2017-0
دەروازەیەک بۆ "دەوڵەت و نەتەوە"
3-02
پەڕتووکی "دەوڵەت و نەتەوە"، بەشێکە لەو کارە فکرییەی "خانەی هزریی کوردستان" و ماڵپەڕی "پێنووس"، کە لە ماوەی چوار مانگدا بەرهەمیان هێناوە. سەرجەم بابەتەکانی ئەم پەڕتووکە، بەشێکن لەو وتارانەی کە لە ماڵپەڕی "پێنووس"دا بڵاو کراونەتەوە. "دەوڵەت و نەتەوە"، لە چوار بەش پێک دێت. "سەربەخۆیی؛ لە تیۆرییەوە بۆ پراکتیک"، باس لە لایەنی یاسایی و هزریی چەمکی سەربەخۆیی دەکات. ماڵپەڕی "پێنووس" لەو بوارەدا، قۆناغی یەکەمی ئەو پرسە، کە "ماف"ە، بڕیوە و وزەی خۆی بۆ باسکردن لەسەر لایەنی هزری، سیاسی، یاسایی، ئەمنی و ئابووریی سەربەخۆیی تەرخان کردووە و، لە داهاتوویشدا هەر ئەو ڕێچکەیە دەگرێتە بەر.
بەشی دووەم، بە ناونیشانی "زمان و نەتەوە"، باس لەوە دەکات کە زمان چ ڕۆڵێک لە نەتەوەسازیدا دەگێڕێت، هەروەها باس لە ئاستی بەرزی زمان لە کایە جۆراوجۆرکانی ژیاندا دەکات. بەشی سێیەم، بە ناوی "پەروەردە و مافی مرۆڤ" باس لە ڕۆڵی ئەو چەمکە دەکات کە چۆن بتوانرێت هەرێمی کوردستان بەهێز بکرێت، هەروەها کۆمەڵگە ئاڕاستەیەکی باش و ماقووڵ بە پەیوەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی بدات.بەشی کۆتاییی پەڕتووکی "دەوڵەت و نەتەوە"، لەژێر ناونیشانی "ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتی"، باس لە ڕۆڵی ئەرێنیی ئەو لە کۆمەڵگەدا دەکات. بەپێی ئەوەی کە ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتی، ئاڵقەی نێوان هاووڵاتیان و دەسەڵاتە، ماڵپەڕی "پێنووس" گرینگی بەو بابەتەیش دەدات.
هەوڵ و چالاکیی ماڵپەڕی "پێنووس"یش هەر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە و، هەوڵیش دەدات لە مەیدانی هزریدا بێلایەنانە باس لەو چەمکانە بکات کە پەیوەندییان بە ئێستا و داهاتووی کوردستانەوە هەیە. هەرێمی کوردستان کۆمەڵگەیەکی ڕەنگاوڕەنگ و فرەچەشنە و، ئەرکی ماڵپەڕی "پێنووس"یش ئەوەیە یارمەتیی فرەییی سیاسی (پلۆرالیزمی سیاسی) و پێکەوەهەڵکردن (تۆلێرانس) بدات و بەهێزیان بکات. بۆ ئەوەی بەم ئامانجە بگەین، ههوڵ دهدهين له ڕێگهى نووسینی هێمنانە، جددی و ئەقڵانییەوە کهلتوورێکی دیموکراتی لە وڵاتدا بڵاو بکەینەوە تا کۆمەڵگەکەمان بتوانێت بههێمنى و لە گشت بواراندا لەگەڵ خۆی بپەیڤێت. کۆمەڵگەیەکی بەهێز، لە گرەوی تاکێکی بەهێز، دیالۆگێکی ژیرانە و فرەڕەهەنددایە.