جێمس کلیر
لە ئینگلیزییەوە: جەمال پیرە
جارێکیان ئابووریناس ج. ك گالبرێس نووسیبووی: "لە بەرامبەر بژاردەیەکدا لە نێوان گۆڕینی عەقڵی تاکەکەسێك و سەلماندنی ناپێویستیی ئەنجامدانی ئەم ئەرکەدا، نزیکەی هەمووان سەرگەرمی بەڵگە و سەلماندن دەبن." تەنانەت لیۆ تۆلستۆی لەوەیش بوێرتر بووە و دەڵێت: "دەتوانرێت قورسترین بابەت بۆ کەسانی وا ڕوون بکرێتەوە کە لە هەمووان کەمتر توانای وەرگرتنیان هەیە، ئەگەر بێت و پێشتر هیچ بیرۆکەیەکیان دەربارەی بابەتەکە لا دروست نەکردبێت؛ بەڵام ناتوانرێت سادەترین شت بۆ کەسانی هەرە زیرەك ڕوون بکرێتەوە، ئەگەر بێت و بەتوندی لەو بڕوایەدا بێت بەبێ گومان ئەوەی لە بەردەمیدایە، دەیزانێت." لێرەدا چی ڕوو دەدات؟ بۆچی ڕاستییەکان بیرکردنەوەمان ناگۆڕن؟ بۆچی کەسانێك بە هەر شێوەیەك بێت، لە باوەڕکردن بە ئایدیای چەوت و نادروستدا بەردەوام دەبن؟ ئەم جۆرە ڕەفتارانە چۆن خزمەتمان دەکەن؟
لۆژیکی باوەڕە چەوتەکان
مرۆڤ لە پێناو مانەوەدا پێویستی بە دیدگهیەکی ماقووڵانەی ورد دەبێت بۆ جیهان، ئەگەر بێت و مۆدێلەکەت بۆ واقع بەتەواوەتی لە جیهانی ڕاستەقینەدا جیاواز بێت. ئەوسا تێ دەکۆشیت بۆ ئەوەی هەموو ڕۆژێك کردەوە و ڕێوشوێنی کارایانە بگریتە بەر. لەگەڵ ئەمەیشدا، ڕاستی و وردی، تاكه شت نین بۆ عەقڵی مرۆڤ گرنگ بن؛ پێ دەچێت مرۆڤ ئارەزوویهکی قووڵیشی بۆ ئینتیماکردن هەبێت. لە کتێبی "خووە ئەتۆمییەکان"دا نووسیومە: "مرۆڤ مێگەڵی ئاژەڵانە. ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ ئەوانی دیكهدا بگونجێین و پەیوەندیمان هەبێت و ڕێز و ڕەزامەندیی هاوڕێ و هاوتەمەنەکانمان بەدەست بێنین. ئەم مەیلانە بۆ مانەوەمان پێویستن. سەبارەت بە زۆربەی مێژووی پەرەسەندنمان، باوباپیرانمان لە هۆز و تیرەدا ژیاون. جیابوونەوە لە تیرە- یان خراپتر لەمە- دەرکردن- یان سزای لەسێدارەدان بوو."
تێگەیشتن لە ڕاستی و دروستیی هەڵوێست و دۆخێك گرنگە، بەڵام مانەوەیش وەك بەشێك لە تیرە بە هەمان شێوە گرنگە. لە کاتێکدا ئەم دوو ئارەزووە زۆر جار بەیەکەوە بەباشی کار دەکەن، بەڵام هەندێك جار ناکۆکی دەکەوێتە نێوانیانەوە. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، پەیوەندیی کۆمەڵایەتی، زیاتر بۆ ژیانی ڕۆژانە یارمەتیدەرە لەچاو تێگەیشتن لە ڕاستییەك یان ئایدیایەکی دیاریکراو. ستیڤن پینکەر، دەروونناس لە زانکۆی هارڤارد بەم شێوەیە باسی لێوە دەکات: "خەڵك بە گوێرەی باوەڕەکانیان قبووڵ دەکرێن یان سەرکۆنە دەکرێن، بۆیە یەکێك لە ئەرکەکانی عەقڵ لەوانەیە بریتی بێت لە تهبهنیكردن [وهرگرتن]ی باوەڕێک زۆرترین هاوپەیمان و پارێزەر یان شوێنکەوتوو بۆ خاوەن باوەڕەکە بهێنێت، نەك ئەو باوەڕانەی کە ئەگەری زۆری هەیە ڕاست و دروست بن."
ئێمە هەمیشە باوەڕمان بە شتێك نابێت لەبەر ئەوەی ڕاست و دروستن، هەندێک جار باوەڕ بە شتانێك دەکەین لەبەر ئەوەی وامان لێ دەکەن بەرامبەر بەو کەسانەی گرنگییان پێ دەدەین، باش دەرکەوین. پێم وابوو کیڤن سیملەر باشی هێناوە کە نووسیبووی: "ئەگەر مێشکێك پێشبینی بکات بەهۆی تەبەنیکردن و وەرگرتنی باوەڕێکی دیاریکراوەوە پاداشت دەکرێت، ئەوا بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە بەتەواوەتی دڵخۆش دەبێت و، بەلایەوە گرنگ نابێت پاداشتەکە لە کوێوە دێت- جا کردارەکی و پراگماتییانە بێت (دەرەنجامی باشتر بەهۆی بڕیاردانی باشترەوە)، کۆمەڵایەتی بێت (مامەڵەی باشتر لەلایەن هاوڕێ و هاوتەمەنەکانەوە) یاخود تێکەڵەیەك بێت لە هەردووکیان".
باوەڕە چەوتەکان ئەگەر بە واتای واقعی و ڕاستەقینەیش سوودیان نەبێت، ڕەنگە بە مانایەك لە مانا کۆمەڵایەتییەکان سوودیان هەبێت. بەهۆی نەبوونی دەستەواژەیەکی باشتر، دەتوانین ئەم ڕێبازە ناو بنێین "لە ڕاستیدا چەوت، بەڵام لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە ورد". کاتێك ناچار بین و پێویست بێت یەکێك لەم دووانە هەڵبژێرین، خەڵك زۆربەی جار لە جیاتی ڕاستییەکان هاوڕێ و کەسوکار هەڵدەبژێرێت. ئەم تێگەیشتنە بەتەنیا ئەوە ڕوون ناکاتەوە بۆچی لە ئێوارە ئاهەنگێکدا زمانمان بگرین یان کاتێك دایك و باوك و خێزانەکەمان شتێکی ناشرین دەڵێن، ئێمە سەیری لایەکی دیکە بکەین، بەڵکوو هاوکات ڕێگهیەکی باشتر ئاشکرا دەکات بۆ گۆڕینی بیرکردنەوەی کەسانی دیکە.
ڕاستییەکان بیرکردنەوەمان ناگۆڕن، دۆستایەتی دەیگۆڕێت
لە ڕاستیدا باوەڕپێهێنان و ڕازیکردنی کەسێك بۆ گۆڕینی بیرکردنەوەکەی، پرۆسەیەکە بۆ ڕازیکردنی ئەو، بۆ ئهوهی تیرە و هۆزەکەی بگۆڕێت. ئەگەر واز لە باوەڕەکانیان بهێنن مەترسیی ئەوەیان لەسەرە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان لەدەست بدەن. ناتوانیت چاوەڕێی گۆڕینی بۆچوون و بیرکردنەوە لە کەسێك بکەیت، ئەگەر بێت و لە هەمان کاتدا لە کۆمەڵگهکەی دای بڕێنیت. پێویستە شوێنێکی پێ بدەیت بۆی بڕوات. هیچ کەسێك نایەوێت جیهانبینییەکەی پارچەپارچە بکات ئەگەر دەرەنجامەکەی ئەوە بێت بەتەنیایی بمێنێتەوە. ڕێگهی گۆڕینی بۆچوونی خەڵك لەوەدایە لەگەڵیاندا ببیت بە دۆست و لەگەڵ تیرە و هۆزەکەتدا تێکەڵیان بکەیت و بیانهێنیتە ناو بازنەکەتەوە. ئێستا لە توانایاندا هەیە باوەڕەکانیان بگۆڕن بێ ئەوەی ڕووبەڕووی مەترسیی دوورخستنەوەی کۆمەڵایەتی ببنەوە. فەیلەسووفی ئینگلیزی، ئالان دی بۆتۆن پێشنیار دەکات بەسادەیی ژەمە خواردنی هاوبەش لەگەڵ ئەو کەسانەدا هەبێت کە لەگەڵماندا جیاوازن و، دەڵێت: "دانیشتن لەسەر مێزێک و لەگەڵ کۆمەڵە کەسێکی نامۆ، سوودی بێهاوتای هەیە؛ وا دەکات ڕقلێبوونەوەیان زەحمەتتر بێت و لە سزا ڕزگاریان بێت. دەمارگیری و بەربەرەکانێی ڕەگەزی و نەتەوەیی، خۆراكن بۆ بیری ئەبستراکت و ڕووت.
بەڵام ئەو نزیکایەتییەی کە ژەمە نانخواردنێك پێویستی پێیەتی- شتی لەبارەی ڕادەستکردنی قاپەکان و لە هەمان کاتدا دەرهێنانی دەستەسڕ، تەنانەت داواکردنی خوێ لە کەسی نامۆ- توانای ئێمە پەک دەخات لە پابەندبوون بەو باوەڕەی پێی وایە کەسانی نامۆ ئەوانەی کە جلوبەرگی نائاسایی دەپۆشن و بە زمان و زاراوەی جیاواز دەدوێن، شایانی ئەوەن بنێردرێنەوە بۆ ماڵەوە یان پەلامار بدرێن. بۆ سەرجەم ئەو چارەسەرە سیاسییە بەرفراوانانەی کە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکیی ئیتنی و ڕەگەزی پێشنیار کراون، ژمارەیەکی کەمی ڕێگهی کاریگەر هەن بۆ بەرەوپێشەوەبردن و باشترکردنی لێبووردەیی لە نێوان دراوسێ گوماناوییەکان، لەوەی ناچار بکرێن بەیەکەوە ژەمەخواردنی ئێوارە بخۆن. ڕەنگە جیاوازی نا، بەڵکوو دوورییەکە بێت خێڵگەری و ڕەفتاری دوژمنکارانە بەرهەم بهێنێت و پەروەردەی بکات. لەگەڵ زیادبوونی نزیکیدا، تێگەیشتن زیاد دەبێت. وتەکەی "ئەبراهام لینکۆڵن"م بیر دێتەوە کە دەڵێ: "من ئەو مرۆڤەم بە دڵ نییە، پێویستە باشتر بیناسم."
شەبەنگ و ڕووناکیی باوەڕەکان
چەند ساڵێك لەمەوبەر، بێن کاسنۆچا ئایدیایەکی بۆ باس کردم، نەمتوانی لە مێشکمدا دەری بێنم: ئەو کەسانەی کە زۆرترین ئەگەری ئەوە هەیە بیرکردنەوەمان بگۆڕن ئەوانەن کە، لە سەدا ٩٨ی شتەکاندا لەگەڵیان هاوڕاین. ئەگەر کەسێک دەناسیت، بەدڵت بوو، متمانەت پێی هەیە باوەڕی بە هزر و بیرۆکەیەکی ڕادیکاڵی هەبێت، ئەگەری زۆرە بەها و قورسایی و شایستەیییەکی پێ بدەیت. تۆ بەکردار لە زۆربەی بوارەکانی ژیاندا لەگەڵیاندا هاوڕایت. ڕەنگە پێویستیش بێت لەمەدا بۆچوون و بیرکردنەوەکەت بگۆڕیت. بەڵام ئەگەر کەسێكی تەواو جیاواز لە تۆ هەمان بیروڕای ڕادیکاڵی پێشنیار بکات، ئەوا زۆر ئاسانە وەك دەبەنگێك ڕەتی بکەیتەوە.
یەکێك لە ڕێگهکانی وێناکردنی ئەم جیاوازی و تایبەتمەندییە، بریتییە لە نەخشەکێشانی باوەڕەکان لەسەر شەبەنگ. ئەگەر ئەم شەبەنگەت بۆ سەر ١٠ یەکە دابەش کرد و خۆت لە یەکەی حەوتەمدا دۆزییەوە، ئەوا هەوڵدان بۆ رازیکردنی کەسێك کە لە ریزبەندی یەکەمدایە هیچ مانایەکی نابێت، کەلێنەکە زۆر فراوانە. کاتێك کە تۆ لە پێگە و ڕیزبەندیی حەوتەمدایت، باشتر وایە کاتەکەت بۆ ئەوە بەسەر بەریت لەگەڵ ئەو کەسانەدا لە پەیوەندیدا بیت، کە لە ڕیزبەندیی ٦ و ٨ دان، بەرە بەرە بە ئاراستەی لای خۆت ڕایانکێشیت.
زۆر جار گەرمترین مشتومڕ و گفتوگۆ لە نێوان کەسانی هەردوو لای ناکۆكیی ناو شەبەنگەکەدا دەبێت، بەڵام فێربوونی زۆرتر دووبارەوەبوو لە کەسانی نزیکەوە دەبێت. هەرچەند لە کەسێك نزیك بیتەوە، ئەگەری ئەوە زیاد دەبێت باوەڕێك یان دووان لەوانەی کە لەگەڵیاندا هاوبەشیت نییە، بگوازرێنەوە بۆ عەقڵ و، دواتر بیرکردنەوەکەت لەقاڵب بدەن. ئایدیایەك هەرچەند لە هەڵوێستی ئێستاتەوە دوور بێت، ئەوەندە ئەگەری ڕەتکردنەوەی لای تۆ زیاتر دەبێت. کاتێك بابەتەکە پەیوەندیی بە گۆڕینی بیرکردنەوەی خەڵكەوە دەبێت، زۆر ئەستەم دەبێت لە لایەکەوە بۆ لایەکی تر باز بدەیت. ناتوانیت لە شەبەنگەکەوە باز بەرەوە خوارەوە هەڵبدەیت؛ پێویستە بەرەوە خوارەوە بخلیسکێیت. هەر ئایدیایەك بە ڕاددەیەکی پێویست و بەتەواوەتی لە جیهانبینیی ئێستاتدا جیاواز بێت، هەست بە هەڕەشە دەکات. باشترین شوێنیش بۆ بیرکردنەوە لە ئایدیایەکی هەڕەشەئامێز، ژینگەیەکی خاڵییە لە هەڕەشە. زۆربەی جار کتێب بە بەراورد لەگەڵ گفتوگۆ و دیبەیتەکان، باشترین ئامراز دەبێت بۆ گۆڕینی باوەڕ.
لە گفتوگۆکردندا پێویستە خەڵك بەوردی بیر لە دۆخ و ڕوخساری خۆیان بکەنەوە؛ لەو کاتەی ڕووبەڕووی کۆمەڵە ڕاستییەکی بێزارکەر دەبنەوە، دەیانەوێت شکۆ و ئابڕووی خۆیان بپارێزن و بە ڕوخسارێکی گەمژانە دەرنەکەون. زۆر جار خواست و مەیلیان بەرەوە ئەوەدا دەبێت دوو هێندە لە پێگەی خۆیان دابەزێنن، نەك بەئاشکرا دان بەوەدا بنێن هەڵەن. کتێبەکان ئەم گرژی و پەشۆکاوییە چارەسەر دەکەن. لەگەڵ کتێبدا، گفتوگۆ لەناو عەقڵی کەسێکدا ڕوو دەدات، بێ ئەوەی مەترسیی ئەوەی لەسەر بێت لەلایەن کەسانی ترەوە حوکمی لەسەر بدرێت. کاتێك هەست بە بەرگریکردن ناکەیت، ئاسانترە بیرکردنەوەت کراوە بێت. ئارگیۆمێنتەکان بەتەواوەتی وەك هێرشێکی بەرەی پێشەوە وایە بۆ سەر ناسنامه (شوناس)ی مرۆڤ. خوێندنەوەی کتێبیش وەك ئەوەیە تۆوی ئایدیایەك فڕێ بدرێتە ناو مێشکی کەسێك و، لێی گەڕێن بە گوێرەی مەرجەکانی خۆیان گەشە بکات. کاتێك کەسێك بەسەر باوەرێکی پێشتریدا زاڵ دەبێت، کە کەسانیک بە سەر باوەڕێکی پێشتریاندا زاڵ دەبن، ئەوەندە زۆرانبازێ لە سەریاندا دەخولێتەوە، پێویستیان بەوە نابێت لەگەڵ تۆشدا زۆرانبازێ بکەن.
بۆچی ئایدیا چەوتەکان بەردەوام دەبن؟
هۆکارێکی دیکە هەیە بۆ بەردەوامبوونی ئایدیا خراپەکان، ئەویش ئەوەیە خەڵك بەردەوام بن لەسەر قسەکردن لەبارەیانەوە. بێدەنگی، مەرگی هەر ئایدیایەكە. ئەو ئایدیایەی کە قسەی لەبارەوە ناکرێت یان نانووسرێتەوە، لەگەڵ ئەو کەسەدا دەمرێت کە وێنای کردووە. ناتوانرێت ئایدیاکان بەبیر بهێنرێنەوە، تەنیا بە دووبارەکردنەوەیان نەبێت. ناتوانرێت باوەڕیان پێ بکرێت و متمانەیان پێ بدرێت، تەنیا بە دووبارەکردنەوەیان نەبێت. پێشتر هێمام بۆ ئەوە کردووە، خەڵك ئایدیاکان دووبارە دەکەنەوە وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەی کە ئەوان بەشێکن لە هەمان گرووپی کۆمەڵایەتی، بەڵام ئەمە خاڵێكی گرینگە و زۆربەی خەڵک بەسەریاندا تێپەڕ دەبێت.
خەڵك لەو کاتەیشدا ئایدیا خراپەکان دووبارە دەکەنەوە کە سکاڵا و گلەیییان لێ دەکەن. بەر لەوەی بتوانیت ڕەخنە لە ئایدیایەك بگریت، پێویستە ئاماژە بەو ئایدیایە بدەیت. لە کۆتاییدا تۆ ئەو ئایدیایانە دووبارە دەکەیتەوە کە هیوا دەخوازیت خەڵك لەبیریان بکات- بەڵام، بێ گومان خەڵك ناتوانێت لەبیریان بکات، چونکە تۆ بەردەوام باسیان لێوە دەکەیت. هەرچەندە ئایدیایەکی خراپ دووبارە بکەیتەوە، ئەوەندە ئەگەری ئەوە زیاتر دەبێت خەڵك باوەڕی پێ بکات. با ئەم دیاردەیە ناو بنێین یاسای دووبارەکردنەوەی ڕوون: ژمارەی ئەو کەسانەی کە پێیان وایە ئایدیایەك هاوڕێژەیە لەگەڵ ژمارەی ئەو هەموو جارانەی کە لە ساڵی ڕابردوودا دووبارە کراوەتەوە- تەنانەت ئەگەر ئایدیاکە چەوتیش بێت.
هەر جارێك هێرش بکەیتە سەر ئایدیایەکی خراپ، ئەوا وەك ئەوە وایە خۆراك بەو دڕندەیە بدەیت کە تۆ هەوڵی لەناوبردنی دەدەیت. هەروەك یەکێك لە کارمەندانی تویتەر نووسیبووی: "هەر جارێك تویتێك دووبارە دەکەیتەوە یان قسەیەك لە تویتەر بۆ کەسێك دەنووسیت کە لێی تووڕەیت، ئەمە یارمەتیدەری دەبێت؛ تۆ قسەی بێمانای تایبەت بەوان بڵاو دەکەیتەوە. دۆزەخ بۆ ئەو ئایدییانەی کە تۆ پێی پەست و دڵگرانیت، بێدەنگییە. ڕێکی و دیسپلینت هەبێت تا ئەو بێدەنگییەیان پێ ببەخشیت." باشتر وایە کاتی خۆت لە بەرگریکردن لە ئایدیای باش بەسەر بەریت، نەك لە ڕووخاندنی ئایدیای خراپ. کاتی خۆت بەفیڕۆ مەدە لە ڕوونکردنەوەی خراپیی ئایدیا خراپەکان؛ بەم کارە، بەسادەیی، بلێسەی نەزانی و گەمژەیی دادەگیرسێنیت.
باشترین شت دەشێ بۆ ئایدیایەکی خراپ ڕوو بدات، ئەوەیە لەبیر بکرێت؛ باشترین شتیش کە دەشێ بۆ ئایدیا باشەکان ڕوو بدات، بەشداریپێکردنیانە. ئەمە وام لێ دەکات بیر لە وتەیەکی تایلەر کاون بکەمەوە کە دەڵێت: "کەمترین کات بەوە بەسەر بەرە، باس لە هەڵەی کەسانی تر بکەیت." خۆراك بە ئایدیا باشەکان بدە و، لێ گەڕێ با ئایدیا خراپەکان لە برسان بمرن.
سەربازە ڕووناکبیرەکە
من دەزانم لەوانەیە بیر لە چی بکەیتەوە. "جێمس، ئایا ئێستا جددیت؟ من تەنیا بڕیارە بهێڵم ئەم گەمژانە لەمەدا ڕزگار بن." ڕێگهم بدە بەڕوونی بدوێم. من ناڵێم هەرگیز سوودی نییە ئاماژە بە هەڵەیەك بدەیت یان ڕەخنە لە ئایدیایەكی خراپ بگریت، بەڵام پێویستە لە خۆت بپرسیت "ئامانجەکە چییە". بۆچی بە پلەی یەکەم دەتەوێت ڕەخنە لە ئایدیا خراپەکان بگریت؟ لەوانەیە بتەوێت ڕەخنە لە ئایدیا خراپەکان بگریت چونکە پێت وایە ئەگەر ژمارەیەکی کەمی خەڵك باوەڕی پێ کرد، ئەوا جیهان لە دۆخێکی باشتردا دەبێت. بە دەربڕینێکی تر، پێت وایە ئەگەر خەڵك بۆچوونی خۆیان لەسەر هەندێك بابەتی گرنگ گۆڕی، ئەوا جیهان باشتر دەبێت. ئەگەر ئامانجەکە لە ڕاستیدا بریتی بێت لە گۆڕینی بیرکردنەوە، ئەوا من پێم وا نییە ڕەخنەگرتن لە لایەنی بەرامبەر، باشترین ڕێگه و شێواز بێت.
زۆربەی خەڵکی مشتومڕ دەکەن لە پێناو ئەوەی بیبەنەوە نەك فێر بن؛ هەروەك جولیا گالیف زۆر بەلێهاتوویی دەڵێ: "خەڵك زۆر جار وەك سەرباز ڕەفتار دەکەن نەك وەك دێدەوان و دۆزەرەوە؛ سەربازەکان لە هێرشی ڕووناکبیری و هزریدان؛ بەهیوان شکست بەو کەسانە بهێنن کە لەگەڵیاندا جیاوازن. سەرکەوتن هەستێکی کردارەکییانەیە. لە هەمان کاتدا دێدەوانی، وەك دۆزەرەوە هزرییەکان، بەهێواشی لە هەوڵی ئەوەدایە لەگەڵ کەسانی تردا نەخشەی بەرزی و نزمی دابنێت. زانینخوازی، پاڵنەر و هێزی بزوێنەرە. ئەگەر دەتەوێ خەڵك بیروباوڕەکانی تۆ وەرگرێت، ئەوا پێویستت بەوە دەبێت وەك دیدەوانێك ڕەفتار بکەیت نەك وەك سەرباز. لەناو جەرگەی ئەم ڕێبازەدا پرسیارێك هەیە تیاگۆ فۆرت بەجوانی دەیخاتە ڕوو، ئەویش ئەوەیە "ئایا ئامادەیت سەر نەکەویت، لە پێناو ئەوەی گفتوگۆکردن بەردەوام بێت؟"
سەرەتا میهرەبان بە، دواتر ڕاست بە
جارێکیان نووسەری ناوداری ژاپۆنی، هاروکی مۆراکامی نووسیوویەتی" "هەمیشە لەبیرت بێت، مشتومڕ و بردنەوە واتا تێکشکاندنی ڕاستیی ئەو کەسەی کە لەگەڵیدا گفتوگۆ و مشتومڕ دەکەیت. لەدەستدانی ڕاستی و واقعی خۆت، ئازاربەخشە، بۆیە میهرەبان و نەرمونیان بە، تەنانەت ئەگەر لەسەر حەقیش بیت." کە لەم ساتەوەختەدا بین، دەتوانین بەئاسانی ئەوە لەبیر بکەین ئامانجەکە لەپەیوەندیدابوونە لەگەڵ لایەنی بەرامبەر و هاریکاریکردن و هاوڕێیەتیکردنیان و تێکەڵکردنیانە لەگەڵ تیرە و هۆزەکەمان. ئێمە ئەوەندە گیرۆدەی بردنەوەین، پرسی لەپەیوەندیدابوونمان لەبیر دهچێتەوە. ئاسانە توانا و وزەی خۆت بۆ وەسفکردنی خەلك بەکار بهێنیت، لە جیاتی ئەوەی کاریان لەگەڵدا بکەیت.
وشەی "میهرەبان" لە وشەی "کەسوکار"ەوە سەرچاوەی گرتووە. کاتیك لەگەڵ کەسێکدا نەرمونیانی، ئەمە واتا تۆ وەك کەسوکار و ئەندامی خێزان مامەڵەی لەگەڵدا دەکەیت. پێم وایە ئەم ڕێگهیە، باشە بۆ گۆڕینی ڕاستەقینانەی بیرکردنەوەی کەسێك. هاوڕێیەتییەك گەشە پێ بدە، بە ژەمە خواردنیك بەشداریی پێ بکە و کتێبێك بە دیاری بدە. سەرەتا میهرەبان بە، دواتر ڕاست بە!
سەرچاوە: