مەککلێلاند: هاندەری سەرکەوتن (achievement motivation)

21, 04, 2019

لە كتێبی: "گۆڕانی کۆمەڵایەتی و گەشەسەندنی: تیۆرییەکانی مۆدێرنیزاسیۆن، وابەستەیی و سیستەمی جیهانی"

ئالڤین. ی. سو، ١٩٩٠

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: هیوا مەجید خەلیل، دکتۆرا لە گەشەسەندنی سیاسی

دواجار، بەرپرسیارێتیی مۆدێرنیزاسیۆنی ئابووریی وڵاتانی جیهانی سێیەم، لە ئەستۆی کام گرووپدایە؟ بە بۆچوونی مەککلێلاند (١٩٦٤)، کەسانی کارسازی ناوخۆیی، نەک سیاسەتمەدار و ڕاوێژکارانی ڕۆژاوایی، ئەم ئەرکە دەگێڕن. بە بڕوای مەكکلێلەند، پێویستە توێژەران بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی مۆدێرنیزاسیۆن، تەنیا لێکۆڵینەوە لەسەر پێنوێنه‌ ئابوورییەکان تێ پەڕینن و خوێندەنەوەی کەسە کارسازەکان (entrepreneur) بکەن. هەروەها بە بۆچوونی مەککلێلاند، پێویستە سیاسەتمەداران نەك تەنیا لە ژێرخانی ئابوورییدا سەرمایەگوزاری بکەن، بەڵکوو پێویستە سەرمایەگوزاری لەسەر مرۆڤیش بکەن.

مەککلێلاند پێداگری دەکات کە ئامانج لە چالاکیی کارسازان بەدەستهێنانی قازانج نییە. ئەگەرچی قازانجیش لایەنێکی گرنگی بابەتەکەیە، بەڵام قازانج پێنوێنێکە بۆ ئامانجەکانی تر. ئەو شتەی کە کارسازان دەیانەوێت پێی بگەن بریتییە لە دەستەبەرکردنی پێشکەوتن، ئەنجامدانی کارێکی باش، ئافراندنی ڕێگەیەکی نوێ بۆ هێنانەدیی کاراییی باشتر- گشت ئەم ویستانە لە لایەن مەککلێلاند بە "هاندەری سەرکەوتن" یاخود پێداویستیی سەرکەوتن ناو نراوە.

هەر یەکێک لە ئێمەومانان کاتێکی زۆری ئازادی (free time) هەیە. ئەگەر بێت و مرۆڤ ئەم کاتە بۆ خۆشیبردن لە ژیان تەرخان بکات- وەک نووستن، مەلەکردن و خواردنەوە- کەواتە ئەم مرۆڤە پاڵنه‌رێکی زۆر کەمی بۆ سەرکەوتن هەیە. ئەگەر بێت و مرۆڤ کاتە ئازادەکەی لە هزرکردن لە هاوڕێ، خێزان، کۆبوونەوەیەکی کۆمەڵایەتی، بەسەربردنی کاتێکی خۆش لە کەناری دەریا و ئەم جۆرە کارانە بەسەر بەرێت، ئەم کەسەیش پاڵنه‌رێکی کەمی بۆ سەرکەوتن هەیە. تەنیا ئەو کاتەی مرۆڤ هزر لەوە دەکاتەوە چۆن بارودۆخی ئێستای باشتر بکات یاخود چۆن ئەو ئەرکەی کە ئێستا لە ئەستۆیدایە بە شێوازێکی باشتر جێبەجێی بکات، ئەوکات دەتوانین بڵێین ئەم مرۆڤە پاڵنه‌رێکی بەهێزی بۆ سەرکەوتن هەیە.

چۆن دەکرێ هاندەری سەرکەوتن بپێورێت؟ لەم بارەوە ئەنجامدانی ڕاپرسی (استبیان) لەبارەی هاندەری سەرکەوتن لەسەر ئاستی تاکەکەسیدا زانیاریی پێویستمان پێ نادات؛ چونکە خەڵک دەتوانن لەبارەی مۆتیڤەکەیان، بەرژەوەندی و ئاراستەکانیان درۆ بکەن، کە درۆیش دەکەن. هەر بۆیەیش مەککلێلاند بۆ پێوانەکردنی پاڵنه‌ری سەرکەوتن لە لایەن تاکەکانەوە، میتۆدی وێناکاری (projection method)ی گرتە بەر. مەککلێلاند دوای نیشاندانی وێنەیەک بەو کەسەی کە توێژینەوەی لەسەر دەکرد، داوای لێ دەکرد کە چیرۆکێک لەباره‌ی وێنەکەوە بنووسێت. دواتر بۆ شیکردنەوەی چیرۆکەکان، سوودی لە شێوازی شیکردنەوەی ناوەڕۆک وەرگرت تا لەم ڕێگەیەوە هەڵسەنگاندن بۆ پاڵنه‌ری سەرکەوتنی چیرۆکبێژەکە بکات. وەها گریمانە دەکرا کە چیرۆکبێژ تەنیا چیرۆک ناگێڕێتەوە، بەڵکوو لە نێوه‌ندی گوتنەوەی چیرۆک، مۆتیڤە ڕاستەقینەکانی خۆی ئاشکرا دەکات. بۆ نموونە، دوای نیشاندانی وێنەیەک کە تێیدا کەسێک سەیری وێنەیەکی دەکرد کە لەسەر مێزی کارکردنەکەی بوو، یەکێک لە کەسە بەشداربووەکانی توێژینەوەکە، چیرۆکێکی گێڕایه‌وه‌ کە گوایە کەسیك چووه‌تە ناو قووڵاییی خەیاڵەکانی خۆیه‌وه‌ و بیر لە پشووی کۆتاییی هەفتە دەکاته‌وه‌ کە لەگەڵ خیزانەکەی خۆیدا بەسەری بردووە و بیر لەوە دەکاته‌وه‌ کە چۆن دەتوانێت چێژی زیاتر لە پشووی کۆتاییی هەفتەی داهاتوو وەرگرێت. بەشداربووێکی تر لە چیرۆکەکەیدا باسی لە کەسێک کرد کە ئەندازیارە و لە پشت مێزی کارکردنەکەی خەریکی کارکردنە و هزر لە کێشەیەکی گرنگی ئەندازیاری دەکاتەوە، کە چۆن دەکرێت پردێک دروست بکرێت کە لە هەمبەر گوشاری بایەکی تونددا خۆڕاگر بێت. بێ گومان ئەو بەشداربووەی کە چیرۆکی دووەمی گێڕاوەتەوە، لەبارەی پاڵنه‌ری سەرکەوتنەوە، نمرەی زیاتری لە بەشداربووی یەکەم وەردەگرت.

ئەگەر بتوانرێت لە ڕێگەی میتۆدی وێناکارییەوە پاڵنه‌ری سەرکەوتن بپێورێت، کەواتە چۆن دەکرێ پاڵنه‌ری پێشکەوتنی نەتەوەیی بپێورێت؟ دووبارە مەککلێلاند، میتۆدێکی داهێنەرانە بۆ پێوانەکردنی پاڵنه‌ری سەرکەوتن لە ئاستی نەتەوەییدا بەکار دێنێت. سەرەتا ئەو دەستی کرد بە کۆکردنەوەی ئەدەبیاتی باوی ناو کۆمەڵگه‌-بۆ نموونە گۆرانییە میللییەکانی ناو كتێبه‌کانی پێکەنین، شیعر، گەمەکان، چیرۆکی منداڵان کە لە كتێبی قوتابخانەدا هاتوون- دواتر بۆ ئاستی پاڵنه‌ری سەرکەوتن کە هەر یەک لەم بابەتانەدا هاتووە، نمرەیەکی دا. بۆ نموونە، لە بابەتی دروستکردنی بەلەمێک، ئەدەبیاتی باوی نەتەوەیەک جەخت لەسەر لایەنی ئەو خۆشییە دەکاته‌وه‌ کە منداڵان پێکەوە بەلەمیک دروست بکەن، لە کاتیکدا کە لەوانەیە ئەدەبیاتی باوی نەتەوەیەکی تر جەخت لەسەر پێویستیی هەبوونی ڕێبەرێکی زیرەک بکات تا کاری دروستکردنی بەلەمەکە ڕێک بخات. ئاشکرایە، بە بەراورد لەگەڵ نەتەوەی یەکەم، ئەدەبیاتی نەتەوەی دووەم نمرەیەکی بەرزتر لە ڕووی پاڵنه‌ری پێشکەوتن تۆمار دەکات. مەککلێلاند ئاماژە بەوە دەکات کە چیرۆکە میللییەکان ڕەنگدەرەوەی جۆری بیرکردنەوەی نەتەوەیەکن، ئەگەرنا ئەم چیرۆکانە نەدەبوونە چیرۆکی میللی.

مەککلێلاندا لە دوای کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر پاڵنه‌ری سەرکەوتنی نەتەوەیی، پرسیارێکی سەرنجڕاکێش دەورووژێنێت: تا چ ئاستێک پاڵنه‌ری سەرکەوتن پەیوەندیی بە گەشەی ئابووریی وڵاتێکەوە هەیە (بۆ نموونە بەپێی بڕی بەکارهێنانی کارەبا)؟ مەککلێلاند تۆێژینەوەیەکی مەیدانی لەنێوان چەند نەتەوەدا ئەنجام داوە و بە دەرەنجامە گەیشتووە کە ئەو وڵاتانەی هانی هاووڵاتییەکانیان دەدەن و دەرفەتیان بۆ دەڕەخسێنن، لە ڕووی ئابوورییەوە پێشکەوتووترن بە بەراورد لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە دەرفەت بوو هاووڵاتییەکانیان ناڕەخسێنن و هانیان نادەن.

زیاد لەمەیش، مەککلێلاند باس لەوە دەکات کە ماوەی زەمەنیی گەشەسەندن گرنگیی خۆی هەیە. هەروەها هەڵکشان و داکشانی پاڵنه‌ری سەرکەوتن پەیوەندیی بە هەڵکشان و داکشانی گەشەی ئابووریی نەتەوەیییەوە هەیە. بۆ نموونە، ئەگەرچی بریتانیای گەورە لە سەدەی نۆزدەیەمدا ئاستێکی بەرزی پاڵنه‌ری سەرکەوتنی هەیە، بەڵام لە ساڵی ١٩٥٠دا، تێکڕای نمرەی پاڵنه‌ری سەرکەوتن لە بریتانیا لە نزمترین ئاستی خۆیدا بوو. لە لایەکی ترەوە، فەڕەنسا، ڕووسیا و ئەڵمانیا تا سەرەتای سەدەی بیستەم لە ڕووی ئاستی پاڵنه‌ری سەرکەوتنەوە لە ئاستێکی نزمدا بوون بەڵام نمرەی پاڵنه‌ری سەرکەوتنی هەر سێ وڵاتەکە تا ساڵانی ١٩٥٠ زۆر بەخێرایی بەرز بووەوه‌. لە ساڵانی ١٩٥٠دا ئاستی پاڵنه‌ری سەرکەوتنی ویلایەتە یەکگرتووەکان، هاو-ئاستی یەکێتیی سۆڤیەت بوو، بەڵام نمرەی یەکێتیی سۆڤیه‌ت لە بەرزبوونەوەدا بوو، کەچی هی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە نزمبوونەوەدا بوو. بە بۆچوونی مەککلێلاند، نزیکەی ٥٠ ساڵ دەخایەنێت بۆ ئەوەی گەشەی ئابووریی نەتەوەیەک هاو-ئاستی بەرزبوونەوەی پاڵنه‌ری سەرکەوتنەکەی بێت.

دواجار، سەرچاوەکانی پاڵنه‌ری سەرکەوتن چین و لە کوێوه‌ سەرچاوە دەگرن؟ بۆ مەککلێلاند وەک دەروونناسێک، ئەم سەرچاوەیه‌ لە خێزانەوە هەڵدەقووڵێت، بەتایبەتیش لە پرۆسەی بەکۆمەڵایەتیکردنی منداڵ لە لایەن دایک و بابەوە (parental socialization). سەرەتا، پێویستە دایک و باب ستاندارێکی زۆر بەرز بۆ ڕاددەی سەرکەوتنی منداڵەکانیان دیاری بکەن. بۆ نموونە، پێشکەوتنی منداڵەکەیان لە خوێندن، بەدەستهێنانی کارێکی باش، لەناو کۆمەڵگه‌دا ڕێز و ناوبانگیان هەبێت. پێویستە دایک و باب لە پرۆسەی بەکۆمەڵایەتیکردنی منداڵ ڕێکاری پاداشت و میهرەبانی بەکار بێنن. دەبێ ئەوان هانی منداڵەکانیان بدەن و ئەگەر منداڵ ئەو کارەی کە پێی ڕاسپێردراوە بەدروستی جێبەجێ کرد، پاداشت بکرێت. سێیەم، نابێ دایک و باب، دەسەڵاتخواز بن، واتە نابێ ئەوان گشت کارەکان لە بری منداڵەکانیان بکەن، بەڵکوو دەبێ ڕێگە بە منداڵ بدەن توانای داهێنانی خۆی وەگه‌ڕ بخات و بۆ بەرەنگاربوونەوەی بارودۆخە ناخۆشەکان ڕێگە چارەی تایبەت بە خۆی بدۆزێتەوە. زیاد لەمەیش، مەککلێلاند ئاماژە بەوە دەکات کە مۆدێلی پەروەردەی ڕۆژاوا و بڵاوکردنەوەی که‌لتووری ڕۆژاوایی، دەتوانێت یارمەتیدەری نەتەوەکانی ڕۆژاوا بێت بۆ تەزریقی (injection) پاڵنه‌ری سەرکەوتن لەناو جەستەی وڵاتانی جیهانی سێیەمدا.

دەرەنجامی سیاسیی ئەم جۆرە توێژینەوەیە بەم شێوەی خوارەوە بوو: بۆ هاندانی گەشەسەندنی ئابووری لە وڵاتانی جیهانی سێیەمدا، پێویستە پاڵنه‌ری سەرکەوتن لە نێوان کەسانی کارساز (entrepreneurs) لە وڵاتانی جیهانی سێیەمدا بەهێز بکرێت. بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەر ئەوەندە بەس نییە کە یارمەتیی دارایی، تەکنه‌لۆژی و ڕاوێژکاریی وڵاتانی جیهانی سێیەم بدات، بەڵکوو ئەم وڵاتانە پێویستیان بە گرووپێک لە کارساز هەیە کە ئاستێکی بەرزی هاندان بۆ سەرکەوتنیان هەبێت؛ واتە ئەو کەسانەی کە دەزانن چۆن یارمەتیی دەرەکی بۆ سەرمایەگوزاریی بەرهەمهێنەر دەگۆڕن. زیاد لەمەیش مەککلێلاند لەو بڕوایەدایە هەرچەند ئاستی پەیوەندی (contact)ی وڵاتانی جیهانی سێیەم لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژاوا زۆرتر بێت (بۆ نموونە، لە بواری ئاڵوگۆڕی پەروەردەیی و بڵاوکردنەوەی که‌لتووری)، خەڵکی جیهانی سێیەم ئاسانتر دەتوانن پەیڕەوی لە خەسڵەتەکانی هاندانی سەرکەوتن لە ئاستێکی بەرزدا بکەن.

Last modified on یەک شەممە, 05 ئایار 2019 11:02
© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples