2016-11-10
گه‌شه‌كردن له تیۆرییه‌كانی په‌یوه‌ندییه نێونهتهوهیییهكاندا
Development in International Relations Theories
(Homeira Moshirzadeh)
پێنووس: ئه‌م كتێبه، یه‌كه‌م جار ساڵی 2005 له لایه‌ن ڕێكخراوی لێكۆڵینه‌وه و نووسینی كتێبه‌كانی زانسته مرۆڤایه‌تییه‌كانی زانكۆكان له ئێران، چاپ و بڵاو كراوه‌ته‌وه. تا ئێستایش زیاتر له (10) جار چاپ و بڵاو كراوه‌ته‌وه و، دوایین چاپی ئه‌م كتێبه له ساڵی 2015 بووه. ئه‌م كتێبه، وه‌كوو كتێبێكی سه‌ره‌كیی خوێندن له قۆناغی "ماسته‌ر" له به‌ش و كۆلێژه‌كانی زانسته سیاسییه‌كان و په‌یوه‌ندییه نێونهتهوهیییهكاندا ده‌خوێندرێت. دوایین وه‌شانی كتێبه‌كه، بێجگه له پێشه‌كی و ده‌ره‌نجام له هه‌شت به‌شی سه‌ره‌كی و (392) لاپه‌ڕه پێك دێت.
له ڕاستیدا ئه‌وه‌ی كه ئه‌م كتێبه گرنگ و به‌نرخ ده‌كات، له لایه‌ك ڕوانگه‌ی بێلایه‌نانه‌ی نووسه‌ره له هه‌مبه‌ر تیۆرییه‌كاندا و، له لایه‌كی تریشه‌وه به جۆرێك چڕكردنه‌وه و ئاسانكردنه‌وه‌ی گرێكوێره و ناڕوونی و ئاڵۆزیی تیۆرییه‌كانی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، به‌تایبه‌ت تیۆری و ڕوانگه نوێیه‌كانی ئه‌م بواره ئاڵۆزه و پڕ له مشت‌ومڕ و ناكۆكییهیه.
هه‌روه‌ها، زۆربه‌ی ئه‌م جۆره كتێبانه له لایه‌ن كۆمه‌ڵێك نووسه‌ره‌وه ده‌نووسرێت كه ئه‌مه‌یش سه‌ره‌ڕای لایه‌نه باشه‌كانی، به‌ڵام كێشه و گرفتێكی سه‌ره‌كیی هه‌یه، كه ئه‌ویش جیاوازیی شێوازی نووسین و ته‌نانه‌ت ئاڵۆزی و ناكۆكیی نووسه‌ره‌كانه له‌سه‌ر پرس و بابه‌ته هزری و تیۆرییه‌كان، كه ده‌بێته هۆی سه‌رلێشێواویی زیاتری خوێنه‌ران و قوتابیانی ئه‌م به‌شه، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر شاره‌زاییی زۆر و قووڵیان له‌م بواره‌دا نه‌بێت.
به‌ڵام ئه‌م كتێبه، سه‌ره‌ڕای ناكۆكی و ته‌نانه‌ت پێكدژیی تیۆرییه‌كانی په‌یوه‌ندییه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كان، هه‌وڵی داوه به‌بێلایه‌نی، تیۆرییه‌كان و هزری بیرمه‌ند و تیۆریسیهنهكان و، هه‌روه‌ها بنه‌ما هزرییه‌كانیان له ڕووی ئۆنتۆلۆژی و ئێپێستیمۆلۆژی و مێتۆدۆلۆژییه‌وه بخاته ڕوو. هه‌روه‌ها خاڵه لاواز و به‌هێزه‌كانی هه‌ر تیۆری و ڕوانگهیهكیش، به‌جیا، له ڕووی زانستی و ته‌نانه‌ت له جیهانی سیاسه‌تی ڕۆژانه و واقعیشه‌وه، ده‌ستنیشان بكات.
نووسه‌ر له پێشه‌كیدا، به ناونیشانی "فره‌ییی تیۆری له په‌یوه‌ندییه نێونهتهوهیییهكاندا"، باس له تیۆری و ڕۆڵی له زانسته‌كاندا و، هه‌روه‌ها پرسه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به سوژه (Subject) و ئۆبژه (Object) له‌م نێوه‌نده‌دا ده‌كات. پاشان جۆر و ڕۆڵی تیۆری له په‌یوه‌ندییه نێونهتهوهیییهكاندا ده‌خاته ڕوو.
هه‌ر له‌م به‌شه‌دا، باس له بابه‌ت و پرسه "سهرووتیۆرییهكان" (MetaTheory) له ڕووی ڕه‌هه‌نده‌كانی "Ontological" و "Epistemological" ده‌كات. له به‌شێكی تردا، تیۆرییه‌كانی په‌یوه‌ندییه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كان، به‌پێی بیر و بۆچوونی بیرمه‌ندانی ئه‌م بواره، پۆلین ده‌كات.
بۆ نموونه باس له ڕوانگه‌ی "A.CH. Carr" ده‌كات كه هه‌موو تیۆرییه‌كان به‌سه‌ر دوو ده‌سته‌ی سه‌ره‌كیی ڕیالیست (Realist) و یۆتۆپیانیست یاخود ئایدیالیست (Utopianist)دا دابه‌ش ده‌كات. هه‌روه‌ها له ڕوانگه‌ی "مارتین وایت"ه‌وه سێ نه‌ریتی تیۆری له په‌یوه‌ندییه نێونهتهوهیییهكاندا هه‌ن: واقعگه‌رایی یان نه‌ریتی مهكیاڤێللی، شۆڕشگێری یان نه‌ریتی كانتی (Revolutionism) و ئه‌قڵگه‌رایی یان نه‌ریتی گرۆسیۆسی (Rationalism)، كه ڕیگه‌یه‌كی مامناوه‌ندییه له نێوان ئه‌و دوو نه‌ریته‌ی تردا. پاشان باش له دیبه‌یته‌كان (Debates)، گفتوكۆ سه‌ره‌كییه‌كان یاخود مشتومڕه‌كان له‌نێو پارادایمه‌كانی تیۆرییه‌كانی په‌یوه‌ندییه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كان ده‌كات، كه به‌سه‌ر سێ یان چوار گفتوگۆ دابه‌ش ده‌كرێت.
به‌شی یه‌كه‌م: لیبرالیزم و گه‌شه‌كردنه‌كانی
له‌م به‌شه‌دا، نووسه‌ر باس له گۆڕانكاری و گه‌شه‌سه‌ندنی ئه‌م تیۆری و ڕوانگه‌یه و، هه‌روه‌ها بیرمه‌ند و لایه‌نه جۆراوجۆره‌كانی ده‌كات. نووسه‌ر ئه‌وه ده‌خاته ڕوو كه "ودرۆ وێڵسۆن" سه‌رۆككۆماری ئه‌مریكا له جه‌نگی جیهانیی یه‌كه‌مدا، جه‌خت له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكییه‌كان له ئاستی جیهانیدا، له ڕێگه‌ی میكانیزمه‌كانی ئاشتی، وه‌ك: ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌تایبه‌ت "كۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌كان"، یاسای نێوده‌وڵه‌تی، ئاسایشی به‌كۆمه‌ڵ، جیهانێكی ئه‌من بۆ دیموكراسی، مافی دیاریكردنی چاره‌نووسی گه‌لان، دیپلۆماسیی ئاشكرا، ئازادیی كه‌شتیوانی له ده‌ریا ئازاده‌كاندا، لابردنی به‌ربه‌سته ئابوورییه‌كان، یه‌كسانیی هه‌لومه‌رجی بازرگانی بۆ وڵاتان، كه‌مكردنه‌وه‌ی چه‌ك و...، ده‌كاته‌وه. كه ئه‌مانه به‌شێكن له‌و چوارچێوه تیۆرییه یاخود ڕوانگه‌یه له سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تیدا. هه‌روه‌ها، له‌م به‌شه‌دا باس له‌وه ده‌كرێت كه بۆ یه‌كه‌م جار، كۆرسی په‌یوه‌ندییه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كان به ناوی "ودرۆ وێڵسۆن" له زانكۆی "ئهبرستۆیت" له وێڵزی بریتانیا دامه‌زرا و، "ئاڵفرێد زیمڕێن" یه‌كه‌م مامۆستای سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی بوو.
له به‌شێكی تردا نووسه‌ر ڕیشه‌كانی لیبرالیزم، كه به ناوی ئایدیالیزم و یۆتۆپیانیزمیش ناسراوه، له بیر و ڕاكانی"ئیمانوێل كانت"دا ده‌دۆزیته‌وه، كه له چوارچێوه‌یه‌ك به‌ناوی ئاشتی له نێوان ده‌وڵه‌ته دیموكراته‌كاندا خستوویه‌ته ڕوو. هه‌روه‌ها نووسه‌ر، بنه‌ماكانی لیبرالیزم یاخود ئایدیالیزم له ئازادیی مرۆڤه‌كان، باوه‌ر به ئه‌قڵانیبوونی مرۆڤ، باوه‌ڕ به سروشتی چاكی مرۆڤ، ڕۆڵیی بكه‌رایه‌تیی مرۆڤ بۆ گۆڕانكارییه‌كان، جیانه‌كردنه‌وه‌ی لایه‌نی ناوخۆیی و ده‌ره‌كیی ده‌وڵه‌تان و كۆمه‌ڵگه‌ی جیهانی و...، به‌رجه‌سته ده‌كات و پاشان له‌ژێر چه‌ند ناونیشانیكدا ده‌یانخاته ڕوو:
هه‌ر له‌م به‌شه‌دا نووسه‌ر، وه‌ك به‌شێك له‌م ڕوانگه‌یه، باس له "تیۆریی په‌یوه‌ندییه‌كانی كارڵ دۆیچ" ده‌كات. هه‌مدیس، بیر و ڕای "دێڤید میترانی" و ڕوانگه‌كه‌ی و، هه‌روه‌ها "ئێرنێست هاس" و "ڕۆبێرت كۆهین" و، چه‌ند زانایه‌كی ئه‌م بواره، ده‌خاته ڕوو.
به‌شی دووه‌م: ڕیالیزم و گه‌شه‌سه‌ندنی
له سه‌ره‌تای ئه‌م به‌شه‌دا، نووسه‌ر باس له مێژوو و نه‌ریتی ڕیالیزمی كلاسیك ده‌كات. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش، بیر و بۆچوونی "توسایدید" و"سه‌نت ئۆگۆستین" و "مهكیاڤێللی" و "تۆماس هۆبز" و... ده‌خاته ڕوو. پاشان باس له‌وه ده‌كات كه شكستی ئایدیالیست و لیبراله‌كان له ڕێگه‌گرتن له سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی جه‌نگ و قه‌یرانه‌كانی ساڵی 1929، یارمه‌تیی سه‌رهه‌ڵدان و به‌هێزبوونی زیاتری ئه‌م ڕوانگه‌یه‌ی له په‌یوه‌ندییه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كان دا.
له به‌شیكی تری كتێبه‌كه‌دا، بیر و ڕای"ئه‌ی.ئێچ. كار" له كتێبی "قه‌یرانی بیست ساڵه"دا تاووتوێ كراوه. هه‌روه‌ها بیر و بۆچوونی "ڕاینهۆڵد نیبۆر" زانای پرۆتستانت و "فرێدریك شۆمان" و "ئارنۆڵد وڵفێرز" و" ڕیمۆن ئارۆن" و "جۆرج كێنان" و "هانس. جه‌ی، مۆرگینتا" له كتێبی "سیاسه‌تی نێوان نه‌ته‌وه‌كان" باس كراوه.
هه‌ر له‌م به‌شه‌دا ڕوانگه‌ی "نیۆریالیستهكان" وه‌كوو پرسه‌كانی: به‌رژه‌وه‌ندیی ده‌وڵه‌تان، ئاسایش، پشتبه‌خۆبه‌ستنی ده‌وڵه‌تان، هێز و ڕه‌هه‌نده‌كانی، ئانارشیكبوونی بونیادی سیسته‌می نێوده‌وڵه‌تی، له‌لایه‌ن "كێنت واڵتز" له كتێبی: "مرۆڤ، ده‌وڵه‌ت و جه‌نگ" و "تیۆریی سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی"دا، تاووتوێ كراوه.
له به‌شێكی تریشدا، بیرۆكه‌ی "ڕابێرت گیڵپێن"، كه به نوێنه‌ری ڕیالیزمی بونیادگه‌رای سیسته‌می هێژموونیك ناسراوه، خراوه‌ته ڕوو. پاشان له‌م چوارچێوه‌یه‌دا باس له بیرۆكه‌كانی "ستیفان كراسنێر" و ئاستی شیكردنه‌وه‌ی سیسته‌می و گرنگیدان به ڕژێمه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و نۆرم و ڕیسا و یاسا و ڕه‌وته‌كانی بڕیاردان، كراوه.
له باسێكی تری ئه‌م به‌شه‌دا، ڕوانگه‌ی "ڕیالیزمی نیۆكلاسیك" و جۆره‌كانی وه‌كوو "ڕیالیزمی هێرشبه‌رانه" له ڕوانگه‌ی "جۆن میرشایمه‌ر" و "فه‌رید زه‌كه‌ریا" و "ڕیالیزمی به‌رگریكارانه" له ڕوانگه‌ی "جه‌ك سنایده‌ر" و "ستێفان واڵت" و "باری پۆزن" و، پرسی هاوسه‌نگیی هه‌ڕه‌شه له هه‌مبه‌ر هاوسه‌نگیی هێز، تاووتوێ كراوه. له كۆتاییشدا، هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئه‌م ڕوانگه تیۆرییه گرنگ و زاڵه له په‌یوه‌ندییه نێونهتهوهیییهكاندا، كراوه.
به‌شی سێیه‌م: قوتابخانه‌ی ئینگلیزی
نووسه‌ر له‌م به‌شه‌دا، باس له تیۆریی كۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی، یان ڕیالیزمی ئینگلیزی كه به‌گشتی به قوتابخاتهی ئینگلیزی ده‌ناسرێت، ده‌كات. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا هزری بیرمه‌ندانی ئه‌م قوتابخانه‌یه وه‌ك: مارتین وایت، هێربێرت باتێرفیڵد، هێدڵی بۆڵ، ئادام واتسۆن، جۆن وێنسێنت، ڕۆبێرت جه‌كسۆن، ده‌یڤید ئارمێسترانگ، باری بۆزان، یان كلارك و ئهندرۆلینكلێتهر، ده‌خاته ڕوو.
ڕیشه‌ی ئه‌م قوتابخانه‌یه له نه‌ریتی ئه‌قڵگه‌رایی (ئاوه‌زگه‌رایی) په‌یوه‌ندییه نێونهتهوهیییهكاندایه. هه‌ر به‌م پێیه‌یش "مارتین وایت" بڕوای وایه كه ئێمه سێ نه‌ریتی سه‌ره‌كیمان له په‌یوه‌ندییه نێونهتهوهیییهكاندا هه‌یه: 1- ڕیالیزم یان نه‌ریتی مهكیاڤێللی 2- شۆڕشگێری یان نه‌ریتی كانتی 3- ئه‌قڵگه‌رایی یان نه‌ریتی گرۆسیۆسی، كه ڕێگه‌یه‌كی ناوه‌ڕاست و مامناوه‌ندییه. قوتابخانه‌ی ئینگلیزی، ئهنارشیكبوونی سیسته‌م قبووڵ ده‌كات، به‌ڵام زیاتر جه‌خت له‌سه‌ر كۆمه‌ڵایه‌تیبوونی په‌یوه‌ندییه‌كان و بوونی ئامانجی هاوبه‌ش و، هه‌روه‌ها به‌ها و نۆرمی هاوبه‌ش و هاوكاریی نێوان ده‌وڵه‌تان، ده‌كاته‌وه.
ئه‌م قوتابخانه‌یه زۆر گرنگی به ڕۆڵی كه‌لتوور له په‌یوه‌ندییه نێونهتهوهیییهكاندا ده‌دات. هه‌روه‌ها له بری "سیسته‌می نێونه‌ته‌وه‌یی"، جه‌خت له‌سه‌ر "كۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی" ده‌كاته‌وه. له لایه‌كی تریشه‌وه گرنگی به مێژوو، به‌ستێن و زه‌مینه‌ی دروستبوونی سیسته‌می نێونه‌ته‌وه‌یی، ئه‌خلاق، دادپه‌روه‌ری، به‌رپرسیارییه‌تی و ئه‌گه‌ری گۆڕانكاری له سیسته‌مدا ده‌دات.
به‌شی چواره‌م: تیۆریی سیسته‌می جیهانی
له‌م به‌شه‌دا نووسه‌ر باس له "ئیمانوێل والێرشتاین"، وه‌ك بیرمه‌ندی سه‌ره‌كیی ئه‌م ڕوانگه‌یه، ده‌كات. هه‌رچه‌نده ئه‌م ڕوانگه تیۆرییه كه‌سانی تری وه‌ك: ئاندرێ گۆنتێرفرانك، سه‌میر ئه‌مین دا هه‌یه، به‌ڵام والێرشتاین، به گرنگترین هزرمه‌ندی ئه‌م قوتابخانه‌یه داده‌ندرێت.
ئه‌م تیۆرییه له ساڵانی ده‌یه‌ی 1960 و 1970كان له ئه‌نجامی ڕه‌خنه‌گرتن له پرسه‌كانی مۆدێرنیزاسیۆن و په‌ره‌سه‌ندنی وڵاتانی جیهانی سێیه‌م، یان باشوور، هاتۆته ئاراوه. ئه‌م تیۆرییه به "كۆمه‌ڵناسیی مێژوویی" ده‌ناسرێت، واته شێوازێك له كۆمه‌ڵناسی كه له‌سه‌ر بنه‌مای سه‌رچاوه‌كانی زانیاری و پێدراوه مێژوویییهكانه. بۆیه گرنگی به زه‌مینه مێژوویییهكانی دروستبوون و په‌ره‌سه‌ندنی بونیاده‌كان و دامه‌زراوه‌كان و پرۆسه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌دات. ڕیشه هزرییه‌كانی ئه‌م تیۆرییه، له ماركسیزم و تیۆریی وابه‌سته‌یی و قوتابخانه‌ی "ئاناڵ"ی فه‌ره‌نسیدایه.
به‌ڵام والێرشتاین ئاستی شیكردنه‌وه، له ڕوانگه‌ی ماركسییه‌وه كه ده‌وڵه‌ته، بۆ سیسته‌می جیهانی ده‌بات. والێرشتاین چه‌مكی "په‌راوێز و نیوهپهراوێز و ناوه‌ند" بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی ئه‌م تیۆرییه و چۆنیه‌تیی كاركردنی سیسته‌می جیهانی و پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانیان ده‌خاته ڕوو. به جۆرێك كه ئه‌م تیۆرییه، زیاتر گرنگی به بونیاد ده‌دات نه‌ك ئه‌كته‌ر و بكه‌ره‌كان. هه‌رچه‌نده والێرشتاین ده‌ڵێت: "سیسته‌م-جیهان(world-system) ، واته سیسته‌م- جیهانه. هه‌روه‌ها بنه‌مای ئاراسته‌كه‌ری ئه‌م سیسته‌مه‌یش، "كه‌ڵه‌كه‌بوونی سه‌رمایه‌یه".
له لای والێرشتاین، ده‌وڵه‌ت به‌رهه‌می ئابووریی جیهانییه و، هه‌موو شۆڕشه‌كانیش به به‌هێزبوونی ده‌وڵه‌ت كۆتایی‌یان هاتووه، نه‌ك لاوازبوون و له‌ناوچوونی. هه‌ر به‌م هۆیانهیشه، كه والێرشتاین له جیاتی سیسته‌می نێونه‌ته‌وه‌یی، سیسته‌می نێوده‌وڵه‌تی به‌كار دێنێت.
هه‌روه‌ها ناوبراو، خول و بازنه‌كانی سیسته‌می نێوده‌وڵه‌تی ده‌خاته ڕوو و شیكردنه‌وه‌یان بۆ ده‌كات. باسیش له خوله‌كانی هێژموونیك ده‌كات كه هه‌ر جاره‌و ده‌وڵه‌تێك هێژموونی په‌یدا ده‌كات و پاشان لاواز ده‌بێت و ده‌وڵه‌تێكی تر جێگه‌ی ده‌گرێته‌وه، هه‌رچه‌نده ئه‌مه ده‌یان ساڵ و له‌وانه‌یشه سه‌ده‌یه‌ك یان زیاتر درێژه بكێشێت. له كۆتاییی ئه‌م به‌شه‌یشدا نووسه‌ر، ڕه‌خنه‌كان له‌م تیۆرییه و خاڵه به‌هێزه‌كانی، ده‌خاته ڕوو.
به‌شی پێنجه‌م: تیۆریی ڕه‌خنه‌یی
له ده‌یه‌ی 1980، ئه‌م تیۆرییه گه‌شه ده‌كات و ده‌خرێته ڕوو. تیۆریی ڕه‌خنه‌یی به دوو مانا به‌كار دیت. ئه‌م تیۆرییه، به مانا گشتییه‌كه‌ی له هه‌مبه‌ر ڕه‌وت و شه‌پۆڵی سه‌ره‌كیی په‌یوه‌ندییه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كان هاتۆته ئاراوه و چه‌ند تیۆری و ڕوانگه‌یه‌ك ده‌گرێته‌وه، وه‌ك: قوتابخانه‌ی فرانكفۆرت، پۆستمۆدێرنیزم، پۆست ـــ ستراكچرالیزم، فێمێنیزم.
هه‌ندێ جاریش تیۆرییه ڕادیكاڵه‌كان وه‌ك: ماركسیزم و نیۆماركسیزم و تیۆریی سیسته‌می جیهانی و كۆنستراكتیڤیزم، ده‌گرێته‌وه. به‌ڵام به مانا تایبه‌ته‌كه‌ی، ئه‌م تیۆرییه ڕوانگه‌كانی "قوتابخانه‌ی فرانكفۆرت" و هه‌ندێ جاریش بیر و ڕاكانی "ئا‌نتۆنیۆ گرامشی"، ماركسیستی ئیتاڵی، ده‌گرێته‌وه.
قوتابخانه‌ی فرانكفۆرت، جه‌خت له‌سه‌ر كۆمه‌ڵناسی و دهروونناسیی سیاسی و تیۆریی كه‌لتووری ده‌كاته‌وه. زانایه‌ك به ناوی "ڕۆبێرت كاكس"، یه‌كه‌م جار ئه‌م تیۆرییه‌ی هێنایه ناو په‌یوه‌ندییه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كان. هه‌روه‌ها "ڕیچارد ئه‌شلی" و "مارك هافمه‌ن" و "ستێفن گیل" و " ئه‌ندرۆ لینكلێتهر"، هه‌وڵی پهیوهندیدروستكردن له نێوان قوتابخانه‌ی ئینگلیزی و تیۆریی ڕه‌خنه‌یی ده‌ده‌ن.
به‌گشتی، تیۆریی ڕه‌خنه‌یی بریتییه له ڕه‌خنه له ڕه‌وت و شه‌پۆڵی سه‌ره‌كیی په‌یوه‌ندییه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كان و دۆزینه‌وه‌ی ئه‌ڵته‌رناتیڤ یاخود جێگره‌وه له په‌یوه‌ندییه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كان و ئه‌گه‌ری گۆڕانكاری و په‌ره‌سه‌ندن له سیسته‌م و دۆخی هه‌نووكه‌ییی په‌یوه‌ندییه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كان. به‌م پێیه‌یش واقعییه‌ته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ته‌نیا له چوارچێوه‌ی سنووره‌كانی بونیادیدا قۆرخ ناكرێن. به‌ڵكوو ئاگایی و وشیاریش بوونی هه‌یه و، له ئاكامدا ئایدیا فه‌لسه‌فی و تیۆری و ئه‌خلاقییه‌كانیش ده‌گرێته‌وه. لێره‌دا، ناسین و مه‌عریفه ناتوانێت له به‌هاكان خاڵی بێت. به‌م شێوه‌یه، تیۆریی ڕه‌خنه‌یی، هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی كێشه بونیادییهكانی خێر و چاكه و بنیاتنانی كۆمه‌ڵگه‌ی باش ده‌دات.
له‌م تیۆرییه‌دا باس له بیر و ڕاكانی "یۆرگن هابه‌رماس"، زانای ئه‌ڵمانیی ئه‌م قوتابخانه‌یه، ده‌كرێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه، ئه‌م تیۆرییه بیر و بۆچوونه‌كانی پۆستمۆدیرنیزم ڕه‌ت ده‌كاته‌وه و، ناكه‌وێته ته‌ڵه و داوی ڕیژهگهراییی ڕه‌هاوه. بۆیه‌یشه بڕوای به جۆره‌كانی زانین و مه‌عریفه هه‌یه و، به‌م پێیه‌یش گرنگی به بابه‌ته‌كانی شارستانییه‌ت، كه‌لتوور، ناسنامه، ئه‌كته‌ره ناده‌وڵه‌تییه‌كان، كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، یه‌كانگیریی كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌جیهانیبوون و دادپه‌روه‌ری، مرۆڤ و مافه‌كانی و به‌رپرسیارییه‌تی و ژینگه و په‌یوه‌ندی و ڕزگاری، ده‌دات. له كۆتاییشدا باس له خاڵه به‌هێز و ڕه‌خنه‌كان له خودی ئه‌م قوتابخانه‌یه ده‌كرێت و ده‌خرێنه ڕوو.
به‌شی شه‌شه‌م: پۆستمۆدێرنیزم
یه‌كێك له ڕه‌وته‌كانی گفتوگۆی سێیه‌می په‌یوه‌ندییه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كان، بریتییه له پۆست ـــ ستراكچرالیزم و پۆستمۆدێرنیزم، كه بواری سه‌ره‌كیی په‌یوه‌ندییه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كانی له پرسه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به ناوهڕۆك و میتۆده‌وه به‌ره‌و پرسه‌كانی په‌یوه‌ست به بونیاده‌كانی مه‌عریفه، ڕ‌اكێشا.
بۆیه، ئه‌م گفتوگۆیه له نێوان ڕوانگه و تیۆرییه‌كانی په‌یوه‌ندییه نێونهتهوهیییهكاندا زیاتر ڕه‌نگ و بۆنی فه‌لسه‌فیی پێوه دیاره. لێره‌دا پرۆژه‌ی مۆدێرن وه‌كوو دروستكراو و بنیاتنراوێكی كه‌لتووری (Cultural Conteruction) هه‌ژمار ده‌كرێت، كه هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات شێوازێكی تایبه‌ت له هزركردن و ئه‌قڵانییه‌ت په‌ره پێ بدات و، به ناونیشانی پێشكه‌وتن، فره‌یی بسڕێته‌وه و له‌ناوی ببات.
لێره‌دا ئه‌قڵانییه‌ت وه‌ك دروستكراوێكی ئایدۆلۆژیك هه‌ژمار ده‌كرێت، كه جۆرێكه له هێز و ده‌سه‌ڵات. پۆستمۆدێرنیزم به‌گشتی گوتاره گشتگهراكان و، هه‌روه‌ها میراتی ڕۆشنگه‌ری (پێشكه‌وتن و ئه‌قڵانییه‌ت) ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه. له لایه‌كی تریشه‌وه پۆستمۆدێرنیزم له‌گه‌ڵ جه‌وهه‌رگه‌رایی (Essentialism) واتا ڕه‌سه‌نایه‌تیی دیارده‌كان و بنه‌ڕه‌ت و بونیادگه‌رایی (Foundationalism) و حیكایه‌ت و گێڕانه‌وه باڵاكان(Meta- Narratives) و سوژه‌ی مۆدێرنی سه‌ربه‌خۆی ناسكار، ده‌كه‌وێته دژایه‌تییه‌وه و ڕه‌تی ده‌كاته‌وه. له به‌رامبه‌ریشدا، پێكهاته‌شكێنی (deconstruction) و ده‌قگه‌رایی (textualism) و، هه‌روه‌ها نێوانناوهڕۆك یاخود نێواندهقهكان (intertextuality)ی ده‌خاته ڕوو و، جه‌خت له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی دروستكراوهییبوونی ماناكان و فره‌یی و ڕێژه‌ییبوون و جیاوازییه‌كان ده‌كاته‌وه.
له‌م به‌شه‌دا بیر و ڕاكانی "ژاك دریدا" و میشێل فۆكۆ" و "ژان فرانسوا لیۆتار" و "ژان بودریار" له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا ده‌خرێنه ڕوو. له كۆتاییشدا نووسه‌ر خاڵه به‌هێزه‌كان و كه‌ڵك و سوودمهندییهكانی ئه‌م ڕوانگه و چوارچێوه هزرییه له لایه‌ك و، خاڵه لاواز و ڕه‌خنه‌كان لێی، ده‌خاته ڕوو و تاووتوێی ده‌كات.
به‌شی حه‌وته‌م: فێمینیزم
له ڕاستیدا فێمینیزم وه‌ك بزووتنه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ناسرێت و هه‌ر بزووتنه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیش، ویستی سه‌ره‌كیی بریتییه له دروستكردنی گۆڕانكاری له په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و دابه‌شكردنی هێز و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئابووری.
ئه‌م باوه‌ڕه‌یش له لایه‌ن زۆربه‌ی ڕێبه‌رانی بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، به فێمینیزمیشه‌وه، قبووڵ كرا كه پێویسته گۆڕانكاری له بونیاده ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌كان، له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌كانی بواره مه‌عریفییه‌كان و بونیاده كه‌لتوورییه‌كاندا هاوته‌ریب بێت. به‌م شێوه‌یه، لایه‌نگرانی بزووتنه‌وه‌كانی ژنان له ڕۆژاوا گه‌ییشتنه ئه‌م ئه‌نجامه‌ی كه پرسی "ناسین و مه‌عریفه" پرسێكی سیاسییه، چونكه له‌گه‌ڵ هێز و ده‌سه‌ڵاتدا په‌یوه‌ندیی هه‌یه.
فێمینیسته‌كان بڕوایان وایه كه له خوێندنه‌وه و بواره‌كانی زانسته‌كانی پزشكی و ده‌روونناسی و كۆمه‌ڵناسی و زانستی سیاسه‌ت و...، ژنان فه‌رامۆش كراون یاخود خراونه‌ته په‌راوێزه‌وه. له لایه‌كی تریشه‌وه "ژن‌بوون" و "ژنایه‌تی" به شێوه‌یه‌كی نه‌ریتی، بریتییه له ژێرده‌ست، هه‌سته‌وه‌ر، نائه‌قڵانی، نائه‌خلاقی؛ به‌م جۆره، دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تیی ژنان كه به‌رهه‌می مێژووه، به سروشتی و جه‌وهه‌ری پیشان ده‌درێت.
له‌م به‌شه‌دا نووسه‌ر بیر و ڕاكانی فێمینیزمی لیبراڵ و فێمینیزمی ڕادیكاڵ و فێمینیزمی پۆست‌مۆدێرن ده‌خاته ڕوو. سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندییه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كان، فمێنیستهكان بڕوایان وایه كه ئه‌م بواره له لایه‌ن پیاوانه‌وه قۆرخ كراوه و له‌ژێر هێژموونی و ده‌سه‌ڵات و ئایدیۆلۆژیی پیاوسالاریدایه و، له‌به‌ر ئه‌وه‌یشه ئێمه، به‌رده‌وام جه‌نگ و توندوتیژی و ململانێ ده‌بینین. بۆیه فێمینیسته‌كان زۆرتر جه‌خت له‌سه‌ر پرسه‌كانی "جه‌نگ" و " ئاشتی" ده‌كه‌نه‌وه.
هه‌روه‌ها له‌م به‌شه‌دا نووسه‌ر سه‌ره‌ڕای جیاوازیی زۆر و ئاڵۆزی و ناته‌بایی له بیرۆكه‌كانی فمێنیستهكان، باس له‌وه ده‌كات كه بۆیه ئه‌م بواره بۆ ژنان گرنگه، چونكه ژنان ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ لێكه‌وته‌كانی توندوتیژی و جه‌نگیان به‌رده‌كه‌وێت كه خۆیان هیچ ڕۆڵێكیان له خوڵقاندنیدا نه‌بووه، بۆ نموونه: له جه‌نگه‌كاندا، ژنان یان ده‌كوژرێن یان بنه‌ماڵه و هاوسه‌ر و مناڵه‌كانیان ده‌بنه قوربانی. هه‌روه‌ها یان له به‌ره‌ی جه‌نگدان یاخود له پشته‌وه‌ی سه‌نگه‌ره‌كان كار ده‌كه‌ن. ئه‌وانه‌ی تریش، دیسانه‌وه ده‌رهاوێشته و ئاسه‌واره‌كانی جه‌نگ ده‌یانگرێته‌وه. بۆ نموونه، كاتێك كه ده‌وڵه‌تان بودجه‌ی زۆر بۆ چه‌ك و بواری سه‌ربازی ته‌رخان ده‌كه‌ن و بودجه‌ی چاودێریی كۆمه‌ڵایه‌تی و خێزان و په‌روه‌رده و ته‌ندروستی و دامه‌زراندن كه‌م ده‌بێته، ڕاسته‌وخۆ كار له ژیان و بارودۆخی ژنان ده‌كات. ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی كه ژنان به‌رده‌وام قوربانیی توندوتیژیی سێكسی و دهستدرێژییهكانن له جه‌نگدا.
بۆیه فمێنیستهكان هه‌وڵ ده‌ده‌ن ڕه‌خنه له چه‌مك و بواره بنه‌ڕه‌تی و ته‌نانه‌ت ده‌قه زانستییه‌كانی په‌یوه‌ندییه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كان بگرن و بیانخه‌نه ژێر پرسیاره‌وه. هه‌روه‌ها ئه‌وان نایانه‌وێت ته‌نیا وه‌ك ژنان به‌شدارییان پێ بكه‌ن، به‌ڵكوو ده‌یانه‌وێت ئه‌و بونیاد و بنه‌ڕه‌تانه‌ی كه بوونه‌ته هۆی ئه‌م جیاكاری و ته‌نانه‌ت ماڵوێرانییانه، دووباره چاویان پێدا بخشێنرێته‌وه و دابڕێژرێنه‌وه و، خاڵه نامرۆڤایه‌تییه‌كانی دۆخی هه‌نووكه‌یی، كۆمه‌ڵگه، سیاسه‌ت، كه‌لتوور، زانست و مه‌عریفه، هێز و ده‌سه‌ڵات و، به‌م پێیه‌ش كاریگه‌ریان له په‌یوه‌ندییه نێونهتهوهیییهكاندا، ئاشكرا بكه‌ن. چونكه ڕه‌گه‌ز و جیاوازیی ڕه‌گه‌زی و جێنده‌ری، خاوه‌ن سێ ڕه‌هه‌ندی سیمبۆلیك و بونیادی و تاكه‌كه‌سییه. بۆیه ئه‌گه‌ر ئه‌مه بكرێته بنه‌مای كاركردن و گرنگیپێدان، ئه‌و كاته هه‌موو مرۆڤه‌كان قازانج ده‌كه‌ن و، له جه‌نگ و ململانێ و توندوتیژی و جیاكاری و سڕینه‌وه ڕزگاریان ده‌بێت.
نووسه‌ر له باسێكی تری ئه‌م به‌شه‌دا، پرس و بابه‌ته‌كانی په‌یوه‌ندییه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كان وه‌ك: ده‌وڵه‌ت، په‌ره‌پێدان، ئاسایش، جه‌نگ، ئاشتی و دادپه‌روه‌ری، له ڕوانگه‌ی ڕه‌خنه‌ی فێمینیسته‌كانه‌وه ده‌خاته به‌رباس و شیكردنه‌وه. له كۆتاییی ئه‌م به‌شه‌یشدا، نووسه‌ر خاڵه ئه‌رێنییه‌كانی ئه‌م ڕوانگه‌یه ده‌خاته ڕوو و پاشان ڕه‌خنه و لاوازییه‌كانی تاووتوێ ده‌كات.
به‌شی هه‌شته‌م: كۆنستراكتیڤیزم
له‌م به‌شه‌دا، نووسه‌ر كرۆكی بیر و ڕوانگه‌ی ئه‌م چوارچێوه هزرییه ده‌رباره‌ی بنه‌ماكانی په‌یوه‌ندییه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كان ده‌خاته ڕوو. سه‌ره‌تا باس له‌وه ده‌كات كه "بوونناسی"، ناوه‌ندی سه‌ره‌كیی گرنگیپێدانی كۆنستراكتیڤیستهكانه.
كۆنستراكتیڤیسته‌كان، له بواری په‌یوه‌ندییه نێونهتهوهیییهكاندا گرنگی به تێڕوانین و بیر و هزر و مانا و ڕیسا و یاسا و نۆرم و به‌هاكان ده‌ده‌ن. ئه‌وان بڕوایان وایه كه بونیادی نێوده‌وڵه‌تی، هه‌م له سه‌رچاوه‌ی ماددی پێك هاتووه و هه‌م له سه‌رچاوه مانایی و ناماددییه‌كان. له‌م به‌شه‌دا بیر و ڕای چه‌ندین زانای ئه‌م قوتابخانه و ڕوانگه تیۆرییه، ده‌خرێته ڕوو.
"ئیمانوێل ئادلێر" له‌م چوارچێوه‌یه‌دا، چۆنیه‌تیی دروستكردنی جیهانی ماددی به ڕه‌فتاری مرۆیی و، له لایه‌كی تریشه‌وه بنیاتنانی حیهانی ماددی له ڕێگه‌ی بكه‌رایه‌تی و ڕه‌فتاری مرۆڤهوهكانهوه، ده‌خاته به‌رباس. "ئه‌لێكساندر ونت" یه‌كێك له به‌ناوبانگترین بیرمه‌ندانی ئه‌م ڕوانگه تیۆرییه، باس له‌وه ده‌كات كه جۆره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، جیاوازییان له‌گه‌ڵ جۆره‌كانی سروشتی‌دا هه‌یه و، به‌م جۆره‌یش ڕه‌فتار و تێگه‌ییشتنی جۆره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان (مرۆڤ)، په‌یوه‌سته به بیر و بۆچوون و بڕواكان و هزر و ناسنامه‌وه.
ناسنامه‌یش به چه‌قی گرنگی و شیكردنه‌وه‌ی ئه‌م قوتابخانه‌یه داده‌ندرێت. "ونت" له جیاتی گرنگیپێدان به هێز بۆ گۆڕانكارییه‌كان، گرنگی به ڕه‌هه‌ندی كه‌لتووری بونیاده‌كان ده‌دات.
هه‌روه‌ها "جۆن ڕاگی"، فاكته‌ره هزرییه‌كانی وه‌كوو كه‌لتوور، نۆرم و ئایدیاكانی ئه‌كته‌ره‌كان له سیاسه‌تی نێونه‌ته‌وه‌ییدا به گرنگ ده‌زانێت. زانایه‌كی تری به‌ناوبانگی ئه‌م قوتابخانه هزرییه "نیكۆلاس ئۆنف"ه، كه بڕوای وایه كرداره مرۆیییهكان، به شێوازی "زمانی" ڕۆ ده‌نرێن یاخود بنیات ده‌نرێن. یه‌كێك له گرنگترین بنه‌ما هزرییه‌كانی ئه‌م ڕوانگه‌یه، گرنگیپێدانی یه‌كسان و ته‌واوكه‌ری یه‌كتری هه‌ر دوو چه‌مكی "بونیاد و بكه‌ر"ه. ئه‌م تیۆرییه بڕوای وایه كه بونیاد و بكه‌ر، پێكه‌وه یه‌كتر دروست ده‌كه‌ن یاخود بنیات ده‌نێن.
له ڕوانگه‌ی ئه‌م قوتابخانه‌یه‌وه، ناسنامه‌كان بابه‌تێكی په‌یوه‌ندین، كه له پرۆسه‌یه‌كی دوولایه‌نه‌دا فۆرم ده‌گرن و، دان به یه‌كتری داده‌نێن. به‌ڵام گه‌وره‌ترین ڕه‌خنه‌یش هه‌ر ئه‌وه‌یه كه ئه‌و ڕوانگه‌یه گرنگیی زۆر به ده‌وڵه‌ت، وه‌كوو ئه‌كته‌ر له په‌یوه‌ندییه نێونهتهوهیییهكاندا، ده‌دات. هه‌رچه‌نده هه‌موو بیرمه‌ندانی ئه‌م ڕوانگه تیۆرییه، پێكه‌وه له‌سه‌ر پرس و بابهتهكان هاوڕا نین.
یه‌كێكی تر له جیاوازییه‌كانی ئه‌و تیۆرییه له‌گه‌ڵ ڕیالیسته‌كان، به‌تایبه‌ت ڕیالیسته پێكهاته‌گه‌راكان، له‌سه‌ر چه‌مك و بابه‌ته‌كانی سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تییه، بۆ نموونه: له ڕوانگه‌ی "ونت"ه‌وه ئه‌نارشی ئه‌و شته‌یه كه ده‌وڵه‌تان لێی تێ ده‌گه‌ن و ئه‌وه ده‌وڵه‌تانن كه له ڕێگه‌ی تێگه‌ییشتنی خۆیانه‌وه پێكدادان یاخود هاوكاری دروست ده‌كه‌ن و بنیاتی ده‌نێن.
هه‌روه‌ها له ڕوانگه‌ی "ئۆنف"ه‌وه هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك به كۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌ییشه‌وه، هه‌م بابه‌تێكه و هه‌م پرۆسه‌یه‌كه. هه‌روه‌ها به بڕوای "ونت"، دامه‌زراوه‌كان، ناسنامه‌كان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان له ڕێگه‌ی كارلێك (ته‌عامول)ی كۆمه‌ڵایه‌تیی نێوان ناسنامه‌كانه‌وه دروست ده‌كرێن. خودی ناسنامهكانیش له كارلێك له‌گه‌ڵ ناسنامه و دامه‌زراوه‌كانی تری كۆمه‌ڵایه‌تیدا فۆرم وه‌رده‌گرن و دروست ده‌بن.
"كراتۆچویل"، زانایه‌كی تری ئه‌م ڕوانگه تیۆرییه، بڕوای وایه كه "یارییه زمانییه‌كان" وه‌كوو ڕیسا و یاسا و نۆرم پێناسه ده‌كرێن، به‌م پێیه‌یش "زمان" ڕه‌نگدانه‌وه‌ی "كرده‌وه" نییه، به‌ڵكوو خۆی"كرده‌وه"ه.
ده‌رباره‌ی ئه‌گه‌ری گۆڕانكاری له بوار و ناوهڕۆك و بابه‌تی په‌یوه‌ندییه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كانیش، ئه‌م تیۆرییه پێی وایه كه ئه‌م گۆڕانكارییانه به‌پێی گۆڕانی پراكتیس و ڕیسا و یاساكان و ناسنامه‌كانه‌وه ده‌بێت. به‌م مانایه كه گۆڕانی ناسنامه‌ی ئه‌كته‌ره‌كان، ده‌بێته هۆی گۆڕان له بونیاده‌كان.
له لایه‌كی تره‌وه "ونت" بڕاوی وایه كه سروشتی سیسته‌م یاخود كه‌لتووری په‌یوه‌ندییه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كان، سێ جۆر یان حاڵه‌تی هه‌یه و، سیاسه‌ت و په‌یوه‌ندییه‌كان په‌یوه‌ستن به‌م جۆره كه‌لتوورانه‌وه:1- كه‌لتووری هۆبزی 2- كه‌لتووری لۆكی 3- كه‌لتووری كانتی. كه‌واته ئه‌وه كه‌لتووریكی تایبه‌ته كه ڕه‌فتاری ده‌وڵه‌ته‌كان بونیاد ده‌نێت. له كۆتاییی به‌شه‌كه‌دا، نووسه‌ر خاڵه به‌هێز و لاوازییه‌كانی ئه‌و تیۆرییه له په‌یوه‌ندییه نێونهتهوهیییهكاندا، ده‌خاته به‌رباس و لێكدانه‌وه.
ده‌ره‌نجام:
له كۆتاییشدا نووسه‌ر هۆكاری ئه‌م جیاوازی و ناكۆكی و ئاڵۆزییه، له تیۆرییه‌كانی په‌یوه‌ندییه نێونهتهوهیییهكاندا ده‌خاته ڕوو و، بڕوای وایه كه هه‌ر كام له‌م تیۆری و ڕوانگانه ئامرازێكی به‌كه‌ڵكن بۆ سوودوه‌رگرتنی ئێمه وه‌ك ئه‌كادیمی یاخود دروستكه‌ری بڕیار بۆ تێگه‌ییشتن له ئاڵۆزییه‌كانی سیاسه‌ت له جیهانی ڕاسته‌قینه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی و، هه‌ر یه‌كه‌یان له گۆشه‌نیگایه‌كه‌وه ده‌ڕوانێته پرس و بابه‌ته‌كانی په‌یوه‌ندیدار و، ئه‌مه‌یش بۆ ئێمه زۆر گرنگ و ته‌نانه‌ت پێویسته.