شکستی ئەمریکی و قەیرانەکانی عێراق

رۆبێرت فۆرد*

لە ئینگلیزییەوە: جەمال پیرە

پێ دەچێت قەیرانە سیاسییەکەی ئێستای بەغدا، سەرەتای کۆتاییی سیسته‌می سیاسیی عێراقی بێت کە لە ماوەی ساڵانی ٢٠٠٣ – ٢٠١١ لەژێر چەتری ئەمریکیدا دامەزراوە. من لە ماوەی نێوان ساڵانی ٢٠٠٤ و ٢٠٠٩دا زۆربەی کات بەڕێوبەری نووسینگەی کاروباری سیاسی بووم لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا؛ دان بەوەدا دەنێم کە هەست بە پەشیمانی و شکستی کەسی دەکەم. ڕاستە ئەمریکا دەستووری عێراقی دانەڕشتووە و عێراقییەکان خۆیان نووسیویانەتەوە، بەڵام ئەمریکییەکان پێداگر بوون لەسەر ئەوەی عێراقییەکان لەو ماوەیەدا دەستوورەکەیان بنووسنەوە، کە دەسەڵاتی داگیرکەر بە سەرکردایەتیی بریمەر دەسنیشانی کردبوو.

باڵیۆزخانەکەمان لە ٢٠٠٥دا دەیزانی ئەو کاتەی بۆ ئەم مەبەستە دانراوە واقعی نییە، بەڵام واشنتۆن ئامۆژگاریی ئێمەی ڕەت کردەوە کە داوای گۆڕینی کاتەکەمان کردبوو؛ ئەمریکییەکان ڕێگه‌ نادەن سیسته‌می "پشكپشکێنە" دروست بێت کە بوار بە حزبە سیاسییە عێراقییەکان بدات لە پێناو پارە و پۆستدا کۆنتڕۆڵکردنی وەزارەتەکان بقۆزنەوە.

حزبە سیاسییەکانی عێراق ئەم سیستەمەیان دامەزراند. بەڵام ئەمریکییەکان گوشاریان خستە سەر ئەو حزبە سیاسییانە بۆ بنیاتنان و پێکهێنانی حکوومەتی هاوپەیمانی، هانی دامەزراندنی ڕژێم و سیسته‌می پشکپشکێنە بدات. هەروەك ئەمریکییەکان لە ساڵی ٢٠٠٦ دا پێداگری و گوشاریان کرد تا نووری مالیکی پۆستی سەرۆكوەزیران بەدەست بهێنێت و لە ساڵی ٢٠١٠ بە هەمان شێوە جارێکی تر دووبارەیان کردەوە.

لە هەمووی گرنگتر، ئەمریکییەکان، لە ساڵانی سەرەتای کۆماری نوێی عێراقدا دوو هەڵەی ستراتیژیی گەورەیان ئەنجام دا: یەکەمیان، ئەمریکییەکان، بە خۆیشمەوە، لەبارەی کێشەی میلیشیاکان، ساویلکە بوون. لە مانگی ئەیلوولی ٢٠٠٣دا، لەو کاتەی کە نوێنەری بریمەر بووم لە نەجەف، "فەیلەقی بەدر" لەژێر هەڕەشەی چەکدا بۆ ماوەی چوار کاتژمێر دەستبەسەری کردم و دواتر ئازادی كردم. لەبەر ئەوە، کاتێك لە ٢٠٠٤ەوە لە باڵیۆزخانەی ئەمریکادا کارم دەکرد مەترسیی میلیشیاکانم بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی عێراق، دەزانی.

بەڵام ئەمریکییەکان سەرنجیان خسته‌ سه‌ر له‌ناوبردنی یه‌كجاره‌كیی ڕێکخراوی قاعیدە لە عێراقدا، نەك لەناوبردنی یه‌كجاره‌كیی میلیشیا عێراقییە جۆراوجۆرەکان. بەم شێوەیە، لە کاتێکدا شەڕمان لەگەڵ میلیشیای وەك سوپای مەهدی سەر بە موقتەدا سەدر دەکرد، پێشوازیمان لە ئەندامانی میلیشیاکان دەکرد، لە ئەنبار، یان سەڵاحەددین، یاخود حیللە، یان ناوچەی سەدر، یاخود بەسرە، بۆ ئەوەی لە پرۆسەی سیاسیدا بەشداری بکەن و، هانمان دەدان بچنە ناو حزبە سیاسییەکان یان حزبی سیاسی دروست بکەن و لە هەڵبژاردنەکاندا کێبڕکێ بکەن.

بیرکردنەوەی ساویلكانه‌ی ئێمه‌ ئه‌وه‌ بوو كه‌ سەرکردەکانی میلیشیاکان دەستبەرداری چەکەکانیان دەبن و بۆ دەستەبەرکردنی پڕۆژەی کۆمەڵگه‌کانیان تەنیا لەناو پەرلەمان و لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیراندا کار دەکەن، بەڵام میلیشیاکان چەکەکانیان هێشتەوە، حکوومەتی عێراقیش هیچ هەوڵێکی جددیی نەدا بۆ چەککردنیان. ئەمریکایش بەوە ڕازی بوو، لەبەر ئەوەی نەماندەویست ڕووبەڕووی شەڕێکی بەرفراوانتر و درێژمەوداتر ببینەوە.

لە دوای گەڕانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بۆ عێراق لە ساڵی ٢٠١٤، ئەمریکا هەوڵی دا بەتەنیا "داعش" لەناو ببات و بۆ ئەم مەبەستەیش هاوپەیمانێتیی تاکتیکیمان لەگەڵ میلیشیاکانی نزیك لە ئێران قبووڵ کرد. بێ گومان ئێران لەو ساڵانەدا یارییەکی چه‌په‌ڵی ئەنجام دا، بەڵام ئەمریکایش بەشێكی بەرپرسیارێتیی بڵاوبوونەوەی میلیشیاکانی دەکەوێتە ئەستۆ کە ئێستاکە خەریکی تێکدانی سەقامگیری و پرۆسەی سیاسین لە عێراقدا.

دووەمین هەڵەی ستراتیژییش پەیوەندیی بە هەڵەی یەکەمەوە هەیە، چونکە سەرچاوە و دەرامەتی زیاتر بە میلیشیاکان و حزبە سیاسییە هاوپەیمانەکانیان بەخشرا. ئێمە دەربارەی گەندەڵکاری لە کۆماری عێراقی نوێدا تێگەیشتنێکی ڕووکەشانەمان هەبوو؛ تەنانەت ئەمریکییەکان هەوڵیان دا دامەزراوەکانی نەهێشتنی گەندەڵی بەهێز بکەن، وەك "دەستەی دەستپاکی" و دانان و دامەزراندنی پشکنەری گشتی لە وەزارەتە جیاجیاکاندا.

هەروەها دەسەڵاتی داگیرکاری ئەمریکا ڕێگه‌ی دا "دەستەی باڵای عێراقی بۆ چاودێریی دارایی"ی سەر بە حکوومەتەکەی بەعس بەردەوام بێت. ئەمریکییەکان پرۆگرامێکی بچووکی هاوکاریی تەکنیکییان بۆ ئەم دامەزراوەیە هەبوو، بەڵام هەرگیز کاری لەپێشینەیی نەبوو. بۆ نموونە، ئۆفیسی سیاسیی من، ٢٠ دیپلۆماتکاری هەبوو، زۆر بەوردی هەموو ناکۆکییە سیاسییەکانی بەغدای شی دەکردەوە، بۆ ئەوەی لە کاتی پێویستدا ڕۆڵی نێوەندگیریی خۆمان لە نێوان لایەنە ناکۆکەکاندا بگێڕین. باڵیۆزی ئەمریکا و تیمە سیاسییەکەی لە ماوەی ساڵانی سەرەتای کۆماری عێراقی نوێدا، یارمەتیدەر بوون لە کۆنتڕۆڵکردنی چەندان قەیران لە عێراقدا؛ لە بەرامبەردا، ئۆفیسی هاوکاریی ئێمە بۆ نەهێشتنی گەندەڵی، تەنیا دوو کارمەندی هەبوو، ئەوانیش نەیاندەتوانی بە زمانی عەرەبی بدوێن و لە باڵەخانەیەکی دیکەی دوور لە ئۆفیسەکەی باڵیۆز و بەشی سیاسیدا کاریان دەکرد.

بەم شێوەیە باڵیۆزخانەکەمان لە ساڵی ٢٠٠٧دا دەیزانی نووسینگەکەی سەرۆكوەزیران، نووری مالیکی، دەست لە کاروباری "دەستەی دەستپاکی" وەردەدات، بەتایبەت لەوەی کە پەیوەندیی بە دامەزراندنی کارمەندانه‌وه‌ هه‌یه‌؛ هەروەها لە لێکۆڵینەوەکانی گەندەڵیدا دەستێوەردانی دەکرد. بە هەمان شێوەی باڵیۆزخانە ئاگاداری گوشارەکانی نووسینگەی سەرۆكوەزیران و میلیشیاکان بوو، کە بوونە هۆی ئەوەی دوو بەڕێوبەری یەکەمی "دەستەی دەستپاکی" لە ساڵی ٢٠٠٧دا دەست لەکار بکێشنەوە. بەڵام ئێمە هیچ وەڵامێکمان بۆ ئەم دەستێوەردانە نەبوو؛ بەتەواوەتی سەرنجمان لەسەر قەیرانە سیاسییە ڕاستەوخۆکان بوو، نەك لەسەر کێشەی درێژمەودای پەرەسەندنی گەندەڵی.

ئەگەر بەشی ئەوەندە بژیت، دواجار گەیشتنی خۆت دەبینی بۆ ئەم مەودا دوورە. ئێستایش لە ساڵی ٢٠٢٢دا، گەندەڵیی بەربڵاو لە دەوڵەتی عێراق و دەرەنجامەکانی لە شکستی بنیاتنانەوەی ژێرخانی وەك تۆڕەکانی ئاو و کارەبا، هەڕەشە و مەترسین لەسەر خودی کۆماری عێراق. پێویستە ئەم شکسته‌ کورتبینانه‌ دەربارەی میلیشیا و گەندەڵیی ١٠ یان ١٥ ساڵ لەمەوبەری عێراق، هۆشدارییەك بێت بۆ ئەوانەی لە مەزەندەکردنی تواناکانی ئەمریکادا زێدەڕۆیی دەکەن. هیوادارم عیراقییەکان دەرچەیەکی ئاشتییانە بۆ ئەم قەیرانەی ئێستا بدۆزنەوە. دەیشزانم ئەمریکییەکان وەڵامی ئەمەیان لا نییە.

 

  • ڕۆبێرت فۆرد، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە سووریا و جەزائیر و توێژەر لە پەیمانگه‌ی واشنتۆن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیك

 

سەرچاوە:

https://english.aawsat.com

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples