ستراتیژی و ڕێکارەکانى پێشکەوتن و گەشەپێدانى مرۆڤایەتى لە عێراق

24, 09, 2019

د. عه‌بدولموته‌لیب محه‌مه‌د عه‌بدوڵڕه‌زا و م. عایشه‌ حه‌موودى هاشم*

وەرگێڕانى لە عەرەبییەوە: چرا عومەر

دەسپێک

بۆ گرنگیدان  بە پرۆسەى گەشەکردن و پێشکەوتنى مرۆڤایەتى لە عێراق، دەبێت ئەو بەرەنگارییانە (ئاڵینگارییانه‌) دەستنیشان بکەین کە ڕووبەڕووى تاک دەبێتەوە و دەبنە ڕێگر لە بەردەم پێشکەوتنیاندا؛ بۆیە دەکرێت لە چەند لایەنێکەوە  تیشک بخەینە سەر ئەم بەرەنگارییانە، كه‌ ئەوانیش لایەنەکانى کۆمەڵایەتى و فێرکردن و تەندروستین و، هەوڵ بدەین لە هەر یەک لەم لایەنانە ئەو ئامراز و ڕێکارانە دیاری بکەین کە دەبێتە هۆى پێشکەوتنى تاک و گەشەکردنى:

ئامراز و ڕێکارەکانى پێشکەوتن و گەشەپێدانى مرۆڤایەتى لە عێراق

  • لە بوارى کۆمەڵایەتى:

هاونیشتمانیان بەردى بناغەى کۆمەڵگەن و لە دروستبوون و بیناکردنى نیشتمان و پێشکەوتنیدا پشتیان پێ دەبەسترێت؛ هەر لەبەر ئەمە پێویستە گرنگى بە مرۆڤ بدرێت لە هەموو لایەنەکانى تەندروستى و جەستەیى و دەروونى و دابینکردنى ژیانێکى شایستە بۆيان بۆ بيناكردنى تاکێک تواناى ڕووبەڕوونەوەى هەموو بەرەنگارییەکانى هەبێت. بۆیە چەند خاڵێکى گرنگ لەم لایەنەوە دەبێت ڕەچاو بکرێت کە ئەمانەى خوارەوەن:

ڕێزگرتن لە شکۆى مرۆڤایەتى و مامەڵەکردن لەگەڵ هەموو نەوەکانى گەل بەیەکسانى، جا لە هەر چ شوێنێک و ئاست و پلە و پایەیەک بن؛ بەرپرسانى سیاسى بن یاخود خەڵکى ئاسایی، دەبێت لە هەموو لایەنەکانى ژیاندا یەکسان بن، بەتایبەتیش لە بەردەم یاسا و دادگه‌دا.

 گەڕاندنەوەى سەروەریى یاسا و جێبەجێکردنى دەقەکانى، گرنگیدان بە دامودەزگه‌ى پەیوەندار بە مافەکانى مرۆڤ و دەسپاکى و شەفافییەت و دانانى سنوور بۆ گەندەڵیى کارگێڕى و دارایی.

گرنگیدانى تەواو بە گەشەپێدانى مرۆیی، کۆمەڵایەتى، فێرکردن، تەندروستى، هەروەها گرنگیدان بە شارەزایی و لێهاتووییی تاک بۆ گره‌نتیکردنى سەقامگیرى و گەشەکردن و پێشکەوتنى کۆمەڵگە.

باشترکردنى خزمەتگوزاریى شارەوانى و گشت خزمەتگوزارییەکانى تر، هەروەها  لێهاتوویى و دەسپاکى بکرێتە پێوەرى سەرەکیى  پڕکردنەوەى پۆستە کارگێڕییەکان.

 ڕۆشنبیرکردنى تاک و بەرزڕاگرتنى داب و نەریت و بەها و پره‌نسیپە گشتى و ڕەسەنەکانى کۆمەڵگە و بڵاوکردنەوەى؛ گرنگیپێدانى پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و شارستانییەت و مێژووى وڵات.

هۆشیارکردنەوەى تاک بە دەقە یاسایییەکان بۆ ئەوەى ئەرک و مافەکانیان ڕوون و ئاشکرا بێت، بەرزڕاگرتنى ڕۆڵى هاونیشتمانیان لە دروستکردنى گۆڕانکارى و چاکسازى لە بوارى کۆمەڵایەتى و ئابوورى و سیاسى.

بەرزکردنەوەى کەیسە یاسایییەکان و داواکردن لە دەوڵەتان و حکوومەت و لایەنەکانى تر کە دەتوانن بەشدار و یارمەتیدەر بن لە بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر و، هەروەها قەرەبووکردنەوەى ئەو کەسانەى قوربانین بە هەر دوو قەره‌بووى ماددى و مەعنەویى خۆیان یان خێزانەکانیان، بەو شێوە شایستەیەى کە هەر دەوڵەتێک لەم بارانەدا قەرەبوو دەکاتەوە.

چاودێریکردنى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئامرازەکانى ڕاگەیاندن و قەدەغەدەکردنى بڵاوکردنەوەى ئەو بابەتانەى کە لەگەڵ بەها و ڕەوشتدا ناگونجێن یاخود ئەو بابەتانەى ناکۆک دەبن لەگەڵ ئایین و پرەنسیپەکان.

هەروەها دانانى چاودێرییەکى توند لەسەر فیلم و زنجیرە تەلەڤزیۆنییەکان و بەرنامە و ڕێکلامەکان، بەتایبەت ئەوانەى بۆ منداڵان پەخش دەکرێن بۆ ئەوەى لە بیرۆکەى خراپ و پێچەوانەی ڕەفتارە کۆمەڵایەتییە جوان و باوەکان، بپارێزرێن. بێ گومان ئەم جۆرە چاودێرییەیش زۆرینەى دەوڵەتان هه‌نگاوی بۆ ده‌نێن.

کردنەوەى دەرگه‌یەک بۆ داهاتووى تاکەکان و پێدانى قەرزى بانک پێیان و هاندانى داهێنانەکان، ڕەخساندنى هەلی کار بۆ دەرچووان و بێکاران بۆ ئەوەى بتوانن ڕۆڵى ئەرێنیى خۆیان لە گەشەکردن و پێشکەوتنى ژیانى كؤمەڵایەتى و ئابووریى گشت بوارەکانى تر دەربخەن.

پاڵپشتیکردنى ئەوانەى داهاتیان سنووردارە؛ دابینکردنى خۆراک  لە ڕێگەى پسووڵەى خۆراکەوە بۆ چینى هەژار و دابینکردنى چاودێرى و پاراستنى کۆمەڵایەتى.

هۆشیارکردنەوەى گەنجان لە هەر دوو ڕەگەز، بەتایبەت لە قۆناغى زانکۆدا و بەرچاوڕوونکردنیان بۆ هەڵگرتنى بەرپرسیارێتیی گەورە و مەزن لە بنیاتنانى خێزانێکى باش و کۆمەڵگەیەکى تەندروست؛ ئەمەیش بە ئەنجامدانى کۆڕ و سمینارەکان.

هاندانى گەنجان بۆ بنیاتنانى پرۆژەکانى پیشەسازى لە بوارى وزە و تەکنەلۆژی و پەیوەندییەکان و  پزیشکى و تەکنیکى نوێ؛ بەشداریپێکردنیان لە خولەکانى ڕاهێنان بۆ بەهێزکردنى تواناکانیان بۆ بەرهەمهێنان و داهێنان و فراوانکردنى چالاکییەکانیان.

ڕێگەگرتن لە کارکردنى منداڵان لە ڕێگەى زیادکردنى هاوکارییەکان بۆ خانەوادە هەژارەکان و بەرەنگاربوونەوەى هەژارى بەگشتى و قەدەغەکردنى بەکارهێنانى توندوتیژیى دژى منداڵان و بەدواداچوون بۆ نەهێشتنى هۆکارەکانى ئەو تاوانانەى هەرزەکاران ئەنجامى دەدەن.

دەرفەتڕەخساندن بۆ ئافرەتان بۆ بەشداریکردن لە پێشکەوتنى ئابوورى و زانستى و پێگەیاندیان و ڕەخساندنى هەلى کار بۆیان.

باشترکردنى ئاستى خزمەتگوزاریى دامەزراوەکان بۆ زیاتر خزمەتکردن بە تاکەکان، بەتایبەت خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و دابینکردنى داهاتێکى گونجاو بۆیان؛ هەوڵدان بۆ نەهێشتنى نەخوێندەوارى و پاڵپشتیکردنیان بۆ بەشداریکردن لە چالاکییەکان و دابینکردنى چەند پلەیەکى وەزیفى بۆیان تا ئەوانیش بەپێى توانا ڕۆڵى خۆیان بگێڕن.

سەربەخۆکردنى ئامرازەکانى ڕاگەیاندن بۆ چاودێریکردنى کارى دامەزراوە حکوومییەکان و بەرپرسیارێتییان لە بڵاوکردنەوەى هۆشیاریى کۆمەڵایەتى و ڕۆشنبیرى و سیاسى و بەرگریکردن لە بەهاکانى کۆمەڵگە و پرەنسیپەکان  و بڵاکردنەوەى گیانى لێبووردەیی و خۆشەویستیى نیشتمان؛ هەروەها گەڕانەوەى هەیبەتى وڵات لە ڕێگەى چالاککردن و جێبەجێکردنى یاساکان  کە بۆ خزمەتى مرۆڤایەتى و پێشکەوتنى دانراون و، بەرەنگاربوونەوەى بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان.

  • لە بوارى فێرکردن

پەروەردە و فێرکردن بناغەیەکى گرنگن کە دەوڵەت پشتى پێ دەبەستێت بە مەبەستى گەورەکردنى نەوەیەکى چاک و تەندروست و گەشەپێدانى وزە و تواناى مرۆف و بیناکردنى توانا هونەرییەکان و زانستییەکان لە پێناوى پێشکەوتنى زانست و بووژانەوەى ئابوورى و چاودێریى تەندروستى و کۆمەڵایەتى و بیناکردنى نیشتمانێکى بەهێز؛ لە پیناوى هەموو ئەمانەدا پێوستیمان بە ڕێکخراوێکى پەروەردەییی چاک و باش هەیە تاوەکوو پێ بە پێ لەگەڵ داواکارییەکان و پێداویستییەکانى کۆمەڵگەدا بڕوات؛ هەروەها لەسەر ئاستى نێودەوڵەتییشدا دانەبڕێت و دوا نەکەوێت.

بۆیە پێویستە ئەنجومەنێکى باڵا بۆ پەروەردە و فێرکردن و توێژینەوەى زانستى لە شارەزایان و خاوەن پسپۆڕییە تایبەتەکان پێک بهێندرێت، پاڵپشتى بکرێن بە شارەزایانى دەرەکى ئەگەر هات و پێویست بوو؛ ئەمەیش بە مەبەستى چاکسازى لە هەموو قۆناغەکانى فێربوون و بەرزکرنەوەى ئاستى خوێندنى پیشەیی و زانکۆیی و دوورکەوتنەوە لەو ڕێکارانەى کە تەنیا سێکتەرى پەروەردە بۆ دواوە دەبەن.

دانانى سیستەمێکى باشى فێرکردن، بەتایبەت بۆ منداڵان؛ ئەمەیش بۆ دروستکردنى کەسایەتییان و گەشەپێدانى  بیر و هۆشیان و جەختکردنیان لەسەر ڕەوشتى جوان و بەها ئەرێنییەکان و دروستکردنى هونەرى گفتوگۆ لە لایان و کردنەوەى بوارى بیرکردنەوە و داهێنان بۆ قوتابیان.

قەدەغەکردنى وانەگوتنەوەى تایبەت یاخود دانانى ڕێنماییی تایبەت بۆ ڕێکخستنیان، هەروەها دانانى سنوورێک بۆ کردنەوەى  فێرگە تایبەتەکان، بەپێچەوانەوە گرنگیدان بە دروستکردنى خوێندنگەى گشتى و دابینکردنى پێداویستییەکانى و ڕەخساندنى ژینگەیەکى لەبار لە ڕووى ئاسایش و تەندروستییەوە، ئەمەیش بەتایبەت لە شوێنە دوورەکان؛ ناردنى قوتابیى سەرکەوتوو بۆ خوێندن لە دەرەوەى وڵات لەسەر ئەرکى دەوڵەت، بەتایبەت بۆ خوێندنى پسپۆرییە دەگمەنەکان، بەو پێیەى پلانى گەشەپێدانى مرۆیی و نیشتمانى داواى دەکات.

هەبوونى توێژەرى کۆمەڵایەتى و پەروەردەیی و فراوانکردنى ڕۆڵیان لە ناوەندەکانى خوێندن، دروستکردنى پەیوەندى و توێژینەوەى هاوبەش لە نێوان ئەکادیمیاکانى عێراق و ئەکادیمیا بیانییەکان و پاڵپشتیکردنى کەرتى تایبەت و چاودێریکردنیان و پارەتەرخانکردن بۆ ئەم توێژینەوانە و جێبەجێکردنیان لە زانکۆکانى عێراق و ناوەندەکانى توێژینەوە بۆ پاڵپشتیى پڕۆژەکان و پێشکەوتنى وەبەرهێنان و چارەسەرى کێشەکانى کەرتى ئابوورى.

پاڵپشتیکردنى ماددى و مەعنەویى ئەو کەسانەى وانە دەڵێنەوە،  دابینکردنى گشت پێداویستییەکانى فێرکردن بۆیان و پابەندکردن و لێپرسینەوەى ئەوانەى کەموکورتییان هەیە.

پابەندکردنى پارێزگه‌کان بە زیادکردنى ڕێژەى بوودجەى تەرخانکراو بۆ پرۆژەکانى فێرکردن و کۆمەڵایەتى و تەندروستى.

دانانى بەرنامەى تایبەت بەو منداڵ و هەرزەکارانەى کەوا بۆ کارى تیرۆریستى بەرنامەڕێژ کراون، بۆ دووبارە گەڕانەوەیان بۆ ژیانێکى ئاسایی و چاندنى ڕۆحى لێبووردەییی تیایاندا؛ ئەویش لەژێر سەرپەرشتیى پسپۆڕانى تایبەت.

هەروەها باشترین شت لە کەرتى پەروەردەدا ئەوەیە، هەموو تاکێک پابەند بکرێت بە فێربوون و خوێندن بە لایەنى کەم تاوەکوو ئاستى ناوەندى.

٣- لە بوارى تەندروستى

لە هەر دوو ساڵەکانى ١٩٩١ و ٢٠٠٣ بەپێى لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت، لە عێراقدا بڕێکى زۆر لە یۆرانیۆم و ئەو چەکانە بەکار هاتن کە لەسەر ئاستى نێودەوڵەتیدا قەدەغە کرابوون. هەموو ئەو ناوچانەیش دیاری کران کە ئەم قەدەغەکراوانەى بە زۆرترین رێژە تێدا بەکار هات. هەروەها داواى قەرەبووکردنەوەى قوربانییەکان و خێزانەکانیان و بیناکردنەوەى ژێرخانى ئەم وڵاتە و هەڵگرتنى بەرپرسیارێتیی مرۆڤایەتى و تەندروستى و دارایی و ژینگەیی و یاسایی کرا. هەر بۆیە ژینگەى ئەم وڵاتە پێویستى بە گرنگیدانێکى تایبەت هەیە. بۆ ئەوەیش کە ژینگەیەکى تەندروست فەراهەم بکرێت، پێویستە چەند خاڵێک لەبەرچاو بگیرێت کە گرینگترینیان ئه‌مانەى خوارەوەن:

دانانى سنوورێک بۆ ماددە ترسناکه‌کان و، هەروەها ماددە هۆشبەرەکان. تاقیگە و دەرمان و پێداویستییەکان دابین بکرێت بۆ ئەوەى نەخۆشییەکان پێش بڵاوبوونەوەیان دەستنیشان بکرێن یاخود ڕێگە لە تەشەنەکردنیان بگیرێت، بەتایبەت نەخۆشییە گوازراوەکان و، هەروەها نەخۆشییەکانى نەمانى بەرگرى و شێرپەنجە کە هەموو ئەوانە لەم ساڵانەى دواییدا بە شێوەیەکى بەرچاو زیادیان کردووە.

هەروەها چاودێریکردنى بوودجەى تەرخانکراو بۆ کەرتى تەندروستى بۆ ئەوەى ئەم بڕە بوودجەیە ئامانجى ئەم کەرتە بەدی بێنێت. جگە لەم چاودێرییەیش پێویستە تێچووى خزمەتگوزارییەکان و دەرمان و پشکنین و نرخەکانیان کۆنتڕۆڵ بکرێن، بە شێوەیەک کە زۆرترین سوود بگەیەنێت و، دانانى چاودێریی توند لەسەر گومرگەکان بۆ دڵنیابوونەوە لەو دەرمانانەى هاوردە دەکرێن، دواتریش بەدواداچوونیان بۆ بکرێت لە دەرمانخانەکان بۆ ڕێگەگرتن لە فرۆشتنى دەرمانى بەسەرچوو.

گرنگیدان بەو ناوەندانەى کە تایبەتمەندن بە پەرەپێدان و ڕێکخستنەوەى پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بۆ کەمکردنەوەى حاڵەتەکانى خۆکوژى و کەمکردنەوەى دیاردە ناشیرینەکان.

پشکنینى خۆراکى بەستوو، بەتایبەتیش خۆراکى هەڵگیراوى ناو قوتوو لە خاڵە سنوورییەکان و، هەروەها لەناو بازاڕیشدا.

لە کۆتاییدا ئەوەى ماوە بیڵێین، بۆ گەشەپێدانى مرۆڤایەتى و پێشکەوتنى، پێویستمان بە فێرکردنێکى چاک و باش و چاودێریکردنێکى تەندروستى گونجاو و پارێزگاریکردنى تاکەکان لە ڕووى کۆمەڵایەتییەوە هەیە؛ ئەمانەیش بێ گومان بە نەهێشتن و بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى و لێپرسینەوەى گەندەڵکاران دەبێت.

  

* ئەم بابەتە، کورتەیەکە لە توێژینەوەی د. عه‌بدولموته‌لیب محه‌مه‌د عه‌بدوڵڕه‌زا و م. عایشه‌ حه‌موودى هاشم

سەرچاوە:

https://m.annabaa.org

Last modified on سێ شەممە, 24 ئەیلول 2019 14:05
© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples