ده‌سته‌بژێره‌كان و كۆمه‌ڵگە

2016-12-01

ده‌سته‌بژێره‌كان و كۆمه‌ڵگە

نووسه‌ر: تۆماس. بی. باتامۆر (Thomas Burton Bottomore)

پێنووس: ئه‌م كتێبه‌ پێداچوونه‌وه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌یییه‌ ده‌رباره‌ی مشتومڕه‌كانی یه‌كسانیخوازی و ده‌سته‌بژێرگه‌رایی له‌ دژی یه‌كتری، هه‌روه‌ها هه‌ڵسه‌نگاندنێكه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌م مشتومڕانه‌ له‌ ڕوانگه‌ی به‌جیهانیبوونی مۆدێڵی دیموكراسییه‌وه‌. واته، له‌ چوارچێوه‌ی سیسته‌مێكدا، كه‌ له‌گه‌ڵ به‌رفراوانبوونی هێزی شوێندانه‌ریی خه‌ڵك له‌سه‌ر سیاسه‌ته‌ ورد و گه‌وره‌كان له ‌ڕێگه‌ی مافه‌ مه‌دنی و سیاسییه‌كانه‌وه‌، داوای كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕۆڵ و گرنگی و پێگه‌ی ده‌سته‌بژێره‌كان ده‌كات.

نوو‌سه‌ری ئه‌م كتێبه‌، له‌ ساڵی 1920 له‌دایك بووه‌ و له ‌ساڵی 1992 كۆچی دواییی كردووه‌. باتامۆر، كۆمه‌ڵناسی بریتانی، به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك هیندییه‌، كه‌ سه‌رۆكی كۆلێژی زانسته ‌سیاسییه‌كان و كۆمه‌ڵناسی و مرۆڤناسیی زانكۆی "Simon Fraser" له‌ كه‌نه‌دا بووه‌. له‌ ساڵی 1959 تاوه‌كوو 1960، له‌ هندۆستان و، دواتر له‌ قوتابخانەی ئابووریی له‌نده‌ن(London school of economics)، وانه‌بێژ بووه‌ و، له‌ ساڵی 1953 تاوه‌كوو 1959 سكرتێری ئه‌نجوومه‌نی نێونه‌ته‌وه‌ییی كۆمه‌ڵناسی بووه‌. هه‌روه‌ها له‌ ساڵی 1953 تاوه‌كوو 1963، سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری "Current Sociology" بووه‌. له‌و سه‌ر‌ده‌مه‌ به‌دواوه،‌ سه‌رنووسه‌ری به‌شی ئینگلیزیی گۆڤاری كۆمه‌ڵناسیی ئه‌وروپا به ‌ناوی "European Journal Of Sociology " بووه‌. ناوبراو چه‌ندین به‌رهه‌می به‌نرخی ده‌رباره‌ی تیۆرییه‌كانی كۆمه‌ڵناسی و توێژه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ماركس و ماركسیزم، هه‌یه‌.

مێژووی هزر، ده‌رباره‌ی پێگه‌ی كار و كرده‌وه‌ و ئه‌ركه‌كانی ده‌سته‌بژێره‌كان له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا، له‌وانه‌یه ته‌مه‌نی‌ به درێژاییی‌ مێژووی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی بێت. له‌وانه‌یه‌ بتوانین كتێبی كۆماری ئه‌فلاتۆن، به‌ كۆنترین ده‌قێك دابنێین كه‌ تیایدا ڕاسته‌وخۆ، ئاماژه‌ به‌ بابه‌تی هه‌بوونی گرووپێكی ده‌سته‌بژێر له‌ كۆمه‌ڵگادا ده‌كات.

 به‌م پێیه‌یش، له‌ یه‌كه‌مین و گرنگترین كتێبه‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیدا، پرسی ده‌ستنیشانكردنی ده‌سته‌بژێره‌كانی كۆمه‌ڵگه‌، وه‌كوو پرسێكی جددی هاتۆته‌ ئاراوه‌. پرسێك كه‌ هیچ كاتێك له‌ فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی، جیا نه‌بۆتەوە. هه‌رچه‌نده‌ بۆ چه‌ندین سه‌ده،‌ ئه‌م پرسه‌ وه‌كوو به‌شێك له‌ بابه‌ته‌كانی گشتیی فه‌لسه‌فه‌ و له‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ پرسه‌كانی بواری ئه‌خلاق، مایه‌وه‌. به‌ڵام به ‌بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی كه‌ وه‌كوو نوێترین ده‌قی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی مۆدێرن ده‌ناسرێت، واته‌ كتێبی "میر"ی مه‌كیاڤێللی و، ده‌ركه‌وتنی سیاسه‌ت وه‌كوو بوارێكی سه‌ربه‌خۆ‌ كه‌ بابه‌تی ده‌سته‌بژێره‌كان پێگه‌یه‌كی گرنگ و سه‌ره‌كیی له‌ بابه‌ته‌كانی "حیكمه‌تی كرداری"، به‌ده‌ست هێنا.

"باتامۆر" له‌ پێشه‌كیی كتێبه‌كه‌یدا پێناسه‌ی ده‌سته‌بژێر ده‌كات و ده‌ڵێت كه‌ ده‌سته‌بژێر (Elite) له ‌سه‌ده‌ی هه‌فده‌یه‌می زایینی، بۆ پێناسه‌كردنی هه‌ندێ كاڵای تایبه‌تیی خاوه‌ن پله‌ی نایاب، به‌كار ده‌هات. دواتر ئه‌م وشه‌یه ‌(Elite) بۆ ئاماژه‌پێدان به‌ گرووپه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ باڵاكانی وه‌كوو یه‌كه‌ هێرشبه‌ره‌كانی سه‌ربازی، یاخود پله‌ باڵاكانی خانه‌دانه‌كان به‌كار ده‌هات. هه‌روه‌ها به‌پێی فه‌رهه‌نگی ئۆكسفۆرد له‌ ساڵی 1823، وشه‌ی ده‌سته‌بژێر (Elite) بۆ ئاماژه‌پێدانه‌ به‌ گرووپه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییان.

باتامۆر ده‌ڵێت كه‌ وشه‌ی ده‌سته‌بژێر  Elite، له‌ ڕێگه‌ی تیۆرییه‌كانی كۆمه‌ڵناسی ده‌رباره‌ی ده‌سته‌بژێره‌كان و، به‌تایبه‌ت له‌ ڕێگه‌ی نووسراوه‌كانی ئابووریناس و كۆمه‌ڵناسی ئیتاڵیایی "ویلفێر دۆپاریتۆ: ۱۸۴۸۱۹۲۳" (Vilfredo Pareto)، ڕه‌واجی په‌یدا كرد.

"باتامۆر" قسه‌كردن له‌سه‌ر نوخبه (ده‌سته‌بژێر)ه‌‌كان و كۆمه‌ڵگه‌، له‌ ڕوانگه‌ی ململانێی قوتابخانه‌كانی نوخبه‌گه‌را و یه‌كسانیخوازه‌وه‌ ده‌خاته ‌ڕوو. گرنگیی ڕوانگه‌ی باتامۆر ده‌رباره‌ی ده‌سته‌بژێر له‌وه‌دایه‌ كه‌ هه‌وڵ ده‌دات پرسه‌كانی په‌یوندیدار به‌ كاروباری سیاسی و ئابووری، پێكه‌وه‌ و هاوكات شرۆڤه‌ بكات، تاوه‌كوو له‌م ڕیگه‌یه‌وه‌ پێگه‌ و ڕۆڵی ده‌سته‌بژێره‌كانی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ ڕووی واقعییه‌تی كۆمه‌ڵگه‌وه‌، ده‌ستنیشان بكات. هه‌روه‌ها ڕۆڵی ئه‌و ده‌سته‌بژێرانه‌ له‌ به‌رجه‌سته‌كردنی توانا ماددی و ناماددییه‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌، له‌ به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی چاره‌نووسی خۆیان، چ وه‌ك  نه‌ته‌وه‌یه‌ك و، چ وه‌كوو ده‌وڵه‌تێك له‌ په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا ئاراسته‌ بكات.

"باتامۆر"، به‌وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی گۆڕانكارییه‌كانی دیموكراتیك له‌ سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، خوێنه‌ر به‌ره‌و بیركردنه‌وه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ ڕاده‌كێشێت، كه‌ چۆن و به ‌چ شێوه‌یه‌ك پێشكه‌وتنه‌ دیموكراسییه‌كان له‌ سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، بۆته‌ هۆی پاشه‌كشه‌كردنی تیۆرییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ نوخبه‌گه‌راكان. "باتامۆر" ده‌ڵێت ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌و ئه‌زموونانه‌ی كه‌ پێیان ناوه‌ته‌ ئه‌و ڕێگه‌یه‌، سه‌ركه‌وتوو نه‌بوونه‌ و، سه‌ره‌ڕای ئه‌و شكسته‌ی كه‌ بووه‌ هۆی ڕووخانی بلۆكی ڕۆژهه‌ڵات و ئۆردۆگه‌ی سۆسیالیزم، هه‌روه‌ها به‌شێك له‌و ئه‌زموونانه‌، بونه‌ته‌‌ هۆی دروستبوونی پێكهاته‌یه‌ك كه‌ تیایدا ده‌سته‌بژێره‌كان زۆر زیاتر له‌ كۆمه‌ڵگه‌ دیموكراتیكه‌كان گرنگی و هێزیان هه‌یه‌، به‌ڵام نابێت لاوازبوونی ده‌سته‌بژێرگه‌رایی وه‌كوو ڕوانگه‌یه‌ك به‌لاوه‌ بنیین و گرنگیی پێ نه‌ده‌ین.

بوونی ئه‌م ڕوانگه‌یه‌یه،‌ كه‌ ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌وڵێكی به‌رده‌وام به‌ ئاراسته‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕۆڵی گرووپێك و سپاردنی كاروباره‌كان به‌ زۆرینه‌ی خه‌ڵك، بێته‌ ئاراوه‌ و ببێته‌ ئه‌مری واقع.

ئه‌م كتێبه‌ له‌ هه‌شت به‌شی سه‌ره‌كی پێك دێت:

به‌شی یه‌كه‌م: ده‌سته‌بژێره‌كان: ڕه‌هه‌ندی چه‌مكی و ڕه‌هه‌ندی میتۆدۆلۆژی

به‌شی دووه‌م: له‌ چینی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه‌ بۆ ده‌سته‌بژێره‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان

به‌شی سێیه‌م: سیاسه‌ت و خولی سووڕانی ده‌سته‌بژێره‌كان

به‌شی چواره‌م: ڕوناكبیران و به‌ڕێوه‌به‌ران و بیرۆكراسییه‌كان

به‌شی پێنجه‌م: نه‌ریت و مۆدێرنیزاسیۆن: ده‌سته‌بژێره‌كان و ئه‌و‌ وڵاتانه‌ی كه‌ له ‌دۆخی په‌ره‌‌سه‌ندندان

به‌شی شه‌شه‌م: دیموكراسی و فره‌ییی ده‌سته‌بژێره‌كان

به‌شی هه‌وته‌م: یه‌كسانی، یاخود ده‌سته‌بژێرگه‌رایی؟

به‌شی هه‌شته‌م: له ‌سه‌ره‌تای هه‌زاره‌ی سێیه‌می زایینی

 

سه‌رچاوه‌:

 Elites and Society (London: Watts, 1964; Harmondsworth: Penguin, 1966; Harmondsworth: Penguin. 1967; New York: Penguin, 1970).

https://www.amazon.com

تی.بی. باتامور، نخبگان و جامعه‌، مترجم: علیرضا طیب، تهران: پردیس دانش ، 1392.

به‌شێك له‌ به‌رهه‌مه‌كانی تری باتامۆر:

  • Classes in Modern Society (London: Ampersand, 1955; London: George Allen & Unwin, 1965)
  • Marx: Selected Writings in Sociology & Social Philosophy (London: Watts, 1956; Harmondsworth: Penguin, 1963) editor with Maximilien Rubel
  • Sociology: A Guide to Problems & Literature (London: George Allen & Unwin, 1962)
  • Early Writings of Karl Marx (London: Watts, 1963) editor and translator
  • Critics of Society: Radical Thought in North America (London: George Allen & Unwin, 1967)
  • Karl Marx (1969)
  • Karl Marx (1973) editor
  • Sociology as Social Criticism (1975)
  • Marxist Sociology (1975)
  • A History of Sociological Analysis (1979) editor with Robert Nisbet
  • Modern Interpretations of Marx (1981) editor, ISBN 0-631-18040-0
  • Georg Simmel - The Philosophy of Money (1982) translator with David Frisby
  • A Dictionary of Marxist Thought (1983) editor
  • Sociology and Socialism (1984)
  • Theories of Modern Capitalism (1985)
  • Interpretations of Marx (1988) editor
  • The Capitalist Class: An International Study (1989) with Robert J. Brym
  • The Socialist Economy-Theory and Practice (1990)
  • Between Marginalism and Marxism: The Economic Sociology of J A Schumpeter (1992)
  • The Frankfurt School (Routledge 1995)
© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples