پێنج هێزی تەکنەلۆژی، جڵەوی ئاییندەی کۆمەڵگه‌کان دەگرنە دەست، چۆن؟

22, 04, 2022

ستیڤ هۆفمان

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: جەمال پیرە

دەشێ زیرەکیی دەستکرد و ڕۆبۆتەکان سوودێکی زۆریان بۆ کۆمەڵگه‌ هەبێت، بەڵام لە هەمان کاتدا دەکرێ بۆ مەبەستی زیانگەیاندن بەکار بهێنرێن ئەگەر بێت و بکەونە دەستی هەڵەوە. لەبەر ئەوە، پێویستە مرۆڤ ئامادە بێت بۆ ئەوەی لەم بوارەدا لەگەڵ پێشکەوتنەکاندا بڕوات و بە ڕێگه‌یەکی بەرپرسیارانە بەکاریان بهێنێت، بەبێ لادان لە پرەنسیپە سەرەکییەکانی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ.

لەم چوارچێوەیەدا، کتێبی "ئەو پێنج هێزەی هەموو شتێك دەگۆڕن: تەکنەلۆژیا چۆن خەریکی داڕشتنی ئاییندەمانە"ی نووسەری ستیڤ هۆفمان- سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای فاوندەر سپەیس"ی یەکێك لە کۆمپانیا تەکنەلۆژییە پێشەنگەکانی جیهانە- چەند پرسیارێکی کردووە دەربارەی چۆنێتیی پێکهێنانی جیهانەکەمان لەلایەن تەکنەلۆژیاوە و، ئاییندەی ڕەگەزی مرۆیی چۆن دەبێت؟ لە ڕێگەی خستنەڕووی پێنج هێزەکەوە کە بریتین لە: پەیوەندیکردنی بەکۆمەڵ، لێکنزیکیی بایۆلۆژی و، بەرفراوانبوونی مرۆیی و ئۆتۆماتیککاریی قووڵ و زیرەکیی لەڕادەبەدەر و پەیڕەوکردنەکانی لە هەموو کەرتەکانی ژیاندا.

پەیوەندیی بەکۆمەڵ:

نووسەر پێی وایە بە درێژاییی مێژووی مرۆڤایەتی، پەیوەندیکردنی بەکۆمەڵ و جەماوەری لە شێوەی شەپۆل هاتووە؛ هەر یەکەیان بەردەوام خاڵێکی وەرچەرخان بووە لە شارستانییەتی مرۆڤایەتیدا؛ هەر لە دەستپێکی زمانی قسەکردنەوە بگرە تا نووسین و پاشان چاپخانەکەی گۆتێنبێرگ و، تا بە پەیوەندیکردنە تەلدار و بێتەلەکان و تەلەڤزیۆن و ئینتەرنێتدا تێپەڕ دەبێت.

لە هەر قۆناغێك لەم قۆناغانەدا، زانیارییەکان دەبوون بە تەوژم لە ڕێگەی سیسته‌مێکی ژینگەییی پاڵپشتی ئەم پێشکەوتنانەوە، ئەویش پەیوەندیکردنی بەکۆمەڵە، هەروەك "خوارزمییەت" کە مرۆڤ نەیتوانیوە سوودی لێ وەرگرێت بەبێ فەراهەمبوونی ژینگەیەکی پاڵپشتیکار. هەمان شت بەسەر ئەپڵیکەیشنەکانی وەك یۆتیۆب و نێتفلێکسدا جێبەجێ دەبێت، دوای ئەوەی دەیان خزمەتگوزاریی ڤیدیۆییی هەبووە لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە بەر لە دەرکەوتنی تۆڕە باندبەرینەکان؛ بەڵام تا ئەم تۆڕانە نەهاتن سەرکەوتوو نەبوون.

لەگەڵ بەرەوەپێشچوونی ئەو تەکنەلۆژیایەی لە سۆشیال مێدیادا پشتی پێ دەبەسترێت، مرۆڤ لە توانایدا دەبێت بە شێوازێکی وا لەپەیوەندیدا بێت، هەرگیز بەخەیاڵیدا نەهاتبێت؛ هەروەها دەتوانێ جیهانێکی دەوڵەمەند و دینامیکی بهێنێتە کایەوە، نموونەیش لەسەر ئەمە:

- ڕاستیی بەرزکراوە (Augumented Reality): کە هەردوو جیهانی دیجیتاڵی و فیزیکی بەیەکەوە دەبەستێتەوە و، ئەزموونێکی کارلێککارییە بۆ جیهانی ڕاستەقینە. هۆفمان پێی وایە ڕاستیی بەرزکراوە هەندێك سەرەتای هەڵەی هەبووە وەك چاویلکەی زیرەکی گووگڵ، بەڵام ئێستا بە شێوەیەکی تێبینیکراو پێش دەکەوێت. بەو پێیەی لە جیهاندا نزیکەی سەد ملیۆن کەس ئەو تەکنەلۆژیایەی بەبازاڕکردنە بەکار دەهێنن کە دەبێتە هۆی توانادارکردنی ڕاستیی بەرزکراوە، پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٢٥ بازاڕی جیهانیی بازرگانیی ڕاستیی بەرزکراوە بگاتە 1.6 ملیار دۆلار.

- ئامێرەکانی خوێندنەوەی سەرەتاییی مێشك: لەوانە تاتووی ئەلیکتڕۆنی، کە لە کاغەز تەنکترە وەكوو پێچەری فریاگوزاریی سەرەتایی؛ هەر کەسێك دەتوانێت لەپێستی بدات، کە لای خۆیەوە شەپۆلەکانی مێشك دەخوێنێتەوە. هەروەها تەکنەلۆژیای دیکەیش هەیە، وا دەکەن مێشك وردتر بێت، وەك فۆتۆنی نیمچە بالیستی، کە لە توانایدا هەیە دزە بکاتە ناو کەللەسەر و بینینی هەر شتێك لەناو مێشكدا ڕوو بدات.

لێکنزیکیی بایۆلۆژی:

نووسەر لێکنزیکیی بایۆلۆژی وەك هێزێك پێناسە دەکات مرۆڤ بەرەوە لێکدانی زیندەوەرزانی و تەکنەلۆژیا دەبات و هێماکانی خشتە سەرەکییەکانی ژیان هەڵدەوەشێنێتەوە و جۆری تەواو نوێی رووەك و گیانلەبەر دەخوڵقێنێت، بەسەر نەخۆشییەکاندا زاڵ دەبێت و توانا مرۆیییەکان زیاد دەکات؛ چەندان ئەپڵیکەیشن و بەکاربەری هەن زانا و ئەندازیارانی بۆماوەیی کاریان لەسەر دەکەن لە ڕێگەی سوودوەرگرتن لەم لێکنزیکییەی نێوان بایۆلۆژیا و تەکنەلۆژیا، لەوانە:

- تەمەندرێژی: زانا و بایۆلۆژیستەکان لە سەرتاسەری جیهاندا بۆ درێژبوونی تەمەن ڕێگه‌ی نوێ تاقی دەکەنەوە. کۆمپانیای "کالیکۆ" کە لەلایەن گووگڵەوە دامەزراوە بە بەکارهێنانی زانست و تەکنەلۆژیاوە توێژینەوە دەکات بۆ چارەسەری پیربوون و زیادکردنی توانا تەندروستییەکان.

نووسەر پێی وایە دەشێ ئەو توێژینەوانە هاوکار بن لە بەرزکردنەوەی ڕێژەی پێشبینیکراوی تەمەنی مرۆڤ لە ڕێگەی گەیشتن بە چارەسەری نەخۆشییە مەترسیدارەکانی وەك شێرپەنجە، لەگەڵ داننان بەوەی هەرچەندە بەسەر بارودۆخی نەخوازراوی تەندروستییشدا زاڵ بێت و بە شێوەیەکی گشتی ماوەی تەمەن درێژتر بێت؛ بەڵام ئەمە نابێتە ڕێگر لە بەردەمی مردن لە دەرەنجامی كۆمه‌ڵێك هۆکاری وەك ڕووداو و ململانێکان. بەمەیش ڕەنگە لە قۆناغێکدا بابەتەکە هاوسەنگ بێت.

- کریسپەر: تەکنەلۆژیایەکە بۆ دەستکاریکردنی دی ئێن ئەی. بە بەکارهێنانی کریسپەر زانایان دەتوانن دەستکاریی جیناتی دیاریکراوی ڕووەك یان گیانلەبەران بکەن، دواتر دڵنیابوون لە گواستنەوەی جیناتەکان بۆ نەوەکانی داهاتوو. ئەم تەکنەلۆژیایە یارمەتیدەرە لە ڕزگارکردنی جۆرەها گیانلەبەر کە بەرەو لەناوچوون دەچن؛ هەروەها ترشی ناووکی (ترشی ناووکی واتا دی ئێن ئەی DNA- حمض النووي) بوونەوەرە زیندووەکان دەستکاری دەکرێن بە کۆکردنەوەیان بۆ دروستبوونی جۆرەها دوو ڕەگی نامۆ. ئەمە ڕێك ئەوەیە کە زانایان لەگەڵ "کایمێرا" دا دەیکەن. زانایان ئەم زاراوەیە بۆ وەسفکردنی هەر بوونەوەرێك بەکار دەهێنن لە تێکەڵەیەکی شانەی جیاجیای بۆماوەیی پێک هاتبێت لە ڕێگەی لێکدان و تێکەڵبوونی سەرەتای کۆرپەلەیی و بازدان و گۆڕان یان کردەوەی هاوشێوە.

هۆفمان نموونەیەك لەسەر بەراز دەهێنێتەوە، کە ئەندامەکانی لەشی لە قەبارەی ئەندامەکانی لەشی مرۆڤەوە نزیکن، دەڵێت لە ڕێگەی دەستكاریکردنی جیناتی بەراز بۆ ئەوەی زیاتر گونجاو بێت، زانایان هیوادارن ئەندامی دووڕەگ پێک بهێنرێت؛ بە شێوەیەك بێت کۆئەندامی بەرگریی مرۆڤ ڕەتی نەکاتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ڕەنگدانەوەکانی لەبارەی ئەو پرسە ئیتیکی و ئەخلاقییانەی لە دەرەنجامی ئەم بابەتەوە دەورووژێنرێن.

بەرفراوانبوونی مرۆیی:

مەبەستی نووسەر لە بەرفراونبوونی مرۆیی ئەو هێزەیە مرڤ بە ئاراستەی کەنارە زانراوەکانی گەردوون دەبات، دەیباتە ناو جیهانی کوانتەم و فەزای دەرەکی، لەپێناو سوودوەرگرتن لە توانا زۆر و زەوەندەکانی، بەکاربەرییەکانیشی بریتین لە:

کۆمپیوتەری کوانتۆم: ئێستا کۆمپانیایەکی وەك گووگڵ لە هەوڵی دروستکردنی بەهێزترین ئامێری کۆمپیوتەردایە کە پێشتر جیهان بەخۆیەوە نەیبینیبێت. سیسته‌می نموونەیی کوانتۆم دەتوانێت لە یەك چرکەدا نزیکەی یەك تریلیۆن جووڵە هەژمار بکات. بە بەکارهێنانی کۆمپیوتەری کوانتۆمی، گووگڵ توانیویەتی هەڕەمەکیبوونی ئەو ژمارانە بسەلمێنێت کە لە ژمارە هەڕەمەکییەکانەوە دروست دەبن.

لەوانەبوو تەواوکردنی ئەم ژمێرکارییە لە ڕێگەی خێراترین کۆمپیوتەری جیهانه‌وه،‌ 10 هه‌زار ساڵ بخانەیەنێت، بەڵام ئەم کارە لە ڕێگەی کۆمپیوتەری کوانتۆمەوە تەنیا 3 خوولەك و 20 چرکەی خایاند. ئەمە واتا سیسته‌می کوانتۆم لە بەجێگەیاندنی ئەم ئەرکەدا بە زیاتر لە  1.5 ملیار جار لە خێراترین کۆمپیوتەری کلاسیکی خێراترە.

ئەزموونی گووگڵ هێمایەکی ڕێنیشاندەرە، بەو پێیەی سالاری و بەرزیی کوانتۆمی دەرخست؛ بەو مانایەی کۆمپیوتەری کوانتۆم دەتوانێت گرفتی وا چارەسەر بکات، کۆمپیوتەری ئاسایی نەتوانێت لە چوارچێوەی ماوەیەکی دیاریکراودا ئەنجامی بدات.

بوارێکی دیکە کە کۆمپیوتەری کوانتۆم تیایدا باڵادەستە، چارەسەرکردنی داتای ناڕێکخراوە؛ بەوەی کە  دەتوانێت هەموو ڕۆژێك زیاتر لە 2.5 کویتیلیۆن بایتی داتاکان دروست بکات. ئەم ژمارەیە زیاتر دەبێت ئەگەر کاتی زیاتر لەسەر ئینتەرنێت بەسەر ببردرێت و ژمارەیەکی زیاتری ئامێرەکان پێیەوە بلکێنرێن و کۆننێکت بکرێن.

چارەسەرکردنی هەموو ئەم داتایانە و دركپێکردنیان کارێکی گەورەیە. لێرەوە ڕۆڵی خێراییی ئامێری کۆمپیوتەری کوانتۆم دێت، کە دەکرێ بەم زووانە یارمەتیدەر بێت لە دەرهێنانی زانیاریی شایانی جێبەجێکردن لەو داتایانەی حاڵی حازر لە بنەمای داتاکاندا ڕێک نەخراون. ئەمەیش کاریگەرییەکی زۆری دەبێت بەسەر بواری زیرەکیی دەستکرددا.

هۆفمان دەڵێت وێڕای ئەم هەموو پێشکەوتنەی کە بەدەست هاتووە، نەوەی ئێستای کۆمپیوتەرەکانی کوانتۆم بە گەورە دانانێت، بگرە باوەڕپێنەکراو و شکستخواردوویشە. تەنانەت دەشێ لەرەلەرە بچووکەکان یان شەپۆلە کارۆموگناتیسییەکان لە ژینگەی دەوروبەردا کار بکەنە سەر کانزای خێرا لە گەیاندن و ببێتە هۆی تێکشکانی. هەروەها ئەم ئامێرانە گونجاو نین لەگەڵ ئەو جۆرە کارەیە کە زۆربەی خەڵك لە ڕێگەی تەلەفۆن یان کۆمپیوتەرکانیانەوە ئەنجامی دەدەن؛ بۆیە، ڕەنگە کۆمپیوتەری کوانتۆم کاریگەریی گەورەتری هەبێت کاتێك بابەتەکە پەیوەندیی بە زانستەوە هەبێت.

بنیاتنانی سیسته‌می بۆشاییی جیهانی: نووسەر دەڵێت دۆزینەوە و ئاشکراکردنەکانی فەزا و بۆشاییی ئاسمان، پیشەسازییەکە لە گەشەکردندایە و سەدان کۆمپانیا لەخۆ دەگرێت، لەگەڵ بەهێزترین ئاژانسە حکوومییەکانی تایبەت بە بۆشاییی ئاسمان لە جیهاندا؛ لە کۆتاییدا، تەندروستیی سیسته‌می ژینگەییی بۆشاییی ئاسمان، مرۆڤ بۆ مەریخ و دواوەیشی دەگوازێتەوە. ئاژانسی ناسا هەندێك بیرۆکەی دەربارەی ئەندازیاریی بۆماوەیی هەیە بۆ بوونەوەرە نوێیەکان، کە دەکرێت لە ژینگەی توند و نالەباری مەریخدا لە ژیاندا بمێننەوە. یەکێکی تر لەو بیرۆکە ئامادانەی ئاژانسی ناسا گواستنەوەی دروستکردنیەتی بۆ بۆشاییی ئاسمان. لەم بارەیەوە جیم ڕۆیتەری بەڕێوبەری ئاژانسەکە دەڵێت: "گومانی تێدا نییە دروستکردن و کۆکردنەوەی ڕۆبۆت لە بۆشاییی ئاسمان، بنەماکانی یارییەکە دەگۆڕن؛ هەروەها  توانا سەرەکییەکانیش دەگۆڕن بۆ دۆزینەوەی زیاتر لە بۆشاییی ئاسماندا."

ئۆتۆماتیککاریی قووڵ: 

هۆفمان ئۆتۆماتیککاریی قووڵ وا دەناسێنێت هێزێکە مرۆڤ بە ئاراستەی بەئۆتۆماتیکبوون هان دەدات لە سەرجەم پرۆسە سەرەکییەکانی بەڕێوەبردنی ژیان و گەشەپێدان و بەردەوامییەکەی لە ڕێگەی خوارزمییەتەوە، کە داهێنان خێرا دەکات و سەروەت و سامان پێک دەهێنێت و مرۆڤ لەوە ڕزگار دەکات پێویستی بە کارکردن بێت. نووسەر ڕوونی دەکاتەوە ڕۆبۆت ناتوانێت کار بکات بەبێ خوارزمییەتی زیرەك و هۆشمەند کە توانای ئەوەی پێ دەبەخشێت ئەرکی پێشکەوتوو ئەنجام بدات. بەمەیش زیرەکیی دەستکرد، نەك ئامێرەکان، دەبن بە جووڵێنەری سەرەکیی بەئۆتۆماتیكبوون. ئەمانەی خوارەوە چەند نموونەیەکی پیشکەوتنەکانی بەئۆتۆماتیکبوونن:

- شاری زیرەك: وڵاتێکی وەك عەرەبستانی سعوودی، بە بەکارهێنانی نوێترین تەکنەلۆژیا شاری تەواو زیرەك و هۆشمەند بنیات دەنێت. سعوودییەکان بەم شارە نوێیە دەڵێن "نیۆم" و، دەیانەوێت لە دۆڵی سیلیکۆن پێشکەوتووتر بێت وەك سەنتەرێکی داهێنان. لەسەر هەمان شێواز شاری "Xiong’an"ی چینی دێت کە تێچووی دروستکردنی بە 580 مليار دۆلار مەزەندە دەکرێت، حکوومەتی چین پێی وایە دەبێتە سەنتەرێکی نوێی تەکنەلۆژی.

- بەئۆتۆماتیککردنی پۆلیس: یان کۆمپانیای پۆلیسی پێشبینکار (PredPol)، کە لە زیاتر لە چل ئاژانسی سەر بە پۆلیس لە سەرتاسەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا بەکار دەهێنرێت. زیرەکیی دەستکردی تایبەت بەم دامەزراوەیە کار لەسەر شوێنکاتی ڕووداوی تاوانکاریی دیاریکراو دەکات لە شارەکاندا، تا ڕووبەری 500 × 500 پێ چوارگۆشە.

کۆمپانیاکە پێی وایە دەشێ خوارزمییەتی (ئالگۆریتمی)(١) فێربوونی میکانیکی تایبەت بە خودی کۆمپانیا، یارمەتیدەری پۆلیس بێت تا بەکارهێنانی سەرچاوەکان باشتر بکات و تێکڕاکانی تاوانکاریی کەم بکاتەوە، لەلایەکی ترەوە، پۆلیس هاوکات فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەکار دەهێنێت بۆ کێشانی نەخشەی شارەکان و چاودێریکردنی تەوژمی جووڵەی هاتوچۆ و گەڕان بەدوای گومانلێکراوان و لە ئاسمانەوە لێکۆڵینەوەکردن لە دیمه‌نی تاوانکاری و تەنانەت بۆ دووبارە دروستکردن و بونیادنانی کردەوەی سێڕه‌هه‌ندی بۆ ڕووداوەکان.

- بەئۆتۆماتیککردنی کارگەکان و زنجیرەی دابینکاری: کۆماری چین بۆ ئاییندەی خۆی بە دوای بەئۆتۆماتیککردنی قووڵدا دەگەڕێت. لەگەڵ بەرزبوونەوەی کرێ و وێڕای ژمارەی زۆری ئەو کارگانەی بەگەڕی خستوون، چین ڕوبەڕووی گوشاری زۆر دەبێتەوە وەك تێچووی کرێکار و وزە. لەبەر ئەمە سەرنج دەخرێتە سەر بەئۆتۆماتیککردن لە پێناو دابەزاندنی تێچووندا. لە لایەکی ترەوە، کۆمپانیا چینییەکان، ئەوانەی کە لە بواری زنجیرەی دابینکاری و لۆجستیكدا کار دەکەن، زیرەکیی دەستکرد بۆ بەئۆتۆماتیککردنی هەموو شتێك بەکار دەهێنن. بۆ نموونە کۆمپانیای "نورۆ" (Nuro)، کە کۆمپانیایەکی تازەپێگەیشتووە بۆ گەیاندنی شوفێری رۆبۆت، کارەکەی ناردنی کەلوپەل و خۆراكە بۆ ماڵان.

زیرەکیی لەڕاددەبەدەر:

بەگوێرەی نووسەر، زیرەکیی لەڕاددەبەدەر ئەو هێزەیە هانمان دەدات شێوە و فۆرمی نوێی زیرەکی بەرەوپێشەوە ببەین بە ڕادەیەکی وا تواناکانی مرۆڤی تێ پەڕاندبێت؛ کە دەمانگەیەنێتە بوونی ئامێری هۆشمەندی وا، لە توانایاندا هەبێت ئابوورییەکان بەڕێوە بەرن و لەگەڵ هۆشیاریی مرۆییدا تێکەڵ دەبن. لەگەڵ دانپێدانانی هەندێك لە زانایانی کۆمپیوتەر بەوەی کە زیرەکیی لەڕاددەبەدەر هەرگیز بەدی نایەت، نووسەر پێی وایە بابەتەکە لەسەر کات وەستاوە، پێش ئەوەی مرۆڤایەتی بگات بە خوارزمێتی (ئالگۆریتمی) و تەکنەلۆژیای نوێی زیرەکیی ئامێر و ماشێن. یەکێك لە جێبەجێکردن و پەیڕەوکردنەکانی ئەم هێزەیش بریتییە لە:

- ئابوورییەکانی زیرەکیی دەستکرد: داتای گەورە و زیرەکیی دەستکرد ڕۆڵێکی سێنتڕاڵ و ناوەندی دەگێڕن لە کۆنتڕۆڵکردنی ئابووریی بازاڕدا. کۆمپانیاکانی وەك فەیسبووك و ئەمازۆن و گووگڵ کار لەسەر بەکارهێنانی خوارزمییەتی ئاڵۆز دەکەن لە تەك بڕێکی زۆری داتاکاندا، بۆ پێشبینیکردنی بازاڕ و بەدەستهێنانی زانیاری دەربارەی ئەو کاڵا و خزمەتگوزارییانەی کە خەڵك لە سەرتاسەری جیهاندا پێویستی پێی دەبێت.

لە کۆتاییدا، نووسەری ئەم کتێبە وای دەبینێت ئەم پێنج هێزە لە ئامادەکاریدان بۆ ئەوەی لە چەند دەیەیەکی داهاتوودا دووبارە شێوەی مرۆڤایەتی دابڕێژرێتەوە و بەتەواوەتی کۆمەڵگه و ژیانمان بگۆڕێت. هیچ ڕێگه‌یەکیش نییە بۆ گەڕانەوە بەرەو کات و ساتە سادەکان؛ هەروەك ناتوانین پێشکەوتن بوەستێنین، بەڵام دەتوانین ئەو ئاراستەیەی پێیدا دەڕۆین بگۆڕین.

 

 

پەراوێز:

(١) خوارزمییەت یان ئالگۆریتم، بریتییە لە کۆمەڵێك هەنگاوی ماتماتیکی و لۆژیکی بەدوای یەکدا هاتووی پێویست، بۆ چارەسەری گرفتێکی دیاریکراو.

سەرچاوە: https://futureuae.com/ar-AE/Mainpage/Item/7202

Steven S. Hoffman, The Five Forces That Change Everything: How Technology is Shaping Our Future, Texas: BenBella Books, Inc., August, 2021.

 

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples