەکەم، کەمکردنەوەی ئاستی چالاکییە فرەخوازییەکانیان و، هەروەها کەمکردنەوەی ژمارەی شەڕکەرەکانیان. ڕێگەی دووەمیش، وەڕێخستنی چالاکیی بازرگانییە و بۆ ئەوەی بازرگانییەکەیشیان داهاتی هەبێت، دەبێت نفووزی خۆیان بەکار بێنن.

میلیشیاکان لە پێناو پەرەپێدانی چالاکییە بازرگانییەکانیاندا، بە دامەزراندنی کۆمەڵێک کۆمپانیای گەشتیاری، دەستیان کردووە بە چالاکی لە بەشی گواستنەوەی زەمینی و ئاسمانی و هۆتێلداریدا و، لە شارەکانی بەغدا، مووسڵ و پارێزگاکانی باشووری عێراق کە شوێنی حزووری میلیشیاکانە، کۆمەڵێک کۆمپانیایان دامەزراندووە بۆ چالاکی لە بەشەکانی کشتوکاڵ و زەوی و مڵکدا. هەروەها بە دامەزراندنی کۆمەڵێک کۆمپانیای گواستنەوە، دەستیان کردووە بە گواستنەوەی بەرهەمە نەوتییەکان بۆ وڵاتانی دراوسێ بە مەبەستی هەناردەکردنیان بۆ وڵاتانی دەرەکی و دەوروبەر. ئەم گرووپانە بۆ وەرگرتنی قەرزی بانکیی ڕەوەن (قەرزی بانکیی لەپێشینە) و قەرزە یاسایییەکان، بە شێوەیەکی بەربڵاو کەڵک لە نفووزی سیاسیی خۆیان وەردەگرن. چیرۆکەکە هەر بەوە کۆتاییی نایه‌، بەڵکوو زەویی ئەو شوێنانەی لە جەنگی داعشدا کەوتوونەتە بن دەستی میلیشیاکانەوە، ئێستا ئەو میلیشیایانە خاوەنی زەوییەکانیان بە هاوکاری لەگەڵ داعش تۆمەتبار کردووە و بەم بیانووەوە زەوییەکانیان پێ نادەنەوە.

ئەو جۆرە هەڵکوتانە بۆ سەر سەرچاوە دارایییەکان، ڕاستەوخۆ لێکدژیی بەرژەوەندییەکانی گرووپە میلیشیایییەکانی لێ دەکەوێتەوە و دەبێتە دەستپێکی ململانێ لەسەر سەرچاوەکانی داهات لەو ناوچانەدا کە نفووزیان تێیاندا هەیە. لێرەدا جێی خۆیەتی ئاماژە بەو ئەنجامانە بکەین کە موهەنه‌د ئەلجەنابی، توێژەری عێراقی، دەربارەی پشتگوێخستنی بابەتی بەسەرچوونی گرێبەستی ئەندامانی حەشدی شەعبی بەدەستی هێناوە. لە پڕۆژەیاسای بوودجەی عێراقدا پلەی ئەندامانی حەشدی شەعبی بە هاوتای ٣٥ هەزار پلە دیاری کراوە. ئەم بابەتە تەماحی زێدەخوازانەی میلیشیاکان و حزبەکانی بۆ دەستهێنانی ئەو پلە و پۆستانە بزوواندووە و هەر کاتێک هاوسەنگی لە دەسکەوتەکاندا نەبێت، ناکۆکییەکانیش سەر هەڵدەدەن و گەورە دەبنەوە(١٠). لەمەیشەوە دەردەکەوێت کە بۆچی ململانێی نێوان میلیشیاکانی لایەنگری ویلایەتی فەقیھ ڕۆژ بە ڕۆژ پەرە دەستێنێت.

ئەم قەیرانە پەیوەندیی داراییی ئێران لەگەڵ میلیشیاکانی گەیاندۆتە ناوچەکانی دیکەی ژێرنفووزیان، وەکوو سووریا. بۆ نموونە، بەپێی زانیاریی ڕاپۆرتەکان، سەدان کەس لە شەڕکەرانی سووریا چوونەتە عێراق و مەبەستیشیان ئەوەیە کە مز و هەقدەستیان لە عێراق دوو بەرامبەری سووریایە. سەرهەنگ (عەقید) ئەدیب عەلیوی، پسپۆڕی کاروباری سەربازی و ستراتیژی، تەئکید لەوە دەکاتەوە کە ئەوە یەکەم جار نییە شەڕکەرانی میلیشیاکانی سەر بە ئێران بەهۆی کەمیی مووچەکانیانەوە خاکی سووریا بەجێ دێڵن. بە بۆچوونی ئەو پسپۆڕە، دوو هۆکاری سەرەکی ڕێی سووریای بۆ شەڕکەرانی میلیشیای تائیفیی کردەوە؛ یەکەم: مز و هەقدەستی زۆر کە پێشتر لە ١٥٠٠ دۆلاریش زیاتر بووە و دووەم، هەستی ئایینزایی و ئەو گوتارە ئێرانییە بوو کە پاراستنی شوێنە پیرۆزەکانی سووریای کردبووە دروشمی خۆی. عەلیوی باس لەوەیش دەکات: ئەو مووچەیەی ئێران بۆ هەر شەڕکەرێکی بیانیی دیاری کردبوو لە دوو ساڵی ڕابردوودا زۆر زۆر کەم بووەتەوە. مێهران فوراتی، ڕۆژنامەنووسی سوورییش دەڵێت: ئێستا مووچەی ئەو شەڕکەرانەی لە وڵاتانی بیانییەوە دێنە نێو ڕیزەکانی میلیشیاکانەوە، ٧٠٠ دۆلارە. هەواڵەکان باس لەوەیش دەکەن کە ئێران مووچەی شەڕکەرانی میلیشیاکانی، بۆ نیوەی جاران کەم کردووەتەوە(١١).

سێیەم: ناکۆکی و تێکهەڵچوونی نێوان گرووپە میلیشیایییەکان  

گەورەترین هۆکاری بوونی ناکۆکی لە نێوان گرووپە میلیشیایییەکانی سەر بە ئێراندا، وتەکانی "ئیرەج مەسجدی"یە کە لە دێسەمبەری ٢٠٢٠دا ددانی بە ناکۆکیی نێوان میلیشیاکاندا نا(١٢). یەکێک لە فەرماندەکانی گرووپە میلیشیایییەکانیش گوتوویەتی، بڕیاردەران لە ئێران "لەوە تێ گەیشتوون کە فەرماندەکانی گرووپە میلیشیایییەکان بەهۆی بەرژوەندیی کەسی و ململانێیان لەسەر نفووز، تووشی ناکۆکی بوون". فەرماندەیەکی دیکەیش گوتوویەتی: "دیدار و پەیوەندییەکانی نێوان ئێمە و ئێرانییەکان کەم بوونەتەوە و ئێستا وەکوو ڕابردوو کۆبوونەوەی ڕێکخراومان نییە. هەڵبەت ئەوانیش وەکوو جاران بانگهێشتمان ناکەن بۆ ئێران(١٣)." لێرەدا چاو بە گرنگترین بابەتەکانی جێی ناکۆکیدا دەخشێنین:

یەک. ناکۆکی لەسەر پێگەی فەرماندەیی لەنێو حەشدی شەعبیدا

بەهۆی نەمانی سولەیمانی لە ناوچەکەدا، گەلێک ناکۆکیی گەورە و چەندبەرەیی لە نێوان فەرماندەکان و لە ڕێزەکانی گرووپە میلیشیایییەکانی سەر بە ئێراندا سەری هەڵدا. لە عێراق بەهێزترین گرووپە میلیشیایییەکانی سەر بە ئێران و لایەنگری ویلایەتی فەقیھ، واتا عەسائیبی ئەهلی هەق بە سەرکردایەتیی قەیس خەزعەلی و، حزبوڵڵای عێراق تووشی ناکۆکیی زۆر توند بوون. ئەمەیش دوای ململانێ لەسەر پێگەی فەرماندەییی کاروبارەکانی حەشدی شەعبی پاش کوژرانی سولەیمانی و ئەلموهەندیس ڕووی دا. ناکۆکیی نێوان ئەو دوو گرووپە لەوەڕا توند بوو کە هەر کامەیان بۆ زیادکردنی دەسەڵات و نفووزی خۆیان لە شارەکان و پارێزگاکانی عێراقدا بۆ زاڵبوون بەسەر سەرمایە ماددییەکاندا لە نێوان گرووپە میلیشیایییەکانی دیکەدا دەستیان کرد بە وەرگرتنی ئەندام لەنێو گرووپە میلیشیایییەکانی دیکەدا.   

ناکۆکیی نێوان ئەو دوو گرووپە میلیشیایییە، کە بەهۆی جیۆپۆلیتیکبوون و جیۆئیکۆنۆمیکبوونی ناوچەی نفووز و حزووریان بوونەتە دوو گرووپی پڕنفووز، کاتێک پەرەی سەند کە سکرتێری گشتیی پێشووی هێزەکانی حزبوڵڵای عێراق، واتا عەبدولعەزیز ئەلمەحمەداوی(١٤)، ناسراو بە "ئەبو فەدەک"، دوای ئەوەی ئەبو مەهدی ئەلموهەندیس لەگەڵ قاسم سولەیمانی لە سەرەتای جانیوەریی ٢٠٢٠دا بەهۆی هێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکاوە کوژرا، وەکوو سەرۆکی فەرماندەییی حەشدی شەعبی کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت و جێنشینی ئەبو مەهدی ئەلموهەندیس، وه‌ك به‌رپرسی یەکەمی سوپای پاسدارانی ئێران لە عێراق، دیاری کرا و، بەهۆی ئەوەی کە ئەبو فەدەک توانیبووی بە پێکهێنانی چەند یەکینەیه‌كی هێرشی مووشەکی، ڕۆڵی دیاری لە گۆڕینی کایەکانی جەنگدا هەبێت(١٥) و لەو ڕێگه‌یەوە ناوبانگێکی زۆر پەیدا بکات، دانانی وەکوو سەرۆکی فەرماندەییی حەشدی شەعبی، نیگەرانیی عەسائیبی ئەهلی هەقی لێ کەوتەوە، چونکە ئەوە دەیتوانی پێگەی حزبوڵڵا لەنێو حەشددا بەهێز بکات، هەروەها دەیتوانی لەژێر سێبەری پێکهاتەی بەهێزی ئەو حزبەدا و بەهۆی تۆڕێکی سیخوڕیی بەربڵاو و چەندان تیمی جۆراجۆری تیرۆر و زۆر تۆڕی بەهێزی بانگەشە و زااڵبوونی ئابووری بەسەر ئەنجومەنی حەشددا، ڕۆڵی بەرچاوتر بە حزبوڵڵای عێراق بۆ سەرکردایەتیکردنی حەشدی شەعبی ببەخشێت.  

کە محه‌مەداوی داوای خەزعەلیی بۆ دەستکارینەکردنی بەشەبوودجەی عەسائیبی قبووڵ نەکرد و بەشەبوودجەی ئەو گرووپە میلیشیایییەی کەم کردەوە(١٦) بۆ ئەوەی پێش بە ئامانجە دەسەڵاتخوازییەکانی عەسائیب بگرێت و نفووزی ڕوو لە زیادبوونی ئەو گرووپە لەنیو حەشددا کەم بکاتەوە، ئیتر ناکۆکییەکانی نێوان ئەو دوو گرووپە میلیشیایییە گەورەیە گەیشتە لووتکە. هەڵبەت کە محه‌مەداوی لە مانگی ئۆگۆستی ٢٠٢١دا فەرماندەییی دەستەی چواری لەشکر (لیوا)ی ٥١ی حەشدی بە عەبدولڕەحمان جومعە، کوڕە گەورەی وەزیری بەرگریی عێراق سپارد، ئەوەیش پەرەی بە ناکۆکییەکان دا و جەواد ئەلتەلیباوی، یەکێک لە فەرماندەکانی گرووپی عەسائیبی ئەهلی هەق، دیاریکردنی عەبدولڕەحمان جومعەی، بە واتای موجامه‌له‌ لەگەڵ دوژمنانی حەشد لەقەڵەم دا(١٧)، مەبەستیشی وتەکانی وەزیری بەرگریی عێراق بوو کە ڕۆڵی حەشدی لە ڕزگارکردنی ناوچەکانی ژێردەستی داعشدا بە پاشکۆ وەسف کردبوو.

بۆ ئەوەی ئاماژە بە ناکۆکییەکانی دیکە بکەین، دەبێ باس لە ناکۆکیی نێوان گرووپەکانی عەسائیب و نوجەبا لەسەر سەرکردایەتی بکەین. کەسایەتییە گەورەکانی شیعە پێیان وایە خەزعەلی لە کەعبی شیاوتر و بەهێزترە، هەر بۆیە دەبێت ئەو سەرکردایەتیی "بەرگریی چەکدارانە" لەئەستۆ بگرێت. ئەمەیش لە کاتێکدایە کە ئێرانییەکان پێیان وایە خەزعەلی زیاتر لەوەی کەسایەتییەکی سەربازی بێت، کەسایەتییەکی سیاسییە و نایانەوێت سەرکردایەتیی حەشد بەو بسپێرن(١٨)؛ ئەم بابەتەیش بووەتە هۆی ئەوەی ناکۆکییەکانی عەسائیب لەگەڵ ئێران لە گرووپە میلیشیایییەکانی دیکە زیاتر بێت.

دوو. ململانێ و تێکهەڵچوون لەسەر داهات و کۆکردنەوەی دەسکەوتەکان

ناکۆکیی نێوان گرنگترین هاوپەیمانەکانی ئێران لە عێراق و سووریا، واتا عەسائیبی ئەهلی هەق و حزبوڵڵای عێراق تەنیا لەسەر سەرکردایەتیی حەشدی شەعبی نەبڕاوەتەوە، بەڵکوو کۆکردنەوەی پیتاک (باج) و دەسکەوتنی غەنیمەتیشی گرتووەتەوە و لە سووریا کار گەیشتە پێکدادانی چەکداری لە نێوان ئەو دوو گرووپەدا. لە گوندی ئەلهری سەر بە شاری ئەلقائیمی سووریا، شەڕکەرانی عەسائیبی ئەهلی هەق ڕێگه‌ی سەرەکیی دەروازەی قائیم-بووکەمالیان لە ئۆتۆمبێلە بازرگانییەکانی حزبوڵڵای عێراقدا داخست. ئەم کارە جارێک لە مانگی جوون و جارێکی دیکەیش لە مانگی سێپتەمبه‌ری ٢٠٢٠دا ڕووی دا(١٩). شایانی باسە کە ئەم دوو گرووپە میلیشیایییە بەتەواوەتی زاڵن بەسەر شارە سنوورییەکانی بووکەمالی عێراق و قائیمی سووریادا و لەو سنوورە خەریکی قاچاخچێتیی ماددە هۆشبەرەکانن و چالاکیی بازرگانیی سنووری نێوای عێراق و سووریایان خستووەتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە.

سەرباری ئەوانە لە ساڵی ٢٠١٩دا لە چەندان ناوچەی سەر بە قەلەموونی سووریا کە لە ناوچە سنوورییەکانی سووریا-لوبنان هەڵکەوتووە، چوار جار تێکهەڵچوونی چەکداری لە نێوان شەڕکەرانی حزبوڵڵای عێراق و میلیشیاکانی هێزەکانی بەرگریی خەڵک (NDF)دا(٢٠) ڕووی دا کە ژمارەیەک کوژراو و برینداری لە هەردوو لا لێ کەوتەوە. ئەم تێکهەڵچوونانە بەهۆی ناکۆکی لەسەر بەشکردنی داهاتی قاچاخچێتیی ماددە هۆشبەرەکان لە سنووری سووریا-لوبنان، هەروەها بەشکردنی داهاتی قاچاخچێتیی مرۆڤ ڕوویان داوە. شایانی باسە کە حزبوڵڵای عێراق لە بەرامبەر وەرگرتنی ٣٠٠٠-٤٥٠٠ دۆلاردا لە ڕێی نایاسایییەوە کەسانێک ئاودیوی لوبنان دەکات کە لەلایەن حکوومەتی سووریاوە داوا کراون(٢١). میلیشیاکانی هێزەکانی بەرگریی خەڵک کە لەگەڵ حزبوڵڵای عێراق کونترۆڵی ناوچەی قەلەموونیان لەژێردەستدایە، کردنی ئەو ناوچەیە بە ڕێگه‌ی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی هەڵگری ماددە هۆشبەرەکان لەلایەن حزبوڵڵای عێراقەوە کە لە لوبنانەوە دێن و چاندنی ڕووبەرێکی فرەوانی ناوچەکە بە ماددەی هۆشبەر و بڵاوکردنەوەی لە سووریادا(٢٢)، بە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ لەسەر ناوچەکەی ژێرکۆنترۆڵ و نفووزی خۆیان دەزانن.

به‌ درێژاییی ساڵی ٢٠٢٠ لە نێوان عەسائیبی ئەهلی هەق و سرییەکانی ئەلخۆراسانیدا کە لە سوپای پاسدارانەوە نزیکن، لە زۆربەی پارێزگاکانی عێراقدا کە بە ناوچەی نفووزی ئەوان هەژمار دەکرێن، زۆر ناکۆکی هاتنە ئاراوە کە خەریک بوو تێکهەڵچوونی چەکدارییان لێ بکەوێتەوە. ئەوەیش کاتێک ڕووی دا کە شەڕکەرانی عەسائیبی ئەهلی هەق هاتنە سەر ئەوەی کە لەو بارودۆخە دژوارە ئابوورییەدا کە دوای کەمکردنەوەی هاوکارییەکانی ئێران پەیدا ببوو، بۆ بەڕێوەبردنی تێچووەکانی جەنگ، باجی گومرکی لەسەر ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکانی سرییەکانی خۆراسانی دابنێن کە له‌ سووریاوە دەهاتن.

چالاکێکی سیاسیی دیاری شیعەی عێراقی کە نزیکە لە میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراقدا، پێی وایە، "ناکۆکیی نێوان ئەو دوو گرووپە گەورەیەی میلیشیاکانی ناو حەشدی شەعبی کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت، لەسەر دارایی و چەک ڕووی داوە و هەردوو لا یەکتری بەوە تۆمەتبار دەکەن کە سەرچاوەکانی داهاتی حەشدیان بۆ خۆیان پاوان کردووە و بەشی گرووپەکانی دیکەیان نەداوە." دەشڵێت: "خه‌زعەلی دەیەوێت ڕۆڵی سەرکردەیەکی گەورە لەناو حەشدا بگێڕێت و ناخوازێت کەتیبەکانی حزبوڵڵا هەموو دەسکەوت و غەنیمەتەکان بۆ خۆی ببات(٢٣). بە بۆچوونی ئەو چالاکە سیاسییە، عەسائیبی ئەهلی هەق لە هەوڵی ئەوەدایە کە ناوچە کۆنترۆڵکراوەکانی ژێرنفووزیان و سەرچاوەکانی داهات لەو ناوچانەدا تەنیا بۆ خۆی پاوان بکات و دەستیان بەسەردا بگرێت.

لە ماوەی ساڵانی ٢٠١٨ و ٢٠١٩دا گەلێک ناکۆکیی بەربڵاو لە نێوان گرووپە میلیشیایییەکانی عەسائیبی ئەهلی هەق و ئەبولفەزل ئەلعەباس بە سەرکردایەتیی ئووس ئەلخەفاجی و گرووپی ئەلنوجەبا بە سەرکردایەتیی ئەکرەم ئەلکەعبی لەسەر ئۆپەراسیۆنی بەقاچاخبردنی نەوت و کۆکردنەوەی پیتاک (باج) لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق سەریان هەڵدا(٢٤). سەرچاوە ئەمنییەکانی بەغدا لە مانگی فێبریوەریی ٢٠٢٠دا ڕایان گەیاند، کۆمەڵێک چەکداری نەناسراو، پاش تێکهەڵچوون لەسەر ناوچەکانی ژێرنفووزیان و سەرچاوەکانی داهات، بە لەکارهێنانی چەکی بێدەنگ، محەمەد ڕەحیم ئەلشەمەری، فەرماندەیەکی سەربازیی عەسائیبی ئەهلی هەقیان لە ناوچەی ئەلشوعلە تیرۆر کردووە. گرووپی میلیشیاییی عەسائیبی ئەهلی هەق بەبێ ناوهێنانی گرووپێکی تایبەت، گرووپە میلیشیایییە ڕکەبەرەکانی بە کوشتنی ئەلشەمەری تۆمەتبار کرد. موهەنه‌د ئەلجەنابی پێی وایه‌ لە زۆربەی بابەتەکاندا ئەو کەسانە تیرۆر دەکرێن کە دژی نفووزی ئێرانن. ئەو جەخت لەوە دەکاته‌وه‌ کە چەندان ڕووداوی هاوشێوە ڕوویان داوە(٢٥).

ڕەعد هاشم، توێژەری عێراقییش لەسەر ئەو باوەڕەیە کە "ڕووداوی وەکوو کوژرانی یەکێک لە ئەندامانی عەسائیبی ئەهلی هەق لە بەغدا و تیرۆری یەکێک لە ئەندامانی حزبوڵڵا لە ناوچەی جورفەلسەخر لە ڕێگەی بۆمبی لەزگەیییەوە، بەشێکە لە سڕینەوەی فیزیکی لەناو ئەو گرووپە میلیشیایییانەدا." دەشڵێت: "لە ناوچەکانی ژێرنفووزی گرووپە میلیشیایییەکاندا کە بوونەتە گۆڕەپانی ململانێی ئەو گرووپانە بۆ کۆکردنەوەی پیتاک، قاچاخچێتی و بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان، ناکۆکیی زۆر قووڵ لە نێوانیاندا هەیە(٢٦).

سێ. ناکۆکی لەسەر هێرشکردن بۆ سەر هێزە بیانییەکان

لە ساڵی ٢٠٢٠دا ناکۆکی هەبووە لەسەر ئەوەی کە هێرشکردن بۆ سەر کام ئامانجی ئەمریکا لە عێراق (باڵیۆزخانە، کۆنسوڵخانە، بنکەی سەربازی، کاروانە سەربازییەکان) پێش بخرێت، هەروەها لەسەر کاتی هێرشکردنەکەیش ناکۆکی هەبووە. شایانی باسە کە ئێران بۆ ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان ناچار بکات لە عێراق بچێتە دەرەوە، ئەو هێرشانە ڕێک دەخات، تاکوو عێراق لەژێر نفووز و هه‌ژموونی خۆیدا بێڵێتەوە؛ چونکە عێراق پێگەیەکی گرنگی لە ستراتیژیی ئێراندا هەیە و لە ڕووی جیۆپۆلیتیکی و جیۆئیکۆنۆمیکی و ئەمنییەوە گرنگییەکی زۆری بۆ ئێران هەیە. بێجگە لەوەیش، عێراق بە یەکێک لە هێڵە سەرەکییەکانی بەرەنگاریی ئێران دژی ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا دادەنرێت.

زۆر جار حزبوڵڵای عێراق دژی بڕیاری هێرشی گرووپی میلیشیاییی عەسائیبی ئەهلی هەق بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بووە و، ئەو دژایەتییەیشی لەبەر هۆگری بە ئەمریکا نەبووە، بەڵکوو بەهۆی گوێڕایه‌ڵیكردن بووە لە فەرمانەکانی ئێران. لە سەردەمی سەرۆکایەتیی حەسەن ڕۆحانی، سەرۆککۆماری پێشووی ئێراندا، ئەو وڵاتە خۆی لە هەموو گرژییەک دەپاراست؛ لە لایەکەوە بۆ ئەوەی نەکا ئەو گرژییانە شانسی دۆناڵد ترامپ بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٠دا زیاد بکات و لە لایەکی دیکەیشەوە، ئەو سیاسەتەی ئێران بۆ خۆپاراستن لە گرژییەکان، ئەگەری ئەوەی هەبوو کە دەرفەتێکی زیاتر بۆ بەرەوپێشبردنی دانوستانە ناوکییەکان (بەرجام) بڕەخسێنێت و لە ئەنجامدا لابردنی گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر ئێرانی لێ بکەوێتەوە.

هەر لەم بوارەدا ئەو کاتەی عەسائیبی ئەهلی هەق دوو جار لە مانگەکانی نۆڤەمبەر و دێسەمبەری ٢٠٢٠دا بەبێ هیچ هەماهەنگییەک لەگەڵ فەرماندەکانی گرووپە میلیشیایییەکان، یان لەگەڵ لایەنی ئێرانی، هێرشی کردە سەر بەرژوەندییەکانی ئەمریکا، حزبوڵڵای عێراق بەتوندی ڕەخنەی لەم هەنگاوەی عەسائیب گرت کە بە هێرش بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ئاگربەستی ڕانەگەیەنراوی نێوان ملیشیاکانی ئێران لە عێراق لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی پێشێل کردبوو. یەکێک لە بەرپرسانی کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق گوتی: "پێشێلکردنی ئاگربەست لەلایەن خەزعەلییەوە؛ ئەویش دوای ئەوەی کە ژەنەراڵ ئیسمائیل قائانی، فەرماندەی سوپای قودس لە ٢٤ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٠دا سەفەری کرد بۆ بەغدا و لەگەڵ ژمارەیەک لە فەرماندەکان کۆ بووەوە و پێی ڕاگەیاندن کە نابێت لەم قۆناغە هەستیارەدا کارێکی وا بکەن ببێتە هۆی بێزارکردن و بزواندنی ترامپ، ئێمەی تووشی شۆک کرد." فەرماندەکانی گرووپە میلیشیایییەکان ئەم هەنگاوەیان بە واتای بوونی ناکۆکی لە نێوان عەسائیب و حەشدی شەعیبدا لێک دایەوە. بەرپرسەکەی حزبوڵڵا ڕوونی کردەوە: "گرووپە تازە دامەزراوەکانی وەکوو ئەسحاب ئەلکەهف کە بەرپرسیارێتیی هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکایان وه‌‌ئەستۆ گرت، باڵی عەسائیب و لەژێر چاودێریی عەسائیبدا چالاکی دەکەن و، لەو جۆرە چالاکییانەدا فەرمان لە ئێمە وەرناگرن، تەنانەت ڕاوێژیشمان لەگەڵ ناکەن''(٢٧). هەر بەم هۆیەوە هێزە ئەمنییەکانی عێراق کە بەڵگەی بەهێزیان لەسەر ڕۆڵی حیسام ئەرزجاوی، یەکێک لە فەرماندەکانی عەسائیب، سەبارەت بە هێرش بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا هەبوو، لە ٢٣ی دێسەمبەری ٢٠٢٠دا دەستبەسەریان کرد. هەروەها چەندان گرتەی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چەکدارانی عەسائیبیان نیشان دەدا کە هەڕەشەیان لە هێزەکانی عێراق دەکرد و دەیانگوت بە فەرمانی خەزعەلی هێرش دەکەن. هەڵبەت حزبوڵڵای عێراق بەتوندی ئەم بابەتەی ڕەت کردەوە.

وەڵامی عەسائیب بەڵگەیەکی ڕوون بوو لەسەر ئەوەی کە ناکۆکی و چەندبەرەکی کەوتووەتە نێوان گرووپە میلیشیایییەکانی پەیڕەوی ویلایەتی فەقیهەوە. گرنگترین بەڵگەیش کە نیشان دەدات عەسائیبی ئەهلی هەق ئیتر فەرمان لە ئێران وەرناگرێت و نێوەرۆکی ڕاپۆرتی پێگەی هەواڵی بریتانیی "میدڵ ئێست ‌ئای" (Middle East Eye)یش پشتڕاستی دەکاته‌وه‌(٢٨)، ئەوەیە کە کاتێک قائانی لە ٢٤ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٠دا چووە بەغدا بۆ ئەوەی گرووپە میلیشیایییەکان ڕازی بکات بەوەی کە ئاگربەست بپارێزن، خەزعەلی ئەو سەفەرەی قائانیی ئیدانە کرد و گوتی، بەرگری لە بەرامبەر داگیرکاریی ئەمریکادا خواستی نیشتمانیی عێراقە و لەم بارەیەوە پێویستمان بە ڕای ئێران نییە(٢٩). یەکێک لە فەرماندە دیارەکانی عەسائیبیش گوتوویەتی: "عەسائیبی ئەهلی هەق سەرپەرشتیی ئێران قبووڵ ناکات؛ چونکە دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بابەتێکە تەنیا پەیوەندیی بە عێراقییەکانەوە هەیە، نەک بە ئێرانییەکانەوە. بۆیە ئەم بابەتە پەیوەندیی بە تارانەوە نییە." گوتیشی: "ئێرانییەکان بەتەمای ئەوەی کە بایدن بگەڕێتەوە نێو ڕێککەوتنە ناوکییەکە (بەرجام)، دەیانەوێت بە خۆپارێزی لە بێزارکردن و بزواندنی ویلایەتە یەکگرتووەکان ماوەی ئاگربەست درێژ بێتەوە، بەڵام ئێمە دەمانەوێت داگیرکەران وڵاتەکەمان بەجێ بێڵن. ئێمە ئازادین. عێراقییەکان نیشتمانیان خۆش دەوێت. ئەوەی بە شیاوی خۆمان و وڵاتەکەمانی بزانین، خۆمان جێبەجێی دەکەین(٣٠). لەم وتانەوە وا دەردەکەوێت کە عەسائیب هەوڵ دەدەن بە ڕەچاوکردنی ڕێکارێکی نوێ گوتاری سیاسیی خۆیان داڕێژنەوە، بە جۆرێک کە شانسی ئەو گرووپە لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەماندا زیاد بکات. عەسائیب لەوە تێ گەیشتووە کە لە هەرای هەڵبژاردنی پەرلەماندا دوورکەوتنەوە لە بازنەی نفووزی ڕاستەوخۆی ئێران لە بەرژەوەندییانە.

دوا بە دوای ڕەخنەکانی ئووس ئەلخەفاجی، فەرماندەی لەشکری ئەبولفەزل ئەلعەباس، لە ئێران و نفووزی ئەو وڵاتە و دەستوەردانی لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراقدا(٣١)، هێزە ئەمنییەکانی حەشد کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێ دەکرێت لە مانگی فێبریوەریی ٢٠١٩دا بەهۆی ئەوەی کە لە چوارچێوەی حەشد دەرچووە، ئەویان دەستبەسەر کرد و بارەگەکەیشیان لە ناوەڕاستی بەغدا داخست. هەر بۆیە ئەو گرووپە میلیشیایییە کە نەچووەتەوە ژێر باری ئێرانەوە، کۆمەڵێک زانیارییان دەربارەی ئەو ئۆپەراسیۆنانەوە درکاند کە لەلایەن ئێران و باڵە بەوەکالەتەکانییەوە لە عێراقدا جێبەجێ دەکرێن. ئەم بابەتە کە پێشینەیشی هەبووە، باس لە قووڵاییی ناکۆکیی نێوان گرووپە ملیشیایییەکان و ئێران دەکات و ئەوەیش نیشان دەدات کە دوای زیادبوونی گوشارە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان لەسەر ڕژێمی ویلایەتی فەقیھـ، گرووپە میلیشیایییەکانی عێراق هەوڵ دەدەن خۆیان لە ئێران دوور بخەنەوە.

لە کۆتاییی مانگی جوولای ساڵی ٢٠٢٠دا، ناکۆکییەکی تازە لە نێوان "کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا" و گرووپی "ئەلنوجەبا" و گرووپی "عەسائیب" و هاوپەیمانیی "فەتح"دا سەری هەڵدا. شایانی باسە، هاوپەیمانیی فەتح کە ئێران پشتیوانیی لێ دەکات، بە نوێنەری سیاسیی هەموو گرووپە میلیشیایییەکانی سەر بە مەرجەعییەتی قوم دادەنرێت. ئەم ناکۆکییە لەسەر هەڵوێستگرتن لە بەرامبەر ڕاگەیەندراوی هاوبەشی ئەمریکا-عێراق سەبارەت بە دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا لە کۆتاییی مانگی دێسەمبەری ٢٠٢١دا سەری هەڵدا. گرووپی کەتیبەکانی سەییدولشوهەدا و گرووپی ئەلنوجەبا بەتەواوی دژی ئەو ڕاگەیەندراوە بوون و ڕایان گەیاند، باوەڕ بەوە ناکەن ئەمریکا بە هەموو خاڵەکانی ئەو ڕاگەیەندراوەوە پابەند بێت و هێزەکانی ئەمریکا وەکوو ڕاوێژکار لە عێراقدا بمێننەوە. گرووپی عەسائیبی ئەهلی هەق لەو ڕاگەیەندراوە بەگومان بوو. بەڵام هاوپەیمانیی فەتح پێشوازیی لە خاڵەکانی ڕاگەیەندراوەکە کرد و بە هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ وەڕاستگەڕانی سەپاندنی سەروەریی تەواوی عێراق لەقەڵەمی دا(٣٢).

تیرۆری ئەبو سادق ئەلخەشخەشی، فەرماندەی لەشکری ٩ی حەشدی شەعبی، کە لە مانگی ئۆگۆستی ٢٠٢٠دا لە پارێزگای بابل لەلایەن چه‌ند چەکدارێكی نەناسراوەوە ڕووی دا، دەنگۆی ئەوەی لێ کەوتەوە کە عێراق بووە بە گۆڕەپانی پاکانەحیساب [ته‌سفیه‌حیساب] لە نێوان ئەندامانی گرووپە میلیشیایییەکاندا و، ترسی ئەوە هاتبووە گۆڕێ کە ئەو جۆرە ئۆپەراسیۆنی سڕینەوەی فیزیکییە و کوشتاری تۆڵەسەندنەوە لە نێوان میلیشیاکانی سەر بە ئێراندا هەموو ناوچەکانی عێراق بگرێتەوە(٣٣).

چوار. ناکۆکی لەسەر دیاریکردنی سەرۆکوەزیران

لە کاتێکدا کە فەرماندەکانی گرووپە میلیشیایییەکانی سەر بە ئێران لە ناوچەکانی ژێرنفووزیان، سەبارەت بە پەرەسەندنەکان و هەڵوێستە کاریگەرەکان لەسەر هاوکێشە ناوخۆیییەکانی وڵاتانی ژێرنفووز، وەکوو پشتیوانی لە سەرۆکی حکوومەتەکان، بۆچوونەکانی سولەیمانی کە لەلایەن ناوەندەکانی بڕیاری ئێرانەوە پەسندکراون، دەکەنە سەرباشقەی کاری خۆیان، بەڵام ئێستا لە نەبوونی سولەیمانیدا، فەرماندەکانی گرووپە میلیشیایییەکان لە ناوچەکانی ژێرنفووزیان لەسەر پشتیوانی لە سەرۆکی حکوومەت تووشی ناکۆکی هاتوون. بۆ نموونە، لە عێراق لە ئه‌پریلی ٢٠٢٠دا لە نێوان عەسائیبی ئەهلی هەق و گرووپی میلیشیاییی بەدر لە لایەک و گرووپی میلیشیاییی حزبوڵڵا و بزووتنەوەی ئەلنوجەبا لە لایەکی دیکەوە، لەسەر پشتیوانی لە کازمی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی عێراق، ناکۆکی كه‌وته‌وه‌. لە کاتێکدا کە عەسائیب و بەدر پشتیوانییان لە کازمی دەکرد، حزبوڵڵای عێراق کە بەپێی ڕاپۆرتی گۆڤاری فۆرین پۆلیسی(٣٤)، دوای کوژرانی ئەبو مەهدی موهەندیس، سەرکردەی ئەم گرووپە، دەیدیت کە نفووزی کەم دەبێتەوە و، بزووتنەوەی ئەلنوجەبایش کازمیی بەوە تۆمەتبار دەکرد کە دەستی لە کوشتنی سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیسدا هەبووە و دژایەتیی دەکرد. شایانی باسە کە عەسائیب هەبوونی دەستی کازمی لەو کوشتنەدا ڕەت دەکاتەوە(٣٥). پێ دەچێت دژایەتیی حزبوڵڵای عێراق کە لە ئێرانەوە نزیکە، هەروەها دژایەتیی بزووتنەوەی ئەلنوجەبا لەگەڵ کازمی، ڕیشەی لە کێشەی دیکەدا هەیە و ئەویش ئەوەیە کە کازمی هەوڵ دەدات بە پەنابردن بۆ تێپەڕبوون لە قۆناغی بێدەوڵەتییەوە بۆ قۆناغی دەوڵەتی سەربەخۆ، هەروەها گەڕاندنەوەی ڕۆڵی ناوچەیی و هاوسەنگیی پەیوەندییە دەرەکییەکان، ڕێگه‌ لە نفووزی ئێران لە عێراقدا بگرێت. 

بە وردبوونەوە لەو کێشانەی ناکۆکیی گرووپە میلیشیایییەکانی عێراقی سەر بە ئێران و لایەنگری مەرجەعییەتی قومیان لەسەرە، ئەو ئەنجامە بەدەست دەکەوێت کە ئەم کێشانە درێژەیان هەیە و ئەگەری ئەوەیش هەیە کە گرژییان لێ بکەوێتەوە؛ چونکە ئەو کێشانە پەیوەندییان بە تێکهەڵچوون لەسەر ناوچەکانی ژێرنفووز و کۆکردنەوەی پیتاک (باج)ەوە هەیە و لەو بارودۆخەدا کە پشتیوانیی داراییی ئێران لە گرووپە میلیشیایییەکان کەم بووەتەوە، سەرچاوەی داهات بۆ دابینکردنی تێچووە ڕەوەنەکانی گرووپە میلیشیایییەکان، بە بابەتی بنەڕەتی دادەندرێن. جێی ئاماژەیە کە چاوەڕوان ناکرێت ویلایەتە یەکگرتووەکان لە داهاتوویەکی نزیکدا گەمارۆکانی سەر ئێران هەڵبگرێت؛ چونکە گنخاندنی ئێران لە گەڕانەوە بۆ دانوستانەکان و سەرسەختیی ئەو وڵاتە سەبارەت بەو کێشانەی لە ڕێککەوتننامە ناوکییەکەدا ناکۆکییان لەسەرە، لە ئەنجامدا کاتی دانوستانەکان درێژ دەکاتەوە، هەر بۆیە لابردنی گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر ئێران و هاوکارییەکانی ئێران بۆ گرووپە میلیشیایییەکان وەدوا دەکەوێت. هەروەها گرنگترین گرووپە میلیشیایییەکانی سەر بە ئێران، بەهۆی ئەوەی کە چەکوچۆڵی زۆر و پێکهاتەی ڕێکخراویان هەیە و نفووزی بەربڵاویشیان لە بەشێک لە پارێزگاکانی عێراق و سووریا و بەتایبەتی پارێزگا ستراتیژییەکاندا هەیە و بەسەر چەندان دەروازەی سنوورییشدا زاڵن، لەسەر بەدەستەوەگرتنی سەرکردایەتیی گرووپە میلیشیایییەکان و سەرچاوە دارایییەکان لەگەڵ یەکتر ناکۆکییان هەیە. لەبەر ئەوەیشی کە عێراق لە ڕووی جیۆپۆلیتیکی و ئابووری و ئەمنییەوە بۆ ئێران و باڵە سەربازی و سیاسی و ئابوورییەکانی گرنگە، ئەو جۆرە ناکۆکییانە لە عێراقدا بە شێوەیەکی بەرچاو و زەق خۆی نیشان دەدات.

هەڵبەت نابێت ناکۆکیی نێوان گرووپە میلیشیایییەکانی پەیڕەوی ویلایەتی فەقیھ و گرووپە میلیشیایییەکانی پەیڕەوی مەرجەعییەتی نەجەف لەبەرچاو نەگیرێن. ئێران کە بە کەڵکوەرگرتن لە فتوای سیستانی، توانیی گرووپە میلیشیایییە شیعەکانی لایەنگری ویلایەتی فەقیھ لەژێر چەترێکدا کۆ بکاتەوە و بەسەر ناوەندەکانی بڕیاردانی سیاسیدا زاڵ بێت، ئێستا هەوڵ دەدات بە کەڵکوەرگرتن لە میلیشیاکانی پەیڕەوی ویلایەتی فەقیھ بڕیاردانی مەرجەعییەتی نەجەفیش بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. هەروەها یەکێکی دیکە لە خاڵە ناکۆکەکان، هێرشکردنە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراقدا. گرووپە ملیشیایییەکانی پەیڕەوی مەرجەعییەتی نەجەف ئەو جۆرە هێرشانە بە چوونە ناو جەنگێکی نابەرامبەر دەزانن کە نە لە بەرژەوەندیی عێراقە و نە لە بەرژەوەندیی گرووپە میلیشیایییەکانیشە. ناکۆکی لەسەر بەشداری لە پڕۆسەی سیاسییشدا یەکێکی تره‌ لە خاڵەکانی جێی ناکۆکییەكان. لە کاتێکدا گرووپە میلیشیایییەکانی پەیڕه‌وی مەرجەعییەتی قوم پشتیوانی لە بەشداری لە پڕۆسەی سیاسیدا دەکەن، گرووپە میلیشیایییەکانی پەیڕه‌وی مەرجەعییەتی نەجەف دژی ئەو بابه‌تەن. ئەو کاتەی کە گرووپە میلیشیایییەکانی پەیڕه‌وی مەرجەعییەتی قوم بە کەڵکوەرگرتن لە ناوی بارەگای حەشدی شەعبی لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨دا چەندان وەزارەت و کۆمەڵێک ئیمتیازاتی سیاسی و ئابوورییان بەدەست هێنا و بە لەکارهێنانی دەسەڵاتی میلیشیاکان ڕۆڵێکی بەرچاویان لە پێکهێنانی حکوومەتدا گێڕا، ئەم هەڵسوکەوتە لەلایەن گرووپە میلیشیایییەکانی پەیڕه‌وی مەرجەعییەتی نەجەفەوە ڕەخنەی لێ گیرا. گرووپە میلیشیایییەکانی پەیڕوەی مەرجەعییەتی نەجەف لەسەر بنەمای فه‌توای سیستانی بە دوورکەوتنەوە لە سیاسەت و داواکاریی سیاسی، لەسەر ئەرکی خۆیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم بەڕژدی ماونەتەوە؛ چونکە ئەو هێزە سەربازییانە لە بنەڕەتەوە بۆ هاوکاریی دامودەزگه‌ ئەمنییەکان لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا دامەزران و، تەنیا میلیشیاکانی سەر بە ئێران هەروا پەیڕەوی لە ویلایەتی فەقیھ دەکەن و ئەم بابەتەیش بووەتە هۆی ئەوەی کە بەشێک لە میلیشیاکانی پەیڕەوی مەرجەعییەتی نەجەف جودابوونەوەی خۆیان لە حەشدی شەعبی ڕابگەیەنن.

چوارەم: هەوڵەکانی ئێران بۆ چارەسەری ناکۆکییەکانی نێوان گرووپە میلیشیایییەکان

لەگەڵ توندبوونی ناکۆکییەکانی نێوان دیارترین گرووپە میلیشیایییەکانی ئێران لە عێراقدا، ئێران لە ترسی ئەوەی کە نەکا ڕیزەکانی گرووپە میلیشیایییەکانی دیکەیش تووشی ئەو ناکۆکی و پەرتوبڵاوییە ببن، کۆمەڵێک سیاسەتی ڕەچاو کرد تاکوو لە لایەکەوە، پێش بە ئەگەری لێکەوتە نەرێنییەکانی ئەو ناکۆکییانە لەسەر داهاتووی نفووزی ئێران لە عێراقدا بگرێت و لە لایەکی دیکەیشەوە بتوانێت دەسکەوتەکانی خۆی بپارێزێت، هەروەها بشتوانێت بەردەوام پڕۆژە فرەخوازییەکانی خۆی بەرەوپێشەوە ببات. لێرەدا ئاماژە بە چۆنێتیی ئەم بابەتە دەکەین:

یەک. دامەزراندنی کۆمەڵیک گرووپی میلیشیاییی نوێ کە زیاتر وەفاداری ئێران بن

ئامانجی ئێران لە دامەزراندنی کۆمەڵێک گرووپی میلیشیاییی بچووک و نوێ لە عێراقدا کە وەفاداریی زیاتر بۆ ئێران نیشان بدەن، بێجگە لەوەی کە دژکردەوەیە لە بەرامبەر ناکۆکییەکانی نێوان گرووپە میلیشیایییەکاندا، ئەو ئامانجەیشی لەپشتە کە لە ئەگەری هیرشکردن بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق قوڵاغ و جێپێی ئێران دیار نەبێت. تاکتیکی نوێی ئێران ئەوەیە کە پێویستیی خۆی بە گرووپە میلیشیایییە کۆنەکان کەمتر بکاتەوە. بۆ ئەم مەبەستە بە کۆکردنەوەی دەیان شەڕکەری متمانەپێکراو کە هەم لایەنگری ئێران بن و هەم باوەڕیان بە تیۆریی ویلایەتی فەقیھ هەبێت، گرووپی نوێ و بچووکی میلیشیایی پێک دەهێنێت کە ڕاستەوخۆ فەرمان لە سوپای پاسداران وەربگرن و گوێڕایەڵتر بن.

ئێران لە ساڵی ٢٠٢٠دا ئەو گرووپە میلیشیایییانەی لە لوبنان و لەلایەن ڕاوێژکارانی سوپای پاسداران و حزبوڵڵای لوبنانەوە ڕاهێنا بۆ ئەوەی بتوانن بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ دوژمنانی ئێران لە عێراقدا بە سوودوەرگرتن لە چەکی درۆن و چاندنی مین لەسەر ڕێی دوژمن کایەکانی جەنگ لە بەرژەوەندیی ئێران بگۆڕن. لە ڕوانگەی ئێرانەوە نفووزی دوژمن بۆ ناو ئەو گرووپە میلیشیایییە بچووکانە دژوارترە(٣٦) و ئەمەیش بە سه‌ریه‌تی [و باڵاده‌ستی]ی تاکتیکیی ئەو گرووپانە دادەنرێت. بۆ ناساندنی گرنگترینی ئەو گرووپە میلیشیایییانە لە عێراقدا دەتوانین ئاماژە بکەین بە ڕەبعەڵڵا، سرییەکانی تێکشکێنەری تووڕە، لیوای تۆڵەی ئەلموهەندیس، سرییەکانی عشرینی دووەم، سرییەکانی ئەولیا ئەلدەم، سرییەکانی ئەلمونتەقیم و هتد.

دوو. هەڵوەشاندنەوەی گرووپە بچووکە میلیشیایییەکان

پێگەی هەواڵیی "میدڵ ئێست ‌ئای" Middle East Eye)) لەسەر زاری سەرچاوە سیاسی و سەربازییەکانی عێراق لە ڕێکەوتی ٢ی جانیوەریی ٢٠٢١دا پڕۆژە نوێیەکەی ئێرانی ئاشکرا کرد کە دەیەوێت گرووپە میلیشیایییە گەورەکانی لایەنگری مەرجەعییەتی قوم لەو دۆخەی ئێستایاندا بێڵێتەوە، بەڵام کۆمەڵێک گرووپی میلیشیاییی بچووکی وەکوو کەتیبەکانی خۆراسان بەرەو هەڵوەشانەوە هان بدات کە بەو پڕۆسەیە دەگوترێت "لابردنی زیادەکان". لە بەرامبەردا حکوومەتی عێراقیش گرووپە میلیشیایییە دووسەرەکان قبووڵ بکات؛ کە سەرێکیان حەشدی شەعبی بێت و سەرەکەی دیکەیشیان هێزە چەکدارەکانی بەرگری کە لە دوو، یان سێ گرووپی گەورە پێک بێت(٣٧). وا دیارە هەنگاوی دەزگه‌ ئەمنییەکانی حەشدی شەعبی بۆ دەستگیرکردنی ٣٠ ئەندامی کەتیبەکانی خۆراسان، لەناویاندا فەرماندەکانی میلیشیاکان و هێرش بۆ سەر بارەگاکانیان و دەستبەسەرداگرتنی بەشێک لە دارایییەکانیان پێش کۆتاییهاتنی دێسەمبەری ٢٠٢٠، ئاماژەیە بۆ دەستپێکی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەی ئێران لە عێراقدا. هەروەها ئەوەیش نیشان دەدات کە ئێران لە ڕەوشی نفووزی خۆی لە عێراقدا دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی و نەتوانینی قائانی بۆ گێڕانی ڕۆڵی فەرماندەکەی خۆی بۆ پێکهێنانی یەکیەتی و یەکپارچەیی لە نێوان میلیشیاکان و فەرماندەکانیاندا، بەتەواوەتی ئاگادارە.

سێ. دابەشکردنی فایلی عێراق لە نێوان چەندان کاربەدەستی ئێرانیدا

ئێران فایلی عێراقی بە سێ کاربەدەستی بەرپرس سپاردووە کە بریتین لە: عەلی شەمخانی، سکرتێری گشتیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی کە بۆ تاتوێکردنی ناکۆکییەکانی نێوان میلیشیاکان چەندان جار سەردانی عێراقی کردووە. ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا (ئێستا لەو پۆستەدا نەماوە) کە لە نۆڤەمبەری ٢٠٢٠دا ناوی خرایە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکاوە و، حەسەن داناییفەر، باڵیۆزی پێشووتری ئێران لە عێراق. ئەرکی قائانییش تەنیا ڕاگەیشتنە بە فایلی باڵە سەربازییەکانی ئێران(٣٨). قائانی لەو کاتەوە کە فەرماندەییی سوپای قودسی لەئەستۆ گرتووە، زۆر جار سەفەری چاوەڕواننەکراوی بۆ عێراق کردووە، بەو هیوایەی لە دیداری فەرماندەکانی میلیشیاکاندا بتوانێت لە قۆناغی دوای سولەیمانی و موهەندیس، ڕوانگەیان لێک نزیک بکاتەوە(٣٩). ئەم بابەتە ئاماژە بەوە دەکات کە ڕژێمی ئێران درکی بەو ڕاستییە کردووە کە قائانی ناتوانێت وەکوو سولەیمانی بەڕێوەبەرایەتیی هەمەلایەنەی فایلی عێراق لە بەشە سیاسی، ئابووری، سەربازی و کولتوورییەکەیدا جێبەجێ بکات، بەم هۆیەوە، پێویستە بۆ چارەسەری ناکۆکییەکانی نێوان میلیشیاکان تەنیا فایلی سەربازی لەئەستۆ بگرێت.

چوار. هەڵکردنی گلۆپی سەوز بۆ دەستوەردانی حزبوڵڵا

سەرهەڵدانی ناکۆکی لە نێوان گرووپە ملیشیاییەکانی ئێران لە عێراقدا، ئێرانی هێنایە سەر ئەوەی کە بۆ پێشگرتن لە لێکەوتە نەرێنییەکانی ئەم کێشەیە لەسەر نفووزی ئێران لە عێراقدا، داوا لە حزبوڵڵای لوبنان بکات بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە بێتە ناو بابەتەکەوە. هەر بەم هۆیەوە، محەمەد کەوسەرانی، بەرپرسی فایلی عێراق لەناو حزبوڵڵای لوبناندا بۆ لێکنزیکكردنەوەی ڕوانگەکان و چارەسەری ناکۆکییەکانی فەرماندەکانی گرووپە میلیشیایییە ناکۆکەکان چەندان کۆبوونەوەی بەڕێوە برد بۆ ئەوەی بەردەوامیی جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ئێران گەرەنتی بکرێت.

بەکورتی، ئەم هەوڵانە بۆ یەکگرتووییی دووبارەی گرووپە میلیشیایییەکان بێئاکام مایەوە و لەگەڵ بەردەوامیی ناکۆکییەکانی فەرماندەکانی میلیشیاکان، ڕوانگەکانیشیان دەربارەی کێشە سەرەکییەکانی وەکوو ڕێکخستنەوەی کاربەدەستانی حەشدی شەعبی لە قۆناغی دوای سولەیمانی و ئەلموهەندیس، بەردەوام لێک دوور کەوتەوە و تێکهەڵچوونەکانیشیان لەسەر کۆکردنەوەی پیتاک و کۆنترۆڵی دەروازە سنوورییەکان و کاری قاچاخچێتی بەردەوام بوو؛ ئەگەری ئەوەیش هەیە کە ئەو تێکهەڵچوونانە هەر بەردەوام بن و بگەنە قۆناغی هەستیاری وا کە ڕێگه‌ له‌ نفووزی ئێران لە عێراقدا بگرن؛ بەتایبەت ئەوەی کە پاش دەرچوونی ئەمریکا لە عێراق لە کۆتاییی دێسەمبەری ٢٠٢١دا بۆشاییی نوێیش پەیدا ببێت، کە ململانێ لەسەر پڕکردنەوەی ئەو بۆشایییانەیش توندتر دەبێت.

پێنجەم: ئەنجامەکانی ململانێی نێوان گرووپە میلیشیایییەکان و لێکەوتەکانی لەسەر نفووزی ئێران لە عێراقدا

بەپێی ئەوەی کە تا ئێرە باس کرا، وا دەردەکەوێت کە لەناو حەشدی شەعبیدا، لە نێوان گرووپە میلیشیایییەکانی پەیڕەوی مەرجەعییەتی قومدا ناکۆکیی زۆر جددی هەیە. بەهۆی ئەوەی کە ئەو ناکۆکییانە لە نێوان گەورەترین و بەهێزترین گرووپە میلیشیایییەکانی سەر بە ئێراندا، وەکوو عەسائیبی ئەهلی هەق و حزبوڵڵای عێراقدا، هەروەها لە گرنگترین ناوچەی ژێرنفووزی ئێران، واتا لە عێراقدا ڕووی داوە، بە ئاڵنگارییەکی جددی لەسەر ڕێی نفووزی ئێران لە عێراقدا هەژمار دەکرێت. ئەو گرووپانە کە زیاترین ڕۆڵیان لە پەرەدان بە نفووزی ئێران لە عێراقدا، هەروەها لە جێبەجێکردنی پڕۆژە ناوچەیییەکەی ئێراندا لەئەستۆیە، ناکۆکییەکانی نێوانیان بووەتە هۆی نیگەرانیی ئێران؛ چونکە ناکۆکیی ئەو گرووپانە کاریگەری لەسەر نفووزی ئێران لە سەرانسەری ناوچەکەدا دادەنێت. لێرەدا ئاماژە دەکەین بە گرنگترین ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیە دەربارەی ناکۆکییەکانی گرووپە میلیشیایییەکان:

یەک. کەوتنەژێرپرسیاری حه‌كایه‌تی ئێران لەسەر بنەمای یەکپارچەییی میلیشیاکانی سەر بەو وڵاتە

دوای سولەیمانی کە بۆ ڕێکخستنی هەماهەنگی لە نێوان گرووپە میلیشیایییەکان لە ناوچەکانی ژێرنفووزی ئێران، دەسەڵات و کاریگەرییەکی باڵای هەبوو، فەرماندەییی سوپای قودس بە قائانی گەیشت. بەپێچەوانەی ئەوەی کە کۆڕ و کۆمەڵە سیاسی و میدیایییەکانی ئێران باس لە یەکێتیی نێوان گرووپە میلیشیایییەکان دەکەن، یەکێتی و هاوئاهەنگی لە نێوان گرووپە میلیشیایییەکانی پەیڕەوی ویلایەتی فەقیھدا ڕووی لە لاوازی و سستی کردووە. هەرچەند کە بەڕواڵەت ئەو گرووپانە لە یەکپارچە دەچن، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو یەکپارچەیییەیان نییە. دوای کوژرانی سولەیمانی و موهەندیس بەهۆی دەرکەوتنی ناکۆکی لە نێوان گرووپە میلیشیایییەکانی پەیڕەوی مەرجەعییەتی قوم و گرووپە میلیشیایییەکانی پەیڕەوی مەرجەعییەتی نەجەف، بەهۆی زیادبوونی جیاوازییەکانیان دەربارەی کێشە ناوخۆیییەکانی عێراق و ڕێگه‌کانی تاوتوێی فایلە ئاڵۆزه‌کان و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری، گرژییەکانی نێوان گرووپە میلیشیایییەکان لە ناوچەکانی ژێرنفووز زیاد بووە. بەم شێوەیە، هاوکێشەیەکی میلیشیاییی نوێ لە عێراقدا پەیدا بووە کە مۆری باتڵکردنەوە لە حه‌كایه‌تی ئێران بۆ یەکێتی و یەکپارچەییی گرووپە میلیشیایییەکان دەدات. بەم هۆیەوە ئێستا ئێران بەتوندی نیگەرانە لەوەی کە یەکێتی و یەکپارچەیی لە نێوان گرنگترین باڵەکانی جێبەجێکردنی ستراتیژیی فرەخوازانەی خۆی لە ناوچەکانی ژێرنفووزیدا لەناو بچێت.

دوو. کەمبوونەوەی کارتێکەریی میلیشیاکان وەکوو یەکێک لە بەهێزترین کەرەستەکانی ئێران ناکۆکی و دووبەرەکی، بەربینگی بە گرووپە میلیشیایییە گەورەکانی وەکوو عەسائیبی ئەهلی هەق و حزبوڵڵای عێراق و بزووتنەوەی ئەلنوجەبا گرتووە کە بەهێزترین هاوپەیمانانی ئێرانن. ئەم گرووپانە بە حوکمی زاڵبوونیان بەسەر گرنگترین ناوچەکانی عێراقدا و ژمارەی شەڕکەرەکانیان و ناوچە ستراتیژییەکانی ژێرنفووزیان و زاڵبوونیان بەسەر چەندان دەروازەی سنووری و ناوچەی ستراتیژی و ڕێڕەوی نێودەوڵەتیدا کە ناوچەکانی ژێرنفووزی پێکەوە دەبەستێتەوە، لەناو حەشدا پێگە و کاریگەریی باڵایان هەیە. ئەو ناکۆکییانە ڕیشەیان لە کێشە ستراتیژییه‌كانی وەکوو ناکۆکی لەسەر سەرکردایەتی و پۆستە گرنگەکانی ناو حەشددایە کە هەردەم ئەگەری ئاڵۆزتربوونیان هەیە و ئەم کێشەیە هزر و بیری فەرماندەکانی گرووپە میلیشیایییەکانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە. هەروەها لەم بارودۆخەدا بە دوای کەمبوونەوەی هاوکارییە دارایییەکانی ئێراندا گرووپە میلیشیایییەکان بە ڕەوشی داراییی زۆر دژواردا تێ دەپەڕن و، زاڵبوون بەسەر سەرچاوەکانی داهات و کۆکردنەوەی پیتاک لە هۆکارەکانی دیکەی ئەو ناکۆکییانەن. سەرهەڵدانی ئەو ناکۆکییانە لە نێوان ئەو گرووپانەدا ئاڵنگاریی جددی دەخاتە بەردەمی نفووزی ئێران و بە هۆکاری لاوازکردنی نفووز و کەمکردنەوەی کاریگەریی ئێران لە گرنگترین ناوچەکانی ژێرنفووزیدا لەقەڵەم دەدرێت و، بە سه‌رنجدان بەوەی کە قائانی لە ئەندازیاریی نفووزی ئێراندا لەچاو سولەیمانی ئەزموونێکی زۆر کەمی هەیە، چاوەڕێ دەکرێت ئەو ئاڵنگارییە هەر بەردەوام بێت. هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی بەردەوامیی گەمارۆکان بەهۆی بەئەنجامنەگەیشتنی دانوستانە ناوکییەکان (بەرجام) لە ڤیەننا، چاوەڕێ دەکرێت، کەمبوونەوەی هاوکارییە دارایییەکانی ئێران هەروەک خۆی بمێنێتەوە.

سێ. زیادبوونی دیاردەی سەرپێچیی گرووپە میلیشیایییەکان دژی وەلیی فەقیھ

ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیە باس لە دیاردەی "سەرپێچیی گرووپە میلیشیایییەکان"، بەتایبەتی لەلایەن گرنگترین و بەهێزترین گرووپەکانی پەیڕەوی ویلایەتی فەقیھەوە، وەکوو عەسائیبی ئەهلی هەق، دژی سەرپەرشت و دامەزرێنەرە ئێرانییەکەی خۆیان دەکات. خەزعەلی بەڕوونی سەرپەرشتی و داواکاریی ئێرانییەکانی سەبارەت بە ڕاگرتنی هێرش بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکای پێش کۆتاییهاتنی خولی سەرۆکایەتیی ترامپ ڕەت کردووەتەوە و، بەپێی ئیدیعای ئەو، بەرگری لە بەرامبەر داگیرکاریی ئەمریکادا پڕۆژەیەکی نیشتمانیی عێراقە و لەم بارەیەوە پێویستییەک بە ئێران نییە. لێرەوە دەتوانین بزانین کە عەسائیب بەباشی لەو ئاڵنگارییانە گەیشتووە کە پڕۆژەکەی ئێران لە ناوچەکانی ژێرنفووزیدا تووشیان بووە و لەم قۆناغەدا عەسائیب هەوڵ دەدات بە ڕەچاوکردنی ڕێکارێکی نوێ، خۆی بە بزووتنەوەیەکی نیشتمانی بۆ خزمەتی عێراق بناسێنێت، تاکوو لەم ڕێگه‌یەوە لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢١دا دەنگی زیاتر بەدەست بێنێت. ئەم دۆخە بووەتە هۆی ئەوەی کە بەشێک لە گرووپە میلیشیایییەکان سەرپێچی لە فەرمانەکانی ئێران بکەن و بە دوای بەرژەوەندییەکانی شەڕکەرانی خۆیانەوە بن. لێرەوە دیار دەکەوێت کە بەپێچەوانەی بانگەشەی ئێران دەربارەی باوەڕی ڕاستەقینە و پتەوی گرووپە میلیشیایییەکان بە ویلایەتی فەقیھ، ئیتر پەیوەندیی نێوان ئەو گرووپانە و ویلایەتی فەقیھ وەکوو خۆی نامێنێت.

چوار. ئاڵۆزی لە گۆڕەپانی عێراق و کەمبوونەوەی لایەنگری لە ئێران

بەهۆی ئەوەی کە تێکهەڵچوونی نێوان گرووپە میلیشیایییەکانی ئێران کە پەیڕەوی ویلایەتی فەقیهن لە عێراقدا زیاتر دەبینرێت، ئەوە دۆخی عێراقیش دەخاتە ژێر کاریگەرییەوە و گرووپە میلیشیایییەکان بە هەڕەشە لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی ئەو وڵاتە هەژمار دەکرێن. ئەو گرووپانە بەهۆی حزووریان لە ناوچە نەوتییەکانی باشووری عێراق و دەستڕاگەیشتنیان بە تۆڕی قاچاخچێتی، نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی عێراق و سووریاوە بە تانکەر بۆ سووریا و لوبنان بەقاچاخ دەبەن، یان لە ڕێی بازرگانیی نایاسایی و قاچاخی نەوتەوە لەناو خاکی عێراقدا سەرقاڵی بەدەستهێنانی داهات دەبن، یان ئەوەی کە بە کۆنترۆڵکردنی بەندەرەکان و مۆڵەتدان بە تێپەڕبوونی کەرەستە و پێداویستییەکانی نەوت، باج لە کۆمپانیا بیانییەکان وەردەگرن. حەسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق ڕۆژی ٤ی جوولای ٢٠٢١، لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراقدا ددانی بەوەدا نا کە ئاڵۆزی و نالەباریی کەشی وەبەرهێنان و ئاسایش لە عێراقدا، وا دەکات کە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت بە بڕیارەکانی خۆیاندا بچنەوە. سەلام زەیدان لە ڕاپۆرتێکدا کە لە بڵاوکراوەی ئەمریکیی "مانیتۆر"دا چاپ کراوە، نووسیویەتی، ژمارەیەک لە کۆمپانیا نەوتییە ڕۆژاوایییەکان بەهۆی هێرشی گرووپە میلیشیایییەکان و وەرگرتنی باج لێیان، بڕیاریان داوە چالاکییەکانیان لە عێراقدا ڕابگرن. ئەو جۆرە کردەوانەی میلیشیاکان و تێکهەڵچوونەکانی نێوانیان بووەتە هۆی ئەوەی کە خەڵکی عێراق لە ئێران و باڵە بەوەکالەتەکانی نیگەران بن. بێ گومان، شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی عێراق بێکاریگەریی نەبووە لە پێکهاتنی حکوومەتێک لە وڵاتەکەیاندا کە بۆ گواستنەوەی عێراق بەرەو قۆناغی دەوڵەت و پاوانکردنی چەک لە دەستی سوپادا لێبڕاو و جددی بێت و، ئەوەیش هاوکاتە لەگەڵ هەوڵی جددیی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بۆ پێشگرتن بە نفووزی ئێران لە عێراقدا.

ئەنجام

بەپێی ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیە، دەتوانین بڵێین ئێران لە عێراقدا ڕووبەڕووی گەلێک ئاڵنگاری بووەتەوە کە بەردەوام ڕوو لە زیادبوونن؛ چونکە ئێستا نەک هەر تێکهەڵچوون لە نێوان گرووپە میلیشیایییەکانی پەیڕەوی مەرجەعییەتی قوم لەگەڵ گرووپە میلیشیایییەکانی پەیڕەوی مەرجەعییەتی نەجەف هەیە، بگرە گرووپە میلیشیایییەکانی پەیڕەوی مەرجەعییەتی قوم لەنێو خۆیشیاندا ناکۆکن و تووشی تێکهەڵچوون دەبن. لەبەر ئەوەیشی کە ئەم گرووپە میلیشیایییانە باوەڕی ویلایەتخوازانەیان هەیە و بە گرنگترین کەرەستەی ئێران و بەهێزترین و متمانەپێکراوترین هاوپەیمانانی ئێران بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەگەلی فرەخوازانەی ئەو وڵاتە لە ناوچەکانی ژێرنفووزیدا لەقەڵەم دەدرێن، ئەو جۆرە ناکۆکی و تێکهەڵچوونانە بە مەترسیدارترین ئاڵنگارییەکانی بەردەم نفووزی ئێران لە عێراقدا دادەنرێن. کەواته‌، سەرهەڵدانی ناکۆکی و تێکهەڵچوون لە نێوان گرووپە میلیشیایییەکاندا بە واتای ئیفلیجبوونی گرنگترین باڵی دەرەکیی ئێران بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەگەلی فرەخوازانەی ئەو وڵاتەیە. بەم هۆیەوە، ئێران کۆمەڵێک تاکتیکی نوێی لە عێراقدا گرتووەتە بەر، بۆ ئەوەی کۆمەڵێک گرووپی میلیشیاییی نوێ دامەزرێنێت کە هەم زیاتر وەفاداری ئێران بن و هەم بتوانن بە شێوەیەکی ڕژدتر بەدواداچوون بۆ پڕۆژەکانی ئەو وڵاتە بکەن.

لەگەڵ هەر هەنگاوێکدا کە گرووپە میلیشیایییەکان بۆ بەهێزکردنی پێگە، دەسەڵات و نفووزی خۆیان لە عێراقدا هەڵی دێننەوە، بەربڵاویی ناکۆکییەکانیان زیاتر و زیاتر دەبێت؛ بەتایبەتی ئەوەی کە ئەو ناکۆکییانە تەنیا لە کۆمەڵێک کێشەی لاوەکیدا نابڕێنەوە کە بکرێت لێیانەوە تێپەڕ بن، بەڵکوو ناکۆکییە سەرەکییەکان لەسەر گرنگترین کێشەکانن، وەکوو سەرکردایەتیی کاروباری میلیشیاکان، پێگە گرنگەکانی فەرماندەیی لە حەشدی شەعبیدا کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت، ناوچەکانی نفووز، بەتایبەتی ئەو ناوچانەی پڕن لە سەرچاوەی داهات، ناوچە ستراتیژییەکانی وەکوو ناوچە نەوتییەکان، دەروازە سنوورییەکان و ڕێڕەوە نێودەوڵەتییەکان کە ڕۆڵی گەورەیان لە بەدەستهێنانی داهاتدا هەیە. ئەوەیش ڕوونە کە ئەم کاروبارانە لەگەڵ چییەتیی چالاکی و دەسەڵاتی میلیشیاکان لە عێراقدا پەیوەندیی چڕیان هەیە.

بێجگە لەوەیش، ئیسماعیل قائانی وەکوو قاسم سولەیمانی کەسایەتیی کاریزماتیک نییه‌ و پەیوەندیی چڕیشی لەگەڵ فەرماندەکانی گرووپە میلیشیایییەکان نییە و لەنێو ئەندامانی گرووپە میلیشیایییەکانیشدا کەسێکی خۆشەویست نییە کە بتوانێت ئەو ناکۆکییانە بەڕێوە ببات و یەکپارچەیی لەنێو گرووپە میلیشیایییەکاندا پێک بێنێت. بێجگە لەوەیش، ناکۆکی لە نێوان گرووپە میلیشیایییەکانی پەیڕەوی مەرجەعییەتی قوم لەگەڵ گرووپە میلیشیایییەکانی پەیڕەوی مەرجەعییەتی نەجەف بە ڕاددەیەک زیاد بووە کە بە جودابوونەوەی گرنگترین گرووپە میلیشیایییەکان لە حەشدی شەعبی، مەرجەعییەتی نەجەف دەستی لە پشتیوانیی گرووپە میلیشیایییەکانی پەیڕەوی مەرجەعییەتی قوم هەڵگرتووە. مەرجەعییەتی نەجەف وەکوو باڵاترین مەرجەعی ئایینیی شیعە لە عێراقدا، بە شێوەیەکی ئاماژەگەرانە ئەو شه‌ر‌عییه‌ته‌ ئایینییەیشی لە گرووپە میلیشیایییەکانی پەیڕەوی ویلایەتی فەقیھ وەرگرتووەتەوە کە لە فتوای جیهادی کیفائی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە عێراقدا بەدەستیان هێنابوو.

چاوەڕوان دەکرێت کە دوای کۆتاییی دێسەمبەری ٢٠٢١ کە ئەرکی جەنگیی ئەو هێزە ئەمریکییانەی لە عێراقدا ماون، کۆتاییی دێت، ناکۆکییەکانی نێوان گرووپە میلیشیایییەکانی پەیڕەوی ویلایەتی فەقیھ زۆر توندتر بێت. چونکە یەکێک لەو سیناریۆیانەی بۆ دوای دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق هەیە، ئەوەیە کە ئەگەر ناکۆکییەکان لەسەر کۆنترۆڵی ئەو ناوچانەی هێزەکانی ئەمریکا بەجێیان دێڵن، هەروا بەردەوام بن و، لە لایەکی دیکەیشەوە، هاوکارییە دارایییەکانی ئێران بۆ گرووپە میلیشیایییەکان لە داهاتووی نزیکدا هەروا لە کەمترین ئاستدا بمێنێتەوە، لەو بارەدا، ناکۆکییەکان و تێکهەڵچوونی نێوان گرووپە میلیشیایییەکان هەر زیاتر و زیاتر دەبێت. شایانی باسە کە لەو بارودۆخەدا کە هەڵوێستی حکوومەتی توندئاژۆی ئێبراهیم ڕەئیسی لە دانوستانەکانی ڤییەننادا زۆر ڕوون نییە و لە لایەکیشەوە، چونکە ئێران لەوە گەیشتووە کە دەسەڵاتی بەرهەڵستیی ئەمریکا کەم بووەتەوە و سەریەتی (ئەولەویەت)ی سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانیش کەوتووە ژێر کارتێکەریی کۆمەڵێک گۆڕانکارییەوە، لەبەر ئەوە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی گوشارەکانی ئەمریکا، هەروەها گەڕاندنەوەی ئەمریکا بۆ ناو ڕێککەوتننامە ناوکییەکە (بەرجام) بە هەمان فۆرمەتی ساڵی ٢٠١٨، ڕووی لە سیاسەتی گرژینانەوە کردووە. لە ئەنجامدا گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنامە ناوکییەکە و زیادبوونەوەی پشتیوانییە دارایییەکانی ئێران بۆ گرووپە میلیشیایییەکان لە داهاتوویەکی نزیکدا بەدوور دەزانرێت. 

وا دیارە کە کۆمەڵێک ئاڵنگاریی بێوێنە لە عێراقدا ڕووبەڕووی ئێران بوونەتەوە و بەردەوامیی بەرەوپێشبردنی پڕۆژەگەلی فرەخوازانەی ئەو وڵاتەیان بەو شێوەیەی کە لە هزری تاراندایە ڕووبەڕووی کێشە و گرفتی جددی کردووەتەوە. ئەو ئاڵنگارییانە تەنیا لە بوونی ناکۆکییەکان و ئەگەری توندبوونیان لە نێوان گرنگترین و بەهێزترین باڵی جێبەجێکاری ئێراندا نابڕێتەوە کە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە فرەخوازییەکانی، زۆر تەمای لەسەر هەڵچنیوە، بەڵکوو گەورەترین و مەترسیدارترین ئاڵنگاریی ئێران لە عێراقدا هەمان گەشەی هزری و هەڵکشانی ئاستی تێگەیشتنی نەوەی لاوی عێراقییە کە هیچ ڕوویەکی خۆش نیشانی ئێران و باڵە بەوەکالەتەکانی و پڕۆژە فرەخوازانەکانی نادەن. دیتیشمان کە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢١ی پەرلەمانی عێراقدا گەورەترین هاوپەیمانییەکانی پشتیوانیکراوی ئێران دەنگیان نەهێنا و گەلانی عێراق بەم شێوەیە زەربەیەکی قورسیان لە باڵە سیاسییەکانی ئێران سرەواند. کاتێک ناکۆکیی نێوان گرووپە میلیشیایییەکان لە تەنیشت ئاڵنگارییە سیاسییەکانی ئەم دوایییانە دابنێین، دیار دەکەوێت کە کۆمەڵێک ئاڵنگاریی گەورە ڕووبەڕووی پڕۆژەی ئێران لە عێراقدا بووەتەوە کە ئەو ئاڵنگارییانە دەتوانن هێزی نەرمی ئێران بۆ دانانی پێگەی شیعی و خەڵکی بۆ پڕۆژەکانی ئێران هەڵوەشێنێتەوە. هەروەها ناکۆکی و تێکهەڵچوونی نێوان گرووپە میلیشیاییەکان، بەرەوپێشبردنی پڕۆژەکانی ئێرانی خاوتر کردووە، بەتایبەتی ئەوەی کە ئێستا کاره‌کته‌رە نوێیه‌کانی عێراق بڕیاری لێبڕاوانەیان داوە بۆ ئەوەی وڵاتەکەیان بەرەو پڕۆسەی دەوڵەتسازی ببەن، بۆ ئەوەی لە بەڕێوەبردنی پەیوەندییە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی وڵاتدا لە جیاتی پشتبەستن بە بنەما مەزهەبییە تائیفەگەراکان، بگەڕێنەوە سەر بنەما نیشتمانی و شارستانییەکان.

ئەو جۆرە گۆڕان و پەرەسەندنانە لەناو گرووپە میلیشیایییەکانی عێراقدا دەسەڵات و کاریگەریی ئێران لە هاوکێشەکانی ناوخۆی وڵاتانی ژێرنفووزیدا کەم دەکەنەوە و دەرفەت و بواری جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ئێران لەکەمی دەدەن و، هەلیش بۆ وڵاتان دەڕەخسێنێت تاکوو بە بەهێزکردنی دامەزراوەکان، دۆخی خۆیان چاک بکەنەوە و سەربەخۆیی لە بڕیاردان بۆ کاروباری ناوخۆیی و دەرەکی بەدەست بێنن و لە قۆناغی بێدەوڵەتییەوە بپەڕنەوە بۆ قۆناغی دەوڵەت و، ئەوە بخەنە سەرەوەی بەرنامەکانی خۆیانەوە.   

 

سەرچاوە: https://rasanah-iiis.org

  سەرچاوە و پەراویزەکان:

1)‌ هشـام الهاشـمي، اختـاف درونـی در سـازمان حشـد شـعبی، مرکـز تدویـن سیاسـت هـا، (1جـوالی 2020م) ،تاريـخ بازدیـد: 5 اکتبـر 2021م،     https://bit.ly/3ltjpbm

2) John Davison and Ahmed Rasheed, Exclusive In tactical shift, Iran grows new, loyal elite from among Iraqi militias, Reuters, (May 21, 2021), Accessed: Oct  21, 2021, https://reut.rs/3BozFkO

3) Phillip Smyth, The Shia Militia Mapping Project, (April 2020) Accessed: Oct 21, 2021, https://bit.ly/3bgNHKJ

4) Hamdi Malik, The Still - Growing Threat of Iran’ s chosen proxy in Iraq, waron the rocks, (Oct 5, 2020), Accessed: Oct 21, 2021   https://bit.ly/3CAuZtP 

5) راديـو فـردا، فایـل صوتـی ظریـف؛ قاسـم سـلیمانی مانـع دیپلماسـی بـود، (٠٥ اردیبهشت ١٤٠٠)، تاریخ بازدید: ٢٥ اکتبر 2021م، https://bit.ly/3pJsC40

6) Suadad al- Salhy, Suleiman’ s shadow: How the general ’s death upended Iranian strategy in Iraq, Jan 2, 2021, Accessed: Oct 27, 2021, https://bit.ly/3iOEQmz

7) مؤسسـه بیـن المللـی مطالعـات ایـران، گـزارش راهبـردی سـاالنه 2020م، پرونـده اقتصـادی، صـص 98-99 ،تاريـخ بازدیــد: 25 اکتبــر 2021م، https://bit.ly/3miOh0J

8) Sina Farhadi, IRGC funds dwindling, regional influence in decline, (Jul 7, 2020) Accessed Oct 27, 2021, https://bit.ly/3vQtbtW

9) وبسـایت العـرب، بـه دلیـل کـم شـدن تأمیـن مالـی از جانـب ایـران، شـبه نظامیـان شـیعی در عـراق بـا بـی پولـی مواجـه شـده انـد، (1 اوت 2018م) ، تاريـخ بازدیـد: 25 اکتبـر 2021م، https://bit.ly/3mkv2Eh

10) مصاحبــه مهنــد الجنابــی بــا العربیــه، رقابــت بــر ســر غنایــم و نفــوذ.. عملیــات مشــکوک حــذف فیزیکــی میــان گروههــای عراقــی، (24 فوریــه 2021م)، تاريــخ بازدیــد: 26 اکتبــر 2021م، https://bit.ly/3bijKtS

11) يمـان نعمـه، نیروهـای مـورد حمایـت ایـران بـه خاطـر کاهـش دسـتمزدها از سـوریه عقـب نشسـتند، (12 آوریـل  2021م)، تاريـخ بازدیـد: 26 اکتبـر 2021م، https://bit.ly/3nCSrzZ

12) فـارس العمـران، افزایـش اختالفـات میـان گروههـای شـبه نظامـی مـورد حمایـت ایـران در عـراق، وبسـایت دیارنـا، (16 دسـامبر 2020م)، تاريـخ بازدیـد: 26 اکتبـر 2021م، https://bit.ly/3iehjNg

13) Sawt Beirut, Iran builds secret groups in Iraq, (May 21, 2021), Accessed;  Oct 27, 2021, https://bit.ly/2ZoFxNM 

14) * وزارت خزانـه داری امریـکا یـک هفتـه بعـد از اینکـه فالـح الفیـاض رئیـس شـورای حشـد شـعبی را بـه خاطـر نقـض حقـوق بشـر تحریـم کـرد، در 13 ژانویـه 2021 میـادی ابـو فـدک را نیـز تروریسـت بیـن المللـی خوانـد و وی را تحریـم کـرد. از مصادیـق تحریـم أبـو فـدک، بلوکـه شـدن دارایـی هـا و ممنوعیـت تعامـل بـا وی اسـت. بـه موجـب ایـن تحریمهـا، تمـام دارایـی هـای وی در ایـاالت متحـده مصـادره خواهـد شـد، منبـع: سـي ان ان، وزارت خارجـه امریـکا یـک مقـام عالـی رتبـه حشـد شـعبی عـراق را بـه عنـوان تروریسـت بیـن المللـی معرفـی کـرد، )13 ژانویـه 2021م(، تاريـخ بازدیـد 16 اکتبـر 2021م،   https://cnn.it/3EkgQC5

15) US sanctions Iraq’ s hero “Abu Fadak” PMF chief of staff, (Jan 14, 2021), Accessed;  Oct 27, 2021, https://english.iswnews.com/17025/us-sanctions-iraqs-hero-abu-fadak-pmf-chief-of-staff/ 

16) محمــد الجبــوری، عــراق؛ راز اختــلاف میــان "عصائــب" و "حــزب اللە" .... ماجــرای نــام هــای "فضایــی" چیســت؟ النهــار العربــی، 8 اوت 2021م، تاریــخ بازدیــد: 21 اکتبــر 2021، https://bit.ly/3nwB582

17) میـدل ایسـت نیـوز، یکـی از فرماندهـان عصائـب رئیـس سـتاد حشـد را مـورد انتقـاد قـرار داد، (6 اوت 2021م(، تاريــخ بازدیــد 16 ســپتامبر 2021م، https://bit.ly/3Ai9c90

18) ) Suadad al- Salhy, Suleiman’ s shadow: How the general ’s death upended Iranian strategy in Iraq, Jan 2, 2021, Accessed: Oct 30, 2021, https://bit.ly/3iOEQmz

19) راه حـل سـوریه، تنـش میـان شـبه نظامیـان ”عصائـب اهـل الحـق“ و ”حـزب اللە  عـراق“ در دیـر الـزور.. و عوامـل آن؟، (12 سـپتامبر 2020م)، تاريـخ بازدیـد: 25 اکتبـر 2021م، https://bit.ly/3uybsXD

20) در سـال 2012 میـادی توسـط ایـران در سـوریه تأسـیس شـد تـا در جنـگ داخلـی کـه از سـال 2011 میـادی آغـاز شـد، در کنـار نیروهـای وفـادار بـه بشـار اسـد بـر علیـه گروههـای مخالـف سـوری بجنگـد. نیروهـای دفـاع مردمـی همچنــان تحــت اشــراف قاســم ســلیمانی فرمانــده ســابق ســپاه قــدس تــا زمانیکــه وی در حملــه ایــاالت متحــده در ژانویـه 2020 میـادی تـرور شـد، بـه فعالیـت هـای خـود ادامـه داد.

21) شـبکه رسـانه ای سـوری بلـدی، در طـی سـال 2019 میـادی در منطقـه قلمـون، چهـار مـورد درگیـری بیـن حـزب اللە و نیروهــای دفــاع مردمــی روی داده اســت، (31 دســامبر، 2019م)، تاريــخ بازدیــد: 25 اکتبــر 2021م، https://bit.ly/31cR6bQ     

22) حـازم احمـد بعيـج، قبـا بـه عنـوان گـذرگاه بـود ولـی اکنـون بـه پایگاهـی تبدیـل شـده اسـت، حـزب اللە منطقـه قلمـون سـوریه را بـا سـاح مـواد مخـدر ویـران مـی‌کنـد، پایـگاه اینترنتـی اورینـت نـت سـوریه، (24 ژانویـه 2021م(، تاريـخ بازدیـد: 25 اکتبـر 2021م، https://bit.ly/3BownOr

 23) عربـی پسـت، جنگـی قریـب الوقـوع میـان دو گـروه بـزرگ شـبه نظامـی.. آیـا فروپاشـی نیروهـای حشـد شـعبی عراقـی آغـاز شـده اسـت؟، )18 دسـامبر 2020م(، تاريـخ بازدیـد: 25 اکتبـر 2021م،   https://bit.ly/3Brg4R1

24) دلشـاد الدلـوی، بازداشـت اوس الخفاجـی حکایـت از شـدت اختالفـات میـان بازوهـای نیابتـی ایـران در عـراق دارد، پایـگاه خبـری العیـن، (29 فوریـه 2019م)، https://bit.ly/3EvbpiP   

25) وبسـایت العربيـه، درگیـری بـر سـر غنایـم و نفـوذ.. حـذف هـای فیزیکـی مرمـوز میـان گروههـای عراقـی، )24فوریــه 2021م(، تاريــخ بازدیــد: 27 اکتبــر 2021م، https://bit.ly/2ZA6eiI

26) همان.

27) عربـی پسـت، جنگـی قریـب الوقـوع بیـن دو گـروه بـزرگ شـبه نظامـی.. آیـا فروپاشـی نیروهـای حشـد شـعبی عراقــی آغــاز شــده اســت؟، )18 دســامبر 2020م(، تاريــخ بازدیــد: 25 اکتبــر 2021م،https://bit.ly/3Brg4R1 

28)    Suadad al-Salhy, Exclusive Asaib Ahl al-Haq defying Iran to attack US in Iraq, middle east eye, (Des 12, 2020),    Accessed: Oct 29, 2021, https://bit.ly/3nIFxk4

29) Jacob Lees Weiss, Iran’s Resistance Axis Rattled by Divisions Asaib Ahl al- Haq’s Leader Rejects the Ceasefire in Iraq, (Feb 12, 2021), Accessed: Oct 29, 2021, https://bit.ly/3Blko4t  

30) عربـی پسـت، درگیـری قریـب الوقـوع بیـن دو گـروه بـزرگ شـبه نظامـی ... آیـا فروپاشـی نیروهـای حشـد شـعبی عـراق آغـاز شـده اسـت؟، منبـع پیشـین.   

31) دلشـاد الدلـوي، بازداشـت اوس الخفاجـی حکایـت از شـدت درگیـری میـان بازوهـای نیابتـی ایـران در عـراق دارد، منبـع پیشـین.

32) نصيــر العجيلــي، اختــاف گروههــای شــبه نظامــی در عــراق.. ایــران یــک واقعیــت روشــن را پنهــان مــی کنــد! ، العربيــة، (2 اوت 2021م)، تاريــخ بازدیــد: 28 اکتبــر 2021م، https://bit.ly/3pOHONi

33) وب سـایت بغـداد اليـوم، پلیـس بابـل در مـورد شـهادت یـک فرمانـده حشـد شـعبی توضیـح داد، (2 اوت 2021م(، تاريـخ بازدیـد: 28 اکتبـر 2021م،  https://bit.ly/3jQpMXd  

34) Shelly Kittleson, A Powerful Iran- Backed Militia Is Losing Influence in Iraq foreign policy, (MAY11, 2020) Accessed: Oct 30, 2021, https://bit.ly/3bm45JV

35) وب سـایت الحـره، در شـرایطی کـه گروههـای شـبه نظامـی در عـراق دچـار اختالفاتـی شـده انـد، گـروه ”عصائـب اهـل الحـق“ متوسـل بـه تهدید شـد، (13 مـی 2020م)، تاريـخ بازدیـد: 15 اکتبـر 2021م، https://arbne.ws/3vUMAdl

36) Sawt Beirut, Iran builds secret groups in Iraq, May 21, 2021, Accessed; Oct 27, 2021, https://bit.ly/2ZoFxNM, and for more: John Davison and Ahmed Rasheed, Exclusive In tactical shift, Iran grows new, loyal elite from among Iraqi militias, Reuters, (May 21, 2021), Accessed: Oct 21, 2021, https://reut.rs/3BozFkO

37) Suadad al- Salhy, Soleimani’ s shadow:  How the general’s death upended Iranian strategy in Iraq, Op.cit.

 38) John، Davison,  Ahmed Rasheed, Iran changes tack in Iraq politics after mastermind’s  assassination Reuters, May 27, 2020, Accessed: Oct 27, 2021, https://reut.rs/3ay80Et

39) فرزيـن نديمی, حمـدی مالـك، سـفر غیـر منتظـره قاآنـی بـه بغـداد و آینـده ”حشـد شـعبی“، وب سـایت الحـره، (13 آوریـل 2020م)، تاريـخ بازدیـد: 28 اکتبـر 2021م، https://arbne.ws/3pO7lWY

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples