2016-10-30 ئاسانگیری له مێژووی هزریی ڕۆژاوادا La Tolerance Saada-Gendron, Julie نووسه‌ر: ژولی سادا- ژاندرون نووسه‌ری كتێبه‌كه پرۆفیسۆری فه‌لسه‌فه‌یه و له زانكۆكانی فه‌ره‌نسا خه‌ریكی وانه‌وتنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌یه. ئه‌م خانمه فه‌یله‌سووفه گه‌نجه "ژولی سادا-ژاندرون"، نووسه‌ر و لێكۆڵه‌ری فه‌ره‌نسی، له‌م كتێبه‌دا زۆربه‌ی ده‌قه گرنگه‌كانی په‌یوه‌ست به "ئاسانگیری یاخود تۆلێرانس"ی كه، زیاتر له بیست كه‌س له فه‌یله‌سووف و زانایانی ئایینی و بیرمه‌ندانی ڕۆژئاوا، له نزیكه‌ی حه‌وت سه‌د ساڵ له‌مه‌وبه‌ر تاوه‌كوو سه‌ده‌ی ئێستا نووسیویانه، هه‌ڵی بژاردووه و له‌م كتێبه‌دا خستوویه‌ته ڕوو. نووسه‌ر، جگه له شیكردنه‌وه له پێش هزر و بیر و ڕای فه‌یله‌سووف و هه‌ر ده‌قێك كه له‌سه‌ر ئاسانگیری هاتووه، له سه‌ره‌تای كتێبه‌كه‌یدا پێشه‌كییه‌كی چڕوپڕی له‌سه‌ر ئه‌م پرس و بابه‌ته نووسیوه. هه‌روه‌ها نووسه‌ر، له‌م ڕیگه‌یه‌وه ناوه‌ڕۆكی بابه‌ته‌كه‌ی له هه‌موو ڕه‌هه‌ند و ڕوانگه‌یه‌كه‌وه شیته‌ڵ كردووه و خوێنه‌ری بۆ چوونه نێو ڕه‌وتی مێژوویی پرسه‌كه ئاماده كردووه. به‌م پێیه‌یش، ئه‌م كتێبه وه‌ك فه‌رهه‌نگێكی ئاسانگیری دێته به‌رچاو. نووسه‌ر له پێشه‌كیدا، باس له‌وه ده‌كات كه ئاسانگیری، پێدراوێكی بێ ئه‌ملا و ئه‌ولای ئه‌قڵی، سیاسی و یاسایی‌ی ئازادیخوازانه‌یه. به‌م پێیه‌یش، ئێمه ئه‌وه به به‌ڵگه‌نه‌ویست ده‌زانین كه ناتواندرێت به‌زۆر، بیر و بڕوایه‌ك بسه‌پێنینه سه‌ر كه‌سێك، یاخود ئه‌و كه‌سه له‌و بیر و بۆچوونه بێبه‌ش بكه‌ین و ڕیگه‌ی لێ بگرین. هه‌ر كه‌سێك له‌م بواره‌دا، خاوه‌ن ئازادیی هه‌ڵبژاردنی ڕه‌هایه. بۆیه ده‌وڵه‌ت و هیچ دامه‌زراوه‌یه‌كی تر، ته‌نانه‌ت ئایینی، مافی ده‌ستێوه‌ردانی له‌و بواره‌دا نییه. پایه و بنیاتی ئه‌م ئازادییه، له لایه‌ك له‌ناو جیاوازیی نێوان كاروباری گشتی و تایبه‌ت (واتا له ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و سنوورانه‌یه كه ده‌وڵه‌ت ده‌توانێت تیایدا به شێوه‌یه‌كی ڕه‌وا یاسا دابنێت، بۆ نموونه بیروباوه‌ڕه‌كان وه‌ك هه‌ر شتێك كه گرێدراوی ئه‌خلاق بێت، ده‌كه‌وێته بوار و چوارچێوه‌ی كاروباری تایبه‌ته‌وه و ناتواندرێت وه‌ك بوارێكی گشتی هه‌ژمار بكرێت)، له لایه‌كی تریشه‌وه ئازادیی بڕوا و ئیمان و ده‌ربڕین، ڕیشه‌ی له ڕه‌وایه‌تییه‌كدا هه‌یه كه هه‌مان مافی مرۆڤ و كۆی هه‌موو یاسا سروشتییه‌كانه كه له‌ناو ناچێت. ئه‌مه‌یش ئازادیی بیروباوه‌ڕ یاخود ئیمانی هه‌ر مرۆڤێك، ته‌نیا به هۆی مرۆڤبوونییه‌وه ده‌سته‌به‌ر و فه‌راهه‌م ده‌كات. لێره‌دا ئاسانگیری، زیاتر له‌سه‌ر چه‌مكی یاسا و ئازادیی ئیمان و بیروباوه‌ڕه تاوه‌كوو جیاوازی‌دانان له نێوان بواری تایبه‌ت و گشتی. له به‌شێكی تردا، نووسه‌ر باس له‌وه ده‌كات كه له‌نه‌بوونی "ئاسانگیری" و به هه‌قیقه‌ت زانینی پێگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه كه بیرجیایی و بیر و ڕای جیاواز، به تاوان داده‌ندرێت. چونكه له هه‌ر ئایین، ڕوانگه و بیروباوه‌ڕێكدا، هه‌قیقه‌ت ناگۆڕدرێت و، ڕه‌ها و پیرۆزه. ئه‌م كتێبه بێجگه له پێشه‌كی، له شه‌ش به‌شی سه‌ره‌كی و چه‌ند باسێك پێك دێت. به‌شی یه‌كه‌م: پرسی ئایینی ڕاست و لادان له ئایین
به‌شی دووه‌م: ئاسانگیری و ڕاڤه (ته‌فسیر)ی ده‌قه پیرۆزه‌كان
به‌شی سێیه‌م: مافی ویژدان، ئه‌ركی ئه‌قڵ
به‌شی چواره‌م: مافی میر (پاشا)، مافی هاووڵاتیان: گشتی و تایبه‌ت
به‌شی پێنجه‌م: ئازادیی هزر، ئازادیی ده‌ڕبرین و ئاسانگیری
به‌شی شه‌شه‌م: پێچ و په‌نا و ناڕونییه‌كانی ئاسانگیری
سه‌رچاوه:
|