توێژینەوەی ڕاهێنان و پەروەردە لە ڕوانگەی "جۆن دیوی"یەوە

12, 03, 2019

توێژەر و نووسەر: ئەفسانە فکری

وەرگێڕ: کیشوەر پیرۆتی

جۆن دیوی، فەیلەسووف و ڕاهێنەری گەورەی ئەمریکی، ساڵی ١٨٥٩ی زایینی لە بورلینگتۆنی ئەمریکا لەدایک بوو. باوکی وەرزێر بوو کە دوایی، کشتوکاڵی وەلا نا و ڕووی لە بەقاڵی کرد. دیوی، زۆر شەرمن و کەمدوو بوو. لە سەرەتای لاوی و قۆناغی ئامادەیی و ساڵەکانی یەکەمی زانکۆدا زیرەکی و توانایییەکی ئەوتۆی لێ وەدیار نەکەوت، بە شێوەیەک کە لە قۆناغی ئامادەییدا قوتابییەکی لە ئاستی مامناوەندیدا بوو؛ لەوەیش نەدەچوو بتوانێ بچێتە زانکۆ. هەرچۆنێک بوو، چوو بۆ زانکۆ و دوایین ساڵەکانی خوێندنی لە زانکۆ، بوون بە قۆناغی گرینگی فکریی ئەو و، کۆمەڵێک نیشانەی داهێنەریی فکری و چالاکیی فەلسەفیی لێ وەدیار کەوت. دیوی، یەکێکە لە شیكه‌ره‌وه‌ گەورەکانی پراگماتیزمی ئەمریکی و کۆمەڵێک کتێبی لەمەڕ بابەتی جۆراوجۆرەوە نووسیوە.

دیوی، یەکێک لە شرۆڤەکاران و شارەزایانی گەورەی پراگماتیزم (ڕەچەکی کردەوە)ی ئەمریکییە و، بەستێن و بەرکۆی نووسراوەکانی وی لە ڕوانگەی ئەو بابەتە جۆراوجۆرانەوە کە بیری لێ کردوونەتەوە و نووسیونی، بەربڵاو و جۆربەجۆرە.

دیوی، ڕۆڵێکی گرینگی لە فکر و فەلسەفەی ئەمریکی و لە گۆڕانە گرینگەکانی ڕاهێنان و پەروەردەی سەدەی بیستەمدا هەبوو و زۆربەی کتێبەکانی بە زمانە جۆراوجۆرەکانی دنیا وەرگێڕدراون و چاپ کراون. دیوی، ساڵی ١٩٥٢ لە تەمەنی ٩٣ ساڵیدا و دوای ژیانێکی پڕبەرهەم لە ئەمریکا کۆچی دواییی کرد.

ئامانجی ڕاهینان و پەروەردە

لە ڕوانگەی دیوییەوە ئامانجی ڕاهێنان و پەروەردە پێکهێنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیکە و لەمەڕ پێناسەی ئەو کۆمەڵگەیەوە دەڵێ: "کۆمەڵگەی دیموکراتیک، پێش بە سەرهەڵدانی ناکۆکی و جیاوازیی چینایەتی و نەتەوایەتی و ڕەگەزی دەگرێت." هەروەها دەڵێ: "ڕاهێنان و پەروەردە بریتییە لە نوێکردنەوە و ڕێکخستنی ئەزموون، بە شێوەیەک کە مانادارتری بکات و واتایەکی قووڵتری پێ ببەخشێت و، پەرە بە توانستی ڕابەرایەتیکردنی ڕەوتی ئەزموون بدات." دیوی لە کتێبی "دیموکراسی و ڕاهێنان و پەروەردە"دا باسی چوار تایبەتمەندیی ڕاهێنان و پەروەردە دەکات:

ئا)‌ پەروەردە و ڕاهێنان پێویستیی ژیانە: دیوی، ڕاهێنان و پەروەردەی بە دوو جۆری بەمەبەست و بێمەبەست دابەش کردووە و، پێوەندییە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکان بە بناغەی ڕاهێنان و پەروەردە دەزانێت، چونکە بەبێ ڕاهێنان و پەروەردەی بەمەبەست و بێمەبەست، ژیان مەیسەر نابێت.

ب) ڕاهێنان و پەروەردە بە واتای کردەوەیەکی کۆمەڵایەتی: ژینگەی کۆمەڵایەتی، ڕۆڵێکی گرینگی پەروەردەییی هەیە و فێربوونی منداڵیش بابەتێکی زەینی و ئەبستراکتی پێوەندییە کۆمەڵایەتی و ژینگەیییەکان نییە، بگرە لە ناخی ئەو پێوەندییانەدا فێری کۆمەڵێک بابەتی زۆروزەوەند دەبێت.

ج) ڕاهێنان و پەروەردە بە واتای ڕێنوێنی: بە بڕوای دیوی، دەبێ پاڵنەر و هەوڵە دیارەکانی فێرخواز کۆنتڕۆڵ و ڕابەری بکرێن؛ ڕۆڵی ڕاستەقینەی ڕاهێنان و پەروەردەیش هەر ئەمەیە.

د) پەروەردە و ڕاهێنان بە واتای گەشەکردن: دیوی، لەم بابەتەدا زۆر پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە ڕاهێنان و پەروەردە، پێگەیاندن و گەشەکردنی قووڵی ژیانە. تا ژیان بەردەوامە، ڕاهێنان و پەروەردەیش هەیە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو وتانەی سەرەوە دەکرێ بڵێین، ڕاهینان و پەروەردەی پەروەردەکەر بریتییە لە پڕۆسەیەکی ڕەسەن ــ نەک هەر بەرایی ـــ لە نێوان پەروەردەکەر و پەروەردەخوازدا، کە لە پێداویستیی ژیانی کۆمەڵایەتییەوە سەرچاوە دەگرێت و لەسەر بنەمای مەیل و هۆگریی دەروونی و هەنووکەییی قوتابی و پەروەردەکەر بە مەبەستی داڕشتنەوەی ئەزموون بۆ گەشە و دیموکراسی دادەمەزرێت.

بەرنامەی ڕاهێنان

دیوی، لەو باوەڕەدا بوو کە لە ڕاهێنانی قۆناغە جیاوازەکانی خوێندندا، دەبێ پێداگری لەسەر بابەتگەلی هەستەکی و بەرچاوەکی بکرێت و، چالاکی و ئەزموونی تاک، ببێت بە تەوەری بەرنامەکان. لە جیاتی شێوەی گشتی و زەینی، دەبێ بابەتەکان بە شێوەی کەرەستەیی بەکار بێن، بۆ ئەوەی تواناییی درک و تێگەیشتنی قوتابیان زیاتر بێت. دیوی باوەڕی وایە کە لە ڕاهێناندا دەبێ زەین و پڕۆسەی فێربوون لەبەرچاو بگیرێت و، ئەو پڕۆسەیەش هەر هەوڵی قوتابییە بۆ گونجاندنی چالاکییەکانی لەگەڵ ژینگەی خۆی. بەم شێوەیە پێی وایە بایەخی بنەڕەتیی زەین لەو تایبەتمەندییەدایە، کە بە شێوەی کردەیی دەتوانێت خۆی لەگەڵ ژینگە بگونجێنێت.

بە بۆچوونی دیوی لە بەرنامەی ڕاهێناندا، دەبێ گرینگی بە ئەزموون و بیرکردنەوە بدرێت. ئەو پێی وایە، هەر بەتەنیا کەڵەکەکردنی کۆمەڵێک زانیاریی بێگیان و بێمانا لە زەیندا بە واتای فیربوون و تێگەیشتنی ڕاستەقینە نییە. بە باوەڕی دیوی، لە ڕاهێناندا دەبێ چەند قۆناغێک ڕەچاو بکرێن کە بریتین لە: بەردەوامی و گرێدراویی چەمکەکان پێکەوە، پێوەندیی دوولایەنانەی فێرخواز و فێرکەر، کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتی و ڕەچاوکردنی لە بەرنامەی دەرسیدا. دیوی پێی وایە دەبێ بەپێی سەردەم نوێترین شێوازی شیاو لە بەرنامەی دەرسیدا بگونجێنرێت تا قوتابی بە شێوەیەکی هاوسەنگ لەگەڵ تەکنەلۆژیی نوێدا پێش بکەوێت. بە ڕای دیوی، بەرنامەی دەرسیی باش، دەبێ لەگەڵ حەز و لێهاتوویی و پێداویستییەکانی منداڵدا شیاو و هاوئاهەنگ بێت. دەبێ هەموو گۆڕانکاری و ئاڵۆگۆڕە نوێیەکانی تێدا ڕەچاو بکرێت و بە شێوەیەکی گشتی، دیوی زۆربەی ئەو بوار و دەرسانەی بەلاوە پەسندە کە لایەنی کردەکییان هەیە. دیوی، پێداگری لەسەر فێربوونی پیشە دەکات چونکە لایەنی کردەییی هەیە و، وەرزش وەکوو وانەیەکی کردەکی زۆر بە گرینگ دەزانێت.

شێوازی فێرکردن

دیوی، باوەڕی وایە کە شێوازی ڕاهێنان دەبێ کردەیی بێت، بۆ ئەوەی فێربوون بە شێوەیەکی قووڵ بەرهەم بێت؛ بۆ نموونە، لە ڕاهێنانی تەنە ئەندازەیییەکاندا باوەڕی وایە کە دەبێ بە شێوەی کردەیی و لە سروشتدا بە شوێن نموونەکاندا بگەڕێین، نەک ئەوەی کە هەر لە ڕێی کۆمەڵێک چەمکی تیۆرییەوە بابەتەکە بگوازینەوە. دیوی، سوورە لەسەر ئەوەی کە شێوازی ڕاهێنان دەبێ لەگەڵ ناوەرۆکی بابەتدا هاوئاهەنگ بێت، بۆ ئەوەی فێربوونی لێ بکەوێتەوە.

دیوی، شێوازە چالاکەکان لە ڕاهێنان و پەروەردەدا لەبەرچاو دەگرێت و دەڵێ شێوازی چالاک دەبێ پەرە بە تێگەییشتن، داهێنان، نوێکردنەوە، فێربوونی پیشە و کار و چالاکییە کردەیییەکان بدات. دیوی، دژی شێوازە نەریتییەکانی وەکوو لێدوان و لەبەرکردنە و، دەڵێ ئەو شێوازانە زۆریان کەموکوڕییان هەیە. یەکێک لەو شێوازانەی دیوی پێداگریی لەسەر دەکات، شێوازی کارکردنی بەگرووپ و پێکەوەکارکردنی مامۆستا و قوتابیان و، قوتابیان لەگەڵ یەکدییە؛ چونکە ئەو شێوازانە دەتوانن ببنە هۆی پشکووتنی کەسایەتیی هزریی قوتابیان و، مەرجی سەرەکییە بۆ ژیانی بەکۆمەڵی قوتابیان. دیوی، باوەڕی وایە کە لە شێوازە گرووپییەکاندا، منداڵ لەگەڵ ژینگە، هاوتەمەن و گەورەکاندا هەڵسوکەوت دەکات و دەتوانن لە ڕەواندنەوەی پێداویستییەکانی یەکدیدا هاوبەش بن.

مامۆستا و ڕاهێنانی مامۆستا

لە ڕوانگەی دیوییەوە ئەرکی مامۆستا ڕێنمایی و هاوکاریی قوتابییە. بە باوەڕی دیوی، مامۆستا نابێ خۆی وەکوو زانایەکی هەمەشتزان پێشان بدات، کە دەیەوێت زانست و زانیارییەکانی خۆی بەسەر قوتابیدا بسەپێنێت، بەڵکوو دەبێ قوتابیان لە ڕێگه‌ی چالاکی و لێکۆڵینەوە و پەروەردەوە ناچار بە بیرکردنەوە بکات. ئەرکی مامۆستا زیندووڕاگرتنی بیرکردنەوە و فێربوونە لە زەینی قوتابیدا. مامۆستا بارودۆخ و هەلومەرج بۆ چالاکی و کار و هەوڵ و تێکۆشانی قوتابیان دابین دەکات و هەلومەرجی ئەزموونێکی بەسوودیان بۆ دەڕخسێنێت، هەروەها مامۆستا هەوڵ دەدات بە لەبەرچاوگرتنی مەیل و هۆگریی قوتابی، چالاکیی نوێ بۆ قوتابییەکانی دابین بکات. لە ڕوانگەی دیوییەوە پێوەندیی نێوان مامۆستا و قوتابی، دەبێ بەردەوام پێوەندییەکی دوولایەنە و بەرانبەر بێت. دەبێ ئەزموونەکانیان ئاڵۆگۆڕ بکەن و هەردووکیان خەریکی فێربوون بن؛ هەردووکیان ڕابەر و ڕێنیشاندەری یەکدی بن، نەک ئەوەی کە یەکیان فەرمانبەر و ئەوی دی فەرماندەر بێت. بە هۆی ئەو پێوەندییە دوولایەنە و بەرانبەرەوە هاوسەنگی پێک دێت و پرسیار دێتە ئاراوە و، ئەوە بیرکردنەوەیەکی ژیربێژانە (لۆژیکییانە)ی لێ دەکەوێتەوە. دیوی، پێداگری دەکات لەسەر پەروەردەکردنی مامۆستایان و، باوەڕی وایە کە بۆ گۆڕان و چاکسازی لە پەروەردە و ڕاهێناندا، دەبێ مامۆستا ئامادە و پەروەردە بکرێت و، ڕژدیشە لەسەر ئەوەی کە دەبێ مامۆستا بەردەوام ڕابهێنرێت و وەکوو پایەیەکی گرینگی پەروەردەیەکی باش و دروست بناسرێت.

ئەگەر بەوردی سەرنج بخرێتە سەر پەروەردەکردنی مامۆستا و بۆ پەروەردەکردنی مامۆستا شێوازە چالاکەکان بەکار بهێنرێت و پێوەندییەکی دوولایەنە لە نێوان مامۆستا و کۆمەڵگەدا ڕێک بخرێت، بەم جۆرە مامۆستایەک پەورەدە دەکرێت کە بە درک و تێگەیشتنێکی بەرزەوە هەڵسوکەوت لەگەڵ قوتابی و چارەسەرکردنی کێشەکانی دەکات. بۆ وەڕاستگەڕانی ئەم ئامانجەیش، دەبێ مامۆستا لەگەڵ فەرهەنگی گشتیدا ئاشنا بێت و بەوردی فەرهەنگی گشتی بناسێت. سەبارەت بە قوتابییش ڕوانگەیەکی بەهێز و تێگەیشتنێکی قووڵی هەبێت؛ بەم شێوەیە ئەزموون و بیرکردنەوە تێکەڵ دەبن و مامۆستایەکی چەندڕەهەندی پەروەردە دەکرێت.

قوتابی و پەروەردەکردنی قوتابی

دیوی، باوەڕی وایە کە قوتابی پێویستی بە مەیل و هۆگری هەیە؛ کەواتە دەبی ئەو دوو پایە گرینگ و سەرەکییە بایەخیان پێ بدرێت. قوتابی دەبێ وا پەروەردە بکرێت کە خۆی کار بکات، نەک ئەوەی کە کاری کەسێکی دی بپەژرێنێت. بە باوەڕی دیوی، پەروەردە و ڕاهێنان دەبێ بەپێی توانایی و بەهرەکانی قوتابی بێت. مەبەستی دیوی لە سەرنجخستنە سەر جیاوازیی تاکەکەسیی قوتابیان، گرینگیدان نییه‌ بە بەشێک لە قوتابیان و بێبەشکردنی بەشێکی دیکەیان، بەڵکوو مەبەستی ئەوەیە کە هەر کەسەو بەپێی بەهرە و تواناییی خۆی هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێت. دیوی دەڵێ: دەبێ بەرنامە، شێواز و بابەتە دەرسییەکان بەپێی جیاوازیی نێوان منداڵ و گەورە ڕێک بخرێن؛ یانێ دەبێ بە شێوەیەک بابەتە دەرسییەکان ڕێک بخرێن کە ببنە هۆی گەشەی ئەزموون و پێکهاتەی زەین و بەرزبوونەوەی زانیاری و ئەزموونەکانی قوتابی.

دیوی، پێداگری دەکات لەسەر چالاکیی قوتابی بۆ فێربوون و باوەڕی وایە کە دەبێ قوتابی، خۆی بۆ شیکاری پرسیارەکانی، دەست بە لێکۆڵینەوە بکات و ڕێگه‌ نەدات تەنیا کۆمەڵێک بابەت و زانیاریی بەسەردا بسەپێنن؛ کەواتە بۆ وەدیهاتنی ئەم ئامانجە، دەبێ شێوازەکانی وانەگوتنەوە بە شێوەیەک بن کە قوتابیان هان بدەن بۆ ئەوەی چالاک بن و کار بکەن. یانی دەبێ وانەگوتنەوە و ئەزموونی قوتابیان ئاوێتەی یەک بکرێن و پێوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئەو دووانەدا ڕێک بخرێت.  

دیوی، سەبارەت بە قوتابی و پەروەردەکردنی قوتابی دەڵێ، دەبێ هاوکاری و پێوەندییەکی دوولایەنە و بەرانبەر لە نێوان خودی قوتابییەکان و، قوتابیان و مامۆستایشدا هەبێت. دیوی، ئاماژە دەکات بە شێوازی چالاک و قوتابخانەی چالاک، کە لەو جۆرە شێواز و قوتابخانانەدا پێوەندی و هاوکارییەکی دوولایەنە لە نێوان قوتابی و مامۆستا هەیە و، کارەکان بە شێوەیەکی گرووپی بەڕێوە دەبردرێن. لە لایەکی دیکەوە، دیوی پێی وایە لێکۆڵینەوەی هۆشەکیی منداڵ، خۆی جۆرێک دروستکردنی کۆمەڵایەتییە، کە بێجگە لە هاوکاریی نێوان منداڵان، هاوکاریی نێوان منداڵان و گەورەکانیش لەخۆ دەگرێت.

 

سەرچاوە:

http://vista.ir

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples