پێکهاتە سەرەکییەکانى دەوڵەتى یاسایی

27, 12, 2017

وەرگێڕانى لە عەرەبییەوە: چرا عومەر ساڵح

لەم دوایییانەدا لە بەکارهێنانى دەربڕینى "دەوڵەتى یاسایی" دوودڵ و ڕاڕا بووین، بەتایبەتى دواى شۆڕشى مەزنى گەلى لیبیا، کە بە هۆیەوە هەناسەى ئازادییان هەڵمژى، بەو مانایەى مەرجەکان چین بۆ ئەوەى بە کیانێک بگوترێت دەوڵەتى یاسایى؟ ئەم دەربڕینە دەستەواژەیەکى یاسایییە، کە پێکهاتەى دیاریکراوى خۆى هەیە و، پێویستە بزانرێت، بۆ ئەوەى تێگەیشتن لێى لە هزردا بمێنێتەوە. ماناى سەرەتایی بۆ دەوڵەتى یاسایی بریتییە لە سەروەربوونى یاسا، بەو مانایەى هەموو کەسێک ملکەچ دەبێت بۆ یاسا؛ جا ئەو کەسانە، کەسانى ئاسایی بن، یان مەعنەوى، تاک بن، یان کۆمەڵ، حاکم بن، یان حوکمکراو، بە شێوەیەک کەس لە سەروویى یاسا بەدەر نابێت.

ڕێک پێچەوانەى ئەمە، بریتییە لە دەوڵەتى پۆلیسى، یان دەوڵەتى زۆردار. لێرەدا یاسا سنوور بۆ دەسەڵات دانانێت، هیچ مافێکیش بۆ تاکەکان دەستەبەر ناکرێت. ئەم شێوەى دەوڵەتە، پێویستە نەمێنیت، هەرچەنده‌ مانەوەیشی درێژەى کێشابێت. لێرەدا بۆ ئەوەى لە دەوڵەتى یاسایى تێ بگەین، پێویستە باس لە گرینگترین پێکهاتە سەرەکییەکانی بکەین:  

هەبوونى دەستوور: ئێستا دەستوور بە ڕوویەکى دیارى هەبوونى دەوڵەتى نوێ دادەنرێت؛ بە کۆڵەکەى پشتى دەوڵەت دادەنرێت تا دەگاتە ئەو ئاستەى، کە دەوڵەت نابێت بە دەوڵەتى یاسایى، تاکوو دەستوورى نەبێت و هەموو تاکەکان بۆى ملکەچ نەبن. واتە هەبوونى دەستوورێکى ڕاستەقینە، کە لە لایەن دەسەڵاتێکى هەڵبژێردراو، یان لە ئەنجامى گشتپرسییەوە دەرچووبێت، کە دەقەکانى، هیوا و ئاواتەکانى گەل لە ئازادى و ديموكراسى و دادپەروەریی کۆمەڵایەتى لەخۆ بگرن. ئەمەیش ماناى ئەوە دەدات، بە هەبوونى دەستوور کۆمەڵێک ڕێسامان دەبێت کە سنوورى دەسەڵاتداران و مەرجەکانى بەکارهێنانى ئەو ڕێسایانە دیاری دەکات. واتە ناتوانرێت دەسەڵات پیادە بکرێت، تەنیا لە چوارچێوەى ئەو مەرجانەدا نەبێت کە دەستوور دیاریی کردوون. دەستوور، تەنیا سنوور بۆ دەسەڵاتدارانى دەوڵەت دانانێت، بەڵکوو شێوەى هەڵبژاردنی بەڕێوەبەرانی دەوڵەت و دامەزراندنیان و کار و تایبەتمەندییەکانیشیان دیاری دەکات. واتە دەسەڵاتەکانی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەرى، شەرعییەت لە دەستوور وەردەگرن؛ ئەگەر هات‌ و یەکێکیان پێوەى پابەند نەبوو، ئەوە شەرعییەت لەدەست دەدات.

جیاکردنەوەى دەسەڵاتەکان: پرەنسیپى جیاکردنەوەى دەسەڵاتەکان لە دەوڵەتى یاساییدا بە ڕەگەزێکى سەرەکى دادەنرێت، بە شێوەیەک کە ئەو دەسەڵاتانە لە ڕووى هەیکەلى و بابەتییەوە لە یەکتر جیا بکرێنەوە؛ بەو مانایەى کە ئەرکى دەسەڵاتى یاسادانان، بریتییە لە داڕشتنى یاساکان. ئەرکى دەسەڵاتى جێبەجێکردن، بریتییە لە جێبەجێکردن و ڕاپەڕاندن. کارى دادوەریکردنیش بۆ دەسەڵاتى دادوەرى دەمێنێتەوە. ئەوەى لێرەدا گرنگە ئەوەیە کە ئەو دەسەڵاتانە، نابێ تێکەڵى یەکتر بن و سنوورى خۆیان لە بەرامبەر یەکتریدا ببەزێنن. هەر کاتێک ئەمە ڕووی دا، ئەوە بە دەسەڵاتێکى گەندەڵ ناو دەبردرێت.

هەبوونى چاودێریى دادوەرى: یەکێکی تر لە پێکهاتە سەرەکییەکانى دەوڵەتى یاسایی، بریتییە لە هەبوونى چاودێریی دادوەرى بەسەر هەردوو دەسەڵاتەکانى تردا: جێبەجێکردن و یاسادانان. بەم شێوەیە سزاى یاسایى بەسەریاندا دەسەپێنرێت ئەگەر هات و سەرپێچییان لە کار و چالاکییەکانیان کرد، بەو پێیەى دادگه‌کان سەربەخۆن و ئەمەیش باشترین ڕێگه‌ دەبێت بۆ گەڕاندنەوەى ئازادیى گشتى و مافى تایبەتى تاکەکان. ئەم دەسەڵاتە لە ڕێگەى چاودێریى دەستووریى یاساکانەوە کاری خۆی جێبەجێ دەکات؛ واتە یاساکان تا چ ڕاددەیەک لەگەڵ دەستووردا هەماهەنگن؛ هەروەها لە ڕێگەى چاودێریکردنى مەشروعییەتى کارەکانى دەسەڵاتى جێبەجێکردنەوە، بەو مانایەی تا چەند بڕیارە کارگێرییەکانى لەگەڵ دەقە یاسایییەکاندا دەگونجێن.

ددانپێدانان بە مافى تاکەکان و ئازادییەکانیاندا: یەکێکە لە پێکهاتە هەرە گرنگەکانى دەوڵەتى یاسایی و، بە ماناى لانەدانى دەسەڵاتداران لە سنوورى دەسەڵاتەکانیان دێت، کە دەبێتە هۆى پێشێلکردنى ماف و ئازادیى تاکەکان و نەمانى دڵنیاییی هاووڵاتیان لە بەدەستهێنانى مافەکانیان. جا ئەم مافە سیاسى بێت، یان ئابوورى، یان کۆمەڵایەتى، لەسەر دەسەڵاتداران پێویستە ئەرکەکانى خۆیان بەرامبەر هاووڵاتیان ڕاپەڕێنن؛ بە شێوەیەک کە گرەنتیى مافەکانیان بکەن. بێ گومان ئەم ماف و ئازادييانەیش لە دەستووردا دیاری کراون.

ئەمانەى سەرەوە بەکورتى پێکهاتە سەرەکییەکانى دەوڵەتى یاسایی بوون، لانى کەم لە ڕووى تیۆرییەوە. بەڵام دەبێ ئەوە لەیاد نەکەین، دیموکراسى، کە کۆڵەکەى سەرەکیى دەوڵەتى یاسایییە، تەنیا بە هەبوونى ئەم خاڵە تیۆرییانەى سەرەوە نایەتە دی، بەڵکوو پێویستە گەل لە ڕووى پراکتیکەوە مافەکانى خۆى پیادە بکات و بە ماناى تەواو لە دەوڵەتەکەیدا خاوەنى سەروەرى بێت.

سەرچاوە:

https://khalifasalem.wordpress.com

Last modified on سێ شەممە, 15 ئایار 2018 11:10
© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples