بۆچی ناڕەزایەتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوروپا و ئەمریکای باکووردا پەرە دەسێنن؟

بنیامین پرێس و تۆماس کارۆسێرز

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: جەمال پیرە

بە درێژاییی پازدە ساڵی ڕابردوو، هیچ ناوچەیەك بەقەد ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و  باکووری ئەفریقا لە لایەك و ئەوروپا و ئەمریکای باکوور لە لایەکی دیکە، نەکەوتووەتە ژێر کاریگەریی شەپۆلی ناڕەزایەتییە پەرەسەندووە جیهانییەکان. چالاکوانان لەم ناوچانە لە کۆتاییی دەیەی یەکەمی سەدەی بیست و یەك و سەرەتای ٢٠١٠ جارێکی تر سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتی دژ بە حکوومەتیان هێنایە کایەوە. لەگەڵ بزووتنەوەی داگیرکاری و ڕاپەڕینە عەرەبییەکاندا دووپات کرایەوە کە چۆن ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان توانای ڕووبەڕووبوونەوە و ئاڵنگاریی دەسەڵاتە ڕەگداکوتاوەکانیان هەیە. ڕێکخەران لەم ناوچانە لە ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکاندا پێشڕەویی مۆدێلێکی نوێی دیجیتاڵییان کرد؛ شێوازی گواستنەوەی پەیامی خۆپیشاندەران و گردبوونەوەی هەوادارانیان دووبارە داڕشتەوە. چالاکوانان لە شوێنەکانی دیکەی جیهاندا، ئاماژەیان بە ناڕەزایەتییەکانی ئەم ناوچانە داوە وەك مۆدێلی چۆنێتیی گواستنەوەی ستەم و زۆرداری بۆ دەسەڵاتداران.

هەرچۆنێك بێت، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دەیەیەك بەسەر یەکەمین داڕمان و هەرەسهێنانی شەپۆلی ناڕەزایەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا و ئەوروپا و باکووری ئەمریکا، لە هەر ناوچەیەکدا جیاوازییەکی زه‌ق لە ژینگەی ناڕەزایەتییەکاندا دەرکەوت. ناڕەزایەتییەکان لە سەرتاسەری ئەمریکای باکوور و ئەوروپا پەرەیان سەند بۆ جێگیرکردن و لەخۆگرتنی مشتومڕە نوێیە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، کە بەشێکن لە سیاسەتی فرەیی و پلۆڕالیستیی بەردەوام لەو ناوچانەدا.

لە بەرامبەردا زۆرینەی بزوێنەری ناڕەزایەتییەکانی ئەم دوایییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا ڕەنگدانەوەی هەمان ئەو ستەمە درێژخایەنانە بوو کە بەر لە زیاتر لە دە ساڵ، بوو بە ئاگرخۆشکەری ڕاپەڕینە عەرەبییەکان؛ ئەمەیش ڕەنگدانەوەی ئەوەیە کە چۆن چەندان وڵات لە ڕووی سیاسییەوە قووڵتر "چەقیون" و گیریان خواردووە، سەرەنجام ئەگەری هەیە لە داهاتوودا گۆڕانکاریی تێکدەرانە ڕوو بدات.

چەندان هۆکار بۆ سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی لە ناوچەی مینا (ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا)

هه‌ر له‌ ساڵانی دوای ڕاپەڕینە عەرەبییەکان، ناڕەزایەتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقادا پاشەکشەیان کرد، بەوەی کە حکوومەتەکان کۆنتڕۆڵی توندی خۆیان سەپاندەوە و وزەی جووڵانەوەی دژەحکوومەتەکان کاڵ بووەوە. بەڵام لە پێنج ساڵی ڕابردوودا، ناڕەزایەتییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو ژمارەیەك وڵاتی سەرتاسەری ناوچەکەیان شڵەژاند.

زانیارییەکانی دامەزراوەی کارنێگی کە بەدواداچوونی بۆ ناڕەزایەتییە جیهانییەکان کردووە، دەری دەخەن كه‌ لە ساڵی ٢٠١٧وە تا ئێستا، سی و شەش ناڕەزایەتیی دژەحکوومەت، لە پازدە وڵاتی سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لەگەڵ غەزە و کەناری ڕۆژاوادا سەریان هەڵداوە. بەڵام خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان بەیەکسانی هەموو وڵاتانی ناوچەکەیان نەگرتۆتەوە. هەندێك وڵاتی وەك تونس و ئێران ڕووبەڕوووی جووڵە و بزاوتە دژەحکوومەتەکان بوونەوە، بە تێکڕای ساڵانە لانی کەم خۆپیشاندانێك.

وڵاتانی دیکەی وەك عێراق و لوبنان، ساڵانێكە بە شێوەیەکی نیمچەهەمیشەیی وەك هەوڵێك بۆ چاکسازیی سەراپاگیری سیاسی و ئابووری، جووڵانەوەی ناڕەزایەتیی بەرفراوانیان دژی تەواوی سیسته‌می سیاسی بەخۆوە بینیوە. تا ئێستایش وڵاتانی دیکەی وەك شانشینی سعوودیا و ئیمارات توانیویانە خۆیان لەو ناڕەزایەتییە جەماوەرییانە بەدوور بگرن، کە ژیانی سیاسییان لە سەرتاسەری ناوچەکەدا پەک خستووە.

هەرچەندە ئەم ناڕەزایەتییانە ڕەگوڕیشه‌یان لە ڕەوشی ناوخۆییدا هەیە، هۆکاری زۆربەیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بێزاری و نائومێدییانەی کە سنوورە نیشتمانییەکان تێ دەپەڕێنن. نیوەی زیاتری ناڕەزایەتییەکان بزوێنەریان هەبووە؛ لانی کەم بەشێکیان بەهۆی پرسە ئابوورییەکانەوە بووە، شۆکی ئابووریی توندی وەك خێرا دابەزینی بەهای دراو یان بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا سەرەکییەکان، لە زۆربەی شوێنەکاندا، بە ئێران و ئوردن و عوممان و سووریا و یەمەنیشەوە.

بەڵام لەوە گرنگتر، ئەو ناڕەزایەتییانەن کە لە ئەنجامی ستەمی هەڵچووی وەك بێکاریی درێژخایەن و بەرزبوونەوەی تێچووی بژێوی ژیان و نایەکسانی لە داهات هەڵدەگیرسێن؛ بۆ نموونە مردنی پاککەرەوەکانی کانەخەڵووز لە ساڵی ٢٠١٧ لە ناوچەی جەڕادە لە مەغریب، هەڵگیرسانی بزووتنەوەیەکی درێژخایەنی چەندمانگیی لێ کەوتەوە، بەهۆی نەبوونی هەلی ئابووری و بارودۆخێکی نائارامی کارکردن و نەبوونی گەشە و پەرەسەندنی ئابوورییەوە. بە هەمان شێوە پرسەکانی حوکمڕانی، بزوێنەری بەهێزن بۆ ناڕەزایەتییەکان؛ لە کاتێکدا حکوومەتەکان هەوڵیان دەدا و تێ دەکۆشان خزمەتگوزاری پێشکەش بکەن، هاووڵاتیان پەنایان بردە بەر شەقامەکان بۆ داواکردنی کاری باشتر لە حکوومەتەکانیان.

لە لیبیا بۆ نموونە، بڕانی کارەبا و ئاو بە درێژاییی ساڵی ٢٠٢٠، بووە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی گەورە، بەهۆی شکستی حکوومەت لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانەوە، کە لە ئەنجامدا بەرپرسانی هەردوو حکوومەتەکەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای وڵاتەکە دەستیان لەکار کێشایەوە. هاوکات بەکارهێنانی هێز لەلایەن دەوڵەتەوە هۆکارێکی دیکەی ژمارەیەکی زۆری ناڕەزایەتییەکان بوو. بەکارهێنانی هێز لەلایەن دەوڵەتەوە هۆکارێکی بەردەوامی تووڕەبوون بووە لە ئیسڕائیل و کەناری ڕۆژاوا و غەزە؛ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان دژی دەستگیرکردن و لێدان و دەرکردنی زۆرەملێ و کوژرانی فەڵەستینییەکان، دووبارە سەریان هەڵدایەوە. هەروەها حاڵەتەکانی مردن لەژێر چاودێریی پۆلیس، بوونەتە هۆی گردبوونەوە لە بەحرێن و تونس. لە کۆتاییدا، هەروەك لە ناوچەکانی دیکەدا هەیە، هێشتا گەندەڵی، سەرچاوەیەکی قووڵی نائومێدییە- تۆمەتەکانی گەندەڵی لە زیاتر لە ٣٠ وڵاتدا بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان لە ناوچەکەدا، بەو خۆپیشاندانە جەماوەرییانەیشی کە لە میسر و عێراق و ئیسڕائیل و ئوردن و کوێتدا ئەنجام دران. لەگەڵ ئەمەیشدا، گەڕاندنەوەی ناڕەزایەتییەکان لە سەرتاسەری ناوچەکەدا بۆ تەنیا پاڵنەر و بزوێنەرێك، لەوانەیە چەواشەکاری و سەرلیشێواوی بێت.

ناڕەزایەتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، مەیلیان بە لای ئەوەوەیە ڕەگوڕیشه‌یان لە تۆڕێك پرسی بەیەکەوەبەستراو و ئاوێتەی وادا بێت، کە لە سیسته‌می ڕەقی سیاسی و ئابووریدا بەشدار بن و گەشە بکەن. بۆ نموونە، بزووتنەوەی ئۆکتۆبەری لوبنان کە زیاتر لە دوو ساڵ خۆپیشاندانی لە دژی حکوومەت بەڕێوە برد، لە یەکەم ناڕەزایەتیی دژی باجە پێشنیارکراوەکانەوە تا نائومیدیی به‌كۆمه‌ڵی گرتەوە؛ لە تائیفەگەری و گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردنی ئابوورییدا، کە سیاسەتی تووشی چەقبەستن کرد و وڵاتی بەرەو لێواری داڕمان برد.

بە هەمان شێوە لە عێراقدا، ناڕەزایەتییە ناوخۆیییەکانی بەسرە دژ بە بێکاری و خراپیی خزمەتگوزارییە گشتییەکان گەورە بوون و، بوون بە جووڵانەوەیەکی نیشتمانیی دژ بە گەندەڵی و ئەو سەرکردایەتییە سیاسییەی ملکەچی لێپرسینەوە نابێت؛ هەروەها دژ بە تائیفەگەریی ئایینی. لێشاو و هەڵڕژانی گەورەی لەم شێوەیە، بەتەواوەتی سوپڕایز و سەرسوڕهێنەر نین: لە سیسته‌می سیاسیی بێنوێنەرایەتیدا، ستەمکاری، دەریچەی واتاداری دوور لە شەقامی نییە.

بەڵام زۆر جار هاتنەسەر شەقام مەترسیی کەسی بە دوای خۆیدا دەهێنێت. خۆپیشاندەران لە سەرتاسەری ناوچەکەدا لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە ڕووبەڕوووی هەراسانکردن و دەستگیرکردن و زیندانیکردن و توندوتیژی دەبنەوە. بۆ نموونە، لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠١٩ی ئێراندا کە لە دژی بەرزبوونەوەی نرخەکانی سووتەمەنی ئەنجام دران، لانی کەم ١٠٠٠ کەس کوژران و هەزارانی دیکەیش دەستگیر کران؛ لەگەڵ ئەمەیشدا، ئەو ڕاستییەی کە وا دەکات خۆپیشاندەران بەئاگایییەوە ڕووبەڕوووی ئەم مەترسییانە ببنەوە، جەختکردنەوەیە لەوەی ستەملێکراوییەکەیان چەندە جددییە؛ زۆریان وا هەست دەکەن هیچ شتێکیان نییە لەدەستی بدەن.

خەریکە ئاڵنگاریی نوێ بۆ ئەم تۆڕە ئاڵۆزەی ستەمکارییە زیاد دەبێت، بەو پێیەی پەتای کۆڕۆنا دەرامەتەکانی دەوڵەتی شەکەت و شپرزە کردووە، ئابوورییەکانی لاواز کردووە، تووڕەیی و گۆشەگیریی هاووڵاتیان زیاد بووە. خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە تونس سەبارەت بە پشێویی ئابووری و بێکاری، لەگەڵ تووڕەییی تایبەت بە بێوەڵامیی حکوومەت لەسەر پرسی تەندروستیی گشتیدا تێکەڵ بوون؛ ئەمەیش نائومێدییەکی توندی لێ کەوتەوە، بە ڕاددەیەك زۆرینەی دانیشتووان پاڵپشتیی خۆیان بۆ سەرۆك قەیس سەعید دەربڕی دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٢١دا دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرت؛ لانی کەم لە سەرەتاکەیدا، گۆڕانی کەشوهەوایش خەریکە تووڕەیی و نائومێدیی جەماوەر زیاتر دەکات.

لە ئێران خراپترین وشکەساڵی لە ماوەی چەندان ساڵدا، هەزاران کەسی هێنایە سەر شەقامەکانی ئەسفەهان و چەند شوێنێکی دیکە، کە زۆربەیان جووتیار بوون، بۆ ڕەخنەگرتن و پرۆتێستۆکردنی خراپ بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو و لاوازیی پاڵپشتیکردن لەو جووتیارانەی تێ دەکۆشن. لە کاتێکدا درێژەکێشانی کۆڤید-١٩ و داهاتووی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، هەردووکیان بەپێشبینینەکراوی دەمێننەوە. ئەمانە بەکردار هاوکارن لەو کۆمەڵە بەیەکەوەبەستراوەی ستەمکارییەکان کە لە سەرتاسەری ناوچەکەدا، دەبن بە ئاگرخۆشکەری هەڵگیرسانی ناڕەزایەتییەکان.

ئابووری بەتەنیا لە ئەوروپا و ئەمریکای باکووردا نییە

بەپێچەوانەی کەمبوونەوەی قەبارەی چالاکیی ناڕەزایه‌تی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە پاش ڕاپەڕینە عەرەبییەکاندا، بزواندن و کۆکردنەوەی هاووڵاتیان لە سەرتاسەری ئەمریکای باکوور و ئەوروپادا گەورەتر و زیاتر بووە. لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، داتاکانی کارنێگی ئاماژە دەدەن بە بوونی نەوەد و نۆ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی گەورەی دژەحکوومەت، لە نزیکەی هەموو وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکای باکووردا.

زۆر لەم خۆپیشاندانانە ژمارەی پێوانەییی بەشداریکردنی خۆپیشاندانی دوای خۆیان شکاندووە؛ بە خۆپیشاندانەکەی دادپەروەریی ڕەگەزییش کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕێک خرا و تێیدا زیاتر لە ٢٠ ملیۆن کەس بەشدار بوون، زیاتر لە هەر خۆپیشاندانێکی جەماوەری لە مێژووی ئەمریکادا.

دیمەنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لەم ناوچانە لە کۆتاییی دەیەی یەکەمی سەدەی بیست و یەکەمەوە گۆڕانکاریی گەورەی بەسەردا هاتووە. زۆربەی ناڕەزایەتییەکانی سەرەتا، مامەڵەیان لەگەڵ ئەو پرسە ئابوورییانەدا کرد کە لە قەیرانی داراییی ساڵی ٢٠٠٨ەوە سەرچاوەیان گرتبوو. بەڵام ئەمڕۆکە بەشێکی زۆر بچووکتر - نزیکەی تەنیا ٩ لەسەدی ناڕەزایەتییەکان لە ساڵی ٢٠١٧وە- بە شێوەیەکی سەرەکی مامەڵەیان لەگەڵ پرسە ئابوورییەکادا بووە. لە بەرامبەردا نیگەرانییە سیاسییەکان و گەندەڵی، بزوێنەر و پاڵنەری کاراتر بوون بۆ سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان.

فرەییی ناڕەزایەتییەکان مامەڵەیان لەگەڵ ئەو سیاسەتانەی حکوومەتدا بووە کە جێی مشتومڕ بوون، وەك: "قەدەغەکردنی موسڵمانان" لە ئەمریکا لەلایەن دۆناڵد ترامپ، برێگزیت (هاتنەدەرەوەی بریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپا)، یاسا ئایینییەکان لە مۆنتینیگرۆ، دەستبەسەرداگرتنی سیاسی لە یەکێك لە زانکۆکانی هەنگاریا. لەوانەیە هیچ سێتێکی سیاسەتەکان بەقەد سنووردارکردنەکانی سەردەمی پەتای کۆڤید-١٩ کە لەلایەن حکوومەتەکانەوە سەپێنرابوون، ناڕەزایەتیی زیاتریان لێ نەکەوتبێتەوە. زۆر لە وڵاتانی باکووری ئەمریکا و ئەوروپا گەواهیدەرن- ئێستایش گەواهی دەدەن- وەك خۆپیشاندانەکانی "کاروانی ئازادی"- لە کەنەدا و خۆپیشاندانەکانی دژ بە مۆڵەتی تەندروستی- لە نەمسا لە مانگەکانی کانوونی دووەم و شوباتی ٢٠٢٢.لەودیو کاردانەوەی ڕێوشوێنی تایبەتی سیاسیدا، زۆر لە خۆپیشاندەران وەڵامی بزوێنەر و دینامیکی سیاسی یان سۆسیۆئابووریی فراوانتر دەدەنەوە؛ هەندێکیان دەمێکە ئەنجام دراون، وەك نایەکسانیی ئابووری (نموونەی خۆپیشاندانەکانی ئێلەگزەردەکان لە فەڕەنسا) یان نایەکسانیی ڕەگەزی (وەك جووڵانەەوەی ژیانی ڕەشپێستان گرنگە  (Black Lives Matter) لە ئەمریکا). یان وەك ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقادا هەیە، گەندەڵیی بەربڵاو، بزوێنەرێکی بەهێزی ناڕەزایەتییە؛ بەوەی خۆپیشاندانەکان ئازەربایجان، بێلاڕووس، بولگاریا، مۆڵدۆڤا، ئۆکراینا، ڕووسیا و شوێنی دیکەی گرتووەتەوە.

بزوێنەر و دینامیکەکانی تر نوێترن؛ نموونەیەکی دیاری تایبەت بریتییە لە زیادبوونی نالیبڕاڵیبوون لە هەندێك لە حکوومەتەکاندا. بۆ نموونە، لە چەند ساڵی ڕابردوودا سەدان هەزار کەس لە پۆڵەندا خۆپیشاندانیان کرد بۆ پرۆتێستۆکردنی چەندان دەستپێشخەریی جۆراوجۆری نالیبڕاڵیی حکوومی، لەوانە: سنووردارکردنی مافەکانی لەباربردنی منداڵ، سنووردارکردنی خاوەندارێتیی میدیایی، لاوازکردنی سەربەخۆییی دادوەری. خۆپیشاندەران لە چەند وڵاتێکی دیکەدا دژی هەمان ئاراستەی لەو شێوەیە ڕژانە سەر شەقامەکان و ڕووبەڕوووی هەڕەشەی نالیبڕاڵی بوونەوە، لەوانە: جۆرجیا، هەنگاریا، سربیا، سلۆڤینیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

لە کۆتاییدا، دەتوانرێت زۆربەی جیاوازییەکان لە ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا و ئەمریکای باکوور و ئەوروپادا، بگەڕێندرێنەوە بۆ ئەو ڕاستییەی کە پێی وایە ناڕەزایەتییەکان لەم ناوچانەدا خزمەت بە ئەرك و وەزیفەی جیاواز دەکەن؛ لە زۆربەی ئەوروپا و ئەمریکای باکووردا، پرۆتێستۆکردن و ناڕەزایەتیدەربڕین وەك کەناڵی زیادە، شان بە شانی پرۆسێس و دامەزراوە دیموکراتییەکانی دیکە، کار دەکەن. ئەمە تەنیا یەکێكە لەو میکانیزمانەی بەهۆیەوە بتوانرێت ڕای گشتی بگەیەنرێتە لای ئەوانەی کە لە دەسەڵاتدان. لە بەرامبەردا، ئەو سیسته‌مە سیاسییە توند و ئۆتۆکراتانەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقادا زاڵن، ژمارەیەکی  کەمی کەناڵیان هەیە لە ڕێگه‌یانەوە ناڕه‌زایه‌تییه‌كان بگەنە سەرکردەکان. لەژێر سایەی ئەم سیسته‌مانه‌دا، ناڕەزاییدەربڕین دەبێتە تەنیا ڕێگه‌یەك، خەڵك بەهۆیەوە گوێگرتن لە گله‌یی و گازه‌نده‌كانیان مسۆگەر بکەن- هەرچەندە زۆر جار، بەبەردەوامی دەکەونە بەر گوێچکەی کەڕەوە.

 

* بنیامین پرێس، توێژەری یاریدەدەرە لە پرۆگرامی دیموکراسی و ناکۆکی و ململانێ و پرۆگرامی حوکمڕانی لە دامەزراوەی کارنێگی بۆ ئاشتیی نێودەوڵەتی

* تۆماس کارۆسێرز، جێگری یەکەمی سەرۆکی توێژینەوەکانی دامەزراوەی کارنێگییە بۆ ئاشتیی نێودەوڵەتی. نووسەری چەندان کتێب و ڕاپۆرتی ڕەخنەگرانەیە و چەندان بابەتی لە گۆڤار و ڕۆژنامە دیارەکاندا بڵاو کردووەتەوە.

 

سەرچاوە:

https://tcf.org

 

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples