2016-12-07
ناوی کتێب: دەوڵەتی تەواونەکراو، پرسی یاسا لە وڵاتانی عەرەبدا
ناوی کتێب بە زمانی فەڕەنسی: L’Etat inachevé, la question du droit dans le pays arabes
نووسەر: عەلی ميزقانی، پرۆفيسۆر لە زانکۆی سۆربۆن-پاریس و زانکۆی تونس
زمانی نووسین: فەڕەنسی
ساڵی دەرچوونی کتێب: ٢٠١١، (٣٥٢) لاپەڕە
ئەم کتێبە لە لایەن "Gallimard"ەوە لە پاریس دەرچووە.
ئەم کتێبە، یەكێکە لە بەرهەمە گرنگەکان دەربارەی پرسی یاسا لە وڵاتانی عەرەبیدا. بەرهەمێکی هزری، یاسایی و ڕەخنەگرانەیە، بە زمانی فەڕەنسی نووسراوە. ئەگەر بە زمانی عەرەبی بنووسرایە، نووسەرەکەی بەئاسانی لە کۆت و بەندی حکوومەتە عەرەبییەکان ڕزگاری نەدەبوو.
یەکەم ئامانجی ئەم کتێبە، دەرخستنی هۆکاری نەبوونی سەروەریی یاسایی لە هەندێك وڵاتانی عەرەبی و مسوڵماندا. لە ڕوانگەی نووسەرەوە، ململانێیەکی توند لە نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگەدا هەیە. دەوڵەت لە هەموو کۆمەڵگەیەك، پێویستە پێش بکەوێت، بۆ ئەوەی بگات بە "دەوڵەتی یاسا". بەڵام کۆمەڵگەی وڵاتانی عەرەبی، لەگەڵ بەها بنەڕەتییەکانی دەوڵەتدا ئاشنا نییە. کەواتە لە وڵاتانی عەرەبی و مسوڵماندا هەردەم دوو ڕەهەند، دوو ئاست و دوو کات لە ململانێدان، کە بریتین لە نەریت و مۆدێرنيتێ.
بە ڕای ئەم نووسەرە، کۆمەڵگەی عەرەب و مسوڵمان، بيرکردنەوەی یاسایییان لاوازە. مانای ئەوە نییە کە یاسای نییە، بەڵکوو بەپێچەوانەوە یاساکان زۆرن. لەبەر ئەوەی کۆت و بەندەکان لەم کۆمەڵگانەدا زۆرن، تاك (مرۆڤ) تەنیا ئەوەندەی پێ دەکرێت کە ڕێز لە یاسا پيرۆزەکان بگرێت؛ یاسای دەوڵەت گرنگیی ئەوتۆی نامێنێنت. یاسا پيرۆزەکانیش ئایین و نەریتە کۆمەڵایەتییەکانە، ئەوەی تاکەکان باوەڕیان پێیەتی. کەواتە کۆمەڵگەی عەرەبی و مسوڵمان لە نێوان ململانێیەکی یاساییدان: یەکێکیان "یاسای باوەڕە"، ئەوی تریان "یاسای دەوڵەتە".
ئەم نووسەرە گرنگییەکی تەواو بە پرسی "کات" لە کۆمەڵگەی عەرەب و مسوڵماندا، دەدات. نووسەر دەڵێت، مێژوو لە ژیانی ئەم کۆمەڵگانەدا، ڕابردوو نییە، بەڵكوو مێژوو ئێستا و داهاتووە. واتا، پرۆسەی بەمێژووکردنی سەردەمی پێغەمبەرایەتی، بە هەموو شێوەیەك ڕەت دەکرێتەوە. بۆ ئەوەی یاسای ئیمڕۆ و داهاتوو بزانن، پێویستە یاسادانەرەکان دهست بكهن بە خوێندنەوە و ڕاڤەکردنی ژیان و دەقەکانی ڕابردوو. کاتێك یاسایەك لە هەندێك دەوڵەتی عەرەب و مسوڵمان دادەنرێت، بير لە پێداویستییەکان و بەرژەوەندییەکانی تاکی ئەم سەردەمە ناکرێتەوە. کەواتە لێرەدا، ديموکراسی و هاووڵاتیبوون لە کۆمەڵگەی عەرەبی و مسوڵماندا، پشتگوێ دەخرێت. بە ڕای نووسەر، لەم کۆمەڵگانەدا، "یاساداهێنەرمان" نییە، بەڵکوو "یاسادەرخەرمان" هەیە، واتا ئەو کەسانەی کە یاسا دادەنێن، تەنیا یاساکانی ڕابردوو "دهردهخهن". لێرەدا، نووسەر کۆی پرۆسەی یاسادانان دەخاتە ژێر پرسیارەوە و، دەڵێت کە دەستوورەکان تەنیا ديکۆرن، دەستوورەکان باڵاترین یاسای دەوڵەت نین.
لە لایەکی ترەوە، ئەم پرۆفيسۆرە هەوڵ دەدات ئەوە بە خوێنەر بڵێت، کە پرۆسەی بە مۆدێرنکردنی کۆمەڵگەی عەرەب و مسوڵمان، پێویستیی بە رێفۆرمێکی قووڵ و بنەڕەتیی کۆمەڵایەتی هەیە. دەسەڵاتدارە سیاسییەکان، ناتوانن بەتەنیا سەرکەوتوو بن. باسی هەندێك دەسەڵاتدار دەکات کە نەیانتوانیوە، یان ناتوانن ئەم مۆدێرنيتەی کە خۆیان ویستوویانە، بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنن. نموونەی شای ئێران و بورقیبەی توونس دەخاتە ڕوو. سەپاندنی هزری مۆدێرن، کاردانەوەی کۆمەڵایەتیی توندی دەبێت، نەك بەرەو ئاراستەی داهاتوو، بەڵکوو بەرەو کۆمەڵگەیەك کە ئاراستەی گەڕانەوە بەرەو مێژووی، لە لا پيرۆزترە.
کۆمەڵگەی عەرەب و مسوڵمان لە نێوان دوو بژاردەی ڵێڵدایە: بژاردەی "دەوڵەتێکی هاوردەکراو" لە هزری ڕۆژاوا، یان بژاردەی "دەوڵەتێکی مێژوویی". لە نێوان ئەم دوو بژاردەیەدا، وڵاتانی عەرەبی و مسوڵمان، دروست بوونە. ئەو وڵاتانە لە نێوان دوو جیهانی جیاوازدا و لە نێوان دوو سەردەمدا دروست بوون. وڵاتانی عەرەب و مسوڵمان، خۆیان بە دەوڵەتێکی مۆدێرن پێناسە دەکەن، کەچی بنەما ناوخۆیییەکانیان زۆربەیان مێژوویین. لەم ناوەندەدا، "دەوڵەتی تەواونەکراو" پەیدا دەبێت. دەوڵەتێك کە ناتوانێت یاسا دابهێنێت، ناتوانێت یاسا سەروەر بکات، لەبەر بوونی بنەمای باڵاتر. لەم جۆرە کۆمەڵگانەدا حکوومەت و دادگهکان دەسەڵاتی ڕەهایان لەدەستدا نییە. هەندێك دەسەڵاتداری ئایینی و کۆمەڵایەتی، خۆیان لە سەرووی دەوڵەتەوە دەبينن. لە ڕوانگەی ئەم نووسەرەوە، هەندێك دەوڵەتی عەرەبی و مسوڵمان، چەمکی دەوڵەتیان لەسەر جێبەجێ ناکرێت. واتا ئەم دەوڵەتانە تەنیا بەناو دەوڵەتن، لە ناوەڕۆکدا شتێکی ترن.
سەرچاوە: