2017-02-15
تیۆریی پراتیك: هۆكاره كرده‌یییه‌كان و هه‌ڵبژاردنی ئه‌قڵانی
پێنووس: "پییه‌ر بۆردیۆ" (Pierre Bourdieu) له‌دایكبووی 1930 له باشووری فه‌ڕه‌نسا كه له ساڵی 2002ی زایینی كۆچی دواییی كردووه، ده‌رچووی "ئیكۆل نۆرمال سوپریۆر" له به‌شی فه‌لسه‌فه بوو. ئه‌زموونه‌كانی بۆردیۆ له داگیركاریی فه‌ڕه‌نسا له ئه‌لجه‌زاییر، بۆردیۆی بۆ خوێندنه‌وه و لێكۆڵینه‌وه‌ی ئیتنیكگه‌رایی له ئه‌لجه‌زاییردا، هان دا. پاشان لێكۆڵینه‌وه كۆمه‌ڵناسییه‌كان له كۆمه‌ڵگه‌ی فه‌ڕه‌نسی، بووه بابه‌تی سه‌رنج و تێڕامانی بۆردیۆ. نووسینەکانی بۆردیۆ وه‌ك "كۆمه‌ڵناسیی ئه‌لجه‌زاییر" و "كار و كرێكاران له ئه‌لجه‌زاییر"، له ده‌یه‌ی شه‌ستی سه‌ده‌ی ڕابردوو ده‌ستی پێ كرد و، به كتێبه‌كانی وه‌ك "پرۆژه‌یه‌ك له تیۆریی پراكتیكی" و "دووباره به‌رهه‌مهێنانه‌وه" و "جیاوازی"، گه‌یشه لووتكه‌ی خۆی. نووسینه‌كانی بۆردیۆ له ده‌یه‌ی حه‌فتادا زیاتر په‌ره‌ی سه‌ند، وه‌كوو "تێگه‌یشتنی پراكتیكی" و "پیشه‌ی كۆمه‌ڵناسی" و پرسیاره كۆمه‌ڵناسییه‌كان" و "خانه‌دانیی حكوومی" و، له ده‌یه‌ی هه‌شتایشدا، "ڕیساكانی هونه‌ر" و "ئالوگۆڕی ئازاد" و "ده‌سه‌ڵاتی پیاوانه" و ...، كه به‌شێك له به‌رهه‌مه‌كانیشی وه‌كوو به‌رهه‌می كلاسیك له بواری زانستیدا جێگه‌ی خۆی گرتووه.
بۆردیۆ له ساڵی 1960ه‌وه وانه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی له زانكۆی سۆربۆن گوتۆته‌وه. له ساڵی 1964ه‌وه، بوو به سه‌رۆكی توێژینه‌وه‌كانی قوتابخانه‌ی خوێندنی باڵای زانسته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان. له ساڵی 1982، بوو به مامۆستای كۆمه‌ڵناسی له كۆلێژی "دۆفرانس" و هاوكات له زانكۆكانی ئه‌مریكا وه‌كوو "هارڤارد" و "شیكاگۆ" و "پرینستۆن" و، زانكۆكانی ئه‌ڵمانیا وه‌كوو " ماكس پلانك" و " به‌رلین" وانه‌ی گوتۆته‌وه. بۆردیۆ، دامه‌زرێنه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ری گۆڤاری "لێكۆڵینه‌وه‌ی زانسته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان" بووه. له سه‌ره‌تای ده‌یه‌ی 90ی سه‌ده‌ی بیسته‌م، بۆردیۆ توانیی میداڵیای زێڕینی ئه‌كادیمیای زانسته‌كانی فه‌ڕه‌نسا به هۆی به‌رهه‌مه‌كانییه‌وه وه‌ربگرێت. جێگه‌ی ئاماژه‌یه كه به‌رهه‌مه هزرییه‌كانی بۆردیۆ، ئێستاكه له ناوه‌نده جۆراوجۆره زانستییه‌كاندا، له ئه‌مریكاوه بۆ ژاپۆن ده‌خوێندرێن.
"تیۆریی پراتیك" بنه‌مای مشتومڕه تیۆرییه‌كان له كۆمه‌ڵناسی و ته‌نانه‌ت له هه‌موو زانسته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه. پرسی سه‌ره‌كی ئه‌مه‌یه كه مرۆڤ له كۆمه‌ڵگه‌دا به چ شێوه‌یه‌ك و له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك، له‌ژێر كاریگه‌ریی چ شتێك، ڕه‌فتار و پراتیكی خۆی ڕێك ده‌خات و ئه‌نجامی ده‌دات. به دیوێكی تردا، پرسیار ئه‌وه‌یه كه ڕه‌فتاری كۆمه‌ڵایه‌تیی مرۆڤ تا كوێ له‌سه‌ر بنه‌مای ئاگایی و هه‌ڵبژاردنه و، تا كوێ له‌ژێر كاریگه‌ریی فاكته‌ره ده‌ره‌كییه‌كانی دیكه‌دایه؟ به شێوه‌یه‌كی گشتی پارادایمه‌كانی كۆمه‌ڵناسانه، وه‌كوو بونیادگه‌رایی، ئه‌ركگه‌رایی، تاكگه‌رایی و ...هتد، له‌سه‌ر بنه‌مای جۆری ئه‌و وه‌ڵامه‌ی كه به‌م پرسیاره‌ی پێشووتر ده‌درێت، لێك جیا ده‌كرێنه‌وه. به‌م پێیه‌یش، تیۆریی پراتیك له پارادایمه جۆراوجۆره دژبه‌یه‌كه‌كان جیاوازه و، ئه‌م جیاوازییه‌یش تا ڕادده و ئاستێكه كه ئه‌و پرس و بابه‌ته‌ی كه پارادایمێك به ڕاست و دروستی ده‌زانێت، ئه‌وه له پارادایمێكی تر به ناڕاست و نادروست داده‌ندرێت. هه‌رچه‌نده پارادایمه‌كانی "بكه‌ر یاخود سۆژه-ته‌وه‌ره" كه لێكدانه‌وه‌ی ئه‌قڵانی، ده‌كه‌نه بنه‌مای كردار و ڕه‌فتاری تاكه‌كان، ئه‌وه ڕۆڵی پێكهاته و بونیادی ده‌ره‌كی له ئاراسته‌كردنی پراتیكدا به كه‌م وه‌رناگرن و له به‌رامبه‌ریشدا، پارادایمه‌كانی بونیاد یاخود پێكهاته‌گه‌را، "سۆژه" بۆ ئاستی "ئۆبژه" دانابه‌زێنن.
ئه‌مه‌یش به مانای بوونی ڕوانگه‌یه‌كی مامناوه‌ند و ناوه‌ڕاست نایه‌ت، به‌ڵكوو ده‌ربڕ و ده‌رخه‌ری فره‌ییی تیۆرییه‌كانی كردار و پراتیكه كه كۆمه‌ڵێك فاكته‌ر و ڕه‌گه‌زی ناسراوی جۆراوجۆری پارادایمه‌كان له‌خۆ ده‌گرێت. به‌م پێیه پرسیاری سه‌ره‌كی و ئاڵۆز ئه‌وه‌یه كه‌ڵكاوه‌ژوو، قوربانیدان، دووڕوویی، مرۆڤدۆستی، زانایی، زیره‌كی، لێكدانه‌وه‌ی ئه‌قڵانی، هه‌ڵبژاردن، پابه‌ندبوون و زۆره‌ملێ و ...، چ به كۆمه‌ڵ و چ به تاك، له فۆرمه‌كانی ئاگایانه و وشیارانه یاخود نیمچه‌وشیارانه و ناوشیارانه له جیهان و بواره‌كانی سیاسه‌ت و زانست و هونه‌ر، بنه‌ماڵه و ...، به چ شێوه‌یه‌ك و تا چ ئاستێك له‌گه‌ڵ یه‌كتری تێكه‌ڵ و تێكئاڵاو ده‌بن؟ هه‌روه‌ها چ ڕۆڵێكیان له به‌رجه‌سته‌كردن و هاتنه‌دیی ڕه‌فتار و پراتیكی كۆمه‌ڵایه‌تیدا هه‌یه؟
ئه‌مه‌یش ڕۆڵی فاكته‌ره جۆراوجۆره‌كان له‌سه‌ر ڕه‌فتار و كرداری تاك و كۆمه‌ڵ ده‌رده‌خات؛ هه‌رچه‌نده بۆردیۆ حه‌ز له‌وه ناكات كه به "ڕێژه‌گه‌را" ناوی بهێندرێت. ئه‌گه‌ر له ڕابردوودا ڕوانگه‌كان وه‌ك ماركسیزم، ئێگزیستانسیالیزم، دیارده‌ناسی، پێكهاته‌گه‌رایی و ...، به شوێن ئه‌وه‌وه بوون كه فۆرمۆڵێكی ساده و ڕوون وه‌كوو تیۆریی ڕه‌فتار و پراتیك بخه‌نه ڕوو، ئێستاكه زۆربه‌ی تیۆریسیه‌نه‌كان كه ئاڵۆزیی "زه‌ین" و ئاڵۆزیی "عه‌ین" و ئاڵۆزیی په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌م دووانه‌یه، كه له هه‌ر تیۆرییه‌ك ده‌رباره‌ی پراتیك، ده‌بێت ڕه‌چاو بكرێت، زۆرتر له‌به‌رچاو ده‌گرن و گرنگیی پێ ده‌ده‌ن و تیۆریی ئاڵۆزتر و فره‌ڕه‌هه‌ندتر ده‌خه‌نه ڕوو.
بۆردیۆ له‌م كتێبه‌دا، كه به پوخته‌ی هه‌وڵه زانستییه‌كانی خۆی ده‌زانێت، وێنایه‌كی گشتی له بنچینه‌ییترین كاره تیۆرییه‌كانی ده‌خاته ڕوو. نووسه‌ر هه‌وڵ ده‌دات كه وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره بدۆزێته‌وه كه سیسته‌می ئیداری، سیسته‌می یاسایی، سیسته‌می په‌روه‌رده و فێركردن و ... به چ شێوه‌یه‌ك بونیاد و پیكهاته‌كانی ویستراوی ده‌وڵه‌ت، دووباره به‌رهه‌م ده‌هێننه‌وه؟ به بڕوای بۆردیۆ، تێگه‌یشتنی باو، كه خاڵی به‌رامبه‌ری شرۆڤه و لێكدانه‌وه‌ی زانستییه، ده‌بێته هۆی به‌فه‌رمیناسینی چه‌ند ره‌هه‌ند و بوارێك وه‌كوو بوارێكی گشتی، ئه‌قڵانی و سروشتی. له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌یش، بۆردیۆ بكه‌ره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، به سۆژه‌ی ئاگا و وشیاری ئازاد نازانێت و، به‌م پێیه‌یش له پێناو زانستی ناسینی كۆمه‌ڵگه، به‌ڵگه‌یه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای پراتیك و كردار، له سه‌رووتر له ڕه‌فتار و كرده‌وه یاخود پراتیكێكی گرێ‌دراو و له‌سه‌ر بنه‌مای به‌ڵگه و هۆكار، داده‌نێت.
ئه‌م كتێبه بێجگه له پێشه‌كییه‌ك، لە حه‌وت به‌شی سه‌ره‌كی و چه‌ند باسێك و پاشكۆیه‌ك پێك دێت.
به‌شی یه‌كه‌م: فه‌زای كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌زای سیمبۆلیك
به‌شی دووه‌م: سه‌رمایه‌ی نوێ
به‌شی سێیه‌م: به‌ره‌و زانستێكی به‌رهه‌می كه‌لتووری-هونه‌ری
به‌شی چواره‌م: ده‌ركه‌وتن و پێكهاته‌ی بواری بیرۆكراسی
به‌شی پێنجه‌م: ئایا پراتیك و ڕه‌فتاری بێمه‌به‌ست، بوونی هه‌یه؟
به‌شی شه‌شه‌م: سه‌رمایه‌ی سامانه سیمبۆلیكه‌كان
به‌شی حه‌وته‌م: ڕوانگه‌ی سێكۆلاستیك (قوتابخانه‌یی)
پاشكۆ
سه‌رچاوه:
Practical Reason: On the Theory of Action, Stanford University Press, 1998.
بۆ دابه‌زاندنی كتێبه‌كه:
https://monoskop.org/images/a/aa/Bourdieu_Pierre_Practical_Reason_On_the_Theory_1998.pdf
وه‌رگێڕانی فارسی:
بوردیو، پیر، نظریه کنش: دلایل عملی و انتخاب عقلانی، مترجم: مرتضی مردیها، تهران: نشر نقش و نگار، 1380.
به‌شێك له به‌رهه‌مه‌كانی "بۆردیۆ":