"خەڵک پێویستیان بە نان هەیە"؛ عەرەبەکان پێیان وایە ڕەوشی ئابووری لە سیسته‌مێكی دیموکراتیکدا لاوازە

جێسی ویلیامز، سارا هابێرشۆن، بەکی دییەڵ/ بی‌بی‌سی عەرەبی و تیمی ڕۆژنامەوانیی داتاکان

وەرگێڕانی لە فارسییەوە: ساماڵ ئەحمەدی

 

بەپێی ڕاپرسییەکی گرنگی نوێ، عەرەبەکان بۆ ڕەخساندنی سەقامگیریی ئابووری لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا باوەڕیان بە دیموکراسی نەماوە. لەسەر داوای بی‌بی‌سی نزیکەی ٢٣ هەزار کەس لە نۆ وڵات و ناوچەکانی فەلەستین لەلایەن تۆڕی "بارۆمەتری عەرەب"ەوە لێدوانیان لێ وەرگیراوە. زۆرینەی ئەوانە ئەو وتەیە پەسند دەکەن کە ئابووری لە سیسته‌مێکی دیموکراتیکدا لاوازە. ئەم زانیارییانە پتر لە دەیەیەک دوای ناڕەزایەتییەکانی ناسراو بە "بەهاری عەرەبی" وەدەست کەوتوون کە خوازیاری گۆڕانی دیموکراتیک بوون.

کەمتر لە دوو ساڵ دوای ئەو ناڕەزایەتییانە تەنیا یەکێک لەو وڵاتانە (تونس) بە دیموکراسی مایەوە، بەڵام ڕەشنووسی دەستووری ئەو وڵاتەیش کە هەفتەی پێشوو بڵاو کرایەوە، ئەگەر پەسند بکرێت، دەتوانێت تونس بەرەو دیکتاتۆری بەرێت. مایکڵ ڕابینز، بەڕێوەبەری "بارۆمەتری عەرەب" کە تۆڕێکی توێژینەوەیە لە زانکۆی پرینستۆن و لەگەڵ زانکۆکان و ڕێکخراوەکانی ڕاپرسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە کۆتاییی ساڵی ٢٠٢١ه‌وە تاکوو بەهاری ٢٠٢٢ بە کاری جێبەجێکردنی ئەو ڕاپرسییەوە سەرقاڵ بوو، دەڵێت، لە دوایین ڕاپرسیدا لە ساڵی ٢٠١٩دا ڕوانگەکانی ناوچەکە دەربارەی دیموکراسی گۆڕاوە.

مایکڵ ڕابینز دەیشڵێت: "ڕۆژ بە ڕۆژ ئەو تێگەیشتنە زیاتر بە خۆیدا دێت و پەرە دەستێنێت کە دیموکراسی نموونەیەکی پڕبەپێست نییە بۆ بەڕێوەبردنی وڵات و، چاکسازی لە هەموو شتێکدا ناکات." ئاماژە بەوەیش دەکات کە "ئەوەی لە سەرانسەری ناوچەکەدا دەیبینم ئەوەیە کە خەڵک برسین، پێوستیان بە نان هەیە و لە دەست ئەو سیسته‌مانەی هەیانە وەزاڵە هاتوون."

لە زۆربەی ئەو وڵاتانەی توێژینەوەکەی تێدا بەڕێوە چووە، زیاتر لە نیوەی ئەو کەسانەی وەڵامیان داوەتەوە، بە شێوەی نێونجی لەگەڵ ئەو وتەیە هاوڕان کە "ئابووری لە سیسته‌مێکی دیموکراتیکدا لاوازە". لە هەر کام لەو وڵاتانەی توێژینەوەکەی تێدا بەڕێوە چووە، زیاتر لە نیوەی ئەو کەسانەی ڕای خۆیان دەربڕیوە، دەڵێن، یان هاوڕان، یان زۆر زۆر هاوڕان لەگەڵ ئەوەی کە زیاتر نیگەرانی کاریگەربوونی سیاسەتەکانی دەوڵەتەکەیانن، نەک ئەوەی کە جۆری حکوومەتەکەیان چی بێت.

بەپێی پێنوێنی دیموکراسیی "یەکەی زانیارییەکانی ئیکۆنۆمیست"، لەنێو هەموو ئەو ناوچانەدا کە ئەو پێنوێنه‌ وەخۆی گرتوون، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا نزمترین پلەیان هەیە – ئیسرائیل بە "دیموکراسیی ناتەواو" و، تونس و مه‌غریب بە "ڕژێمی تێكه‌ڵ" پۆلێن دەکرێن و ئەوانەی دیکەیش لە ڕیزی وڵاتانی "دیکتاتۆری"دا جێ دەگرن. لە حەوت وڵات و ناوچەکانی فەلەستین زیاتر لە نیوەی ئەو کەسانەی وەڵامی ڕاپرسییەکەی بارۆمەتری عەرەبیان داوەتەوە، لەسەر ئەو باوه‌ڕەن کە وڵاتەکەیان پێویستی بە ڕێبەرێک هەیە کە بتوانێت ئەگەر پێویست بوو، بۆ جێبەجێکردنی کارەکان "یاساکان بگۆڕێت". تەنیا لە مه‌غریب کەمتر لە نیوەی وەڵامدەرەوەکان لەگەڵ ئەو وتەیە هاوڕان. سەرباری ئەوەیش، بەشێکی بەرچاوی خەڵک لە ناوچەکانی فەلەستین، ئوردن و سوودان دژی ئەو وتەیەن.

لە تونس لە هەر ١٠ کەسی وەڵامدەرەوەی ڕاپرسییەکە، هەشت کەسیان لەگەڵ ئەو وتەیە هاوڕان، لە هەر ١٠ کەسیش نۆ کەسیان گوتیان پشتیوانی دەکەن لە بڕیاری سەرۆککۆمار بۆ هەڵوەشاندنەوەی حکوومەت و هەڵپەساردنی پەرلەمان لە جوولای ٢٠٢١دا کە دژبەران ئەو بڕیارەیان بە کودەتا لە قەڵەم دا، بەڵام سەرۆککۆمار گوتی، بڕیارەکەی بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی سیسته‌مێکی سیاسیی گەندەڵ پێویستە.

تونس تاکە وڵات بوو کە دوای ڕاپەڕینەکانی بەهاری عەرەبی لە ساڵی ٢٠١١دا توانیی حکوومەتێکی دیموکراتیکی بەردەوام پێک بێنێت. سەرباری ئەوەیش، پێ دەچێت کە ئەو وڵاتە بەرەو پاشەکشە بۆ لای دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری لەژێر دەسەڵاتی قەیس سەعیددا دەچێت. بەپێی پێنوێنی دیموکراسیی "یەکەی زانیارییەکانی ئیکۆنۆمیست" لە ساڵی ٢٠٢١دا ئەو وڵاتە لە پۆلێنبەندییەکەدا ٢١ پلە دابەزی و لە جێی "دیموکراسیی ناتەواو"، کەوتە ڕیزی وڵاتانی خاوەن "ڕژێمی تێكه‌ڵاو"ەوە.  

ئەو ڕاپرسییە لە نێوان مانگەکانی ئۆکتۆبەر و نۆڤەمبەری ٢٠٢١دا لە تونس بەڕێوە چوو. لەو کاتەوە تا ئێستا هەندێک ناڕەزایەتی دژی سەرۆککۆمار هەبووە، چونکە ئەو بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و بەدەستەوەگرتنی کاروباری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان و بەڕێوەبردنی ڕاپرسی دەربارەی دەستوورێک کە زۆر کەس دەڵێن دەسەڵاتەکانی ئەو زیاتر دەکات، جێی خۆی پتەوتر کردووە. ئابوورییش لەو وڵاتەدا لە قەیرانێکی قووڵتر چەقیوە.

ئەمانی جەمال، یەکێک لە بناغەدانەرانی "بارۆمەتری عەرەب" و سەرۆکی کۆلێژی کاروباری گشتی و نێودەوڵەتیی پرینستۆن دەڵێت: "بەداخەوە ئێستا تونس خەریکی گەڕانەوەیە بەرەو دەسەڵاتخوازی، یان ئەوەی کە ئێمە پێی دەڵێین پاشەکشەی دیموکراتیک و ئێستا لە سەرانسەری جیهاندا لەگەڕدایە." ئەمانی جەمال دەیشڵێت: "من پێم وایە یەکێک لە بزوێنەرە سەرەکییەکان، دەروەستبوون بە دیکتاتۆرییەت، یان که‌لتووری سیاسیی دیکتاتۆری نییە، بەڵکوو ئێستا باوەڕە ڕاستەقینەکە ئەوەیە کە لە تونس دیموکراسی لە ڕوانگەی ئابوورییەوە تووشی شکست بووە." بەر لە گەندەڵی و ناسەقامگیری و بڵاوبوونەوەی کۆڤید-١٩، ڕەوشی ئابووری بە گرنگترین ئاڵنگاری بۆ حەوت وڵات و ناوچەکانی فەلەستین هەژمار دەکرێت.

تەنیا لە دوو وڵات ڕەوشی ئابووری وەکوو گرنگترین بابەت لەبەرچاو ناگیرێت؛ لە عێراق گرنگترین بابەت گەندەڵییە و لە لیبیای جەنگلێدراویش گرنگترین بابەت ناسەقامگیرییە. لانی کەم یەک کەس لە سێ کەس لە هەموو ئەو وڵاتانەی ڕاپرسییەکەیان تێدا کراوە، لەگەڵ ئەو وتەیە هاوڕان کە لە ساڵی ڕابردوودا پێش ئەوەی پارەی پێویست بۆ کڕینی پێداویستیی زیاتریان هەبێت، ماددە خۆراکییەکانیان تەواو بووە. لە میسر و مۆریتانیا لە هەموو جێیەک زیاتر هەست بە هەوڵدان بۆ دابینکردنی خۆراک دەکرێت. لەو وڵاتانە نزیکەی دوو کەس لە هەرسێ کەسێک گوتیان، ئەم ڕووداوە جارجارە، یان زۆر جار ڕوو دەدات.

بەشی زۆری ئەم ڕاپرسییە پێش هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا لە مانگی فێبریوەریدا کراوە. هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا لە سەرانسەری ناوچەکەدا – بەتایبەتی لە میسر و لیبیا و تونس – کە بەتوندی پشتیان بە گەنمی ڕووسیا و ئۆکراینا بەستووە – نەبوونی ئاسایشی خۆراکی زیاتر کردووە.

ئەوانەی وەڵامی ڕاپرسییەکەیان داوەتەوە و گوتوویانە ئەگەر بێت و پاشەکەوتی خۆراکیان تەواو ببێت، ئیتر توانای کڕینی خۆراکی دیکەیان نییە، لە بەشێک لەو وڵاتانەی توێژینەوەکەی تێدا کراوە، بەتایبەتی لە سوودان، مۆریتانیا و مه‌غریب، کەمتر پشتیوانییان لە دیموکراسی کردووە. دوورەدیمەنی ئابووری لە سەرانسەری ناوچەکەدا تاریک و ناڕوونە و کەمتر لە نیوەی وەڵامدەرەوەکان مەیلیان لێیە ڕەوشی ئابووریی وڵاتەکەیان بەباشی وەسف بکەن. لوبنان لە نێوان هەموو ئەو وڵاتانەی کە ئەم توێژینەوەیەیان تێدا کراوە، لە خوارووترین پلەدا جێی گرتووە و کەمتر لە سەدا یەکی لوبنانییەکان گوتوویانە ڕەوشی ئابووریی وڵاتەکەیان باشە. بانکی جیهانی، قەیرانی ئابووریی لوبنانی بە یەکێک لە توندترین قەیرانەکانی جیهان لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەوە تا ئێستا وەسف کردووە.

بەگشتی زۆرینەی خەڵک چاوەڕوانیی ئەوەیان هەیە کە ڕەوشی ئابووریی وڵاتەکەیان لە چەند ساڵی داهاتوودا باش بێتەوە. لەمەیشدا گه‌شبینییەکی کەم هەیە. لە شەش وڵات، زیاتر لە یەک لەسەر سێی ئەو هاووڵاتیانەی پرسیاریان لێ کراوە، دەڵێن ڕەوشەکە لە دوو تا سێ ساڵی داهاتوودا باشتر، یان تاکوو ڕاددەیەک باشتر دەبێت. سەرباری ئاڵۆزییە ئابوورییەکانی ئێستای تونس، وەڵامدەرەوەکانی ئەو وڵاتە لە هەمووان زیاتر هیوایان بە داهاتوو هەیە و ٦١٪یان دەڵێن لە چەند ساڵی داهاتوودا ڕەوشەکە زۆر، یان هیچ نەبێت تاکوو ڕاددەیەک باشتر دەبێت.

دکتۆر ڕابینز، بەڕێوەبەری بارۆمەتری عەرەب دەڵێت، داهاتوو "نادیار"ە. لەوانەیە هاووڵاتیانی ناوچەکە بە دوای ڕژێمی سیاسیی جێگرەوەی وەکوو ئەو مۆدێلەوە بن کە لە چین هەیە – ڕژێمی تاکحزبیی دەسەڵاتخواز- کە بە گوتەی ئەو، "ژمارەیەکی زۆر خەڵکی لە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا لە هەژاری ڕزگار کردووە." ئەو دەیشڵێت: "ئەو جۆرە پەرەسەندنە خێرایەی ئابووری، هەمان شتە کە زۆرینەی خەڵک بە دوایدا دەگەڕێن."

میتۆدناسی

ئەم ڕاپرسییە لەلایەن تۆڕی توێژینەوەی بارۆمەتری عەرەبەوە جێبەجێ کراوە. ئەم پڕۆژەیە لەگەڵ ٢٢ هەزار و ٧٦٥ کەس لە نۆ وڵات و ناوچەکانی فەلەستین بە شێوەی ڕاستەوخۆ وتووێژی کردووە. بارۆمەتری عەرەب تۆڕێکی توێژینەوەیە لە زانکۆی پرینستۆن. ئەو تۆڕی توێژینەوەیە لە ساڵی ٢٠٠٦ه‌وە ئەم جۆرە ڕاپرسییانەی کردووە و لە کۆمەڵێک وتووێژی ٤٥ خولەکیدا کە زیاتریان بە تەبلێت تۆمار کراون، توێژەران لەگەڵ بەشداربووان لە کەشێکی تایبەتیدا دواون.

ئەمە ڕوانگەی جیهانی عەرەبە، کەواتا ئێران و ئیسڕائیل، یان تورکیا ناگرێتەوە، هەرچەند ناوچەکانی فەلەستینیشی گرتووەتەوە. زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە لە ڕاپرسییەکەدا جێیان بۆ کراوەتەوە، بەڵام چەند دەوڵەتێکی دەوروبەری کەنداو خۆیان لەوە بوارد کە بوارێکی تەواو و دادپەروەرانە بۆ ئەم ڕاپرسییە بڕەخسێنن. ئەنجامەکانی کوێت و جەزایر بۆ جێکردنەوەیان لە هەڵمەتی بەشی عەرەبیی "بی‌بی‌سی"دا درەنگ ڕاگەیەندرا. سووریایش بەهۆی دژواریی دەستڕاگەیشتن، ناتوانێت لەم ڕاپرسییەدا بگونجێت. بە هۆکاری یاسایی و که‌لتووری، بەشێک لە وڵاتەکان داوایان کردووە، بەشێک لە پرسیارەکان لا بدرێن. ئەم ئاوارتەبوونە لە کاتی ڕاگەیاندنی ئەنجامەکاندا ڕەچاو کراوە و سنووردارییەکانی ڕاپرسییەکە بەڕوونی دیاری کراون.

 

سەرچاوە:  https://www.bbc.com

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples