کۆمپانیا بچووکەکان و ڕووبەڕووبوونەوەى بەربەستەکان

26, 08, 2018

د. سامى مەحرووم
وەرگێڕانى لە عەرەبییەوە: چرا عومەر ساڵح

کۆنگرەى ستێپ لە دوبەى یەکێک لە گەورەترین کۆنگرەکان بوو کە لە ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و باکوورى ئەفریقا بۆ پرۆژە بچووکەکان ڕێک خرا و, ڕاگەیاندنەکان بە ڕاددەیەکی بەرز چالاکییان تێدا کرد. لەو کۆنگرەیەدا ئاماژە کرا بەوەى کە خاوەن پرۆژە بچووکەکان لە ناوچە پێشکەوتووەکان لە گەشەکردن و بەرەوپێشچووندان، بەڵام ئەو خاوەن پرۆژانە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و باکوورى ئەفریقا تاوەکوو ئێستا ڕووبەڕووى کۆمەڵێک بەربەست و ئاستەنگى ترسناک دەبنەوە، کە ناتوانن پێشکەوتن و بەرزبوونەوە بەخۆیانەوە ببینن. لێرەدا نامانەوێت ئەو هەوڵ و سەرکەوتنانەى کۆمپانیا سەرەتایییەکان لەو ناوچانەدا بەدەستیان هێناوە بە کەم بنرخێنین، چونکە لەو هەرێمانەدا زیاتر لە ١٢ کۆمپانیاى سەرەتایى هەڵکەوتوون کە بەهایان لە سەد ملیۆن دۆلارى ئەمریکى تێپەڕ دەکات و زیاتر لە سێ هەزار کارمەند تێیاندا کار دەکەن. لە سەرووى هەموویانەوە کۆمپانیای "یونیکۆرن"ە، کە بەهاکەى لە ملیارێک دۆلار تێپەڕ دەکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا ژینگەى ئەو هەرێمانە بۆ هەوڵدان و سەرکێشى و ڕکابەرییە بازرگانییەکان ڕێگەخۆشکەر نییە؛ ئەمە جگە لە شەڕوشۆر و تیرۆر و ناڕەزايى ئەوانەى کە  لە سيستەمى حوكمڕانى ياخى دەبن ، کە هەموو جیهانى عەرەبى گرتووەتەوە.

 هەژارى، نەبوونى بەهرەمەندى، نەبوونى ژێرخان و هەمووی ئەمانە بریتین لەو کێشانەى کە ڕەگیان لەو ناوچانەدا قووڵ بووەتەوە. هەروەها پێکهاتە دیموگرافییەکەی، بۆ ڕۆحى سەرکێشی و بەرەنگارییە بازرگانییەکان لەبار نییە؛ هەروەک بەپێی توێژینەوەیەک، دەرکەوت پرۆژە خێزانییەکان لە ساڵى ٢٠١١ نزیکەى (٧٠%)ى ئابووریى کەرتی تایبەتى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و باکوورى ئەفریقا پێک هێنابوو؛ ئەم پشکەیش بەراورد بە ناوچەکانى دیکە زۆر زیاترە. ئەمەیش واتاى ئەوە دەگەیەنێت کە بەشێکى زۆرى کۆمەڵگە پارە و سامان کۆ دەکاتەوە و سەرمایەکەى بەش دەکات و کارەکانى لە چوارچێوەى بەڕێوەبەرایەتییەکى کۆمەڵایەتیى بچووک و یەکگرتوودا بەڕێوە دەبات. پێدەچێت ئەو وتەیەى لەبارەى پشتبەستن بە هاوڕێ و تاکەکانى خێزانەوە گوتراوە، بۆ بنیاتنانى پرۆژە نوێکان لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و باکوورى ئەفریقا زیاتر کاری پێ بکرێت، کە دەڵێت: "ئەگەر هاوڕێت نەبوو، یان تاکێک لە تاکەکانى خێزانەکەت، وا دیارە تۆ پەلەت کردووە." لەگەڵ ئەوەیشدا لەوانەیە کارکردن لە چوارچێوەى خێزاندا مەترسییەکان کەم بکاتەوە و ئەندامان زیاتر متمانەیان بە یەکتر هەیە و دەتوانن باشتر ڕووبەڕووى مەترسییەکانى کارى بازرگانى ببنەوە؛ ئەمەیش ڕێگە بۆ داهێنان و نوێکارى، ئاسان دەکات. بەڵام هەرچەند لایەنى باشیشى هەبێت ئەم سنووردارکردنە دەرەنجامى مێژوویەکى درێژى سیستەمێكى بازرگانیی پڕ لە كەموكوڕى و لەکارکەوتووە؛ نەزانییە لە چۆنێتیى بەڕێوەبردنى کۆمپانیاکان. سەرەڕاى سەرکەوتنى هەندێک لە دەوڵەتان لە زاڵکردنى لایەنە باشەکانى ئەو جۆرە کۆمپانیایانەدا، بەڵام کارکردن لە چوارچێوەى خێزاندا هەر بەچەقبەستوویی دەمێنێتەوە. نەمانى ئەو کۆمپانیایانە پێویستى بە کاتە.

دەکرێت کۆمەڵێک هەنگاو بۆ گەشەکردن و بەرەوپێشچوونى بوارى ئابوورى بنرێت، وەکوو: یارمەتیدانى خاوەن پڕۆژە نوێکان و دابینکردنى سەرمایە بۆیان. بۆ نموونە، لە لوبنان بانکى ناوەندى بڕێکى باش پارە بۆ پاڵپشتیکردنى پڕۆژە سەرەتایییەکان تەرخان دەکات. ئەو بڕە دەگاتە حەفتا و پێنج لەسەدى سەرمایەى فرياگوزارى کە بانکە ناوخۆیییەکان دابینى دەکەن؛ هەروەها سێ لەسەدى کۆى گشتییەکەى پێک دەهێنێت؛ هەروەها بەپێی ئەو پرۆگرامانەى لە ساڵی ٢٠١٣ پەیڕەو کران، توانرا چوار سەد ملیۆن دۆلار بۆ سەرمایەى فرياگوزارى تەرخان بکرێت.

دەکرێت بڵێین ئەوەى بووەتە ئاستەنگ لە بەردەم نوێگەرى و داهێنان لە ناوچەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و باکوورى ئەفریقادا، ئەو شێوازەیە کە حکوومەت لە بەڕێوەبردندا بەکاری دەهێنێت. هەروەها بۆ کڕینى کەلوپەل و خزمەتگوزارییەکان پشت بە هەر دوو بەرهەمهێنى ناوخۆیی و دەرەکى دەبەسترێت. لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا بەرهەمهێنى ناوخۆیی بە ڕێژەى ١٠ بۆ ١٥% بەشدار دەبێت و لە وڵاتانى گەشەئەستێندا بە ڕێژەى ٢٠% بەشدار دەبێت.

لە زۆرینەى وڵاتان بنیاتنانى پرۆژەکان لە ڕێگەى گرێبەست و لیژنەکانى کڕینەوە دەبێت، بەڵام لە ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و باکوورى ئەفریقا کۆمەڵێک مەرج بۆ کارکردن لەگەڵ حکوومەت دانراوە، وەکوو مەرجەکانى تەندەرەکان (المناقصات) و داواکارییە بیرۆکراتییەکان کە ئەمانە هەمووى دەبنە هۆی بێبەشکردنى کۆمپانیا بچووکەکان (ئەوانەى کارمەندەکانیان لە نێوان ١٠ بۆ ٥٠ کارمەندە) لە بەشداریکردن و پەککەوتنیان بۆ گەیشتن بە بازاڕەکانى کەلوپەل و خزمەتگوزارییە گشتییەکان. لە ئەنجامى ئەمانەيشدا گەشەکردن و فراوانبوونیان تەسک دەبێتەوە و تواناکانیان سنووردار دەبێت.

هۆکارێکى تر بۆ دوورخستنەوەى کۆمپانیا سەرەتایییەکان ئەوەیە کە، زۆربەى پڕۆژەکانى ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و باکوورى ئەفریقا خۆیان لە بیناکردن و خزمەتگوزارییە بانکییەکان و پەیوەندییەکاندا دەبیننەوە. ئەو پڕۆژانەیش زۆر جار بە بیانووى سروشتى کارەکەوە، بە کۆمپانیا مەزنەکان دەسپێردرێن. شایانى باسە تەنانەت ئەو کۆمپانیا سەرەتایییانەیش کە چەند هەنگاوێکى پێشکەوتنیان ناوە، باریان هەر قورسە و، بۆ فراوانکردنى بەشدارییەکانیان لە کەرتى کاردا زەحمەتى دەبینن.

باشترین کار کە کۆمپانیا سەرەتایییەکان سەرکەوتنیان تێدا بەدەست هێنا، کارکردن بوو لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت، چونکە زۆربەى کۆمپانیا گەورەکان لەو ناوچانەدا ئەو بوارەیان فەرامۆش کردووە؛ بەڵام دیسان ئاستیان نزم دەبێتەوە ئەگەر هات و جۆرى کار و چالاکییەکە پەیوەندیدار بێت بە گەیشتن بە بازاڕەکان. لە واقعدا زۆربەى ئەو کۆمپانیایانەى لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت کار دەکەن و سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە، ئەوانەن کە ڕاستەوخۆ کەلوپەل بە بەکارهێنەر دەفرۆشن و هەمووی کارەکانیان بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوە دەبەن. ئەمەیش وایان لێ دەکات دوور بکەونەوە لەو بەربەستانەى لە واقعدا بۆیان دروست دەبێت، وەکوو: ڕێساکانى تایبەت بە کڕین و باجی بەرزى کۆمپانیاکان. ئەم سەرکەوتنەیش بەڵگەیە لەسەر تواناکانیان بۆ سەرکردایەتیکردن و داهێنان و بەشداریکردنیان لە گەشەکردنى ئابووریدا. لە کۆتاییشدا دەتوانن خزمەت بە حکوومەت بگەیەنن.

بۆیە پێویستە حکوومەت خەرجییەکانى بۆ خاوەن پڕۆژە نوێکان و پاڵپشتیکردنیان زیاد بکات. هەروەها کۆمپانیا گەورەکان زیاتر دەرگه‌یان بۆ کۆمپانیا بچووکەکان واڵا بکەن و یارمەتیدەریان بن لە فراوانکردنى چالاکییەکانیان و دەرخستنى داهێنانەکانیاندا کە یارمەتیدەرە بۆ جووڵاندنەوەى بازاڕەکان؛ چونکە کۆمپانیا بچووکەکان زۆر جار ناوەندى داهێنان و جووڵێنەرى ئابوورى و بەکارخستنى کرێکارانن و دەتوانن لە پرۆسەى گەشەکردندا بەشدار بن. ئێستایش کاتى ئەوەیە کە دەوڵەتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و باکوورى ئەفریقا سوود لەو توانایە وەربگرن. 

سەرچاوە:

http://www.aleqt.com

 

Last modified on هەینی, 21 ئەیلول 2018 14:33
© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples