لائیسیتە لە فەڕەنسا- بەشی سێیەم و کۆتایی

21, 11, 2018

نووسینی: موریس باربیە

وەرگێڕانی لە فارسییەوە: هیوا مەجید خەلیل، دکتۆرا لە گەشەسەندنی سیاسی

سروشتی گۆڕان

ئەم گۆڕانە سێقۆڵییەی حکوومەت، کۆمەڵگە و ئایین، هەم پەیوەندیی نوێ لە نێوان ئەم سێ زاراوەیە و هەم بەرەوپێشەوەچوونی لائیسیتەی لێ دەکەوێتەوە. سەرەتا دەبێ بزانین پەیوەندییەکانی حکوومەت و کۆمەڵگە گۆڕانی بەسەردا هاتووە. لە ڕاستیدا، بە دوو هۆکارەوە حکوومەت توانیویەتی پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگه‌ دابمەزرێنێت؛ لە لایەکەوە حکوومەت بە شێوەیەکی تەنگاوتەنگ بە کۆمەڵگه‌وە گرێ دراوە و کۆمەڵگەیش لە ڕێگەی کەناڵە دیموکراتیکەکانەوە، فەرمی یان نافەرمی، حکوومەت کۆنترۆڵ دەکات. لە لایەکی ترەوە، حکوومەت بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە ڕاسپێردراوە و دەبێ بیر لە دابینکردنی پێداویستییەکانی کۆمەڵگە بکاتەوە. لەم ڕووەوە، پێویستیی لێکجیاکردنەوەی حکوومەت و کۆمەڵگە بەبێ ئەوەی هیچ کامیان لەناو بچێت، چارەسەر کراوە. پەیوەندیی دوولایەنەی حکوومەت و کۆمەڵگە  بە جۆرێکی هەستپێکراو گۆڕانی بەسەردا هاتووە. بۆیە ڕۆڵی حکوومەت زیاد بووە و دەبێ وەڵامدەرەوەی پێداویستییە بێسنوورەکانی کۆمەڵگە بێت. بەم جۆرەیش حکوومەت بەرپرسیارێتیی دابینکردنی پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکان لە ئەستۆ دەگرێت و یارمه‌تیی دارایی و نادارایی بە بوارە جۆراوجۆرەکانی ئابووری، پەروەردە، که‌لتوور و... دەبەخشێت. دووەم، پەیوەندییەکانی خودی کۆمەڵگە و ئایینیش چەند گۆڕانێکی بەخۆوە بینیوه‌. ئەگەرچی ئایین لە قەڵەمڕەوی حکوومەت جیا کراوەتەوە، بەڵام ئایین هەر بە ڕەگەزێکی گرنگی کۆمەڵگە هەژمار دەکرێت؛ بۆیەیش دەتوانێت چەند کردەی کۆمەڵی ئەنجام بدات و بەشداری لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا بکات.

ئەم جۆرە گۆڕانە سنووردارکردنی پانتای لائیسیتەی لێ دەکەوێتەوه‌، چونکە هەروەک بینیمان لائیسیتە نەک بە کۆمەڵگەی مەدەنییەوە، بەڵکوو پەیوەندیی بە حکوومەتەوە هەیە. بۆیەیش ئایین بۆ ئاستی کردە (عمل)ی تاکه‌كه‌سی و تایبەتی کەم ناکرێتەوە، بەڵکوو بەپێچەوانەوە ڕوخساری کۆمەڵی (جمعی) و ڕەهەندە کۆمەڵایەتییەکەی خۆی دەپارێزێت. لەم ڕوانگەیەوە، چونکە ئایین بە توخمێک لە توخمەکانی کۆمەڵایەتی هەژمار دەکرێت، کەواتە دەتوانێت ئازادانە لە کۆمەڵگه‌دا کار بکات. پێویستە ڕەچاوی ئەوە بکەین کە بەسێكۆلاربوونی بەرفراوانی کۆمەڵگە، نەک تەنیا لە هەمبەر ئامادەبوون و چالاکبوونی ئایین لە کۆمەڵگەدا بەربەست نییە، بەڵکوو هەستی لەخۆخاڵیبوون لە دەروونی مرۆڤدا دورووژێنێت و دەتوانێت بۆ دووبارە تێگەیشتن لە ئایین و گەڕانەوەی کاری ئایینی بۆ ناو کۆمەڵگە ئاسانکاری بکات.

دواجار، پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەت و ئایینیش مەیلیان بۆ گۆڕان هەیە و ئەم گۆڕانەیش کاریگەری بەسەر لائیسیتەدا دروست دەکات. ڕاستییه‌كه‌ی، لە پەیوەندییە نوێیەکانی نێوان حکوومەت و کۆمەڵگەدا، کە هەردووکیان لە گۆڕانی لائیسیتەدا بەشدارن، ئایینیش سوودمەند دەبێت. بۆیە حکوومەتی مۆدێرنیش کە بەم جۆرە ڕەگی داکوتاوە، ناتوانێت بەتەواوەتی لە ئایین جیا ببێتەوە، چونکە ئایین دەتوانێت لە کۆمەڵگه‌دا ڕۆڵی کارا و ئەرێنی بگێڕێت؛ کەواتە دەبێ حکوومەتیش ڕەچاوی پێداویستییەکانی ئایین بکات. لە دەرەنجامدا، لە نێوان حکوومەت و ئاییندا پەیوەندیی نوێ دروست دەبێت، کە ئەگەری هەیە ئەم پەیوەندییە بەرەو گفتوگۆیەکی هەقیقی و جۆرە هاوکارییەک بشکێتەوە.

لەژێر ڕۆشناییی ئەم ڕاستییە نوێیەدا، لائیسیتە کە بە جیاکردنەوەی حکوومەت و بێلایەنیی حکوومەت لە هەمبەر ئایینەکان پێناسە دەکرێت، خۆیشی گۆڕانی بەسەردا دێت و نابێتە بەربەست لە هەمبەر ئەوەی کە حکوومەت پەیوەندیی ئەرێنی لەگەڵ ئایینەکاندا دابمەزرێنێت. ئاشکرایە کە ئەم گۆڕانە، دەبێتە هۆی هێنانەئارای تێگەیشتنی نوێ لە لائیسیتە کە بە دوو جۆر خۆی دەردەخات: لە لایەک، چیتر حکوومەت بۆ سەلماندنی خۆی پێویستی بە دژایەتیکردنی ئایین نییە و ئامادەیی و کاری ئایینی لە کۆمەڵگەدا پەسەند دەکات و ئامادەبوونی ئایین و کاری ئایینی لە کۆمەڵگەدا پەسەند دەکات؛ تەنانەت کاتێک کە ئایین یارمەتیی بەرژەوەندیی گشتی و هاوبەندی (سۆلیدارێتی)ی گشتی دەدات (بۆ نموونە، ڕیکخستنی چالاکیی خێرخوازی، که‌لتووری و پەروەردەیی)، حکوومەت پشتیوانی و هاوکاریی ئایین دەکات. لە لایەکی ترەوە، ئایین کە ئیتر لە حکوومەت سەربەخۆیە، ئازادیی تەواوی دەبێت و پێویستە حکوومەت ڕێزی لێ بگرێت و پارێزگاریشی لێ بکات. بۆیە بنەمای لائیسیتە نەک لەسە ئازادبوونی حکوومەت لە ئایین، بەڵکوو لەسەر گەرەنتیکردنی ئازادیی ئایین لە کۆمەڵگەدا دامەزراوە٩.

بە پشتبەستن بەم بنەمایە، ئایین لە کۆمەڵگەدا دەتوانێت ڕۆڵی ئەرێنی لە ئەستۆ بگرێت و تەنانەت یارمەتیی حکوومەتیش بدات. بە ئەولەوییەتبوونی کۆمەڵگە لە سەرووی حکوومەت، دەبێتە هۆی ئەوە کە ئازادیی ئایینی لەودیو (ماوراء) لائیسیتەی حکوومەت جێگیر بکرێت و بایەخیشی لە حکوومەت زۆرتر بێت. ئەم دیاردەیەیش هەم لە بەڕێژەییکردن و هەم لە گۆڕانی لائیسیتەدا بەشدارە. بەم جۆرەیش ئازادیی ئایینی وەک بەهایەکی باڵاتر لە لائیسیتە دەردەکەوێت. سیستەمی نێوحکوومەتی و ئەوروپییش یارمەتیدەری ئەم گۆڕانە بوون؛ چونکە یاسای نێوحکوومەتی ڕەچاوی لائیسیتە ناکات و جەخت لەسەر ئازادیی ئایین و دەرهاوێشتە جۆراوجۆرەکانی دەکات. لەم بارەوە دەتوانین ئاماژە بە ڕێککەوتننامەی ئەوروپی بۆ مافی مرۆڤ لە ساڵی ١٩٥٠، ماددەی نۆزدەیەم و، ڕێککەوتننامەی نێوحکوومەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکانی ساڵی ١٩٩٦، ماددەی هەژدەیەم بکەین، کە فەڕەنسا ڕێکكەوتننامەی یەکەمی لە ساڵی ١٩٧٤ و دووەمیشی لە ساڵی ١٩٨٠دا پەسەند کرد. بەم جۆرەیش ئازادیی ئایینی کە لەم دەقانەدا بە تێروتەسەلی ئاماژەی پێ دراوە، بایەخێکی زۆرتری لە لائیسیتە وەرگرتووە.

دەرەنجامە پراکتیکییەکان

گۆڕانی ئێستای لائیسیتە، کە بێ گومان تا ئێستایش بە کۆتا نەهاتووە، دەرەنجامی جۆراوجۆری لێ دەکەوێتەوە. لێرەدا بەبێ چوونەناو وردە باساکان، هەر ئەوەندە بەسە کە سەرەکیترین دەرەنجامەکان بخەینە ڕوو و ئاماژە بە پرسە نوێیەکان بدەین. پرسی سەرەکی لەم بارەوە، یارمەتیدانی حکوومەتە بە پەروەردەی ئەهلی (لە ڕاستیدا کاسۆلیک) کە ئەم یارمەتیدانەیش جارجار مشتومڕی گەرمی لێ دەکەوێتەوە. لە ڕاستیدا لائیسیتەی حکوومەت دژی یارمەتیی داراییی حکوومەت لە پەروەرده‌ی ئەهلی و تەنانەت ئایینزاکانیش نییە. دەبێ ڕەچاو بکەین کە بەپێچەوانەی بۆچوونی باو، کێشەکە لەسەر لائیسیتە نییە١٠. بەڵێ کێشە نەک لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەت و ئایین، بەڵکوو لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەت و کۆمەڵگەیە. لەو ڕووەوە کە پەیوەندییەکانی حکوومەت و کۆمەڵگە گۆڕدراون، حکوومەت ناتوانێت لە هەمبەر پەروەردەی ئەهلی (چ ئایینزایی چ نائایینزایی) بێهەڵوێست بێت. پەروەردەی ئەهلی کە بەهاتنەدی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕەگەزەکانی ئەم کۆمەڵگەیە هەژمار دەکرێت (واتە کەرتی پەروەدەی تایبەت بە سەرهەڵدانی کۆمەڵگەی مەدەنی سەری هەڵداوە و لە کۆڵەکەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هەژمار دەکرێت)، لە پرەنسیپی ئازادیی پەروەردەوە هەڵقووڵاوە، کە یەکێکە لە پرەنسیپە بەهایییەکان (اصول القیمي)ی ده‌ستوورە و، دەبێ حکوومەت ڕێزی لێ بگرێت. بۆیە حکوومەت دەتوانێت پەیوەندی بەمجۆرە پەروەردەیەوە هەبێت (واتە لە پاڵ پەروەردەی حکوومی، حکوومەت دەتوانێت لەگەڵ پەروەردەی ئەهلییش مامەڵە بکات) و یارمەتیی داراییش پێشکەش بکات. لە دوایین شیکردنەوەدا، بنەمای یارمەتیدانی پەروەردەی ئەهلی لە لایەن حکوومەتەوە، لەسەر بنەمای پەیوەندیی نێوان حکوومەت و کۆمەڵگە بنیات نراوە و هەرچەند ئەم یارمەتیدانە، لە ڕووی یاسایییەوە، یارمەتیدانێکی زۆرەکی (ئیجباری) نییە، بەڵام یارمەتیدانێکی تەواو ڕەوایە و لە ڕوانگەی کۆمەڵایەتییشەوە زەروورە.

لە پراکتیکدا یاسای "دێبرە"ی ساڵی ١٩٥٩ کە بە یاسای "گرۆمۆر"ی ساڵی ١٩٧٧ کامڵ کرا، لە نێوان حکوومەت و پەروەردەی ئەهلیدا پەیوەندیگەلێکی لەسەر بنەمای ڕێککەوتن دامەزراند و ئیمکانی گرێدانی گرێبەستی سادە یان هاوبەش، له‌ نێوان حکوومەت و خوێندنگە ئەهلییەکانی ڕەچاو کرد. بەم جۆرەیش هاوکاریی پتەو لە نێوان ئەم دوو قەوارەیە هاتە کایەوه‌ و لە پەروەردەی ئەهلی و خزمەتگوزاریی گشتیی پەروەدەی نەتەوەییدا بەشدار بوو. بەم جۆرەیش [پەروەردەی ئەهلی] ڕەهەندی سوودمەندیی گشتیی گرتە خۆ (ماددەی ٤ی یاسای ساڵی ١٩٥٩ باس لە "گرێبەستی بەشداری" لە پەروەردەی گشتیدا دەکات). یاسای دێبرە بەفەرمیناساندن [دانپێدانان]ی ڕەهەندی تایبەتی خوێندنگە ئەهلییەکان-واتە ڕەهەندە ئایینییەکان- پرەنسیپی یەکسانی لە نێوان پەروەردەی گشتی و پەروەردەی ئەهلی لەژێر چاودێریی گرێبەستدا بە پێویست دەزانێت، کە لە ئەنجامدا لە هەمبەر دوو لەمانە، یەک ڕەفتار پەیڕەو دەکرێت.

زیاد لەمەیش، لە پراکتیکدا یاسای دێبرە پەروەردەی ئەهلیی لائیک کرد، چونکە خوێندنگە ئەهلییەکانی ژێر گرێبەست، دەبێ لە ڕووی ئایینەوە بێلایەن بن. دەبێ دەرگەیان بە ڕووی گشت قوتابیاندا، بەبێ ڕەچاوکردنی زێد و بیروباوەڕیان، کراوە بێت و پێویستە پرۆسەی پەروردە -ژێر چاودێریی گرێبەست (واتە بۆ کردنەوەی خوێندنگەی ئەهلی دەبێ خوێندنگەکە گرێبەستێک لەگەڵ حکوومەت واژوو بکات و چۆنیەتیی گوتنەوەی بابەتی ئایینی دیار بکرێت)- بە ڕەچاوکردنی تەواوی "ئازادیی بیروباوەڕ و ویژدان" پێشکەش بکەن (ماددەی یەکەم).

بەم جۆرەیش دروستکردنی پەیوەندیی هاوکارییانە لە نێوان حکوومەت و پەروەردەی ئەهلیدا، بە شێوەیەکی سروشتی لە وەرچەرخانی پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەت و کۆمەڵگەوە هەڵدەقووڵێت. ئەم گۆڕانەیش کە بە هۆی دیاردەی لەناوبردنی ناوه‌ندگەرایی ڕەگ و ڕیشەی داکوتاوە، هەروەها پلانی ئێستای پێداچوونەوەی یاسای فالۆی ساڵی ١٨٥٠، ڕوون دەکاتەوە، تا بەم شێوەیە ڕێکخراوە هەرێمییەکان بتوانن لە کاتی پێویستدا و بە ڕەچاوکردنی پەرەنسیپی یەکسانی لە پەروەردەدا، یارمەتیی داراییی زۆرتر پێشکەش بە پەروەردەی ئەهلی بکەن.

هەرچەند گفتوگۆکردن لەسەر چۆنێتیی بەکارهێنانی ئەم یاسایە زوروورە، بەڵام دەبێ بزانین کە ناتوانین بەرامبەر بە بنەماکانی چۆنێتیی ئەم پێداچوونەوەیە بوەستینەوە. بۆیە لێردا ئاماژە بەو پرسانە دەکەین کە هەستیاریی کەمتر دەورووژێنن، بەڵام پرسی گرنگن. دەزانین لە فەڕەنسا بەپێی پرەنسیپی لائیسیتە، ئیمکانی گوتنەوەی وانەی پەروەردەی ئایین، یان فێرکردنی مەسیحییەت لە خوێندنەگە گشتییەکاندا نییە، بەڵام پەروەردەی ئایین بێ هیچ لامپەرێک دەبێ پێشکەش بە لایەنگرەکانی بکرێت؛ ئەمەیش دوو پرسی پەیوەست بە شوێن و کات دێنێتە دی. بەڵام سەرەڕای هەندێک پێشنیار، پێشکەشکردنی ئەم جۆرە پەروەردەیە لە خوێندنگە گشتییەکاندا، کارێکی ئەستەمە. هەرچەند گفتوگۆ لەسەر ئەم پرسە هەر بەردەوامە. لە ڕاستیدا لە ساڵی ١٩٦٠ بەپێی بڕیارێک، دەرفەت بە خوێندنی ئایین لە قوتابخانە شەوانەڕۆژییەکان درا. زیاد لەمەیش لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپادا، تەنانەت لە پارێزگه‌کانی "ئاڵزاس" و "مۆزل"ی فەڕەنسایش شوێنێک لە خوێندنگە گشتییەکان بۆ ئەم وانەیە دابین کرا. دواجار لەو ڕووەوە کە خوێندنگە گشتییەکان دەتوانن دەرگە بە ڕووی هەندێ چالاکییه‌ که‌لتووری-کۆمەڵایەتییەکاندا بکەنەوە، بۆیە پەسەندکردنی مومارەسەی پەروەردەی ئایینی لە ناوەندە پەروەردەیییەکاندا، پرسێکی چاوەڕواننەکراو نییە.

پرسێکی تر، واتە کاتی دابینکراو بۆ پەروەردەی ئایین، پرسێکی هەستیارترە. لە ڕاستیدا، یەک ڕۆژ لە هەفتە، واتە ڕۆژی چوارشەممە، بۆ ئەم کارە تەرخان کراوە. بۆیە لەم ڕۆژەدا خوێندنگەکان لە پشوودان و لە بری ئەمەیش، ڕۆژی شەممە، تا نیوەڕۆ وانەیان هەیە. بەڵام هەندێ جار قوتابخانەکان وانەکانی سپێدەی ڕۆژی شەممە، بۆ سپێدەی ڕۆژی چوارشەممە دەگوازنەوە، تا بتوانن سوود لە دوو ڕۆژی پشووی کۆتاییی هەفتە وەرگرن. ئاشکرایە، ئەم کارە پەروەردەی ئایینی لە کەنیسەکان ڕووبەڕوووی ئاستەنگ دەکاتەوە. بۆیە پێشنیاری هەفتانە چوار ڕۆژ وانەگووتنەوە (دووشەممە، سێشەممە، پێنجشەممە و هەینی) خەریکە پەسەند دەکرێت و ڕۆژانی چوارشەممە بۆ چالاکییەکانی دوور لە خوێندنگە، بەتایبەت پەروەردەی ئایین، تەرخان دەکرێت.

هەر چۆنێک بێت، دەبێ کاتێکی گونجاو بۆ ئیمکانی سوودوەرگرتن لە پەروەردەی ئایین ڕەچاو بکرێت. بێ گومان بۆ ئەم جۆرە پرسانە چارەسەرگەلێک هەن و هەر ئەوەندە بەسە کە ڕاوێژ و گفتوگۆ لە نێوان بەرپرسانی پەروەردەی نیشتمانی و مەرجەعەکانی خاوەن دەسەڵاتی ئایینیدا ئەنجام بدرێت. ئێستا پرسی خوێندنی ئایینە جیاوازەکان لە خوێندنگەکانی فەڕەنسادا گەڵالە کراوە، کە لە ڕاستیدا مەبەست خوێندنی مێژوووی ئایینەکانە لە ڕوانگەی که‌لتوورییەوە. ئەگەرچی ڕیشەی ئەم جۆرە خوێندنە، لائیکە و ڕووی ئایینیی نییە و بەبەرفراوانی پەسەند کراوە (واتە ئەم جۆرە خوێندنەوە لەلایەن کۆمەڵگەوە قبوڵ کراوە و کۆمەڵگە لەسەری ڕازییە)، بەڵام تا ئێستا چۆنێتیی بەکارخستنی دیار نەکراوە و ئەم کارە دەکرێت لە چەندین ڕێگەوە ئەنجام بدرێت. وەزارەتی پەروەردەی فەڕەنسا لە هەمبەر ئەم پرسەدا بێهەڵوێست نەبووە و لە ساڵی ١٩٨٩دا ڕاپۆڕتێکی لەم بارەوە ئامادە کردووە.

بەڵێ، ئاوڕدانەوە لە خوێندنی ئایین، بەتایبەت لە قۆناغەکانی ناوەندی و دواناوەندیدا، ئاراستەیەکی نوێ بە کایەی ئایین دەبەخشێت کە گرنگییە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکەی زانراوە. ئەم بابەتەیش لە گۆڕانی پەیوەندییەکانی نێوان ئایین و حکوومەتەوە هەڵدەقووڵێت و لە لۆژیکی لائیسیتەی نوێدا دەگونجێت. وەرچەرخانی پەیوەندییەکانی حکوومەت و ئایین، بەدواهاتی پراکتیکیی تریشی هەیە. حکوومەت دەیەوێت ئایین وەک ئەمری واقع (دیفاکتۆ)ی کۆمەڵایەتی و که‌لتووری هەژمار بکات و لە بەرامبەریدا ئایین ڕەفتارێکی هاوشێوەی توخمەکانی تری کۆمەڵگه پەیڕەو بکات. بۆیە حکوومەت دەتوانێت وەکوو چالاکییەکانی تری کۆمەڵایەتی، یارمەتی-تەنانەت یارمەتیی داراییش- پێشکەش بە ئایین بکات. ئەم جۆرە یارمەتییانە زۆرتر ناڕاستەوخۆن و بە شێوازی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێن. هەروەک ساڵی ١٩٧٨ لە فەڕەنسا لە چوارچێوەی پرۆژەی گشتگیرکردنی بیمەی کۆمەڵایەتی (تأمین اجتماعي)، قەشەکانی کاسۆلیک و پرۆتستانتیش بەپێی یاسا خرانە چوارچێوەی پرۆژەی بیمەی کۆمەڵایەتییەوە. لەو ساڵەدا یاسایەک پەسەند کرا کە بە تاکە هەقیقییەکان دەرفەت دەدرا کە بتوانن لە ڕێگەی کەمکردنەوەی باجی داهاتەکەیانەوە یارمەتیی دارایی بە ئایینەکان بدەن. ئەم بڕیارە لە سەردەمی حکوومەتی چەپەکان لە یاسای باجی ساڵی ١٩٨٩دا پارێزرا و تەنانەت هەمواریش کرایەوە. چونکە دەکرا تا ٤٠٪ باجی داهات کەم بکرێتەوە و پارەکە بدرێتە کلووبە (ئەنجوومەن-نادی) ئایینییەکان، کە ئەمەیش لەگەڵ دادپەروەریدا گونجاوتر بوو.

حکوومەت دەتوانێت پێشینە (سلفە)ی ناڕاستەوخۆ بۆ بیناکردنی بینا ئایینییەکان پێشکەش بکات، بەو مەرجەی کە ئایینەکە خاوەنی ناوەندێکی ڕۆشنبیری بێت. لەم بارەوە دەکرێ ئاماژە بە کەنیسەی شاری "ئۆری" بکەین کە مۆزەی هونەرە پیرۆزەکانی لە باڵاخانەکەیدا قیت کردەوە و پێشینەی داراییی بۆ ئەم مۆزەیەیشی لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و ئەنجومەنی پارێزگه‌ی "ئێل دۆفراس" وەرگرت. ئیسلامیش کە بە هۆی تازە سەرهەڵدانی لە فەڕەنسا ڕووبەڕووی کەمیی بینای ئایینی بووەتەوە، دەتوانێت داوای یارمەتیی هاوشێوە بکات.

سەرەنجام هەندێک لە نموونەکان نیشاندەری ئەم ڕاستییەن کە پەیوەندیی نێوان حکوومەت و ئایینەکان بە ئاراستەی گفتوگۆ و تەنانەت هاوکارییش گۆڕدراوە. لەم ڕێڕەوەدا، لە چەند دەیەی ڕابردووەوە بەپێی یاسا یەکێک لە تەلەڤزیۆنە حکوومییەکان (ئێستا وێستگەی ڕادیۆ و کەناڵی ٢ی تەلەڤزیۆنی حکوومەت) دەبێ بەیانیانی ڕۆژی یەکشەممە، بەرنامەی ئایینی، کە تایبەتە بە کاتۆلیزم، پرۆتستانیزم، یەهوودییەت و ئیسلام بڵاو بکاتەوە. جگە لەمەیش، ئەم چوار ئایینە لە دوو ئۆرگانی ڕاوێژکاریدا، واتە کۆمیتەی نەتەوەییی ئەتیک (ئەخلاق) و ئەنجومەنی نەتەوەییی ئایدز (کە یەکەمیان لە ساڵی ١٩٨٣ و دووەمیان لە ساڵی ١٩٨٩ دامەزراون) نوێنەریان هەیە، کە بۆچوونی خۆیان لەمەڕ پرسە ئەخلاقییە تایبەتەکان دەخەنە ڕوو. هەروەها لەو دەستەیەی کە لە مانگی مەی ساڵی ١٩٨٩دا و لە بارودۆخێکی سەختدا بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ پرسی "کاڵدۆنی نوێ" بەرەو ئەم هەرێمە نێردراو، قەشەیەکی کاسۆلیک و قەشەیەکی پرۆتستانت تێدا ئەندام بوون. (واتە بۆ ئەو کێشە ئایینییەی کە لە هەرێمی 'کاڵدۆنی نوێ' سەری هەڵدابوو، هەیئەتێک لە لایەن حکوومەتەوە پێک هات کە لەم هەیئەتەدا قەشەیەکی کاسۆلیک و قەشەیەکی پرۆتستانتیش ئەندام بوون) بۆیە دەتوانین لەم ڕاستیە تێ بگەین کە پەیوەندییەکانی حکوومەت و ئایین لە چەندین بواردا گۆڕانیان بەسەر هاتووە، کە نیشانەی گۆڕانی هەستپێکراوی لائیسیتەیە؛ گۆڕانێک کە لەم دە ساڵەی ڕابردوودا خێرایییەکەی زۆرتر بووە.

********

لەم وتارەدا هەوڵمان دا کە هێڵە سەره‌کییە تیۆرییه‌كان بۆ لائیسیتە لە پەیوەندییەکەیدا لەگەڵ بارودۆخی ئێستایی وێنا بکەین. لە ڕاستیدا، ئەم خستنەڕووە، واتە ئاڵۆزیی ئەم چەمکە، هەروەک بینیمان، شێوازە جۆراوجۆرەکانی گۆڕانی ئێستای لائیسیتە دەگرێتە خۆی. قسە لەسەر ئەوە نییە کە تێگەیشتنێکی تایبەت بۆ لائیسیتە ڕەت بکەینەوە یان تێگەیشتنێک لە تێگەیشتنەکانی تر بە باشتر بزانین، بەڵکوو قسە لەسەر ئەوەیە کە تێگەیشتن لەم چەمکە بەندە بە تێگەیشتن لە داینامیکیەتی ئەم چەمکە (واتە لائیسیتە بەردەوام لە وەرچەرخان و تازەبوونەوەدایە) سەبارەت بە فەڕەنسا دەتوانرێ وەرچەرخانی لائیسیتە لە لائیستەی پشتبەستراو بە جیاکردنەوەی حکوومەت و ئایین بۆ لائیستەی پشتبەستراو بە بێلایەنی و دواتر بۆ لائیسیتەی پشتبەستراو بە ئازادیی، ببینین. (واتە لائیسیتە لە فەرنسا لە سێ قۆناغ دەبازبووە کە لە بەشی یەک و دووەمدا باس لە هەر سێ قۆناغەکە کراوە). ئەم وێنە جوراجۆرانەی لائیسیتە نەك تەنیا لەگەڵ یەکتردا نەگونجاو نین، بەڵکوو تەواوکەری یەکترن. واتە لائیسیتەی پشتبەستراو بە لێکجیاکردنەوە لە لائیسیتەی پشتبەستراو بە بێلایەنیدا دەبینرێت و خودی ئەمەیش دەبێتە هۆی هێنانەدیی لائیسیتەی پشتبەستراو بە ئازادی (واتە ئەو سێ جۆرە لائیسیتەیە کە لە بەشی یەکەم و دووەمدا باس کران گشتیان تەواوکەری یەکترن، بەڵام هەر کامەیان بۆ سەردەمێک گونجاوتر بووە. هەر جۆرە لائیسیتەیەکیش کە لە قۆناغی دواتردا سەری هەڵداوە، جۆری لائیسیتەی پێش خۆی کامڵ کردووە، نەک لە دژی وەستابێتەوە) زیاد لەمەیش، گۆڕانی مانایی (تحول المعناییة) لە لائیسیتەیەکەوە بۆ لائیسیتەیەکی تر بەئاشکرا دەبینرێت، کە لە ڕاستیدا ڕەنگدانەوەی گۆڕانی بەرفراوانی حکوومەت و کۆمەڵگە و ئایینە. حاڵی حازر، لە فەڕەنسا زۆرتر بە مانای ئازادیی ئایینی، بیر لە لائیسیتە دەکرێتەوە. هەروەک بینیمان لائیسیتە پتر لە ڕزگاربوونی حکوومەت لە ئایین، لەسەر گەرەنتیکردنی ئازادیی ئایینی لەناو کۆمەڵگە و گشت دەرەنجامە هەڵقووڵاوەکانی، بنیات نراوە (واتە ئایین دەتوانێت لە ناو کۆمەڵگەدا بە ئازادانە کاروبارەکانی جێبەجی بکات. بە واتایەکی تر، لائیسیتە تەنیا لێکجیاکردنەوەی ئایین و دەوڵەت ناگرێتەوە، بەڵکوو ئازادبوونی گشت ئایینەکان لە ناو کۆمەڵگەیشدا لەخۆ دەگرێت).

دیارە ئەم گۆڕانە کردەوەی نوێ و تێگەیشتنی نوێ و کردەوەی تری لە لائیسیتە بە دوای خۆیدا هێناوە. هەرچەند ئەم وەرچەرخانە دەبێتە هۆی نیگەرانکردنی کۆمەڵە کەسێک، بەڵام باشترە بە دانبەخۆداگرتنه‌وه‌ سەیری ئەم پرۆسەیە بکەین و هەوڵی گونجاندنی لەگەڵ ژینگەدا بدەین. پێویستە ئەم ورەچەرخانە لە یاسای وڵاتیشدا ڕەنگ بداتەوە، چونکە لەم بارەوە یاسای فەڕەنسا نەگونجاو و کۆن بووە. بۆیە باشترە لە ڕێگەی ڕاوێژ و بەپێی پێکهاتەی ئەوروپا یاسایەک بۆ ئازادیی ئایین ئامادە بکرێت کە وەڵامدەرەوەی پێداویستییە هەنووکەیییەکان بێت. ئێستا هەندێ لە وڵاتانی دراوسێی فەڕەنسا یاخود نزیک فەڕەنسا، وەک پۆرتوگال (یاسای ١٩٧١، دەستووری ١٩٨٠) ئیسپانیا (یاسای ١٩٨٠) و ئیتڵلیا (ڕێککەوتن لەگەڵ کەنیسەی کاسۆلیک لە ساڵی ١٩٨٤ و دواتر لەگەڵ ئایینەکانی تردا) ئەم کارەیان کردووە. بۆیە لە بری ئەوەی فەڕەنسا بیر لە هەناردەکردنی لائیسیتەی خۆی بۆ دەرەوە بکاته‌وه‌ (کام جۆر لائیسیتە؟)، دەتوانێ بە وەفادارمانەوەی بە نەریتی لائیکبوونی خۆی، دواکەوتنە خەمبارەکەی لە وڵاتانی تری ئەوروپا قەرەبوو بکاتەوە.

بەشی سێیەم و کۆتایی

تێبینی:

*مۆریس باربیە (Maurice Barbier) زانای فەڕەنسی و مامۆستای زانکۆی نانسی (Nancy). لە بەرهەمەکانی دەتوانین ئاماژە بە "ئایین و سیاسەت لە هزری مۆدێرندا ١٩٨٧" و "هزرە سیاسییەکانی کارل مارکس ١٩٩٢" بکەین.

١. شۆڕشی فەڕەنسا بە دوورکەوتنەوە لە ڕژێمی پێشتری، توانی جیاکردنەوەی حکوومەت و کۆمەڵگەی مەدەنی بێنێتە دی. جاڕنامەی مافی مرۆڤ و هاووڵاتی، ساڵی ١٧٨٩، لە یەکەمین دەرهاوێشتەکانی ئەم شۆڕشە بوو.

٢. ئازادیی ئەنجومەنەکان لە جاڕنامەی ساڵی ١٧٨٩دا ئاماژەی پێ نەکراوە. لە ساڵی ١٩٠١دا ددانی پێدا نرا. سەرەڕای ئەمەیش، ئەم ئازادییە، نەیتوانی ئەنجومەنە ئایینییەکانی ژێر چاودێریی حکوومەت بگرێتە خۆی.

٣. دەکرێ ڕەخنە لەم جۆرە گوتارانە بگیردرێت کە هەندێ جار لائیسیتە بە پێش مۆدێرنیتە دەکەوێت (وەک مێکزیکۆ لە ساڵی ١٩١٧ و تورکیا لە ساڵی ١٩٢٤دا). بەڵام دەبێ ڕەچاو بکرێت کە ئەم دوو وڵاتە بۆ گەیشتن بە مۆدێرنیزاسیۆنی سیاسی، پێویست بوو بەرەنگاری ئایین ببنەوە (مێكزیكۆ لە دژی کەنیسەی کاسۆلیک و تورکیا لە دژی ئیسلام). سەرەڕای ئەمەیش دەکرێ بپرسین: ئایا لائیسیتە لەم دوو وڵاتەدا بە هۆی دژایەتیکردنی ئایین لە لایەن حکوومەتەوە، لائیسیتەیەکی ڕەسەن بووە یان نە؟

٤. Jean Riviero, La notion juridique de laicite, Recueil, Dalloz, 1949

٥. ڕادەربڕینی ئەنجومەنی حکوومەت لە ساڵی ١٩٨٩ سەبارەت بە هەڵگرتنی هێما ئایینییەکان لە قوتابخانەکانی سەرەتاییدا. لە ڕاستیدا، ئەنجومەنی حکوومەت لائیسیتەی بە بێلایەنیی حکوومەت لە هەمبەر ئایینیدا پێناسە کرد.

٦. ئەو حکوومەتەی دوای شکستی فەڕەنسا بەرامبەر بە ئەڵمانیا لە ساڵی ١٩٤٠ دامەزرا و پایتەختەکەیشی شاری ویشی بوو.

٧. Front National، حزبی ڕاستی توندڕەوی فەڕەنسا.

٨. کۆبوونەوەی زانایانی کاسۆلیک (١٩٦٢-٦٥) کە چاکسازیی زۆر گرنگی لەم ئایینزایەدا ئەنجام دا و ئه‌پدێیتی کرد.

٩. بەپێی ڕاپرسیی ساڵی ١٩٨٩، سێ لەسەر چواری فەڕەنسییەکان (٧٤٪) لائیسیتەیان بە بڕوابوون بە ئایینە جیاوازەکان دەزانی.

١٠. هەندێک جار لائیسیتە بۆ خزمەتکردن بە ئازادی بەکار دێنن. بەتایبەت لە ڕوانگەی ژان ڕیورۆ، مافناسی بەناوبانگ کە دەڵێت "لائیسیتە بۆ فێرکردن (پەروەردە)، پتەوترین بناغەکان فەراهەم دەکات." (art.cite,p138). هەروەها بەپێی ڕاپرسیی ئەپریلی ساڵی ١٩٨٩، دوو لەسەر سێ (٦٦٪)ی فەڕەنسییەکان، لائیستیە بە ئامرازێک بۆ ئازادیی پەروەردە دەزانن. بەڵام لە ڕاستیدا، بناغەی ئازادیی پەروەردە پشت بە لائیسیتە نابەستێت؛ دەکرێ ئازادیی پەروەردە بێی هەبوونی لائیسیتەیش هەر هەبێت، ئەگەرچی ڕاستە کە لائیسیتەی پشتبەستراو بە بێلایەنی بەرەو ئازادیی پەروەردە تەواو دەبێت. (واتە بە بەراورد لەگەل دوو جۆرەکەی تری لائیسیتە کە لە بەشی یەکەم و دووەمدا باس کرا، کەرتی پەروەردە لە لائیسیتەی پشتبەستراو بە بێلایەنیدا ئازادییەکی زۆرتر وەردەگرێت).

سەرچاوە: سەرچاوە: مجلە جامعە نو، پیاپی ٢٣، دی ١٣٨٣، چاپ دوم.

Last modified on یەک شەممە, 03 شوبات 2019 12:10
© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples